نووسینی: ڕەشید وەحتی
وەرگێڕانی: سامان عەلی
زۆر کەس لەو وەرچەرخانە ڕەهایەی هەڵوێستی فەرمیی فەرەنسا بەرامبەر بە ململانێی عەرەبی- زایۆنی دوابەدوای “گەردەلوولی ئەقسا”، تووشی داچڵەکین هاتن و بەهانەیان بە بەهاکانی شۆڕشی فەڕەنسی و هزری ڕۆشنگەریی و پاریسی پایتەختی ئازادییەکان هێنایەوە، لەبیریان چووەوە مێژووە بەرچاوەکەی فەرەنسا ئەوەیە هێزێکی کۆلۆنیالیستییە، لە ماوەی مێژووی سەدەی بیستدا، دوو توندوتیژترین شۆڕشی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەوانیش شۆڕشەکانی ڤێتنام و جەزائیرن. فەرەنسای کۆلۆنیالیستی لەمێژین، چۆن هاوسۆزیی ئیسرائیلی کۆلۆنیالیستی نوێ ناکات؟ زۆر کەس پتر بێدەنگیی و بگرە تێوەگلانی هەردوو دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیریی فەڕەنسی، سەبارەت بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە، تووشی داچڵەکینی کردن. تەنها هەندێک هێزی کەمی چەپڕەوی ڕادیکاڵی لێ بترازێت، کە لە شیکارییاندا بۆ ململانێی گەلان لەگەڵ حکومەتی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکاندا، باوەڕیان بە گوتەزای ئیمپریالیزمە و چی تر بە ئیسلامگەرای- چەپڕەو تاوانبار دەکرێن، هەروەها ژمارەیەکی کەم بڵندگۆی میدیایی نەبێت، لە نموونەی میدیابارت و Investig,action، تێکڕای دیمەنی دامەزراوەیی فەڕەنسی، لەسەر هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو خۆپیشاندانانە هاوڕا و کۆک بوون، کە بۆ پشتگیری و پشتیوانی لە فەلەستینییەکان دەکرێن. بەڵام شتەکە زۆر سادە و ئاسایی دەردەکەوێت، ئەگەر ئێمە بەراوردێک لە نێوان سیاسەتی نیشتەجێکردنی فەڕەنسی لە جەزائیر و سیاسەتی نیشتەجێکردنی زایۆنی لە فەلەستیندا بکەین، چونکە هیچ شتێک لە تا دامێن بە خوێنیی و ڕەگەزپەرستێتی و مەیلی کۆمەڵکوژگەرییان جیا ناکاتەوە، تەنها ئەوە نەبێت یەکەمیان سیاسەتی پێوەلکاندنەکی بوو دواتر دەرپەڕێنرا، دووەمیان سیاسەتی شوێنگرتنەوەکییە و لە داهاتوودا دەردەپەڕێنرێت. هەموو ئەو تایبەتمەندییانەش ئەو شتانەن ئێمە لە ڕێگای وێنەیەکی بچووککراوەوە، کە لە نووسەرێکی فەڕەنسیی دیار و دەرکەوتوودا خۆی دەنوێنێت، شوێن پێی هەڵدەگرین، کە بە ناڕەوا بە نووسەرێکی ئازادیخواز ناسێنراوە و دەگوترێت گوایە داوای ئازادیی بۆ هەموو گەلان دەکات بەبێ جیاوازی. ئێمە لەم نووسینەماندا پێ بە پێ شوێنپێی هەڵوێستە قومقمۆکەییەکانی ئەو نووسەرە بەرامبەر بە داگیرکردنی جەزائیر لەلایەن فەرەنساوە هەڵدەگرین. مەبەستمان لەو نووسەرە، ئەلبێر کامۆ (١٩١٣-١٩٦٠)یە، کە هەندێک لە نەتەوەچییە عەرەبەکان وەک نووسەرێکی بوونگەرای داکۆکیکار لە مافی چارەی خۆ نووسین فریوخواردووی بوو بوون.
ڕۆژی ٨ی ئایاری ساڵی١٩٤٥، پارتی گەلی جەزائیر، داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریی لە “ستیف و کلمە” کرد، بە مەبەستی ئازادکردنی مەسالی ئەلحاج-ی پێشەوای (کە دەسەڵاتداری داگیرکەری فەڕەنسی لە مانگی نیسانی ساڵی١٩٤٤ەوە دەستگیری کردبوو)، هەروەها لە خۆپیشاندانەکاندا داوای سەربەخۆیی بۆ جەزائیر کرا. دوابەدوای دەستوەردانی پۆلیس کە ویستی بە زەبری هێز ڕێ لە خۆپیشاندەران بگرێت ئاڵای جەزائیر بەرز بکەنەوە، خۆپیشاندانەکان لە “ستیف” گۆڕان بۆ کاری توندوتیژانە، (وەک چۆن لە ئێستادا لە جیهانی ئازاددا لە سەروەختی ئەو خۆپیشاندانانەدا کە بە جەمەدانی و ئاڵای فەلەستینییەوە دەکرێن، خۆپیشاندانەکان وەردەچەرخێن بۆ کاری توندوتیژانە)، یاخود بە هیچ کلۆجێک ڕێیان نەدرا گوزارشت لە بیروباوەڕی خۆیان بکەن، یان داخوازییە نیشتمانییە سەربەخۆخوازانەکانیان بخەنە ڕوو. بەو هۆیەشەوە، ژمارەیەک لە خەڵک لە پێڕەشەکان (پێڕەشەکان دەربڕینێک بوو بۆ نیشتەجێ فەڕەنسییەکان بەکاردەهات) کوژران، ئیتر تەواوی ناوچەکە ڕاپەڕین و بەشداریی خۆپیشاندانەکانیان کرد، سوپای فەرەنسا تا ڕۆژی ٢٤ی ئایار، شەڕێکی بێ بەزەییانەی لە دژی خەڵکە سڤیلە جەزائیرییەکە بەرپا کرد. لەو ماوەیەدا ٤١ تۆن بۆمب و تەقەمەنی بەسەر گوند و دێهاتی یاخیبووە جەزائیرییەکاندا بەردایەوە، هاوکات هێزی دەریاوانیی فەڕەنسی، ناوچەکەی بۆردومان کرد، هێزی وشکانییش ٨٥٨ موشەکی نا بە ناوچەکەوە. پاشان میلشیاکانی پێڕەشەکان چوونە پاڵ سوپای فەڕەنسی. بەگوێرەی لێدوانی ئەفسەرێکی سەر بە هەواڵگریی فەڕەنسی، ژمارەی گیانبەختکردووانی جەزائیری گەیشتە دە هەزار کەس، بەڵام سوپای ئەمەریکی ژمارەیانی بە حەڤدە هەزار کەس مەزەندە کرد. ئەو ژمارانە هێما بۆ ئەوە دەکەن ئەوەی ڕوویدا تەنها سەرکوتکردن نەبوو، بەڵکو کۆمەڵکوژییەکی کۆلۆنیالیستانە بوو لە دژی دانیشتوانێکی بێچەک و سڤیل. دواتر نە هیچ بەساڵاچوویەکی فەڕەنسیی بەشدار لەو تاوانە سزا درا و نە تۆمەت ئاراستەی هیچ لێپرسراوێکیش لە سوپای فەڕەنسیدا کرا، کە لەپاش چەند دادگاییەکی ڕووکەش و سەرپێی سەدان سڤیل و هاووڵاتیی بێچەکی جەزائیرییان لەسێدارە دا.
لەو کاتەدا ئەلبێر کامۆ سەرقاڵی ڕووماڵی ڕووداوەکانی جەزائیر بوو، کاتێک ئەو کۆمەڵکوژی و کوشتارە دەرهەق بە خەڵک ئەنجام درا. کاتێکیش گەڕایەوە بۆ پاریس، زنجیرە وتارێکی بڵاو کردەوە، یەکێکیان باس لە “خواستی سەرکێشانە بۆ دەسەڵات و فراوانخوازی” دەکات کە “چاوپۆشین لێی کاری نەکردەیە، مەگەر بە خواستێکی هۆشیارانە بۆ دادپەروەریی و لەخۆبووردووییەک کە لە بن نایەت، قەرەبووی بکەینەوە”. لێرەدا کامۆ، بە چەند وشەیەکی ناڕوون، باسی ستیف و کلمەی جەزائیر دەکات. تەنها چەند دێڕێکی بۆ تەرخان و تایبەت کردووە، چەند کورتە دێڕێک، بەڵام چەند دێڕێکی ئاشکرا و ڕوون: “کۆمەڵکوژییەکانی ستیف و کلمە، بێزاریی و توڕەییەکی زۆری لەنێو فەڕەنسییەکانی جەزائیردا دروست کرد. ئەو سەرکوتکردنەش کە بە دوایدا هات، هەستکردنێک بە ترس و ناحەزیی لەنێو خەڵکە عەرەبەکەدا دروست کردووە.” کەواتە، لە ڕوانگەی کامۆدا، کۆمەڵکوژیی کردن، ئەو سەد یاخود زیاترەیە کە لە کوژراوانی پێڕەشەکان کرا. لەلایەکی دیکەوە، کوژرانی پتر لە دە هەزار هاووڵاتیی سڤیل و بێچەکی جەزائیری، بە شێوەیەکی پلانڕێژ و بەرنامە بۆ دانراو لەلایەن سوپای فەڕەنسی و پۆلیس و پێڕەشەکانەوە، لەلایەن کامۆوە بە وشەی شەرمن و بارسوک کراوی “سەرکوت کردن” ئاماژەی بۆ دەکرێت. ئەو ئەنجامەی لەوەوە هەڵیدەهێنجین، ئەوەیە کاتێک ئەوروپییەکان بە هەزاران لە جەزائیرییەکان دەکوژن، بابەتەکە پەیوەندی بە هێزەوە هەیە، سەروەختێکیش کە شتەکە پێچەوانەیە و لە بازنەیەکی زۆر بچووکتردایە، بابەتەکە پەیوەندیی بە توندوتیژییەوە هەیە.
دواتر کامۆ، لە ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ساڵی١٩٤٥، لە وتارەکەیدا لەنێو ڕۆژنامەی Combat، لە سەروبەندی پاساودانی کۆلۆنیالیزم و ڕووخسارە قڕکەرەکەیدا، درێژە بە هەمان ئاراستە دەدات، کاتێک لەژێر سەردێڕی “ئەوە دادپەروەرییە کە جەزائیر لە کینە و ڕق ڕزگار دەکات” بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا داوای چرکردنەوەی کاری نیشتەجێکردنی فەڕەنسییەکان لە جەزائیر دەکات و دەڵێت: “هەر بۆیە ئێمە پێویستمان بە پیاوانێکی نوێ هەیە. لەو کاتەشدا کە تیایدا چەندین گەنجی فەڕەنسی بە شوێن ئامراز و هۆیەک بۆ ژیاندا دەگەڕێن، ڕەنگە تێبینی بکەین چەند هەزارێکیان دەرک بەوە دەکەن کە لەوێ لەو شوێنە کە دەتوانن خزمەتی مرۆڤ و نیشتمانەکەیان بکەن، خاک و سەرزەمین چاوەڕوانیانە”. هەروەها لەنێو هەمان وتاردا پڕۆژەی سەربەخۆیی گەلی جەزائیر بەو جۆرە باس دەکات کە “ڕشتەیەکی سۆزداریی پەتییە و هیچی تر.”
لەدوای ساڵ و نیوێک، کامۆ ژمارەیەک وتار لەژێر ناونیشانی “نە هیچ قوربانییان و نە هیچ جەللادانێک” بڵاودەکاتەوە، تیایدا لە گەرمەی ئەو شەپۆل و تەوژمە جیهانییەدا کە لە دژی کۆلۆنیالیزم دەستی پێ کردووە، وەک یەک و بە یەک چاو تەماشای کۆلۆنیالیستان و کۆلۆنیالکراوان دەکات، ئەوەش دەبێتە دواهەمین ڕوو و ڕوواڵەتی بێلایەنیی فریودەری کامۆ. بەڵام کاردانەوەی نهێنیی کامۆ، لەپاش نوشوستیی فەرەنسا لە هندی چینی لە شەڕی “دیان بیان ڤۆ”، بە ڕوونی و بە ئاشکرا ئەو لایەنە دەخاتە ڕوو کە کامۆ هاوسۆزیی دەکات. دروست بۆ ڕۆژی دووەمی نسکۆی بە ناو و دەنگی سوپای فەڕەنسی بەرامبەر بە هێزە ڤێتنامییەکان، لە ڕۆژی ٨ی مانگی ئایاری ساڵی١٩٥٤دا، کامۆ لەنێو بیرەوەرییەکانیدا، ئەو ڤێتنامییانە کە وڵاتەکەیان لە چنگی کۆلۆنیالیستی فەڕەنسی ڕزگار کرد، بە نازییە ئەڵمانەکان دەچوێنێت، کاتێک کە لە ساڵی١٩٤٠دا فەرەنسایان داگیر کرد و دەڵێت: “شکستی دیان بیان ڤۆ، بە هەمان شێوەی ساڵی١٩٤٠، هەستێکی دابەشە لە نێوان تەریقی و توڕەییدا. لەکاتی کۆمەڵکوژییەکەدا، ئەنجامەکان ڕوون بوون. ژمارەیەک سیاسەتوانی ڕاستڕەو {لە حکومەتی فەڕەنسی} هەندێک کەسی بەدبەختیان {لە سوپای فەڕەنسی} لە دۆخ و هەڵوێستێکدا بەجێ هێشت، داکۆکی لێ کردنی کاری نەکردەیە، هاوکات ژمارەیەک چەپڕەو {لە هێزەکانی ڤێتنام بە فەرماندەیی سەربازیی ژەنەڕاڵ جیاب و فەرماندەیی سیاسیی هۆشی مینە} لە پشتەوە تەقەیان لێ کردن.”
ئەم یاری کردن یاخود گەمەکردنە لەسەر دوو پەت، لە نێوان لێدوانە ئاشکراکانی و بۆچوونە تایبەت و کەسییەکانی، دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە یەکدی و پچڕانی ئەو پەیوەندییەی کامۆ لەگەڵ ژۆن سیناک-ی هاوڕێی شاعیریدا هەیەتی، کە یەکێک بوو لە ئەندامانی پێڕەشەکان و وەکو کامۆ سەر بە بناوان و ڕەچەڵەکێکی هەژار بوو، تاکە جیاوازییەکی لەگەڵ کامۆدا ئەوە بوو دواتر سیناک لایەنگری لە دۆزی سەربەخۆیی جەزائیر کرد. سیناک بەرامبەر بە بانگەشە کردن و گەمەکردنەکانی کامۆ لەسەر دوو پەت، پەیتا پەیتا پەتی سەبری دەپچڕێت و لە نامەیەکیدا کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی١٩٥٧دا بۆی ناردووە، بەبێ ئەملا و ئەولا و ڕاشکاوانە بۆی دەنووسێت: “من بەردەوام تێبینیی ئەو ئەمبەر و ئەوبەر کردن و جۆلانە کردنە تراژیدییە و ئەو دژوازی و بەدحاڵیبوون و ناڕوونییە لە وشەکاندا دەکەم، کە هاوکات لە مرۆڤێکی پاک و فێڵبازەوە سەرچاوە دەگرن کە بە چەند شێوازێکی ناڕوون ئاواز دەژەنێت تاکو چەندین ئاواز بە گوێی ئێمە بگەن.”
بۆ ڕۆژی دواتر لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕەخنە توندە، کامۆ بڕیاری دا سەبارەت بە جەزائیر بێدەنگ بێت. بەڵام وەک کەسێکی کۆتکراو بە ڕووداوە هەنوکەییەکانەوە، دەبێتە زمانحاڵی ئاشتەواییەکی تری سیاسی کە بەم جۆرەیە؛ پڕۆژەیەکی تێروتەسەل بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان پێڕەشەکان و جەزائیرییەکان، بە مەرجی ئەوەی فەرەنسا هەموو مافە تایبەتەکانی خۆی کە پەیوەندییان بە سەروەرییەوە هەیە لە جەزائیردا دەست پێوە بگرێت و بمێنێت، لە کایەی دادوەریی و لەنێو سوپا و لە بواری ئابوورییشدا. ئەم پڕۆژەیەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەو دۆخەیە کە زۆرێک لە کۆلۆنیالەکانی فەرەنسا لە ئەفریکا لەدواییدا چوونە نێوی. پڕۆژەی (Françafrique). دواهەمین گەڵاهەنجیر کە لەسەر لەشی ڕووتی کامۆ بەردەبێتەوە و ڕەجاڵیی و بێبەرگیی سیاسیی کامۆ ئاشکرا دەکات، ئەوە بوو کامۆ لەپاش بەینێک پشتیوانیی خۆی بۆ تێزە و بۆچوونەکانی مارک لوریۆڵ دەردەبڕێت کە ناوبراو یەکێک بوو لە نیشتەجێ توندڕەوە فەڕەنسییەکانی سەر بە پێڕەشەکان لە جەزائیر و تا کۆتایی داکۆکی لە سیاسەتی بە پاشکۆ مانەوەی جەزائیر بۆ فەرەنسا کرد.
لە ناوەڕاستی شەڕی سەربەخۆیی جەزائیر لە ساڵی١٩٥٨دا، کامۆ وەک هەوادارێکی کۆلۆنیالیزم هەڵوێستە ڕوونەکەی خۆی خستە ڕوو، بە هۆی بڕێک بەهانە و بیانووی سۆفستائییەوە کە گەمە بە زاراوە سیاسییەکانی چەپی ڕزگاریخواز دەکات و بە هەمان ئەو دەربڕینانەی ڕوسوفۆبیا (تۆقین لە ڕوسیا) کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ لە خۆرئاوا باڵادەست و باون، دەنووسێت: “پێویستە بەشێک لە داخوازیی سەربەخۆیی نیشتمانیی جەزائیر، وەک دەرکەوتەیەک لە دەرکەوتەکانی ئەو ئیمپریالیزمە عەرەبییە نوێیە تەماشا بکەین، میسر خۆی بە هێزەکانییەوە با دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە جڵەوی دەستپێشخەریی گرتووەتە دەست، ئەوەش دەرکەوتەیەکە لە ئێستادا ڕوسیاش دیسان لەبەر بڕێک ئامانج و مەبەستی ستراتیجیی دژ بە خۆرئاوا بەکاریدەهێنێت. بە پێچەوانەوە، نادروستیی ئەو بانگەشەیە، ڕێ لەوە ناگرێت وەک ستراتیجێک بەکاربهێنرێت.” بە هۆی ئەو ئاشکراکردنەی ڕووی شاراوەی پشت گوتاری سیاسیی هەندێک جار ناڕوون و هەندێک جاری دیکەش ڕوونی کامۆوە، ئەوە هەڵدەهێنجین کە جەزائیرییەکان لە ڕێی تێکۆشانی چەکدارییەوە لەپێناو دەستخستنی سەربەخۆیی تەواوی خۆیاندا “سنووری مافەکانی خۆیان” بەزاندووە. ئەو ڕوانگە سیاسییە کە پشتگیریی و پشتیوانی لە کۆلۆنیالیزم دەکات، لەپاش شوێن پێ هەڵگرتنی بە هۆی وتارە سیاسییەکانەوە، ئێستا هەوڵ دەدەین بە هۆی کارە وێژەییە ئەندێشەییەکانی کامۆوە شوێن پێی هەڵبگرین، لەم کارەشدا ڕێنوێنی بە خوێندنەوەکەی ئێدوارد سەعید دەکەین کە دەگاتە ئەو ئەنجامەی “شێوازی دەستگرتنەوە و دەست پێوە گرتنی کامۆ و ئەو ڕاڤە پتەو و قایمەی کە ڕاڤەی دۆخە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بڕێک دژوازیی ئێجگار ئاڵۆز و گرێچنیان حەشارداوە، چارەسەرکردنی کارێکی ئەستەمە ئەگەر- وەک زۆرێک لە ڕەخنەگرانی- گوێڕایەڵییەکەی بۆ جەزائیری فەڕەنسی بکەین بە نموونە و سەرمەشقێک بۆ مەرجی مرۆیی”، هەروەها ئێمە شیکارییەکەمان بە دەقێکی “کاتب یاسین” پشتئەستوور دەکەین، کە تیایدا وێژەی کامۆ ملکەچی میکانیزمەکانی شیکاری گوتاری ڕۆمان و شێوازمەندیی و تێهەڵکێشیی ئایدیۆلۆجی و وێژەیی دەکات.
لە سەردەم و ڕۆژگاری خۆیدا، بەهاکانی بوونگەرایی فەڕەنسی، لە نموونەی پەلاماردانی ئاکار و ڕەوشتی کاتۆلیکیزم و بۆرژوازییەت، کە ڕۆمانی “نامۆ” بانگەشەی بۆ دەکردن و پەرەی پێ دەدان، سۆز و سەرنجی زۆر کەسیان بە لای خۆیاندا ڕاکێشا، بێ ئاگا لەو پشتیوانی و گوێڕایەڵییەی لەودیو دێڕ و وشەکانی ڕۆمانەکەوە بۆ بکەرانی ئەو ئاکار و ڕەوشتە لەنێو واقیعی کۆلۆنیالیزەکراوی جەزائیردا دەکرێت. ئەو ئایدیۆلۆجیا و باوەڕە کۆلۆنیالیستییە، مرۆڤی ژێردەستەی دەکردە کەسێکی نامۆ لە بەها مرۆییەکان و جیاواز و دابڕاو لە مرۆڤەکانی تر. لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، ئەو بە کەم و سووک تەماشاکردنە کە نیشتەجێ فەڕەنسییەکان تەماشای عەرەبەکان دەکەن ڕوونتر دەبێتەوە، کاتێک نووسەر خۆی لە هەموو کەسایەتییە عەرەبییەکان دوورەپەرێز دەگرێت، هەروەها لە ڕێگای هەڵسوکەوتەکانی گێڕەرەوەکە و ڕەفتاری کەسایەتیی مورسو لە دژی جەزائیرییەکان، لە چەندین بۆنەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە. کامۆ تەواوی کەسایەتییە نەناس و نەدیوەکان بە “عەرەب” ناوزەد دەکات، ئەوانە هەندێک کەسایەتین وەک شوێنکەوتەی سەردارەکە لە شوێن و پێگەکانی خۆیاندا قەتیس و گۆشەگیرن، هەموو شتێک لەنێو ڕۆمانی “نامۆ”دا نکوڵی کردن و ڕەتدانەوەیەکی شوێن و پایەی جەزائیرییەکانە وەک مرۆڤ، یەکەمجار بە هۆی نکوڵی کردن لە ناسنامەی جەزائیر (لە هیچ کام لە بڕگە و پەرەگرافەکانی ڕۆمانەکەدا، تەنها لە ڕێگای ئاماژە بۆ نەژادیانەوە نەبێت، ئاماژە بۆ عەرەبەکان ناکرێت)، دووەمجار لەو ڕێگایەوە کە هیچ تاکێکی نێو ڕۆمانەکە ناو یاخود ڕووخسارێکی تایبەتی بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوە پێ نەدراوە، ئەوەش وای کردووە هەموو کەسایەتییە جەزائیرییەکانی نێو ڕۆمانەکە، لە هەندێک زیادە و سەرباری بە شت کراو پتر نەبن، تەنانەت تایبەتمەندییە جەستەییەکان، لە دۆخی هەبوونیاندا، زۆر کات گوزارشت لە کەم و سووک لێ ڕوانین دەکەن (لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا، سستەرە عەرەبەکە گیرۆدەی بڕێک برینە). بەڵام سیمای هەرە بەرچاو، ئەوەیە کەسایەتییە جەزائیرییەکان بێ دەم و پلن، لە قسەکردن بێبەشن، چونکە هیچ عەرەبێک نییە خاوەنی توانا و بەهرەیەکی “قسەکردن” بێت، تەنها کیژۆڵەیەک نەبێت کە سنتیس Sintés ( ناوی خێزانیی دایکی کامۆیە) ویستی پاڵی بنێت دەست بداتە کاری لەشفرۆشی. ئەو شتەی کە لە ڕۆمانەکەدا دەنگی عەرەب زیاتر کپ دەکات، ئەوەیە هیچ کەس گوێ لەو کیژۆڵەیە ناگرێت، دەنگەکەی هاوارێکە لە چۆڵەوانیی نیشتەجێیانی جەزائیردا.
ئەگەر لەنێو ڕۆمانی یەکەمی کامۆ لە ساڵی١٩٤٥دا مرۆی عەرەب لە هەر ناو یاخود تایبەتمەندییەکی جەستەیی یاخود گوزارشتێکی زمانیی بێبەش کرابێت، ئەوا لەنێو ڕۆمانی دووەمیدا کە “تاعون”ـە و لە ساڵی١٩٤٧دا نووسیوویەتی، بە ڕەهایی بزرە و بوونی نییە. لەڕاستییدا کامۆ بە هیچ کلۆجێک نەیاری کۆلۆنیالیزم نەبوو، بەڵکو داکۆکیکارێکی فێڵبازی ئەو ڕێگاچارە سیاسییە ناڕەوایە بوو دەرهەق بە جەزائیرییەکان، لە ڕێگای دەستگرتن بە مانەوەی فەرەنساوە لە جەزائیر. کامۆ لەوە تێگەیشتبوو کە قیرسچمەیی و پێداگریی پێڕەشەکان مەترسییەکە هەنگاوەکانی سەربەخۆیی جەزائیر خێراتر دەکات، لە کاتێکدا هەموو ئەو خواستەی ئەو هەیبوو، چاکسازیی کردنی سیستەمی کۆلۆنیالیزم بوو لە جەزائیر. کەواتە بۆچی کامۆ لەنێو ئەدەبیات و نووسین و لێکۆڵینەوە ئەکادیمییە هاوتەریبەکانیدا لە خۆرئاوا بووەتە نەیاری کۆلۆنیالیزم؟ لە ڕێگای ڕوانگە ڕۆمانسیییانەکەی کامۆوە، وەک کۆلۆنیالیستێک و هاوکات وەک بانگەشەکارێکیش کە بانگەشەی دژایەتی کردنی کۆلۆنیالیزم دەکات، وێنەی فەرەنسای کۆلۆنیالیست و شەیدای دادپەروەریی و خاوەنی پەیامێکی شارستانیی دەخرێتە ڕوو. لە ڕێگای بەخشینی مۆرکێکی نموونەیی بە کامۆ، مێژووی فەرەنسا وەردەچەرخێنرێت بۆ ئەفسانەیەک لە ئازادیخوازیی.
کامۆ، لە نێوان ئازادبوونی جەزائیر و سەربەخۆیی ڕووکەش و ڕوواڵەتییانەی جەزائیری فەڕەنسیدا، کۆلۆنیالیستباوەڕیی هەڵبژارد. ئەو کاتە بە تەواوییش ئەو دەمامکە لەسەر ڕووی بەربۆوە و ڕووی ڕاستەقینەی دەرکەوت، کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی١٩٥٩دا بە کیللیو-ی پێداچووەوەی بەرگەکانی تەواوی نووسینەکانی خۆی گوت: “ئەگەر جەزائیر سەربەخۆیی بە دەست بهێنێت، من فەرەنسا بەجێ دەهێڵم. دەچم لە کەنەدا دەژیم.”
جەنابی کامۆ، کەنەدا هیچ لە فەرەنسا کەم بەدتر نییە، بەڵکو ئەوان هەردووکیان پێکەوە، لە چوارچێوەی گروپی حەوت هێزە هەرە زەنگینەکەی جیهاندا، بە پشت و پەنای هاوپەیمانێتییە ئەتڵەسییەکەیان، لەگەڵ ئیسرائیلی دەستنێژیاندا، شەڕێکی قڕکەریان لە دژی چەند کوچە و کۆڵانێک لە خۆرهەڵاتی عەرەبی دەست پێ کردووە، کە حەڤدە ساڵی ڕەبەقە بە تەواوی ئابڵوقە دراوە.
ژێدەرەکان:
Albert Camus: Théâtre‚ récits et nouvelles‚ Bibliothèque de la Pléiade‚ Gallimard‚ Paris‚ 1962.
Albert Camus: Essais‚ Bibliothèque de la Pléiade‚ Gallimard‚ Paris‚ 1965.
Edward Saïd: Culture et impérialisme‚Fayard‚ Paris‚ 2000.
Olivier Gloag: Oublier Camus‚ La fabrique‚ Paris‚ 2023.
سەرنجی “کاتب یاسین” سەبارەت بە ڕۆمانەکانی کامۆ
ئەدەب و وێژەی جەزائیری (١) بەر لە سەربەخۆیی و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش، هەندێک هەن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئەلبێر کامۆدا بەرجەستە دەبێت و خۆی دەنوێنێت. ڕاستە کامۆ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ نوێنەرایەتیی ئەو شتەی دەکرد کە بە “قوتابخانەی جەزائیر” ناودێر دەکرا. ئەو کات کەسێکی چەپڕەو بوو. زۆر بە سادەیی، ئەو فەڕەنسییانەی کامۆ دەناسن، ڕەنگە ئەو کاتە بە شێوەیەکی چاکتر بیناسن و بە شێوەیەکی چاکتر تێی بگەن، ئەگەر بە نووسەرێکی دیکەی بەراورد بکەن، کە خۆی لەنێو هەمان بارودۆخدا بینیوەتەوە، ئەو نووسەرە، نووسەرێکی مەزنی ئەمەریکییە، وەک کامۆ خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشراوە. مەبەستم لەو نووسەرە، ویلیام فۆکنەرە. بەم پێیە ئێمە لێرەدا دوو نووسەرمان هەن لە بارودۆخێکی تا ڕادەیەک چوونیەک و هاوشێوەدا لە دایک بوون، تەنانەت دەتوانین بڵێین بناوان و ڕەچەڵەکی کامۆ خاکەڕاتر و خاکیتریشە. فۆکنەر کوڕی نیشتەجێکراوێکی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو. تا ڕادەیەک لە هەمان بارودۆخدا ژیاوە، لەنێو هەمان دۆخی چەوتدا بووە. کامۆ لەناو جەزائیرییەکاندا ژیاوە و فۆکنەریش لەناو ڕەشپێستەکان لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان.
جیاوازییە گەورەکەیان ئەوەیە فۆکنەر بە زمانی ڕەشپێستەکان دەدوا، لەنێو کتێبەکانیدا ئەو زمانەی بەکاردەهێنا کە تایبەتە بە ڕەشپێستەکان، چونکە زۆر چاک ڕەشپێستەکانی دەناسی و ئاشنایان بوو، ئەگەرچی تا کۆتایی وەک خۆی هەر بە ڕەگەزپەرست مایەوە و نەگۆڕا و نووسینەکانیشی پڕ بوون لە دەربڕین و هێما و دەستەواژەی ڕەگەزپەرستانە. بەڵام لەنێو کتێبەکانیدا لەگەڵ ئەو ڕەشپێستانەدا مشتومڕی دەکرد، دەیویست لێیان تێ بگات، زۆر جاریش لێیان تێدەگەیشت. تێگەیشتنیش لێیان ڕێی لەوە نەدەگرت کە قینی لێیان بێت و خۆشی نەوێن.
بە پێچەوانەی فۆکنەرەوە، کامۆ لەلایەک پشتیوانیی لە ئێمە دەکرد، بەڵام پشتیوانییەکەی لەپێناوی سەربەخۆییدا نەبوو، بەڵکو دواجار لەپێناو دانیشتووە ڕەسەنەکاندا بوو، تاکو کەم وەحشیانەتر و کەم ڕەگەزپەرستانەتر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. بەڵام ئەو هەڵوێستەی کامۆ، لە بنەڕەتدا هەڵوێستێکی ئاکاریی بوو، تەنها ئاکاریی بوو و هیچی تر، چونکە ئێمە لەنێو کارەکانی کامۆدا، زۆر بە ئاسانی دەتوانین بزانین و ببینین جوانترین لاپەڕەکانی کامۆ کامانەن و چین؟ تیبازە و کەنار دەریا و دیمەنە سروشتییەکانن. جەزائیر دڵڕفێن و خۆشە! بەڵام هیچ گەلێک بوونی نییە، لە نووسینەکانیدا گەلی جەزائیر نابینین. لەنێو کتێبەکانی کامۆدا، گەلی جەزائیر بە کردار و کردەوە بوونی نییە.
کارێکی چاکە و ڕاستییەکەت بۆ دەردەکەوێت ئەگەر دوو کتێب بەمەبەستی بەراوردکردن وەربگریت؛ کتێبێکیان هیی کامۆیە و ئەوی تریان هیی فۆکنەرە. دەتوانین هەردوو ڕۆمانی “نامۆ”ی کامۆ و “ڕووناکییەک لە مانگی ئاب”ی فۆکنەر بە نموونە وەربگرین. ئەو دوو ڕۆمانەی کە ئێمە لێرەدا دەتوانین زۆر بە چاکی بەراوردیان بکەین. لەنێو ڕۆمانی “نامۆ”دا، تاکە کەسایەتیی جەزائیری کە لە ڕۆمانەکەدا هەیە، ناوی سەعیدە(٢)، بوونی سەعید لە ڕۆمانەکەدا بوونێکی یەکجار کەم و ئاستەمە و بە زەحمەت دەیبینین، نازانم نووسەر بواری پێ داوە دەمهەڵبهێنێتەوە و دوو شت بڵێت یان نا، کتوپڕ بە هۆی خۆربردنەوە دەمرێت. سەعید بوونی نامێنێت، هیچ جەزائیرییەک بوونی نامێنێت، هەموو ئەو شتەی کە دەمێنێتەوە، جەزائیری فەڕەنسییە، نەک جەزائیر. لەلایەکی ترەوە، لەنێو ڕۆمانی “ڕووناکییەک لە مانگی ئاب”دا، فۆکنەر وێنەی ڕەشپێستێکی بکوژ دەکێشێت، کە بە شێوەیەکی درامی لە هەمان ناوەنددا گەشە دەکات، فۆکنەر لەنێو کتێبەکەیدا لەگەڵ ئەو ڕەشپێستەدا ململانێ دەکات، بەڵام ڕەشپێستەکە باڵ بەسەر کتێبەکەدا دەکێشێت، گومانی تێدا نییە ئێمە لێرەدا هەست بەو داهێنانە دەکەین کە نووسەر کردوویەتی، داهێنانی نووسەرێکی مەزنە، چونکە زۆر چاک دەزانێت باسی چی دەکات. بەدحاڵیبوونە گەورەکە ئەوەیە لێرە لە جەزائیردا بە دیاریکراوی، ئەو شتە ئەستەم بوو، بەتایبەتی سەبارەت بە نووسەرێک، ڕەنگە لێرەدا هەندێک هەڵاوێرد هەبن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، کە بەر لە هەر شتێک پشت بە وەژارە و وەهم و بەدحاڵیبوون و دۆخێکی ساختە دەبەستێت، چونکە کامۆ لەناو ئەوروپییەکاندا دەژی، داخراو بوو و هیچ کرانەوەیەکی نەبوو. بەڵکو من دەمەوێت بڵێم تەنانەت ئێمە دەتوانین لێرەدا پەنجەی تۆمەتیشی بۆ ڕابکێشین، بەڵام نابێت ئێمەش دیسان بکەوینە نێو دۆخ و هەڵوێستێکی ئاکارییەوە، لەڕاستییدا کامۆ هیچ گرنگی و گوێیەکی نە بە ژیانی ئەو گەلە کە گەلی جەزائیرییە و نە بە زمانەکەشی دەدا.
بەڵکو بە دیدێکی ئێجگار کورتبین و زۆر ناواقعیبینانە تەماشای گەلی جەزائیری دەکرد. بەم پێیە ئەو دیدەی لە بایەخی کارەکەی کەم دەکاتەوە. بەڵام ئێمە ئەوەمان زۆر بە گرنگییەوە لە شەڕی جەزائیردا بینی، لەو کاتەدا کامۆ هەڵوێستێکی ئاکاریی تا ڕادەیەک بوێری هەبوو، لەو کاتەوە کە پێڕەشەکان تەماتەبارانیان کرد و تەنانەت ویستیان لەناویشی بەرن.
ئەوە ڕاستە، بەڵام لەلایەکی ترەوە، لە چرکەساتێکی دیاریکراودا، کاتێک کە خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرا، قسەیەکی کرد هەموو شتێکی ئاشکرا کرد، لە چرکەساتێکی دیاریکراودا، ڕاستەوخۆ لەدوای بەخشینی خەڵاتەکە پێی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەبوو، ژمارەیەک ڕۆژنامەوان لەوێ بوون، پرسیارێکیان لێ کرد، لەبەر ئەوەی دایکی هێشتا لەوێ لە جەزائیر بوو، لە کاتی شەڕەکەدا هێشتا لە جەزائیر بوو، کامۆ لە کۆتاییدا گوتی: “من، ئەگەر لە نێوان جەزائیر و دایکمدا سەرپشک بکرێم یەکێکیان هەڵببژێرم، دایکم هەڵدەبژێرم”. لەو کاتەدا، لە هۆڵەکەدا، کەسێک هەبوو ناوی سەعید بوو، وەک ئەو کەسایەتییەی کە کامۆ لەنێو ڕۆمانەکەدا کوشتی، بە ڕاستی ئەمە شتێکی زۆر سەیرە. ئەم سەعیدە، کرێکارێکی جەزائیری بوو لەوێ لە سوێد کاری دەکرد، لەو کاتەدا لەناو ئاپۆڕای خەڵکەکەدا خۆی بینییەوە، ڕووی قسەی لە کامۆ کرد و پێی گوت: “من، جیاوازیی لە نێوان جەزائیر و دایکمدا ناکەم”. مانای وایە مرۆڤ کاتێک هەست بەوە دەکات کە جەزائیرییە، ئەوەی بە مێشک و بیردا نایەت پەیوەندیی دایکی لە جەزائیر بپچڕێت. شتەکە بەو جۆرەیە، کارەساتەکە لەوەدایە. لەبەر ئەوە پێویستە و هێشتا هەر پێویستە فەڕەنسییەکان بۆ یەک جار و بۆ تاهەتایە لەوە تێبگەن کە نە ئەدەب کامۆیە و نە جەزائیریش فەڕەنسییە. بەم پێیە، ئەدەب ئامرازێکی چاکە بۆ تێگەیشتن.
- دەقی ئەم قسانەی کاتب یاسین، کە مێژووەکەی بۆ ساڵی١٩٥٧ دەگەڕێتەوە، بە فەڕەنسی لە یوتیوب لە ئینتەرنێت هەیە، نووسەری ئەم وتارە “ڕەشید وەحتی” نووسیویەتییەوە و وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی.
- لێرەدا کاتب یاسین یادگەی بە هانایەوە ناچێت و ئەوەی لە بیر دەچێت، ئێدوارد سەعید لەنێو “کولتوور و ئیمپریالیزم”دا ئاماژە بەوە دەدات ئەگەرچی زۆر کات ڕۆمانی “نامۆ” بە چەشنە ڕاڤە دەکرێت کە جۆرێکە لە خوازە یاخود مەجازی دۆخی مرۆیی، بەڵام لەڕاستییدا ڕۆمانێکە بە قووڵیی لە بەستێنی مێژوویی خۆیدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، مەبەست لە بەستێنی خۆی، جەزائیری کۆلۆنیالە کە کامۆ تیایدا ژیاوە و گەورە بووە. ئێدوارد سەعید بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “لەنێو ڕۆمانەکەی کامۆدا، کەسایەتییە عەرەبییەکان بە هیچ جۆرێک ناویان لێ نانرێت و بێ ناو دەمێننەوە، پاشخانی نەرێنیی ژیانی ئەو کەسایەتییە ئەوروپییانە پێکدەهێنن کە خاوەنی ناو و شوناس و ناسنامەی خۆیانن. وەک چۆن لە دۆخی سیستەمی کۆلۆنیالییدا، عەرەب پاشکۆیە.”