ڕۆشنبیران خەڵکیان ڕادەستی دەسەڵاتی ئایینیی کردووە

805
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: مونا ئەبوسنە
وەرگێڕانی: سامان عەلی

ئەو دەنگەی ئێستا زاڵ و زوڵاڵە، دەنگی خەڵکە، بە جۆرێک دەشێت بگوترێت “هیچ دەنگێک لە دەنگی خەڵک زاڵ و زوڵاڵتر نییە”، سەندیکاکان دروستکراوی خەڵکن، ئەندامانی پەرلەمان ملکەچی دەنگی خەڵکن، چونکە ئەوە خەڵکە پەرلەمانتاریان ناردووەتە پەرلەمان.
ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئەگەر ئەوە خەڵکە ڕێبەرایەتی و جڵەوی کۆمەڵ دەکات، ئەو کەس و لایەنە کێیە ڕێبەرایەتی و جڵەوی خەڵکی کردووە؟ ئایا پیاوانی ئایینیین یاخود ڕۆشنبیرانن؟، ئەو شتەی ئێمە لێرەدا لامان گرنگە، ئاراستەی عەرەبییە لە پەیوەندییدا بە ئاراستەی ئەوروپییەوە لە ڕووی پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ پیاوانی ئایینییدا.
ئەو ئاراستەیە بە هۆی ڕووداوێکی مێژووییەوە دەستنیشان دەبێت، بیریاری میسری موراد وەهبە بە “پارادۆکسی ئیبن ڕوشد” ناوزەدی کردووە، ئەو ناوەش لە هەمان کاتدا ناونیشانی ئەو کتێبەیەتی کە لە ساڵی٢٠٠٤دا چاپ و بڵاو کرایەوە، پوختەی ئەو ناودێر کردنەش ئەوەیە ئیبن ڕوشد لە خۆرئاوا زیندووە و لە خۆرهەڵات مردووە، بەو جۆرەی موراد وەهبە دەڵێت، مەبەستی لەوەش ئەوەیە ئەو کاریگەرییەی ئیبن ڕوشد لە ئەوروپادا دروستی کرد، بە ڕادەیەکە دەتوانرێت لەبارەی ئیبن ڕوشدەوە بگوترێت دامەزرێنەری ڕۆشنگەرییە لە ئەوروپا، بەڵام هەمان ئەو کاریگەرییەی لە جیهانی عەرەبیی ئیسلامی لەبار برا، بە هۆی ئەو لەبار بردنەشەوە، کەلێنێکی شارستانی لە نێوان هەردوو جیهانی ئەوروپی لەلایەک و عەرەبی و ئیسلامی لەلایەکی ترەوە دروست بوو، ئەوەش بووە هۆکاری دەستگرتنی پیاوانی ئایینیی بەسەر ئەقڵ و هۆشی خەڵکدا، ئیتر لە بەکارهێنانی ئەقڵ لە دەقی ئایینییدا بێبەشی کردن و بەم پێیە ئەقڵ و هۆشی خۆیان لە واتای دەقاودەقی دەقەکاندا دیل کرد، بەو هۆیەشەوە، دەستیان لەو کردەی لێکدانەوەیە هەڵگرت کە ئیبن ڕوشد مۆڵەتی پێ دا و، لای ئیبن ڕوشد مانای دۆزینەوەی واتای ناوەکی و شاراوەی دەقی ئایینیی دەگەیاند، بەو جۆرە خەڵک کەوتنە ژێر ڕاسپێریی پیاوانی ئایینیی یاخود وردتر بڵێین فێندەمێنتاڵەکانەوە. لێرەوە دەتوانرێت بگوترێت فێندەمێنتاڵیزم بووە جووڵانەوەیەکی خەڵکمەند (جەماوەریی)، پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە: کێ بەرپرسە لەوەی ڕێی بە فێندەمێنتاڵیزم دا ببێتە تەوژمێکی خەڵکمەند؟! بگرە کێ بەرپرسە لە کۆتکردنی ئەقڵ و هۆش، تا ڕادەی دوورخستنەوە و بزر کردن؟! بە بڕوای من، ڕۆشنبیران بەرپرسن، بۆچی مەگەر ڕۆشنبیران چییان کردووە، یاخود ئەو تاوانە چییە ڕۆشنبیران دەرهەق بە خەڵک کردوویانە؟! تاوانەکەیان ئەوەیە ڕابەرانی ڕۆشنگەرییان بێ چەک بەجێ هێشت، ترسان و هەڵهاتن وەک چۆن پلاتۆ لەپاش سەپاندنی بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر سوکراتدا لە ساڵی٣٣٩ی پ.زدا ترسا و هەڵهات، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەسینا و فێرگەیەکی لە دەروازەی شاری ئەسینا دامەزراند و ناوی “ئەکادیمیا”ی لێ نا، بەو هۆیەوە بوێریی نەکرد بچێتە بازاڕ و ناو خەڵک و فەلسەفەکاریی بکات، بەو جۆرەی پێشتر سوکرات لەناو بازاڕ و خەڵک فەلسەفەکاریی دەکرد. موراد وەهبە ئەو ڕووداوەی ناو لێ ناوە “ڕووداوی دابڕین لە مێژوودا” مەبەست لەوەش دابڕینی خەڵکە لە فەیلەسووف، بەم پێیە خەڵک بێ ئەقڵ و بێ هۆش دەمێنێتەوە.
ڕۆشنبیران لە جیهانی عەرەبیی و ئیسلامییدا ئەوەیان کرد کە پلاتۆ کردی، لە ساڵی١٩٢٥دا شێخ عەلی عەبدولڕەزاقیان لە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی ئایینییدا بە تەنها بەجێ هێشت کاتێک کتێبی “ئیسلام و بنەماکانی فەرمانڕەوایی”ی نووسی و سەلماندی “خەلافەت” لە ئیسلامدا بوونی نییە، هەروەها لە ساڵی١٩٢٦دا تەها حوسێنیان لە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی ئایینییدا بە تەنها بەجێ هێشت کاتێک کتێبی “سەبارەت بە شیعری جاهیلی” نووسی، پاشان لێیگەڕان دەستکاریی ئەو کتێبە بکات و هەندێک شتی لێ بگۆڕێت و چەند جارێک بەو شێوەیە چاپی کردەوە کە دەسەڵاتی ئایینیی فەرمانی پێ کرد، هەروەها لە هەوڵی تیرۆکردنەکەیدا نەچوون بە لای نەجیب مەحفوزەوە و بە تەنها بەجێیان هێشت کە بە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی “کوڕیژگەکانی گەڕەکەکەمان”ـەوە ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بووەوە و کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵیش وەک “دیاردەیەکی هەڵاوێرد” لەڕۆمانەکەیان ڕوانی، بەڵام دەسەڵاتی ئایینیی وەک دیاردەیەک لە دیاردەکانی “بێباوەڕیی و خوانەناسی” تەماشای کرد. هاوکات لویس عەوەزیان بەجێ هێشت هەر خۆی بە تەنها ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ئایینییدا ببێتەوە کە ڕاسپێرییان بەسەر کتێبەکەی وی “فیقهی زمان”دا سەپاند، پاشان لێگەڕان نەسر حامید ئەبو زەید بە تاقی تەنها بەرەو ڕووی تیرۆری دەسەڵاتی ئایینیی ببێتەوە، ئەویش بە ناچاریی وڵاتی بەجێ هێشت.
بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە، داوا لە خوێنەر دەکەم لەو ڕووداوە ورد ببێتەوە و بڕوانێت کە لە ساڵانی شەستی سەدەی بیستدا ڕوویدا، کاتێک جۆن ڕۆبنسۆن-ی ئەسقۆفی ئەنگلیکانی، کتێبە بەناوبانگەکەی خۆی: “با دڵسۆزبین بۆ خودا” بڵاو کردەوە کە لە ساڵی ١٩٦٣ تا ساڵی١٩٧٦ حەڤدە جار چاپکرایەوە، لە گفتوگۆیەکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ ناوبراودا، بێژەرەکە پێی گوت: دەگوترێت تۆ “ئەسقۆفێکی خوانەناسیت” کەواتە بۆچی دەست لە کار ناکێشیتەوە؟، لە وەڵامدا گوتی: من دەست لە کار ناکێشمەوە، بەڵکو کارکەنار دەکرێم، بەڵام تا ئێستا هیچ کەس کارکەناری نەکردووم. لە کۆتاییدا ئەسقۆفەکە بە دەردی خوا مرد و هیچ کەس بوێریی نەکرد بە خوانەناسی لە قەڵەم بدات.
ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: بۆچی هیچ کەس بوێریی نەکرد بە خوانەناسی لە قەڵەم بدات؟ لەبەر ڕۆشنبیرە ڕۆشنگەرەکان، کە تەوژمێکی ڕۆشنگەریان پێکهێناوە کار لە دەسەڵاتی ئایینیی دەکات.
لێرەدا من جارێکی تر داوای وردبوونەوە و تێڕامان لەوە دەکەم کە ئێستا لە ڕووی لێشاوی فەتوا فریودەرەکانەوە لە جیهانی عەرەبیی ئیسلامیماندا ڕوو دەدات، هۆکاری بوونی ئەو لێشاوە لە فەتوای فریودەر، بۆ لاوازیی بەرگریی ئەقڵ و هۆشی خەڵک و هەروەها ئەقڵ و هۆشی ڕۆشنبیرانیش دەگەڕێتەوە، نەک هەر ئەوەندە و بەس بەڵکو من بوێریی دەکەم دەڵێم خاڵی سەرەتا و دەستپێکی ئەو لێشاوە لە فەتوای فریودەر بۆ ساڵانی حەفتای سەدەی پێشوو دەگەڕێتەوە، کاتێک شێخ متوەلی شەعراوی بەردی بناغەی دوورخستنەوە و بزرکردنی ئەقڵ و هۆشی دانا، ئیتر مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکان حەرام کرا لەبەرئەوەی کار بە سوو دەکەن، ئەوەش بووە مایەی سەرهەڵدانی ئەو کۆمپانیایانەی وەگەڕخستنی سەرمایە کە ڕۆشنبیران پشتیوانییان لێ کردن و خەڵکیش لەو پشتیوانی لێ کردنەدا چاویان لە ڕۆشنبیران کرد و بەو هۆیەشەوە بازاڕی ڕەش یاخود وردتر بڵێین ئابووریی مشەخۆری نافەڕمیی بەرامبەر بە ئابووریی فەڕمیی پەیدا بوو. لەدواییدا ئابووریی یەکەم زاڵ و باڵادەست بوو و لێرەشەوە لەبەریەکهەڵوەشانەوەی دەوڵەت و لەبەریەکهەڵوەشانەوەی کۆمەڵ و لەگەڵ ئەو لەبەریەکهەڵوەشانەوەیەشدا گەندەڵی بە هەموو شەبەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی و ئەو دوورخستنەوە و کارکەنارکردنەی هۆش و ئەقڵ دەستی پێ کرد. ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئەو کەسە کێیە دەتوانێت لەدوای ئەو هەموو ماوەیە لە لەوێ نەبوون و دوورکەوتنەوە، ئەقڵ و هۆش بهێنێتەوە؟ ئەو کەسە ڕۆشنبیرە، بەڵام ئەو ڕۆشنبیرە کوا، لە کوێیە؟، وەک هونەرمەندی سیاسیی کۆمیدی عادل ئیمام لە شانۆگەریی “گەواهێکی هیچ نەدیو”دا کاتێک سەبارەت بەوەی ماڵیان لە کوێیە پرسیاری لێ دەکرێت دەڵێت: ئەوەتا لەوێیە..

تێبینیی وەرگێڕی کوردی: سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵی باشووری کوردستانی خۆمان، ئایا ناتوانین هەمان شت بڵێین و بنووسین ئەوەی خەڵکی باشووری کوردستانی ڕادەستی پیاوانی ئایینیی کرد ڕۆشنبیرەکانمان بوون، بەتایبەتی ڕەهەندییەکان؟! “ئەڵڵاهو ئەکبەر”ەکەی ڕێبین هەردی لە بەر دەرکی سەرا لە دەورانی ڕووداوەکانی حەڤدەی شوباتی٢٠١١ تان لەبیر ماوە؟! ئەی کتێبی “پاکس ئەمریکانا”کەی فاروق ڕەفیق؟! یان مەگەر ئەوە هەر ڕۆشنبیرانی هاوچەرخی عەبدولخالق مەعروف نەبوون عەبدولخالق مەعروفیان بە تەنها بەجێ هێشت و لێگەڕان هەر خۆی بە تەنها بەرەوڕووی دەسەڵاتی ئایینیی پشتئەستوور بە ڕژێمی ستەمکاری بەعس ببێتەوە؟ لێکچوونەکان زۆرن، چونکە هەرێمی کوردستانیش وەک پارچەیەک لە عێراق، ئەگەر لە ڕووی کولتووریشەوە بێت بەشێکە لەو جیهانە عەرەبی و ئیسلامییە.

بڵاوکردنەوە: