شتێک نییە بە ناوی پەیوەندی سێکسی

1263
0
بڵاوکردنەوە:

مەبەستی جاک لاکان لەم تیۆرییە چییە؟

نوسینی: محمد ئەیهان

وەرگێرانی: ڕامیار عەلی

 

ڕەنگە جێگای سەرسوڕمان بێت، کاتێک ژن و پیاوێک پرسیار لە پیاوی ئایینی و شارەزایانی شەریعەت دەکەن، سەبارەت بە دروستی (شەرعیبوون)ی شێوازی سێکس لە نێوانیاندا، ئەم پرسیارەم دێتەوە یاد جارێک لە پێگەی ask.fm خوێندبوومەوە، پیاوێک لە یەکێک لە شارەزایانی فیقهی، بابەتە شەرعییەکانی پرسی: ئایا دروستە ماچی شوێنە هەستیار و تایبەتەکانی جەستەی ژنەکەم بکەم؟ سەرم سوڕما لە پرسیارەکە! ڕێگەدان، دیاریکردنی شێواز، جۆری سێکسکردن لە لایەن پیاوانی ئاینی بۆ ڕەوایەتیدان، لە کردەیەکی وەها نهێنی لە نێوان هاوسەران یان نا. (پرسیاری لەو شێوەیە، لە نێو باوەڕدارانی کۆمەڵگەی کوردیش هەیە، لە یەکێک پرسیارێکی لەم جۆرە لە مەلاکرێکار دەکات)، ئەم پرسیارە دەشێت بۆ زۆرینە پرسیارێکی شەرعی و ئایینی بێت، بەڵام بۆ دەروونشیکارێکی وەک ژاک لاکان ئەم بابەتە بەو سانا و ئاسانییە تێناپەڕێت، چونکە دەتوانێت تیۆری بنبەست (چەقگرتن) بسەلمێنێت “شتێک بە ناوی پەیوەندی سێکسی نییە”، بۆیە قەناعەتمان پێ دەهێنێت بە جۆرێک لە شێتییەتی (سەرکەش)ی تیۆرییەکەی، کاتێک بە فۆڕمێکی ئاڵۆز بیرکارییانە تیۆرییەکەی لە وتارەکانیدا پێشکەش دەکات.

جاک لاکان، دەروونشیکار و پزیشک و فەیلەسووفە، کە هەندێک پێی دەڵێن سیگمۆند فرۆیدی فەڕەنسی، یان مشتومڕاویترین دەروونشیکار لە دوای فرۆیدەوە. لاکان لە ماوەی ساڵانی ١٩٥٣ تا ١٩٨١ لە پاریس سەرگەرمی بیرکردنەوە و تێفکرین بووە لەگەڵ دەروونشیکاری، هەر لەم ساڵانە سمینارەکانی پێشکەش کردوون، بەرهەمەکانی بووە هۆی شۆڕشێکی فیکری و فەلسەفیی لەسەردەمەکەیدا، لەدوای خۆیشی پانتایی سنوور و گفتوگۆ لەسەر تیۆر و بیرکردنەوەکانی گەرموگوڕ بوو بۆ نموونە: تیۆری بوونیادی کولتووری، تیۆری فێمینیست و تیۆری فیلمی لە قاڵب داوە.

لاکان چەمکەکانی دەروونشیکاری فرۆیدی پەرەپێدان و لەگەڵ زمانەوانی و ستراکتۆرالیزم و ئەنترۆپۆلۆژیای کلۆد لیڤی شتراوسدا گشتگیری کرد بۆ تیۆرێکی هەمەلایەنە.

 

ئارەزوو و پێویستی، پاڵنەر و غەریزە (ڕەمەک)

لاکان لە تیۆری و وتارەکانیدا جەخت لەسەر دژایەتی و سنووردارکردنی ڕوانینی بایۆلۆژیی دیاردە دەروونییەکانی مرۆڤ دەکاتەوە. لەسەر بنەمای ئەم چەمکانە ( ئارەزوو و پێویستی، پاڵنەر و غەریزە) لە ڕوانگەی بایۆلۆژییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕوانگەی دەروونشیکاری، کە لەگەڵ فەلسەفە، زمانەوانی و ئەنترۆپۆلۆژیدا تێکەڵ بووە. لاکان ئەم جیاکارییە لە چەمکە جۆراوجۆرەکاندا دەهێنێتە کایەوە، بە هەندێک ئاماژە بە بایۆلۆجی بۆی، و ئەو چەمکانە جیا دەکاتەوە کە بە تەواوی پشت بە دەروونناسی مرۆڤ دەبەستێت، لە دیدگای لاکانەوە، ڕاستییە دەروونییەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی بایۆلۆجییەوە دەرناکەون، بەڵکوو لە ڕێگەی زمانی فۆرمولەکراوەوە دەردەکەون.

 

پەیوەندیدار

لەم چوارچێوەیەدا لاکان جیاوازی دەکات لە نێوان ئارەزوو و پێویستی. لای لاکان پێویستی مەیلێکی بایۆلۆژییە، کە خود بۆ تێربوون پشت بە ئەوی تر دەبەستێت و بۆ ئەوەی ئەم ڕەزامەندییە بەدەست بهێنێت دەبێت لە فۆڕمی پێویستییەوە بگۆڕێت بۆ فۆڕمی داواکاری [لێدان]. بوونی ئەوی تر گوزارشت لە ئەگەری تێرکردنی ئەو پێویستییە دەکات، بەڵام گوزارشت لە خۆشەویستی ئەوی تریش دەکات. بۆیە داواکارییەکە لەسەر دوو ڕەهەندی هاوتەریب کار دەکات، لەلایەک کار لەسەر فۆرمولەکردنی پێویستی دەکات بەشێوەیەکی کۆنکرێتی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی، لەلایەکی دیکەشەوە وەک ئامڕازێک کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی خۆشەویستی. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ لاکان، ئەگەر پێویستییەک تێر بێت، بەدی نایەت، چونکە ئەوی تر ئەو خۆشەویستییە بێمەرجە دابین ناکات کە سوژە بەدوایدا دەگەڕێت.

سەبارەت بە ئارەزوو، لە پەراوێزی نێوان پێویستی و داواکاری سەر هەڵدەدات و، ملکەچی تێربوون نییە. فەیلەسووفی هاوچەرخ سلاڤۆی ژیژەک دەڵێ: لۆژیکی ئارەزوو خزمەت بە گەیشتن بە کۆتایی ناکات، بەڵکوو خزمەت بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئارەزوو دەکات. لاکان باس لەوە دەکات کە ئارەزووی خود ئارەزووی ئەوی ترە، واتە خود ئارەزووی ئەوەی دەکات کە ئەوی دیکە ئارەزووی دەکات، هەروەها ئارەزووی سەرنجی ئەوی تریش دەکات. لاکان پەیڕەوی لە خوێندنەوەی ئەلێکساندەر کۆیڤ دەکات بۆ فەلسەفەی هیگڵ، لە دیدگای لاکان، ئەوەی شتێک دەکاتە خواستراو، خواستی کەسێکی ترە. هەروەها جیاوازی دەکات لە نێوان پاڵنەر و غەریزە و لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییە لاکان پێی وایە سێکس جیاوازە لە زاوزێ. لای لاکان زاوزێ کە بە غەریزە بەڕێوە دەچێت، تەنیا پرۆسەیەکی بایۆلۆژی، میکانیکییە، لە کاتێکدا سێکس یان پەیوەندی سێکسی، کە بە پاڵنەرەکان بەڕێوە دەچێت، سەر بە کایەی ژیانی دەروونییە کە ئێمە باسمان لێوە کردووە، کە لە پانتایی نائاگایی(نەست) و زمان هەڵکەوتووە.

 

کەتوار و هێما و خەیاڵی

لاکان هۆشیاری بەسەر سێ دۆمەیندا دابەش دەکات، (کەتوار_واقع)، ڕەمزی و خەیاڵی. دۆمەینی خەیاڵی دۆمەینی وێنە و خەیاڵەکانە.

یەکەم: راستی Reality لەم چوارچێوەیەدا چەمکی “شتێک لە خۆیدا” کە لەلایەن فەیلەسوف ئیمانوێل کانتەوە داڕێژراوە دێتە بەرچاو، ئەگەر “شتێک لە خۆیدا” هەبێت، ئەوا مەرج نییە دیدگای مرۆڤ بۆ ئەم شتە هاوکات بێت لەگەڵ دیدگای ئەو بوونێکی ڕاستەقینە هەمیشە کارلێکێک لە نێوان دیاردەکە و دیدگای مرۆڤدا هەیە بۆی، یان ئێمە ناتوانین تەنها ئەو دیاردانە ببینین، بەڵام ڕاستییەکان خۆیان لە خۆیاندا نازانرێن، چونکە هەستەکانی مرۆڤ کارلێک دەکەن لەگەڵ ڕاستی یان مەیدانی [ڕیالیست]. ئەم تیۆرە فەلسەفییە لەگەڵ جاک لاکان گۆڕانکارییەکی بەسەردا هات، لاکان لەبری ئەوەی هەستەکان وەک سەرچاوەی ئەم سویچ و گۆڕانکارییە لەبەرچاو بگرێت، دان بەوەدا دەنێت کە زمان بە پلەی یەکەم سەرچاوەی ئەم سویچەیە. مرۆڤ بەپێی زمانەوانیی فێردیناند دی سۆسۆر تەنیا لە ڕێگەی فلتەری زمانەوە دەتوانێت لە واقیعی خۆی تێبگات، بۆ ئەوەی بزانێت واقیع چییە، دەبێت ناوێکی لێبنێت، دارەکە ناناسرێت جگە لە ناونانی. بەڵام چی ئەم مانایە بە وشەی پشیلە یان درەخت دەبەخشێت؟ ئەو وێنەیەی کە لە مێشکدا دروستی دەکەیت، هەروەها جیاوازی وشەکە لە وشەکانی تر، وەک چۆن هەموو وشەیەک یان فۆنێمەکانی تایبەتمەندییەکی جەوهەری نییە کە ئاماژە بە ئاماژەدراو بکات. سۆسۆر بۆ دەربڕینی ئەمە دوو چەمک بەکاردەهێنێت، الدال signifier (” ئاماژە” ئەو دەربڕینە زمانەوانییەی کە بۆ ئاماژەدان بە شتێک بەکاردێت، هەروەها)، لمدلول Signified (” ئاماژەبۆکراو” کە ئاماژەیە بۆ ناوەڕۆکی ئاماژە بۆکراو، ناوەڕۆکی دەروونی، یان ناوەڕۆکی دەربڕینەکە.) بۆ نموونە درەخت ئاماژەیە، بەو پێیەی کە لە ڕاستیدا بوونی هەیە و ئاماژەی پێدەکات، ئاماژە پێکراویش پێناسەی وشەی درەختە، بەو پێیەی ڕووەکێکی بەرزە و لق و گەڵای هەیە.

دووەم: لاکان پێی وایە مەیدانی خەیاڵ imagination سەر بە زمانە، زمان وەک لاکان دەیبینێت ڕەهەندێکی خەیاڵی و ڕەمزی هەیە، زمان لە بەشە خەیاڵییەکەیدا گوتار دەشێوێنێت و ئەوی دیکەش، بەو پێیەی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ ناکات، بەڵام تێبینییەکی خەیاڵییان بۆ زیاد دەکات، یان شتەکە شتەکە نییە، بەڵکو شت + خەیاڵ، بەمجۆرە خەیاڵییەکە یەکسانە بە چەمکی ئاماژەپێکراوەکە. وە لوتکەی خەیاڵ بەم مانایە لە دونیای خەونەکاندایە، کاتێک عەقڵ بە تەواوی ئازادانە کاردەکات.

سێیەم: سەبارەت بە  سیمبول symbol ڕەمزی، ئەوە تایبەتمەندەبە مەیدانی ڕۆشنبیری، کاتێک خود لە خەونەوە بۆ واقیع بەئاگا دێتەوە و لەگەڵ ئەویتردا بەریەک دەکەوێت. کاتێک خود دەست دەکات بە کارلێککردن لەگەڵ ئەویتر، پێویستی بە گۆڕینی ئەم خەیاڵییە و ڕێکخستنی بۆ وێنەیەکی و لۆژیکێکی یەکگرتوو هەیە، بۆ ئەوەی خودی پەیوەندیکردن بێتەدی، زمان دەبێت وەک بوونێکی نێوەندگیر لە نێوان خود و ئەویتردا بەکاربهێنرێت. بەم شێوەیە ئەگەر خەیاڵ بە تەواوی ئازاد بێت، (رەمز) ملکەچی یاساکانە، لە ڕێساکانی بەکارهێنانی زمانەوە تا یاسا کۆمەڵایەتییەکانی دەربڕین و پەیوەندیکردن.

 

جیاوازی سێکسی و پەیوەندی سێکسی لای ژاک لاکان

ئەگەر لەگەڵ خوێندکارێک لە خولێکی بایۆلۆجی لە فاکەڵتی زانست قسە بکەیت، و لێی بپرسیت سێکس مانای چییە، وەڵامی ڕاستەوخۆی دەبێت بەبێ ئەوەی زۆر بیر بکاتەوە، ریچارد داوکینز، نووسەری کتێبی (جینی خۆپەرست The Selfish Gene) کاتێک لێی پرسین بیروڕات چییە لەسەر کەسانی ڕەگەزگۆڕاو; بە ئاسان وەڵامی دایەوە وتی، کێ خاوەنی XX مێیە و کێ خاوەنی XY نێرە.

لای لاکان پیاوسالاری و مێسالاری جەوهەری بایۆلۆژی نین، بچووککردنەوەی ئەم بابەتە لە بایۆلۆژیا، لە ڕوانگەی لاکانەوە، لە ژن و پیاو، رەهەندێکی گرنگی دەروونی و پاڵنەرە شاراوەکانیان و چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیان لەدەست دەدات.

لاکان پێی وایە پیاوسالاری و مێسالاری چەمکگەلێکن کە سەر بە بواری سیمبولیکن، یان ئەوەی زمان بەرهەمی دەهێنێت لەڕووی ئەو چەمکانەوە، مرۆڤ لەبارەی خۆیەوە خەیاڵی بۆ دەکات، بەپێی ئەو کاریگەرییانەی کە زمانەکە شێوە دەگرن، لەوانەش کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان و خێزانییەکان کە لە ئەنجامی کارلێککردنەوە لەگەڵ باوک و دایک سەرچاوە دەگرن، یان ئەوەی لە نەریتی دەروونشیکاری بە کۆمپلێکسی ئۆدیپ ناودەبرێت.

سەرەتا منداڵ، کوڕ یان کچ، بەبێ تێگەیشتنێکی ڕوون لە سێکسییەتی خۆی گەورە دەبێت؛ واتە درک بەوە ناکات کە کوڕە یان کچە. منداڵ کەی دەست دەکات بە زانینی ڕەگەزی خۆی؟ وەڵامەکە لای لاکان پەیوەندی هەیە بە نزیکی پەیوەندی منداڵ لەگەڵ دایکییەوە، لێرەدا لاکان دایک وەک ڕۆڵی یاریزانێکی خۆشەویستی ڕەها پێناسە وێنا دەکات نەک دایک و باوکی بایۆلۆژی. کاتێک منداڵ دەست دەکات بە بینینی دونیا، ڕوخساری دایکی دەبینێت، وابیردەکاتەوە کە خویی و دایکی یەک بوونن، منداڵەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانیدا درک بەوە ناکات کە بوونێکی جیایە لە دایکی. درککردنەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کاتێکە منداڵ بزانێت ئەو تاکە ئارەزووی دایکی نییە، و ئارەزووەکانی دایک ئاراستەی بوونێکیترە دەرەدایک، (باوکە) کە جیاوازە لێی، بەمەش تووشی نەخۆشی دڵەڕاوکێ دەبێت. ئەم دۆخەش بریتییە لە Phallus فاڵۆس.

لاکان جیاوازی دەکات لە نێوان فالۆس بە واتای ئەندامی نێرینەی ڕەمزی و ئەندامی نێرینە ڕاستەقینە، یان ئەندامی بایۆلۆجی پیاو. ئەندامی نێرینە ئاماژەیە بۆ ئەندامێکی ئەناتۆمی، لەکاتێکدا فاڵۆس ئاماژەیە بۆ هێمایەک بۆ ئەوەی دایک ئارەزووی چی دەکات، یان باوک خاوەنی چییە و دەیکاتە ئۆبژەی ئارەزووی دایک. منداڵەکە تێدەگات کە دایک، باوکی دەوێت و منداڵەکەی بە تەنیا ناوێت، چونکە باوک سەرچاوەی منداڵی زیاترە. لەو ساتەدا جیاکاری سێکسی دەست پێدەکات، بەو پێیەی منداڵەکە تووشی زەبر و زەنگی ئەو نامۆبوونە دەروونییەی نێوان خۆی و دایکی دەبێت و هەوڵدەدات جارێکی دیکە ببێتە ئۆبژەی ئارەزووی ئەو و جارێکی دیکە لەگەڵیدا یەکبگرێتەوە، وەک لە قۆناغە یەکەمەکانی منداڵی.

 

منداڵی نێر خۆی لە ڕووی سێکسییەوە وەک هاوشێوەی ئەم پیاوە [باوک] دەناسێنێت کە دایکەکە ئارەزووی دەکات، یان وەک ‘بێ فالۆس نییە’، لە کاتێکدا مێینەکە لە ڕووی سێکسییەوە خۆی وەک کەمیی ئەم فالۆسە دەناسێنێت. لەم دۆخەدا هەبوونی فالۆس پیاوسالاری دەگۆڕێت بۆ حاڵەتێکی گشتیی، لە کاتێکدا مێینەیی دەگۆڕێت بۆ چەندین حاڵەتی تاکەکەسی کە هیچیان نییە وەک یاسایەکی گشتی پێناسەی بکەن، وەک فالۆس بۆ پیاوان، بەو پێیەی هەر ژنێک یاساکانی خۆی لەگەڵ خۆیدا دێت.

  • فالۆس بریتییە لەو هێمایەی دایکەکە حەزی لێیەتی، ئەو شتەیە باوک هەیەتی و جێگەی ئارەزووی داکیەتی، بەم شێوەیە منداڵەکە پەی بەوە دەبات، کە دایکی ئارەزووی بۆ باوکی هەیە، نەوەک ئەوەی ئارەزووی تەنیا بۆ مندالەکە هەبێت. منداڵەکە لێرەدا تێدەگات لەو هاوکیشەیە، باوکی بۆ دایکی جێگای وەچە خستنەوەی زیاترە،دایکایەتی زیاتری پێدەدات. لەم چرکە ساتە مندالەکە توشی تراوما دەبێت بەرامبەر بەو بەربەستەی کە ناگاتەوە بە دایکی. بۆیە هەوڵ دەدات دایکی بەدەست بهێنێتەوە وەک قۆناغی منداڵی کە لەگەل دایکی هەستی بە یەکبوون دەکرد، دەتوانین بڵێن فالۆس هێمایەکە منداڵ بە ئاگا دێنێتەوە بەهۆی نەبونی ئەندامی نێرینە هاوشێوەی باوکی، یان درککردنی منداڵە بە نەقسی پیاوەتی یان ئەندامی نێرینەکەی خۆی ناتوانێت وەچە بخاتەوە. فالۆس بە مانا فرۆیدیەکە جیاوازە وەک لە لاکان. بە لای لاکانەوە فالۆس بریتیە لە کەمیەتی لە ئەندامی نێرینە، یان نەقس و کەمی پیاوەتی. (وەرگێڕ).

پەیوەندی سێکسی لە نێوان ژن و پیاودا نییە!

لاکان مەبەستی لەم هەڵوێستە بەم شێوەیە نیە، نکۆڵی لە کردەی سێکسی ڕاستەقینەی نێوان ژن و پیاو بکات، کە بێگومان ئەمەش جۆرێکە لە ناباوەڕی. بەڵکو گونجاوترە بڵێین لاکان بەو مەبەستەوە دەریدەبرێت “پەیوەندییەک لە نێوان ڕەگەزەکاندا نییە”، ئاماژە بە کردەی پەیوەندی سێکسی ناکات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ناسینەوەی ژن و پیاو، یان خەیاڵکردنی ئەم ناسینەوەیە. هەر لایەنێک وەک خودێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەوی دیکەدا ناکات، نە وەک خودێکی تەواو ئارەزووی دەکات، بەڵکو ئەم خودە بەسەر تەنۆلکەی بچووکتردا دابەش دەبێت کە ئۆبژەی ئارەزووی لایەنی بەرامبەرن، یان هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ ئەوی دیکەدا دەکات وەک ئامرازێک بۆ مەبەستێکی تر، ڕەنگە پیاو وەک ئامرازێک بۆ سێکس مامەڵە لەگەڵ ژنەکەدا بکات، ژنیش لەگەڵ پیاوەکەدا وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی منداڵ بۆ قەرەبووکردنەوە، گەیشتن بە ئۆبژەی ئارەزووی دایکی.

فەیلەسوفی هاوچەرخ سلاڤۆ ژیژەک دەڵێت “پەیوەندی سێکسی تەنها بە ئامادەبوونی لایەنی سێیەمدا کاردەکات، هەرگیز لەگەڵ هاوبەشی ژیانت تەنیا نیت”. پەیوەندی سێکسی لە کایەی ڕاستەقینەدا کارناکات، بەڵکو لە خەیاڵی و ڕەمزیدا کاردەکات، بەو پێیەی وروژاندنی سێکسی لەسەر بنەمای ئاستی ئەندامە بایۆلۆژییەکان نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو مانایەیە کە ئەم ئەندامانە لە خەیاڵی کەسەکەدا بەرزیان دەکەنەوە. ئەم فانتازیایە بەپێویستی دەزانێت بە لایەنی سێیەمەوە بارگاوی بێت، وەک ئەو نموونەیەی لە سەرەتای بابەتەکەدا باسم کرد. ڕەنگە لایەنی سێیەم ئەو مامۆستا و پیاوە ئاینییە بێت، کاتێک ئەو دوو لایەنە داوای فۆرمولەکردنی مەرجەکانی پەیوەندی نێوانیان دەکەن، وەک دەبینیت چۆن ژن و پیاوێک لە پیاوانی ئاینی دەپرسن دەپرسن: ئایا ئەم جوڵە و ستایلە لە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ژنەکەمدا دروستە (شەرعیە)؟ لایەنی سێیەم لەوانەیە فانتازیایەک بێت یان وێنەیەک کە یەکێکیان لە خەیاڵی ئەوی تردا بێت، وەک بینینی وێنەی کەسێکی تر لە ناو واقیعەکەیدا .

لە هەر حاڵەتێکدا دەروونشیکاری ئامانجی گەڕانە بۆ قووڵی و ئەو قووڵاییە دەرونییانە، بۆ ئەوەی ئاگامان لێیان بێت، چارەسەری ئەو قەیرانە دەروونیانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕوومان ببنەوە، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان باشتر بکەین، دەبێت بە شێوەیەکی باشتر بیگۆڕین بۆ ژیانی دەروونی دادپەروەرانەتر.

 

سەرچاوەی عەرەبی:

https://www.arageek.com/jacques-lacan

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: