ئاشتی وەک دەمامکی جەنگ و ئاشتیخوازیی وەک پاساودانەوەی شەڕانگێزی!

338
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: نووری بێخاڵی

 

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەرچی تاکەکەس، گرووپ و دەوڵەت هەن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە توندوتیژیی وەک پەرچەکردار، کردەیەکی ڕەوایە، چونکە لە ڕێگایەوە بەرگری لە مافی خۆیان و داکۆکی لە چەسپاندنی ئاشتی دەکەن، یان ئەوەی کە تا هەنووکە هەڵگیرساندنی جەنگەکان و بەردەوامییان، کردووەتە و دەکەنە پاساو و بیانووی بەرقەرارکردنی ئاشتی. هاوکات هەرچی ئایین و پیاوی ئایینیی دنیا هەن، پێیانوایە ئایینەکەیان و خۆیشیان هەڵگری پەیامی ئاشتین و بانگەشەی تەبایی و بەیەکەوەژیان دەکەن، کەچی هەرگیز وەک ئێستا، مرۆڤایەتی بەدەست توندوتیژیی ئایینی و جەنگە مەزهەبییەکانی جیهان، گیری نەخواردووە نەبووتە قوربانی!

سەیری مێژوو بکەن، مێژووی جەنگ، جەنگەکان (ئایینی و ئایدیۆلۆژی) کە زۆربەیان بە دروشمی نەهێشتنی جەنگ و شەڕانگێزی و بە ئامانجی هێنانە دی ئاشتی هەڵگیرساون، یان هەڵگیرسێندراون، چ کارەسات و ئافاتێکیان بەسەر مرۆڤایەتیدا هێناوە.

ڕێک هەمان هاوکێشەش بۆ هەوڵی بەردەوامی وڵات و دەوڵەتەکان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەک، کێبڕکێی داهێنانی نوێترین و بکوژترین چەک و خۆپڕچەککردنیشدا دروستە، کە هەموویان بە دروشمی خۆپارێزی و دوورخستنەوەی هەڕەشە، بە بانگەشەکردن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، کردوویانە و دەیکەن!

“زیاتر لە ٥٥٠ ملیۆن پارچە چەک لەسەرتاسەری جیهاندا دەستاودەستیان پێ دەکرێت، واتە بۆ هەر ١٢ کەسی سەر ئەم هەسارەیە، چەکێک. تاکە پرسیار لەم نێوەدا ئەوەیە: چۆن ١١ کەسەکەی تر چەکدار بکەین؟”

ئەم وتەیەی سەرەوە، دەربڕینی (نیکۆلاس کەیج)ە لە فیلمیLord of War”دا کە لە ساڵی ٢٠٠٥ بەرهەم هێنراوە. فیلمەکە باس لە بارزگانیکردن بە چەک لەسەر ئاستی جیهاندا دەکات، هاوکات تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی وڵاتانی زلهێز و بازرگانانی شەڕ، کە لەپێناو فرۆشتنی چەک و وەدەستهێنانی قازانجی زیاتر لەسەر حیسابی تەرمی قوربانییەکانی ململانێ چەکدارییەکاندا، جەنگە ناوخۆییەکان جۆش دەدەن.

لە فیلمەکەدا پەردە لەسەر ئەو نهێنییەش لادەدرێت، بەوەی کە بازرگانیی چەک هەر لەسەر ئاستی دەوڵەتاندا و بە شێوەی ئاشکرا چڕ نابێتەوە، بەڵکوو لەباری نهێنی و قاچاخدا، بازرگانییەکە گەیشتووەتە ڕاددەی کاری بزنسی تاکەکەسی و گرووپە مافیاییەکان و چەرچی و بازرگانانی شەڕ و خوێن.

بەداخەوە، سەرەڕای ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتربوونی چەکدارکردنی تاکەکەس لە سەرتاسەری جیهاندا، لەگەڵیشیدا زۆر خێرا و فراوانتر و بە قەبارەی گەورەتر، بەرهەمهێنانی چەکی نوێ و خۆپڕچەککردنی دەوڵەتان، تا دێت لە برەو دایە.

سەرەڕای کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەتای کۆڕۆنا و ئەو زەبر و زیانەی لە کەرتە جیاوازەکانی ئابووریی دنیای دا و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دابەزینی گەشەی جیهانیی بە ڕێژەی ٤,٤٪؜ بینی، کەچی لە ساڵی ٢٠٢٠دا، خەرجیی سەربازیی وڵاتان و بازاڕ و بازرگانیی چەک لە جیهاندا ژمارەی پێوانەیی شکاند، کە لە دوای ساڵی ١٩٨٨ەوە تا ئێستا و سەرەڕای شەڕی ساردی نێوان یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ئەمریکا، بازاڕەکە ئەم هەڵکشانەی بەخۆیەوە نەبینیبوو.

تا ئێستاش هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا، ڕووسیا، چین، ئەڵمانیا و فەڕەنسا، لەسەر ئاستی جیهاندا لە ڕیزبەندیی پێشەوەی وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی چەک دێن، کە ساڵانە زۆرترین ژمارەی چەک دەفرۆشن و بڕێکی زۆر زۆری داهاتیان لەم ڕووەوە دەست دەکەوێت.

بەپێی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی ئەو نێوەندانەی کار لەسەر بازرگانی و بازاڕەکانی چەکفرۆشیی جیهان دەکەن، بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو، لە پێشبڕکیی فرۆشتن و  بازرگانیکردن بە چەک، هەر یەک لە ڕووسیا و چین لە دواوەی ئەمریکاوە دێن (ئەمریکا ٣٧٪، ڕووسیا ٢٠٪، فەڕەنسا ٨,٢٪؜، ئەڵمانیا ٥,٥٪؜، چین ٥,٢٪؜).

سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهاندا هێشتا لە ڕیزبەندی یەکەمی لیستی فرۆشیار و هاوردەکارانی چەکە، بەڵام ئەوەی زۆر جێی سەرنجی چاودێرانە ئەوەیە، کە خەریکە ڕێژەی فرۆش و بازرگانیکردنی چەک لە وڵاتانی ئەوڕوپادا هەڵدەکشێ و پێشبینیی ئەوە دەکەن، کە ئەگەر دۆخی ئاڵۆزی کیشوەرەکە ئاوا بەردەوام بێت، ئەوا دوور نییە لە ساڵانی داهاتوودا ڕیکۆردە جیهانییەکە بشکێنن!

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەکانی ئاشتی (Sipri)، کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ٢٠٢٢ بڵاوی کردووەتەوە. لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئەوڕوپا گەورەترین گەشەی لە بواری بازرگانیی چەکدا بە خۆیەوە بینیوە و پێشبینیش دەکرێت، دوای بانگەوازی ژمارەیەک لە وڵاتانی کیشوەرەکە بۆ خۆپڕچەککردن لە بەرامبەر “هەڕەشە نوێیەکانی ڕووسیا”، گەشەکردنەکە خێرا و زیاتر ببێت.

بەپێی زانیاری و ئامارەکانی ڕاپۆرتەکەی(Sipri)، لەکاتێکدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ – ٢٠٢٢دا بازرگانیکردن بە چەک لەسەر ئاستی جیهاندا بە ڕێژەی ٤,٦٪؜ دابەزیوە، کەچی لە بەرامبەردا و لە کیشوەری ئەوڕوپا بە ڕێژەی ١٩٪ زیادی کردووە.

(سیمۆن وایزمان) کە نزیکەی سێ دەیەیە لە داڕشتن و نووسینی ڕاپۆرتەکەی (Sipri)دا بەشداری دەکات، دەڵێت: “ئەوڕوپا خاڵە نوێیە گەرمەکەیە!” و ئاماژە بەوەش دەکات کە “پشکی ئەوڕوپا لە میانی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە بازرگانیی جیهانیی چەکدا بە ڕێژەی ١٠٪ بۆ ١٣٪ بەرز بووەتەوە و پێشبینیی بەردوامیی زیاتر بەرزبوونەوەی ئەم ڕێژەیە دەکرێت” بەتایبەتی کە بەهۆی هەڕەشە و مەترسییەکانی جەنگی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، بڕیارە سوپای دەوڵەتە ئەوڕوپییەکان پڕچەکتر بکرێن.

ئەگەرچی بە هۆی ناڕوونیی زۆربەی گرێبەستەکان و دەستەوارە و بەخشینەکانی چەک، بە دیوەکەی تریشدا بە هۆی بوونی بازرگانیی قاچاخ، ئاسان نییە ژمارەیەکی دروست سەبارەت بە بڕ و ڕێژەی داهاتی بازرگانیکردن بە چەک بخرێتە ڕوو، بەڵام بە بۆچوونی چاودێران و شارەزایانی ئەم بوارە، قەبارەی ماددیی ئەم بازرگانییە، ساڵانە بە زیاتر لە سەدان ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.

بەهۆی زۆری ئەو جەنگانەی ئێستا لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان ڕۆژانە ژیانی مرۆڤ دروێنە دەکەن، بازرگانیکردن بە چەک یەکێکە لە بەهەڕمێنترین بازرگانییەکان و بازاڕە ئاشکرا و نهێنییەکانی چەکفرۆشیی، لە گەرمترینی بازاڕەکانی جیهانی بازرگانین. ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ساڵانە داهاتی بازرگانانی چەک سەدان ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا بە کەمتر لە چارەگی ئەم پارەیە، دەتوانرێت کێشەی برسییەتی و بێکاری لە جوگرافیا بەڵالێدراوەکانی جیهاندا چارەسەر بکرێت.

واز لە جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست بێنن، کە بە هۆیەوە وڵاتانی ناوچەکە لە ڕیزبەندیی یەکەمی کڕیارانی بازاڕە ئاشکرا و قاچاخەکانی چەکی جیهاندان و تەنیا سەرنج لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بدەن، بزانن ڕێژەی چەند لە یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا و ئەوڕوپا و ڕۆژئاوا بە گشتی بۆ ئۆکرانیا، لەبواری مرۆیی و چەندەیشی لە بواری پڕچەککردندا بووە؟

ئەی باشە سەرچاوەی ئەم هەموو چەک و جبەخانەیەی گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆستییەکانی ناوچەکە و جیهان، باندە گەورە و ترسناکەکانی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و مافیاکانی دنیا، کێیە و کوێیە؟

بەڕاست، جیاوازیی لە مەترسی و هەڕەشەی بوونی چەکی ئەتۆمی و ناوەکیی کۆمەڵکوژ بۆسەر ئاییندەی مرۆڤایەتی و ئاشتیی جیهانیی لە دەستی ئەمریکا، ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئیسرائیلدا، یان لە دەستی هیند، پاکستان، کۆریای باکوور و باشووری ئەفریقادا بێت، چییە؟ ئەوە کێ و بە چ پێوەرێک مافی بە فڵان وڵات داوە چەکی کۆکوژی هەبێت و هەمان ئەو مافە بە فیسار دەوڵەت ڕەوا نابینێت؟

سەیر ئەوەیە، وڵاتانی خاوەن چەکە کۆکوژەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەو چەکانەیان لەپێناو پاراستن و زامنکردنی ئاشتی و ئاسایش و ئارامیی جیهان بەرهەم هێناون. دەی ئەگەر بابەتەکە پاراستنی ئاشتیی جیهانە، با وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئەوڕوپای ڕۆژهەڵات، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، لەپێناو هەمان ئامانجدا، چەکی کۆمەڵکوژ بەرهەم بهێنن. بۆچی باشووری گۆی زەوی هەموو مافێکی هەبێت، کەچی باکوورەکەی نەیبێت؟ بۆچی بۆ وڵاتانی جیهانی یەکەم ڕەوایی خاوەنداریەتیکردن لە چەکە کۆکوژەکان هەبێت، بەڵام وڵاتانی جیهانی سێیەم (کە هەر ناونانەکەی جێی پرسیارە!) ئەو ڕەوایەتییەیان نەبێت؟

ئەگەر بە دروشم بێت، ئەوا زۆربەی وڵاتانی سەرزەمینی دیموکراسی و بانگەشەکارانی مافەکانی مرۆڤ، ئەوانەن کە بەرهەمهێنەری جۆرەها چەکی پێشکەوتووی کۆمەڵکوژن و بۆ قازانج، بە ناوچە گڕگرتووەکانی پڕ شەڕوشۆڕی جیهاندا بڵاویان دەکەنەوە. وەک چۆن زۆرترین و بەرزترین ڕێژەی توندڕۆیی و پەڕگیری و تیرۆر، بەرهەمی ئەو سەرزەمینانەیە، کە بانگەشەی لێبووردەیی ئایینی دەکەن و پەتای تیرۆریستیان گەیاندووەتە زۆربەی کونج و کەلەبەرەکانی جیهان و مرۆڤایەتیان پڕ کردووە لە ڕق و کینە و یەکتر سڕینەوە!

پارادۆکسی گوتار و کرداری ئەم دوو بەرەیەی هێزی چەک و ئایین، هێزی دەسەڵات و باوەڕ، هێزی ئابووری و وەعز، هێزی سەنتەر و پەراوێز ئەوەیە، لەکاتێکدا جیهانیان نقوومی دووکەڵ و خەڵتانی خوێن کردووە، هاوکاتیش بانگەشەی ئاشتی و سەقامگیری و بەها مرۆڤایەتییە هاوبەشەکان دەکەن. کەچی ڕاستیەکەی ئەوەیە، ئەم دوو بەرە دۆزەخییە دژە ژیان و ژینگەیە، هەموو مرۆڤایەتیان لەسەر ئەوە پەروەردە کردووە و ڕاهێناوە، کە دەبێ هەمیشە بۆ کوشتنی ئەوانە ئامادە بین کە لەگەڵیاندا لە گفتوگۆ و دانوستاندن و سازانداین.. بەردەوام بۆ کوشتنی ئەوانەی کە دەبووا و دەبێت بە ئاشتی لەگەڵیاندا بژین، لەسەر پێ و دەستوەشێن بین.. ئەمە ئەلف و بێیەکە، کە ئیدی هەموو کەسێکی ئەم سەدەیە لێ تێگەیشتووە و دەرکی پێ دەکات!

دوای ئەم ڕاگوزەرە بەناو ئامارەکاندا، دێینەوە و دووپاتی دەکەینەوە، لە پریشکی یەکەم جەنگی سەرەتای مرۆڤایەتی، تا دەگاتە دۆزەخ و گڕکانی جەنگەکانی ئەمڕۆ. لە یەکەم گەفی تیر و شیر لەیەک سووین، تا دەگاتە چاوسوورکردنەوە و هەڕەشە لە یەکتری کردن بە چەکی ئەتۆمی و ناوەکیی ئەمڕۆ. هەر هەموویان لە پشتییانەوە دروشمگەلی خۆپارێزی و تەناهی و ئاشتی هەبوون و هەن، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا مەیلی کوشتن، ئەنگێزەی خوێنڕێژی، ویستی وێرانکاری و حەزی هێز و باڵادەستیان پێ سواخ دراوە.

هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکانەوە تا ئێستا، لە ڕۆژگارەکانی جیهانی فرەجەمسەر و جووت جەمسەرەوە، تا ئەمڕۆی مەیل و ویست و ئیرادەی تاک جەمسەرکردنی دنیا، دەیان جەنگی گەورە و بچووکی ئایینی و ئایدیۆلۆژی، جەنگی نێوخۆیی و هەرێمایەتی و کیشوەریی، چەندین وردە جەنگی خێڵەکی و تایەفی، لە سەرووشیانەوە، هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیی، کە دیسانەوە ئەوانیش بە دروشمی پاراستن و زامنکردنی ئاشتیی جیهان هەڵگیرسێنران، کەچی ئەنجامەکەیان کوشتنی مرۆڤ، وێرانکردنی ژیان و ژینگە، لەباربردنی ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی مرۆڤایەتی بووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بانگەشەی ئاشتیخوازی هەر ئەو دەمامکەیە، کە لە پشتییەوە شەڕانگێز و پاوانخوازەکان، خۆیان بۆ تێهەڵچوونەوە لە جەنگێکی تر، ئامادە دەکەن!

ئەگەر نێوەندێکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنی جیهانیی هەبێت و بە وردی بە شوێن ئاماری قوربانییەکانی بیست ساڵی ڕابردووی ئەم سەدەیەی پڕ شەڕ و ئاشووب و تیرۆر و تۆقاندنە، ئەم سەدەیەی هەڵکشانی خێرای گوتاری ڕقەبەری و یەکترسڕینەوەدا بچێت، ئەم سەدەیەی برسیکردن و هەژارکردن و بێدادییە نێودەوڵەتییە، ڕەنگە زێدەڕۆیی نەکەین ئەگەر بڵێین ژمارەی قوربانییەکان هێندەی ژمارەی قوربانییەکانی هەردوو جەنگە جیهانییەکەی سەدەی ڕابردووش نەبێت، بەڵام شتێکی ئەوتۆی لەو ژمارەیە کەمتر نەبێت!

لەکاتێکدا هەمووان، دەوڵەتی گەورە و بچووک، نەتەوەی  گەورە و بچووک، ئایینی گەورە و بچووک جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە گوایە ئاشتی یەکەم و دوا داخوازی و ئامانجیانە، کەچی هەر هەموویان بیریان لای خۆبەهێز و پڕچەکتر کردن، ئامادەسازیکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان ( تەنانەت زۆربەیان بۆ هێرشبردن و پەلاماردان ئامادەکاری دەکەن)، پەرەپێدانی هێز و تەیارکردنی کۆمەڵگا و دەستگەیشتن بە ئامرازەکانی چەک و بەرگریکردنە!

سەرنجێکی ورد و بوونی بڕست بۆ خوێندنەوەی لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتە ستراتیژییەکان بەسە، بۆ ئەوەی جیاوازیی بڕ و قەبارەی ئەو بوودجە و پارە زۆر و زەوەندەی وڵاتان ساڵانە بۆ بواری چەکسازی و سەربازی و بەرگری تەرخانی دەکەن، بەراورد بەو پارە و بوودجەیەی بۆ کەرتی تەندروستی، یان پەرودە دایدەنێن، چ جیاوازییەکی گەورە و شۆکهێنەرە، جیاوازییەک کە (ئاسمان و ڕێسمان)یان نێوانە و لەوەش نائومێدکەرتر ئەوەیە، کە ساڵ دوای ساڵ، ڕێژە و قەبارەی بوودجی سەربازی و بەرگریی وڵاتان زیاتر و زیاتر دەبێت!

وەک بەدرێژایی نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو (بیستەم) شایەدحاڵی چەندین جەنگی خوێناویی ناوچەیی و هەرێمایەتی و نیمچە جیهانی بووین ، کە دیسانەوە هەموویان هەر بە بیانووی هەوڵی مانەوە و بەردەوامی و چەسپاندنی ئاشتی، هەڵگیرسێنران. ئەوەتا ئێستاش مرۆڤایەتی گیرۆدەی چەندین جەنگی تر و لەبەردەم هەڕەشەی دەیان جەنگی دیکەی ماڵوێرانکەر دایە و دووبارە بیانوو و پاساوەکانیش هەر نەهێشتنی مەترسین لەسەر ئاشتی و ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی نێوخۆیی، هەرێمایەتی و جیهانی!

بەداخەوە، ئەمڕۆ لە هەر سەردەمێکی دیکە زیاتر و ترسناکتر (سەرەڕای بانگەشە و دروشمبازییەکانی ئاشتیخوازی!)، هەرچی توانای سیاسی، ئابووری، دیبلۆماسی، پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی هەیە، بە دیوە شاراوەکەیاندا کراونەتە ئامرازی جەنگ و هەڕەشە بۆسەر ژیان و ژینگە. بەجۆرێک ئەگەر زێدەڕۆییمان نەکردبێت، ئەوا دەتوانین بڵێین: ئەمڕۆ سیاسەتی جەنگ، ئابووریی جەنگ، دیبلۆماسیەتی جەنگ، زانست و تەکنەلۆژیای جەنگ، تەنانەت کولتووری جەنگ، بوونەتە چەکی دەستی هەموو ئەوانەی کە هێزیان هەیە، لەپێناو بەردەوامیی هەژموون و باڵادەستی و دەسەڵاتسالاریی ڕەهایان بەسەر گۆی زەویدا، تا ئەوەی دامەزراوە و نێوەندە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەکان (کە گوایە بە ئامانجی ڕاگرتنی باڵانسی نێوان هێزە ڕکابەرەکان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بێلایەن وەستان لە نێوان بەرە ناکۆکەکاندا، دامەزراون!)، بە جۆرێک لە جۆرەکان بوونەتە لایەنێکی کاریگەر لە هاوکێشەی ململانێکاندا و ئامرازێک بەدەستی ئەوانەی بەهێزتر، پڕچەکتر، بەهەژموونترن!

ڕاستییەکەی، ئەم سەدەیە، زۆر خراپ، ترسناک و وێرانتر لە سەدەی ڕابردوو، سەدەی کوشتن و کاولکاری و کوێرەوەرییە.

ئەم سەدەیە، زۆر تاریک، مەترسیدار و دڕندەتر لە سەدەی پێش خۆی، سەدەی جەنگ و جەور و خوێنڕێژییە.

ئەم سەدەی بیست و یەکە، زۆر زبر، زراوتۆقێن، شەڕانگێزتر لە سەدەی بیست، سەدەی میلیتاریزەیی و تیرۆر و تۆقاندنە.

لەم نێوەدا سەرنجی کۆمیدیا و گاڵتەجاڕییەکانی بانگەشەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی ئەم سەردەمەی جیهان بدەن و بەچاوی خۆتان ببینن چۆن:

لە ترۆپکی توندوتیژیی سیاسی و چەکداریی ئەمسەر تا ئەوسەری جیهاندا، ئامۆژگاریمان دەکەن توندوتیژیی خێزانیی ناو ماڵەکانمان کۆنتڕۆڵ بکەین.. لە گەرمەی هەڕمێنی بازاڕی بازرگانیی ئاشکرا و قاچاخی چەکدا، ڕێنوێنیمان دەکەن دیاردەی چەکداری بنبڕ بکەین.. لە لووتکەی پیشەسازیی دۆزەخییانەی بەرهەمهێنانی فیلمە خوێنڕێژییەکان و یارییە ئەلیکتڕۆنییە شەڕانییەکاندا، چاوەڕێی ئەوەمان لێ دەکەن منداڵەکانمان لەسەر شێنەیی و ئارامی و ناتوندوتیژی پەروەردو بکەین.. لە ئەوجی زۆربوونی ژمارەی کەمپە هەرێمایەتی و جیهانییەکانی ئاوارەیی و پەناهەندەییدا، داوامان لێ دەکەن لە ئاستی لۆکاڵیدا شەڵتەر و ماڵەکانی داڵدەدان بکەینەوە.. لە هەڕەتی ڕۆژانەی وێرانکردنی ژینگە و سروشت و تێکدانی سووڕی سروشتیی کەشوهەوادا، هانمان دەدەن بۆ چاندنی نەمامێک لەم ساتەوەختی هەڕەشەی وشکەساڵی و بەبیابانبووندا!

لەنێوان دروشمە بریقەدارەکانی بازرگانانی چەک و ئایینیشدا، سەرەڕای سەرهەڵدانی جەنگی نوێی خوێناوی و بەرزبوونەوەی کێرڤی کاری تیرۆریستی و تۆقاندن، وەکووتر ڕۆژ دوای ڕۆژ برسیەتی، بێکاری، پەتای درم، نەخۆشیی کوشندە، ڕاکردن و ئاوارەیی و سەرگەردانی، یەخەی مرۆڤایەتی دەگرن و تا دێت مرۆڤ بێهوودەتر دەبێت.

هەر ئەم ڕاستییە تاڵەشە وا دەکات، خەیاڵ و زەینی مرۆڤ بە لای پێویستیی و بایەخی بەرقەرارکردن و چەسپاندنی ئاشتیی ئەرێنیدا بچێت، ئاشتییەک کە لە سایەیدا نەک هەر جەنگ و بەریەککەوتن و توندوتیژیی ماددی، بەڵکوو توندوتیژیی مەعنەویش (بێدادی، برسیەتی، بێکاری، هەژاری، نەخۆشی و پەتا) کۆتاییان پێ بێت و مرۆڤایەتی لە ئاشتی و ئاسایش و ئارامیی ڕۆحی و زەینی و دەروونی و جەستەیی ڕاستەقینەدا بژیێت.

دواجار، ئەگەرچی هێندە گرنگ نییە ئێمەی مرۆڤ زانیاریی زۆرمان هەبێت و زیاتر لە پێویست بیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی دەرک بەو پووچگەرایی و عەبەسیەت و بەدمۆڕاڵییە بکەین، کە بوونەتە بناغەی پڕۆژەکانی جەنگ و توندوتیژی، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێ ددان بەوەدا بنێین، ئێمە تا ئەم چرکەساتەش لەو ڕاستییە تێنەگەیشتین، کە لە یەکەم جەنگی ناو مێژووەوە تا نوێترین جەنگی ئەمڕۆ، مرۆڤایەتی هەرگیز لە ئاشتیدا نەژیاوە و ناژیێت. تەنانەت ئەوەش ئەوپەڕی بەدحاڵیبوون و بەهەڵە تێگەیشتنی مرۆڤە، کە پێیوابووە و پێیوایە لە ساتەوەختی هودنە و ئاگربڕی نێوان جەنگەکان، یان لەکاتی ڕاوەستانی جەنگەکاندا، لە ئاشتیدا ژیاوە!

نەخێر، ئێمەی مرۆڤ هەرگیز لە ئاشتیدا نەژیاوین و ناژین. با جەنگ و ئاگربارانیش نەبێت، بەڵام هەتا یەک مرۆڤی هەژار، برسی، بێکار، بێ نوا و سەرگەردان لە ژیاندا مابێت.. هەتا بێدادیی دەسەڵاتەکان، چاوچنۆکی و تێرنەخۆریی دەسەڵاتدارەکان مابێت.. هەتا دەستەوارە نهێنییەکانی جەنگ و  بازاڕە ئاشکرا و قاچاخەکانی ساغکردنەوەی چەک مابن.. هەتا بە ئاوی دابینکردنی ئاشتی، غوسل لە جەستەی جەنگ دەربکرێ.. هەتا بە دەمامکی فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی، ڕووخساری توندوتیژی دابپۆشرێت.. هەتا بە وەعزی پیرۆزی و حەقیقەتی ڕەها، ڕەوایی بە توندڕۆیی و تیرۆری ئایینی و زەبروزەنگی مەزهەبی بدرێت، مرۆڤایەتی هەرگیز لە ئاشتیدا ناژیێت!

ڕاستییەک هەیە و نابێت خۆمانی لێ ببوێرین، ئەوەیش ئەوەیە:

هەتا بەدەست ئەو وەهمەوە گیرۆدە بین، کە گوایە دەتوانین لە میانی جەنگدا ئاشتی بەرهەم بێنین و لە ڕێگای توندوتیژیدا دەکرێ ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری بەرقەرار بکەین، ئەوا لە دووکەڵ و خوێن، لە بێهوودەیی و برین، لە کاولکاری و کوێرەوەری، لە پەڕاگەندەیی و پەشیمانی زیاتر بەولاوە، هیچ شتێکی تر ناچنینەوە!

دواجار و زۆر بەکورتی:

کۆتایی جەنگ و خوێنڕێژیی، هەرگیز بە واتای ئاشتی نایەت. مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ئاشتیی ڕاستەقینەدا بژیێت و هەست بە بوون و شکۆی مرۆییانەی خۆی بکات، هەر ئەوەندەی بەس نییە نەکوژرێت، بەڵکوو ئاشتیی ڕاستەقینەی ڕۆحی و دەروونیی مرۆڤ لەوێ دایە، کە هەرگیز نابێت برسی، هەژار، بێکار، نەخۆش، بێ ماڵ، پەڕیوە و سەرگەردان بێت!

 

تاگهر
بڵاوکردنەوە: