خەریکبوونی ڕەخنەیی بە هەڵوێستی مارکس-لێنینچێتییەوە

327
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاوە جەلال

 

ئێمە تا ئەمڕۆ لای چەپەکان ڕەخنەی مارکس و لێنینمان نەبینیوە! کەواتە ئەوان ڕۆژهەڵاتیبوونی خۆیان، یان ڕوونتر ببێژین: کوردی-ئیسلامی-سوننیبوونی خۆیان نەکردووە بە پرسی پێوەخەریکبوونی ڕەخنەیی، کە پاشان ڕاستەوخۆ بکەونە بەردەم خەریکبوونی ڕەخنەیی بە مارکس و لێنینەوە! ئەوان تەفسیرگەرایانە هەندێک بابەتی شۆڕشگێڕە مارکسیستییەکان دەخوێننەوە، بەتایبەتی لێنینیزم، ئەوەش لە کارتێداکردنی عەجەمی یان عەرەبییانەیدا، کە پاشان بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی بەپیتی دەکەن!

بێگومان مرۆڤ دەتوانێت بەئاگا بێت لەوە کە گۆڕانی مێژوویی جڤاک و ناوچە کولتووییەکانی جیهان جیاوازن لە یەکدی، سەرەڕای ئەوە هاوشێوەی سوننەگەرایانی کورد نەتوانێت بیکات بە پرسێکی مەئریفی. چەپەکان تەنانەت نەیانتوانیوە لە جیاوازیی جڤاکی و کولتوورییانەی کوردانی هەر چوار کوردستانەکە بهزرێن. لە بنەڕەتدا جیاوازییە جڤاکی و کولتوورییەکان وا دەکەن کە هەرگیز مرۆ نەتوانێت هاوشێوەی فەقێیەکی گەنج هەڵوێست وەربگرێت، کە لە خوێندن و پێشبینیکردنیدا بە ترسەوە زاتی سەحابەکانی سەردەمی زووی جەزیرەی ئارەبی دەهێنێتە پێش چاوانی، یان قورئان دەخوێنێتەوە.

با بۆ ئەو پرسە دیارهێنراوەی سەرەوە “مانیفێستی کۆمونیستی” بە نموونە وەربگرین کە مارکس و ئێنگلس نووسییان و 1848 بڵاوکرایەوە. لە بنەڕەتدا ئەم نووسینە یەکێکە لە شاکارە هەرە مەزنەکانی نووسراوی خۆرئاوایی و خوێندنەوەی وەک ئەدەبیاتێکی جیهانی باشە، بەڵێ تەنانەت پڕچێژە، لێ هاوکات گەر مرۆڤ نەیخوێنێتەوە، بەو ڕێیەوە هیچ زیانێکی لە شارەزایی مێژوودا پێ ناگات. ساڵی 1998 لە یادی 150 ساڵەی بڵاوبوونەوەیدا فەیلەسوف ڕیچارد ڕۆڕتی نووسیی: مرۆڤایەتی خۆرئاوایی تا ئەمڕۆ دوو تێکستی ڕزگاریخوازانەیان هەیە کە بریتین لە ئینجیل و مانیفێستی کۆمونسیتی؛ هەر یەکەیان بە شێوازی خۆی توانای بە چەندین ملیۆن مرۆڤ دا کە دەست بداتە خەبات بۆ ڕزگاری. بە هەر حاڵ “مانیفێست” دەشێت کاراییەک وەک بزوێنەری پرسیار لای خوێنەری وەربگرێت، لێ گرنگترین پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەم تێکستە چە پەیوەندییەکی بە کوردەکانەوە هەیە؟

مارکس و ئێنگلس لەو نووسینەدا دیالێکتیکییانە لە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی ژۆن-ژاک ڕوسۆوە دەردەچن، ئەوان گۆڕانی “مرۆڤایەتیی ئەوروپی” (یان خۆرئاوایی) لە دۆخی سروشتیی یەکسانەوە، یان بە زمانی ئەوان: لە کۆمونەی سەرەتاییەوە بەسەر سەردەمی جەنگی یەک دژ بەیەک (بەڕبەڕێتی) و فیۆدالیزمدا ڕووەو سەرمایەگەری دەردەخەن، سەرمایەگەریش تەنیا وەک قۆناغێکی گۆڕانی ئەو مرۆڤایەتییە خۆرئاواییە دادەنێن کە بەهۆی تەنگژەی نێوخۆییەوە دەخزێتە نێو شۆڕشەوە. کەواتە سەرمایەگەری خۆی بریتییە لە قۆناغێکی بێدادی جڤاکی کە گیرۆدەی یاسای سەرمایەگەرییانەی خۆی بووە.

گومانی تێدا نییە کە ئەم نووسینە لای ئێراقییەکان زۆر خوێنراوەتەوە، لێرەشدا نەفامانە، نەشارەزایانە، یان سوننەگەرایانە، “مرۆڤایەتییە خۆرئاواییەکەی” مارکس و ئێنگلس بۆ “مرۆڤایەتی وەک سەرجەم” وەرگێڕراوە. بەڵێ تەنانەت هەزاران کەس لە سەراپای ئێراقدا گیانی خۆیان لە پێناویدا بەخشیوە. لێ ئەم نووسینە تا ئەمڕۆ ڕەخنەییانە نەکراوە بە ئۆبژێکتی پێوەخەریکبوونی هزری، واتا کارێک ئەنجام نەدراوە کە لە بنەڕەتدا ڕەچاوکردنی شێوە هزرینی خودی مارکسە. کەواتە هەڵوێستێک لەتەک مارکسدا دژی مارکس وەرنەگیراوە.

ئاشکرایە ئێمە لە خەریکبوونی ڕەخنەییماندا بەو تێکستەوە یەکسەر دەکەوینە بەردەم پەیوەندیی مێژوویی-جڤاکییانەی ئەوتۆ کە جیاوازن لە پەیوەندییە جەختلێکراوەکانی نێو “مانیفێست”، بۆیە مرۆ ڕاستەوخۆ لەتەک خوێندنەوەی تێکستەکەدا دەکەوێتە بەردەم پرسی بەراوردکاری – ئاخر مرۆ لە سلێمانی یان هەولێر، یان لەنێو خانووی بلۆکی چیمەنتۆی گوندێکی دوورەپەرێز و هتد دەیخوێنێتەوە. بە کورتی مرۆ ناچار دەبێت پەیوەندیی ئەوتۆ بخاتە بەراوردەوە کە ڕاستەوخۆ بەندن بە ژینگەی ئەو خۆیەوە. مرۆ بەم شێوەیە لە خوێندنەوەی ڕەخنەیی “مانیفێست”دا یەکسەر لە پەیوەندییە هەنووکەییەکانی نێو شاری خۆرهەڵاتییەوە بەرەو گوندی هەنووکە دەڕوات، ئەوجا ڕەخنەییانە بەرەو پاش دەگەڕێتەوە ڕووەو پەیوەندیی مێژوویی-جڤاکییانەی دیکە لە دەڤەری کولتووری خۆیدا. ڕەخنەییانە بێژین، مانیفێست پرسیاری لا دادەگیرسێنێت. ئایا مرۆڤ لەم پرۆسەیەدا بە چی دەگات؟ گومانی تێدا نییە کە ئەم تەوەرانە بە بەردیدی ئەوەوە زیتدەبنەوە: پەیوەندیی کشتیار-فیۆدال ی خۆرئاوایی لەنێو دەوڵەتی شانشینیدا لە لایەک، لێ پەیوەندیی کشتیار-دەرەبەگ/ئاغا لەنێو دەوڵەتی عوسمانی یان ئێراقیدا لە لایەکی دی، لێرەشدا بێگومان ئێراق وەک دەوڵەتێکی دەستکردی ئیمپریالیزمی خۆرئاوایی واتا بۆ پێوەخەریکبوون وەردەگرێت؛ پاشان: ئایا پەیوەندییەکان پێش بەئیسلامکردنی کوردان بە زەبری شمشێر یان بە ئیجرای سیاسی چۆن بوون؟ واتا لە سەردەمی زەردەشتێتیی ئەواندا کە مرۆڤ لە ویستی ئازادی خۆیەوە بڕیاری بۆ چاکە دەدا و دژی خراپە و بەدێتیی جڤاکی و هتد دەوەستایەوە، هاوکات کەسانی بەدەویی بیابانی وەک پیرۆز بەنێو هەست و ویژدانی ئەودا نەتەنێنرابونەوە؟ ئەوجا بەرەو پێش پرسیاری دی سەرهەڵدەدەن: لە ئەوروپا بۆرژوازی وەک چینی هاڤرکێکەری فیۆدال و پیاوانی ئایین هاتە مەیدانەوە، یان وەک گەشبین لە وەبەرهێناندا تەحەدای کرد و بە خەبات پەیوەندیی نوێی هێنایە گۆڕێ، لێ لە خۆرهەڵات شێوەی وەبەرهێنانی دەوڵەمەندانی شاری و گوندی، یان درەنگتر سەرمایەگەریی دەوڵەتی لەگۆڕێ بوون؛ ئەوجا: جڤاکی بەرهەمهێنەری شمەک لە لایەک، لێ جڤاکی بەرخۆری شمەک لە لایەکی دی؛ کەسێتیی کریستیانی لە لایەک کە بە رێنیسانس و پاشان رێفۆرماسیۆن گۆڕانی کرۆکیی بەسەردا هات و بوو بە فاکتەرێک بۆ ئاوەڵابوونی سەرمایەگەری و ڕاگەیاندنی ئازادیی سەبژێکتی ئاگامەند، لێ موسڵمان لە خۆرهەڵات کە سۆسیالیزەکردنێکی سووننەگەرا یان شیعەگەرای منداڵی هەیە، هەروەها فێرکارییەکی دەرخپێکەری بە ئاراستەی بەرهەمهێنانەوە هەیە؛ هەروەها: گریک و ڕۆمی ئەنتیکە وەک میراتی کولتووری و بەڕێوەبەرایەتی سیاسی و میلیتاری لای ئەوروپییەکان، لێ بەئارەبیکردنی ئیسلامییانەی مەبەستمەند و سڕینەوەی بە پلانی کولتووری گەلانی خۆرهەڵات لەوبەرەوە؛ ئاوەڵابوونی جڤاکی بە توێژاندن و برەودان بە ئاگایی چینایەتی، لێ لای کوردەکان یان بە گشتی ئێراقییەکان هێزی تیرە و هۆزەکان، بەوەش گرێدراویی کەس لەنێو “لۆیالێتی”ی خانەوادەیی و هۆزایەتیدا، و هتد. بێگومان سەرجەمی ئەم پرسیارانە پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نییە کە دوایەمین ئاستی لێهزرینە، کەواتە لێرە جارێ ناسیۆنالیزم و ئینتەرناسیۆنالیزم جێیان نابێتەوە، نەخێر، پرسیارەکان بایەخی تیۆری-مەئریفییان هەیە.

ئەوجا پرسێکی زۆر گرنگ هەر پابەند بە “ڕەوتە مێژووییەکەی مانیفێستی کۆمونیستی”یەوە ئەوەیە کە مرۆڤ ناچار دەبێت هاوکات ڕەچاوی شکانەوە یان ڕۆچوون یان بەڕبەڕیزەبوونی پەیوەندییە جڤاکییەکان بکات، بەڕبەڕیزەبوونیش تێگەیەکە بۆ بنەڕەتی ژیانییانەی “هەرکەس بۆ خۆی”، کە بۆ نموونە ئەمڕۆ بەڕوونی لەنێو کوردانی باشووردا، لێ باشترە سۆسیۆلۆگیانە ببێژین: لەنێو کوردانی ئێراقدا، ڕوخساری ڕوونی وەرگرتووە. ئێمە لەم ڕەوشەدا شکانەوە و چالاکبوونەوە، هەمواربوونەوە و درێژەپێدان، تەنانەت بەهێزتربوونەوەی خێڵەکێتیمان لەنێو دۆخگۆڕیی جڤاکیدا هەیە، کەواتە ڕەوشێک کە ڕاستەوخۆ سەبژێکتی شۆڕش و شیمانەکانی سەرهەڵدانی لەو دەڤەرەدا دەگرێتەوە. مرۆڤ بەم شێوەیە لە ڕەوتە ڕاستەوانەکەی “مانیفێست” جیادەبێتەوە، بەوەش دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیاری دی بۆ ئاوەڵاکردنی پرس و وەڵامی تەواو جیاواز، کە هیچ گومانی تێدا نییە دەشێت، وەلێ مەرج نییە، مێتۆدییانە لە تێگە بنەڕەتییەکانی خودی مارکسەوە دەربچێت.

هەروەها خەریکبوون بە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسی و ڕابەرە سەرەکییەکەیەوە کە لێنین بوو، تەنیا دەشێت ڕەخنەییانە لەنێو مێژوو و کولتوری ڕوسیدا خۆی ببینینەوە. لە لایەک سەردەمی هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشە زۆر دوورە لە سەردەمی ئەمڕۆمان، ئاخر شۆڕشەکە لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی بیستەمدا ڕووی دا، لە لایەکی دی شوێنی یان وڵاتی ڕودانی ئەو شۆڕشە ڕوسیا بوو کە وڵاتێکی تەواو نامۆیە بە کوردەکان، واتا وڵاتێکە کە ئایینێکی کریستیانیی ئۆرتۆدۆکسی هەیە و لە دابی دەسەڵاتداریی خۆیەوە شایەکی بە ناوی “تسار” هەبووە، کەواتە شۆڕشەکە هاوکات وەرگۆڕینی مۆنارشی بوو بۆ ڕێپوبلیک. لەم ڕوانگەیەوە دانانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسی وەک ئەزموونێکی مرۆڤایەتی و وەرگرتنی ئەنجامدەرانی وەک هاوڕێی خەباتگێڕانی ئەمڕۆ، هیچی دیکە نییە جگە لە تەرجومەکردنی حیکایەتی هۆنراوەی شەڕی خەڵاسهێنی بەدر و ئوحود و هتد بۆ ئەو شۆڕشە کە بە ستالینیزم گەیشتە لوتکە و بریتی بوو لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتێری خوێناوی کە تەنیا لە لایەنی جوتیارانەوە چەند ملوێنێک مرۆڤی کوشت.

لە بنەڕەتدا پرسی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسی “لە لایەک و بە تایبەتی” بۆ کەسێک بەواتایە کە گرنگی بە مێژووی ڕوسیا دەدات، یان دەشێت لە زانستگە فێرخوازی بەشی مێژوو بێت و لە هەر وروژێنێکەوە گرنگی بە مێژووی ڕوسیا بدات، ئەوجا گریگیدانەکەی تەنگتر بکاتەوە و گرێی بدات بە مێژووی سۆسیالدێمۆکراتییەوە لەو وڵاتەدا، پاشان ئەمیش سنووردارتر بکات بە چرکردنەوەی هزرین لە بۆلشەفیزم و سەرکردەکانی کە گرنگترینیان لێنین بوو، لە کۆتاییشدا بە نووسینی توێژینەوەیەک لەسەر شۆڕشی ئۆکتۆبەری ئەو وڵاتە بییەوێت خوێندنی زانستگەیی خۆی تەواو بکات.

لێ “لە لایەکی دی و بە لاوەکی” دەشێت بە نموونەی ئەو شۆڕشە پرسیاری رۆڵی کەسێتی لە گۆڕانکارییە جڤاکییەکاندا بوروژێنرێت، لێرەشدا دەربڕینی “دەشێت” هاوکات ئەو واتایە دەگەیەنێت کە خەریکبوون بەو شۆڕشەوە هیچ پێویست نییە بۆ خەباتگێڕی مارکسیستی ئەمڕۆ. لە بنەڕەتدا بەو شۆڕشە دەسەڵاتی مۆنارشی لە ڕوسیا تێکشکێنرا و لەجێی ئەو دەسەڵاتێکی کۆمارییانەی “بەناو” سۆڤێتی چێکرا، لێ بەو ڕێیەوە دەوڵەتی ڕوسی، کە پێشتریش پێگەیەکی بەرچاوی لە سیاسەتی جیهانیدا هەبوو، بەهێزتر بوو، بەڵێ کۆمونیستە ڕوسەکان تەنانەت پرسی شۆڕشیان کرد بە مۆنۆپۆلی خۆیان و چەندین دەیە لە ڕوانگەی خۆیان و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان جڵەوی بزاوتە سۆسیالیستی یان کۆمونیستییەکانی جیهانیان دەگرت.

وەلێ دەشێت شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسی بکرێت بە بابەتی خەریکبوونی ڕەخنەیی بە پرسی شۆڕش و ئاکامەکانییەوە، ئەوەش لە دوو ڕووەوە: پرسی بیرۆکراتی دوای سەرکەوتنی هەر شۆڕشێک کە بە زەرووری دەروونی شۆڕش دەتەنێت و گۆجی دەکات، ئەوجا پرسی رۆڵی کەسێتی لە مێژوودا. ئەم ڕووەی دووەم زۆر پڕواتایە، چونکە ئێمە لەم گۆڕانە جیهانییەدا هاوکات سەرێکی “خاوەن قەرار”مان هەیە. لە بنەڕەتدا شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە کەسی لێنین جیانابێتەوە، کەواتە زۆر دەشیا بەبێ ئەو ڕەوتێکی دیکەی وەربگرتایە. ئەم پرسەی رۆڵی کەسێتی لە مێژوودا بۆ کوردەکان(ی ئێراق و ئێران) زۆر جێی لێهزرینە، چونکە تا ئەمڕۆ یەک تاکە کەسێتیی مێژوویی خاوەن قەراریان تێدا هەڵنەکەوتووە، بەڵکو بەردەوام هێشتا هەر ئاگایی خێڵەکی-سروشتی باڵاترین توانستی قەراردانی هەیە، کە زۆر جێی سەرنجە! کوردەکان تا ئەمڕۆ خەون بە کەسێتیی قەرارمەندەوە دەبینن، بەڵی تەنانەت بەزۆر کاریزما بۆ خۆیان دادەتاشن (گەر قازی محەمەد کەسێتیی قەرارمەند بووایە نەک پیاوێکی دینیی ناوداری سادە، هەرگیز وا ئاسان “ڕێی نەدەدا” ملی بخرێتە پەتی قەنارەی عەجەمەوە و ببێت بە شەهیدی هەموو ئەو کوردانە کە مازۆخیستیانە شانازیی پێوە دەکەن و فۆتۆکەی هەڵدەواسن، بەوەش مەساجی دەروونی شانازی عەجەم دەکەن؛ یان گەر بزووتنەوەی “گۆڕان” سەرێکی سیاسەتمەداری خاوەن قەراری هەبووایە، ئەمڕۆ نەدەبوو بە مەهزەلەی سیاسی).

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: