بیرۆکەی پانۆکتیکۆن و ئاسایشی ڕەھا

487
0
بڵاوکردنەوە:

پەرتووکی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێل بە نموونە

نووسین و ئامادەکردنی: شایان ڕەفیق

 

پێشەکی:

جێرمی بێنتام فەیلەسووفی ئینگلیزی لە ساڵی ١٧٨٠ بۆ یەکەمین جار بیرۆکەی پانۆکتیکۆن دەخاتە بەر باسە فەلسەفییەکانی و قسەی لەسەر دەکات، سەرچاوەی بیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازادییە ڕەھایەی جێرمی بێنتام و فەیلەسووفانی ڕۆشنگەریی باوەڕیان پێی ھەبووە. لەڕووی کردەییەوە بە پێی ھەندێک سەرچاوە؛ جێرمی بێنتام خاوەنی بەرەوپێشچوونی بیرۆکەکە نییە، بەڵکوو لەلایەن براکەی، سامویل بێنتامەوە گەشەی پێ دراوە.

کە داوای وەستاندنی لێدان لە منداڵان لە قوتابخانە تاکوو ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانیان کردووە، ئەمەش وەک ھەنگاوێکی مرۆڤدۆستانە بۆ گۆڕینی ناوەندە جیاوازەکان وەک ناوەندێکی چاکسازی کە دەشێت تاکەکان چاودێری بکرێن و گرنگیان پێ بدرێ. پڕۆژەکە پرۆژەیەکی گشتگیر بووە و ناوەندەکانی خوێندن، نەخۆشخانەکان، یانەی چاودێری ھەژارانی گرتۆتەوە، بەڵام زیندانەکان وەک ناوەندی سەرەکی بۆ بەکردەییکردنی پانۆکتیکۆن (panopticon)وە گۆڕینی لە ناوەندێکی ئەشکەنجەدانەوە بۆ ناوەندێکی چاکسازی مرۆڤەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ کۆمەڵگا بەکارھێنراوە.

بیرۆکەکە بریتییە لە ستراتیژێکی چاودێری نادیار کە گەشە دەکات تاکوو تاکەکانی کۆمەڵگا دەبنە چاودێر بەسەر خۆیانەوە بۆ نەھێشتنی ئەشکەنجە لەناو زیندانەکان. ئەم فەیلەسووفە نەخشەیەکی کێشا کە تێیدا زیندانەکان بە شێوەی گۆیی وێنا کراون و لە ناوەندیشدا تاوەرێکی بڵند high center Tower بە شێوەیەک کە ئەو کەسەی لەسەر تاوەرەکە چاودێری زیندانییەکان دەکات نەبینرێ، ئەمەش کۆنتڕۆڵ کردنی عەقڵە گوناھکارەکان یان تاوانبارەکان بوو بە یەک عەقڵ. ھاوکات بیرۆکەیەکی بەڕێوبەری تۆکمە بووە بۆ خەرجی کەم و ئاسایشی بەردەوام.

بە پێی ڕای بێنتام بۆ دروستکردنی ھەستی چاودێری بەردەوامیش دوو ئامڕاز پێویستە:

  • چاودێر دەبێت لە ناوەنددا بێت
  • چاودێری بکات بەبێ ئەوەی ببینرێ

ئەم بیرۆکەیە بەڕاستی جێبەجێ کرا لە نموونەی بەندینەخانەی (Harlem) و (Breda) لە سویسرا، بەڵام  ھەردوو بەندینخانەکە ئێستا داخراون. نموونەیەکی دیکە لەم جۆرە گرتووخانەیە(del’eau)یە لە کوبا کە پێکھاتووە لە پێنج باڵەخانەی گۆیی کە “فیدڵ کاسترۆ” و “ڕاول کاسترۆ” بۆ ماوەیەک تێیدا دەستبەسەر بوون، ئەم بەندینخانەیەش بەھەمان شێوە ئێستا داخراون.

لە پاشان بیرۆکەی بیناسازی پانۆکتیکۆن گەشەی پێ درا لە سەردەمی نوێدا و لەسەر دەستی فەیلەسووفی فەڕەنسی میشێل فۆکۆ، کە ئەو پێی وایە ھێز بریتی نییە لە شت thing بەو واتایەی شتێکی بینراو و دەست لێ دراو نییە، بەڵکوو لە چاوی فۆکۆدا پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان ئامرازێکی گرنگترە بۆ دروستکردنی ھێز. فۆکۆ باوەڕی وابوو ئەم بیرۆکەیە مرۆڤ دەخاتە باروودۆخی خودچاودێریی، ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی بارودۆخێک کە فۆکۆ پێی دەگوت social quarantine (کەرەنتینی کۆمەڵایەتی / کۆمەڵگەی) کە سەرچاوی بیرۆکەکەی لە بڵاوبوونەوەی تاعونی ڕەش لە ئەوروپا سەرچاوە دەگرێ، ئەمەشی وەک ڕێگایەکی نوێ پێناسەکردووە بۆ discipline جێگیر کردنی ھێز. ئەو باوەڕی وایە ئەم ھێزە نوێیە infinity بێکۆتایە. بەم گریمانەیە مرۆڤ لە ھەموو شوێنێک لە ژێر چاودێریدایە ئەمەش بارودۆخێک دەڕەخسێنێت کە تێیدا ئاسایشی ڕەھا بەدی دێت، کە ئامانجی لەپێشینەی حکوومەتە تۆتالیتارەکانە لە پێناو مانەوەی ھێز و دەسەڵات، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرن و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا لە وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی post industrialized countries پرۆسەی چاودێریی ئاسانتر و وردتر کردووە بە شێوەیەک مرۆڤ لەوپەڕی تەنھایدا بەتەنھا نییە.

ھەر لە چاودێریکردنی شوێن تاکوو پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، ئەمەش بیرۆکەکەی گەیاندووەتە ئەوپەڕی خۆی.

بەڕای فۆکۆ ئامانجی لەپێشینەی پانۆکتیکۆن چڕکردنەوەی ھەموو بەرەوپێشچوونە تەکنەلۆجیەکانە لەسەر دیسەپلینکردنی تاکەکان لە کۆمەڵگەدا. ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگاکان لە پێش-پیشەسازبوون pre-industrialized بۆ پاش-پیشەسازبوون post-industrialized یان بە واتایەکی دیکە گۆڕانی سیستەمی دەرەبەگایەتی بۆ سیستەمی بۆرجوازی پایتەختخوازی

پانۆپتیزم وەک چاوی چاودێری حکومەتەکان وایە، ئەمەش تاکوو ببێتە ھۆی دروستکردنی ژینگەی چاودێری ژێربەژێری پلانگێڕیەکان و کۆنتڕۆڵکردنیان، ئەمەش لە سوودی حکومەتەکانە و مانەوەی دەسەڵاتەکان ھەروەھا ئاگادار بوون لە تەواوی جموجوڵەکان لە ئەگەری ھەر پشێوی و پلانێک یانیش شۆڕشێک.

لە دوای شەڕی جیھانی دووەمەوە کۆمەڵگای دیسەپلینی جێگای خۆی داوە بە کۆمەڵگەی ژێر کۆنترۆڵ، کۆمەڵگایەک کە تاکەکان لەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵدان بەڵام نەک لە شوێنێکی داخراو یان لە کاتێکی دیاری کراودا بەڵکو لە ھەموو شوێنێک و ھەموو کاتێک.

لە کۆمەڵگای مۆدێرن و ژێر کۆنترۆڵدا ئامڕازەکان بگۆڕن و زمانەکەش ئەلکترۆنییە فۆکۆ بە شێوازی خۆی دەری دەبڕێ و پێی وایە کە “دۆخی خودوشیاریی و دیتنێکی ھەمیشەیی، کارپێکردنی ئۆتۆماتیکی ھێز دڵنیادەکاتەوە.”(Foucault, 1975, p.201).

ھاوکات فۆکۆ بە شێوازێکی دیکە ناساندن بۆ ئەم چەمکە دەکات کە پێی وایە پانۆکتیکۆن وەک ڕژێمێکی ناوەکی مرۆڤە کە لە دەرەوە ناسەپێندرێت بە سەریدا، یاخود ئاڕاستە ناکرێت، بەڵکوو ھزرێک یاخود بارودۆخێکی ناوەکی دەرونییە کە مرۆڤ دەبێتە چاودێر بەسەر خۆیەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا چاودێری کردن دەکرێ تەنھا لەلایەن حکومەتەکان و دەسەڵاتەوە نەبێ، دەکرێ کۆمپانیاکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەی بە زانیارییە تایبەتەکان ببەن و تەواوی داتا و زانیاریەکان کۆبکەنەوە.

ھەربۆیەش سەرھەڵدانی ڕەگەزێکی دیکەی ئاسایش کە لێکەوتەی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجییە ئەویش ئاسایشی ئەلکترۆنی cyber security یە کە ئامانج لێی بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی ھەر ھێرشێکی تەکنەلۆجییە بەتایبەت لەلایەن دەزاگاکانی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتان دێتە بەکارھێنان.

ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە دەکرێ لەم سەردەمەشدا بیرۆکەی panopticon ببێتە ڕاستی و کارپێکراو لە ڕێگەی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجی، ھەرچەندە بیرۆکە بیناسازییەکە ھەرگیز کاری پێ نەکرێ.

 

ڕووداو و لێکدانەوەکانی ١٩٨٤:

ڕۆمانی ١٩٨٤ یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکانە کە بە پێی گۆڤاری (the time)ی ئەمریکی بە یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکانی سەد ساڵی ڕابردوو دادەنرێت، ڕۆمانەکە وەرگێڕدراوە بۆ ٦٥ زمانی زیندووی جیھان، ئەمەش گرنگی و وردی ڕۆمانەکە نیشان دەدات. ئەو زمانەی کە ڕۆمانەکەی پێ داڕێژراوە زمانێکی سیاسی تەنزئامێزە، باس لە سەردەمێکی دیاریکراوی جیھان دەکات ئەمەش وای کردوە کە ڕۆمانەکە بە شاکارێکی ئەدەبی جیھانی دابنرێ و لە لۆکاڵیبوون دەربازببێ و ببێتە ئەدەبێکی جیھانی.

ناوچە جوگرافییەکانی ڕۆمانەکە ئاماژەن بۆ جیھانی دوای جەنگی دووەمی جیھانی کە ئۆروێل جیھانی دابەش کردووەتە سەر سێ بەش:

  • ئۆسیانا (Oceania) کە ئاماژەیە بۆ وڵاتانی سۆشیالیستی ئینگلیزیی کە بەریتانیا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور، ئوستوڕاڵیا و ئەفریقا باشوور دەگرێتەوە.
  • ئۆراسییە (Eurasia) کە ئاماژەیە بۆ فکری بەڵشەفییەکان و شویعیەتی ڕووسی ناوچەکانی ڕووسیا و ئەوڕوپا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیایش دەگرێتەوە.
  • ئیستاسیا (Eastasia) سیستەمەکەیان عەشقی مەرگ یان خۆفەوتاندنە. ئەم بەشە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایی دەگرتەوە، وەک وڵاتانی چین و یابان و کۆریا و ڤێتنام …هتد.

بە واتایەکی دیکە ئۆروێل لە ڕێگەی جوگرافیای زەویەوە جیھانی دابەشی سێ ئایدۆلۆژیا کردووە، ھەر بۆیەش ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەكە لە پایتەختی ئۆسیانیا ڕوو دەدەن. شایەنی باسە جۆرج ئۆروێڵ لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی دەڵێت: ”فەزای گشتیی چیرۆکەکەم لە بەریتانیا ڕوو دەدات، ئەمە بۆ ئەوەی پیشانی بدەم ئەو وڵاتانەی ئینگلیززمانن، دوور نین لەوەی ئەم جۆرە شتانە تێیدا سەرهەڵبدات. دیکتاتۆرییەت، ئەگەر دژی نەجەنگی ئەوە دەتوانێت لە هەر شوێنێک بێت، سەربکەویت.” ئەمەش پەیامی ئۆرویڵ ڕووندەکاتەوە بەوەی ئازادی دەبێ بۆی بجەنگیت چونکە ھەمیشە ئەگەری زەوتکردنی ماف و ئازادی بەردەوامە.

ڕۆمانەکە بە شێوازێک داڕێژراوە کە خوێنەر دڵنیا نییە باس لە چ حکومەتێکی سەردەمی ئۆروێل دەکات، ھەندێک پێیان وایە کە ئاماژەیە بۆ حکومەتی نازیی ئەڵمانی ھەندێکی دیکە لەو بڕوایەدان کە نوێنەرایەتی دۆخی حکومەتەکەی ستالین دەکات لەسەردەمی یەکیەتی سۆڤیەت، بەڵام ئەوەی جیاوازە لە ڕۆمانەکەدا خەڵکی تەنھا چاودێری کارەکانیان ناکرێ بەڵکو چاودێری بیرکردنەوە و خەیاڵەکانیشیان دەکرێ.

زمانی ڕۆمانەکە  تا ڕادەیەک ئاڵۆز و سیمبولیکئامێزە و ھەر یەک لە دروشمەکان کە لە ڕۆمانەکەدا بەکار ھاتوون  بە پێچەوانەی مەبەست بەکار ھێنراون بەم پێیەش “زمان ھەم ئامرازێکە کە بەھۆیەوە بیر دەکەینەوە، ھەمیش ناوەندێکە بەھۆیەوە ئێمە قسە و مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەین”(Andrew, 2007, P.11)

درووشمەکانی حزب کە سەرەکیترین دروشمی ناو کتێبەکەن ئەمانە بوون: ”شەڕ ئاشتییە. کۆیلایەتیی ئازادییە. نەزانی هێزە”، هەروەها درووشمێکی تری حیزب ئەوە بوو کە دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج (2 +  2 =5)، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو شوێنێک نووسرا بوو ئاگاداربە ”ڕێبەری گەورە” چاودێریت دەکات ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە سیاسییەکان کەمتر گرنگی بە وردەکاری زمانی قسەکردنیان دەدەن و زیاتر بایەخ بەبەھای پروپاگەندەی زمانەکەیان دەدەن، کەواتە زمان ڕێگایەک نییە بۆ مامەڵە و قسەکردن بگرە چەکێکی سیاسیشە.

ئەمانە بەناو هەموو قوژبنێکی کۆمەڵگەدا بڵاوکرابوونەوە، کۆمەڵگەی ناو ڕۆمانەکە لە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی ڕێبەری گەورە و سیستەمی سۆسینگ کە مەبەست لێی سۆشیالیستی ئینگلیزییە، دابەشی سەر سێ پێکهاتە بووە.

پلەدار و بەرێوبەرانی حیزب ٢%، لایەنگر و ئەڵقەلەگوێکانی حیزب کە ڕێبەری گەورە و حیزبیان بەهەموو شتێک دەزانی و لە دەسەڵاتی دەرنەدەچوون ١٣% کۆمەڵگەیان پێکهێنابوو. بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەش لە پرۆلیتار و ڕەنجدەران پێكهاتبوو ڕێژەکەی ٨٥% بوو. هەر ئەمەش وای دەکرد وینستۆن سمیت تاکە هیوای بۆ ئازادیی و ڕووخاندنی سیستەمەکە پرۆلیتاریا بێت و دەیگووت: ”گەر هیوایەک هەبێ، تەنها پرۆلیتارە”.

“وینستۆن سمیت” کارکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە و ئەو پیاوەیە کە لە دەسەڵاتی ڕێبەری گەورە بێزارە، بیری ئازادی و هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵاتی ڕێبەری گەورە لە مێشکیدا چەکەرە دەکات، سمیت لە وەزارەتی ڕاستی کار دەکات و ئەو وشە و چەمکانە بەرھەم دەھێنێت کە حزب فەرمانی پێ دەکات بە دروشمی” ئەوەی ڕابردووی کۆنتڕۆڵ کردووە، داھاتووش کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەوەی ئێستا کۆنترۆڵ بکات ئەوا ڕابردووی کۆنترۆڵ کردووە”.

ھاوکات وەک لە ڕۆمانەکەدا ئاماژەی پێ دراوە  لە ڕێگەی ئامێرێک کە پێی دەگوترێ بێژە و بنووسە (speak-write) ھەر وەک ئۆروێڵ لەسەر زاری وینستۆنەوە بەم جۆرە وەسفی دەکات(دەقیقە بە دەقیقە ڕابردوو نوێ دەکرایەوە بەو پێییە، کەس نەیدەتوانی بەپێی بەڵگەنامە ڕاستدەرنەچوونی پێشبینیەکانی حزب بسەپێنێ” (1984, p.55)

کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەرخەری ئەوەیە کە ڕێبەری گەورە و حزبەکەی لە داھاتوو ترساون و دەستکاریکردنی مێژوو لەلایەن حیزبەوە بەشێک لە دابینکردنی ئێستا و ئایندەبووە. ئۆروێل له‌ زمانی وینستۆنه‌وه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌خاته‌ ڕوو ده‌نووسێت: ڕابردوو نه‌ك هه‌ر گۆڕاوه‌ و به‌س، به‌ڵكوو ڕووداوه‌كان خۆبه‌خۆیی خۆیان سڕاونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌سه‌پێنرێت. سه‌پاندنی بیروبۆچوون یه‌كێكیتره‌ له‌سیما هه‌ره‌ دیاره‌كانی دیكتاتۆر، ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕێی ئه‌وه‌وه‌ هه‌موو كه‌سێك بكاته‌ كۆیله‌ی خۆی تا كڕنووشی بۆ به‌رن. لێره‌شدا تاك ده‌سڕێته‌وه ‌و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێته‌ مێگه‌لێك. ئۆروێل خه‌می سه‌ره‌كی ونبوونی تاك بووه‌ له‌نێو گه‌مه‌كانی حزب و ڕێبه‌ری گه‌وره‌دا. ئه‌م نووسه‌ره‌ له‌ وتارێكدا نوسیویه‌تی: كێشه‌ی سه‌ره‌كی سه‌رده‌می ئێمه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی باوه‌ڕه‌ به‌ مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی تاك.

یەکێک لە ھەرە کۆدە زمانەوانییە بەھێزەکانی دیکە کە ئۆروێڵ بەکاری ھێناوە لە ڕۆمانەکەدا باس کردنی چوار وەزارەتە کە حکومەتی ئۆسیانیا Oceania بەڕێوەدەبەن ئەوانیش وەزارەتی ڕاستی کە وینستۆن کاری تێدا دەکات، بەرپرسی پەروەردە و زمان و پروپاگەندەیە، وەزارەتی خۆشەویستی کە بەرپرسە لە  یاسا و ڕێکوپێکی و بە مەترسیدارتین وەزارەت دادەنرێ لە ڕۆمانەکەدا و، وەزارەتی ئاشتی کە بەرپرسە لە شەڕ و وەزارەتی فراوانی (زۆریی) کە بەرپرس بوو لە دابینکردنی خواردن و سەرچاوەکانی، ناوی وەزارەتەکان بە تەواوی پێچەوانەی کاری وەزارەتەکان بوو بەڵام لە ڕاستیدا وەزارەتی ئاشتی خەریکی شەڕە و وەزارەتی ڕاستی سەروکاری لەگەڵ درۆدا ھەیە وەزارەتی خۆشەویستی ئەرکی ئەشکەنجەدانی لە ئەستۆدایە و، وەزارەتی فرەیی (فراوانی) سەروکاری لەگەڵ قاتووقڕی و قەیراندا ھەیە.

ئەو زمانەی کە لەلایەن سیاسییەکانەوە بەکار دێت قسەخۆشی euphemism دەگۆڕێت بۆ فۆڕمێکی ھونەری ئەوتۆ، ئەوکاتانەی دەچێتە دونیای قسەی سەیر و سەمەرە و قسەی نوێ newspeak وەک نموونەی وەزارەتی ڕاستی کە شەر واتە ئاشتی و ئازادی واتە کۆیلایەتی و نەزانی ھێزە. لێرەدا زمان ڕەنگدانەوەی پێکھاتەی دەسەڵاتە لەنێو کۆمەڵگەدا (Andrew, 2007, P.13)بەڵام، ھەموویان قبووڵکرابوون بەھۆی زاڵبوونی دۆکتیرینی doublethink (باوەڕی دوو فاقا/ دوو جەمسەری) کە بیرکردنەوە بە جیاوازی یان ھەبوونی بۆچوونی جیاواز سزاکەی مردن بوو، حزب دەیتوانی ئەمە بکات لەبەرئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی زانیاریەکانی کردبوو کە بڵاودەکرانەوە لە ڕێگە جیاوازەکانی ڕاگەیاندنەوە، سەرەڕای ئەوەی کە مێژوو بەتەواوی دیارنەبوو واتە خەڵک نەیاندەتوانی پەی بەوە ببەن کە لە چ سەردەمێک دەژین کە وینستۆن سمیت خۆی لەم وەزارەتە کاری دەکرد.

”جولیا” کچێکە ئەندامی حیزبە، بەڕواڵەت خۆی وەک دڵسۆزی حیزب پیشان دەدات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا وا نییە، بەڵکوو دژی دەسەڵاتی ڕێبەری گەورەیە. جوڵیا ئەندامی ڕێخراوی لاوانی دژە سێکسە، کەچی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ چەندان ئەندامی حزب دەبەستێت و دواتریش لەگەڵ وینستۆن سمیت پەیوەندی خۆشەویستیی و سێکسیی دەبەستێت. ”ڕێبەری گەورە” سەرۆکی حیزبە، وێنە و پۆستەرەکانی لە هەموو شوێنێک هەیە، لە فەرمانگە، شەقام و هەموو ماڵێکدا هەڵواسراوە، جگە لەمە بە تەلەسکرین چاودێری هەموو جوڵەیەکی مرۆڤ دەکات، هەمیشە ئەم ئاگادارییە بڵاودەکرێتەوە کە ڕێبەری گەورە چاودێریت دەکات.

لە ڕۆمانەکەدا ئازادی داگیرکراوە لەلایەن چاوەکانی ڕێبەری گەورەوە و تەلەسکرین و دروشمەکانی حزب ھەموو شوێنێکیان تەنیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وینستۆن و جولیا پەیوەندی دروست دەکەن و دژی حزب کاردەکەن، بۆ ھەر یەکتربینینێک چەندین کیلۆمەتر دەبڕن تاکوو لە تەلەسکرینەکان دوور بن یاخود لە ترسی پۆلیسی خەیاڵ، چونکە دروستکردنی پەیوەندی نێر و مێ دژی یاساکانی حزب و گوتەی ڕێبەری گەورەیە. سەرەڕای چاندنی تۆوی سیخوڕیی له‌نێو هه‌موو چینوتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵدا و هه‌تا له‌ناو خێزانه‌كاندا خودی منداڵەکەیان به‌سه‌ر دایك و باوكه‌وه‌ ده‌كرد به‌ چاودێر و بۆ مه‌به‌ستی سیخوڕیی به‌كاریان ده‌هێنا. ئۆروێل له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌نوسێ‌: منداڵیان به‌پێی به‌رنامه‌ی خۆیان په‌روه‌رده‌ ده‌كرد بۆ سیخوڕیی به‌سه‌ر دایك و باوكی خۆیانه‌وه‌، به‌ڕاستی خێزان ببوو به‌ به‌شێكی سه‌ر پۆلیسی خه‌یاڵ.

پۆلیسی خه‌یاڵ لەشكرێك پۆلیسی نهێنین و حزب بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بیركردنه‌وه‌ و ڕه‌فتاری هاوڵاتیان و كه‌س نه‌توانێت نهێنی هه‌بێت و دواجار كه‌س توانای بیركردنه‌وه‌ی جیاوازیشی نامێنێت، یان ترس له‌به‌رامبه‌ر بیركردنه‌وه‌دا دروست ده‌بێت ئه‌م ترسه‌ كه‌ له‌ڕێی پۆلیسی خه‌یاڵه‌وه‌ دروست بووه‌، كاری سه‌ره‌كی كوشتنی هه‌ستی تاكه‌كه‌سی و بوونی هه‌موو بوویه‌كی تایبه‌تییه‌، بوونی ده‌فته‌رێكی یاداشت چه‌ند ساده‌و ساكاربێت له‌هه‌مانكاتدا یه‌كێكه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌ترین شته‌كان و پێشێلكردنی سنووری یاساكانی ڕێبه‌ری گه‌وره‌یه‌.

یەکێکی دیکە لە ئەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە ناوى ئۆبراینە، لایەنگریى نهێنیى حزب بوو، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە پلەى زۆر بەرزترە لە وینستۆن، هەر بۆیەشە وینستۆن زۆر لێى دەترسا.

پاشان وینستۆن و جولیا لەلایەن پۆلیسی خەیاڵ و ئۆبراینەوە دەستبەسەر دەکرێن لە پای لەڕێلادانیان لە پایەکانی ڕێبەری گەورە و پلاندانانیان بۆ لەناوبردنی حزب و، دژایەتیکردنی دروشمە چەقبەستوەکانی حزب و کۆمەڵگا. کاتێک وینستۆن پەی دەبات بە نهێنى و قەدەغەكراوەكان، بە تایبەت لەو ساتەوەى جولیا پارچە كاغەزێكى بچووك دەداتە دەستى وینستۆن، كە تێیدا نووسراوە (خۆشم دەوێى) ئەم وشەیە بە تەواوەتى قڵپى دەكاتەوە و دنیاى وى دەهەژێنێ و باوەڕ بەوە ناكا كەى كاتى ئەوە بێ پێوەندیى پێوە بكا، بەڵام ئەو كارە زۆر قورس و ترسناكە، بە ڕادەیەك كە ناتوانن دوو وشەى تەواو بە یەكتر بڵێن، لەبەر سیخوڕیی ئەو هەموو کامێرا شاراوەیەى كە لەئارادایە، تا دەتوانن لەكۆتاییدا هەر چۆنێ بێ ژووانێك لە گوند ڕێك دەخەن، لێرەوە چیرۆكى ئەو عەشقە شێتانەیە دەست پێ دەكا، ئەو ئەوینە زۆر بەختەوەریان دەكات، بەڵام لەسەر حسابى ژیانیان دەبێ، چونكە لەوانەیە لەسەرى زیندانی بکرێن یان بكوژرێن.

ئۆبراین خۆی وا نیشان دەدات کە لە ھەڵگەڕاوەکانی حزبە تاکو بتوانێ لە جولیا و وینستۆن نزیک ببێتەوە و زیاتر پەی بە پەیوەندیەکەیان ببات، بۆیە ڕۆژێک ئۆبراین كتێبێكیان پیشان دەدا و دەڵێ: هەموومان ئەم كتێبەمان خوێندووەتەوە، كە باسى ئەوە دەكا ئەم شتانە بۆ ئاوها دەڕۆن، وینستۆنیش كتێبەكە دەخوێنێتەوە و مێشكى داگیر دەكا، بۆ بەدبەختیش وەختێ لە خوێندنەوەى كتێبەكە تەواو دەبێ، پۆلیسی سیخوڕ وینستۆن و جولیا دەگرن و دەیانبەن بۆ وەزارەتى خۆشەویستى، تا لەوێ لە بەرانبەریدا ئەشكەنجەیان بدەن، لێرەوە دەردەكەوێ كە ئۆبراین هەڵگەڕاوە نەبووە و داوی بۆ ناونەتەوە.

كاتێك وینستۆن زیندانی ده‌كرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له‌ ئۆبراین ده‌پرسێ‌ (ڕێبه‌ری گه‌وره‌ بوونی هه‌یه‌) ئۆبراین ده‌ڵێت: دیاره‌ حزب هه‌یه‌ و ڕێبه‌ری گه‌وره‌ سمبولیه‌تی. پاشان وینستۆن ده‌ڵێت: وه‌ك من هه‌م ئه‌ویش وا هه‌یه‌. ئۆبراین ده‌ڵێت: تۆ نیت؟! گوتنی ئه‌م قسه‌یه‌ هه‌ر وا ساده‌ نییه‌، به‌ڵكوو پڕ له‌ ئاڵۆزییه‌، واته‌ هه‌ر كه‌سێك هاوشێوه‌ی دیكتاتۆره‌كان بیرنه‌كاته‌وه‌ بوونی نییه‌ و ته‌نها هاوبۆچوونه‌كانی حزب بوونیان هه‌یه‌. وینستۆن پاش ڕامانێك ده‌ڵێت: له‌و باوه‌ڕه‌دام من بوونم هه‌بێت. ئاگاداری پێناسه‌ی خۆمم. هاتوومه‌ته‌ دنیاوه‌ و له‌ دنیاش ده‌ڕۆم. ده‌ست و پێم هه‌ن. بۆشاییه‌ك پڕ ده‌كه‌مه‌وه‌. ده‌بینین وینستۆن گومان له‌ بوونی خۆی هه‌ست پێ دەکات، به‌ڵام دڵنیاشه‌، كه‌ هه‌یه‌. بێگومان ئه‌م خاڵه‌ كرۆكی فیكری تۆتالیتاریزم ده‌خاته‌ ڕوو و ئۆبراین ئه‌وه‌ش به ‌وینستۆن ده‌ڵێت: ده‌سه‌ڵاتی حزب هه‌میشه‌ییه‌، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی خه‌یاڵی خۆت تۆمار بكه‌. هه‌روه‌ها ئۆبراین ده‌ڵێ‌: “حزب ته‌نها له‌ پێناوی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وێ‌، حه‌قتان به‌سه‌ر خێروبێری خه‌ڵكه‌وه‌ نییه‌”.

لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ حزبه‌كه‌ی ڕێبه‌ری گه‌وره‌ ته‌نها خه‌می پاراستنی كورسی ده‌سه‌ڵاته‌ و گرنگ نییه‌ چی له‌وڵاتدا ده‌گوزه‌رێ‌. دوژمنی حزبیش ته‌نها ئه‌وانەن،‌ كه‌ جودا له‌ حزب بیرده‌كه‌نه‌وه ‌و ده‌یانه‌وێت به‌شوێن حه‌قیقه‌تی تردا بگه‌ڕێن، چونكه‌ حه‌قیقه‌ت ته‌نها ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه‌، كه‌ حزب باوه‌ڕی پێیه‌تی. بۆ نموونه‌ نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌(2+2=5) ئه‌مه‌ په‌سه‌ندكراوی حزبه‌ هه‌ر كه‌س بڵێت: (2+2=4) ئه‌وه‌ له‌ پرنسیپه‌كانی حزب لایداوه ‌و حه‌قیقه‌تی(2+2) ته‌نها پێنجه‌. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌یان كه‌س له‌زیندانه‌كاندا ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن وینستۆنیش كه‌سێكه‌ له‌وانه‌ و ئه‌و سه‌ره‌تا هه‌ر ده‌ڵێت: (2+2=4)، به‌ڵام ئۆبراین ده‌ڵێت: (2+2=5) دواجار له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا حه‌قیقه‌تی حزبی پێده‌سه‌لمێنێ‌ كه ‌(2+2=5) وینسۆن ده‌ڵێت: ده‌كاته‌ هه‌زار. ڕێبه‌ری گه‌وره‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ بخاته ‌ڕوو، كه‌ یه‌ك سه‌رده‌م نه‌بێ‌،‌ حزب له‌سه‌ر حه‌قه‌ سه‌رده‌می تر بوونی نییه‌. نموونه‌ی حزبی دیكتاتۆری له‌ هه‌ر جێیه‌كی دونیادا بێت وه‌كوو یه‌كه‌. سه‌دام حسێنی دیكتاتۆریش هاوشێوه‌ی ڕێبه‌ری گه‌وره‌ مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد و ته‌نها هاوبۆچوونانی ئه‌و ده‌یانتوانی ببن و ئه‌وه‌ی جودا بوایه‌ له‌ بیری ئه‌و، بوونی ده‌سڕایه‌وه‌، واته‌ سڕینه‌وه‌ی بوونه‌ جیاوازه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ دیاره‌كانی سیستمی تۆتالیتاری.

لەكۆتاییدا وینستۆن بەتەواوى وێران دەكەن، لە ژوورى 101 بە خراپترین و سەیرترین شێوە ئەشكەنجەى دەدەن و سەرى دەخەنە ناو قەفەزێكەوە و مشكى تێ بەر دەدەن، وینستۆن ئەوەندە دەترسێ هاوارى دەكرد، ئەمە بە جولیا بكەن بە من نا، هەرچەندە ئەم كردارە بەلاى وییەوە  گەورەترین خیانەت و ناپاكی بوو بەرامبەر بە گرنگترین كەسى ئەنجامی دەدا، ئیدى دواى  ئەو فشارانە حكوومەت دڵنیا بوو لەوەى، كە دوایین زەرە كەرامەت و پاكى لێ داماڵى، بۆیە خۆى و جولیا ئازاد دەكەن و وەك دوو كەسى تێكشكاوى ناو كۆمەڵگە و پۆلیس و سیخوڕى  دەوڵەتیش لەوە بەدواوە هیچ بایەخیان پێ نادەن.
دواى ئەو كارەساتە، وینستۆن لە ڕوویەكەوە زۆر گۆڕانى بەخۆیەوە دیت، ئەوەش ڕەنگدانەوەى ئەو بارە ناهەموارە بوو كە بەسەریدا تێپەڕى، ئەو نەیدەویست تەنانەت بیریش لە یاخیبوون بكاتەوە، ئیتر تا دوایین ساتەكانى ژیانى بەدەم زەردەخەنەوە قاوەخانەكانى كرد بە مەنزڵگاى خۆی و گوێى لە هەواڵەكان ڕادەگرت، دوا شاڕستەى سەرنجڕاكێش لە ڕۆمانەكەدا ئەوەیە: (وینستۆن براگەورەى خۆش دەوێ).

ئوروێڵ بەو ڕۆمانەى توانى زەمەنێكى بۆگەن وێنا بكا، كە ئەو سەردەمە لاى زۆر كەس و ڕەوتەكان زۆر پیرۆز بوون، دواى جەنگى جیهانى نووسیویەتى، واتە ساڵى 1948، بۆیە ئەو مێژووەی هەڵگەڕاندووەتەوە بۆ 1984، ئەكرێت بڵێین تواناى بیر و زەینى نووسەر هێندە وەپێش خەڵكە عەوامەكە كەوتووە، جگە لە هونەركارى و تواناى بەرزى هونەرى رۆمانەكە.

 

دەرئەنجام:

بە سەرنجدان لە ڕووداوە ئاڵۆزو پڕ لە نیشانەکانی ناو ڕۆمانەکە لای خوێنەر ئاشکرایە کە ڕێبەری گەورە تاکە سەرچاوەی بڕیار و ئازادی ناو کۆمەڵگاکەیە، لەپێناو ھێشتنەوەی دەسەڵات و باڵادەستی خۆی بۆ دابینکردنی ئاسایشێکی ڕەھا و دروستنەبوونی ھەڕەشە لەسەر حکومەتەکەی.  تەلەسکرین tele-screen ڕۆڵی ئەو ئامرازە دەبینێت کە چاوی چاودێری کۆمەڵگایە و پانۆپتیکۆنی کۆمەڵگەی ١٩٨٤ی ئۆروێڵە ئەمەش ڕاستەوخۆ چاوی ڕێبەری گەورەیە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا و چاودێری کردار و ڕەفتار و، تەنانەت خەیاڵەکانیان.

ھەروەک چۆن خودی ئۆروێل لە گوتارە بەھێزەکەی بە ناوی “سیاسەت و زمانی ئینگلیزی” ساڵی ١٩٥٧ دەنووسێت “دەبێ زمان ئامڕازێک بێت بۆ دەربڕین نەک بۆ شاردنەوەی یان قەدەغەکردنی بۆچوونەکان، کاتێک قسەیەکی ناماقوڵ دەکرێت دەبێ ناماقوڵی ئەو قسەیە ڕوون و ئاشکرا بێت، تەنانەت بۆ خودی قسەکەرەکەیش”  (Andrew, 2007, P.14)

زمانی ڕۆمانەکە وا لە خوێنەر دەکات تێبینی شتی ورد بکات و ھەر وشەیەک کە بەکارھاتووە چەند مانایەک بگەیەنێت، ئەمەش ئەو ئامڕازەیە کە ئۆروێڵ بەکاری ھێناوە. ڕەنگە زمانی ڕۆمانەکە زمانێکی سادە و ئاسان نەبێت وەک ئەوەی لە گوتارەکە “سیاسەت و زمانی ئینگلیزیدا” ئۆروێل باسی دەکات بەڵام نیشاندانی کێشەکان و ئەو سنوردارکردنەی ئازادی کەسی بەڕوونی ھەستی پێ دەکرێ، ھاوکات بەپشتبەستن بە چەمکی ڕاستی سیاسی political correctness  ھەندێک جار کورت دەکرێتەوە بۆ PC کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم گەشەی پێ دراوە و بۆ یەکجۆرکردنی زمانی گشتی ھاتە بەرھەم تاکوو بەپێی ئەم چەمکە زمان ڕەنگدانەوەی پێکھاتەی دەسەڵاتە لەناو کۆمەڵگەدا، ئەمەش لەناو ڕۆمانەکەدا بەڕوونی دیارە.

لە لایەکی دیکەوە ڕەخنەگرانی (ڕاستی سیاسی)PC  زیاتر مشتومڕی ئەوە دەکەن کە ڕاستی سیاسی نەریتێکی ئایدۆلۆژی بەسەر زماندا دەسەپێنێت، دەسەڵاتی وەسفی زمان ھەژار دەکات و جۆرێک لە فۆڕمی سانسۆر ئاشنا دەکات بە ھۆی ڕەتکردنەوەی دەربڕینی بۆچوونە ناڕاستەکان.

ھەربۆیە ئۆروێل ئەوە دەسەلمێنێت کە خاوەنی بیرۆکە و عەقڵێکی دووربینە و، لە سەردەمی ئێستا بە شێوازی جیاواز ھەمان گوتار و کۆمەڵگا بەرھەم دێت، دیسەپلینکردنی تاکەکان بەبێ ئەوەی خۆیان ھەستی پێ بکەن گەیشتوەتە ئەوپەڕی خۆی، بەشێوەیەک کە دەتوانێت زیان بگەیەنێت بە ئاسایشی نەتەوەی ھەر گەل و میللەتێک جا لە ناوخۆدا بێت یان لەسەر ئاستی بەرزتر.

چونکە ڕۆمانەکە زیاتر چاوی لەسەر کۆمەڵگای ناوخۆی وڵاتێکە، بەڵام ئەمە دەشێ بۆ ئێستایش ڕاست بێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، ھەر لە بەرەوپێشچوونە سەربازییەکان تاکو مانگە دەستکردەکان و چاودێری پەیوەندیەکان و… ھتد.

ئەم ڕۆمانە نیشانمان دەدات ھەوڵدانی دەوڵەت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕەھا پووچە، “ھەبوونی ئاسایشی ڕەھا خۆی لە خۆیدا ئەوپەڕی نائاسایشییە” (Parwez.R, 2021).

 

سەرچاوەکان:

CriminologyWeb, (2018, Nov 12). Jeremy Bentham panopticon

Crash course

YouTube. See https://youtu.be/hOQjNit6jiw

Chnur, N. (19 may 2018) novel of 1984 by George Orwell

Basnews. See https://www.basnews.com/so/babat/416441

Doc,J (2020, ). What is Foucault’s panopticon?

An introduction to a Revolutionary Theory.

YouTube.See  https://m.youtube.com/watch?v=uFbywfzu-jI

Daniel Zhai, (2016). 1984 the Story and Analysis in 9 min.

YouTube. See https://youtu.be/jM1pFEq3a24

Foucault, M. (1975). Discipline and punish:

the birth of the prison. New York

George Orwell, 1984 (New York: Signet Classic, 1950)

Rasul, S.(5 Dec 2016) from the Desplin community

to the undercontrol community : Kurdistan,

P4 see https://bit.ly/3AbWnhK

Whatifalthist, (2019) what if George Orwell’s 1984 actually

happened?

YouTube. See https://youtu.be/512swEQMqFU

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: