تا سەفی دووی گابوو

1340
0
بڵاوکردنەوە:

چیرۆك

نووسینی:  ئەرسەلان چەڵەبی

خەریکی چم؟

پێت وایە من ئێستا خەریکی چیم، یا چ دەکەم، بە چییەوە خەریکم، ئەوە پرسیارێکە ڕێک بەربیگنی خۆشمی گرتووە، ئەوەی ڕاست بێت نەمدەزانی لە کوێیوە دەست پێ بکەم، تا ئێستاش نەمزانیوە دەبێ کەی و لە کوێ و لە چ ڕووداوێکەوە دەست پێ بکەم، هەر خوێنەرێک لە ناو چیڕۆکدا بۆ ڕووداو دەگەڕێ، یان ڕووداوگەل، ڕیک کێشەی من ئە لێرە دایە، لەبەر ئەوەی من خۆم ڕووداوێکم و کەوتوومە ناو ئە گێژاوی ڕووداوگەلە کە بەردەوام و بێ پسانەوە لەکدا لەکدا دێن و دەچن!

تازە هاتووم، خۆ ناگەڕێمەوە. چ نەبێت چاییەکتان دەگەڵ دەخۆمەوە.

شۆڕش مڕانەیی

کوڕە گوتم شۆڕش واوەرە و تەکان مەخۆ هەتیوە، نەیهێشت گووەکەم بە تەواوی بخۆم هەڵیدایە و و هەستایە سەر پێ و ڕوو لە فەرماندەکەمان گوتی:

_رئیس هەنگاوتم

جەنابی سەروان وەک واقێکی بردەوە و  چاوێکی لە شۆڕش کرد و گوتی:

_بخواب رو زمین کرە خر!

منیش زوو زانیم چ باسە، بە خێسە پێم گوت هەتی ڕاکشێ تا نەیگاوی یا نەگاییدراوی!

تا سەفی دووی گابوو

پێم گوت شۆڕش، کوڕە هۆی شۆڕش وەرە دانیشە،  کوڕە خۆ نەدەهات ئەو هەتیوە، گوتم هەتیوە چەندت خوێندووە؟

_سەفی یەک و دوو، بۆ دووی دڵنیا نیم قوونێم گا یا بە نیوەچڵی هێشتمەوە.

ئەی هەتی بۆ نەتخوێند؟ کوڕە ئاها چۆن گیرەوەدە بووم بە دەستتەوە

_ کوڕە هەر ڕەئیسە و تێی هەڵدە و تەواو

هەتیو وا نابێ نا، باشە ئەی دوایی چت کرد؟

_کوڕە چووزانم، نایانمە مل شوانی.

ئێوارە بوو، خۆر لە شاخەکەی پشت سەرمانەوە خەریک بوو ئاوا دەبوو، من لەگەڵ شۆڕش بە هەورازێکدا تێهەڵبووینەوە!

جا دەبێ ڕۆژێک بە تایبەتی دانیشم باسی ڕووداوتان بۆ بکەم، ڕووداو چییە؟ چی لێمان دەوێ، بۆیە ئەو ڕۆژەی گێشتمە جێ ڕێک تووشی ڕووداو بوومەوە، ڕووداوێکی نەخوازراو، هەڵبەت!

خۆی و کەرەکەی

دە چاییەکەت وەخۆ باشە، باشە هەتیو چت دەکرد لەو دەشت و دۆڵەی؟

_کوڕە چووزانم، تۆش هێندەی لێ دەڵێی، هەر بە دیار مەڕ و ماڵاتەوە بووم، تفاقم دەکڕین، چێوداریم دەکرد، بازاڕەکانم هەموان دیوە، زۆرتر دەچووینە بازاڕی ڕەشە قەڵاتێ، بازاڕی حەیوانی بۆکانیش هاتووم چەند جاران، لەوێ نەوارێکی سمایل سەردەشتیم کڕی، گەڕامەوە ڕەبەتێ لە بەندەنی کونەورچێ لێم ون بوو، هەرچی بۆی گەڕام بۆم نەبیندراوە.

کونە ورچێی لای سیسێر و نستان  دەڵێی؟

_ئا ئا، بەڵەدی؟

کوڕە بە دەقیقی، هەتیوە ماڵی پوورێکم لەو ناوچەیە، من چەند جار چووم، زۆرتر لە بەر مێردی پوورم دەچووم، پێیان دەگوت “حەمەی حاجی ڕەشید” خەڵکی باریکایێ بوون، پیاوێکی زۆر قۆشمە و قسەخۆش بوو، بڕوا بکە وەک کەس نەدەچوو.

_کوڕە ئا ئا، لە باریکاێیش بووم، شوان بووم، لە سەر زەماوەندێکیش بووم

ئەی باشە هەتیوە نەدەهاتیە شاری؟

_شاری چی دەیگێم، کوڕە هەر ئەو بەندەنانە خۆشە، ئازادی بۆخۆت

باشە شۆڕش ئەتۆ بۆ هاتی بۆ سەربازی؟ ئەو فیعلەت لە چ بوو؟

_چووزانم لە قوونێی بەم، ئەوە هاتووم، لە قسان سەربازییەکەی تەواو کەم، پاشان ژنم بۆ مارە دەکەن.کوڕە خۆ دڵم تۆقی لەگەڵ ئەو کەر و بزن و مەر و ماڵاتە، بەخوای لەوان زیاتر هاواڵی ترم نییە.

کوڕە دە ئەو فیعلەی بگێ و بچۆ بۆ شاری مل لە کاسبییەکی تر نێ

_حەی لەلا، کوڕە با ئەو کوڵاوە حیزەی سەربازی وەسووڕێتەوە و نەجاتما بێت، پاشان بچمە زگ ژن و منداڵ، شاری چی؟ لە قوونێی بەم، کەس وەک من بۆ ژن باش نییە. بەخودای ئەوە سمایلی حاجی مستەفا دەزانێ، زۆر بە سەبرم لەگەڵیان، هیچ ئەزیەتیان ناکەم.

جا ئەو چی دەزانێ کوڕە؟

 

کۆتایی

کۆپنهاون

فێبریەی ٢٠٢٠

مڕانێ: گوندێکی بچووک لە دەڤەری ڕەبەت و سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بڵاوکردنەوە: