هونەری کاتبەند

1314
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بۆریس گرۆیس

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار محەمەد

وەکوو نموونەیەکی پارادایمیی دەربارەی ڤیدیۆ ئینستەڵەیشن دەدوێم لە هونەری کاتبەنددا. بۆ من، هەبوونی هونەری کاتبەند تایبەتمەندیترین ڕوخساری مۆزەخانەکانی هونەری هاوچەرخە، لە شێوە گشتییەکەیدا دەتوانین بڵێین پێشەنگاکانی هونەری هاوچەرخیش. هۆکاری ئەمە ناکرێت تەنها ببەسترێتەوە بەو ڕاستییەی کە (هونەر وا لە کات دەکات ببێتە سەبجێکتێکی تایبەت بەخۆی) دیاردەیەکی تازە بێت. هونەری هاوچەرخ بەڕاستی دەبێتە هاوچەرخ کاتێك کە بە سادەیی تازە بەرهەمهێندرابێت، چونکە تەنانەت ئەو ڕابردووەشی کە تازە بۆتە ڕابردوو، هێشتاکە ڕابردووە. هونەری هاوچەرخ پێویستە تایبەتمەندی هاوچەرخ بەوجۆرە بکات کە (ئێرە و ئێستا)یە. ئەم بایەخەی هونەری هاوچەرخ-کە مانیفێست بووە لە بڵاوبوونەوەی مۆزەخانەکانی هونەری هاوچەرخ لە سەرانسەری جیهاندا، بەهەمان شێوەی پێشەنگاکان و پەبڵیکەیشنەکان کە زۆر زۆرن و دوو ساڵ جارێك دەکرێنەوە- ڕەنگ دەداتەوە لەو بایەخەی ئێستا هەمانە بۆ هاوچەرخێتی. بۆچی وەها بایەخێکمان هەبێ ئێستا؟ لەوانەیە وەڵامی جیاواز هەبن بۆ ئەم پرسیارە، بەڵام من وەڵامێکم پێ باشە کە وا هەستدەکەم پەیوەستە بە ناونیشانی ئەم ئاڕتیکڵەوە. لە ژێر مەرجەکانی مۆدێرنیتەدا، دۆخی (ئێستا) وەکوو گوێزەرەوەیەک هەستی پێدەکرێ لە ڕابردوو بۆ داهاتوو- وەکوو ڕێگاو  شێوازێکی ئاڵۆز هەستی پیدەکرێت: وەکوو کردنەوەیەک بەڕووی داهاتوودا و لە هەمان کاتدا وەکوو بەربەستێك لە سەر ڕێ بەرەو داهاتوو. (ئێستا) ڕێیەك دەکاتەوە بەرەو داهاتوو، چونکە ڕێمان پێدەدات فۆرمیولای پرۆجێکتەکانمان بکەین کە پێویستە و وا هیوای بۆ دەخوازین داهاتوو دیاری بکات، یاخوود لانی کەم کاریگەری لەسەر داهاتوو دابنێت. لە هەمان کاتدا، (ئێستا/هەنوکە) ناهێڵێ پرۆجێکتەکانمان بۆ دەر بکەوێت-(ئێستا) بەربەست دەخاتە سەر ڕێگاکانمان، هیوا و پلانەکانمان نابەجێ دەکات، وا دەکات (ئێرە و ئێستا)مان بۆ دەر نەکەوێت. دووبارە و دووبارە، ئێمە زۆرمان لێدەکرێت بڵێین: ڕاستە ئەمە پرۆجێکتێکی باشە بەڵام لەم کاتەدا، پارەمان بەدەستەوە نییە (کاتمان نییە، وزەمان نییە، هتد.) بۆ ئەوەی بۆمان دەر بکەوێت. بەمجۆرە، (ئێستا) هەمیشە وا خۆی مانیفێست دەکات کە پرسێکی ساتی نا دڵنیایە. بڕیار نەدراو و گوماندار و دواخراوە. ئەمە ساتی دوودڵییە پێش وەرگرتن یان وەر نەگرتنی هەڵوێست (ئاکشن). گێڕانەوە مێژووییەکانمان- لانیکەم لە (فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح) ەکەی “هیگڵ”ەوە- بە ئایدیۆلۆجی پێشکەوتن خۆی ناساندووە. هەڵوێستە مێژووییەکان و سیاسەت و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانمان پێدەڵێن، هەروەها بەرهەمە هونەری و پیشەسازییەکانیشمان بۆ بەیان دەکەن. لە سیاقی ئەم گێڕانەوانەدا، مرۆڤ وا داندراوە کاتی بێت، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت ببێت بە کاتی. (ئێستا) بەشێوەیەک کورتدەهێنێت لە خاڵێکدا لەنێوان ڕابردوو و داهاتوو، وە سەبجێکتیش-تەنها لەژێر کارپێکردنی ئەم کاتە سفرەدا-هیچ شانسێکی نییە بۆ ئەوەی ببێت بە هاوچەرخێکی ڕاست، ئەمە شایەتیدان و قسەکردنێکە دەربارەی (ئێستا)ی تایبەت بەخۆی. هاوچەرخی بوون یەك شت نییە لەگەڵ (کاتی) بوون. هاوچەرخی بوون واتە لەگەڵ کاتدا بیت نەوەك لەناو کاتدا بیت، وە لەگەڵ کاتدا بوون (کۆمرادی کات)، وەکوو (ئاگامبێن) دەیڵێ، مانای ئەوەیە لە دەرەوی کاتدا بیت. خۆی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، دەربارەی کاردانەوەی دیسکۆرسە مێژووییەکەی هیگڵ، (کیێرکیگارد) پرسیار لەخۆی و لە خوێنەرەکانی دەکات:ئەوە چی  دەگەیەنێت کا  هاوچەرخی عیسا بین؟ بۆ (کیێرکیگارد)  هاوچەرخی بوون بۆ عیسا بە مانای ئەوە دێت کە دوودڵ و نادڵنیا بیت دەربارەی ئەو قسەیەی کە دەڵێت عیسا کوڕی خوایە. لەم سۆنگەوە، دەتوانین ئێستاش یاخود هەر کاتێکی تر هاوچەرخی بین بۆ مەسیح-چونکە لە هەر کاتێکدا بین دەتوانین دوودڵ بین لەبەرامبەر قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی ئەوەی مەسیح کوڕی خوایە. قبوڵکردنی مەسیحییەت لەلایەن مەسیحییە سەرەتاییەکانەوە، وە ڕەتکردنەوەی مەسیحییەت لە دواتردا لە چەرخی ڕۆشنگەری، لە ڕاستیدا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەو ڕاستییەی کە مەسیحییەت جارێك قبوڵکرا و دواتر ڕەتکرایەوە، ڕێ لە ئێمە ناگرێ بۆ گومانکردن لە ڕاستی (ئێرە و ئێستا)- وە پاشان دووبارە هاوچەرخی بکەینەوە. بێگومان (هیگڵ) ئەم دوودڵییە درێژخایەنە سوک دەکات. بۆ هیگڵ، ئەو کاتەی تیایدا دوودڵییەکی وەها هەبوو (ناکۆتایەکی خراپ) بوو. یاخود گەر سادەتر بیڵێین، کات بەفیڕۆدانێکی تەواوە، چونکە چارەنووسە مێژووییەکەی مەسیحییەت پێشتر دیاریکراوە. بەڵام بۆ (کیێرکیگارد) ئەم دوو دڵییە، کردنەوەیەك بوو بۆ خەزێنەیەکەی گەورە، لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، کە تیایدا چارەنووسی ڕووداوە مێژووییەکان بە یەکلانەکراوەیی و دیارینەکراوی دەمێننەوە- وە ئەم رووداوانە خۆیان بۆ هەمیشە بە ناتەواوی دەمێننەوە.  لەلای کیێرکیگارد ئەگەری گێڕانەوەی مێژوویی هیگڵییانە وەکوو کاریگەری سڕینەوەی ئەو کاتە زۆرە لە گومان و دوودڵی دەردەکەوێت- بەدەر لە نادڵنیایی، گیرخواردن لە (ئێستا)دا، وە توانایی ئەوەت نەبێ هەنگاوە گرنگەکەی دواتر بنێیت. ئێستاکە دەتوانم پێشنیاری کاتی (ئێستا)مان بکەم وەکوو ئەوەی دەتوانێت ببێتە تایبەتمەندییەکی وردی کاتی گومان و دوودڵی کیێرکیگاردییانە.  هەر بۆیە بەتەنها (ئێستا) نییە، بەڵکوو هاوچەرخە، یاخوود کاتی هاوچەرخێتییە. بێگومان، کاتی (ئێستا)ی ئێمە بووە بە کاتی دووبارە دیاریکردنەوە و دووبارە نووسینەوە و دووبارە درووستکردنەوەی ڕابردوو، گێڕانەوە مێژووییە ترادسیۆنییەکان. ئەمڕۆکە هەمووان گێرانەوەی مێژوویی تازە دەنووسن بە لەخۆگرتنی وەدەرنراوەکان، یاخود بە وەدەرنانی ئەوەی لە خۆگیراوە. دووبارە پێدانی شەقڵێکی تر بە ناسنامە کولتورییەکەی، هەروەها دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕەچەڵەک و کەلەپووری خۆی. پڕۆسەی دووبارە فۆرمیولاکردن و دووبارە پێناسکردن و دووبارە نووسینەوەی ڕابردووی مێژووییانە کاتی دەوێت-لەوانەیە کاتێکی نەزانراو و دوور و درێژی بوێت. گەر ئێمە هەمیشەییانە ڕابردوومان بنووسین و دووبارە بینووسینەوە-وە ئەمە بە وردی ئەوەیە کە ئێمە دەیکەین-پاشانیش ئێمە نازانین لە کوێدا ڕابردوومان کۆتایی پێهاتووە و لەکوێدا داهاتوو دەستپێدەکات. هەروەها لەم سەردەمەی ئێمەدا، ڕۆڵی کاتی (ئێستا)ش گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە-وا پێناسەی کراوە کە خاڵێکی گەیاندنی ڕابردووە بە داهاتوو. لە جیاتی ئەوەی هاوچەرخ بێت بۆ مێژووی هەموو دونیا-یاخود لانیکەم بۆ کاتی مۆدێرنیتی– لەوکاتەوەی ئێمە لە ڕۆژگاری ئێستاماندا (مۆدێرنیتە) ئێمە هێشتا ئەو پرسیارە دەکەین: ئایا مۆدێرنیتەی ئێمە بەڕاستی مۆدێرن بوو؟ ئایا کۆمیونیزمی سەدەی بیست هەر بەڕاست کۆمیونیست بوو؟ ئەی ئایا ئەو دیموکراسیەی کە ئێمە ئەزموونمان کرد و هێشتاکەش ئەزموونی دەکەین هەر بەڕاست دیموکراتییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە یان نێگەتیڤانە، پێویستە مۆدێرنیتی، کۆمیونیزم و دیموکراسی بەشیوازێکی دیکە لێکبدەینەوە، ئەویش لێکدانەوەیەتی لە ڕووی ڕابردووەوە. بەڵام بەلای منەوە، کولتووری ئێمە هەوڵدەدات هاوچەرخ لە مۆدێرنیتەدا بهێڵێتەوە لەگەڵ کاتەکەی خۆیدا- وە هەندێك کات بهێڵێتەوە بۆ پەرچکردنەوە- یاخود هەندێك کات لە پەرچکردنەوەدا بەفیڕۆ بدات. ئەم هەلومەرجەی هاوچەرخ، دەرئەنجامی زۆری هەیە. یەکێك لەوانە، دووبارە هەڵسانگاندنەوەیە، وە لەڕاستیدا، لە شێوە گشتییەکەیدا، بەنرخاندنەوەی کاتە بەفیڕۆ دراوەکانە. بێگومان، بەفیڕۆدانی کات یەکێكە لە چالاکییە سەرەکییەکانی مرۆڤ. بە بەفیڕۆدانی کات دەبینە هاوچەرخ بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی کە کاتییان بەفیڕۆ داوە لە ڕابردوودا، یاخود کات بەفیڕۆ دەدەن لە داهاتوودا. کاتی گونجاوانە و ئامانجدارانەی بەکارهێنراو  لە ناو حەتمیەتێکی مێژووییانە بووە- ئەمەش  ڕاکردنمانە  لە  هاوچەرخێتی. تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی بە هاوچەرخبوونی بکەین، پێویستە ئەم کاتە بەرهەمهاتووە مێژووییە بە کاتێکی لەدەستچوو لێکبدەینەوە. ئێمە بەشێوەی جیاواز کات بەکار دەهێنین، بەڵام بەهەمانشێوەش کات لەدەست دەدەین. کاتە لەدەستچووەکە، بۆ ئاکشنێکی مێژوویی لەدەستچووە. بەڵام کاتە لەدەستچووەکە، کاتە بەفیڕۆ دراوەکە، دەکرێ وەکوو کاتێکی بێشومار تێیبگەین، یان وەکوو کاتێکی زیادە، بۆ ڕێگایەك بۆ ئەستێلە لەبن نەهاتووەکان کە تیایدا دەتوانین چەند کاتمان بوێ بەدەستی بهێنین بۆ ئەوەی لەدەستی بدەین. ئێستا، هونەری کاتبەند، یەکێکە لە مەیدانەکان کە ئەم بەنرخاندنی کاتە بەفیڕۆ دراوەکە شوێنێك دەگرێت. یەکێك لە گرنگترین لایەنەکانی هونەری کاتبەند ئەوەیە کە گێڕانەوەکان دەخاتە ناو سوڕێکی لەبن نەهاتوو. یاخود بە مانایەکی تر، (کاتە راستەهێڵی و  ڕێکەکە) دەکاتە ناو (کاتێکی بازنیەییەوە). ئەم هێما و نیشانەیەی کە بە ڕاستی هونەری کاتبەند درووست دەکات، نمونەی ناکۆتایەکی خراپی گەڕانەوەیەکی هەمیشەیی بەهەمان شێوە بەرجەستە دەکات- هەموو کاتە مێژووییەکان دەگۆڕێ بە کاتێکی لەدەستچوو وە هاوکات، ئەستێلێکی مێتامێژووییانە و بێشوماری کات درووست دەکات. لە ڕاستیدا، بەرلەوە لە فیلمەکانی (ئاندی وارهۆڵ)دا بەپێی پێویست ئەرکی باش جێبەجێ دەکەن لەنێو فیلمی ئینستەڵەیشندا، بەڵام باش دەرناکەون گەر لە سینەمادا پەخش بکرێن بەتایبەتی لە (sleep and empire)دا. فیلمەکانی فیشلی و ڤەیس (hundreds of hours riding in car through Switzerland) بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەم یاسایەدا یەکانگیر دەبێت، بەهەمان شێوە زۆر کاری تریش. ئەم ڤیدیۆیانە بە وردی (ناکۆتای خراپ)ەکەی هیگڵیش دەسەلمێنێ- جوڵە و نیشانە دووبارە بووەکان کە سەرەتا و کۆتاییان نییە، هەروەها جێگایەکی ناسراویشی لەسەر تەوەرەی بەرەوپێشچوونی ڕابەریکردن نییە، لە ڕابردوو بەرەو داهاتوو، چونکە ئەم نیشانە و جوڵانە ئەنجامگیر نابێت لەگەڵ هیچ بەرهەمێکی کولتووری و هیچ ئاکشنێکی مانابەخشی مێژوویی. فیلمی ترادیسیۆنی ڕادیکاڵترین و سەرنجڕاکێشترین بەرجەستەکردنی کۆنسێپتی (کات)ی ڕاستەهێڵییە. لێرەدا، گێڕانەوەی فیلم بەڕێكی و بەجوانی لە سەرەتاوە دەچێت بەرەو کۆتایی- وە هەموو هەوڵە تاقیکارییە مەیدانییەکان لە لایەن فیلمسازەکانەوە بۆ پێچەوانەکردنەوە یاخود وەستاندنی ئەم هێڵی بەرەو پێشچوونی فیلمە، تا ئێستا بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە. بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان سەیرکردنی فیلم لە سەرەتا تا کۆتایی و سەیرکردنی هەمان فیلم یاخود هەمان ڤیدیۆ کە لە فەزایەکی بازنەییدا دەڕوات بەڕێوە- لە دۆخی دووەمدا (بەڵگەی  هەمیشەیی چونییەك)، ڕادیکاڵانە هەچ وەهمێکی کاتی ڕاستەهێڵی لەناو دەبات. گێڕانەوە فیلمییەکە هێزی خۆی لەدەست دەدات لە ئەندێشەی ئێمەدا گەر بزانین هەموو ئامڕازەکانی ئەم گێڕانەوەیە بە بەردەوامی دەگەڕێنەوە بۆ مەیدانی سەرنجی ئێمە. بیگومان زۆرێك لە فیلم و ڤیدیۆکان کە لەناو هونەری ئینستەڵەیشندا پشان دەدرێن ئەم لایەنە ڕادیکاڵەی پێشوازی لێکردنەی خۆیان فەرامۆش دەکەن. لە ڕاستیدا هەندێك لەو فیلم و ڤیدیۆیانە پێویستە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ببینرێن- وەکوو سینەما. لەم حاڵەتەدا، بینەر وەکوو (مرۆڤە باڵا)کەی نیچە خۆی دەبینێت، کە تێدەگات لە یاسای گەڕانەوەی هەمیشەیی چونییەك، کەچی فیلمسازەکان یاخود ڤیدیۆسازەکان بەتەنها وەک مرۆڤێك یاخود وەکوو نا ئاگەیەك لەم یاسایە دەمێننەوە. هەرچۆنێك بێت، ژمارەیەکی زۆر لە ئینستەڵەیشنی ڤیدیۆیی هەیە کە تێماکاری ئەو پڕۆسەی دووبارە بوونەوەی کات بەهەدەردان و ڕەنگدانەوەی میدیەمی هونەری کاتبەند دەکات لەناو خودی میدیەمەکە خۆیدا. بەمجۆرە، لە ڤیدیۆکانی (پۆڵ چان)دا فۆڕمی سادەترین ئۆبجێکتەکان بە هەمیشەیی بەرەو پێشەوە دەڕۆن، بەرەو بەهەشتێکی ئایدیای پەتی. لەگەڵ بەرزبوونەوەیان، ئەم فۆڕمانە بەهێواشی دەسدەکەن بە توانەوە لەناو فراگمێنتێکی بێشومار کە زۆر واتاییانە دەردەکەون کە چیتر ناسراو نین، وەکوو فۆرمی ئۆبجێکتە دونیاییە تایبەتاکان. شت لەدوای شت ئازاد دەبێت لە هێزی بەرەوپێشچوون، و هەموو شتێك بە هێواشی و راستەوخۆ یان بەرەو بەهەشت دەڕوات یاخود بەرەو دۆزەخ، بەدوور لە تەوەرە ئاسۆییەکانی مێژووە گەردوونییەکە. شتە ئازادەکان هەمووییان جیاوازن، بەڵام ئاکتی ئازادکردنەکەیان هەمیشە چونییەکە. لەم سۆنگەوە، نیشانەکان کە جوڵەکان درووستدەکەن لە ڤیدیۆکانی (چان)دا زۆر پێش خستنە ناو بازنەکەوە دووبارە بوونەتەوە. ئەو ڤیدیۆیانە ئازادکردنی یاسای هەمیشەیی چوونییەك دەسەلمێنن-  ئازادکردن لەناو بازنەکەدا. ئێستاکە لەسەر تەوەرەی ئاسۆیی لە مێژوویی جیهاندا، هەموو ئاکتێکی ئازادکردن هیچ کاتی ناوێ- بوون لەم سۆنگەدا، ئاکشنی پلە سفر، پلە سفرە چونکە شتەکان خۆیان ئازاد ناکات، بەڵکوو تەنها فۆڕمەکەیان ئازاد دەکات. هەرچۆنێك بێت، لەسەر تەوەرەی ستونی کاتی بێشومار، جوڵەی ئەم فۆڕمانە لە مەودای قوڵی بێسنوردایە (مەودای قوڵ واتە دیسکۆرسێکی قوڵ بۆ مێژوو نەك مێژووی هەنوکەیی)، چونکە ئەمە لە بازنەکەدا دانراوە. بەمجۆرە، هەموو جوڵە ئازادکردنەکان دەبێتە هاوچەرخ بۆ هەموو جوڵەکانی دیکەی ئازادکردن، چونکە جوڵە بەرزەوەبووەکان لە هەموو شتەکاندا هاوکاتە.کاتە بێشومارەکەی ئەم جوڵەیە پێدەچێ بەهەدەر درابێ گەر لە ڕوانگەی بەرەوپێشچوونی مێژووییەوە هەستی پێبکرێت. بەڵام دەکرێ وەکوو فراوانبوونی بێسنوری کاتێکی مێژووییش سەیر بکرێت. هەرچۆنێك بێت، فیگەری ئاکشنی پلە سفری درێژکراوەی نادیار دەکرێ لەسەر تەوەرەی ئاسۆییش وەکوو پرۆگرێسی کاتێکی بەهەدەردراو سەیربکرێت. دەتوانین ئەنیمەیشنەکەی (فرانسیس ئەلیس) (Song for Lupita 1998) بە نمونەیەکی تر وەربگرین. لەم کارەدا، ئێمە چالاکییەک دەبینین کە سەرەتا و کۆتایی نییە، نە ئەنجامێکی دیاریکراوی هەیە نە بەرهەمێکی دیاریکراو: ژنێك ئاو لە دەفرێکەوە دەکاتە ناو دەفرێکی تر، پاشان دەگەڕێتەوە. ئێمە وەکوو نەریتێکی پوخت و دووبارە لە بەهەدەردانی کات ئاڵەنگاری (ئێرە) دەکەین- نەریتێکی سیکیولار کە لەودیوی هەر هێزێکی جادووییانەوەیە، لە ئەودیوی هەر نەریتێکی ئاینی و ڕێککەوتنی کولتووری. لێرەدا با (ئەفسانەی سیزیف) ی (ئەلبێرت کامۆ)مان بیربێ، کە بێئامانج و لەوپەڕی پووچیدا ئەرکی بردنە سەرەوەی تاشەبەردێک بۆ سەرەوەی گردێک دووبارە و دووبارە ئەنجام دەدات، ئەم ئەرکەش دەکرێ وەك نموونەیەکی بنچینەیی بۆ هونەری کاتبەندی هاوچەرخ ببینرێت. ئەم کردە بێکەڵکە، ئەم کاتە لەڕادە بەدەرە لە شێوازێکی نا مێژوویی دووبارەبووەوەی هەمیشەیی، بۆ کامۆ ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە پێی دەڵێین (ماوەی ژیان)- ماوەیەکی کەم نەکراوە لە هەچ مانایەکی ژیان، لە هەچ دەستکەوتێکی ژیان، هەچ شتێکی پەیوەندیدار بە مێژووەوە. چالاکییە دۆکیومێنتکراوەکە لێرەدا بێهاوتا و پێرفۆرمانسێکی پەراوێزخراو نییە- ڕووداوێکی ئۆریجیناڵ و تاک و حاشاهەڵنەگر کە جێ لە (ئێرە و ئێستا)دا دەگرێت. لەجێی ئەوە، ئەم چالاکییە خۆی لەناو خۆیدا دووبارەیە-تەنانەت بەر لە تۆمارکردنی بە ڤیدۆیەیەك کە لە ئەڵقەیەکدا ڕووداوەکانی دەڕوات. لە هەمان کاتدا، نیشانە دووبارەکان لەلایەن فەرمانەکانی (ئەلیس) ەوە دیزاین کراوە وەکوو بابەتێکی بەرنامەییانە-دەکرێ دووبارە بکرێتەوە لەلایەن هەر کەسێکەوە یاخود ڕیکۆردێکەوە و دووبارە دووبارە بکرێتەوە. لێرەدا مرۆڤی زیندوو، جیاوازی خۆی ون دەکات لەگەڵ وێنەی میدیایی. دژبەریی لەنێوان ئۆرگانیزمێکی زیندوو و میکانیزمێکی مردوو، لەلایەن میکانیکی بنچینەیی و دووبارە و کارەکتەری بێ مەبەستی نیشانە دۆکیومێنتکراوەکەوە، ناپەیوەست کراوە. پێشتر نیچە ئەوەی بەیان کردووە کە تاکە ئەگەر بۆ ئەندێشەکردنی ناکۆتا لە پاش مردنی خوداوە، لە پاش کۆتاییهاتنی تراسندێنسەوە، (گەڕانەوەی هەمیشەیی چونییەک)ە. “جیۆرج باتای”ش بەهەمان شێوە تێماکاری ئەوەی کردووە کە  کاتە دووبارە بووەوە بێشومارەکە و بەهەدەردانی کاتی بێسود، تاکە دەرچەیە بۆ دەرچوون لە ئایدیۆلۆجی پێشکەوتنی مۆدێرنە. بێگومان، هەریەك لە نیچە و باتای بەوەیان زانیوە کە دووبارەبوونەوە شتێکە سروشتییانە دەبەخشرێت.

هەرچەندە ژیل دولوز، لە کتێبەکەیدا (جیاوازی و  دووبارەبونەوە)، وەها دەربارەی دووبارەبوونەوەی تەواوەتی دەدوێت وەکوو هونەری بوون بە شێوەیەکی ڕادیکاڵی و لەم سۆنگەوە، دژییەك دەبێت لەگەڵ هەچ شتێکی سروشتی و زیندوو، قابیلییەت بە گۆڕان و گەشەسەندن، تەنانەت بە یاسا سروشتی و مۆڕاڵییەکانیش. لێرەوە، پراکتیسە کردنی دووبارەبوونەوەی تەواوەتی، دەکرێ وەک خستنە ناوەوەی خۆشییەك بۆ بەردەوامی ژیان بە درووستکردنی کاتێکی بێشوماری نا مێژووییانە لەلایەن هونەرەوە ببینین. وە ئەمەش ئەو پنتەیە کە هونەر بەڕاستی دەکرێ ببێت بە هاوچەرخ. ئەمڕۆکە، ئەم خۆشییە دەستکردانە یان هونەرییانە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی تەواوەتی، بێگومان کۆنترە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوە و دووبارەبوونەوە بە بەکارهێنانی ڤیدیۆ کە تەکنیکی مۆدێرنە-خۆی ئەمە تایبەتمەندی نەریتی ئاینییە. ئێمە بەزۆری وا لە ئاین تێگەشتووین کە کۆمەڵێك بیروڕای برواپێکراوە-بەتایبەتی بیروڕایەکی بەهێز. من مشتومڕ دەکەم کە ئەم ئاینە، یاخود هەر ئاینێك، کۆمەڵێك بیروڕا نییە، بەڵکوو کۆمەڵێك نەریتە، وە ئەم کۆمەڵە نەریتە ئاینییە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخێك کە پێكهاتووە لە نەبوونی بیروڕا، دۆخێکی بێ بیروڕا: ویستی خوداکان، یاخود خودا لە کۆتاییدا خۆی لە بیروڕای مردن (mortality) دەشارێتەوە. نەریتە ئاینییەکان دەکرێ دووبارە ببنەوە یان نەمێنن یان دەسکاری بکرێن- بەڵام ناکرێ بەڕەوا پیشانبدرێن یان ڕەخنەسازی بکرێن یان بەدرۆ بخرێنەوە. لەم سۆنگەوە، نابێ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی میکانیکی وەکوو دژبەرێك بۆ نەریتە ئاینییەکان سەیربکرێت…بەڵکوو دەبێ وەکوو دووبارە یاسادانانەوەی نەریتەکان سەیربکرێت لەژێر هەلومەرجەکانی مۆدێرنیتەی سیکیولار: وەکوو “دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دووبارە بەرهەمهاتوو.” ئەمە بەتەنها ڕێكەوتێک نییە کە چینی کارگەر پێرفۆرمی دووبارە بوونەوە و نامۆبوون دەکات، دەکرێ بڵێین، کاری نەریتی لە سیاقی پیشەسازی شارستانییەتی مۆدێرنیتەدا، بە پیرۆز کراوە بە هەندێ ڕێگای تایبەت، لەلایەن بزاوتە سۆشیالیستەکانی سەدەی نۆزدە و بیستدا، بەهۆی ڕووناکبیر و هونەرمەندەکانەوە- وەك بەرجەستەکردنی داهێنەری ڕۆحی گۆڕان- کە ئەمیان بە ناپیرۆز و دونیایی مایەوە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی دووبارە بوونەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوە ئەنجام بدەن. لێرەدا جیاوازی نێوان دووبارەبوونەوەی نەریتە ئاینییەکە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی تەواوەتی دونیا دەرکەوتووەکەی نیچە، ون دەبێت. دەکرێت بڵێین نەریتە ئاینییەکان نمونەیەکی بنچینەیەیی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی میکانیکییە، کە دەستی بەسەر کولتووری ڕۆژئاوادا گرت لە ماوەی مۆدێرندا، وە لە پلەیەکی دیاریکراودا، بەردەوام دەبێت لەسەر دەست بەسەرداگرتنی دونیای هاوچەرخ. ئەوەی لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەوەیە، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی میکانیکی لە دۆخی خۆیدا، وەک نەریتی ئاینیی لێی تێبگەین. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت دۆخی هاوچەرخمان ناکرێ کورتهێنان لە “لەدەستدانی ئۆرا (شەبەنگ)”یدا بکرێت، بۆ سوڕی دووبارە بەرهەمهێنانەوە لەودیوی “ئێرە و ئێستا”دا، وەک لە وتارەکەی (واڵتەر بنیامین)دا هاتووە بەناوی (The Work of Art in the Age of mechanical reproduction). لەجێی ئەوە سەردەمی هاوچەرخ پێکداچوونێکی ئاڵۆز ڕێکدەخات لە لەشوێنخستن و لەشوێندانانەوە، لە هەرێمخستن یان لە هەرێمدەرهێنان و دووبارە بەهەرێمکردنەوە و یان نیشتەجێکردنەوە، لە ئاورا خستن و دووبارە بە ئاوراکردنەوە. لە شێوە گشتییەکەیدا، ئینستەڵەیشن بە پێچەوانەی دووبارە بەرهەمهێنانەوە کار دەکات. ئینستەڵەیشن ئینستاڵی کۆپییەك لە نیشانەنەکراو و سپەیسێکی کراوەی نەناسراو دەخاتە سوڕەوە و شوێنی دەکاتەوە-گەر تەنها کاتیی بێت-لەگەڵ کۆنتێکستێکی جێگیر و قایم و نزیکی تۆپۆڵۆژی-پێناسەی “ئێرە و ئێستا”ی کردووە. وە بۆ بنیامین، ئۆریجیناڵ بوون بریتییە لە تۆمارکراوی “ئێرە و ئیستا”، کۆنتێکستی نەریتێکی دیاریکراو-ببێ بە ئاینیی یان سیکیولار. بەنیامین لە  گەڵ بڕوایەکی بەرزی هونەرییانەی مۆدێرنیستی یەکی دەگرتەوە کە  خۆی  لە  دەگمەنی و کۆنتێکستێکی پێوانەییدا ئەبینییەوە بۆ هونەر. لەسەر ئەم بنەمای خەمڵاندنەی لەدەستدانی دەگمەنی و کۆنتێکستی ئۆریجیناڵی  کارە  هونەرییەکە، واتا لەدەستدانی ئۆراکەی بۆ هەتا هەتایە –  بوونی بە کۆپی بۆ خۆی. بۆ دووبارە ئۆراکردنەوەی کارێکی هونەری پێویست بە پیرۆزکردنی هەموو ناپیرۆزییەکانی تۆپۆلۆژی سپەیسێکی کۆپی بڕیار لەسەر نەدراوی سوڕێکی بێشومار- بەدڵنیایییەوە پڕۆژەیەکی تۆتالیتاری فاشیستە. سەرەکیترین کێشە لە فیکری (بنیامین)دا ئەو تێبینی خولبەستنە بەرفراوانەیە کە سپەیسی کۆپی  وخولبەستنێکی بەرفراوان بە گشتی، وەك سپەیسێکی یونیڤێرساڵ و سروشتی و چونییەك دەکات. ئەو جەخت لەسەر ناسینیەوەی ڤیژواڵی دەکات لەگەڵ خود شوناسیی کۆپی وەك ئەوەی لە کولتووری هاوچەرخی ئێمە دەگوزەرێت. بەڵام گریمانەی هەردووک ئەم پرینسپڵە  لە تێکستی (بنیامین)دا، پرسیار هەڵدەگرن. لە چوارچێوەی کولتووری هاوچەرخ، وێنەیەک بۆ هەمیشە خولدەبەستێت لە میدیەمێكەوە بۆ دانەیەکی تر، وە لە کۆنتێکستێکی داخراودا بۆ کۆنتێکستێکی داخراوی تر. بۆ نموونە، گرتەی فیلمێک دەکرێ لە سینەمادا نیشانبدرێت، پاشان بکرێت بە دیجیتاڵ و لە وێبسایتی کەسێکدا دابنرێت، یاخود لە کۆنفرانسێکدا پیشانبدرێت وەکوو ئیڵوسترەیشنێك، یاخود بە تایبەتی لە تەلەفیزیۆنی ژووری میوانی ماڵی کەسێکدا سەیربکرێت، یاخود لە مۆزەخانەیەکی ئینستەڵەیشندا دابنرێت. بەم ڕێگایە، بەهۆی کۆنتێکست و میدیای جیاواز، ئەم گرتەی فیلمە بە زمانی جیاوازی پرۆگرامی گواستراوەتەوە، بە سۆفتوێری جیاواز و چوارچێوەی جیاوازی نمایش، دانانی جیاواز لە سپەیسی ئینستەڵەیشندا…هتد. ئایا ئێمە ڕووبەڕووی هەمان گرتەی فیلم دەبینەوە لەم نموونە جیاوازانەدا؟ ئایا ئەمە هەمان کۆپی، هەمان کۆپی هەمان ئۆریجیناڵەکەیە؟ تۆپۆڵۆژی تۆڕی پەیوەندی، دابەشکردن و وەرگێڕان و وەبەرهێنانی وێنەی ئەمڕۆ، بە ڕژدی ناچونییەکە. وێنەکان بە بەردەوامی و سەرلەنوێ دەگۆڕێن، دەنووسرێنەوە، ئیدیت دەکرێنەوە و پرۆگرام دەکرێنەوە، کە خولدەبەستن بەهۆی ئەم تۆڕانەوە-وە هەر هەنگاوێك بە ڤیژواڵی گۆڕاوە. بایەخی ئەوان وەك کۆپییەکانی کۆپییەکان، دەبێتە کولتورێکی کۆمەڵایەتی، وەکوو بایەخە ئۆریجینالەکەی پێشووتر باسمان کرد. بنیامین ئەوە دەخاتەڕوو کە تەکنەلۆژیای نوێ توانای بەرهەمهێنانی کۆپی هەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی دڵسۆزی بۆ ئۆریجیناڵ، کە لە ڕاستیدا بابەتەکە بە پێچەوانەوەیە. تەکنەلۆژیای هاوچەرخ بیر لە (نەوە) دەکاتەوە. کە گواستنەوەی زانیاری لە نەوەیەكی سۆفتوێر و هاردوێر بۆ نەوەیەکی تر، بۆ گەواستنەوەیەتی بە شێوەیەکی کاریگەر. بیرۆکە مێتافۆرییەکەی (نەوە) کە ئێستا لە کۆنتێکستی تەکنەلۆژیدا بەکاردێت، ئاشکرا دەبێت. لە کاتێکدا (نەوە)کان هەن، ئەوا ناکۆکی نەوەیی (ئۆدیپاڵ)یش هەیە. هەموومان دەزانین گواستنەوەی میراتێکی کولتووری دیاریکراو لە نەوەیەك لە خوێندکارەوە بۆ نەوەیەکی دیکە لە خوێندکار مانای چییە. ئێمە ناتوانین کۆپی وەك کۆپییەك جێگیر بکەین، وەك چۆن ناشتوانین ئۆریجیناڵ وەك ئۆریجیناڵێک جێگیر بکەین. کۆپی هەمیشەیی (ئەبەدی) بوونی نییە، هەروەك چۆن ئۆریجیناڵی هەمیشەییش بوونی نییە. دووبارە بەرهەمهێنانەوە زۆر پیسبووە لەلایەن ئۆرجیناڵیتی (ڕەسەنایەتی)یەوە، هەروەك چۆن ئۆرجیناڵیتیش پیس بووە بەهۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوە. لە سوڕانەوە لەناو کۆمەڵێك کۆنتێکستی جیاوازدا، کۆپی دەبێتە زنجیرەیەك لە ئۆریجیناڵی جیاواز. هەموو گۆڕانێکی کۆنتێکست، هەموو گۆڕانێکی میدیەم، دەکرێ لێکدانەوەی بۆ بکرێت  وەک نەفیکردنی پایەی کۆپییەک وەکوو کۆپی-وەك دەرچوونێکی بنچینەیی، وەك دەسپێکێکی نوێ کە داهاتووییەکی نوێ دەکاتەوە. لەم سۆنگەوە، کۆپی هەرگیز بەڕاستی کۆپی نییە، بەڵکوو ئۆریجیناڵێکی نوێیە، لە کۆنتێکستی تازەدا. هەموو کۆپییەك بۆ خۆی گەڕیدەیەکە. ئەزموونکردنی “ڕۆشنکەرەوەی نا ئاینی”ەکەی خۆی کە دەبێتە ئۆریجیناڵێك. ئۆرا کۆنەکەی خۆی لەدەست دەدات و ئۆرایەکی نوێ بەدەست دەهێنیت. لەوانەیە وەکوو هەمان کۆپی بمێنێتەوە، بەڵام دەبێتە ئۆریجیناڵێکی نوێ. ئەمە هەروەها پڕۆژەیەکی پۆستمۆدێرن پیشان دەدات لەسەر ڕەنگدانەوەی دووبارەبوونەوەی، دووبارە بەرهەمهاتووی ئەدگاری وێنەیەک کە کاریگەی بنیامینی بەسەرەوەیە، وەك شتێكی پارادۆکسیی وەك پڕۆژەی مۆدێرن بۆ درووستکردنی ئۆریجیناڵ و نوێ. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وێنە یاخود ڤیدیۆ، پێویستییانە دەکەوینە بارودۆخێکی بڕیارلێنەدراو و دوودڵییەوە: ئایا ئەوە کۆپییە، یاخود ئۆریجیناڵە؟ دەکرێ بە کۆپی سەیربکرێت گەر بەراوردبکرێت لەگەڵ هەمان کۆپییەکانی تری وێنە و ڤیدیۆکە. بەڵام دەکرێ وەك ئۆریجیناڵیش تەماشا بکرێت گەر لە “ئێرە و ئێستا”ی ئینستەڵەیشندا نمایش بکرێت- “ئێرە و ئێستا” کە بە وردی ڕێ لە ئەگەرییەکانی بەراوردکارییەکی لەمجۆرە دەگرێت. هەروەها، لەم ڕوانگەیەوە، هونەری کاتبەند دەمانکاتە هاوچەرخی کاتی خۆمان.

 

پەراوێز:

پارادایم: زاراوەیەکە  زاناو فەیلەسوفی ئەمەریکی  تۆماس  کۆهن دایهێناوە، بە مانای سەرلەبەری  کایە جیاوازەکانی کولتوور دێت لە سەردەمێکی  دیاریکراودا کە  سەردەم دەگۆڕێت واتە پارادایم دەگۆڕێت. هەرچەند ئەو بۆ بواری زانست بە  کاری  هێناوە بەڵام ئێستا  لە هەموو بوارەکان بەکاردێت و نزیکە لە مانای ئەبستیمەوە  لای  فوکۆ.

لە هەرێمخستن یان لە هەرێمدەرهێنان و دووبارە بەهەرێمکردنەوە و یان نیشتەجێکردنەوە:

ئەمە دوو  دەستەواژەن دولوز و گاتاری بەکارییان هێناوە بەمانای وەدەرنانی کۆنسێپت و تێگەیەک  دێت  لە شوێن و سیاقی  دروستبوون و لە دایک بوونی و دووبارە  نیشتەجێکردنەوە و گواستنەوە بۆ جێو سیاقی تر. بە مانایەکی وردتر دولوز و گاتاری پێیان وایە کە لە شوێخستن و یا لەهەرێمدەرهێنان ڕوودەدات کۆدی جەستە هەڵدەوەشێتەوە و سپەیس ئۆردەری لەسەر  جەستە نامێنێت بە  هۆی ئەوەی ئەو ناوی دەبات بە  (دی تیراتۆریەڵایزکردنەوە) و جەستە جێگیرییەکەی  لە  دەست  دەدات دەچێتە ناو تێکەڵەیەک لە جوڵە و دەرکەوتنی کاتی و ناڕەچەتەکراوەوە، ئەوی  دیش بەپێچەوانەوە.

سەرچاوە:

https://bit.ly/3mfgQis

بڵاوکردنەوە: