نووسینی: باران بارلاس
وەرگێڕانی: ئاراس ئەنوەر
لە هێراکلیتوس “Heraclitus“ەوە بۆ مارکس “Marx“
دیالێکتیک “Dialectic”، کە لە بنەڕەتدا ڕێگایەکی دێرین بوو بۆ گفتوگۆکردن “ئاڕگومێنتەشن، Argumentation”، بۆ ئەوەی ببێتە چەقی تێمایەکی فەلسەفی لە سەدەی نۆزدەدا چۆن گەشەیکرد؟
بەدرێژایی مێژوو، لە ساتی پێش سەردەمی سۆکراتەوە، دیالێکتیک لە نێو فەیلەسوفاندا بیرۆکەی زۆری ووروژاندووە. خودی چەمکەکە زۆر ڕاڤە و لێکدانەوەی بەسەرداکراوە، بە زۆر بابەتەوە وابەستەکراوە، لەوانە: سەفسەتە، ڕەوانبێژی، شێوازی پرسیارکردنی سۆکراتی، گەشتی ئەفڵاتون لە قەبوڵکردنی ژیرانەوە “گونجاوی” بۆ رۆحانییەت، پشکنینی ئەرستۆ بۆ بیروڕاکان، کنەودنەکردنی وەهمی سەروباڵایی تێگەشتن-ی کانت، لێکدانەوەکەی قۆناغەکانی کۆمەڵناسی-ئابووریی مارکس لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم،،، و زۆریتر. لەم ووتارەدا شوێنی پەرەسەندنی فەلسەفییانەی چەمکی دیالێکتیک دەکەوین، لە یۆنانی دێرنیەوە کە جێگای ئەسڵی و بنەڕەتەکەیەتی دەستپێدەکەین و بەرەو گەشەسەندنی لە فەلسەفەی ڕۆژئاوای مۆدێرندا دەچین.
گەشتی فەلسەفەییانەی دیالەکتیک: لە دێرنەوە بۆ مۆدێرنە.
باربارا کاسین “Barbara Cassin”، وەک فەیلەسوفێکی هاوچەرخ، لە کتێبی “ووشەسازی فەیلەسوفانی ئەوروپا” “Vocabulary in European Philosophies”دا نووسیویەتی:
“مێژووی زاراوەی دیالێکتیک لە خۆیدا مێژوویەکی گرنگ و بەرچاوی فەلسەفە پێکدەهێنێت”.
بەدرێژایی مێژوو، دیالێکتیک وەک سەرچاوەی ئیلهام خزمەتیکردووە، لەلایەن قوتابخانە هزرییە جیاوازەکانەوە وەک ئامڕازێک بەکارهاتووە. ماناکانی و ڕاڤەکانی هەمەجۆرن، لە میتۆد یان شێوازێکی دیاریکراوی ووتووێژ و لۆجیکەوە بۆ چوارچێوەیەک لەبۆ ڕوونکردنەوەی گەشەسەندی چەمکی یان ئابووری-سیاسی مەودا دەگرێت.
فەیلەسوفەکان مشتومڕیان لەسەر ئەوە کردووە، کە ئایا دیالێکتیک هەبوویەکی سروشتی و بۆماوەیی نێو واقعە یان پرۆسەیەکە لە نێو مێشکی مرۆڤدا، و ئایا دوو تێڕوانینی دژ بەیەک یان ناکۆکییە ناوەکییەکانی چەمکێک لەخۆدەگرێت. سەرەڕای ئەم باسوخواسانە، زاراوەی دیالێکتیک بە بەردەوامی ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەکی گۆڕانکاری یان بەرەوپێشچوون کە بە جوڵەی پێش-و-دوا “back-and-forth” تایبەتمەندە.
بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی سەرەکی بیری دیالێکتیکی بکەین پێویستە لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا قووڵبینەوە. یەکێک لەو فەیلەسوفانەی لەم بوارەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێت هێراکلیتوسە. لە سەدەی نۆزدەدا، لەلایەن کارڵ مارکس و فرێدریک ئەنگڵسەوە بە پێشەنگی بیری دیالێکتیک دانرا، ئەو لە گرنگی هێزە دژبەرەکان لە گەردووندا و ڕۆڵیان لە گەشەسەندندا جەختی کردووەتەوە. ئەوەش بیرۆکەی “یەکگرتوویی دژبەرەکان” “The unity of opposites”ە کە ئەم نازناوەی بۆ بەدەست هێنا.
هێراکلیتۆس و یەکگرتوویی دژبەرەکان
وەک فەیلەسوفێکی پێش سۆکرات، هێراکلیتوس یەکێک بووە لە فەیلەسوفە یۆنانییە کۆنەکان کە بیریان لە چەمی ئارک “arche” کردووەتەوە. لە یۆنانی دێریندا، زاراوەی ئارک بۆ “ڕەسەن، ئەسڵ، بچینە، سەرەتا” دەگەڕێتەوە، و بەو بنەما بنەڕەتییەوە “fundamental principle” پەیوەندیدارە کە هەموو شتەکانی تری لێوە وەرگیراوە. لە سەرەتادا ئەم فەیلەسوفانە بە بیردۆزەکانی گەردوونناسی “cosmology” و زانستی بوونەوە “ontology” سەرقاڵبوون، بەدوای ناسینەوەی ئەو ماددەیەوەبوون کە بنچینەی هەموو شتەکانی ترە.
تاڵیس “Thales” بە یەکەم فەیلەسوف لە مێژوودا دادەنرێت کە پێیوابووە ئاو هۆکار و بنچینەی گەردوونە. ئەناکزیماندەر “Anaximander”ی هاوسەردەمی تاڵیس، لە قوتابخانەی میلێسیان “Milesian”، هەوای بە هۆکار و بنچینە زانیوە، لە کاتێکدا پیساگۆراس “Pythagoras” باوەڕی وابووە کە گەردوون لە بنەڕەتدا لە ژمارە پێکهاتووە. بە پێچەوانەوە، فەیلەسوفی ئایۆنی، هێراکلیتۆس، باوەڕی وابووە کە ئاگر بنچینە و ئارکی گەردوونە. بەڵام بۆچی ئاگر؟ بە لای هێراکلیتۆسەوە وەڵامەکە لە گۆڕانی بەردەوامدایە، ئاگریش بەرجەستەی ئەو گۆڕانە دەکات. ووتە بەناوبانگەکەشی دەڵێت “گەردوون پێشتر و ئێستا و لە داهاتووشدا، ئاگرێکە بەردەوام دەژی”.
هێراکلیتۆس پێیوابوو گەردوون بەردوام لە دۆخی گۆڕانی خێرادایە. ئەم ڕوانگەیەشی بە لێکچواندنێک وێناکرد، تێیدا ئاماژە دەکات بەوەی کە مرۆڤ ناتوانێت دووجار هەنگاو بنێتە ناو هەمان ڕووبارەوە بەو پێیەی هەم کەسەکە و هەم ڕووبارەکە هەرجارێک جیاوازدەبن. لە فەلسەفەکەیدا، ئاگر لە ڕێگای خۆبەکارهێنانەوە هێمای جوڵەیە، نوێنەرایەتی ئەو بیرۆکەیە دەکات کە هەموو شتێک دوای ئەوەی لە ئاگرەوە سەرچاوە دەگرن، لە ڕەوتی هەمیشەییدا دەبن واتە لە گۆڕانی بەردەوامدا دەبن. بیردۆزەکەی هێراکلیتۆس پێشنیاری ئەوە دەکات؛ هەموو لایەنەکانی سروشت لە دۆخێکی گۆڕانی بەردەوامدان، لە بازنەیەکی هەمیشەییدا، ئاگر دەگۆڕێت بۆ ئاو و زەوی، و بە پێچەوانەشەوە.
لایەنێکی گرنگی فەلسەفەکەی ئەو، ڕێکەوتنی پێچەوانەکانە یاخود یەکگرتنی دژبەرەکانە. بە پێی بۆچوونی هێراکلیتس، هەر ماددەیەکی دژبەر لە نێوخۆیدا پێچەوانەی خۆی لەخۆدەگرێت، بەشداری لە ئاڵوگۆڕ و جوڵەیەکی بازنەیی بەردەوامدا دەکات کە دواجار سەقامگیری گەردوون دەپارێزێت. ئەو پێیوابوو کە یەکێتی گەردوون بەهۆی کارلێکی جوڵەیی “داینەمیکی” هێزە دژبەیەکەکان بەردەوام دەبێت. هێراکلیتۆس نمونەی ژیان و مردن، خەوتن و بەئاگاهاتنەوە، تەمەنکردن، گەرمبوونەوە و ساردبوونەوەی بۆ وێناکردنی ئەم چەمکە خستەڕوو.
دوای هێراکلیتۆس، دوو هەزار ساڵی خایاند بۆ ئەوەی فەیلەسوفێکی دیکە گرنگی بنچینەیی جووڵەی دیالێکتیکی لە واقعدا “reality” بناسێنێت و لەوە زیاتر بڕوات کە تەنها وەک ئامرازێک بۆ مشتومڕکردن یان لۆژیک بەکاری بهێنێت.
دیالۆگەکانی ئەفڵاتون: میتۆد و شێوازی سۆکراتی
لە فەلسەفەی یۆنانی دێریندا، وەک شێوەیەک لە هۆکارهێنانەوە یان بەڵگەهێنانەوە لەسەر بنەمای دیالۆگی ئاڕگومێنتئامێز، بەشێوەیەکی باو لە دیالێکتیک تێدەگەشتن. هەرچەندە زینۆی ئێلیا “Zeno of Elea” و سۆفستاییەکان هەندێک شێوەی لێکدانەوە یان بەڵگەهێنانەوەی دیالێکتیکیان بەکارهێناوە، بەڵام بەزۆری مانا کلاسیکییەکەی “دیالێکتیک” لە دیالۆگە سۆکراتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەلایەن ئەفڵاتونەوە نووسراون.
دیالۆگە سۆکراتییەکان بەشداربوون لە پەرەپێدانی دیالێکتیک وەک میتۆد و ڕێگایەکی لێکۆڵینەوە کە بە دەوری پرسیارەکاندا یان پرسەکاندا دەخولێتەوە بۆ ئاشکراکردنی ماناکانی پشت چەمکەکان و دڵنیابوون لە ڕاستی ووتراوەکان. لە دیالۆگە سۆکراتییەکانی ئەفڵاتوندا، سۆکرات وەک پاڵەوانێک دەردەکەوێت، زۆرجار لەسەر چەمکە ئەخلاقییەکان تەحەدای زانینی ئەوانی تری دەکرد. بە بەکارهێنانی شێوە هەڵسوکەتێکی گاڵتەئامێز و بانگەشەکردنی هەبوونی زانیاری سنوردار، سۆکرات ناتەبایی و ناکۆکییە زهنییەکانی لە تێگەشتنی بەرامبەردا ئاشکرادەکرد. لە دیالۆگی یوتیفرۆدا “Euthyphro”، سۆکرات پرسیارێک لە یوتیفرۆ دەکات، داوای لێدەکات پێناسەی ئایینداری “تقوا، piety” بۆ بکات، لە وەڵامدا یوتیفرۆ بیرۆکەکە بە دڵخوازی و پەسەندی لەلایەن خوداکانەوە دەبەستێتەوە. پاشان سۆکرات وا لە یوتیفرۆ دەکات دانبەوەدابنێت کە خوداکان خۆیان ناکۆکییان هەیە، ئەمەش بە ئاماژەپێدان بەوەی کە هەندێک شت هەن لەلای هەندێک لە خوداکان پەسەندن و وویستیان لەسەر هەیە لە کاتێکدا هەندێک خودای تر هەمان ئەو شتانەیان لەلا ناپەسەند و نەخوازراوە. لە کۆتاییدا سۆکرات پشتبەست بە پێناسەکەی یوتیفرۆ دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە دەبێت شتانێک هەبن کە لە هەمان کاتدا ئایینخوازانە “تقی، pious” وە دژەئایینی “ملحد، impious” بن. یوتیفرۆ دەرک بە بێمانایی ئەم دەرەنجامە دەکات و داندەنێت بە ناتەواوی پێناسەکەیدا.
بە کارپێکردنی ئەم شێوازە، سۆکرات مەبەستییەتی تاکەکان بەرەو ڕێگای دانایی ڕاستەقینە ببات. گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە ئەم دیالۆگانە لەلاین ئەفڵاتون خوێندکارەکەی سۆکراتەوە نووسراونەتەوە و مشتومڕێکی بەردەوام هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەم دیالۆگانە بە ووردی نوێنەرایەتی بیری ڕاستەقینەی سۆکرات دەکەن.
بە ئیلهام وەرگرتن لەم شێوازە سۆکراتییە، ئەفڵاتون ڕۆڵیکی وورتری لە فەلسەفەدا بۆ دیالێکتیک دانا. لە کتێبی حەوتەمی کۆماردا “The Republic”، ووتی: “دیالێکتیک تەنها لەڕێی گوتاری ئەقڵانییەوە گەڕان و کنەوپشکنین دەکات، بەبێ بەکارهێنانی هەستکردن-دەرککردن بۆ جیاکردنەوەی سروشتی ڕاستەقینەی شتێک”. هەربۆیە، دەکرێت دیالێکتیکی ئەفڵاتون وەک ڕێگایەکی ئەقڵانی ببینرێت بۆ دۆزینەوەی چەمکە فەلسەفییەکانی وەک دادپەروەری، ڕاستی، جوانی و هتد. لە زاراوە ئەفڵاتونییەکاندا، وەک ڕێگایەک بۆ تێگەشتن لە ناوەرۆکی هەر شێوەیەک “فۆڕم، form”، وە وەک ئامڕازێک بۆ دەستگەشتن بە جیهانی ڕاستیی لە سەروو ڕواڵەتەکانەوە خزمەت دەکات.
دیالێکتیکی ئەرستۆ و کاریگەری لەسەر فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست
ئەرستۆی خوێندکاری ئەفڵاتون دوورتر هەنگاوینا و سەرەتاییترین کاری بە پێگەشتووانە ناسراوی لەسەر دیالێکتیک بەرهەم هێنا. لە پاژی بابەتەکاندا “Topics” کارێکە پێکهاتووە لە شەش کتێب لەسەر ژیربێژی ” منتق، Logic”، دیالێکتیکی وەک پرۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی ئەو گفتوگۆ بەڵگەدارانەی “arguments” کە پشت ئەستورن بە بیرۆکە باوە قەبوڵکراوەکان، پێشکەشکردووە. ئەو تەنانەت ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەوەی خۆی پشکنینی تێدا بکات، دیالێکتیک هێشتا ناسیستەماتیک و بنەڕەتی بوو.
ئەرستۆ جیاوازی لەنێوان دیالێکتیکی لێکۆڵینەوەیی و دیالێکتیکی ڕەوانبێژیدا کرد، ڕۆڵی دامەزراندنی بنەما سەرەتاییەکانی بۆ دیالێکتیک لە ڕێگای هاندانی لێکدانەوەیی هۆکاریی و بەڵگەهێنانەوەوە دیاریکرد. لە کاتێکدا لەلای ئەفڵاتون ڕوونکردنەوەی بیرۆکەکان وەک کۆتا ئامانجی دیالێکتیک دەبینرا، ئەرستۆ پرۆسەکەی خستە ناو بیردۆزەیەکی گشتگیرتر لە لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەقڵانی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو لێکدانەوەی هۆکاریی دیالێکتیکی لە پرۆسەی بەڵگەیی ژیربێژانە جیاکردەوە. لە پاژی بابەتەکاندا دەڵێت: ” ئەوە ڕەوتی داناییە دەرک بەوە بکەین تا چ ڕادەیەک دەتوانین بەشێوەیەکی ژیربێژانە چاوەڕوانی ڕاستی و دڵنیایی بکەین لە بوارە جیاوازەکانی بیرکردنەوەدا”.
ئەم جیاکارییە ئەوە دەردەخات کە دیالێکتیک زانینی نیشاندەری بەڵگەئامێزمان پێ نابەخشێت “apodeixis”. بەڵام گرنگە تێبینی ئەوە بکەن، ئەرستۆ بۆ خۆی دانبەوەدا دەنێت گوایە نیشاندەری بەڵگەئامێز تاکە ڕێگای زانین نییە “episteme”. لە ئەنجامدا، جیاکارییەکی ڕوون دروست دەکات لە نێوان نیشاندەری بەڵگەئامێزی زانستی، کە شوێن پرۆسەی بە بەڵگەوە گەشتنە ئەنجام دەکەوێت “syllogisms”، لەو بنەما لەخۆدابەڵگەدار و ئاشکرایانەی کە وەک ڕاستی بنچینەیی خزمەتدەکەن، هەروەها ئەو دەرەنجامە دیالێکتیکییە ئەزموونییانەی کە تەنها لە گریمانە قایلکەر و جێی باوەڕەکانەوە وەرگیراون. ئەم جیاکارییە سەرەتاییە لە پێشگریمانەکانیاندا خۆی دەبینێتەوە نەک لە پێکهاتە ژیربێژییەکانیاندا. نیشاندەرە بەڵگە ئامێزەکان “Demonstrations” پێویستیان بە پێشگریمانەی ڕاستەقینە و بنەڕەتی هەیە، لەکاتێکدا دەرەنجامە دیالێکتیکەکان پشت بە پێشگریمانە قەبوڵکراوەکان دەبەستن. ئەرستۆ ئەم جۆرە لە دیالێکتیکی سەرەتا-زانستییەی “proto-scientific” نەک هەر بە گونجاو بەڵکو بە جەوهەری و پێویستیش دەزانی.
لە کاتێکدا دیالێکتیکی ئەفڵاتون جیاکاریکردن و تیشکخستنەسەر جیاوازییەکان بە ئامانج دەگرێت، ئەرستۆ هەوڵیدا لەوە زیاتر بڕوات و بنەماکان “archai” لە ناو بوارێکی لێکۆڵینەوەی تایبەتدا دابمەزرێنێت. بە واتایەکی تر، لە کاتێکدا ئەفڵاتون بەدوای کۆتا ڕاستیدا دەگەڕا “بیرۆکە، idea”، دیالێکتیکی ئەرستۆ بنچینە یان بنەمای ڕاستی بە ئامانج گرتبوو. لە سەرەتادا، لە ژێر کاریگەری چەمکی دیالێکتیکی ستۆیکی “Stoic” وەک ژیربێژی ڕواڵەتی، تێگەشتنێکی تایبەت لە دیالێکتیک بۆ سەرەتای چاخی ناوەڕاست لە ڕێگای کارەکانی بۆیتیۆسەوە “Boethius – De Dialectica” گوازرایەوە. لە ئەنجامدا، دیالێکتیک لەلایەن بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە وەک زانستی لێکدانەوەی هۆکاریی وورد ناسێنرا.
بە زیندوکردنەوەی بۆچوونەکانی ئەرستۆ لە سەدەی دوانزەدا، دیالێکتیک پێگەی ڕێزلێنراویی خۆی زیاتر پتەوکرد. بۆ نمونە، فەیلەسوفێکی دیاری سەدەکانی ناەڕاست، تۆماس ئەکویناس “St. Thomas Aquinas” لە کارە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی پوختە خوداناسی “ملخص لاهوتی، Summa Theologica” چوارچێوەیەکی دیالێکتیکی بەکارهێنا. کۆمەڵێک پرسیاری فرەڕەهەندی خستەڕوو پاشان بە ووردی سود و زیانی وەڵامە جیاوازە جێ متمانەکانی تاقی دەکردەوە. ڕاهێنانی هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنی هەڵوێستەکان لە ڕێگای گەڕان بەدوای لایەنە باش و خراپەکانی نێوان دیدگا جیاوازەکان، هەتا سەردەمی ڕێنیسانس بوو بە ڕێبازێکی پێوانەیی و ستاندارد.
بەڵام زۆرێک لە بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕاست دیالێکتیکیان وەک ژیربێژی گشتگیر “logic” لێکدایەوە. لە ئەنجامدا، دیالێکتیک لە ناو دامەزراوەی سیستەمی پەروەردەیی سەدەکانی ناوەڕاستدا، شانبەشانی ڕەوانبێژی و ڕێزمان، بوو بە پێکهاتەیەکی وورد و پێویست بۆ لێکۆڵینەوە. بەهۆی ڕۆڵی دیار و بەرچاوییەوە لە گفتوگۆ و دیبەیتی ئەکادیمیدا، لە خوێندنی باڵای سەدەکانی ناوەڕاستدا، دیالێکتیک گرنگییەکی زۆری پێدرا.
لە سەدەی پانزەدا و بەهۆی سەرهەڵدانی بیری مرۆڤدۆستییەوە “humanism” تێڕوانینە دێرینەکان سەبارەت بە دیالێکتیک دووبارە بووژانەوە. تێزەکەی ڕۆدۆڵفەس ئەگریکۆلا “Rodolphus Agricola” بە ناوی داهێنانی دیالێکتیکی “De Inventione Dialectica” لە دووبارە بونیادنانەوەی بنەماکانی دیالێکتیک بە پشتبەستن بە تێزەکانی ئەرستۆ، ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا. ئەگریکۆلا جەختی لەوە کردووەتەوە؛ دیالێکتیک مامەڵە لەگەڵ بابەتە ئەگەرییەکان دەکات، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڕگومێنتە ناکۆکانەی بۆ پرسیارێکی مشتومڕئامێز و فرە ڕەهەند یان پشتیوانی یان دژایەتی وەڵامە جیاوازەکان دەکەن.
ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی: کانت و هێگڵ و دووبارە بونیادنانەوەی دیالێکتیک
“ڕەتکردنەوەی باوەڕپێکردنی سەرپێی” “Dismissal of mere Plausibility” و “گەڕان بەدوای دڵنیاییدا” “Pursuit of Certainty”ی ڕێنێ دیکارت “Rene Descartes” کە لەسەر بنەمای بۆچوونە زانراوەکان دامەزراوە، پێشتر و لە سەدەی هەژدەدا بناغەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانەی لەبۆ لێکدانەوەی دیالێکتیکی دانابوو. بەڵام ئەوە ئیمانوێل کانت “Immanuel Knat” بوو کە وانە فێرکارییەکانی نیشانەی باڵای سەرهەڵدانی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی بوو و پشکنینی هەمەلایەن و گشتگیری لەبۆ دیالێکتیک ئەنجامدا.
لەو کاتەدا دیالێکتیک وەک ئامڕازێکی بنەڕەتی بوو بۆ بەڕێوەبردنی ڕاستییەکی سەرمەدی کە لەسەر بنەماکانی لۆجیک لەبەرچاو دەگیرا. لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا، وەحی “سروش” وەک خاڵێکی گەڕانەوەی بەبێ چەندوچوونی زیادە ناسێنرا. بەڵام بەلای کانتەوە، گەشتن و بەدەستهێنانی هیچ جۆرە زانیارییەکی بیردۆزەیی دیاریکراو سەبارەت بە سروشتی بوونی شتەکان، لە توانای مرۆڤدا نییە. ئەمە بەتایبەت پەیوەندی بەو چەمک و بابەتانەوە هەیە کە لەسەروو تێگەشتنی هەستەکی مرۆڤەوەن وەک ئازادی، دادپەروەردی، خودا، کە زۆرجار لەڕێگای لێکدانەوەی دیالێکتیکییەوە بە ووردی لێکدانەوەیان بۆ دەکرا.
لە “ڕەخنە لە ئەقڵی بێخەوش-” “Critique Of Pure Reason”دا کانت هەوڵیداوە سنور و ڕێژە و ڕادەی میتافیزیک “Metaphysics” دیاری بکات. تێمای سەرەکی لە کارەکەی کانتدا ئەوەیە کە ئێمە ناتوانێت دەرک بە سروشتی ڕاستەقینەی تەنەکان (شت/تەن لە خودی خۆیدا) بکەین کە بەشێکی دابڕاوی ووردبوونەوە و چاودێریکردنن، بەڵکو تەنها لە ڕواڵەت و دەرکەوتنیان تێدەگەین. ئەمەش بەهۆی سنورداری توانا سروشتییەکانمانەوەیە، چونکە ئێمە لە چەمکەکانی وەک کات، شوێن- دا قەتیس بووین، تەنها لە ڕێگای پۆلێنکردنەکانەوە “Categories” هەست بە شتەکان دەکەین.
بەلای کانتەوە ئەقڵ لە پرۆسەیەکی دیالێکتیکیدا تێکەڵ بووە و هەر پرسیارێک پرسیارێکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، چونکە هەر پرسیارێک پرسوجۆ و گەڕانێکی نوێ سەرپێ دەخات. لە پاشی “دیالێکتیکی زاڵ/بان/سەروو” “Transcendental Dialectics”دا، کانت ئامانجی ڕوونکردنەوەی ئەو دژایەتییە ناوەکییە سروشتییانەیە کە لەناو ئەقڵی بێسنوردا دەبینرێن. ئەو سود لەوە وەردەگرێت کە ناوی لێ دەنێت “دژایەتییەکان” “Antinomies”؛ چوار جووت پێشنیاری گەڵاڵەکراوی دژبەیەکن یاخود ناکۆک بەیەکن سەبارەت بە بابەتەکان، بۆ نمونە وەک بوونی خودا. ئەو بەم کارەی ئامانجیەتی ئەوە بسەلمێنێت؛ هەردوو پێشنیارە گەڵاڵەکراوە دژبەیەکەکە دەکرێت لۆجیکیانە پشتیوانیان لێ بکرێت، هەرچەندەش جیاواز و دوورەدەستی یەکتربن. بە بۆچوونی کانت ئەمە بێهودەیی بەشداریکردنە لە لێکدانەوەی دیالێکتیکی ئەقڵانیدا، ئەوەی کە پەیوەندی بەو پێشنیارە گەڵاڵەکراوانەوە هەیە کە لەسەروو ژیری یاخود ئەقڵی مرۆڤەوەن، هەربۆیە دیالێکتیکی بە خەیاڵێکی زاڵی ترانسێندێنتاڵیی یاخود بە وەهمێکی سەروو تێگەشتن دەزانی.
لە ڕێی کارەکانی جۆرج ویلهێلم فرێدریک هێگڵەوە “Georg Wilhelm Friedrich Hegel” یەکێکیتر لە فەیلەسوفە دیارەکانی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، دیالێکتیک بەتەواوی تێگەشتنێکی نوێی بەدەست هێنا. وەک بیردۆزەیەک کە گۆڕانکاری لە ڕێگای دژایەتییە نێوخۆییەکانەوە ڕووندەکاتەوە، دیالێکتیکی پرۆسەی سروشتی ئێستا جێگای دیالێکتیکی گووتاری گرتووەتەوە، چونکە بزاوت و جوڵانەوەکە دەبێتە پێشکەوتن و گەشەسەندێکی پێویست. بەدەر لە سەرهەڵدان بەهۆی ململانێی نێوان دوو قەوارەی سەربەخۆوە، بزاوت یاخود جوڵانەوەی دیالێکتیکی لە فەلسەفەی هێگڵدا کارامەییەکی نێوخۆییە کە بەهۆی ئەو ململانێ و ناکۆکییانەی لە هەموو تەن و قەوارەکاندا هەیە جا چ دەروونی بن یاخود ماددی پاڵنراوە.
هێگڵ دوو تەرزی دیالێکتیکی گەشەپێدا. تەرزە باریکەڕێ و تەسکەکەیان بە دیالێکتیکی زۆر فەرمی ناسراوە و لە زانستی لۆجیکدا “Science of Logic” پێشکەشی کردووە، هەوڵێداوە پاساوێکی بیردۆزەیی بۆ پۆلێنکردنەکانی کانت “Kant’s Categories” بخاتەڕوو. ئەمەشی لە ڕێی نمونەکەی دیالێکتیکی بوونەوە “Dialectic of Existence” لە زانستی لۆجیکدا کێشاوە. سەرەتا، بوون وەک بوونی پەتی “Pure Being” جێگیرکرد؛ هەرچەندە بوونی پەتی ناوەڕۆکی نییە، یان دەکرێت بڵێن بوونی پەتی کەموکورتی لە ناوەڕۆکدا هەیە، وای لێدەکات لە هیچ “nothing” جیانەکراوەبێت. پاشان، بوون و هیچ لە پرۆسەی دەبێت “becoming”دا یەکدەگرن. لێرەدا، ئەوە ناسێنراوە یاخود نیشاندراوە کە هەرچی لە بووندا دەردەکەوێت خۆبوخۆ لەناو هیچدا دەتوێتەوە. ئەمەش دەکرێت لە ژیان خۆیدا تێبینی بکرێت کاتێک دروستکراوە کۆنەکان لەناودەچن دروستکراوی نوێ لەدایکدەبن. گرێوکۆتی سەرەکی و گرنگ لە پرۆسە دیالێکتیکییە سێلایەنییەکەی هێگڵدا ئەوەیە کە لە کۆتا قۆناغدا دژەکان بە کۆبوونەوە و پێکەوە بەستران لەگەڵ لایەنە ئەرێنییەکان کە لە هەردوولادا هەیە قایلدەبن.
هێگڵ بەهەمان شێوە دیالێکتیکی زانستی هەبوون یاخود هەبوونناسی “Ontological Dialectic” گەشەپێدا کە بە گەشەسەندنی مێژووییەوە پەیوەست و پەیوەندیدارە. ئەو لە زۆر شێواز و بواری جیاوازدا ئەم پێکهاتە دیالێکتیکییەی کارپێکرد، وەک لە گەڕانیدا بە دوای گەشەسەندنی هۆشیاری مرۆڤ لە فەلسەفەی ڕۆحدا “Philosophy of Spirit” و تاقیکردنەوەکانی لەسەر دەرککردن و بەدەستهێنانی ئازادی مرۆڤ لە خەسڵەتەکانی فەلسەفەی مافدا “Elements of the Philosophy of Right”. بۆ هێگڵ، پێشکەوتنی دیالێکتیکی تەنها ئامڕازێک نییە بۆ تێگەشتن لە واقع، بەڵکو لایەنێکی ناوەکییە بۆ بوونی واقعی فەهمکراو، یاخود لایەنێکی سەرەکییە لە واقعی تێگەشتن لە بوون. لەدوای هێراکلیتۆسەوە، بۆ یەکەمجار دیالێکتیک لە ڕێگای هێگڵەوە بوو بە بەشێکی بنچینەیی و دانەبڕاو لە واقع “Reality”.
ماددەگەرایی مێژوویی “Historical Materialism” مارکس: دیالێکتیکی مێژوو
کارڵ مارکس، خوێندکارەکەی هێگڵ، لە مانا و مەغزایەکی ماددەگەراییدا سودی لە دیالێکتیک بینی. لەگەڵ ئەوەی تێگەشتن و دنیابینی هێگڵی دەربارەی دیالێکتیک بە تەواوی ڕەتنەکردەوە، بەڵام مارکس باوەڕی وابوو میتۆد و ڕێگای دیالێکتیکی دەبێت لە جیهانی ماددیدا جێبەجێ بکرێت. هەربۆیە ئەو ئاماژەی بەوەدا کە دیالێکتیکی هێگڵ سەر بەرەوخوار وەستاوە و دەبێت دووبارە لەلای ڕاستییەوە بیچەرخێنین و سەربەرەوژووری بکەینەوە.
بە گرنگیدانی بە گۆڕانکارییە ماددییەکان، مارکس هەوڵیدا دیالێکتیک لە شیکاری مێژوویدا کارپێبکات، چونکە باوەڕی وابوو مەرج و بارودۆخە ماددیەکان ڕۆڵێکی گرنگ و بنچینەییان لە شێوەدان و گەشەپێدانی بیرۆکە و هۆشیاری مرۆڤ بینیوە.
دیالێکتیکی مارکس لە چەمکی ماددەگەرای مێژووییدا بەدیاردەکەوێت، کە لە پێشەکی “بەشدارییەک لە ڕەخنەی ئابووری سیاسی” “A Contribution to the Critique of Political Economy”دا بە سادەیی پێشکەشی کردووە. ئەو ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کە چۆن تاکەکان لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی تایبەتدا شوێنیان گرتووە، ئەمەش بە دیارکردنیان لە کۆمەڵگاکەیاندا بەهۆی پێکهاتە و چوارچێوە ئابوورییەکەیانەوە. لە ئەنجامدا، هۆشیاری دەستەجەمعی یاخود هۆشیاری گشتی کۆمەڵایەتی بە شێواز و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە لەو چاورچێوەیەدا لە قاڵب دەدرێت. بە پێی پێشکەوتنی کات، ئەم پێکهاتە ئابوورییە لە ڕێی پرۆسەی شۆڕشەێکەوە، کە بەهۆی ناکۆکی و دژیەکیەکانی نێوان چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە هەڵدەگیرسێت، ئەزموونی گۆڕانکاری دەکات:
“مێژووی هەموو کۆمەڵگایەک کە تا ئێستا هەیە، مێژووی خەباتی چینایەتییە” مارکس و ئینگلێس ١٨٤٨.
ئەم ووتەیە، بەکورتی ماددەگەرایی دیالێکتیکی مارکس دەگرێتەوە و لە خۆیدا کورتی دەکاتەوە. هێزی بزوێنەری مێژوو لە دیالێکتیکی مارکسیدا چینە دژبەرەکانن. ئەو دەڵێت؛ بەدرێژایی سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان، هەمیشە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە ململانێ و ناکۆکیدابوون، چینێک وەک ستەمکار و چینێکی تر وەک ستەملێکراو مامەڵەی کردووە. ئەم پەیوەندییە بەپێی سەردەمە جیاوازەکان شێوەی جیاواز و جۆراوجۆر وەردەگرێت، چونکە هەر شێوازێک لە بەرهەمهێنان جوڵەیەکی ناوازەی لە خۆگرتووی هەیە: کۆیلەکان و ئازادەکان، مرۆڤە سادە و کۆمەڵایەتییەکان و خانەدانەکان، خزمەتکار یان جوتیارەکان و ئاغاکان، پڕۆلیتاریا و بۆرژوازی. لەگەڵ پەرەسەندنی شێوازی بەرهەمهێنان لەناو کۆمەڵگایەکدا، جۆرێک لە دژایەتی و ناکۆکی نوێ دێتەپێش کە دواجار دەبێتە هۆی گۆڕان بۆ پێکهاتەیەکی ئابووری پێشکەوتووتر.
بەم شێوەیە مارکس پرۆسەی گەشەسەندنی کۆمەڵگا سەرەتاییەکانی بۆ قۆناغی کۆیلە، پاشان کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی، دواجار گواستنەوەی بۆ دەوڵەتی سەرمایەداری ڕوونکردوەتەوە. لە کاتێکدا میتۆدی دیالێکتیکی مارکس ووردترین و سەرنجڕاکێشترین ڕێگایە بەڵام زۆرترین ڕەخنەی لێگیراوە، چونکە لەسەر جیهانی مۆدێرن بەگشتی زۆرترین کاریگەری جێهێشتووە.