کتێبی ماڵ و هەستی ئینتیما لای کوردانی باشوور لە وڵاتی بەریتانیا

689
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی کتێب دکتۆر عەلی زەڵمی، نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، دەزگای لیکسنگتن بۆ چاپی کتێب/ واشنتن – ئەمەریکا

دکتۆرا لە بواری کۆمەڵناسی/ زانکۆی یو دەبلیو  برستڵ

ڕانانی کوردراوم

ئەم کتێبە پشتی بە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بەستووە و کە لەسەرەتادا بۆ پێداویستییەکانی خوێندنی دکتۆرا لە بواری کۆمەڵناسی لە زانکۆی یو دەبیلو-بریستڵ ئامادەکراوە، دواتر نووسەر پوختەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کردووە بەم کتێبە. ئەم کتێبە دەکرێ بە تاکە هەوڵی زانستی دابنرێ لە بواری توێژینەوەی ئەکادیمی بۆ پرسی ناسنامە و ئینتیما لای دایاسپۆرای کوردی و بەتایبەتی دایاسپۆرای کوردی باشوور لە بەریتانیادا و بەتایبەتی تر لە بواری لێکۆڵینەوە لە خێزان و گەنج و ژن. ئەم کتێبە چ  بەهۆی ئەو تیۆرانەی بەکارهاتوون بۆ خوێندنەوەی دیاردەی دایاسپۆرا و ژیانی تاراوگە، چ وەک ئەو رێبازی لێکۆڵینەوەیە بەکارهاتووە جۆرێک لە تایبەتمەندی دەبەخشێ بە کارەکە و جیای دەکاتەوە لەو هەوڵانەی لەمبارەوە دراون پێشتر.

ئەم لێکۆڵینەوەیە، هەوڵدەدات لە ژیان و ناسنامەی ئەو گەنج و لاوە کوردانەی بەڕەچەڵەک خەڵکی کوردستانی باشوورن و لە بەریتانیادا دەژین بکۆڵێتەوە، و لەوە تێبگات کە ئەو نەوەیە چۆن لەنیشتیمان دەڕوانێ و لای ئەوان ژیان بەسەربردن لەنێوان دوو کەلتوردا چ مانا و کاریگەرییەکی هەیە بۆ ئەوان. ئایا ئەوان لەژێر کاریگەری کەلتوری باوانیاندان، بەهۆی خواردنی کوردی و سەردانی کوردستان و پۆشینی جلوبەرگی کوردی، هاتوچۆی کوردانی تاراوگە لەنێوان خۆیاندا و بەشداری لە ئاهەنگ و پرسە و بۆنە نیشتمانی و حزبیەکاندا؟ یاخود نەخێر ئەوان لەژێر کاریگەری کەلتوری وڵاتی نیشتەجێدان، واتە بەریتانیا و زمان و خوێندن و جۆری ژیانیان بە یەکجاری بووەتە بەریتانی. وەیان هیچ کامیان نین و بەڵکو ئەوان، لەو نێوەندەدان و نە بەتەواوی کوردن و نە بەتەواوی بەریتانین، ئەوان پێکهاتەیەکی تایبەت و تێکەڵن.

لایەنێکی تری کتێبەکە، قسەکردنە لەسەر جیاوازی جێندەری نێوان ژن و پیاوی کورد، واتە ئایا پیاوی کورد و ژنی کورد چۆنە دەڕواننە کوردایەتی و کێشەی نەتەوەیی کورد لە دایاسپۆرادا. ئایا ژنانی کورد لە تاراوگە لەخەمی کێشەی ژنانی خۆیانن؟ یاخود لەخەمی نیشتمان. ئایا نیشتمان لای ئەوان هەمان تێگەیشتنی هەیە وەک پیاوان. ئایا ژنی کورد لەنێوان دوو کەلتوردا، کەلتوری باوان و نیشتیمان کە تاڕادەیەک پیاوسالارییە و کەلتوری رۆژئاوا کە بە کەلتورێکی کراوە و ئازاد ناسراوە چۆن ژیانی خۆیان رێکخستووە؟ جیاوزای و لێکچوونەکانی نێوان فێمنیزمی کوردی و ناسیۆنالستی کوردی چییە و بەتایبەتی ئەم دووانە چۆن بەریەککدەکەون و چۆن گفتوگۆ دەکەن؟

ئەم کتێبە لەکۆتا بەشیدا سەرنجی خوێنەرانی کورد و بیانی و بەتایبەتی لێکۆڵەرانی بواری کوردناسی و لێکۆڵینەوە لە دایاسپۆرای کوردی لە ئەوروپا و بەتایبەتی کوردانی باشور لە بەریتانیا کە نابێ بەچاوێکی گشتییەوە سەیری جڤاتی کوردی پەنابەر بکرێ. واتە  لە هەندەران و زۆر گرنگە جیاوازییە زمانی و ئاینی و جەندەری و جیاوازی چین و توێژ و لەهەموویشی گرنگتر جیاوازی نەوەکان بەهەند وەر بگیرێ. یەکێکی دیکە لەو پێشنیارە زانستی و پێداویستی لێکۆڵینەوە لەبواری کوردناسی لە دایاسپۆرادا، ئەم کتێبە داوای دەکات ئەوەیە کە دەبێت ئاراستەی لێکۆڵینەوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە بگۆڕدرێ بۆ لەخوارەوە بۆ سەرەوە، واتە بۆ تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە لە کوردی هەندەران زۆر گرنگە لە تاک و خێزان و جڤاتەوە بڕۆیت بەرەوە سەرەوە. لاکردنەوە بەلای چیرۆکی تاکەکان و ئەزموونی ژیانییان و بەهەند وەرگرتنی هەست و سۆز و تێگەیشتنییان، نەک تەنها گفتوگۆی ئاکتیڤیست و سیاسی و دەزگا فەرمییەکانی نوێنەراتیکردن و بەتەنها گرنگی دان بە لێکۆڵینەوە لەرووی سیاسەتی پەنابەری. ئەم کتێبە رۆشنکردنەوەیەکی سۆسیۆلۆجییە بۆ  پانتاییەکی کۆمەڵایەتی دونیای ئێمە ئەویش دایاسپۆرای کوردییە، واتە دانووستانکردنی زانستییانەی  فینۆمینەیەکی تازەیە کە خوێندنەوەی کوردی باشوورە لە دەرەوەی جیوگرافیاکەی خۆی لەدەرەوەی  شوێنکاتە کولتووری و میژووە جێگیرەکەی.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: