ئۆلیڤه‌ر ڕوا
وەرگێڕانی: د.عادل باخەوان
ڕای گشتی ئه‌ورووپی به میتۆدێکی بەسەرچووی سی ساڵ، له‌مه‌و پێشه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌کانی دونیای عه‌ره‌بیدا ده‌کات، میتۆدێک که ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی پێ خوێنراوه‌ته‌وه. ئه‌م میتۆده ده‌یه‌وێت بزووتنه‌وه ئیسلامیسته‌کان، برایانی موسوڵمان و هاوشێوه لۆکاڵیه‌کانیان، وه‌ک سه‌رکرده‌ی شۆڕشه‌کان بناسێنێت. ئیسلامیسته‌کان وه‌ک ماکینه‌ی شۆڕشه‌کان بخاته سه‌ر شانۆ و پێمانبڵێت ئه‌وان لێرەن بۆ ئه‌وه‌ی کۆنتڕۆڵی ده‌سته‌ڵات بکه‌ن. به‌ڵام؛ ئاماده‌نەبوونی ئیسلامیسته‌کان یا‌خود ده‌رنه‌که‌وتنیان وه‌ک سه‌رکرده‌ی شۆڕشه‌کان له یه‌ککاتدا بۆچوونه بەسەرچووە ئه‌وروپیه‌کان توشی شۆک و گومان ده‌کات، به‌ڕاده‌یه‌ک له‌خۆیان ده‌پرسن: باشه ئیسلامیسته‌کان له کوێن؟
ئێمه گه‌ر له نزیکه‌وه له‌م بزووتنه‌وه‌یه ڕابمێنین، ده‌بینین که ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئه‌م شۆڕشانه ئه‌نجامده‌دات نه‌وه‌یه‌کی “پۆست ئیسلامیسته”. بزووتنه‌وه گه‌وره‌کانی ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ لای ئه‌م نه‌وه نوێیه بووه به مێژووی کۆن، وه‌ک ڕابوردووی باوباپیرانیان، نه‌ک خۆیان، ته‌ماشای ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خی ئه‌م نه‌وه نوێیه پۆست ئیسلامیسته نییه، ئایدۆلۆژیایه. درووشمه‌کانیان له‌سه‌ر بنه‌مای پراگماتیسم بیناکراوه و تایبەتمەندییەکی کۆنکرێتیان هه‌یه (بۆ ده‌ره‌وه، بارکه‌ن و بڕۆن). ئه‌و ئیسلامه‌ی که جه‌زائیریه‌کانی کۆتایی هه‌شتاکان ده‌یانخسته سه‌ر شانۆ، چیدی که‌ره‌سته‌ی ململانێی ئه‌م نه‌وه نوێیه نییه. ئه‌وه‌ی لاوانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه داوای ده‌که‌ن کۆتایی “دیکاتۆریه‌ت” و جێگرتنه‌وه‌یه‌تی به “دیموکراسی”.
بێگومان ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه که خۆپیشانده‌ره‌کان نه‌وه‌یه‌کی نوێی عه‌لمانین، نه‌خێر، به‌ڵکو واتای ئه‌وه‌یه که ئه‌وان چیدی نایانه‌وێت ئیسلام وه‌ک ئایدۆلۆژیایه‌کی سیاسی و بیناکه‌ری ده‌وڵه‌تێکی ئاینی ته‌ماشابکه‌ن: ئه‌وان له‌نێو ڕووبه‌رێکی سیاسی سکۆلاردان و جێگایه‌ک بۆ ئه‌و جۆره له ئادیۆلۆژیا نه‌ماوه‌ته‌وه، نه ئایدۆلۆژیای ئیسلامیست، نه ئایدۆلۆژیاکانی دیکه. ئه‌مه قۆناغی پۆست ئایدۆلۆژیایه. وه‌ک ده‌بینین خۆپیشانده‌ره‌کان ئاڵای وڵاته‌کانیان به‌رزده‌که‌نه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ناسیۆنالیزم پاڵنه‌ری جوڵانه‌وه‌کانیانبێت. واته ئه‌مانه ناسیۆنالیستی بێ ناسیۆنالیزمن.
له‌مه‌ش زیاتر نەگونجاندنی خۆپیشانده‌رانه له‌سه‌ر کۆنه تیۆرییه‌کی پیلان که له مێژووی سه‌ده‌ی بیسته‌می دونیای عه‌ره‌بیدا هەردەم ئاماده‌بووه. گوتاری تاوانبارکردنی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل (یا‌خود فه‌ره‌نسا له تونس که تا دوا هه‌ناسه به‌رگری له بن عه‌لی کرد) نه‌ک هه‌ر ئاماده‌نییه، به‌ڵکو که‌س ئه‌م لایه‌نانه به هاندانیان، به گێره شێوێنی، به پیلانکار تاوانبارناکات. ته‌نانه‌ت چه‌مکی پان-عه‌ره‌بیزمیش، چ وه‌ک درووشم و چ وه‌ک پراکتیكی شۆڕشگێڕه‌کان ئاوابوه و نابینرێت. چاولێکه‌ری میسریه‌کان و یه‌مه‌نیه‌کان له تونسیه‌کان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نامانباته‌وه سه‌ر هه‌سته‌کانی پان-عه‌ره‌بیزم.
ڕه‌هه‌ندێکی گرنگی شووناسی ئه‌م نه‌وه‌یه بریتیه له: تاکگەرای. توێژینه‌وه سۆسیۆلۆژییه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که ئه‌م نه‌وه‌یه، زیاد له نه‌وه‌کانی دیکه په‌روه‌رده‌کراوه، له نێو چوارچێوه‌ی خێزانه لێکترازاوه‌کاندا گه‌وره بووه، نه‌وه‌ی ئه‌و خانه‌وادانه‌ن که که‌مترین مناڵ ده‌که‌ن، له‌هه‌مانکاتدا نه‌وه‌ی زه‌مه‌نی بێکارین، ڕێز له بڕوانامه‌کانیان ناگیرێت و له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی دانیانپیادانانرێت.
ئه‌وه‌ی ئه‌م نه‌وه‌یه له نه‌وه‌کانی دیکه جیاده‌کاته‌وه ده‌ستگه‌یشتنه به سه‌رچاوه‌کانی زانیاری و که‌ره‌سته‌کانی په‌یوه‌ندی مۆدێرن، که ڕێگای پێده‌ده‌ن، له‌سه‌ر ئاستی “تاک” و بەبێ هاوکاری حیزبه سیاسیه‌کان (که له زۆربه‌ی هه‌لومه‌رجه‌کاندا قه‌ده‌غه‌ن) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تاکه‌کانی دیکه‌ی دونیای ده‌ره‌وه‌دا درووستبکات.
لاوان ده‌زانن که ڕژێمه ئیسلامیسته‌کان خۆیان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر دیکاتۆریه‌ت: ئه‌وان نه ده‌یانەوێت مۆدێلی ئێرانی دووباره‌بکه‌نه‌وه نه مۆدێلی سعوودی. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی که له میسردا خۆپیشاندان ده‌کات؛ هه‌مان ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه که له ئێران‌دا دژی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دێته سه‌ر شەقامەکان ( له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێکی پڕوپاگه‌نده، ڕژێمه‌که‌ی ئه‌حه‌مه‌دی نه‌ژاد واده‌رده‌خات که پشتیوانی له خۆپیشانده‌رانی میسری دژ به موباره‌کده‌کات، به‌ڵام؛ له ڕاستیدا ته‌نیا ده‌یه‌وێت حسابی خۆی له‌گه‌ڵ موباره‌کدا یه‌کلاییبکاته‌وه و هیچ په‌یوه‌ندی به ئازادی و خۆپیشانده‌رانه‌وه نییه). ڕاسته خۆپیشانده‌ره‌کان ڕه‌نگه ئیمانداربن، به‌ڵام؛ ئیمان و داواکاریه سیاسیه‌کان له‌یه‌کتری جیاده‌که‌نه‌وه: به‌م واتایە بزووتنه‌وه‌که سکۆلاره، چونکه ئایین و سیاسه‌ت له‌یه‌کتری جیاده‌کاته‌وه و پراکتیکه ئایینیه‌کان ماڵیکراون و تاکێنراون (دابه‌زیون بۆ سه‌ر ئاستی تاک ).
ئه‌و درووشمانه‌ی که جه‌ماوه‌ر دێننه سه‌ر شەقامەکان بریتینین له: “قورئان ده‌ستورمانه” یان “ئیسلام چاره‌سه‌ر” به‌ڵکو بریتین له: “که‌رامه‌ت” و “ڕێز”ی مرۆڤ. ئه‌م درووشمانه له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه بۆ یه‌که‌م جار جه‌زائیریه‌کان دایانهێنا. ئه‌و به‌هایانه‌ی که خۆپیشانده‌ره‌کان خۆیانی تیاداده‌بیننه‌وه هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی “جیهانی/یونیڤێسرسال”ن. هه‌روه‌ها ئه‌و دیموکراسیه‌ی داواده‌کرێت، چیدی له‌سه‌ر پشتی ده‌بابه ناگاته پایته‌خته‌کان، وه‌ک له 2003 دا ئیداره‌که‌ی جۆرج بۆش خه‌یاڵیده‌کرد. ئه‌م جۆره له دیموکراسی پەسەندناکرێت، چونکه به شه‌ق ده‌سه‌پێنرێت و شه‌رعیه‌تی سیاسی نییه. به پێچه‌وانه‌وه، کاڵبونه‌وه‌ی ڕۆڵی وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و پراگماتیسمی ئیداره‌ی باراک ئۆباما، هۆکارێکی سه‌ره‌کی ڕژانه سه‌ر شەقامەکان و داواکردنی دیموکراسی ڕاسته‌قینه‌یه.
به‌ڵام؛ بێگومان یاخیبونێک به‌ته‌نیا شۆڕش درووستناکات. گرفتی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌وه‌دایه که ڕابه‌ری نییه، حیزبی سیاسی و چوارچێوه داڕێژه‌ری نییه، ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌گه‌ڵ سرووشتی یاخیبونه‌که‌دا ده‌گونجێت، به‌ڵام؛ له‌هه‌مانکاتدا گرفتی به‌ده‌زگایکردنی دیموکراسی چاره‌سه‌ر ناکات. زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌توانین ئومێدی ئه‌وه بکه‌ین له کۆتایی دیکاتۆریه‌تێک ڕاسته‌وخۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌ره‌و دیموکراسی لیبڕاڵ به‌رێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی که واشنتۆن خه‌ونی پێوه ده‌بینی بۆ عێراقی پۆست سه‌دام حوسه‌ین. له‌هه‌ر وڵاتێکی عه‌ره‌بیدا، وه‌ک ده‌ره‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بیش، که دیکاتۆرێک له سه‌ر کورسی فه‌رمانڕه‌وایی بوبێت، ڕوبه‌رێکی سیاسی ئاڵۆز دوای خۆی به‌جێده‌هێڵێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه که واده‌کات پاش دیکاتۆره‌کانی دونیای عه‌ره‌ب جگه له ئیسلامیسته‌کان و چه‌ند سه‌ندیکایه‌ک شتێکی وا نه‌مێنێته‌وه.
له وه‌ڵامی پرسیاری: ئه‌ی ئیسلامیه‌کان له‌کوێن؟ ئێمه ده‌ڵێین ئه‌وان کۆتای‌یان پێنه‌هاتوه، به‌ڵام؛ گۆڕانکاری مه‌زنیان به‌سه‌ردا هاتووه.
له فیکری ئێمه‌دا ئیسلامیست ئه‌و ئه‌کته‌ره‌یه که پێیوایه: ئیسلام ئایدۆلۆژیایه‌کی سیاسیه و ده‌توانێت چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه بکات. له‌م پێناسه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین هه‌ره ڕادیکاڵه‌کان ده‌مێکه ماڵئاواییان کردووه، شانۆکه‌یان به‌جێهێشتووه و تێکه‌ڵ به جیهادی جیهانی بوون. له ئێستادا ئه‌وان له بیابانه‌کانی مه‌غریبی عه‌ره‌بی، له پاکستان، یا‌خود له په‌راوێزه‌کانی له‌نده‌ن و پاریسن و له‌ده‌ره‌وه‌ی بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری کارده‌که‌ن. جیهادی جیهانی سه‌د له سه‌د بێ په‌یوه‌ندیه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ململانێ نیشتمانیه‌کاندا. ڕاسته که ئه‌لقاعیده، له گوتاره‌کانیدا ده‌یه‌وێت خۆی وه‌ک پێشڕه‌وی ململانێ دژ بە ڕۆژئاوا بناسێنت و به موسوڵمانان بڵێت که به‌ته‌نیا ئه‌و به‌رگریان لێده‌کات، به‌ڵام؛ که‌س ئه‌م ئه‌رگیومێنته ناکڕێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که ئه‌لقاعیده سه‌رگه‌رمی وه‌رگرتنی ئه‌و که‌سانه‌یه که هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیان نییه و له دونیا دابڕوان. ئه‌لقاعیده له نێو لۆژیکی پروپاگه‌نده‌دا خۆی داخستوه و هه‌رگیز نه‌یویستوه بونیه‌یه‌کی سیاسی بۆ کۆمه‌ڵگه موسوڵمانه‌کان بینابکات. له سێبه‌ری ئه‌م میتۆده‌دا، ئێستا له هه‌ر کاتێک زیاتر چالاکیه‌کانی ئه‌لقاعیده، بێ کاراییان و نابن به ماکینه‌ی تاودانی جه‌ماوه‌ر و گۆڕانکاریه مه‌زنه‌کان.
وه‌همێکی دیکه‌ی ڕای گشتی ئه‌وه‌یه که پڕۆسێسی “به‌ئیسلامیکردنه‌وه”ی کۆمه‌ڵگه‌کانی سی ساڵی ڕابوردوو بلکێنین به پڕۆسێسی “ڕادیکاڵیزه‌کردنی” سیاسی. پارادۆکسه‌که به‌م شێوه‌یه‌یه: گه‌ر بڕیاربێت کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیه‌کانی ئه‌مڕۆ، زیاتر له سی ساڵ له‌مه‌وپێش ئیسلامی بن، که‌واته چۆن تێبگه‌ین له‌وه‌ی که خۆپیشاندانه‌کانی ٢٠١١ی هه‌مان دونیای خاڵین له درووشمی ئیسلامی ؟
من به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامده‌ده‌مه‌وه. پڕۆسێسی به ئیسلامیکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کان، له‌هه‌مانکاتدا پڕۆسێسی ڕوونترکردنه‌وه‌ی ئیسلام له سیاسه‌ته. به ئیسلامیکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری (سه‌رپۆشکردن، زیادکردنی ژماره‌ی مزگه‌وته‌کان، زیادکردنی ژماره‌ی داعیه‌کان، به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ته‌له‌فزیۆنه ئایینیه‌کان) له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزبه ئیسلامیسته‌کان خۆی به‌دیده‌هێنێت و ده‌رگای له‌سه‌ر “بازاڕێکی ئایینی”کردوه‌ته‌وه، که که‌س مۆنۆپۆلی سه‌د له سه‌دی تیادا نییه. ئه‌م پڕۆسێسه له‌هه‌مانکاتدا وه‌ڵامی پرسیاره ڕۆحیه بیناکراوه تاکیەکانی نه‌وه‌ی نوێ ده‌داته‌وه، واته داده‌به‌زێت بۆسه‌ر ئاستی تاکگه‌راییان. به‌کورتی له قۆناغی هه‌نوکه‌ییدا ئیسلامیسته‌کان مۆنۆپۆلی گوتاری ئایینیان له‌ده‌ستداوه و چیتر، وه‌ک ساڵانی هه‌شتاکان، به‌ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی خودا له‌پانتاییه گشتیه‌کاندا ناکه‌ن.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه خودی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کان به‌شداری زیندوویانکردوه له به‌دیهێنانی پڕۆسێسی به ئیسلامیکردنه‌وه‌دا، که ته‌واو له‌گه‌ڵ ئامانجه‌کانی ئه‌واندا ده‌گونجێت. گه‌ر ئه‌م پڕۆسێسه بریتیبێت له: گه‌ڕانه‌وه بۆ ئاینێکی بێ سیاسه‌ت (سه‌رپۆش، به‌ها، پراکتیکی درووشمه‌کان…تاد)، وه‌ک ئه‌وه‌ی که سه‌له‌فیسته‌کان بانگه‌شه‌ی بۆده‌که‌ن، هیچ به‌ربه‌ستێک نییه که ده‌وڵه‌ت پشتیوانی لێنه‌کات. گرنگی سه‌له‌فیسم بۆ ده‌وڵه‌ته‌کان له‌وه‌دایه که کلیک له‌سه‌ر تاکه‌کان ده‌کات نه‌ک بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کان و ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تدایه. لێره‌وه پڕۆسێسی به ئیسلامیکردنه‌وه، که بڕیاره ئایین له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێز بکاته‌وه، له‌ڕێگای خۆئاساییکردنه‌وه‌وه، ده‌بێت به سه‌ره‌تای کاڵکردنه‌وه‌ی مۆرکی ئایینی له نێو خودی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌دا: کاتێک هه‌موو شتێک ئایینیه، ئیدی هیچ به ئایینی نامێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی که له ڕۆژئاوادا وه‌ک شه‌پۆلی به‌ئیسلامیکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کان ده‌بینرا، له‌ڕاستیدا هیچ نییه، جگه له پڕۆسێسی به بازاڕیکردنی ئیسلام نه‌بێت: سه‌نده‌ویچی ئیسلامی، مۆده‌ی ئیسلامی، تاد. له‌بیرمانده‌چێت که هه‌موو ئه‌مانه له‌ژێر کارایی مۆدێرنیتێدا خۆیان بیناده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی له چوارچێوه تاکییەکاندا. تاک به‌ده‌ستی خۆی ئیمانی خۆی بیناده‌کات، به‌دوای ئه‌و داعیه‌دا ده‌گه‌ڕێت که باس له به‌دیهێنانی خود ده‌کات (عه‌مر خالیدی میسری) و چیدی به‌دوای یوتۆپیای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناکه‌وێت. ئه‌وه‌ی بۆ سه‌له‌فیسته‌کان گرنگه به‌رگیرکردنه له به‌ها ئاینیه‌کان، نه‌ک پڕۆگرامی سیاسی: بێهوده‌نیه که به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت نابینین، که ئه‌وان به‌شداری ڕێپێوانه‌کان بکه‌ن. زۆر که‌منین ئه‌و ژنانه‌ی که به نیقابه‌وه له‌نێو خۆپیشانده‌راندا ده‌بینران، له کاتێکدا هه‌زاران ژن به‌شداری هه‌مان ئه‌و خۆپیشاندانانه ده‌که‌ن. ئه‌مه له کاتێکدایه که به‌شێک له‌و ته‌وژمه ئاینیانه‌ی که پێمانوابوو پاشه‌کشه‌یان کردووه، له ئێستادا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه (بۆ نموونه سۆفیه‌کان). ئه‌م دیارده‌ی “فره‌بوونه” له‌ڕێگای په‌ڕینه‌وه‌ی چه‌ندین هه‌زار موسوڵمان به‌ره‌و مه‌سیحیه‌ته‌وه (جه‌زائیر و ئێران) چوارچێوه‌کانی ئیسلام تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌بێت به پلوریالیزمی ئاینی.
هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه ئه‌وه‌یه که پێمانوابێت دیکاتۆره‌کانی دونیای عه‌ره‌بی، گه‌ره‌نتی جێبه‌جێکردن و فراوانکردنی ڕوبه‌ره‌کانی سێکیولاریزم دژ به توندڕه‌ویی ئایین. ڕژێمه سوڵته‌ویه‌کان نه‌ك هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌کانین سێکیولاریزه نه‌کردوه (ته‌نها تونس نه‌بێت)، به‌ڵکو ئه‌کته‌ری یه‌که‌می پڕۆسێسی به ئیسلامیکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر مۆدێلێکی فەندامێنتالیست بوون، چونکه ئه‌م مۆدێله به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ستکاری ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌وه ناکات، به پێچه‌وانه‌وه ته‌مه‌نی درێژتر ده‌کاته‌وه. له وڵاته عه‌ره‌بیه‌کاندا زاناکان و ده‌زگا ئاینیه فه‌رمیه‌کان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌سته‌مۆکراون و له کۆنسرێڤاتیزمێکی داخراودا کورتکراونه‌ته‌وه. ئه‌و زانایانه‌ی که ئه‌زهه‌ر پێیانده‌گه‌یه‌نێت، هیچ مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداری درووستناکه‌ن و به‌جۆرێک له جۆره‌کان له “په‌راوێزدان” و هیچ پرۆژه‌یه‌کیان بۆ نه‌وه‌ی نوێ نییە، که ده‌یه‌وێت به مۆدێلی تازه‌وه ئیمانه‌کانی ئه‌زموونبکات. هه‌ر ئه‌مه‌شه واده‌کات که کۆنسێرڤاتۆره‌کان ئه‌کته‌ری کارای بزووتنه‌وه ناڕه‌زاییه‌کانی دونیای عه‌ره‌بی نه‌بن.
بزووتنه‌وه ئیسلامیسته‌کانیش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پڕۆسێسه‌ی گه‌شه‌کردنه‌دا نین، به‌تایبه‌تی برایانی موسوڵمان و هاوشێوه‌کانیان. به‌ڵێ، برایان گۆڕانکاری گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هاتووه. ناوه‌ندی یه‌که‌می گۆڕانکاری بریتیه له: ئه‌زموونی شکست، شکستی ئیسلامی سیاسی له چرکه‌ی ده‌سته‌ڵاتدا (کۆماری ئیسلامی ئێران) و له چرکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن دا (داپڵۆسینه و قه‌ڵاچۆکردنه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانیان). نه‌وه‌ی نوێ و ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی کۆنیش (ڕاشید غه‌نوشی) وانه‌ی گرنگیان له‌م ئه‌زموونه وه‌رگرتووه. ئه‌وان تێگەیشتن له‌وه‌ی که وه‌رگرتنی ده‌سته‌ڵات پاش شۆڕش فڕێیان ده‌داته به‌رده‌م دوو بژارده: “جه‌نگی ناوخۆ” یان “دیکاتۆریه‌ت”. بێگومان ئیسلامیسته‌کان هیچ یه‌کێک له‌م دوو بژارده‌یه‌یان پێ باش نییه، و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که خۆیان له هێزه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی دیکه نزیکده‌که‌نه‌وه. ئیسلامیه‌کان، که باش کۆمه‌ڵگه‌کانی خۆیان ده‌ناسن تێگه‌یشتوون له‌وه‌ی که ئیتر سه‌رده‌می ئایدیۆلۆژیا نه‌ماوه و کاتی ئه‌وه‌هاتووه که له ئاستی دیکه و به‌شێوه‌ی دیکه بیربکه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها وانه‌یان له ئه‌زموونی تورکی وه‌رگرتووه : ئه‌ردۆگان توانی له‌یه‌ککاتدا دیموکراسی، بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان، گه‌شه‌کردنی ئابووری، سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانی و سه‌وزبوونه‌وه‌ی به‌هاکان به‌یه‌کەوه گرێبدات.
گۆڕانی ڕادیکاڵی برایانی موسوڵمان دوو ئاڕاسته‌ی هه‌یه، ئاڕاسته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاڕاسته‌یه‌کی ئابووری. له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی، بوون به بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆنسێرڤاتۆر. له‌سه‌ر ئاستی ئابووریش، بوون به بزووتنه‌وه‌یه‌کی لیبڕاڵ. له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا، ئیسلامیسته‌کان به‌گشتی باسیان له چه‌وساوه‌کان، دوورخراوه‌کان، هه‌ژاران، بێ شانسه‌کان، کڵۆڵه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌کرد و داوای دابه‌شکردنه‌وه‌ی داهاتی نیشتمانی به‌سه‌ر هه‌موواندا ده‌کرد، وه‌ک ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت سۆسیالیزمێکی ئیسلامی جێبه‌جێبکه‌ن. به‌ڵام؛ ئه‌مڕۆ خودی برایانی موسوڵمان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ڕیفۆرمه ئابوریانه‌دان که وڵاتێکی وه‌ک میسر ده‌کات به بازاڕێکی لیبڕاڵ. ئه‌وان به هیچ شێوه‌یه‌ک ناڕه‌زاییان سه‌باره‌ت به ڕیفۆرمه‌کانی موباره‌ک له‌سه‌ر پرسی موڵکایه‌تی و ده‌سته‌ڵاتی فه‌سڵکردنی کرێکار و جوتیار له لایه‌ن خاوه‌نکاره‌کانه‌وه نه‌ک هه‌ر ده‌رنه‌بڕی، به‌ڵکو هاوده‌نگیشبوون له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسایانه‌دا. بێهوده‌نیه که له‌م قۆناغه‌دا ئیسلامیسته‌کان زۆر که‌متر له جاران له نێو بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ده‌بینرێن، هه‌روه‌ها چه‌په‌کان به توندی ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر شانۆی سه‌ندیکاکان.
ئایا ئه‌م هه‌موو گۆڕانکاریه به سوودی دیموکراسی کۆتایی پێد‌ێت؟ بێگومان به‌ڵێ. چه‌ند ئه‌وان دووربکه‌ونه‌وه له چه‌مکه‌کانی وه‌ک شۆڕشی ئیسلامی، هێنده‌ش به‌ره‌و ئاشتبوونه‌وه و ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی دیکه‌دا و پێکه‌وه کارکردن ده‌ڕۆن. پرسیاری سه‌ره‌کی له‌ئه‌مڕۆدا چیتر بریتی نییه، له‌وه‌ی: که ئایا ئیسلامیسته‌کان شورای پۆڵاینن به‌ڕووی دیکاتۆره‌کاندا یان نا. ئه‌م پرسیاره به‌سه‌ر چووه. ئیسلامیستەکان تێکه‌ڵ به کێڵگه‌ی سیاسی بوون. ڕاسته هه‌موو تواناکانیان ده‌خه‌نه کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئه‌خلاق، به‌ڵام؛ ئه‌وه‌ش ڕاسته که له ئێستا و ئێره‌دا ئه‌وان نه وه‌ک کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌زگای داپڵۆسینیان هه‌یه، نه وه‌ک عه‌ره‌بی سعودیه‌ش پۆلیسی ئاینیان هه‌یه، بۆیه له به‌رامبه‌ر داواکاری نه‌وه‌ی نوێ‌دا، که نایه‌وێت به‌ته‌نیا مافی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێت، ده‌بێت ڕێگای دانوستان و پێکه‌وه ژیان بگرێته به‌ر.
لێره‌وه ئیسلامیسته‌کان له‌گه‌ڵ دوو بژارده‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه: یان ته‌واو تێکه‌ڵ به مۆدێرنیتێ ده‌بن، فیکر و پڕاکتیکه‌کانیان سه‌ر له‌نوێ ده‌ستکاریده‌که‌نه‌وه، به په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئایین و سیاسه‌تیشه‌وه، یا‌خود خۆیان به‌سه‌ر خۆیاندا داده‌خه‌ن و هه‌موو یاریه‌کان پێکه‌وه ده‌دۆڕێنن و فڕێده‌درێنه ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌وه.
من پێموایه ئیسلامیسته‌کان له‌سه‌ر ڕێگای بژارده‌ی یه‌که‌مدان. خودی برایانی موسوڵمان به‌ڕاده‌یه‌ک ده‌بن به کلیلی گۆڕانکاره مه‌زنه‌کان که چیتر نه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕیو، پێویستی به خۆڕێکخستنی سیاسی نه‌بێت. به‌و واتایەی که ڕاپه‌ڕیوه‌کان له ڕووبه‌ری ناڕه‌زایه‌کاندا ده‌وه‌ستن و به‌ره‌و دامه‌زراندنی ڕژێمێکی سیاسی نوێ ناپه‌ڕنه‌وه. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م نه‌وه نوێیه، چینی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیه‌کان تا ئاستێکی به‌رز کۆنسێرڤاتۆره، وه‌ک ده‌ره‌ئەنجامی ئازادکردنی ئابووری و لیبڕالیزه‌کردنی، خواستی جۆرێک له جێگیری سیاسی و ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات. ئه‌م چینی ناوه‌نده ته‌نیا ئه‌وکاته دێته سەرشەقامەکان که نوخبه‌ی ده‌سته‌ڵاتدار هه‌موو سه‌رچاوه ئابوریه‌کان کۆنتڕۆڵبکه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که له تونس و میسردا ڕوویدا. له تونس‌دا خێزانه‌که‌ی “بن عه‌لی” ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌کاندا گرتبوو، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده‌نه‌بوو نه ده‌سته‌ڵات و نه سامان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکی دیکه‌دا دابه‌ش بکات. ته‌نانه‌ت نوخبه‌ی ئابووری وڵاتیش ڕۆژانه (سه‌رمایه‌داره‌کان) له‌لایه‌ن خێزانی ناوبراوه‌وه داده‌دۆشران. له‌م نوخبه‌یه‌ش زیاتر، سوپای تونسیش فڕێدرابووه په‌راوێزه‌کانه‌وه، نه ده‌سته‌ڵاتی هه‌بوو، نه سه‌رمایه، بۆیه له سایه‌ی بوونی ڕژێمێکی دیموکراتیكدا هه‌ر هیچ نه‌بێت بوجه‌یه‌کی ساڵانه‌ی بۆ دابینده‌کرێت. له‌میسردا ڕژێم بنکه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی فراوانتری هه‌بوو. سوپا نه‌ک هه‌ر هاوبه‌شبوو له ده‌سته‌ڵاتدا، به‌ڵکو هاوبه‌شیشبوو له به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی ئابووریدا به هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانیه‌وه.
داواکردنی دیموکراسی له دونیای عه‌ره‌بیدا بۆ چوونه ده‌ره‌وه‌یه له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی گرووپه بیناکراوه‌کان له‌سه‌ر “مه‌حسوبیه‌ت” ده‌بێت به فاکتێکی ژیانی ڕۆژانه، ئاماده‌کراو له‌لایه‌ن ڕژێمه‌کانه‌وه. لێره‌دا چه‌ند پرسیارێکی ئه‌نترۆپۆلژیک خۆی ده‌سه‌پێنێت:
ئایا داواکردنی دیموکراسی ده‌توانێت بازبدات به‌سه‌ر دڵسۆزی و ئینتیما کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان دا (خێڵ، سوپا، سیاسه‌ت،…تاد)؟ تاکوێ ڕژێمه‌کان ده‌توانن یاری له‌سه‌ر وه‌لائه ترادیسیۆنێله‌کان بکه‌ن؟ ئایا ئه‌م گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیانه ده‌توانن ببن به ئه‌کته‌ری پشتیوان له دیموکراسی؟ چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ک سه‌رچاوه‌ی ئاینی خۆی ناچارده‌کرێت به “خۆ-فره‌کردن” و خۆ-راهێنان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ‌دا؟
بێگومان لێره‌دا ئێمه ناتوانین وه‌ڵامی ئه‌م هه‌موو پرسیاره بده‌ینه‌وه. به‌ڵام؛ ئه‌وه‌ی که گرنگه به‌خێرایی ئاماژه‌ی پێبده‌ین ئاڵۆزی و درێژخایه‌نی پڕۆسێسی گواستنه‌وه به‌ره‌و دیموکراسیه. چیتر له‌مه‌ودوا شتێک نامێنێت به‌ناوی “ئیستیسنای عه‌ره‌بو-ئیسلامیه‌وه”. ڕووداوه‌کانی ئێستا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گۆڕانه مه‌زنه‌کانی کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیه‌کانن. مێژوویه‌کی درێژه که ئه‌م گۆڕانکاریانه به‌ڕێوه‌ن و له چرکه‌یه‌کدا دروستنه‌بوون، ئه‌وه ڕۆژئاوایه که واده‌زانێت له چرکه‌یه‌کدا دروستبوون.
بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کتێبێکم نووسی به‌ناوی “شکستی ئیسلامی سیاسیه‌وه”. گرنگ ئه‌وه نییه، خوێنراوه‌ته‌وه یان نا، به‌ڵام؛ ئه‌وه‌ی گرنگه خودی ئه‌کته‌ره ئیسلامیسته‌کانن که وانه‌ی به‌که‌ڵکیان له ئه‌زموونی خۆیان وه‌رگرتووه. بێگومان ئیسلام دوا وشه‌ی خۆی نه‌وتووه و دیموکراسی لیبڕاڵیش “کۆتایی مێژوو”نییه، به‌ڵام؛ له‌مڕۆ به‌دواوه ئیتر ده‌بێت ئیسلام له‌نێو ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆبوون له کولتووری عه‌ره‌بو-موسوڵماندا ببینین نه‌ک وه‌ک ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کولتووره. ئیسلام سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌و کولتووره ڕاده‌گه‌یه‌نێت و به‌سه‌ر جیهاندا ده‌کرێته‌وه.
ئۆلیڤه‌ر ڕوا* پڕۆفێسۆر له قوتابخانه‌ی باڵای زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، پاریس. نووسه‌ری کتێبه‌کانی:
(ئیسلامی به‌جیهانیکراو، عه‌لمانیه‌ت له به‌رامبه‌ری ئیسلامدا، شکستی ئیسلامی سیاسی)