شۆڕشی ژینا

698
0
بڵاوکردنەوە:

لەژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و پرسی ڕووخانی ڕژێم

نووسینی: محەمەد کامەران

 

شۆڕشی ژینا، کە لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو وەک کاردانەوەیەکی دلێرانەی کوشتنی ناجوامێرانەی کچە کوردێکی نەشمیل پێڕەوکە بوو و تا ئێستاش ژیلەمۆیەکەی بە بەرییەوە ماوە وەک گڕێکی تاریکبەزێن بمێنێتەوە و سەرهەڵبداتەوە، ئۆخژنێک بوو بۆ سینەی پڕ لە داخی کورد و هیوایەکی بەتامی بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و سەرکوتکاری لە دڵدا ژیاندەوە. شۆڕشی ژینا ڕازی سەربەمۆری ناو سینەی ئێمەی بۆ ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان – هاوکات لەناو گەلانی ئێرانیشدا – درکاند و وەک ئامانجێک کە دەکرێت دەستی لێگیر بکەین، ناساندی.

چوونە نێو وردەباسی شۆڕشی ژینا و پەنجە ڕاکێشان بۆ قورساییەکەی وەک بزاوتێکی ئازادیخوازیی کوردی هەویرێکی ئاوکێشە. من لەم وتارە مەبەستمە کە نەختێک لە چوارچێوە لۆکاڵییەکەی دوورکەومەوە و بە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە گرێی بدەم. بە دیاریکراوی، دەمەوێت لەژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و شیمانەی ڕووخاندنی ڕژێم دەمەتەقەیەکی لەسەر هەڵبستێنم.

شۆڕشی ژینا: بۆ جیاوازە؟

وەک دەروازەیەک، گرنگە بزانرێت کە شۆڕشی ژینا ڕووپەڕێکی نوێیە لە فەرهەنگی بەرەنگاربوونەوە و ناڕەزایی دەربڕین لە ئێران. جیاواز لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتر لەو وڵاتە – لەوانەش جۆشدانی شەپۆڵی ناڕەزایی چینی خوێندەوار بەرامبەر بە داخستنی ڕۆژنامەیەک لە ساڵی ١٩٩٩، ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد بە سەرۆک کۆمار لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن بۆرژوا بچووکەکانەوە، یان خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە بەشداری خەڵکی کەمدەرامەت – شۆڕشی ژینا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، چەمکی بەرەنگاربوونەوەی تێکهەڵشێڵا و دووبارە دایڕشتەوە و ئامانجی گردبوونەوەی مەدەنی لە داواکاردنی چاکسازییەوە گۆڕیی بە داواکردنی ئازادی و تێکۆشان بۆ لابردنی ڕژێمی سەرکوتکاریی ئێران. بۆ ئەم مەبەستەش، ئازادیخوازان لە سووتاندنی وێنەی خامنەیی و سەرکردە ئایینی و سیاسییەکانی تری ئێران لەسەر شەقام، لابردنی لەچک و سەرپۆشی سەپێندراو، و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکان، نەسڵمینەتەوە.

هەروەها، شۆڕشی ژینا، بۆ یەکەم جار، درزێکی لەنێو چینی دەسەڵاتداریی سیاسی دروست کرد. لە سەروبەندی هەڵگیرسانی شۆڕشەوە، خامنەیی و حکومەتی ئێرانی هەوڵیانداوە تۆمەتی ناڕەوا بخەنە پاڵ خۆپیشاندانەکان و بە “پلانگێڕیی ئەمریکی و ئیسڕائیلی” بیناسێنن. هەر چۆنێک بێت، بەشێک لە سەردارانی سیاسیی ئێرانی، کەم تا زۆر، خۆیان لەم وتارە نەیار کردووە یانیش دژی وەستاونەتەوە. بۆ نموونە، عەلی لاریجانی، سەرۆک پەرلەمانی پێشووی ئێران، گوتی کە “دەبێت ئێمە مەودا بۆ خۆپیشاندان بڕەخسێنین”، هاوکات محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشوو لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی کرد کە دان بە کەموکوڕییەکان لە “حوکمڕانیی هەڵە” بنێن بەر لەوەی ئەوەندە درەنگ بێت کە نەتوانن پەل بەرەو “حوکمڕانیی چاک” بکوتن. لە کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراویشدا، ڕۆژنامەی “کۆماری ئیسلامی”، کە لەلایەن خامنەیی خۆیەوە دامەزراوە، لە هەواڵێکدا دژ بە وتاری خامنەیی وەستاوەوە و ڕایگەیاند کە “هەڵئاوسانی ئابووری، بێکاری، برسییەتی و زیانگەیاندن بە ژینگە” خەڵکی بەرەو خۆپیشاندان جۆشداوە.

ڕێککەوتننـامەی ئەتۆمی

شۆڕشی ژینا گرنگیی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لای سیاسەتداڕێژەرانی واشنتۆن خستۆتە ژێر پرسیارەوە. لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن بەڵێنیدا کە کابینەکەی باڵا لەرزۆکەکەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕاستبکاتەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد تڕامپ لە ساڵی ٢٠١٨ تاکلایەنە ئفیلیجی کرد – ئەمەش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانی و لە یەکەم وتاری لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕوونی ئاماژەی پێدراوە. بایدن ئەم هەنگاوەی لە چوارچێوەی ئامانجێکی دوورمەودای خۆی سەیر دەکرد بۆ گێڕانەوەی پێگەی وڵاتەکەی دوای ئەوەی بەهۆی بەرپابوونی فرەجەمسەریی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دالەنگابوو؛ ئەمیش لەڕێگەی برەودان بەو پەیوەندییە دیبلۆماسییانەی کە لە سەردەمی تڕەمپ هەڵپەسێردرابوون.

بە هەرحاڵ، لە ساڵی ٢٠٢٢، ئەم مشتەکۆڵەی بایدن وەشاندی، بە هۆی سێ کارتێکەرەوە کەوتە بۆشایی: یەکەم، داگیکردنی ئۆکڕانیا لەلایەن ڕووسیاوە، کە شیرازەی هەماهەنگیی نێوان ئەو زلهێزانەی تێکدا کە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەسەر ڕۆنڕابوو؛ دووەم، ئاشکرابوونی ڕەوانەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیا، کە باریکەڕێی لێکتێگەیشتنی لەنێوان هەردوو وڵاتەکە هێندەیکە تەسکترکردەوە؛ و سێیەم، شۆڕشی ژینایە کە وەک داواکردنێکی ڕەوای ئازادی واشنتۆنی خستەبەر دووڕیانی شلکردنەوەی ئابلۆقەکان – کە دەستی ڕژێمی دیکتاتۆریی ئێرانی هێندەی تر واڵا دەکات بۆ سەرکوتکاری – یانیش بەردەوامیدان بە گەمارۆکان.

یەکێک لە بەڵێنەکانی بایدن ئەوەبوو کە ئێران لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ئەودا دەستی لە چەکی ناوەکی گیر نابێت. هەڵبەتە باشترین ڕیگاچارەش هێنانەوەی ئێران بوو بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵیدا؛ بەڵام، لەبەر هۆکارانەی لەسەرەوە باسکران، زەحمەتە لەنگەری تەرازووی هاوکێشە نوێیەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەو ئاڕاستەیە بشکێتەوە. ئەگەر دیبلۆماسییە ڕامکراوەکەی بایدنیش گڕەپێچە بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بدا، گومانی تێدا نییە کە ئەم هەنگاوە ڕژێمە بەرزەفتکراوەکەی ئێران لە گەمارۆکان ڕادەپسکێنێت و بەمەش دەستی هێندەی تر واڵا دەبێت بۆ سەرکوتکاریی – هەڵبەتە ئەم لێکەوتە گریمانەکراوەش دژ بەو بەهایانەیە کە واشنتۆن بانگەشەی بۆ دەکات و وەک ناپاکییەک لە خۆپیشاندەران و ڕای ئازاد لە شەقامی ئەمریکی و لە دیدی هاوپەیمانەکانی، لێی دەڕوانرێت. هاوکات، دامرکاندنەوەی مەکینە سەرکوتکارییەکەی ئێران لە ناوەخۆی وڵات یەکێک بوو لە ئامانجەکانی واژووکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بۆیە کابینەکەی بایدن – ئەگەرچی هەنووکە پڕە لەو شارەزا سیاسییانەی کە کاتی خۆی کۆمەکییان بە داڕشتنی ڕێککەوتنەکە کردبوو – ناچارە خۆی لێ بپارێزێت. بژاردەی دووەم بە ئامانجگرتنی پێگە ناوەکییەکانی ئێرانە؛ کە ئەمەش بژاردەیەکی لەبار نییە، چونکە حکومەتی ئێرانی وێستگە ناوەکییەکانی لە نزیک شارە قەرەباڵغەکان داناوە و پێکانی لەڕێی فڕۆکەی جەنگییەوە لێکەوتەی مەدەنی لێدەکەوێتەوە، هەروەها ئێران تا ئێستا ئەم سەرکێشییەی نەکردووە کە وردەکاریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی بشارێتەوە و بەیەکجاری بژاردەی گفتوگۆ لەبارببا.

گۆڕینی ڕژێم؟

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، شۆڕشی ژینا زەمینەسازی بۆ لابردنی ڕژێمی دیکتاتۆریی ئێرانی کردووە و ئەم پرسەش لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان شانۆی شرۆڤە سیاسییەکانی جێنەهێشتووە. ئەگەر بێتوو بایدن دەستهەڵگرێ لە ئامانجی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئەوا ڕاستەوخۆ ناچار بە گرتنەبەری چەند باریکەڕێیەک دەبێت: یەکەم، بێ گرێوگۆڵ بە ئێران دەڵێت کە لەگەڵ ڕژێمێک تەبا نابێت کە خەڵکی خۆی بچەوسێنێتەوە و خەریکی ئاژاوەگێڕی بیت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمەش حکومەتی ئێرانی لە خەوی هێورکردنەوەی گەمارۆکان بێداردەکاتەوە کە وەک پێشمەرجێک بۆ باشترکردنی بژێوی خەڵک لە شەقامی ئێرانییان گەیاندووە؛ دووەم، واشنتۆن کۆمەکی بە لابردنی سانسۆر لەسەر ئامێرەکانی پەیوەندی دەکات – بۆ نموونە لەڕێی دابینکردنی مانگی دەستکردی تایبەت کە پێشتر ئیلۆن مەسک پێشنیاری کردبوو – ئەمەش وا دەکات کە خۆپیشاندەران ئاگایان لە جموجۆڵی یەکتر بێت و پەیوەندیی نێوانیان نەپچڕێت، و هاوکات واشنتۆن لەم حاڵەتدا دەتوانێت زانیاری هەواڵگری و ڕاهێنانیش بۆ خۆپیشاندەران بەردەست بکات؛ و سێیەم، واشنتۆن هەماهەنگی خۆی لەگەڵ لیژنە بنکۆڵکەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چڕتر دەکاتەوە، لەوانەش ئەو لیژنەیەی کە کۆتایی ساڵی پار دەستبەکاربوو بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی ڕژێمی ئێرانی دەرهەق بە خەڵکی مەدەنی کردوویەتی.

ڕەنگە گۆڕانکارییە تازەکان، لەوانەش ئاشتبوونەوەی سعودییە و ئێران دوای دەیان ساڵ لە لێکمڕبوونەوە و خەنجەر لەیەک سواندن، ئاسۆی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی کزبکاتەوە. خۆهەڵواسینی ئێرانیش بە چین و ڕووسیا لەولاوە بوەستێت. سەرباری ئەمانەش، ناردنی دڕۆن بۆ ڕووسیا و بەکارهێنانیان لە شەڕی ئۆکڕانیا و بەردوامیی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ناوەخۆی ئێران، حکومەتی ئێرانی لەبەردەم قاپیی ڕۆژئاوا بێ چارە دەهێڵێتەوە. ئێران لەمێژە سەروکاری لەگەڵ ئاژاوەگێڕی هەرێمییە و لە ناوەخۆشدا لە پڕاکتیزەکردنی سەرکوتکاریی نەسڵەمیوەتەوە. هەر لەم بارەیەوە، دژ بە بەهاکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ وەستاوەتەوە کە ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکات.

لەم سەردەمەدا کە خەریکە فرەجەمسەری لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا لەنگەر دەگرێت و شوێن بە تاکجەمسەریی ئەمریکی لەق دەکات، ئێران پەنا بۆ ڕووسیا و چین دەبات – هەروەک لە وتارێکی بەم دواییانەی خامنەیی ئاماژەی پێدا کە چەقی هێز لە ڕۆژئاواوە دەگوازرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات. هەر چۆنێک بێت، لەبەریەکهەڵوەشانەوەی سیستەمێکی جیهانی گۆڕانکاریی هەرێمی بەدوای خۆیدا دێنێت، هەروەک لە ڕۆژهەڵاتی ئەوڕوپا دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە کۆتایی ساڵی ١٩٩١ بینیمان. خۆ ئەگەر ئەم گۆڕانکارییەش زیاتر بخایەنێت، ئێران هەر ناچارە بۆ مانەوەی خۆی ڕەزامەندیی ڕۆژئاوا مسۆگەر بکات – کە ئەمە ئامانجێکە بەدینایەت، چونکە سیستەمی ئیسلامیی ئێرانی لەسەر دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا چرۆی کردووە و ماوەتەوە. بۆیە، کە ئێستا خەڵکانێک بۆ یەکەم جار ڕژاونەتە سەرشەقام و بە ئاشکرا حوکمیی عەمامە بەسەرە ئێرانییەکان ڕەتدەکەنەوە و ئومێدی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی داپەڕیوە، پێویستە واشنتۆن تەقلەیەکی بەرەژوور بەم بزاڤە ئامادە و خوێنگەرمە لێبدات و بەرەو ڕووخاندنی ڕژێم تاویان بدات – هەروەک چۆن پێشتر لە ئەفغانستان، بێ تێوەگلانی ئاشکرا، چۆکی بە سۆڤیەت دادا.

 

سەرچاوەکان:

https://fam.ag/3ZO4359

https://fam.ag/3LoRglw

https://cnn.it/3JGp9g4

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: