گیا خۆڕسکە خۆراکییەکانی نیشتمیان

549
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئیرەج مورادی

کارناسی باڵای زانستی کشتوکاڵ (ماستەری کشتوکاڵ)

 

نیشتیمان پێناسێکی گەورە و گرانە لای هەموو تاکێکی دانیشتووی کوردستان و تەنیا واتای گڵ، ئاو و بەرد نادات. بەڵکوو چەندین ماکی دیکە وەکوو دار، دەوەن، گیا و گوڵ دەکەوێتە پاڵ ئەوانە. ئەگەر وشکەساڵی کاریگەری خراپ دادەنێ بۆ دروستبوونی هەژاری، قاتیساڵی و نەبوونی، ئەوە دابڕانی گڵ و بەرد و خۆڵیش لە پەیکەرەی نیشتیمان برینێکی قووڵە وەک شابرینەکەی عەفرین و کەرکووک.

دار و گوڵ و گیایش بە هەمان شێوە یەکێ لە پێناسە گرینگەکانی پەیکەرەی نیشتیمانی کوردە. فەوتانی هەر جۆرە گوڵ و دەوەن و داری خۆڕسک لە گڵ و ئاوی نیشتیمانی کوردەواری وەک قڕانی خێڵ و تیرە و هۆزێکی دانیشتووی کوردە لە کوردستان. ئەوانە بانکی ژێنێتیکی گەنجینەی کشتوکاڵی و سروشتی ئێمەن. میرات و توراسێکی گرینگە کە پاراستنی ئەرکێکی نەتەوەیی و ئاینی و ویژدانییە. با سەیرێکی کوێستانەکانی کوردەواری بکەین: کوا بیزا لە موکریان؟، کوا هەڵیز (هەڵز) لە هەورامان و ئەردەڵان؟ کوا!

خەریکە قڕان دەکەوێتە لووشە و کەنگر و ڕێواس و… با فریا بکەوین و نەکەوینە بەر هرووژمی نەفرەت و جنێوی مناڵەکانمان لە داهاتوو. وەک چۆن مەڕەسوور و گاکیفی و ئاسک و کەڵ و سوێسکە و مێشەسی چوونەتە ناو یادەوەرییەکان.

هیچ کات بەرهەم و گیا و گوڵی هاوردەی گوڵخانە و کێڵگە کشتوکاڵیەکان نابێتە دانیشتووی ڕەسەنی ئێمە. وەک چۆن کرێکار و کارمەند و پەنابەرە دەرەکیەکان نابن بە خەڵکی خۆجێیی ئێمە.

بەپێی ئەژماردن و پۆلێنبەندییەک لە ڕێژەی گیا خۆڕسکەکان نزیکەی ٢٥٠ جۆر لە خاکی کوردەواری تا ئێستە تۆمار کراوە. ئەو جەماوەرە کەوتووەتە ناو فەرهەنگی چێشت، خواردەمەنی، خواردنەوە، جوانکاری، پەروەردە، وێژە و…

ئەگەر گیای چنوور و شلێرە بفەوتن ئیتر گۆرانی (من کوڕە هەورامی پەروەردەی چنوور) و (شلێرە گیان شلێرە) نامێنێ. یا ئەگەر ڕێواس و گیلاخە نەمێنێ، چۆن دەتوانی نەوە و وەچەی نوێ تێ بگەینی کە (وەرزی ڕێواساو) و (شەرمە گیلاخە) چین. یا کەنگر و بیزا نەمێنێ ئیتر (کەنگر و ماست بە وەعدەی خۆی) و (پرچی وەک بیزا پەرێشانە) دەبێتە بابەتێکی خەیاڵی.

جیا لەمانە ئەو گیا خۆڕسکانە لە پاڵ نزیکەی ٤٠٠ – ٥٠٠ جۆر گیای دەرمانی بوونەتە گەنجینەیەکی بەنرخ و نایاب بۆ ئێمە. ئەگەر جەماوەری گشتی ڕوەکی کوردەواری تا ٣٠٠٠ جۆر بڕوات ئەوا لە فەرهەنگی بەکارهێنان و سوودوەرگرتنی ئێمەدا تا نزیکەی ٧٥٠ جۆر ناسیاوە و ئاشنایە.

ئەگەر لە ڕوانگەی ئایینەوە دەوترێ، ئامانج لە خولقانی مرۆڤ دوای پەرستن و ناسینی پەروەردگار، ئاوەدانکردنەوەی سەرزەوییە. ئەوا قڕنەکردنی بوونەوەرانی سەرزەوی لەلایەن مرۆڤەکانەوە گەورەترین ئاوەدانییە.

کەواتە دەبێ هەوڵی ئێمە بۆ ئاوەدانی و خزمەت بە سروشت و بەگشتی ژینگەپارێزی بەرەو ئاراستەیەک بڕوات لە ژمارەی گیا سوودبەخشە دەرمانی و خۆراکیەکان کەم نەکرێتەوە. بەڵکوو لە باقی ٢٣٠٠ جۆری دیکە بخرێتە ژێر ڕکێفی سوود و خواردن.

بەداخەوە ئەوەی دەیبینین ئەمەیە:

– بەهاره و وەرزی خواردنی گیابەهارییەکانە. کەوشکارەکان بەوپەڕی کەمتەرخەمییەوە هەوڵ ئەدەن هەرچی بەرپەلیان دەکەوێ هەڵیبکەنن و لە بازاڕی شارەکان بیفرۆشن.

– زۆرینەی حەکیم و گیادەرمانەکان تەنیا پشتیان بەستووە بە ڕوەکی خۆڕسک و هەر ڕۆژێک دەڕوا لە ڕێژە و ژمارەیان کەم دەبێتەوە و قاتوقڕی کەوتووەتە ناویان.

– لەبری ئەوەی دڕک و داڵەکان کە ژمارەیەکی بەرچاوی جەماوەریی فلۆرای نیشتیمانن و بخرێنە ژێر ڕکێفی خواردن و بەکارهێنان، چینی گوڵی ناسک و هەستیار و تەرچک کەوتوونەتە بەر هرووژمی نەمان و قڕان و فەوتان.

ـــ هەستی بەرپرسیاری بەرامبەر بە ژینگەی کوردەواری وەک دایکیی گشتی لە کەمترین و نزمترین ئاستی خۆیدایە.

لەم بارەوە قسە زۆرە. ئەوەی پێویستە بۆ گوێگر و خوێنەری بەرپرسیار گوترا. هیوادارم ئەوەی هەستی بەرامبەر ئەو نیشتیمانە جوانە هەیە، لەبەر خۆیەر قۆڵی لێ هەڵماڵێ و تا بۆی دەکرێ هۆشیاری بداتە چینەکانی کۆمەڵگا و ئاگەداری پێناسەکانی نیشتیمانەکەی بێ.

“نیشتیمان هەردەم ئاوەدان”.

بڵاوکردنەوە: