شەو

567
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

 

شەوێکیان ئازار ڕایپسکاندم

بیرم لە هیچ نەئەکردەوە تۆ نەبێ!

وڕێنەم ئەکرد،

بەسەرهاتی دڵێکی شکاوم بۆ شارێکی تەنگ ئەگێڕایەوە.

 

شەوێک تۆ وتت من ئەڕۆم،

ئەوەی بە من کرا هاودەمیکردنت بوو،

تۆ ڕۆیشتیت و شانبەشانت

یادگاری بەرەو ماڵ سینگەخشکێی بوو.

 

ئەم شەوانە سەختن

مرۆڤ بەرگەیان ناگرێ،

ئەم شەوانە باسی ژیان بۆ دڵم ئەکەم

زۆر جار لە خۆیدا وندەبێ،

لە زەمەندا گیر ئەخوا و

ڕابردوو بۆ برینم ئەهۆنێتەوە.

 

بیرم کردووی

ئەوە قورسترین ڕستەیە تا زەمەنێک نەمئەزانی مانای چییە!

ڕەنگە وتنی قورس بێ،

چونکە دڵم بەوە ڕانەهێناوە لە یادگاری کەسێکدا

هیوا بدۆزێتەوە،

بەوە ڕامنەهێناوە بە ڕۆژانی بێئومێدی خۆی بلاوێنێتەوە.

 

ڕۆژێک مناڵێک لێرەوە تێئەپەڕێ و

دوعای مردن بۆ هەموومان ئەکا.

ڕۆژێک پیرەمێردێک هەنگاوەکانی

بەسەر جەستەی ژیانەوە قورس ئەکا و

لە ژیاندا بۆ نەمریی ئەگەڕێ.

 

کارەساتەکە ئەو کاتە ڕوو ئەدا؛

کاتێک ئەگرین، زووخاوی ژیانێک ئەهێنینەوە،

کە هەرگیز نەمانتوانی ختوکەی بدەین.

 

ئێستا کارم بەسەر هیچدا نییە،

لە شتەکانی چواردەورم باش تێناگەم،

نامە ماڵئاواییەکان بیری مردنم ناخەنەوە،

دایکم بیری ژیانم ناخاتەوە،

هاوڕێکەم لە قەدەرێک ئەگەڕێ سەری پەلکێشی جیهان بکا و،

بەدەم ڕوانین لە مەرگەوە بە ئازار پێبکەنێ.

لە هیچ تێناگەم،

بەڵام بیرم کردووی.

ئاهـ چەند سەختە،

ئێستا ئەزانم بیرکردن یادگاری ئەکولێنێتەوە.

 

بە شەقامەکاندا ئەڕۆم،

قاقاکەمان تێیدا دەنگ ئەداتەوە،

دڵخۆشیمانم بیر ئەکەوێتەوە و

بۆم دەر ئەکەوێ هەموو شتێک کاتییە.

ئیتر جوانییەکان لەگەڵ کەسدا بەش ناکەم،

بەڵام کە ئەم شیعرەم بۆ ناردی

بزانە ئازارێک لە سینەمدا چەکەر ئەکا و

هیوای ژیان لە دڵما تەنک ئەکاتەوە.

 

ئەڕۆم و ناگەڕێمەوە،

ڕەنگە جێگایەک شک نەبەم،

بەڵام خۆ خۆمم هەیە!

ئەچمەوە ناو خۆم،

ئەچمەوە بۆ ئەو شوێنەی

ڕەنگە تەنیا خوا درکی پێ بکا.

 

بیرم کردووی،

ڕەنگە ئەمە ڕستەیەک بێ،

ڕستەیەک کە جاران ماناکەیم نەئەزانی،

بەڵام ئێستا ڕۆمانێکە،

کە بەدیارییەوە خەوی تەمەن ئەمباتەوە و

قژیشم وردە وردە ئەژاکێنێ.

چیرۆکێکە،

کە بەدیارییەوە هەزاران شەو ناخەوم و

دڵیشم وردە وردە بەند ئەکا.

ڕستەیەک کە ئیتر کەسی تر گوێبیستی نابێ.

 

٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣

بڵاوکردنەوە: