شێوازی دیالێکتیکی هێگڵ چییە؟

543
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئەنتۆنیۆ پانۆڤسکی

وەرگێڕانی: ئاراس ئەنوەر

ئەم بابەتە پێشکەشکردنێکی کورتی ڕێبازی سەروو سروشت “مێتافیزیک”، لێکۆڵینەوە لە چەمکی ژیربێژی “مەنتق” “Logic” و شێواز “میتۆد” “Method”ی دیالێکتیکی هێگڵە “Hegel”.

کاتێک تێبینی کاریگەری بیری هێگڵ لەسەر بابەتی ژیربێژی دەکەین، هیچ کارێکی هێندەی شێوازی دیالێکتیکی دیار و گرنگ نییە. ئەم شێوازە بە نزیکەیی زۆربەی کارەکانی گرتووەتەوە، دیارترینیان ژیربێژی “Logic”، فەلسەفەی مێژوو “Philosophy of History” و دیاردەناسی ڕۆح “Phenomenology of Spirit”. هێگڵ شێوازەکەی یاخود ڕێگاکەی خۆی بە “تەنها شێوازی ڕاستەقینە” و بنەمای سەرەکی هەموو بیردۆزەکانی پێناسە دەکات. لە سایەی دیالێکتیکەکەی ئەوەوە، بەو جۆرە فەلسەفە نامۆ و تایبەتە دەگەین کە هێگڵ لەگەڵ خۆی هێناویەتییە پێشەوە. بەڵام شێوازی دیالێکتیکی لە چی پێکدێت؟ و لەوەش گرنگتر، چۆن بەو شێوازە یاخود میتۆدە فەلسەفەکەی لە قاڵبداوە؟

پرس و بیرۆکەی ژیربێژیی هێگڵ

سەرەتا، با چاو بە چەمکی ژیربێژیی هێگڵدا بخشێنین بۆ ئەوەی لە کۆکراوەی شێوازی دیالێکتیکی خۆیدا بەتەواوی تێبگەین. لە ناساندنی زانستی ژیربێژیدا “Science of Logic” هێگڵ پێمان دەڵێت ئامانج لە ژیربێژی ڕاستییە “حەقیقەت” “Truth”. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ناگەڕێتەوە بۆ “تێگەشتنی نەریتی” لە ژیربێژی؛ شیکردنەوەی دەقێک یان وتراوێک تەنها و پوخت لە ڕێی رووخسارەوە “form”، و قوڵنەبوونەوە بۆ ناوەرۆک و پێکهاتەکەی “content”. چونکە لە کۆتاییدا دەکرێت ناوەرۆکیش شتێکبێت. ژیربێژی بەزۆری بەم شێوەیەی خوارەوە لە خەسڵەت و ڕووخسارەکانی بەڵگەهێنانەوە “argument” دەکۆڵێتەوە:

هەر شتێک کە (ئەی) بێت ئەوا (بی) یشە                          Everything that is A is B

(ئێکس) (ئەی)یە                                                                       X is A

هەربۆیە (ئێکس) (بی)یشە                                                    Therefore, X is B

لێرەدا ڕووخسارێکمان هەیە کە بێ ناوەڕۆکە. دەتوانین “مرۆڤ”، “فانی”، و “سۆکرات” لە جێی “ئەی” “بی” یان “ئێکس” بنووسین. بەڵگەهێنانەوەکە لەهەردوو حاڵەتەکەدا ڕێگاپێدراوە، بەڵام مەرج نیە ڕاستبێت. لەبەر ئەوەیە ژیربێژیزانەکان بەو دەرەنجامە دەگەن کە ئەم ژیربێژییە دەربارەی ژیانی ڕاستەقینە “actual world” هیچ شتێکمان پێ ناڵێت. هێگڵیش کاری لەسەر ئەم هاوکێشەیە کردووە و هەمان هەڵوێستی هەیە. کاتێک دەڵێت ئامانج لە ژیربێژی ڕاستییە، بەدڵنیاییەوە ئەو مەبەستی لەم جۆرە ژیربێژییە فەرمییە نییە کە لێرەدا باسکراوە بەڵکو مەبەستی شتێکی ترە. ئەو دەڵێت “ژیربێژی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیە لە بیرکرنەوە “هزر””. بەڵام لە دیاردەناسی ڕۆحدا، ئەوە نیشان دەدات کە ڕاستییەکی بابەتیی سەربەخۆ لە بیرکردنەوە “Thought”دا نییە. بیرکردنەوە ڕاستییەکی بابەتییە “objective reality”، و ڕاستیی بابەتییش بیرکردنەوەیە. هەربۆیە، کاتێک ژیربێژی لە بیرکردنەوە دەکۆڵێتەوە، پێویستییەکی حەتمییە کە لە ڕاستییش “واقع” بکۆڵێتەوە.

کەوایە، لە ووتنەوەی ئەوەدا کە گوایە ژیربێژی پەیوەندی بە جیهانی سروشتییەوە نییە، هێگڵ بەشێک لە ڕوانگە و تێڕوانینە نەریتییەکە “traditional view” قەبوڵ دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە زیاتر دەڕوات کە گوایە کە ڕاستیی – واقع “reality” یان ڕاستی – حەقیقەت “truth” تەنها دەتوانرێت لە جیهانی سروشتی و مرۆڤدا بدۆزرێتەوە. کۆتا واقع “ڕاستیی کۆتایی” “Ultimate Reality”ئەوەیە کە لە شتێکی هۆشی “mental” یان زهنیدا “intellectual” بدۆزرێتەوە، نەک ئەوەی لە شتێکی ماددیدا “material” بدۆزرێتەوە، ئەوەیە کە لە بیرکردنەوەی ئەقڵانیدا بدۆزرێتەوە. ژیربێژی بریتییە لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی کۆتا واقع لە شێوە پەتی و بێگەردەکەیدا، کە پوختەکراوەتەوە و دەرهێنراوە لەو شێوە تایبەتییانەی لە ئەقڵە سنوردارەکانی مرۆڤەوە یان لە جیهانی سروشتییەوە وەریدەگرێت.

شێوازی دیالێکتیک “Dialectic Method

ئێستا، بۆ بە وردی دیاریکردنی ئەوەی شێواز “میتۆد” لە چی پێکهاتووە، با تەماشای پەیوەندی نێوان ژیربێژی و شێوازی دیالێکتیک بکەین. هێگڵ بەم جۆرە پێناسەی دیالێکتیک دەکات “تەنها شێوازی ڕاستە” لە ڕوونکردنەوە و پێناسی زانستیدا. بۆ پەردەهەڵدان و ئاشکراکردنی شێوەی “فۆڕم” بیرکردنەوەی پوخت لە ژیربێژیدا ئەم شێوازە “میتۆد” بەکاردەهێن.

بە نمونەیەک لە “فەلسەفەی مێژوو”ەکەیدا، دیالێکتیکەکەی ڕوون دەکەینەوە. لێرەدا، هێگڵ پێمان دەڵێت کە یەک بزاوتی دیالێکتیکی زەبەلاح، مێژووی لە جیهانی یۆنانەوە بۆ جیهانی ئێستامان داگیرکردووە “مەبەست لە جیهانی ئێستامان، سەردەمی هێگڵ خۆیەتی”. یۆنان کۆمەڵگایەک بوو لەسەر مۆڕاڵی نەریتی “Customary Morality” “ڕەوشتی نەریتی” بیناکرابوو، کۆمەڵگایەکی هاوسەنگ کە تێیدا هاووڵاتیانی لەگەڵ کۆمەڵەکەیان خۆیان دەناساند و هیچ بیریان لە کردەیەکی دژێتی نەدەکردەوە. ئەم کۆمەڵە و پێکهاتە نەریتییە خاڵی دەستپێکی ئەو بزوتنەوە دیالێکتیکییە پێکدەهێنێت کە پێی دەووترێت تێز “Thesis”.

قۆناغی دواتر ئەوەیە کە تێزەکە خۆی نیشانبدات کە نەگونجاوە یان ناتەبایە. لە یۆنانی کۆندا، ئەم ناتەواوی و نەگونجاوییە “inadequacy” لە ڕێی ژیان و مردنی سۆکراتەوە “Socrates” ئاشکرادەبێت. سۆکرات یەکەم کەس بوو کە وایکرد هاوڵاتیانی کۆمەڵگاکە دەستبکەن بەوەی بیرلەخۆیان بکەنەوە، بەم شێوەیەش بیری ڕۆشنگەری- ئەقڵانی “intellectual” لەدایکبوو. لە ئەنجامدا، بەناوی بنەمای بیری سەربەخۆوە، کۆمەڵگا لەسەر نەریت بنەماکراوەکە داڕما. ئەم چاکسازی و دووبارە بونیادنانەوەیە قەبووڵی مافی باڵایی ئاگایی تاکی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو هاوسەنگییەی کۆمەڵگای یۆنانی  شکستی هێنا، بەڵام ئازادی سەرکەوت. ئەمە قۆناغی دووەمی بزاوتی دیالێکتیکییە کە دژ و نەیاری قۆناغی یەکەمە و بە دژەتێز “Antithesis” دەناسرێت.

قۆناغی دووەمیش بەهەمان شێوەی قۆناغی یەک خۆی بە نەگونجاوی و ناتەواوی نیشان دەدات. ئازادی، ئەگەر لەخودی خۆیدا وەریبگرین بۆ ئەوەی وەک بونیادنەری کۆمەڵگا خزمەتی بکات، زۆر چەقبەستوو و نەزۆک دەردەکەوێت. کاتێک لە بواری کرداریدا دادەنرێت، بنەمای ئازادی ڕەها دەگۆڕێت بۆ تیرۆرەکەی شۆڕشی فەڕەنسی. پاشان دەتوانین ئەوە ببینین کە هاوسەنگی نەریتی تاکەکان و ئازادی چەقبەستوو “دەرهەست” “abstract” لە یەک لایەنن. هاوسەنگی نەریتی تاکەکان و ئازادی چەقبەستوو پێویستە پێکەوە بێن و بە مانایەک یەکگرتووبن کە خزمەتیان بکات و جیاوازییە خەسڵەتیە تاک لایەنەکانی نێوانیان نەهێڵن. ئەنجامی ئەمەش قۆناغی سێیەمە کە زۆر گونجاوە و پێی دەوترێت ساینتێز “کۆتێز، پێکهاتەتێز” “Synthesis”.

لە فەلسەفەی مێژوودا، کۆمەڵگای ئەڵمانی سەردەمی هێگڵ ساینتێزی هەموو بزاوتی دیالێکتیکی سەردەمەکانی پێشوویەتی. هێگڵ ئەمەی بە هاوسەنگی “Harmony” دەبینی چونکە هەرچەندە کۆمەڵگای ئەڵمانی کۆمەڵگایەکی ئۆرگانی “کۆمەڵگای ئەندامی” “Organic Community” بوو بەڵام لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی ئەقڵانی ڕێکخرابوو بەرگری لە ئازادی تاکەکەسی دەکرد. {مەبەست لە کۆمەڵگای ئۆرگانی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە کە هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵەکە لە خزمەتی ئامانج و مەبەست و ویستی دەستەجەمعی و گشتیدابن.}

بە کورتی، هەموو جوڵە و بزاوتێکی دیالێکتیکی ئەم ڕێگایە دەگرێتەبەر:

تێز – دژەتێز – ساینتێز                                     Thesis – Antithesis – Synthesis

هەموو بزاوتێکی دیالێکتیکی بە ساینتێز کۆتایی پێدێت، بەڵام ساینتێز پرۆسەی دیالێکتیک ناوەستێنێت. هەرچەندە ساینتێز بەشێوەیەکی گونجاو و کاریگەر لەگەڵ تێز و دژەتێزی پێشووی یەکدەگرێت، بەڵام لە هەندێک لایەن و بواردا یەکلایەن دەبێت. پاشان وەک تێزێک بۆ بزاوتێکی دیالێکتیکی نوێ کار دەکات، هەر بۆیەش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

لە ژیربێژیشدا، هەمان ڕێگا بۆ ئەو پۆڵینە دەرهەست و چەقبەستوانەی کە بیریان لێ دەکەینەوە بەکاردەهێنرێت و جێبەجێ دەکرێت. هێگڵ بە نادیارترین چەمک دەستپێ دەکات:

بوون “being” یان بوونی ڕووت “existence”. ئەو وتی، بوونی پەتی و پوخت نادیاری پەتییە. بوونی پوخت و پەتی لە نێو خۆیدا هیچ بابەت یان بەرکار یان شتێکی نییە “object” هەتا بیرکردنەوە لێی تێبگات. بەتەواوی بەتاڵە، لە ڕاستیدا، هیچ نییە “نەبوون” “nothing”. لەم دەستپێکەوە، دیالێکتیکی ژیربێژی لەلای هێگڵ بەرەوپێش دەچێت. یەکەم تێز، بوون، دەبێتە دژەتێز، هیچ. بوون و هیچ یان بڵێین بوون و نەبوون دژی یەکن “opposite” و وەک یەکن “the same”، ڕاستی ئەم دووانە بەو جۆرەن کە هەم بۆ ناویەک و هەم بۆ دەرەوەی یەک دەجوڵێن. واتە بزاوتی بوون و هیچ هەرچەندە دژی یەکن و لە هەمان کاتیشدا وەک یەکن، بەڵام بۆ ناوەوە و دەرەوەی یەکتر دەبزوێن. بە مانایەکی تر، ئەم جوڵە و بزاوتە دیالێکتیکییەی بوون و هیچ دەکاتە “دەبێت” “becoming”. بەم جۆرەش دیالێکتی “بوون” “هیچ” “دەبێت” بەرەوپێش دەچێت. (پیتەر سینگەر، هێگڵ: ناساندنێکی کورت، ل١٠٣). بەلای هێگڵەوە دیالێکتیک ڕێگایەکە بۆ شرۆڤەکردن و ڕوونکردنەوە، ڕێگاکەشی کاردەکات و سەردەگرێت چونکە جیهان خۆی لە خۆیدا دیالێکتیکییانە دەگوزەرێت.

بیرۆکەی ڕەها “تەواو” “Absolute Idea

کۆتایی ڕێگا و شێوازی دیالێکتیکی لە بیرۆکەی ڕەهادایە. خاڵی کۆتایی ڕێگاکە لە تێزەوە بۆ دژەتێز، پاشان بۆ ساینتێز، ئێمە هەوڵدەدەین بەسەر یەکلایەنیدا “One-sidedness” زاڵببین هەتا دەگەینە بیرۆکەی ڕەها.

وادیارە ژیربێژی هاوتەریبی دیاردەناسی ڕۆح بێت، جگە لەوەی ژیربێژی لە جیهانی چەمکەکاندا دەجوڵێت و لە جیهانی ئاگاییدا ناجوڵێت. کەوایە ئامانجەکەی زانینی ڕەها “Absolute Knowledge” نییە بەڵکو تەنها بیرۆکەی ڕەهایە. ئەی کەوایە بیرۆکەی ڕەها یاخو ئایدیای ڕەها چییە؟ بیرۆکەی ڕەها هەموو شتێکە. هەرچەندە وەهادەردەکەوێت ئێمە لە تەنها وشەیەکدا ڕوونکردنەوەیەکی زۆر و زیادەرەوی دەدەین، بەڵام بەمانای وشە بیرۆکەی ڕەها هەموو شتێکە. هێگڵ دەڵێت: “بیرۆکەی ڕەها یان بڵێین ئایدیای ڕەها هەموو دیاریکردنەکان لە خۆدەگرێت”. مەبەستی ئەوەیە کە هەموو شتێکی جیاواز یان هەموو دیاریکردنەکانی وەک هەموو مرۆڤایەتی، هەموو ئەستێرەکان، هەموو درەختەکان، هەموو گوڵەکان، هەموو گەردەکانی لم دەگرێتەوە. ئەو دەڵێت، سروشت و هزر لەوەدا جیاوازن کە بوونیان بە جیاوازی دەردەخەن، ئەوانە دوو شێوەی جیاوازی بیرۆکەی ڕەهان.

ئەوە بنچینە و جەوهەری بیرۆکەی ڕەهایە کە خۆی بەشێوەی جیاواز، سنوردار دەربخات و دواتر بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی. ئەمەش ئەو پرۆسەیەیە کە لە ژیربێژی، فەلسەفەی مێژوو، و دیاردەناسی ڕۆحدا تێبینی دەکەین.

کۆتایی ئایدیاڵیزمی باڵا-سەروو “Transcendental Idealism” “نمونەگەرایی باڵا” “میسالییەتی زاڵ”

شێوازی دیالێکتیکی هێگڵ بە ئایدیاڵیزمی ڕەها “Absolute Idealism” یان بە ڕۆحی ڕەها “Absolute Spirit” ناسراوە، دەکرێت وەک وەڵامدارەوەیەک بۆ دووانەیی کانت “Kant’s dualism” لە نێوان جیهانی ناولێنانی دروست “noumenal” و جیهانی دیاردەکان “Phenomenal” تەماشابکرێت. هێگڵ بیرۆکەی جیهانی جێگیر و نەزانراوی شتەکان لە خۆیاندا ڕەتکردەوە و لەجێی ئەوە پێشنیاری ئەوەی کرد کە ڕاستی “reality” لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی جوڵەداری “Dynamic” بەیەکەوە بەستراوە.

بە بۆچوونی هێگڵ، ڕاستی “واقع،reality” لە ڕێگای پرۆسەیەکی دیالێکتیکی تێز، دژەتێز، سیانتێزەوە دەردەکەوێت. بەڵگەی ئەوە دێنێتەوە کە گەشەکردنی هۆشیاری – ئاگایی – ویژدان و زانین لە ڕێگای پێکدادان و دووبارە یەکگرتنەوە و ئاشتبوونەوەی چەمک یان پۆلێنکارییە دژ بەیەکەکان ڕوودەدات. ئەو بڕوای وابوو کە پاڵنەرێکی سروشتی ناوەکی بەرەو خودبەدیهێنان “Self-Realization” و لە خودتێگەشتن “Self-understanding” بزاوتی بیرکردنەوە، مێژوو و ڕۆح بەرەوو پێشەوە دەبات.

لە دیدی هێگڵەوە، ڕۆحی ڕەها واقعی کۆتایە یان کۆتا ڕاستییە کە هەموو دەرکەوتنە تایبەتییەکانی بوون و بیرکردنەوە دەگرێتەوە و تێدەپەرێنێت. پرۆسەیەکی جوڵاو و پەرەسەندووە کە ڕەهەندە کەسی “سوبێکتیڤ” “Subjective” و بابەتییەکانی “ئوبێکتیڤ” “Objective” واقع لەخۆ دەگرێت. بە لە ئامێزگرتنی شیوازی دیالێکتیکی و فراوانکردنی بازنەی لێکۆڵینەوە لە دەرەوەی سنورە دووانەییەکەی کانت، هێگڵ، ئاشتکردنەوە و یەکخستنەوەی لایەنە کەسی و بابەتییەکانی واقع و پێشکەشکردنی باسێکی هەمەلایەنەی زانین و بوونی بە ئامانج گرتبوو. بەو مانایەی، بە خستنەڕووی تێگەشتنێکی فراوانتر و گشتگیرتر لەبۆ ڕاستی “reality” ترانزێندێنتاڵ ئایدیاڵیزمی کانتی زاڵ و باڵا کرد.

سەرچاوە: https://www.thecollector.com/hegel-dialectic-method/

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: