هۆش: کێشە ئاڵۆزەکەی زانست

2560
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کامۆ ئاراز

”هۆش ئەو وشەیەیە کە بە ئاسانی لە لایەن ملیۆنان زمانەوە پۆشراوە.”

_جۆرج میڵەر، سایکۆلۆژستی ئەمەریکی.

هۆش یەکێکە لە پەڕلە هەرە ئاڵۆزەکانی فەلسەفە و زانست، هەر ئەم تەمومژی و ڵێڵیەی ئەم بابەتەیە وای کردووە لە ئایینناسەکانەوە بۆ گوروەکان، لە فەیلەسوفەکانەوە بۆ زاناکان خۆیانی تێدا هەڵبقورتێنن و هەمووان هەمەچەشنانە قسەی تێدا بکەن. ئیتر هەر ئەم ئاڵۆزی و هەندێک جاریش ئاڵۆزکردن یان سادەکردنی ئەم بابەتەیە وا دەکات زەریایەک لە پێناسە و دیدگای جیاواز بوونیان هەبێت بۆ مەسەلەی هۆش. بێگومان تێڕوانین و بابەتگەلێکی ئێجگار زۆر هەن لەمەڕ ئەم دۆزە، بۆیەشە وتارێکی وەکو ئەمەی کە خەریکی خوێندنەوەیت بەس نییە بۆ ڕۆشنکردنەوەی هەموو لایەنە تاریکەکانی ئارێشەی هۆش. سا بۆیە هەوڵی ئەم وتارە ئەوەیە کورتیلە مێژوویەکی کێشە ئاڵۆزەکەی هۆش بناسێنێت و ئاڕگیومێنتی ئەوە بکات کە زانست، بەتایبەتی دیسپڵنی مێشکناسی، درووستر و باشتر دەتوانێت لایەنە تاریکەکانی ئاگاییمان بۆ ڕۆشن بکاتەوە.

لەوانەیە ناونیشان و پەڕەگرافی یەکەمی ئەم وتارە ببێتە هۆی توڕەکردنی ژمارەیەک لە خوێنەران بە گوتنی ئەوەی کێشە ئاڵۆزەکەی هۆش؛ کێشەیەکی زانستییە. وەلێ، دەبێت ئەوە بزانین کە زانست دەتوانێت تێگەیشتنێکی باشتر و کرداریانەمان پێشکەش بکات، ناکرێت هەمیشە لە پێناو خاترانەی کۆمەڵێک جیاکاری و تێگەیشتنی فەلسەفی لەمێژینە، نەهێڵین زانست خۆی تێوەبگلێنێت لە بابەتگەلێکی گرنگی وەک: هۆش، ئێتیک، ئێستاتیکا و هتد. بگرە ئەو تاقیکردنەوە و هەوڵە زانستییەکانی ئەم سەردەمە و دواییانەیە وای کردووە ئێمە پەی بە شتی زۆر نوێ و سەرنجڕاکێشتر ببەین دەربارەی هۆش و لە خاڵە چەق بەستووە مێتافیزیکییەکان دەربازمان ببێت. هەڵبەتە ئەمەش واتای ئەوە نییە فەلسەفە بە تەواوەتی وەلا بنێین.

تێگەیشتنە هەڵەکانمان سەبارەت بە “هۆش” وای کردبوو کە تا ئەم سێ بۆ چوار دەیەی دوایی کۆششێکی زانستیانە نەبێت بۆ بابەتەکە. دەبێت ئەوەش بوترێت کە خەتاکە تەنیا لە خۆمان نییە، بابەتی هۆش خۆی بۆ خۆی ئارێشەیەکی ئاڵۆزە، ئەو شتانەشی کە تا ئێستا دەیانزانین دەربارەی، دڵنیامان ناکات لەوەی چەند کاتمان ماوە تاوەکو کڕۆکی ئەم مەتەڵە هەڵبهێنین. هەر بۆیە یەکێک لە بیروڕاکان دەربارەی هۆش ئەوەیە کە بۆی هەیە هەرگیز وەڵامەکە هەڵنەهێنین. بەهەرحاڵ ئێمە هەوڵدەدەین کە لەم وتارە گوێ بەو ڕێچکە لێوانلێو بە ڕەشبینییە نەدەین. بە پوختی، هەڵە تێگەیشتنەکانمان و سرووشتی نادیاری بابەتەکە وای کردبوو کە زاناکان تا ئەم چل ساڵەی دوایی بە کردەیی لە هۆش نەکۆڵنەوە، چونکە وایان دادەنا کە هۆش سەبژێکتیڤە و ناپێورێت، یانیش بوونێکی پەنهانییە و دەکەوێتە دەرەوەی سنووری کات و بۆشایی. وەلێ، مایەی دڵخۆشییە کە چیدی ئەو هزرە بە زەقی لە نێو بازنە زانستی و ئەکادیمییەکاندا بوونی نەماوە و ئێستا چەندین زانا و توێژەر و جۆڕناڵی زانستی هەن کە لەم کێشە ‘ئاڵۆزە’ دەکۆڵنەوە.

با ڕانانێکیش بکەین بۆ ناونیشانی وتارەکە: کێشە ئاڵۆزەکە. دەربڕینی کێشە ئاڵۆزەکەی هۆش [the hard problem of consciousness] دەگەڕێتەوە بۆ تێزەکانی فەیلەسوف: دەیڤد چاڵمەرس. ئەو ئەم دەستەواژەیەی بەستەوە بە مەسەلەی هۆش، لەبەر ئەوەی لای وایە کە گەلێک قورسە بتوانین ڵێڵی سەر ئەم بابەتە لابدەین، تەنانەت ئەگەر بشتوانین میکانیزمەکانی کارکردنی مێشک هەڵبهێنین، بانگەشەکەی چاڵمەرس ئەوەیە: کێشە دژوارەکەی ئاگایی هەر دەمێنێتەوە. چاڵمەرس لە نووسینەکەی <ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەی هۆش>دا پێی وایە کیشەی هۆش تاکە کیشەیەک نییە، بەڵکو لە کۆمەڵێک کێشە پێکهاتووە. چاڵمەرس ئارێشەکە دەکاتە دوو بەش: کێشە سادەکەی هۆش و کێشە ئاڵۆزەکەی هۆش. چاڵمەرس مەبەستی لە کێشە سادەکە ئەوەیە کە ئەو دیاردانەی پەیوەستن بە هۆش و دەکرێت بە مێتۆدە زانستییەکانی هاوشێوەی مێشکناسی و کۆمپیوتەیسیۆناڵ لێک بدرێنەوە بریتیین لە: کێشەی ئاسان و زوو بێت یان درەنگ چارەیان دەکەین و لێیان تێدەگەین، هەرچی کێشە دژوارەکەیە ئەوەیە کە وابەستەی ئەو مێتۆدانە نییە کە هەنووکە لە زانستی سەردەمدا بەکاریان دەهێنین.

 

کەواتە کێشەکانی هاوشێوەی پێرسیۆپسیۆن، ئەتێنسیۆن، کۆنتڕۆڵی خۆویستانەی جەستە، جیاوازییەکانی نیوان دۆخی خەو و بەخەبەربوون و هتد. هەموویان کێشەگەلێکی زانستین و وردە وردە چارە دەکرێن، ئەمانە لە دیدگای چاڵمەرسەوە کێشە ئاسانەکانن، خۆ گەر هۆش تەنیا ئەم شتانە بووایە و تەواو، ئەوا هیچ کێشەیەک بە ناوی کێشەی هۆشەوە بوونی نەدەبوو. هەر بۆیە کیشە دژوارەکە، بۆ چاڵمەرس، بریتییە لە: ‘ئەزموونکردن.’ بەتایبەتی ئەزموونکردنی سەبژێکتیڤیانەی پەیوەست بە کەسێک بۆ نموونە، هەر یەکەمان خاوەنی هەستی <خود>ی خۆمانین. تەنانەت تۆماس نەیگڵ لە پەیپەرە بەناوبانگەکەی [بوون بە شەمشەمەکوێرە چۆناییە؟(1974)] ئاماژەی بەوەداوە کە هەستت چۆنە یان دونیا چۆن ئەزموون دەکەیت لە چاوی شەمشەمەکوێرەیەکەوە! ئەمەش هەمان مەبەستی چاڵمەرسە کە ئەو ئەزموونانە شتانێکی تایبەتین، لە ئێستاییدا بەو ئەزموونە تایبەتییە هۆشیانە دەگوترێت ‘کوالیا.’ بۆ نموونە، ئەزموونکردنی بینینی ڕەنگی سوور، تەنیا بینینی ڕەنگی سوور نییە، ئەزموونێکی هۆشی بوونی هەیە کاتێک لە ڕەنگی سوور دەڕوانیت. دەتوانیت ڕۆبۆتێک درووست بکەیت کە بتوانێت وەکو تۆ ڕەنگەکان جیا بکاتەوە بەڵام؛ ناتوانێت وەکو تۆ ئەزموونی ڕەنگ بکات، بۆیە ڕۆبۆتەکە دیاری دەکات چ ڕەنگێک هاتۆتە بەر هاوێنەی کامێراکەی، وەلێ هەرگیز ناتوانێت وەکو مرۆڤێکی هۆشدار ئەزموونی ئەو هەستە بکات کە لە بینینی ڕەنگەکە دەکەوێتەوە. کەواتە کێشە سەرەکییەکە و ئاڵۆزەکە بریتییە لە: ئەزموون، چۆن ئەم کارلێکە ئۆبژێکتیڤە فیزیکیانەی مێشک، دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی ئەزموونە سەبژێکتڤییەکانی هۆش؟ لە ڕێگەی ئەم دوو پەیپەرە ئەکادیمیەوە هەردوو فەیلەسوف نایگڵ و چاڵمەرس ویستیان هێرش بکەنە سەر دیدگای فیزکاڵیزم و ڕیدەکشنیزم. دەزانم، دەزانم … کۆمەڵە دەستەواژەیەکی زۆرمان بەکارهێنا [کوالیا، فیزیکاڵزم، ڕیدەکشنزم وهتد] ئەم چەند پەڕەگرافەی پێشوو لە کۆمەڵێک پارچە میکانۆی پەرش و بڵاو دەچێت، لێ بابەتی هۆش وا دەخوازێت، بەڵام؛ وردە وردە کۆشکە میکانۆکە درووست دەکەین بە جیاکردنەوە و رێکخستنی ئەم پارچە میکانۆیانە.

هەرچۆنێک بێت، سەبارەت بە بیرکردنەوە لەوەی هۆش کێشەیەکی مەحاڵ-ئاسای ئاڵۆزە هەر وا بە سادەیی تێناپەڕێت و زانا و فەیلەسوفەکانی دیکەش قسەیان هەیە. هەندیک هەر لایان وانییە هیچ کێشەیەکی هۆش بوونی هەبێت، بەڵکو بیرۆکەی کیشەیەکی دژوار بۆ هۆش تەنیا دیدگایەکی هەڵەیە بۆ مەسەلەکە، تەنانەت هەندێک بە بۆچوونێکی هەڵەی دەبینن کە لەوانەیە لە چارەکردنی پرسەکە دوورمان بخاتەوە، هەر بۆیەشە فەیلەسوف هەن لایان وایە ‘کێشە ئاڵۆزەکەی’ هۆش لە وەهمێک زیاتر نییە. تێگەیشتنەکەی چاڵمەرس تەنیا لە ئینتوسیۆنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئاخر تۆ چۆن لە یەکەمەوە جیای دەکەیتەوە کامە کێشەیەکی ئاسانە و کامەشیان زەحمەتە؟ بۆیە هەندێک لایان وایە کە ئەمەی چاڵمەرس تەنیا هەڵەیەکە لە ئینتوسیۆنەوە چونکە، ئەو دەڵێت: کە ئەگەر هەموو کێشەکانی پێرسێپسیۆن، ئەتێنسیۆن، یادگە، و هەموو هاوکێشە نیورۆلۆژییەکانی دیکە چارە بکەیت هێشتا شتێک دەمێنێتەوە شیکار نەکراوە، واتە هەر کێشەیەکی نیورۆلۆژی چارە بکەیت هێشتا نەگەیشتوویت بە هۆش، ئەمە تەنیا تێگەیشتنێکی غەریزەییانەیە.

دانیێڵ دێنێتیش لای وا نییە هیچ کێشەیەکی دژواری هۆش بوونی هەبێت، بەڵکو لای وایە کە کیشە ئاڵۆزەکە تەنیا کۆمەڵە کێشەیەکی سادەن و بە پێی کات و پیشکەوتنی تێڕوانینە زانستییەکانمان چارە دەکرێن. ئەم تێڕوانینەی دێنێت وتەیەکی لاوتزوی فەیلەسوفی چینیم بیر دەهێنێتەوە [هەندێکیش دەڵێن: وتەی کۆنفۆشیۆسە]: ”گەشتێکی هەزاران میل بە تاکە هەنگاوێک دەست پێدەکات.” مەبەستەکە ئەوەیە چارەسەکردنی پەڕلەی هۆش وەک گەشتەکە کات دەخایەنێت، وەلێ لە هەنگاوی چکۆلە چکۆلە پێکهاتووە، لە قۆناغ و توێژینەوەی جیاوازدا شوێن پێیەکان هەڵدەگرین.

چۆن هۆش پێناسە بکەین؟

هۆش مانای هەمەچەشنی هەیە بۆ کەسانی جیاواز، بە واتایەکی دیکە پێناسەی هەمەجۆر هەن بۆ هەمان وشە: هۆش. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی بۆچی زەریایەک لە پێناسەی جودامان هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ‘-یزم’ و ‘-گەرا’ هەمەچەشنانەی بۆ چەمکەکە هەن. دواڵستەکانی هاوشێوەی ئەفڵاتوون و دێکارت بڕوایان وایە گەردوون لە دوو ماددەی جودا پێکهاتووە، هەرچی مەتڕیاڵیست و فیزیکاڵستەکانن لایان وایە تەواوی گەردوون بریتییە لە: ماددە و پڕۆسێسی فیزیکی و تەواو، ڕیدەکشنستەکانی هاوشێوەی دێنێتیش هەمان ڕایان هەیە، ئەمان [ڕیدەکشنستەکان] تەنانەت دەڵێن؛ کە هۆش جگە لە ئەرکێکی مێشک شتێکی دیکە نییە. هەروەکو دەبینی، ئەم دیدگا و تێڕوانینە جیاوازانە پێناسەی هەمەچەشن دەنووسنەوە. هەڵبەتە دەبێت ئەوەش بوترێت کە هەبوونی ئەم بیروڕا ئۆنتۆلۆژییە جودایانە واتای ئەوە نییە کە ناتوانین سیستەماتیکانە توێژینەوە لە هۆش بکەین، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ڕێکەوتنێک هەبێت لەسەر پێناسەی هۆش بۆ ئەوەی توێژەران بزانن کە دەربارەی هەمان شت دەکۆڵنەوە، پێویستە وشەکە وەکو وشەیەکی هاوشێوەی <وزە>ی لێبێت لە زانستی فیزیا. وشەکە لە بەکارهێنانی ڕۆژانە گەلێک جیاوازە وەک لە بەکارهێنانی لە زانستدا، بەڵام؛ کەسمان ناکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە ئەو دوو مانایە تێکەڵ بکەین، هەر چۆنێک بێت پێویستیمان بە تێگەیشتنێکی هاوشێوە هەیە لە زانست و فەلسەفەی هۆش.

هەرچەندە پێناسەیەکی دیاریکراو نییە کە زۆرینەی زانا و فەیلەسەوفەکان لەسەری کۆک بن، وەلێ دەتوانین لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین کە نایگڵ کردی بە پرسیارێکی باو لە فەلسەفەی ئەقڵ: بوون بە شەمشەمەکوێرە چۆناییە؟  نایگڵ لای وایە؛ ئێمە لامان وایە بوونەوەرێک [ئۆرگانیزمێک] خاوەنی هۆشە ئەگەر هاتوو بتوانین وێنای بکەین کە چۆن چۆنی دەبێت گەر هەمان ئەزموونی ئەو شتەمان هەبێت، بۆ نموونە، گەر لە شەمشەمەکوێرە بڕوانیت، هەرچەندە گەلێک لە ئێمە جیاوازە، بەڵام؛ دەتوانین پرسیار بکەین و وێنای بکەین گەر شەمشەمەکوێرەکە بووینایە چ ئەزموونێکمان دەبوو. وەلێ، ئێمە هەمان هەست و بیرۆکەمان نییە کاتێک لە بەرد یان کۆمپیوتەرێک یان شتێکی بێگیان دەڕوانین، ئاخر بوون بە پێنووسێک یان تاشە بەردێک چۆناهیانەیە؟ بەرسڤەکە: هیچە. هەرچەندە هۆش زۆر لەمە ئاڵۆزترە بەڵام؛ وەکو دەستپێکێک، هاوشێوەی نایگڵ، بڵێین: گەر شتێک هەبێت [بۆ نموونە ئاژەڵێک] وە بتوانین وا دابنێین ببین بەو و بزانین چۆن ئەزموون بکەین لە ڕێگەیەوە، ئەوا ئەو شتە هۆشدارە.

بەڵام؛ مایەی گووتنە کە هەمووان هاوڕای دیدگای نایگڵ و هاوشێوەکانی نین. مەتڕیاڵیزم و فەنکشیۆناڵزم، و ڕێبازە ڕیدەکشنستە هاوشێوەکانی دیکە لایان وا نییە هۆش شتێکی ئۆنتۆلۆژیانەی جودا بێت لە پڕۆسە ئاڵۆزە بایۆلۆژییەکان. مەتڕیالیستەکان [ماددەگەراکان] هەرگیز لایان وا نییە کێشەیەکی ئاڵۆز بوونی هەبێت دەربارەی هۆش، تەنیا ئەوەیە ئێمە پێویستە زێدەتر خۆمان خەریک بکەین بە دۆزینەوەی ئەوەی چۆن ئەم پڕۆسێسە بایۆلۆژیانە ئەو هەستی ئاڵۆزیەی هۆش و ساوێری <خود>مان لە لا درووست دەکەن.

گەر زێدەڕۆیی نەبێت: هێندەی ژمارەی ئەستیرەکان دەکرێت دیدگای جیاواز هەبن بۆ مەسەلەی هۆش. ناکریت تەنیا بە گوێرەی نایگڵ و چاڵمەرس یان دژەکانیان پێناسەی هۆش بکەین و تەنیا لە ڕێی چاویلکەی ئەوانەوە لە دۆسیەکە بڕوانین. ئاخر هۆش تەنیا بریتی نییە لە: دابەشکاریەک بۆ هۆشداری و ناهۆشداری، چونکە لە نێوەندی بەخەبەربوون و چالاکبووندا چەندین دۆخ و حاڵەت و ئەزموونی هەمەچەشنی هۆش هەن، تەنانەت کاتێک خەوتوین و خەون دەبینین، جۆرە ئەزموونێکی هۆشداریانەمان هەیە، کاتێک کەوتوینەتە حاڵەتی کۆماوە یان دۆخێکی نائاگاهی کاتێک کەسێک لە ڕووی فیسیۆلۆژیەوە وەڵامی دەوروبەری دەداتەوە بەڵام؛ هیچ نیشانەیەکی هۆشداربوون نیشان نادات، ئەمانە و چەندین دۆخی دیکە دەرخەری ئەوەن کە ئاست و بارودۆخی جیاوازی هۆشداری بوونیان هەیە.

بەهەرحاڵ، گەر جاریکی دیکە بدوێینەوە لەسەر هەندێک لە دیدگای ڕیدەکشنستەکان و دژە-ڕیدەکشنستەکان: هەر کام لەو قوتابخانە هزریانەت لە لا پەسەند بن، واتای ئەوە نییە کە لایەنەکانی دیکە قسەکانیان تەنیا ئەبرەکەدابرا و مەمبۆ-جەمبۆن. بۆ نموونە، هەرچەندە هاوڕای نایگڵ، چاڵمەرس، و هتد نەبیت [هاوشێوەی من] بەڵام؛ تێبینی و وتەکانیان بەهەند دەبێت وەربگریت. لە بازنە ئەکادیمییەکاندا ئاڕگیومێنتەکانیان مایەی تێڕامان و ڕێز گرتنە.

فەلسەفەی ئەقڵ و کێشەی ئەقڵ-لاشە

فەلسەفەی ئەقڵ لقێکی فەلسەفەیە کە دەکۆڵێتەوە لە سرووشتی ئەقڵ و پڕۆسێسە ئەقڵییەکان. کێشەی هەرە بەرچاو و سەرەکی کە فەیلەسوفەکانی ئەم لقەی فەلسەفە پێوەی خەریکن بریتییە لەوەی: چۆن پڕۆسە و دیاردە ئەقڵییەکان لە ڕێگەی پڕۆسە بایۆلۆژی و فیزیکییەکانەوە لە دایک دەبن، یانیش لە ئێستاییدا ناسراوە بە ‘کێشەی ئەقڵ-لاشە’ [mind-body problem].

فەلسەفەی هۆش جیا لە کێشە بەناوبانگەکەی ئەقڵ-لاشە کۆمەڵێک بابەتی دیکەش لە خۆ دەگرێت لەوانە: هۆش، ئۆنتۆلۆژیای ئەقڵ، سرووشتی پڕۆسێسە ئەقڵییەکان، خاسیەتەکانی ئەقڵ، سرووشتی هزر، و هتد. هۆش لقێکی توێژینەوەیە لە کۆی فەلسەفەی ئەقڵ، پەیوەندییەکی ئێجگار زۆریشی هەیە بە کێشەی ئەقڵ-لاشە و ئەو پرسیارە سەرەکییەی کە: چۆن کۆمەڵە بوونێکی فیزیکیانە بوون و دیاردەیەکی ئەقڵیانە [ژوانژی: هۆش] بەرهەم دەهێنن؟

ئەقڵ-لاشە مشتومڕێکی کۆنە لە فەلسەفەدا بۆ نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ لەمەو پێش دەگەڕێتەوە، بۆی هەیە بیرکردنەوە لە بابەتەکە زۆر لەمە کۆنتریش بێت. بەڵام؛ بەو فۆڕمە نوێیەی کە ئێستا پێی ئاشناین دەگەڕێتەوە بۆ تێزەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی ‘ڕێنێ دێکارت.’ دێکارت سیمای داوە بە زۆرێک لەو دیبەیت و تیڕوانینانەی هەن بۆ فەلسەفەی ئەقڵ لەم سەردەمەی ئێستامان، شوێنەواری تێگەیشتن و چۆنیەتی خستنەڕووی کێشە فەلسەفییەکانی ئەو هێشتاکە پایەکانی پتەو ماون وەکو پانتێنۆنی یۆنان. پرسیار و ڕاڤەکانی دیکارت سەبارەت بە چیەتی ئەقڵ و چۆنیەتی پێوەندی نێوان ئەقڵ و جەستە لە سەردەمی ئەمڕۆمان لە دسپڵنە جیاوازەکانی مێشکناسی و سایکۆلۆژیا دەنگ دەدەنەوە. بۆ وێنە، مێشکناسێک ناتوانێت نەپرسێت: ماددەی خۆڵەمێشی مێشک [grey matter] چۆن دەبێتە هۆی هێنانە کایەی هۆش یان فێنۆمێنۆلۆژیایەکی ڕوون بۆ دیاردەکانی بۆنکردن، تامکردن، گوێلێبوون و بینینی ڕەنگەکان؟

دێکارت پێی وا بوو؛ گەردوون لە دوو چەشنی جیاوازی ماددە پێکهاتووە: ماددەی فیزیکی و ماددەی هزری. ئەم دوو ماددەیە لە بنەڕەتەوە جودان، بەڵام؛ لای وا بوو کە دەکرێت کارلێک لەگەڵ یەکدیدا بکەن. بە گوتنی ئەوەی جیهان لە دوو ماددەی بنەڕەتی جیاواز، ماددەی مێنتاڵی و ماددەی فیزیکی، پێکهاتووە، ئەم جۆرە پرسیارانە دێنە گۆڕێ: کاتێک ئازار دەگەیەنم بە پەنجەم، چۆن ئەم ڕووداوە فیزیکییە دەبێتە هۆی ڕوودانێکی ئەقڵی هەستکردن بە ئازار؟ ئەی چۆن ڕووداوێکی بیرکردنەوەی وەکو گوتنی دەی با هەڵبستمە سەر پێ، دەبێتە هۆی جوڵەی فیزیکی لاشە؟ سەبارەت بەم پێوەندیەی نێوان ئەقڵ و لاشە، دێکارت وای دانا ڕژێنی کاژی [pineal gland] مێشک جێگای پێوەندییەکانی نێوان ماددەی مێنتاڵ و فیزیکە تەنانەت ئەو بەو جێیەی دەگووت ‘جێ تەختی ڕۆح،’ هەر بۆیەشە هۆش لە فەلسەفەی دێکارت سەر بە جیهانی مێنتاڵە و ئەزموونە تێکەڵەکانی نێوان ئەقڵ و جەستەش لەو بەشەی مێشکدا بەرهەم دێن. هەڵبەتە ئەم دیاریکردنەی دێکارت بەوەی ئەو ڕژێنە ئاماژەپێدراوە ئەندامێکی نیورۆنی مێتافیزیکیانەیە چەوت بوو، لە مێشکناسیدا ڕژێنی کاژی وەکو هەر ڕژێنێکی دیکەی لاشە کاری ڕژاندنی هۆرمۆنەکانە بۆ ناو موولولەکانی خوێن.

ئەو فەیلەسوفانەی وەکو دێکارت بڕوایان وایە گەردوون لە بنەماوە لە دوو ماددەی جیاواز پێکاهتووە، بیرۆکەکەیان پێی دەگوترێت: دواڵیزم [dualism]. دژی ئەمان ئەوانەن لایان وایە جیهان تەنیا لە یەک ماددەی سەرەکی پێکهاتووە، ڕێبازەکەیان پێی دەگوترێت: مۆنیزم [monism]، هەر بۆیە مۆنستەکان ڕەتی دەکەنەوە کە هیچ کێشەیەک هەبێت بە ناوی پێوەندی ئەقڵ-لاشە. هەڵبەتە تەنیا ئەم دوو تێڕوانینەمان نییە بۆ مەسەلەی ئەقڵ و هۆش، بگرە زەریایەک لە دەستەواژە و دیدگای جیاواز هەن، بۆ نموونە، مۆنیستەکان بڕوایان وایە جیهان تەنیا لە یەک ماددەی بنچینەیی پێکهاتووە، بەڵام؛ پێک نایەن کە کامە ماددە بنچینەییە، هەر بۆیە لێرەوە هزری فیزیکاڵیزم [physicalism] هەیە کە لایان وایە تەواوی گەردوون بریتییە لە: ماددەی فیزیکی و دیاردە ئەقڵییەکان لە بەرهەمی ماددەی جەستەیی شتێکی زیاتر نین، لەلایەکی دیکەوە چەشنێکی دیکەی مۆنستەکان سەر بە ڕێبازی ئایدیاڵیزمن [idealism] کە بە پێچەوانەی فیزیکاڵستەکانەوە لایان وایە تەواوی جیهان پێکهاتووە لە ماددەی مێنتاڵی و ماددە فیزیکییەکان بوونێکی مێنتاڵیانەیان هەیە. لە لایەکی دیکەوە، قوتابخانەیەکی هزری دیکە هەیە بە ناوی مۆنیزمی بێلایەن [neutral monism] ئەمەش وەکو هەر یەک لە رێبازەکانی دیکە لە چەندین دیدگاو تێڕوانینی جیاواز پێکهاتووە، وەلێ بەشێوەیەکی گشتی لایان وایە دابەشکاری کردن لە نێوان ماددەی ئەقڵی و ماددەی فیزیکی دیدگایەکی هەڵەیە، پێیان وایە کە تەنیا یەک ماددە هەیە بەڵام؛ ئەو ماددەیە نە مێنتاڵییە نە فیزیکییە، بەڵکو بێلایەنە.

زۆمبیەکی فەلسەفی بە ناوی ماری لە ژوورێکی چینیدا ڕەنگ دەبینێت!

جەنگی نێوان فیزیکاڵست و دواڵستەکان شتێکی نوێ نییە، بگرە لە کۆنەوە ئەو دوو ئایدیا جیاوازە بەربوونەتە سەروگوێلاکی یەکتر. هەردوو لایان ئاڕگیومێنتگەلێک دەخەنە ڕوو کە بۆچی دەبێت بیرۆکەی ئەمان درووست بێت و هی ئەوەی بەرامبەریشیان چەوت. گومان لەوە نییە کە تا زانست و تەکنەلۆژیا پێش دەکەون، باشتر لە مێشک و سیستەمی دەماریمان تیدەگەین، بەمەش هزری فیزیکاڵیزم و ماددیگەرایی زاڵتر دەبن. وەلێ، دواڵستەکان هێشتا ئاڕگیومێنتیان هەیە کە دۆزینەوە زانستییەکان لە ژێر ڕۆشنایی دواڵیزمدا لێکبدەنەوە. کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی هزری هەن کە ئاڵەنگاری فیزیکاڵیزم دەکەن، با لە هەندێکیان بڕوانین.

زۆمبی فەلسەفی:

وشەی زۆمبی لە جادووی ڤوودوی هایتییەکان بە واتای ”مردووی ژیاو” دێت، واتە مردوویەکە بەشێوەیەک لە شیوەکان کۆمەڵێک ڕەفتاری زیندووەکان دەکات کە لەلایەن شامان و جادووگەرەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە، زۆمبی لاشەیەکی مردووە لە ڕێگەی جادووەوە زیندوکراوەتەوە. بەهەرحاڵ، زۆمبی لە فەلسەفەدا واتایەکی تەکنیکی دیکە هەڵدەگرێت. لە ئاڕگیومێنتە فەلسەفییەکاندا زۆمبی بریتییە لە: بوونەوەرێکی هیپۆتێزیانە، کاراکتەرانێکی خەیاڵین بەکار دەهێنرێن لە ئاڕگیومێنتە فەلسەفییەکاندا بۆ ڕوونکردنەوەی کیشەگەلێکی فەلسەفی بەتایبەتی دەمەقاڵێکانی نێوان فیزیکاڵیزم و دواڵیزم لە بابەتی هۆشدا.

زۆمبیە فەلسەفییەکە تەنیا یەک تاکە ئاڕگیومێنت نییە بەڵکو بە کۆمەڵە چەشنێکی جیاواز ئاڕگیومێنتەکە بوونی هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەندێکجار ئاڕگیومێنتەکە یان تاقیکردنەوە هزریەکە مەبەستی لە لێدانە لە هزرێکی دیاریکراوی فیزیکاڵیزم، یان ڕێبازێکی دیکەی دیاریکراوی مۆنیزم. هەرچۆنێک بێت، پێشتر ئاشنابووین بە چاڵمەرس، لێرە جاریکی دیکە چاڵمەرس نیشانە لە فیزیکاڵیزم دەگرێتەوە، ئاڕگیومێنتەکە پێش ئەمیش هەبووە بەڵام؛ ئەو ئاڕگیومێنتەکەی زیاتر ڕاکێشایە ناو دیبەیتی هۆشەوە و زیاتر باوی کرد.

 

ئەم تاقیکردنەوە هزرییە قسە زۆر هەڵدەگرێت و ڕەتکردنەوە و پشتگیری جیاواز و هەمەچشنی هەیە، وەلێ بە شێوەیەکی گشتی بەم شێوەیەیە: بیهێنە پێش چاوت کە ‘کەسێکی’ هاوشێوەی تۆ هەیە- خانە بە خانە، مۆڵکیوڵ بە مۆڵکیوڵ، بست بە بست وەکو تۆ وایە. بە مانایەکی دیکە، ئەو ڤێرژنێکی زۆمبی تۆیە. لە شێوە و ڕەفتاردا هاوشێوەن، بە هەمان جۆر دەدوێن، هەردووکتان ڕەنگ دەبینن. وەلێ، تاکە جیاوازیتان بریتییە لە: هەبوونی ئەزموونی هۆش. لە ئاستێکی گەورەتریشدا، بیهێنە بەرچاوت کە جیهانێکی زۆمبی هەبێت هاوشێوەی جیهانەکەی ئێمە، کە ڕێک هاوشێوەی ئێرە بێت، کەسەکانی ئەوێ هەموو وەکو ئێمەن لە ستراکتۆری فیزیکی، تاکە شتێک کە نەیان بێت هۆشە.

لە ڕێگەی ئەم تاقیکردنەوە هزریەوە دواڵستەکانی هاوشێوەی چاڵمەرس دەیانەوێت پێمان بڵێن؛ کە ئێمە دەتوانین بیر لە دونیایەکی فیزیکاڵی هاوشێوەی ئەمەی خۆمان بکەینەوە کە تاکەکانی وەکو ئێمە کردە نیورۆلۆژی و فیزیۆلۆژییەکان جێبەجێ دەکەن بەڵام؛ خاڵی لە ئەزموونی هۆش، بۆ وێنە وەکو ئێمە دەتوانن بینەری ڕەنگی سوور بن، بەڵام؛ ئەو ئەزموونە هۆشیەی ئێمە دەمانبێت لە بینینی ڕەنگی سوور یان ڕەنگێکی دیکە جیاوازە و ئەزموونێکی تایبەتییە. تەنانەت دەتوانیت وا بیر بکەیتەوە کە هەر ئێستا لەو جیهانەی تێیدا دەژیت ئەوانەی دەوروپشتت هەموویان زۆمبی فەلسەفی بن، ئاخر چۆن دەتوانیت بزانیت ئەوان خاوەنی هۆشن، چۆن دەزانیت ئەوان زۆمبیەکی فەلسەفی نین؟ سا کەواتە هۆش بریتییە لە: شتێکی سەبژێکتیڤ و ئەزموونێکی تایبەت بە کەسەکان، بەو توانستە زانستیانەی ئێستاکە پێی گەیشتووین ناتوانین لێی تیبگەین. چاڵمەرس هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کە بۆشاییەکی لێکدانەوە هەیە کە ناتوانین بەو مێتۆدە زانستیانەی ئێستا لێکی بدەینەوە.

بێگومان ئەم ئاڕگیومێنتە وەکو هەر ئاڕگیومێنتێکی دیکە بەبێ دەنگەدەنگ و ژاوەژاو لە فلتەری دیبەیتە زانستی و فەلسەفییەکاندا دەربازی نابێت. لەگەڵ ئەوەی ڤێرژن و باسێکی زۆر هەن دەربارەی ئاڕگیومێنتەکە، بەهەمان شێوەش ئاڕگیومێنتی پێچەوانەی زۆر هەن. وەلێ یەکێک لە بەناوبانگترین ڕەتدانەوەی فیزیکاڵستەکان بۆ ئەم ئاڕگیومینتەی دواڵستەکان بریتییە لەوەی: ئاڕگیومێنتی زۆمبیە فەلسەفیەکە خودی خۆی بۆ خۆی ڕەتدانەوەیە. ئاخر ئاڕگیومێنتەکە دەڵێت: کە بیهێنە پیش چاوت دونیایەکی تەواو فیزیکاڵی هاوشێوەی ئێمە بوونی هەیە، دواتر فیزیکاڵستەکان تەواوی دیاردەکان (بە فێنۆمێنۆلۆژیای هۆشەوە) لە ژێر ڕۆشنایی فیزیکاڵیزمدا لێک دەدەنەوە، ئێ کەوایە گەر جیهانێکی فیزیکاڵی هاوشێوەی ئێمە بوونی هەبێت، ئەوا خۆکردانە هۆشیش بوونی دەبێت، بە واتایەکی دیکە هەر کۆپیەکی فیزیکاڵی ئەم جیهانەی ئێمە دەبێت هۆشیش لە خۆی بگرێت. گەر وا بێت، ئەم مەسەلەی زۆمبیە وەکو ئاماژەیەکی پۆلیسی هاتوچۆ دەبێت کە لەسەری بنووسرێت: داچەقاندن و دانانی هەموو ئاماژەیەک قەدەغەیە و نابێت بکرێت. یان گەر بڵێم: پیتزایەکی بە گۆشت درووستکراو بهێنە پێش چاوت وەک ئەم پیتزایەی بەردەمت بەڵام؛ نابێت گۆشتی لەسەر بێت. فیزیکاڵستەکانی دیکەی هاوشێوەی دانیێڵ دێنێت ئەم ئاڕگیومێنتەی زۆمبییەکان بە ‘حەیابەرە’ و ‘گەمژە’ وەسف دەکەن و لایان وایە بۆ ئەم سەردەمەی ئێستا ئاڕگیومێنتێکی وەها دەبێتە مایەی شەرمەزاری و نابێت بە هەند وەربگیرێت.

ژوورەکەی ماری:

ژوورەکەی ماری، بە ئاڕگیومێنتی ماریفەش دەناسرێت، تاقیکردنەوەیەکی هزری و ئاڕگیومێنتێکی دیکەیە دژی هزری فیزیکاڵیزم و هزری ماددیگەرایی.  ئەم تاقیکردنەوە هزریە فەلسەفییە لە دانراوی فەیلەسوفی ئوستڕالی “فڕانک جاکسنە” لە پەیپەرە ئەکادیمیەکەی ساڵی ١٩٨٢ی بە ناوی <کوالیای ئێپیفێنۆمیناڵ>. لە پەیپەرەکەی جاکسن بە ڕوونی هەوڵی ئەوە دەدات کە هزری فیزیکاڵیزم ڕەت بکاتەوە و ئاڕگیومێنت بسازێنێت بۆ بوونی کوالیا. چەند ئاڕگیومێنتێکی جیاواز دەهێنێتە کایەوە لەگەڵ یەک دوو تاقیکردنەوەی هزری کە لێرە تەنیا تیشک دەخەینە سەر یەکێکیان. تاقیکردنەوە هزریەکە بەم شێوەیەیە: ماری کچە زانایەکی ژیرە، بە هەر هۆکاریک بوو بێت لە ژوورێکەوە توێژینەوەکانی دەکات کە تێیدا هەموو دونیا ڕەش و سپییە و هەرگیز ئەزموونی ڕەنگی دیکەی نەکردووە، وەلێ ئەو پسپۆڕە لە نیورۆفیزیۆلۆژیای ڕەنگ، هەموو شتێکی فیزیایی دەربارەی ڕەنگ دەزانێت، ئەو پەی بەوە دەبات کە درێژی تیشک بە شێوازی جیاواز کار دەکەنە سەر خانە قوچەکییەکانی چاو و دواتر لە مێشکدا لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت، بۆ هەر یەک لەم ئەزموونانەش ناویان لێ دەنێین: شین، سوور، سەوز، هتد. هەر بۆیە کە دەڵێین: ”ئاسمان شینە” ئەو دەزانێت کە چۆن تیشک لە ئاسمانەوە شکاوەتەوە و چاوی ئێمە چۆن وێنەی گرتووە و مێشکیشمان چۆناهی وای کردووە ئەو دیمەنە درووست بکات. بە پوختی ماری هەموو شتێکی زانستی و فیزیکی دەزانێت سەبارەت بە ڕەنگەکان، وەلێ خودی خۆی ڕەنگی نەدیووە. باشە، ئێستا بیهێنە پێش چاوت ڕۆژێک لە ڕۆژان ماری لە مۆنیتۆری تیڤیەکەیەوە ڕەنگ دەبینێت بۆ یەکەمین جار، یان ئێمە لە ژوورە ڕەش و سپییەکە دەیهێنینە دەرەوە و جیهانی ڕەنگاڵەی پێشان دەدەین، پرسیارەکە ئەوەیە ئایە ماری فێری شتێکی نوێ دەبێت؟

وەڵامی ئەو کاتی جاکسن بریتییە لە: بەڵێ، ماری فێری شتێکی نوێ دەبێت کاتێک بۆ یەکەم جار ڕەنگ دەبینێت. هەروەکو دەبینیت جاکسن لە سەرەتای پەیپەرەکەیەوە پێشنیارێک دەکات، ئەویش ئەوەیە کە هەموو ئەو زانیاریانەی هەمانە و لە ڕێگەی فیزیا و کیمیا و زانستەکانی دیکەوە دەستمان کەوتوون بریتیین لە ‘زانیاری فیزیکی.’ ئەو لای وایە کە کۆمەڵە زانیارییەک هەن ناکەونە ئەو چوارچێوەیەوە، لێرە مەبەستی لە کوالیایە. جاکسن لە پەیپەرەکەی دەنووسێت کە تەنانەت ئەگەر هەموو زانیارییەکی فیزیکیم پێ بڵێیت دەربارەی مێشکێکی زیندوو، کە چی تێدا دەگوزەرێت، ئەرکەکانی چین، پەیوەندی بە مێشکەکانی دیکەوە، هێشتا کۆمەڵێک هەست و زانیاری دیکە هەن کە بەشێک نین لەم زانیارییە فیزیکییە ئاماژە پێدراوانە، بۆ نموونە بۆنکردنی گوڵێک، تەماشاکردنی ئاسمان، خاسیەتەکانی تامکردنی لیمۆیەک و هتد.

هەروەکو پیشتر ئاماژەمان پێدا فیزیکاڵزم دەڵێت: کە هەموو دیاردەکان، بە دیاردە مێنتاڵییەکانیشەوە، بەرهەمی جیهانی فیزیکین، بەڵام؛ جاکسن ئاڕگیومێنتەکەی وەهایە کە ئەگەر ماری تەواوی زانیارییە فیزیکییەکان بزانێت بەڵام؛ ئەزموونی ڕەنگ نەکات و دواتر بەو ئەزموونە ئاشنابێت و شتێکی لێوە فێر بێت بەهۆی ئەزموونەکەوە ئەوا دەبێت فیزیکاڵزم چەوت بێت، چونکە ماری تێدەگات لە هەموو زانیارییەکانی پەیوەست بە پێرسێپسیۆنی ڕەنگی سوور وەک نموونە، بەڵام؛ خودی خۆی ئەزموونی ئەو پیرسێپسیۆنەی نەکردووە، جا بۆیە ئەزموونکردنی هۆشیانەی ڕەنگی سوور زۆر جودایە وەک لە هەبوونی زانیاری دەربارەی پێرسێپسیۆنی ڕەنگی سوور. لەمەوە جاکسن دەڵێت: کە دەبێت فیزیکاڵیزم هەڵە بێت، و بەم شێوەیەش کوالیا بوونی هەیە. لە پاڵ ڕەتدانەوەی فیزیکاڵیزم و هەوڵدان بۆ سەلماندنی بوونی کوالیا، سێیەم ئاڕگیومێنتیشی بریتیە لەوەی: کە دەبێت تێڕوانینی ئێپیفێنۆمیناڵیزم ڕاست بێت (کە دواتر ئاماژەی پێ دەدەین).

بێگومان ئەم ئازمایشە هزرییە وەکو ئەوانی پێشوو بە بێ ڕەخنە و بەرهەڵستی تێناپەڕێت. هەندێک ئاڕگیومێنتی ئەوە دەهێننە کایەوە کە ماری فێری هیچ شتێکی نوێ نابێت، بەڵام؛ بۆی هەیە توانایەکی نوێ بە دەست بهێنێت. ماری دەزانێت کە شەپۆلە جیاوازەکانی وامان لێ دەکەن کە بە چەشنی جیاواز چاوەکان ئەزموونی بکەن هەر بۆیە ماری پەی بەوە دەبات کە دەکرێت ئەزموونی بینینی ڕەنگی سوور چۆن بێت. بە بینینی ڕەنگی سوور ماری فاکتی نوێ فێر نابێت دەربارەی ڕەنگەکان، لێ لەوانەیە توانستی بیرهاتنەوە و ناسینەوەی ڕەنگەکان بە دەست بهێنێت، بەڵام؛ ئەمە هاوشانی فێربوونی شتێکی نوێ نییە.

هەندێ بیرمەندی دیکە لە سەرەتاوە پرێمسی یەکەمی ئارگیومێنتەکەی جاکسن ڕەت دەکەنەوە کە دەڵێت ‘ماری ئاشنای هەموو زانیارییەکی فیزیکاڵییە سەبارەت بە ڕەنگ.’ چونکە گەر وا بێت ئەوا ماری لە سەرەتاوە ماریفەیەکی تەواوی نەبووە سەبارەت بە ڕەنگ، چونکە ماری خاوەنی چەمکی ئەوە نییە، واتای چییە ئۆبژێکتێک سوور بێت یان بۆیەکراو بە ڕەنگێکی دیکە. چەند ڕەتدانەوەیەکی دیکەی تاقیکردنەوە هزرییەکە بوونیان هەیە بەڵام؛ تا ئێستاکەش جێی مشتومڕە لە بابەتی هۆش.

ژوورە چینیەکە:

‘ژووری چینی’ لە ڕاستیدا زیاتر ئاڕگیومێنتە وەک لە تاقیکردنەوەی هزری، دەگەڕێتەوە بۆ پەیپەرێکی فەیلەسوفی ئەمەریکی جۆن سێڕڵ کە جێپەنجەی دیارە لە فەلسەفەی زمان و فەلسەفەی ئەقڵ. سێڕڵ لە ڕێگەی ئاڕگیومێنتی ژوورە چینیەکەوە دەیەوێت ڕەخنە لە ڕێبازی فەنکسیۆناڵیزم بگرێت، فەنکسیۆنالیستەکان بڕوایان وایە ئەقڵ لە سیستەمێکی پڕۆسێسکردنی زانیاری زێدەتر نییە، هەر بۆیە هەندێک لە توێژەرانی زیرەکی دەستکرد AI لایان وایە گەر کۆمپیوتەرێک پڕۆگرام بکرێت و بە شێوەیەکی درووست وابەستەی ئینپوت و ئاوتپوت بکرێت ئەوا ئەقڵێکی هاوشێوەی ئەوەی مرۆڤی لێ بەرهەم دێت. هەرچی سێڕڵە هاوڕای بانگەشەی ئەو تویژەرانەی بواری کۆمپیوتەری ئەو سەردەمە نەبوو، بۆیە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە هزریەکەیەوە ویستی ئەوە دەربخات کە تەنانەت ئەگەر ئامێرێک لە تاقیکردنەوەی تورینگیش دەربچێت هێشتاکە ناتوانرێت بە ئەقڵمەند هەژمار بکرێت.

سێڕڵ داوامان لێ دەکات کە وا دابنێین زانایانی بواری زیرەکی دەستکرد توانیویانە ئامێرێک دیزاین بکەن کە وا ڕەفتار دەکات وەکو بڵێیت بە چینی گفتوگۆ بکات و تێبگات. دەتوانرێت زانیاری بە نووسینی چینی وەکو ئینپوت بخرێتە ناو کۆمپیوتەرەکەوە، ئەویش بە ڕێنمایی ئەو پڕۆگرامەی کراوە وەڵامی درووست، گونجاو و بە چینی نووسراومان وەک ئاوتپوت پێشکەش دەکات. با وا دابنێین کە ئەم کۆمپیوتەرە بە ڕادەیەک لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکەدا لێهاتووە کە تاقیکردنەوەی تورینگ تێدەپەڕێنێت و وا لەو چینیانە دەکات کە قسەی لەگەڵدا دەکەن بڕوا بەوە بکەن کە ئەم ئامێرە وەکو کەسێکی ڕەسەن بە زمانی چینی لە گفتوگۆکردن بە زمانی چینی کارامەیە. ئیدی ئەم ئامێرە وەکو هەر مرۆڤیکی چینی توانای ئەوەی هەیە بە ژیرانە و بە زمانی چینی وەڵامی هەموو پرسیارە چینییەکان بداتەوە. لێرە ئەو پرسیارانەی دەبێت بیانوروژێنین ئەمانەن: ئایە ئامێرەکە هەر بە ڕاستی لە زمانی چینی تیدەگات؟ یانیش ئەوەتا ئامیرەکە تەنیا وا دەنوێنێت کە دەتوانێت کە چینی تێبگات؟

لێرەوە سێڕڵ لە بیرۆکەکەی ئاڕگیومێنتەکەی بەردەوام دەبێت: ئێستا با وا دابنێین من دەچمە ژوورێکەوە کە کتێبێکم لەبەر دەستە کە ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێنمایانەی لە لایەن توێژەرەکانەوە بە ئامێرەکە درا بوو، بۆ نموونە بەم شێوەیەیە:

” ئەگەر:

你會說中文嗎?

[ئایە دەزانیت بە چینی قسە بکەیت؟]

ئەوا:

是的,我會說中文。

[بەڵێ، دەتوانم بە چینی قسە بکەم.]

 

ئەگەر:

你是從中國來的嗎?

[ئایە خەڵکی وڵاتی چینیت؟]

ئەوا:

是的,我出生在雲南。

[بەڵێ، لە هەرێمی یونان لە دایک بووم] ”

هەر کاتێک قسەکەرێکی چینی لەسەر پارچە پەڕێک ئینپوتێک لە ڕێگەی کونێکەوە دەخاتە ژوورەکەمەوە، ئەوا من بەو ڕێنماییانەی لەبەردەستمدا هەن وەڵامەکە ئامادە دەکەم و وەکو ئاوتپوت دەیخەمە دەرەوە لە کونەکە، بەم شێوەیە وا لەو قسەکەرە چینیە دەکەم بەهەمان ئەندازەی ئامێرەکە بڕوا بکات کە لەو ژوورەی من بەڕێوەی دەبەم دەتوانم بە زمانی چینی قسە بکەم، بەهەمان شێوەی ئامێرەکەش دەتوانم بە سانایی تاقیکردنەوەکەی تورینگیش تێبپەڕێنم. بێگومان ئەمە لە کاتێکدایە کە من هیچ وشەیەک چینی نازانم، لەگەڵ ئەو نووسینە خەتە بەناو یەکدا چووانە تەقەی سەرم دێت، بەڵام؛ تەواوی تاقیکردنەوەکە وا دەردەخات کە من چینی تێدەگەم، کەواتە جێ پێ هەڵگرتنەکەی من بە دوای ڕێنماییەکاندا بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە بە چینی نووسراوەکان و ڕەفتارەکانی کۆمپیوتەرەکە هاوبەشن و هەردووکیان بریتین لە: سیمیوڵەیتکردنی تێگەیشتن لە زمانی چینی نەک ئەوەی بەڕاستی تێبگەین لە زمانی چینی. کەواتە ئامێرەکە خاوەنی ئەقڵ نییە، گەر خاوەنی ئەقڵ بووایە، دەبوو تێگەیشتنی هەبێت دەنا لە نمایشێک بۆ دەرخستنی تێگەیشتن زیاتر نییە.

توێکاری تێڕوانینە جیاوازەکان لە مەڕ هۆش

تێڕوانینی هەمەچەشنانە بوونیان هەیە بۆ هۆش، دڵنیام تا ئێرە ئەم خاڵە ڕوون بووەتەوە. تیۆرەکانی هۆش، چ تیۆرە مێتافیزیکییەکانیان و نامێتافیزیکییەکان، گەلێ زۆرن و ناتوانرێت لە وتارێکی ئاوادا زۆرینەیان بخرێنە ڕوو، هەر بۆیە ناچاری دەبێت ڕۆشنایی بخەینە سەر چەند دانەیەکی سەرەکیان. پێشتر ئاماژەمان دا بە تیۆرە مێتافیزیکییەکانی هۆش ژوانژی: دواڵیزم و مۆنیزم. هەر یەک لەمانە بۆ خۆیان چەمکە-چەترێکن کە چەندین بیردۆز و تێڕوانینی دیکە لە خۆ دەگرن. هەرچی تیۆرە نامێتافیزیکییەکان و تیۆری تایبەتین، واتە ئەوە نەبێ بە شێوەیەکی گشتی لە ئۆنتۆلۆژیای گەردوون بڕوانێت، ئەوانیش هێندەی زەریایەک فراوان و هەمەچەشنن. هەندێک لە تێڕوانینەکان نیورۆلۆژین، هەندێکیان فیزیای کوانتەم وەکو بنچینەیەک بۆ بیردۆزەکەیان بەکار دەهێنن، هەندێک تەنانەت نایانەوێت هیچ لایەنێکی فیزیایی بوونی هەبێت لە تیۆرەکانیان وەکو پانسایکستەکان.

با توێکارییەک بکەین بۆ قوتابخانە جیاوازە مێتافیزیکییەکانی مۆنیزم. مۆنیستەکان بڕوایان وایە تەواوی گەردوون لە یەک ماددە پێکهاتووە. ئایدیایەک بە مۆنیست دادەنرێت کاتێک پێشنیار دەکات شتەکان هەموویان بۆ یەک سەرچاوە دەگەڕێنەوە. بێگومان ئەم چەمکە تەنیا بەم سادەییە نییە، بگرە هزری جیاوازی مۆنیستی دژایەتی هزری لە نێوانیاندا هەیە، جەنگی هۆش تەنیا جەنگێک نییە لە نێوان مۆنیزم و دواڵیزم هاوشێوەی ئالەتە ڕەش و سپییەکانی شەتڕەنج، بگرە لە نێو خودی ئەم چەمکانەدا قوتابخانەی دژ بە یەک بوونیان هەیە. با چاوێک بە چەند جۆرێک لەم تێڕوانینانەدا بخشێنین:

فیزیکاڵیزم:

ئەم تێڕوانینە لای وایە؛ ئەوەی بوونی هەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان فیزیکییە، تەنانەت بوونە مێنتاڵییەکانیش بەشێکن لە دونیای فیزیکی. فیزیکاڵیزم دژی دواڵیزمە و دان بە بوونی زیاد لە یەک ماددەی بنچینەیی بۆ گەردوون نانێت، بەڵکو ئەو دیاردانەی کە لامان وایە فیزیکی نین، هاوشێوەی هۆش، ڕاستیەکەی خودی ئەمانە بەرهەمی کردە فیزیکاڵییەکانن. ئەمان کێشەی ئەقڵ-لاشەیان لەلا پەسەند نییە، تەنانەت ڕەتی دەکەنەوە کە کێشەیەکی وەها هەبێت، چونکە لای ئەمان ئەقڵ بەرهەمی مێشکە و مێشکیش بە کۆمەڵێک میکانیزمی بایۆفیزیکی و بایۆکیمیکی هۆش و ڕەهەندەکانی دەهێننە بەرهەم. بەشێکی زۆر لە زانا و فەیلەسوفەکان لایەنگری فیزیکاڵیزمن، وەلێ دیسان دەبێت لە بیر خۆمانی بهێنینەوە کە چەند جۆرێک لە دیدگای فیزیکاڵستەکان بوونیان هەیە، بۆ نموونە هەندێک لە فیزیکاڵیستەکان ڕیدەکشنستن و ئەقڵ بە بەرهەمی دۆخە فیزیکییەکانی مێشک دادەنێن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە بڕوایان بە ئیمێرجێنتیزم هەیە کە لایان وایە بەرهەمە ئەقڵییەکان بەرهەمی فیزیکاڵین بەڵام؛ مەرج نییە ڕیدەکتیڤ بن، هەر بۆیە لەلای ئەمان کێشەی ئەقڵ-لاشە تەنیا تێگەیشتنێکی هەڵەیە دەنا هەردوو لا فیزیکاڵین، بەڵام؛ مەرج نییە بتوانین پشت بە ڕیدەکشنیزم ببەستین و بەرهەمە مێنتاڵییەکان بهێنینە ئاستی مێکانیزمە نیورۆلۆژییە فیزیکاڵییەکان.

تێگەیشتنێکی دیکەی فیزیکاڵی ئیڵێمینەیتڤیزمە، ئیڵێمینەیتیڤیستەکان بە تەواوەتی بوونی ئەقڵ و هۆش ڕەت دەکەنەوە، لای ئەمان هەموو شتێک فیزیکاڵییە و تەواو. وەلێ پێچەوانەکەیان فیزیکاڵە ڕیدەکتیڤستەکانن کە بڕوایان بە بوونی دیاردە ئەقڵی و هۆشییەکان هەیە، بەڵام؛ وەکو بەرهەمی فیزیکاڵیەت تەماشایان دەکەن.

ئایدیاڵیزم:

ئایدیاڵیزم لای وایە خودی کۆنشنسنس، بە واتایەکی دیکە ‘شتی’ مێنتاڵی، بریتییە لە: بوونی بنچینەیی گەردوون. ئەمان ڕێک پێچەوانەی فیزیکاڵستەکان بیر دەکەنەوە. ئایدیاڵیستەکان لایان وایە کە ئۆبژێکتە فیزیکەکان بوونیان بەستراوەتەوە بە ئەقڵ، بە بێ ئەقڵ بوونیان نابێت.

فەنکسیۆناڵیزم:

فەنکسیۆنالیستەکان وەکو کۆمپیوتەر لە مێشک و ئەقڵ دەڕوانن، لایان وایە وەکو پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر و ئامێرەکان، ئینپوتەکان وەردەگرن و لە بەرامبەردا ئاوتپوتمان لە شێوەی ڕەفتار پێ دەبەخشن. مەرج نییە هەموو فەنکسیۆنالیستەکان فیزیکاڵست بن یان دواڵیست، بەڵکو ئەوان زیاتر گرنگی بەو تیڕوانینە دەدەن کە ئەقڵ و مێشک وەکو کۆمپیوتەر کرداری پڕۆسێسکردنی زانیارییە تێخراوەکان بەجێ دەگەیەنن. هەروەکو پێشتریش لە ڕێگەی ژوورە چینیەکەوە ئاماژەی پێدرا ڕەخنە دەربارەی ئەم تێڕوانینە بوونیان هەیە، بەڵام؛ مەرج نییە هەموو ڕەخنەکان بە تەواوەتی ئەم دیدگایە ڕەت بکەنەوە، لەوانەیە هەندێک دان بەوەدا بنێن کە کۆمەڵێک خاسیەتی فەنکسیۆناڵ هەن دەربارەی ئەقڵ و هۆش، وەلێ مەرج نییە لە سرووشتی خۆیدا هۆش لە ئینپوت و ئاوتپوت زیاتر نەبێت.

مۆنیزمی بێلایەن:

مۆنیزمی بێلایەن یان نیوتڕاڵ مۆنیزم لە کۆمەڵێک ئایدیا پێکهاتوون، دابەشکاری ئەقڵ-ماددە لە فەلسەفەی ئەقڵدا ڕەت دەکەنەوە. مۆنیستە بێلایەنەکان لایان وایە سرووشتی گەردوون نە ماددەیە نە مێنتاڵ، بەڵکو شتێکی جیاواترە. تەنانەت ئەمان لایان وایە درووستکردنی دایکۆتۆمیەکی لەو شێوەیەی کە جیهان مەتڕیاڵە یان مێنتاڵە زیانی هەیە و لە دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی هەمانە سەبارەت بە هۆش و ئەقڵ دوورمان دەخاتەوە.

بێگومان کە ئەم تێڕوانینانەی ئاماژەیان پێدرا تەنیا پوختەیەکی زۆر سادەیە لە هزری مۆنیستەکان. هەرچی دواڵیستەکانن، ئەوان بڕوایان وایە کە سرووشتی گەردوون لە دوو ماددەی بنچینەیی پێکهاتووە نەک یەکێک، بە گوێرەی ئەم تێڕوانینە هۆش جیایە لە مێشک و ئەندامە فیزیکییەکانی دیکەی لاشە و گەردوون، هۆش لە ماددەیەکی دیکە پێکهاتووە ئەویش ماددەی ئەقڵییە. بەهەرحاڵ ئەمانەی خوارەوە دیدگاگەلێکی دواڵستەکانن:

دواڵیزمی دێکارتی:

جگە لە دواڵزمی دێکارتی، دواڵزمی ماددەشی substance dualism پێ دەگوترێت، بریتییە لەو: دیدگا نەریتیەی بۆ کێشەی  ئەقڵ-لاشە هەیە لە دێکارتەوە. بە پوختی ئەم تیڕوانینە دەڵێت کە مێنتاڵ شوێن داگیر ناکات لە بۆشایی، ماددەی فیزیکیش ناتوانن بیر بکەنەوە، هەر بۆیە پێویستە دوو شانشینی جودا هەبن بۆ شتە مێنتاڵییەکان و شتە فیزیکییەکان. جا لەبەر ڕۆشنایی ئەم بیرۆکەیە، هۆش دەکەوێتە بەر شانشینی مێنتاڵ. هەڵبەتە شایەنی گووتنە ئەم دیدگا ترادسیۆناڵە چی دیکە بەشێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری ناکرێت و دواڵستەکان پەنایان بردۆتە بەر تیۆرییەکانی دیکەی دواڵیزم.

دواڵیزمی تایبەتمەند:

دواڵیزمی تایبەتمەند property dualism پێشی دەگوترێت فیزیکاڵیزمی هێمایی token physicalism، کۆمەڵێک بیرۆکەی جیاوازی لە خۆ گرتووە، بە شێوەیەکی سەرەکی لایان وایە  کە ئەقڵ لە کۆمەڵێک خاسیەت و بوون پێکهاتووە کە بەرهەمی مێشکە، پێیان وایە کاتێک ماددە بەشێوەیەکی درووست ڕێک بخرێت خاسیەت و تایبەتمەندییە مێنتاڵییەکان دێنێتە بەرهەم. ئەم دواڵیستانە لایان وایە یاساکانی فیزیا درووستن بەڵام؛ ناتوانین بەکاریان بهێنین بۆ لێکدانەوەی ئەوەی ئەقڵ و هۆش چین، ئەمان لە باتی ئەوەی بڵێن دوو ماددەی جودا هەیە لە گەردوون وەکو ئەوەی دواڵیستە ترادسیۆنالەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمان لایان وایە دوو خاسیەتی جودا بوونی هەیە، هەر بۆیە هزری ئەمان زۆر لە مۆنیزمی بێلایەن دەچێت. ئەمانەی خوارەوە چەند تێڕوانینێکی دواڵیزمی تایبەتمەندن:

  • کارلێکگەرایی interactionism:

کارلێکگەراکان لایان وایە بوونە ئەقڵی و فیزیکییەکان دەتوانن کارلێک لەگەڵ یەکدیدا بکەن، واتە دەتوانن ببنە هۆکار بۆ ڕوودانی یەکتری. دێکارت جگە لەوەی بڕوای بە دواڵیزمی ماددی هەبوو، کەسێکی کارلێکگەرا بوو. ئەو وای دادەنا کە لە ڕژێنی کاژی ئەم کارلێکە ڕوو بدات، بێگومان ئەو هەڵە بوو. هەر بۆیە کێشەی کارلێکگەرایی ئەوەیە کاتێک بە دواڵیزمی دێکارتی دەبەسترێتەوە: ئاخر چۆن بەشە فیزیکییەکانی لاشە کار دەکەنە سەر هەستەکانی وەک توڕەیی و خۆشەویستی؟ وە چۆن هۆش کە هیچ بوونێکی فیزیکی نییە کار دەکاتە سەر ڕووداوە بایۆفیزیکییەکان؟

 

  • تێوەگلانگەرایی occasionalism:

بە کورت و بە پوختی تێوەگلانگەراکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە خودا ڕاستەوخۆ بەژدارە لە هۆکاری ئەوەی لایەنە ئەقڵی و فیزیکییەکان لەگەڵ یەکدیدا کارلێک بکەن.

  • ئێپیفێنۆمێناڵیزم epiphenomenalism:

پێشتر ئاماژەمان دا بە پەیپەرەکەی فرانک جاکسن <کوالیای ئێپیفێنۆمێناڵ> لە ڕاستیدا جاکسن ئێپیفێنۆمێناڵیستە. هاوشێوەکانی جاکسن لایان وایە کە ڕووداوە فیزیکاڵییەکان دەبنە هۆکار بۆ هاتنە کایەی هەردوو ڕووداوە فیزیکاڵی و مێنتاڵییەکان، وەلێ بەرهەمە مێنتاڵییەکان ناتوانن کاریگەری بکەنە سەر فیزیکاڵ.

پانسایکیزم panpsychism:

ئەم دۆکترینە فەلسەفیەش لای وایە کە ئەقڵ لە هەموو شوێنێکدا بوونی هەیە، بە واتایەکی دیکە هەموو شتێک جۆرە بوونێکی مێنتاڵی تێدا هەیە. ئەمە هزرێکی نوێ نییە و لە کۆنەوە هەبووە، هەر بۆیە لایەنگرانی بەشێوەی جیاواز لە پانسایکیزم دەڕوانن. ئێمە هەموو لە ماددەی فیزیکی پێکهاتووین کەچی ئەزموونی هۆشیانەمان هەیە کەواتە دەبێت ئەو ماددانەی ئێمەیان پێکهێناوە لەواندا چەند توخمێکی مێنتاڵی بوونی هەبوو بێت. بێگومان ئەم ڕێبازەش ڕەخنەی لێگیراوە و کێشەی هەیە، یەکێک لە ڕەتدانەوەکان بریتییە لەوەی: کە پرێمسی پانسایکیزم پرێمسێکی ناهەڵەهەڵگرە و ناتوانرێت تاقیبکرێتەوە. ڕەتکردنەوەیەکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ وێلیام جەیمس و ناسراوە بە کێشەی پەیوەستکردن combination problem کە دەڵێت ئەگەر وا دابنێین هۆش لە هەموو شوێنێک هەبێت ئەوا هەر ئەتۆمێک هۆشمەندە، کەواتە چۆن دەتوانیت ئەم هەموو پنتە هۆشانە کۆبکەیتەوە و ئەزموونی هۆشمەندیانە درووست بکەین؟

مێشکم منم؟

مێشک ئاڵۆزترین ئەندامی لاشەیە. ڕاستیەکەی دەتوانین بڵێین ئاڵۆزترین پێکهاتەی گەردوونە. ئەو خانانەی مێشک پێک دەهێنن پێیان دەوترێت: نیورۆن، نزیکەی سەد بلیۆن نیورۆن هەن کە لە ڕێگەی تۆڕێکی ئاڵۆزەوە بە یەکدیەوە بەستراون، هەر یەک لەم نیورۆنانە بە دە هەزار نیورۆنی دیکە دەبەسترێنەوە. تەواوی یادەوەرییەکانت، خەونەکانت، ڕەفتار و کەسایەتیت لە نێو ئەم ڕایەڵە ئاڵۆزکاوەدایە. هەر گۆڕانکارییەک لە مێشکت دەبێتە گۆڕانکاری لەوەی تۆ کێیت.

ئێمە کە لە دایک دەبین مێشکمان بە هەمان شێوەی تەمەنی گەورەییمان خانەی تێدایە، واتە گۆڕانکاریەکی بەرچاو نابینرێت لە ژمارەی خانەکانی مێشکێکی منداڵ لەگەڵ هی کەسێکی پێگەیشتوو، ئەوەی کە مایەی گۆڕانە بریتییە لە: پەیوەندی و ڕایەڵەی نێوان نیورۆنەکان، بەم تۆڕانەی کە خانە نیورۆنەکان پێکەوە دەبەستنەوە دەگوترێت “سیناپس”. مێشکێکی تازە لە دایک بوو لە ڕێگەی ئەو ئەزموونانەی لە ژینگەکەیدا کارلێکیان لەگەڵدا دەکات چۆنیەتی پێکەوە بەستنەوەی ئەم ڕایەڵە ئاڵۆزانەی مێشک دیاری دەکات. مێشکی منداڵ بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر پەیوەندی لە نێوان خانەکان درووست دەکات، لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی هەر منداڵێک لە ڕێگەی ئەو زانیارییە هەستیانەی بە مێشک دەگەن، لە هەر چرکەیەکدا نزیکەی دوو ملیۆن سیناپس درووست دەبن. ئەم لە ئامیزگرتنەی یەکدی نێوان نیورۆنەکان هێواشتر دەبێتەوە، لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵی مێشک دەگاتە ئەوپەڕی پێگەیشتنی، بەڵام؛ هێشتا مێشک شیانی گۆڕانە، بۆیە کارلێکی ئێمە لەگەڵ دوروبەر هەمیشە مێشک ڕووبەڕووی گۆڕان دەکاتەوە.

هەموو کێیەتی تۆ و ئەزموونە هۆشییەکانت بە مێشکتەوە بەستراونەتەوە. گۆڕانکاری جیاجیا لە مێشکدا جێ پێی هەمەچەشن و گەورە بەسەر مێشکدا جێ دەهێڵن. بە خواردنی دەرمانە جیاوازەکان، ئارێشەی پاسۆلۆژی، گەیشتنی زیان بە مێشک و هتد. ئەمانە هەموویان هۆکارێکن بۆ ئەوەی ‘تۆ’ ی تۆ سەراوژێر بکەنەوە. زیان گەیشتن بە هەندێک ناوچەی مێشک بۆی هەیە توانستی خوێندنەوەمان لێ بستێنێتەوە، هەندێک جۆری گەشکە وا لە مرۆڤ دەکات زیاتر گرنگی بە ژیانی ئایینی بدات، نەخۆشی پارکینسۆن بۆی هەیە وا لە تووشبوانی بکات ببنە قوومارکەرێکی ئاڵوودە، هەندێک جۆری تیومەر [وەرەم] لە مێشکدا مرۆڤەکە توندوتیژ دەکەن، زیان گەیشتن بە بەشی پێشەوەی مێشک ڕەفتاری مرۆڤ دەگۆڕێت. هەروەکو دەبینیت تەواوی کێ-بوونی تۆ دەکەوێتە سەر مێشکت، بە گۆڕانکاری لە پێوەندی نێوان نیورۆنەکان، بۆی هەیە تەواوی ژیانت بگۆڕێت.

ئێستا زانیمان کە زیانکەوتن بە بەشی دیاریکراوی مێشک پەرچەکرداری دیاریکراوی دەبێت، وەلێ ناتوانین هەمیشە وەها لە بارەی فەنکسیۆنەکانی مێشکەوە بدوێین، هەرچەندە لە کۆنەوە ئەو جۆرە هەوڵانە هەبووە. وا باشترە وەکو شارێکی سەرنج ڕاکێش [با بڵێین شاری تۆکیۆ] لە مێشک بڕوانین، گەر پرسیار بکرێت: ”ئابووری شارەکە دەکەوێتە کوێوە؟” ئەوا وەڵامێکی ڕێک ناتوانین بدەینەوە، چونکە تەواوی بەشە جیاوازەکانی شارێک بەژدارە لەو بوارەدا، مێشکیش شتێکی هاوشێوەیە، ناتوانین یەک ناوچە بە دیاریکراوی دیاری بکەین بۆ ئەوەی بەرپرسی تەواوی کردارێک بێت.

هەرچەندە بەردەوام لە توێژینەوە نوێیەکاندا باشتر لە مێشک تێدەگەین، کەچی هیشتا ناڕوونی بەدی دێت لە تێگەیشتن لە هۆش. گومان نییە لەوەی کە مێشک پێوەندیەکی ئێجگار نزیکی لەگەڵ هۆشدا هەیە، چونکە گۆڕانکارییەکان کار دەکەنە سەر ئەزموونەکانی هۆش، تەنانەت ئەزموونی سەبژێکتیڤیانەی ئێمە وەکو خود. هەر بۆ نموونە، بە وەرگرتنی هەندێک جۆری دەرمان دەکرێت پێرسێپسیۆنمان بگۆڕێت، ئەزموونی شتانێک بکەین کە بوونیان نییە، گوێمان لە دەنگی جیاواز بێت لە کاتێکدا تەنیا لە ناو مێشکماندا ڕوودەدەن. کاتێک نیگا لە مێشک دەکەین، بریتییە لە: تۆڕێکی ئاڵۆزی چەند ترلیۆنی نێوان نیورۆن و سیناپسەکان و پێکهاتە نایۆلۆژییەکانی دیکە، هەر بۆیە ناتوانین بزانین کە بۆچی ئەم ئامیرە بایۆلۆژییە ئاڵۆزە، چۆن هەستی خود و ئەو هەستە یەکگرتووە پێک دەهێنێت، ئاخر هۆش وا ئەزموونی دەکەین کە شتێکی یەکگرتووانە بێت و هاوشانی ئەو تۆڕە ئاڵۆزە لە نیورۆنەکان نییە.

هۆش و مێشک دوو ڕووی یەک دراون؟

تێکچوونە جیاوازەکانی مێشک؛ تێکچوونیش لە هۆشدا درووست دەکەن. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هۆش بەستراوەتەوە بە بەشە فیزیکیەکانی مێشک. ئیدی گەیشتنی زیان بە مێشک هەمەچەشنن ژوانژی: جەڵتەی دڵ، بەرکەوتنێکی بەهێز بە مێشک، پوکانەوەی خانەکانی مێشک و هتد. بە زیان کەوتن بەو ناوچانەی بەرپرسی ئەزموونەکانی هۆشمانن ئەوا ئەزموونی هۆشی ئێمە و کارلێککردنی لەگەڵ دونیا و دەوروبەر دەکەوێتە کێشەوە.

چەندین دۆخ و دۆسیەی پزیشکی هەن کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاگایی و هۆشی نەخۆش گیرۆدەی گرفتی جیاواز دەبێت. دۆخێکی نیورۆسایکۆلۆژی هەیە ناسراو بە ئانۆسۆگنۆژاanosognosia، تووشبووانی ئەم دۆخە ئاگایی خۆیان دەربارەی تەندرووستی خۆیان لە دەست دەدەن، ڕەتیدەکەنەوە دان بنێن بە کەموکورتییە تەندرووستییەکانیان. بۆ نموونە، کاتێک کەسێک قاچێکی لە کار کەوتووە و چیدی کار ناکات، پێی دەڵێیت: قاچی بجوڵێنێت و ئەویش پەسەندی دەکات، وەلێ بێگومان ئەو کارە مەحاڵە ڕووبدات چونکە کێشەی پزیشکی هەیە، کاتێکیش لێی دەپرسیت کە بۆ نەیجوڵاند ئەوا بەهانەیەک دەهێنێتەوە و دان نانێت بەوەی کە دۆخێکی پزیشکی ناهەمواری هەیە، ناتوانێت هۆشی ئەوەی هەبێت کە پەی بەوە ببات تووشی کێشەی پزیشکیانە هاتووە. ڕاستیەکەی ئانۆسۆگنۆژا بەتسراوەتەوە بە زۆر حاڵەتی دیکەی سایکۆلۆژیەوە لەوانە: سکیزۆفرینیا و ئاڵۆزی جەمسەری bipolar disorder.

کاتێک زیان بەر نیوەگۆیەکی مێشک دەکەوێت، کەسەکە ئاگایی و ئەتێنسیۆن لە دەست دەدات لەو لایەی لاشەی پەیوەست بەو بەشەی مێشکەوە، بەم دۆخە نیورۆسایکۆلۆژییە دەگوترێت hemi spatial neglect. بە واتایەکی دیکە لایەکی جەستەی ناتوانێت بە ئاگاییەوە شیکاریی ئەو ئینپوتانە بکات کە لە ژینگەوە ڕووبەڕووی ئەو ناوچانەی لاشەی دەکەونەوە. بۆیە کاتێک نەخۆشێکی گیرۆدەی ئەم دەردە بەم شێوەیە وێنە دەکیشێت، یان وێنەی دیکە دەکێشێتەوە:

گۆڕانکاری لە داڕشتنی مێشک، یان دەستکاریکردن و دەستلێدانی مێشک تەواوی ئەزموونی هۆشمان سەراوژێر دەکاتەوە و وا مان لێ دەکات کەتوار [واقیع] بە جۆرێکی دیکە ببینین. بۆ نموونە، وەرگرتنی دەرمانی سایکەدێڵیکەکان ئەزموونی ڕۆحانی و هۆشی سەیر و سەمەرە درووست دەکەن. ئەو بەرکەوتنەی کە تۆ ئێستاکە لەگەڵ کەتواردا هەتە، بۆی هەیە بۆ ژمارەیەک لە دانیشتووان بەو شێوەیە نەبن، نزیکەی ٪٣ی ئەمەریکییەکان بە شێوازێکی جیاواز ئەزموونی کەتوار دەکەن. ئەو ژمارە لە خەڵک گیرۆدەی دیاردەیەکن پێی دەگوترێت سێنەستیژیا synesthesia. ئەم کەسانە ئەزموونێکی هەستی و هۆشیان ئەزموونێکی دیکە دەوروژێنێت، بێگومان جۆری جیاوازی سێنەستیژیا بوونی هەیە، هەندێک ڕەنگ گرێ دەدەن بە ژمارەوە، هەندێک پیت و ڕەنگ یان پیت و ژمارە دەبەستن بە یەکدیەوە. بۆ نموونە، یەکێک لەوانەی فۆڕمێکی سێنەستیژیای هەبوو بە بینینی پیتی J ئەزموونی ڕەنگی مۆری دەکرد، بە بینینی ناوی جیاواز ئەزموونی دیمەنی ڕەنگاڵەی جیاواز لە مێشکیدا دەوروژا. بەشێکی زۆری ئەم دۆخەن بە جێنەتیکی بۆیان ماوەتەوە و لەگەڵ حاڵەتەکەدا لە دایک دەبن، واتە بەشێک لەوانەی لەگەڵمان دەژین بە جیاوازیەکی کەمی داڕشتنی مێشکیان بەریەککەوتنێکی جیاواز لە ئێمەیان لەگەڵ کەتواردا هەیە و ئەزموونکردنی هۆشیانەی چەمکەکان لەلای ئەوان بەشێوەیەکی دیکەیە.

مێشک، هۆش و کەتوار

زۆرینەمان وەها ژیانی ڕۆژانەمان بەڕێ دەکەین و هەڵسوکەوت دەکەین کە ئەو دونیایەی تێیداین، ئۆبژێکتیڤانە بەو شێوەیەیە. بەیانیان کە بە خەبەر دێینەوە گوێ لە میوزیک دەگرین، تەماشایەکی وێنەیەکی ڕەنگاڵەی هەڵواسراو لەسەر دیواری ماڵەکەمان دەکەین، لە ئۆتۆمبێلەکەمانەوە لە ڕێگەی چوونە سەر کار لە دیمەنە سەوزەکان دەڕوانین. ئەمانە هەموویان هەر بەو شێوەیە بوون لە منداڵیمانەوە، هەر بۆیە گرەو دەکەین زۆر بە دڵنیایەوە کە ئەوە بریتییە لە: دونیای ڕاستەقینە. کەچی ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەو دونیایەی دەبینین بریتییە لە: بەرهەمی مێشکمان و ئەو دیمەنانەی دەیانبینین و دەیانبیستین مۆنتاژی دەستکردنی ئەون.

لە دەرەوەی مێشکی ئێمە ڕەنگەکان بوونیان نییە، ئەو سەوزایەی لە ئۆتۆمبێلەکەتەوە دەیبینیت، ئەو دەنگە ساکسۆفۆنەی دەیبیستیت، حەو وێنە ڕەنگاڵەیەی هەڵواسراون هیچیان بەو شێوەیە لە واقیعدا بوونیان نییە. ئەوەی لە جیهانی دەرە-مێشکمان بوونی هەیە بریتییە لە: شەپۆل و ڕووناکی، هەرچی ڕەنگ و دەنگەکانن زادەی مێشکن. ڕاستیەکەی مێشکی ئێمە ئامێرێکی هەڵهێنانی مەتەڵەکانە، ئەوەی دەیبینین و ئەزموونی دەکەین بریتیین لە: باشترین خەمڵاندنی مێشک. مێشک ئەم خەمڵاندنە دەکات لە ڕێگەی وەرگرتنی زانیارییە هەستییەکان، خۆشی داتا و زانیاری پێشوەختەی هەیە لەوەی کە دەبێت دونیا چۆن بێت، لەمەوە مێشک خەمڵاندنی خۆی دەکات لەوەی لە دونیادا چی دەگوزەرێت.

زۆر ڕێگە و نموونە هەن تاوەکو ئەمە تاقی بکەینەوە، یەکێک لە نموونە باوەکان بریتییە لە: ساوێری تەختەی شەتڕەنجەکەی ئادێڵسۆن (هەروەکو لە وێنەکەدا دیارە). خانەی A و B وەها دەردەکەون کە دوو ڕەهەندی جیاواز بن لە ڕەنگی خۆلەمێشی، کەچی A و B هەمان ڕەنگی یەکترین، زۆر بە ئاسانی ئەمەت بۆ دەردەکەوێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانیت لەسەر کۆمپیوتەرەکەت لە بەرنامەی (پەینت) ڕەنگی ناوچەی B بگریتەوە و پەیوەستی بکەیت بە خانەی A، بۆت دەردەکەوێت کە هیچیان لەوەی دیکە کاڵتر یان تۆختر نین بەڵکو هەمان ڕەنگن. ئەوە مێشکمانە فێڵمان لێ دەکات و کاڵی و تۆخی ئەم دوو خانەیەمان لێ تێکەڵ دەکات.

نموونەیەکی دیکە بۆ بینینی ئەوەی چۆن مێشکمان ئەو شتانە دەبینێت کە پێشبینی دەکات لە دەرەئەنجامی ئەو داتا و زانیاریانەی بە درێژایی ساڵان کۆیکردوونەتەوە و دیدگای ئێمەی بۆ کەتوار داڕشتووە، بریتییە لە: زاخاوی مێشکی لا بەتاڵەکەی ماسک. کاتێک لە بەشی دواوەی ماسکێک دەڕوانین کە چاڵە بۆ ئەوەی جێگای سیمامانی تێدا ببێتەوە و ڕووبەڕوو لێی دەڕوانین وا دێتە بەر چاومان وەکو ئەوەی لە بەشەهەڵتۆقیوەکەی بڕوانین (هەروەکو لە وێنەکەدا دیارە).

تەنانەت هەستێکی سەبژێکتیڤی وەکو ‘خود’ یان ‘من-بوون’ بە جۆرێک لە جۆرەکان ساوێرە. لەوانەیە ئەمە بە ڕادەیەک لامان سەیر بێت نەتوانین پەسەندی ئەوە بکەین، وەلێ نازانین کە ئێمە وەکو ئۆرگانیزمێک تەنیا یەک خودمان نییە، بەڵکو ئەو خودەی هەستی پێ دەکەین دەتوانرێت دابەش بکرێتە سەر چەند جۆرێکی جودا: خودی جەستەیی، خودی سەرگوزشتەیی، خودی کۆمەڵایەتی، خودی دیدگایی و هتد. یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی ئەوەی نیشانی دەدات کە بۆچی بیرۆکەی ‘خود’ ساوێرە بریتییە لە: ‘ساوێری دەستی پلاستیکی دەستکرد.’ بۆ جێبەجێ کردنی ساوێرەکە پێویستی بە دەستێکی دەستکردی پلاستیکی، فڵچەیەک و بەربەستێک هەیە، دەستە دەستکردەکە بەشێوەیەک دادەنرێت کە لە ناوچەی بینینی کەسەکەدا بێت و دەستی بۆ ئەودیوی بەربەستێک دووردەخرێتەوە کە نەتوانێت بیبینێت، دواتر بە دوو فڵچە دانەیەکیان لەسەر دەستی کەسەکە کە نایبینێت و دانەکەی دیکەش لەسەر دەستە دەستکردەکە دەهێنرێت و دەبردرێت، ئەم کردارە وا لە کەسەکە دەکات وا هەست بکات دەستە دەستکردەکە بەڕاستی دەستی خۆیەتی، گەر لەو ساتەشدا بە چەقۆیەک یان چەکوشێک هێرش بکەیتە سەر دەستە دەستکردەکە کەسەکە پەرچەکردارێکی دەبێت وەکو ئەوەی بڵێیت دەستی ڕاستی خۆی زیانی پێگەیشتووە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هەستکردنی ئەوەی ئێمە خاوەنی لاشەی خۆمانین بە فێڵێکی چکۆلە ئەم هەستە سەرەوخوار دەکرێت.

هەر بۆیە ئێمە هەمیشە بەو شێوەیەی دونیا هەیە نایبینین. ئەو ئەزموونەی هەستی پێدەکەیت  بۆ کەتوار و ژینگەکەت مێشکت لە منداڵیەوە بە تۆمارکردن و کارلێکردنی لەگەڵ ملیۆنان ئەزموونی جیاوازەوە خۆی لەگەڵ ڕاهێناوە. مێشکت خودی خۆی کارلێکی ڕاستەوخۆی نییە لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بۆیە ناڕاستەوخۆیانە لە ڕێگەی هەستەوەرەکانتەوە زانیاری کۆدەکاتەوە،  بەردەوام مێشک زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و بەراوردیان دەکات بەو زانیاریانەی کە پێشتر هەیبووە، بەردەوام ئەم مۆدێلە ناوەکیەی خۆی دەگۆڕێت، ئەپدەیت دەکات، و باشتری دەکات. مێشک بە شێوەیەک باشە لەم کارەی کە  زۆر نائاگایانە ڕوودەدات بەبێ ئەوەی خۆمان هەستی پێ بکەین. بە پوختی، مێشکی ئێمە پەرەی نەسەندووە تاوەکو دونیای ڕاستەقینە ببینێت، بەڵکو وا پەرەی سەندووە تاوەکو بتوانین باشتر خۆمان لەگەڵ ژینگە بگونجێنین و وەچە بخەینەوە.

نیورۆنەکان و ئەفسوونی هۆش

یەکێک لە ڕێگەکانی توێژینەوە لە نیورۆلۆژیای هۆش بریتییە لە: پەیوەندییە نیورۆنییەکانی هۆش Neural correlates of consciousness (NCC) لەم ڕێگەیەوە دەتوانین وردە وردە بە بنەما بنچینەییەکانی هۆش ئاشنا بین. ئامانجی NCC بریتییە لەوەی: چکۆلەترین چالاکی نیورۆنەکان بپێوێت و بیدۆزێتەوە کە پەیوەستە بە چ ئەزموونێکی دیاریکراوی هۆشەوە. دەتوانین ئەم پەیوەندیانە بە مێتۆدی هەمەچەشن بدۆزینەوە: هەندێکیان لە ڕێگەی ئەو زیانانەی بە مێشک دەگەن، یانیش لە ڕێگەی دیزاینکردنی چەند تاقیکردنەوەیەک و ڕووانین لەوەی لە ناو مێشکدا چی دەگوزەرێت.

یەکێک لە مێتۆدە کلاسیکییەکانی NCC بریتی بوو لە: دەستنیشانکردنی دیاردەی ململانێ لە سیستەمی بینینمان لە ڕێگەی زاخاوی مێشکەوە. یەکێک لە نموونە باو و کلاسیکییەکان ‘شەشپاڵووەکەی نێکێرە،’ وەک لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارە، لە خاڵە سوورەکە بنواڕە دەبینیت کە کێبڕکێیەک لە نێوان دوو شێوەی جیاواز درووست دەبێت لە ئەزموونی بینینمان. ناتوانین هەردوو شێوەکە پێکەوە لە یەک کاتدا ببینین بەڵام؛ وەکو بڵێیت لە پێشبڕکێدان بۆ ئەوەی سەرنجی هۆشی ئێمە بە لای خۆیاندا ڕاکێشن. ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکمان هەبێت بۆ ئەو شتانەی ئۆبژێکتیڤانە بوونیان هەیە و وەکو ئینپوت دەکەونە ناو سیستەمی بینینمان، کەچی سەبژێکتیڤانە ئەزموونیان دەکەین لە ڕێی هۆشەوە. شایەنی باسکردنە کە لەم جۆرە تاقیکردنەوەی دووبەرەکی پێرسێپسیۆن لە گەیاندنی هەستی بینین بۆ ئۆبژێکتێک لە مەیموونەکانیشدا هەمان دەرەئەنجامی مرۆڤەکانی نیشانداوە.

نموونەیەکی دیکەی بەناوبانگی زاخاوی مێشک بریتییە لە: وێنەی قاز-کەروێشکەکە، کە بۆ یەکەم جار لە گۆڤارێکی تەنزئامێزی ئەڵمانی بڵاوکرایەوە لە ساڵی ١٨٩٢. هەرچەندە گۆڤارەکە بۆ ساتیر و گاڵتە و گەپ بوو کەچی ئەم وێنەیە بووە بابەت بۆ لێكۆڵینەوە و تیڕامانە زانستی و فەلسەفییەکان، کە تەنانەت لودڤیگ ڤیتگینشتاین لە کتێبەکەیدا لەسەری دوواوە.

بەهەرحاڵ، کاتێک لە وێنەکە دەڕوانین هۆشمان یاری دەکات لە نێوان وێنەی کەروێشکێک و وێنەی قازێک. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چی ڕوودەدات لە مێشکی مرۆڤێک یان ئاژەڵێک کاتێک لە وێنەکە دەڕوانێت و فیگەرەکە لە یەکێکیانەوە بۆ ئەوەی دیکەیان دەگۆڕێت؟ وێنەکە هەر خۆیەتی و خۆی بۆ خۆی هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت، ئەوە ئێمەین یان کەروێشکەکە دەبینین یان قازەکە و بێگومان ناتوانین هەردووکی پێکەوە ببینین، لێرەدا بە گوێرەی NCC گریمانەکە ئەوەیە کە لەگەڵ گۆڕانی پێرسێپسیۆنکردنی هەر یەک لە قازەکە یان کەروێشکەکە گۆڕانکارییەک لە چالاکی نیورۆنەکانماندا ڕوودەدەن کە بۆیان هەیە پەیوەست بن بە ئەزموونی هۆشی ئێمەوە لە گۆڕانی ئاگایی لە ئۆبژێکتێکەوە بۆ دانەکەی تر.

ئەم دژبەیەکیەی ئەزموونکردنە هۆشیەی ئەم ساوێرانە لە مەیمونەکانیشدا بوونیان هەیە، چەند تاقیکردنەوەیەک ئەم ڕاستیە پشتڕاست دەکاتەوە. پێش تاقیکردنەوەکە مەیموونەکان، کە لە جۆری ماکاک بوون، ڕادەهێنران بۆ ئەوەی دەست بۆ گێڕی لای ڕاست ببەن گەر وێنەیەکیان دی سەر بە گرووپی ڕاست، وە دەست بۆ گێڕی چەپ ببەن گەر وێنەیەکیان دی سەر بە گرووپی چەپ. گرووپی چەپ وێنەی شێوەی ئەستێرەی لە خۆ گرت بوو، هەرچی وێنەکانی کۆمەڵەی ڕاست بوون بریتی بوون لە: وێنەی سیمای مەیموون و مرۆڤ.

 

کاتێک بەتەنیا وێنەی ئەستیرەکانیان پشانی مەیموونەکە دەدا، گێڕی لای چەپی دادەگرت، بەهەمان شێوەش کاتێک وێنەی سیما نیشانی مەیموونەکە دەدرا، گێڕی لای دەستەڕاست دادەگیرا. بەڵام؛ کاتێک (هەروەکو لە بەشە پڕتەقاڵیەکەدا دیارە) لە چاوی چەپ وێنەی ئەستێرەی دەبینی و لە چاوی ڕاستیش وێنەی سیما لە هەمان کاتتدا، مەیموونەکە لە نێوان گێڕی ڕاست و چەپدا یاری دەکرد.

لە کاتی کردنی ئەم ڕەفتارانەدا زاناکان چالاکی نیورۆنەکانی مێشکی مەیمونەکەیان دەپێوا لە ناوچەکانی بینین. گۆڕانکاریەکی کەم لە نیورۆنەکانی ناوچەی v1  و v2 ڕوویدەدا، ناوچەکانی کەش بۆی هەبوو بە ڕێژەیەکی زیاتر، بەڵام؛ گۆڕانکاری بەرچاو لە چالاکی نیورۆنەکانی inferior temporal cortex (IT) دەهاتە کایەوە. ئەم داتایانە ئەوەی دەردەخست کە گۆڕانکاری نیورۆنەکانی ناوچەی IT و پێرسێپسیۆنی مەیموونەکە پێوەندیان بە یەکدیەوە هەیە.

لەم جۆرە تاقیکردنەوەیە بۆ مرۆڤیش کراوە و لە ڕێگەی fMRIیەوە چالاکی نیورۆنەکان پێوراون، بەڵام؛ لە باتی ئەوەی وەکو تاقیکردنەوەی پێشوو دوو وێنەی جیاواز نیشانی کەسەکە بدرێت، وێنەیەکی تێکەڵاوی سیمایەکی مرۆڤ و خانوویەک بوو، کەسەکە چاویلکەیەکی لە چاو دەکرد کە هاوێنەیەکیان فلتەری سوور بوو و ئەوەی دیکەش شین، تاقیکاران دڵنیا دەبوونەوە کە هەر فلتەرێکیان تەنیا یەکێک لە وێنەکان نیشانی کەسەکە دەدات. دوو ناوچەی مێشک هەن کە یەکێکیان بەرپرسی ناسینەوەی سیماکانە و پێی دەگوترێت Para hippocampal place area (PPA) و ناوچەکەی دیکەش بەرپرسیارە لە ناسینەوەی ئۆبژێکتەکان و پێی دەگوترێت. Fusiform face area (FFA)

کاتێک هەر چاوە و یەکێک لە وێنەکانی دەبینی لە یەک کاتدا، پێرسێپسیۆنکردن لە خانووەوە بۆ سیما چالاکی لە PPAیدا کەم دەکردەوە (لە وێنەکەی خوارەوەدا هێڵە سوورەکەیە) و چالاکیFFA  (هێڵە شینەکە) زیادی دەکرد. کاتێکیش پێرسێپسیۆنکردنەکە لە سیماوە بۆ خانوو بوو چالاکی نیورۆنەکان لە PPA زیادی دەکرد و لە FFA کەمی دەکرد. ئەم گۆڕانکاری لە ڕێژەی چالاکیانە هەمان شتن کاتێک هەر یەک لە چاوەکان بە تەنیا یەکێک لە وێنەکان دەبینێت. هەر بۆیە ئەو داتای تاقیکردنەوەیە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو دوو ناوچەیەی مێشک NCCیە بۆ ئەزموونی هۆشیانەی بینینی سیما و شوێن.

ئایە هۆش دەپێورێت؟

پێوانەکاری لە زانستدا بایەخی زۆری هەیە، لە زانستدا هەمیشە هەوڵ دەدەین کە دیاردەکانی دەوروبەرمان بپێوین و پێوانەکاریان بۆ بکەین. ئەمەش یەکێکە لە ئارێشەکانی هۆش، لەبەر ئەوەی هۆش سەبژێکتیڤانەیە بۆیە پشت دەبەستین بە قسەکانی کەسی ئەزموونکار، بەڵام؛ ئەمە ڕێگەیەکی باش نییە لە زانستدا بۆ لێکۆڵینەوە لە دیاردەکان. ئاڵۆزی کێشەکە لەوەدایە کە تا ڕادەیەک مەحاڵە پێوانەیەک درووست بکەین بۆ شتێک کە هێشتاکە تێیناگەین ئەو شتە چییە، وەلێ لە هەمان کاتیشدا ناتوانین پێوانەیەکی درووست دابڕێژین گەر نەزانین شتەکە چییە، تاوەکو لەم خولگەیە ڕزگارمان بێت پێویستیمان بە کات و کۆششی زیاتری زانستە.

دۆخ و ئاستی جیاوازی هۆش بوونیان هەیە، ئێمەی مرۆڤ زۆرجار وا بیر دەکەینەوە بەخەبەر بوون و هۆش دوو ڕووی یەک دراون بەڵام؛ ئەم بیرکردنەوەیە هەمیشە ڕاست نییە. بۆ نموونە، هەندێکجار ئێمە بەخەبەرین کەچی لە ئاستی جیاوازی هۆشداین بەتایبەتی کاتێک مێشکمان تووشی پێشهاتێکی نەخوازراو دێت، هەندێکجاریش خەوتوین بەڵام؛ خەون دەبینین، ئەمەش جۆرێکە لە ئەزموونکردنی هۆش. بێگومان گومان دەبەین لەوەی چ میکانیزمێک لە مێشکدا لە پشت ئەمانەوە بێت لەوانە: ژمارەی نیورۆنەکان، چ بەشێکی دیاریکراوی مێشک، یان ئایە پەیوەندیدارە بە ڕێژەی چالاکی نیورۆنەکان؟

ڕاستیەکەی هۆش پەیوەست نییە بە ژمارەی نیورۆنەکانەوە، بۆ نموونە، سێرەبێڵەم کە بەشێکی پشتەوەی مێشکە زۆرترین ژمارەی خانەکانی مێشکی لە خۆگرتووە، گەر تووشی زیان بێت ئەوا کار ناکاتە سەر هۆش. هەرچی سەبارەت بە ناوچەیەکی دیاریکراویشە، بێگومان زیان بە بەشی جۆراوجۆری مێشک زیانی جۆراوجۆری هۆش درووست دەکەن، بەڵام؛ هێشتا بەو شیوەیە نییە کە تەواوی دیاردەی هۆشی پێ ببەستینەوە، چونکە بەشێکیشیان وەکو دوگمەی کوژاندنەوە و داگیرساندن بۆ هۆش دەردەکەون نەک خودی هۆش. سەبارەت بە ژمارەی چالاکی نیورۆنەکانیش، ئەم خاڵەش ناتوانین بخەینە بازنەوە چونکە تەنانەت لە کاتی نائاگایشدا بۆ نموونە، لە کاتی خەوتن مێشک بەشێوەیەکی بەرچاو چالاکە، ئەگەر هاتوو خانەکانی مێشک زیاد لە پێویست چالاک بن بۆی هەیە کەسەکە هۆش لە دەست بدات هەروەکو لە چەند جۆرێکی گەشکە دەکرێت ڕوو بدات. کەواتە چۆن بتوانین بزانین میکانیزمی هۆش لە مێشکدا چۆناهییە؟

 

ئەوەندەی کە دەزانین لەوانەیە ئەوە بێت کە هۆش پەیوەندیدارە بەوەی چۆن ناوچەی جیاواز لە مێشکدا بەشێوەی دیاریکراو پەیوەندی لەگەڵ یەکدیدا دەبەستن. گرنگە لە میکانیزمەکانی مێشک بۆ هۆش تێبگەین تاوەکو بزانین چۆنایی بتوانین پێوانەی بکەین، لە هەمانکاتدا دۆزینەوەی پێوانەیەک بۆ هۆش زۆر پێویستە بۆ چارەسەری پزیشکی، هەندێک نەخۆش هەرچەندە بەنج کرابوون کەچی دوای تەواو بوونی بەنجەکە باسیان لەوە کردووە کە ئەزموونی نەشتەرگەرییەکەیان کردووە و هۆشدار بوون. هەر بۆیە بە تێگەیشتن لە هۆش دەتوانین توانا پزیشکییەکانیش پەرە پێ بدەین.

هەنگاوێکی گرنگ لە هاوپێچکردنی هۆش بە ژمارەوە بریتی بوو لە: توێژینەوەیەکی گرنگ کە تێیدا توانرا جۆرە پێوانەکارییەک بە دەست بهێنرێت. تۆنۆنی، ماسامینی و توێژەرانی دیکە لە ڕێگەی بەکارهێنانی TMS   توانیان ئێکۆیەکی ئەلیکترۆماگنێتیکی بنێرنە مێشک و دواتریش لە ڕێگەی EEGیەوە لێی بڕوانن، بۆ ئەوەی ببینن لە کەسانی هۆشدار و ناهۆشداردا چالاکییەکانی مێشک چۆن چۆنین، بێگومان لەو کەسانەی کە بەخەبەر و هۆشدار بوون چالاکییە ئەلیکترۆماگناتیکەکە زیاتر دەمایەوە وەک لە کەسە نائاگاکان، دواتر بە جێبەجێکردنی چەند ئالگۆڕیتمێک لە دەرەئەنجامی تاقیکردنەوەکە توانرا پێوانەکارییەک بە دەست بهێنرێت تاوەکو ڕێژەی هۆشداری و ناهۆشداری کەسەکانی پێ بپێورێت، بەم پێوانەکارییە دەگوترێت perturbational complexity value (PCI).

گومانی تێدا نییە کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو لە تێگەیشتن و بە ئالگۆریتم کردنی هۆش، جگە لەمەش چەند هەوڵێکی دیکەی تاقیکاری زانستی هەن بۆ ئەوەی پێوانەکارییەکانی هۆش وردتر بکەن و باشتر لێیان تێبگەین. گەر هاتوو بتوانین پێوانەکارییەکی درووست بۆ هۆش دابڕێژین ئەوا دەتوانین ئەم نادیارییە لەسەر هۆش لا بدەین و ڵێڵیەکە ڕوونتر بکەینەوە. هێشتاکە پێویستیمان بە کۆششی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانین پێوانەی هۆش بکەین.

پەرەسەندنی هۆش

هەروەکو پێشتریش لەم وتارە ئاماژەی پێدرا کە پێشووتر و تا ئەم چەند دەیەی دوایی زاناکان توخنی مەسەلەی هۆش نە دەکەوتن، هەر بۆیەشە لە ڕووانگەی پەرەسەندنەوە زۆر کار لەسەر هۆش نەکرا بوو. هەر لەبە رئەم هۆکارەشە کە ئێمە زۆر تیۆری پەرەسەندن نابینین تایبەت بە هۆش. خاڵێکی دیکەش دیسان دەبێت ئەوە بێت کە هێشتا گفتوگۆی گەرم و گوڕ هەیە لە نێوان قوتابخانە هزرییە جیاوازەکان، ناتوانین بڵێین بە تەواوەتی یەکلا بووەتەوە کە فیزیکاڵیزم بریتییە لە: بنەمای سەرەکی بۆ ڕوودان و هاتنە کایەی هۆش.

بەهەرحاڵ، هەروەکو چۆن لە لایەنە نیورۆبایۆلۆژییەکانی هۆشمان ڕووانی، لایەنێکی دیکەی گرنگی پەیوەست پێوەی بریتییە لە: پێوەندییەکانی نێوان تیۆری پەرەسەندن و هۆش. لەگەڵ ئەوەی هەمیشە دیاردەی هۆش بوونی نەبووە، بۆیە گرنگە بزانین لە چیەوە پەرەی سەندووە، لە چ دیاردەیەکەوە هاتووە کە سەرەتا بەم شێوەیەی ئێستا کە ئەزموونی دەکەین نەبووە. بە تێگەیشتن لەمە ڕێگەی تێگەیشتن لە تەواوی ئەم دیاردە فێنۆمێنۆلۆژییە واڵا دەبێت.

هەرچۆنێک بێت، کاتێک لە مێشک دەڕوانین، دەبینین کە زۆرینەی زۆری کارەکان نائاگاییانە تێیدا ڕوودەدەن، بەشێکی زۆر کەمی چالاکی مێشک تەرخان کراوە بۆ هۆش و هەستی خود. ئێمە کاتێک قسە دەکەین، بە ڕێگەدا دەڕۆین، کوپێک چا دەخۆینەوە، هتد. مێشک پڕۆسێسی زۆر ئاڵۆز تێیدا جێ بەجێ دەبێت بەبێ ئەوەی خۆمان هەست بەو ئاڵۆزیانە بکەین، مەگەر تووشی حاڵەتێکی پزیشکی نەخوازراو ببین و ناچار بین هەر یەک لە ڕەفتارە ڕۆتینیانە، بۆ نموونە پیاسەکردن، بە ئاگایی و هۆشمەندیەوە جێ بەجێ بکەین دەبینین زۆر قورسە، ئەوەی مێشک دەیکرد نائاگایانە لە ناسینەوەی شوێن، ڕاگرتنی باڵانس و هتد. هەنووکە هەمووی دەکەوێتە سەر خودی خۆمان و بەمەش ناتوانین بە سادەیی ئەو ئەرکانە بە ڕێ بکەین. سا کەواتە بەشێکی زۆری مێشکی ئێمە کردارەکان بە نائاگایانە جێ بەجێ دەکات و شوێنێکی چکۆلە دەمێنێتەوە بۆ ئاگایی و هۆش. دڵنیام لێرە خۆمان پێ ڕاناگیرێت و دەپرسین: کەواتە بۆچی هۆش پەرەیسەند و هاتە کایەوە؟ ئەگەر بەشێکی زۆری مێشک ئۆتۆماتیکیانە و نائاگایانە ڕەفتار دەکات و تەنانەت لە جێبەجێکردنیاندا لە ڕووی فونکسیۆنالیەوە لە هۆش باشترە، بۆچی ئێمە زۆمبی نین؟

وەڵامی ئەو پرسیارە لەوانەیە دوو شت بن. یەکەمیان ئەوەیە کە هۆش بەستراوەتەوە بە شتە لەپڕ و لە ناکاوەکان. بیهێنە پیش چاوت کە تۆ لەسەر شەقامێک پیاسە دەکەیت و تەنانەت بە ئاگا نیت لەوەی چۆن مێشکت هەژماری هەنگاوەکان و کێشت دەکات لە کاتی ڕۆشتن، بەڵام؛ لەپڕێکدا چاوت دەکەوێتە سەر شتێک کە ئاسایی نییە: کەسێک پۆشاکی بوونەوەری ئاسمانی پۆشیوە و جانتایەکی کەمانچەی داوە بەشانیدا، لێرە هۆشمان دێتە بەر و لەو دیمەنە تێڕا دەمێنێت. دووەمیشیان، بریتییە لەوەی: هۆش و هەستکردن بە خود ململانێی نێوان نیورۆن و پێوەندی نێوان نیورۆنەکان ڕێک دەخات و سەرپەرشتیان دەکات، لە مێشکی ئێمەدا بلیۆنان پێوەندی نیورۆنی هەن و چالاکن، هزری جیاوازمان دەربارەی ئارێشەیەک بۆ درووست دەکەن، هۆش گرنگە بۆ ئەوەی بڕیار بدات و ئاڕاستەی ویستی درێژخایەنی ئۆرگانیزمەکە (تۆ) دیاری بکەن. بۆ نموونە، لە دوکانێکی شیرینی دایت، ویستت هەیە کێکێکی ڤانێلا بخۆیت، بەڵام؛ لە هەمان کاتدا دەزانیت کە لەوانەیە کێشەت بۆ درووست بکات و دەرەئەنجامێکی باشی نەبێت، لێرەوە تۆ (هۆش) دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات و ئامانجی سەرەکی سیستەمەکە دیاری بکات (مەرج نییە ئەمە واتای ئەوە بێت کە ویستی ئازاد بوونی هەیە یان نە.) هەبوونی هۆش ڕێگایەکە بۆ ئەوەی نیورۆنەکان خۆیان وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو ببین.

ئێمە ناتوانین باس لە پەرەسەندنی هۆش بکەین گەر ئاژەڵەکانی دیکە بخەینە دەرەوەی بازنەی توێژینەوەمانەوە، لە کۆتیاییدا مرۆڤیش ئاژەڵێکی شیردەرە. هەرچی دیکارتە، ژیرەکەی پشت باسی کێشەی ئەقڵ-لاشە، پێی وا بوو تەنیا مرۆڤەکان خاوەنی هۆشن و ئاژەڵەکانیش تەنیا ئۆتۆماتۆنن (ئامێری خودکار). ئەم دیدگایەی دێکارت درووست نییە، هەر بۆیە لە زانستدا گرنگە لە ئاژەڵەکانی دیکەی جیا لە خۆشمان بڕوانین و ئەم پرسیارانە بوروژێنین: ئایە ئاژەڵەکانی دیکە خاوەنی هۆشن؟ ئایە دەکرێت هەندێک ئاژەڵ لە هەندێکی دیکە هۆشدارتر بن؟

ئێمە ناتوانین بە دڵنیایەوە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، چونکە تاوەکو ئێستا بەتەواوەتی لە سرووشتی هۆش تێنەگەیشتووین، هیچ ئامێرێکی دیاریکردنی هۆشمان نییە. هەر بۆیە ناتوانین وەکو دێکارتییەکان و دژە-دێکارتییەکان وەڵامێکی یەکلایکەرەوە بدەینەوە. بەڵام؛ دەبێت ئەوەش بزانین کە ئاژەڵەکانی دیکە وەکو ئێمە ڕەفتار دەکەن، لێکچوونی زۆر لە نێوان ئێمە و هەندێک ئاژەڵاندا هەیە، هەر بۆیە ڕێی تێدەچێت هەندێک ئاژەڵ خاوەنی هۆش بن و هەندێکیش خاوەنی نەبن، یان هەموو خاوەنی بن بەڵام؛ بە شێوازی هەمەچەشن.

هەروەکو تۆماس نایگێڵ لە یەکەمەوە پرسیاری کرد ”هەستکردن و ئەزموونمان چۆن دەبێت گەر ببین بە شەمشەمەکوێرە؟” ئێمە ئەو پرسیارەمان بۆ ئاژەڵەکانی دیکەش لا درووست دەبێت، بەڵام؛ مەحاڵ-ئاسایە پەی بەوە ببەین. وەلێ دەبێت ئەوەش بزانین کە ئاژەڵەکانی دیکە هەستەوەرەکانیان دەکرێت لە ئێمە جیاوازتر بن. مار، وەک نموونە، هەستی بۆنکردنێکی بەهێزی هەیە، لە بەرانبەردا باڵندە هەستی بۆنکردنی نییە کەچی چاوی ڕەنگی زیاتر وەک لە مرۆڤ دەبینێت، ئێمەی مرۆڤەکان سیستەمی بینینمان سێ ڕەنگییە، بەڵام؛ باڵندەکان چوار ڕەنگین، ئەمەش واتای وایە دەتوانن ڕەنگی سەروبنەوشەیی ببینن، لە کاتێکدا ئێمەی مرۆڤ نازانین دەبێت ئەزموونکردنی ڕەنگی سەروبنەوشەیی چۆن بێت، تەنانەت ناتوانین خەیاڵیشی بکەین چونکە لەو ئەزموونە بێبەشین. بەهەرحاڵ، هەرچەندە مەحاڵ-ئاسایە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، لێ واتای ئەوە نییە کە دەبێت دەستەوەسان بین، هەندێک دیدگا و تیۆری هەن کە دەیانەوێت وەڵامی پرسیاری ئەوە بدەنەوە کە ئایە ئاژەڵەکان خاوەنی ئەقڵ و هۆشن، ئەمەش دەکرێت لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەوەی چ توانستێک و ڕەفتارێک نیشانەی هۆشمەندی نیشان دەدەن.

وا دانێ تۆ لە پڕێکدا بەخەبەر دێیتەوە و ئاوێنەیەکت لە بەردەمدا دانراوە، وێنەدانەوەی خۆت دەبینیت، دەزانیت ئەوە ‘تۆیت’ و لە وێنەدانەوەکە دەبینیت. ئەگەر لە کاتی نائاگاییشدا بە پێنووس چەند خاڵێک لەسەر سیمات کێشرا بێت، کاتێک لە ئاوێنەکەدا دەیبینیت دەست بۆ سیمات دەبەیت تا پاکی بکەیتەوە. ئەمە بریتییە لە: خۆناسینەوە و هەبوونی خود، ئایە ئەمە لە ئاژەڵەکاندا هەیە؟ یەکێک لە تاقیکردنەوەکان ئەوە بوو بزانرێت کە ئایە ئاژەڵەکان دەتوانن لە ئاوێنەدا خۆیان بناسنەوە. لە تاقیکردنەوەیەکدا بۆ چیمپانزییەکان کە ئەوان ٪٩٤.٨ی DNAیان لەگەڵ ئێمەدا هاوشێوەیە، ئاوینەیان پێدەدرا تاوەکو لە خۆیان بڕوانن، ئینجا بێهۆش دەکران و پەڵەیەک لەسەر سیمایان دەنەخشێنرا، کاتێک بە هۆش خۆیان دەهاتنەوە و لە ئاوێنەکەیان دەڕوانی دەستیان بۆ ئەو پەڵەیە دەبرد، ئەمەش هاوشێوەی مرۆڤەکان واتای ئەوەیە کە ئەوان خۆیان دەناسنەوە و خاوەنی خودئاگایین.

منداڵی مرۆڤەکان لە ١٨ مانگیەوە دەتوانن لە ئاوێنەوە خۆیان بناسنەوە، هەر لەم تەمەنەشەوەیە وشەکانی ‘من’ و ‘تۆ’ وردە وردە بەکار دەهێنن و هەستەکانی دیکەی هاوشێوەی شانازی و بەڕووداکەوتنیش تێیاندا گەشە دەکات، دەتوانین لەمەوە وا دابنێین کە خۆیان لەگەڵ جیهانی دەوروبەر و کۆمەڵایەتیدا هەڵدەسەنگێنن. بەڵام؛ ئەم تاقیکردنەوەی ئاوێنەیە بۆ ئاژەڵەکانی دیکەی جیا لە مرۆڤەکان و چیمپانزییەکان و شیردەرەکانی دیکە بێ سەرئێشە نییە. لەگەڵ ئەوەی مەیمونگەلێکی هاوشێوەی چیمپەکان و بۆنۆبۆ لە تاقیکردنەوەی ئاوێنەکەدا دەردەچن، وەلێ گۆرێلاکان شکست دەهێنن. هەرچی ئاژەڵەکانی دیکەیە؛ پشیلە، سەگ، و باڵندەن بە هەمان شێوەی گۆریلاکان وێنەدانەوەی خۆیان ناناسنەوە، بگرە هەندێک جۆری باڵندە و ماسی لەگەڵ وێنەدانەوەی خۆیاندا دەکەونە جەنگ و لە یەکتری دەدەن، وەکو دوژمنێک مامەڵە لەگەڵ وێنەدانەوەی خۆیان دەکەن. جیا لەمانەش، ئارێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین بۆ هەندێک ئاژەڵ کە بە ژیریشیان دادەنێین ئەم تاقیکردنەوەیەیان لەسەر جێبەجێ بکەین بۆ نموونە دۆلفین، ئاخر چۆن وەکو چیمپەکان ببینین کە لە ئاوێنەوە دەستکاری ئەو ئارایشتە نەخوازراوەی بۆمان کردوون بکەن؟! بەهەرحاڵ ئەم بێنە و بەردەیەی نێوان هۆشی ئاژەڵەکان و مرۆڤەکان زۆری دەوێت، شیکاریکردنەکان تەنیا خۆناسینەوە نین لە ئاوێنە، بەڵکو لە ڕێگەی بەراوردکردنی هەبوون و بەکارهێنانی زمانەوە، دیاریکردنی ڕادەی ژیری ئاژەڵێک و هتد. هەمووی جێی تێڕامانن، هەر یەک لەم ڕێگەیانەش تا وەڵامێک بە دەستەوە دەدەن چەندین پرسیار دەئافرێنن.

بۆچی هۆش پەرەیسەند؟

تیڕوانینی جیاواز هەن بۆ مەسەلەی پەرەسەندنی هۆش، هەندێک لایان وایە هۆش تەنیا ئێپیفێنۆمێناڵە و هیچ کاریگەریەکی بایۆلۆژی و خۆگونجاندن بەسەر ئۆرگانیزمەکەوە جێناهێڵێت، لە کاتێکدا هەندێک لایان وایە هۆش فەنکسیۆنی بایۆلۆژی و سۆسیۆلۆژیانەی هەیە. هەندێکی دیکە لایان وایە کە هۆش تەنیا بەرهەمێکی دووەمیە و لە دەرەئەنجامی بەرهەمێکی دیکەوە هەڵتۆقیوە، هەندێکی دیکەش تەواو مەسەلەی هۆش بە شتێکی وەهمی دادەنێن و دەڵێن: ئێمە هەڵەین کە لە فێنۆمێنۆلۆژیای هۆش دەکۆڵینەوە، چونکە هۆش وەهمە و ئێمە دەبێت لە چۆنیەتی پەرەسەندنی ساوێری هۆش بکۆڵینەوە نەک پەرەسەندنی هۆش. بەهەرحاڵ، بابەتی پەرەسەندنی هۆش لە بنەمادا هەرچۆنێک بێت، با لەو ئەرکانەی بڕوانین کە دەیکەنە خاسیەتێکی خۆگونجێنەرانەی ئۆرگانیزمەکان تاوەکو لەگەڵ ژینەگەکەیاندا هەڵ بکەن.

تەنانەت ئەوانەی کە لایان وایە هۆش خاوەنی ئەرکە لە سیستەمی بایۆلۆژیمان، دیدگای زۆر جیاواز بوونیان هەیە لە نێوانیاندا. بەشێکی زۆر لە دیدگاکان هێشتا پرسیاری کراوە جێ دەهێڵن. هەندێک توێژەر پێیان وایە کە زانست، زمان و ئێستاتیکا هاتنە کایەوەیان دژوار دە بوو گەر ئەزموونی هۆش بوونی نەبووایە. ڕێگەیەکی دیکە لە ڕووانین لە هۆش بریتییە لەوەی: کە توانستی ویستی زیاترمان پێدەبەخشێت و وا لە بوونەوەرەکە دەکات کە ئازادانەتر بجوڵێتەوە و خولگەی میکانیکی بوون تێکبشکێنێت. هۆش توانای هەیە پلانی درێژخایەنی بۆ تەواوی ئەندامەکانی جەستە هەبێت و یەکانگیریان بکات تاوەکو لە هەموویان بۆ یەک ئامانج پەلکێش بکات.

 

هەر ئەو توانستە ئازادی و شیانی گۆڕانە و نائۆتۆماتیکیەتەیە کە خاسیەتەکانی زمان ئاڵۆز دەکات، زۆرینەی زۆری ئاژەڵان ناتوانن وەکو مرۆڤەکان ئاخاوتن بکەن، تەنانەت ئەو ئەیپانەی فێری زمانی ئاماژەمان کردوون توانستی زۆر کەم نیشان دەدەن لەوەی بتوانن داهێنەرانە زمان بەکار بهێنن، بە پێچەوانەی مرۆڤەوە. بۆ ئیستاتیکا و زانستیش هەمان بیرۆکە درووستە، ناتوانیت تێگەیشتنی ئێستاتیکیانەت بۆ تابلۆکانی سرووشت هەبێت، یان بەرهەمی هونەریانەت [بونیادنانی کەرەستە، خانوو، کاری هونەری و هتد.]  هەبێت گەر تەنیا لە سنووری ڕەفتارە زگماکییە ئۆتۆماتیکییەکانەوە هاتوچۆ بکەیت. بۆ پەرەپێدانی تێڕوانینی زانستی، یان بە واتایەکی دیکە بینینێکی ئۆبژێکتیڤیانەی خود و دەوروبەر، ناکرێت لە ناو سیستەمێکی خولگەیی گیر بخۆیت. هەموو ئەمانە بەشێوەی خۆیان دەستیان دەبێت لە مانەوە و بەرەوپێشچوونی بوونەوەرە هۆشمەندەکە.*

جگە لە بیرکردنەوە لەوەی هۆش خۆگونجاندنە بۆ تاکێک، هەندێکی دیکە لە ڕووانگەیەکی سۆسیۆبایۆلۆژیەوە لێی دەڕوانن. بە لای ئەمانەوە هۆش ئەرکی کۆمەڵایەتی لەسەرە. وەکو چیمپانزییەکان ئێمە لە کۆمەڵەی زۆر ئاڵۆزدا دەژین و پەیوەندی کۆمەڵایەتی پەرش و بڵاو بە یەکدیەوە دەمانبەستێتەوە، لە گرووپێکدا بێگومان هەم دۆست هەم دوژمنیش درووست دەکەین، جا بۆیە بۆ ئێمە باشترە کە لە ڕاز و نیازی ئەوانی دیکە تێبگەین و پێشبینی ڕەفتار و پلانەکانیان بکەین، بە واتایەکی دیکە دەبینە جۆرێک لە ‘دەروونناس.’

هەر بۆیەشە هۆشمەندی سەبارەت بەوەی لە ناخ و دەرە-ناخماندا دەگوزەرێت زۆر گرنگە بۆ مانەوە. ئەگەر ئەو دیدگایەمان هەبێت لەوەی لە ناخ و هەستەکانمان چی دەگوزەرێت، شارەزای کەسەکانی دەوروبەریشمان دەبین. هەر بۆیە هەڵبژاردنی سرووشتی بە باشی زانیوە بتوانین لە پاڵ کارلێکمان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، هەستێکی ڕوانین لە ناوخۆشمان بۆ درووست ببێت. بەڵام؛ یەکێک لە ڕەتدانەوەکان بۆ ئەم مۆدێلە دەکرێت ئەوە بێت کە ئێمە تەنها هۆش بەکار ناهێنین بۆ بەستن و هێشتنەوە و ڕێکخستنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان، سا کەواتە بۆچی هۆش بەو شێوەیە پەرەی نەسەند کە سنووری لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان لا نەدات؟

دیدگاکان لەسەر تەواوی بابەتەکانی پەیوەست بە هۆشەوە ئاڵۆزن، هەروەکو لەسەرەتای وتارەکەدا وتم کە وتارێکی لەم شێوەیە ناتوانێت سێبەرەکەی هەموو وردەکارییەکان داپۆشێت، بەڵام؛ گرنگە هەر یەک لە ئێمە، کە بوونەوەری هۆشمەندین، بتوانین تێگەیشتنێکمان هەبێت بۆ یەكێک لەو خاسیەتانەی کە هێندەی بزانین زێدە نادیارە لە تەواوی گەردوون. نازانم کەی دەتوانین بە تەواوەتی و بە بێخەوشانە ئێنیگمای هۆش هەڵبهێنین، بەڵام؛ هەر هیچ نەبێت با چێژ لە نادیارییەکەی وەر بگرین.

 

سەرچاوەکان:

Chalmers, D. (1995). Facing up the problem of consciousness. Journal of Consciousness Studies, 2(3), 200-19

 

Nagel, T. (1974). What is it like to be a bat. The philosophical review, 83 (October):435-50 (1974)

 

Vlemans, M. (2019). How to define consciousness: and how not to define consciousness. Journal of Consciousness Studies. 15(5): 139-156.

 

Blackmore, S. (2005). Very short introduction.Consciousness: A very short introduction. Oxford University Press.

 

Grayling, A. C. (2019). The history of philosophy: three Millennia of thought from west and beyond.

 

Chalmers, D. J., 1996, The Conscious Mind: In Search of a Fundamental Theory, New York and Oxford: Oxford University Press.

 

Dennet, Daniel C. (1995) The Unimagined Preposterousness of Zombies. 2(4).

 

Mandik, P. (2013). This is Philosophy of Mind: An Introduction. Wiley-Blackwel.

 

Jackson, F. (1982). Epiphenomenal qualua. Philosophical Quarterly 32 (April):127-136

 

Eagleman, D. (2015). The Brain:  The story of you.

 

Nida-Rümelin, Martine and Donnchadh O Conaill, “Qualia: The Knowledge Argument”, The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2019 Edition), Edward N. Zalta (ed.), URL = https://plato.stanford.edu/archives/win2019/entries/qualia-knowledge/

 

Casali AG, Gosseries O, Rosanova M, et al. A theoretically based index of consciousness independent of sensory processing and behavior. Science Translational Medicine. 2013 Aug;5(198):198ra105. DOI: 10.1126/scitranslmed.3006294..

Kaplan, J. [Jeoffry Kaplan]. (4, september 2020). ‘What is it Like to be a Bat?’ by Thomas Nagel

. YouTube. https://www.youtube.com/watch?v=aaZbCctlll4&t=595s&ab_channel=JeffreyKaplan

 

Seth, Anil. [The Royal Institution]. (1, February 2017). The Neuroscience of Consciousness – with Anil Seth

. https://www.youtube.com/watch?v=xRel1JKOEbI&ab_channel=TheRoyalInstitution

 

پاشکۆ:

*ئەم پەرەگرافە تەنیا تێکەڵکردنی چەند تێزێکی جیاوازە لەلایەن نووسەری وتارەکەوە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: