هەنگاونان لە پووچییەوە بەرەو پووچی.

1163
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

فیلمی ترومان شۆو، لە دەرهێنانی دەرهێنەر (پیتەر وییر)ە و لە ئاکتینی ئەکتەری بەتوانا جیم کارییە؛لە ساڵی ١٩٩٨ بۆ یەکەمین جار لە سینەماکانی جیهان پەخشکرا. ئەم فیلمە باس لە دونیایەک دەکات کە تیایدا کراوە بە شانۆیەک/زنجیرەیەک، کە تیایدا (ترومان/جیم کاری) ئەکتەری سەرەکییە لەو زنجیرەیەدا. تیایدا شتەکان بەوپەڕی پوچی و ڕۆتیناتێکی فەیک و بێماناوە هەموو ڕۆژێک دووبارە دەبێتەوە، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا لێکچواندنێکە لەنێوان ترومان و مرۆڤی مۆدێرنە، کە بێ ئاگایی خۆی لەم دونیا سەرمایەداری و لەوپەڕی پوچیدا ڕۆژەکانی بەڕێدەکات و هیچ شتێک لەبابەتەکە ناگۆڕێ و هەموو ڕۆژێک دووبارە دەبێتەوە. لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا ڕاچڵەکینێک زەڕورە، جا ئاخۆ ئەو ڕاچڵەکین و خاڵی وەرچەرخانە هەرچییەک بێت، بۆ ترومان لێرەدا کچێکە، ئەو کچە دەبێتە سەرەتای گومانکردنی ترومان لە هەموو بابەتەکە.

من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم. / دێکارت

لێرەدا سەرەتای بیرکردنەوەی ترومان، دەبێتە سەرەتای دۆزینەوەی خۆی و سەرەتای دۆزینەوەی شوناسی خۆیەتی، پێش ئەوەی ترومان گومان ببات، پێش ئەوەی بیر بکاتەوە، ژیانێکی خۆش و ئاسایی دەژیا، لەگەڵ بیرکردنەوەدا ئیتر ناڕەحەتییەکان دەستی پێکرد. خۆی ئەمە لە بنەڕەتدا درووستە، هەرچەندە من بڕوام وایە بێ زانین و مەعریفە هیچ خۆشبەختییەکی ڕاستەقینە لە ئارادا نییە، بەڵام دەبێ دان بەوەشدا بنێم؛ زانین، سەرەتای ناڕەحەتییەکانە. هەر بۆیە لەگەڵ بیرکردنەوەدا، ترومان بێمانایی و پوچی ئەو دونیایەی خۆی بۆ دەرکەوت و هیچ ئامانجێکی لەو ژیانە ڕۆتینە دووبارەیە نەدەبینیی!

هەستکردن بە پووچی بریتی نییە لە بیرۆکەی پوچی. بەڵکو هەستکردن بە پووچی؛ بنچینەکانی بیرۆکەی پووچی دادەمزرێنێت. / کامۆ

لەم قسەیەی کامۆوە بۆمان دەر دەکەوێ، هەستکردن بە پوچی بیرۆکەی پوچی و ئەبسێرد لای مرۆڤ درووستناکا، بەڵکوو بناغە و بنچینەی پوچێتی و ئەبسێردیزم درووست دەکات. بە واتایەکی تر مرۆڤ لەو کاتەی هەست بە پوچی دەکات-پوچی ژیانمان مەبەستە لێرەدا- بیرۆکەی پوچی دادەمەزرێت لە مێشکیدا. هەستکردنیش بە پوچی لە گومانەوە بۆمان درووست دەبێت، یاخود بە پرسیارکردن. لێرەدا ترومان دەستدەکا بە پرسیارکردن، وە دەستدەکا بە گومان بردن…لەمەوە ترومان بەدوای حەقیقەتدا وێڵ دەبێ، هەر کاتێکیش مرۆڤ بەدوای حەقیقەتدا وێڵبوو ناخۆشی و بەربەستی زۆر دێنە ڕێی، هەروەکوو ترومان کە توشی چەندەها ناخۆشی دەبێ لە گەڕان بەدوای حەقیقەتدا. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، گەر دونیای واقعیش هەر وەکو ئەو دونیایە پوچبێ کە ترومان تیایدا دەژی، بۆچی ترومان هەوڵ بەگەشتنی ئەو دونیا واقعییە دەدات؟  بێگومان مرۆڤ لەو کاتەی گومان دنەی ئەدات، زۆر شت تیایدا دەگۆڕێت، درۆ نییە گەر بڵێم هەر گومان و پرسیارکردن شارستانییەتی مرۆڤایەتی بەم کەش و جۆرەی ئێستا گەیاند. هەر لەم سۆنگەوە گەر باسی بکەین، ترومان مێتافۆرە بۆ کۆی مرۆڤ. سەڕەڕای ئەوەی دەرهێنەری زنجیرەکە لە کۆتاییدا بە ترومان دەڵێت: ئەو دونیایەی تریش وەکو ئەم دونیایەی تۆ پڕییەتی لە درۆ! بەڵام ترومان هەر سورە لەسەر جێهێشتنی ئەو زۆنە. یەکێکی تر لە هۆکارەکانیش سیفەتی زانخوازی مرۆڤە، هەرچەند بە جۆرێکی تر لەسەرەوە باسم کرد، کە مرۆڤ بە پرسیارکردن بووە بەم مرۆڤەی ئێستا. بەهەرحاڵ، سیفەتی زانخوازی لە مرۆڤدا سەر دەکێشێ بۆ هەموو ئەو کارە مەترسیدارانەی لە ژیانیدا دەیکا، بێگومان ترومانیش بەدەر نییە لەو سیفەتە. هەر بەو سیفەتەیە ترومان بە هەموو خۆشییەکانییەوە لە (ماڵ، خێزان، ئوتۆمبێل، کار، خۆش ژیان)، ئەو ژیانە ڕەتدەکاتەوە و دەیهەوێ شتێکی نوێ تاقیبکاتەوە و دەیهەوێ بزانێ لەو ژیانەی تردا چی دەگوزەرێ. جۆرە تێروانینێکی تر کە دەکرێ هەمانبێ بۆ ئەم فیلمە؛ کاتێك مرۆڤ گۆش دەکرێ بە درۆیەك لە منداڵییەوە، لایەنی سایکۆلۆژی زۆر ئەشێوێنێ کاتێك حەقیقەتی بۆ دەر دەکەوێت. ترومانیش هەمان باروودۆخی دێتە بەردەم، بەتەواوی توشی شڵەژانێکی دەروونی دەبێ لەو کاتەوەی گومانەکان و پرسیارەکانی دەستپێدەکات، توشی زۆر حاڵەتی دەروونی خراپ دەبێت لەو کاتەوەی کە دەستدەکات بە پرسیارکردن دەربارەی ئەو درۆیەی کە تەمەنێك لەگەڵیدا هاتووە. لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم، هەرچەندە ژیانمان چەند خۆشبێت، هەرچەندە هەموو شتێك لە ڕەوتی ئاسایی خۆیاندا بن لەلامان، ئەوا لە کۆتاییدا دەکرێ گومانێك سەر لەبەری ئەوانە ڕەتبکاتەوە، پرسیارێك دەکرێ هەموو خۆشییەکان و رەوتە ئاساییەکەی ژیانمان بشێونێ.

بڵاوکردنەوە: