هەموو شتێ وەستاوە لەمندا

683
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: هیلال ئیبراهیم

 

(١)

هەموو شتێ وەستاوە لەمندا

دوورى ڕێگاکان،

هەورى لاپاڵى شاخەکان و

ژیانى درەخت و ئاژەڵەکان .

هیچ شتێک لەدەرەوەى مرۆڤ ناوەستێ، ئەوە شتەکانى نێو دڵی ئێمەن ئەوەستن.

هەمو شتێک وەستاوە لەمندا،

ئەو گۆرانیانەى ئەمویست لەبارەى جیهانەوە بیانڵێم،

ئەو میوزیکەی بەنیازبووم لەبارەى ئارامیەوە بینوسم.

(٢)

کاتێ تۆ وون ئەبى، هەمووشتێ وون ئەبێ.

ڕووناکى خۆى وون ئەکا و

ئاراستەکانیش دەگەنە شوێنێکى نەبینراو .

کە تۆ وون ئەبى، من وون ئەبم.

ئەگەمە خاڵى تەعبیر نەکردن لەشتەکان.

ئەگەمە خاڵى کۆتایى لە مانا بۆ دەوروبەر.

عەشق هەمیشەییە، ئەوە شتەکانى نێو ڕۆحى ئێمەن وون ئەبن.

(٣)

لێم گەڕێ، با لەو جەهەنەمەى نێودڵما بسوتێم.

سوتانێکى بێوێنە بسوتێم.

لێم گەڕێ، با جەهەننەم چێکەم لەڕۆحما.

ئەوە تۆ نیت جەهەننەم دروست ئەکەى لە مندا، خۆمم.

خۆم ئاگرەکەى نێو ڕۆحم خۆش ئەکەم.

بە لاپەڕە سپیەکانى نێودڵم ،

درەخت و گوڵە وشکبوەکانی نێو دەروونم و

ئەو مێژووەی وەک خەڵوز ڕەشە

ئاگرەکەی نێو ڕۆحم گەرم ئەکەم.

لێم گەڕێ، با لەم جەهەنەمەى نێودڵما بسوتێم.

لێم گەڕێ، با ئاگرەکەى نێو ڕۆحم خۆشکەم.

 

August, 2021

بڵاوکردنەوە: