سەدر وەک نموونەیەک لە دەسەڵاتی شوانکاری

475
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئارا هێمن

 

دەسەڵاتی شوانکاری یەکێکە لە شیکردنەوەکانی دەسەڵات لای میشێل فووکۆ. لە پاڵ دەسەڵاتی سەروەری، دەسەڵاتی دیسپلین، و بایۆ-دەسەڵات یەکێکی دیکە لە شیکردنەوەکانی پیادەکردنی دەسەڵات لە دنیای پۆست مۆدێرنە بریتییە لە دەسەڵاتی شوانکاری(Pastoral Power). فووکۆ سوودی لە ئاینی کریستیان وەرگرتووە بۆ شیکردنەوەی ئەم جۆرەی دیکە لە هێز کە پیادە دەکرێت بەسەر خەڵکیدا بۆ ژێردەستەکردنیان، بۆ فووکۆ کریستیان تاکە ئاینە وەک کڵێسا بەڕێکخراو بووە و دامەزراوە. سەرچاوەی ئەم دەسەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ کڵێسا، جگە لە دەسەڵاتی پادشا، میر و یاسا، دەسەڵاتێکی دیکە بریتییە لە دەسەڵاتی کەسایەتیەکی ئاینی کە لە خزمەتی خەڵکی دایە، ئەم دەسەڵاتەش بریتییە لە دەسەڵاتی شوانکاری. لە فەلسەفەی فووکۆ گرنگترین کار بریتییە لە دەستنیشانکردنی سەرچاوەی دەسەڵات، لەلای فووکۆ لە هەر جێیەک دەسەڵات هەبێت بەرەنگاریش هەیە، بەم پێیە، بۆ ئەوەی خەڵکی ژێردەستە نەبێت پێویستە پەی بە سەرچاوەکانی دەسەڵات بەرن و دەستنیشانیان بکەن تا بەرەنگاری وێڵ نەکەن و ڕێگری بکەن لەژێردەستە بوونیان. بە بۆچوونی فووکۆ لەگەڵ پەیدابوونی دەوڵەتی مۆدێڕندا سەرەڕای لەناوچوون یاخود کزبوونی دەسەڵاتی کڵێسا، هێشتا تەکنیکەکانی دەسەڵاتی شوانکاری پیادە دەکرێت بۆ ژێردەستە کردنی هاوڵاتی. دەسەڵاتی شوانکاری دەسەڵاتێکی خەمخۆر و ڕاستگۆیە، و ئەم دەسەڵاتە بە هەموو مانایەک خۆی تەرخان دەکات بۆ خزمەتکردن و پاراستن. شوانکار بەو کەسە دەوترێت کە چاودێری خەڵکی دەکات، چونکە ئەم دەسەڵاتە جیاواز لە دەسەڵاتی پادشا دەسەڵاتەکەی پێگەیەکی شەرەفمەندانەی نییە تاوەکو پارێزگاری لێ بکرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەسەڵاتی شوانکار بارێکەو لەسەر شانی، ئەم کەسە وا خەیاڵ دەکات کە خودا پێگەی خزمەتکردنی خەڵکی بۆ ئەو داناوە و نابێت یەکە و دوو لەو فرمانەی خوا بکات. پێش هاتنەکایەی دەوڵەتی سیکۆلار لە ئەوروپا، دەسەڵاتی شوانکار لە کڵێسادا لە خزمەت خەڵکیدا بوو و بەم خەسڵەتانەی کە لە چەند دێڕی داهاتوو ئاماژەیان پێدەکەم ئەم جۆرە لە دەسەڵات دەستنیشان دەکرا. یەکەم خەسڵەت بریتیبوو لەوەی لە ڕێگەی گوێڕایەڵی کردنی ئەم دەسەڵاتەوە، شوانکار لەو دنیا خەڵکی لە سزای خودا دەرباز دەکات، ئەمەش بەو پێیەی ئەوان گوێڕایەڵی کەنیسە بوون. لێرەدا فووکۆ ئاماژە بە جۆرێک لە پەیوەندی دەکات لە نێوان دەسەڵات و خەڵکیدا کە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و ئاینی سادەیە بۆ ڕێکخستن و پیادەکردنی پەیوەندی نێوان ژێردەستە و دەسەڵات. کەواتە یەکەم خەسڵەتی دەسەڵاتی شوانکاری بریتییە لە دەسەڵات وەک ڕزگارکەر. دووەم خەسڵەتی دەسەڵاتی شوانکار بریتییە لەوەی کە جیاواز لە دەسەڵاتی پادشا کە فەرماندەکات بە ژێردەستەکان بۆ ئەوەی گیانی خۆیان ببەخشن لە پێناو پاراستنیدا، بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتی شوانکاری گیانی خۆی دەبەخشێت و ئامادەیە لەناو بچێت لە پێناو خەڵکیدا. سێهەم خەسڵەت بریتیە لەوەی کە دەسەڵاتی شوانکار گرنگی بە تاک دەدات. لێرەوە مەبەست لە تاک ئەوە نییە کە جیای بکاتەوە لە کۆمەڵگە، بەڵکوو هەموو تاکێک پێویستە سوودمەند بێت. ئەمەش بۆ ئەو مەبەستەیە کە زۆرترین تاک بەشداربێت. بەم شێوەیە دەسەڵاتی شوانکاری ژیانی تاک ڕێنوێنی دەکات تا لە ژیانی دوایدا تاک سوودمەند بێت لە لێخۆشبوون و بەخشین. چوارەم و کۆتا خەسڵەتی دەسەڵاتی شوانکاری لەلای فووکۆ بریتییە لە هەبوونی زانیاری تەواو دەربارەی تاک، خۆ ئەگەر شوانکار ناوەخنی دڵ و بیری تاکەکانی نەخوێنێتەوە ئەوا بەرەنگاری چەند بەربەستێک دەبێتەوە و بەمەش ئاستەنگی بۆ درووست دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی تاکەکان. لە کڵێسا پیاوی ئاینی(شوانکار) تەکنیکی confession واتا دانپێدانانی خەڵکی بەکاردەهێنا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری تەواو لەسەریان بە مەبەستی ژێردەستە کردنیان. ئەم دیاردەیە لە دنیای مۆدێرنیشدا شتێکی نامۆ نییە و ئیدوارد سەعید لە کتێبی ڕۆژهەلاتناسیدا ئیمپریالیزم بەوە جیادەکاتەوە لە کۆڵۆنیاڵیزم کە دەسەڵاتی ئیمپریاڵی توێژینەوە و گەڕان دەکات بۆ تێگەشتن لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان تاوەکو بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا پیادە بکات. لێرەوە دەسەڵاتی شوانکاری دەسەڵاتێکە کە ڕاستیەکان و چارەسەرەکانی لەلایە و خەڵکی کێشە و نهێنیە ئاڵۆزەکانی تەنها بۆ شوانکار باس دەکات، بەم پێیە شوانکار کەسێکە توانای تەفسیر و لێکدانەوەی ڕووداوەکانی هەیە. لێرەوە دەسەڵاتی شوانکاری شارەزای هەست و بیری تاکەکان دەبێت و خەڵکی ژێردەستە و ملکەچ بە دەسەڵاتی خۆی دەکات. فووکۆ پێیوایە کە ئەم فۆرمە لە دەسەڵاتی کڵێسا هێشتا لە ژیاندا ماوە و لە دەوڵەت نەتەودا ڕەنگدانەوەی بەدی دەکرێت، بەڵام لەجیاتی کڵێسا، فۆڕمێکی نوێی داوە بەخۆی. بۆنموونە سەرکردەیەکی دەسەڵاتخواز لە ناو دەوڵەتێکی مۆدێرندا ئەم جۆرە لە دەسەڵات پیادەکات، یاخود دامودەزگاکانی دەوڵەتی مۆدێرن هەڵدەستن بە پیادەکردنی دەسەڵاتی شوانکاری. لێرەدا باسەکەی ئێمە بە دیاریکراوی بریتییە لە دەسەڵاتی شوانکاری موقتەدا سەدر بەسەر لایەنگرەکانیدا. سەرەڕای ئەوەی فووکۆ جیاکاریەک دەکات لە نێوان دەسەڵاتی شوانکاری لە سەدەی ناوەڕاست و دنیای مۆدێرندا بەوەی کە یەکەم خەسڵەتی دەسەڵاتی شوانکاری ناو کڵێسا بریتیبوو لەوەی کە بەڵێن بە شوێنکەوتوانی دەدات لە دنیای دوایدا لێخۆشبونیان بۆ مسۆگەر بکات و لە سزای خوا بیانپارێزێت، بەڵام لە دنیای سیکۆلاری ئەمڕۆدا و لە دەوڵەتی مۆدێرندا، دەسەڵاتی شوانکاری بەڵێنی پاراستنی ئاسایش و تەندرووستی و خۆشگوزەرانی بە هاوڵاتیانی دەدات. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە پەیوەندی دەسەڵاتی سەدر و شوێنکەوتوانیدا هەردوو خەسڵەتەکەی سەدەی ناوەند و مۆدێرنی دەسەڵاتی شوانکاری بەدیدەکرێت. لە لایەکەوە شوێنکەوتوانی سەدر بەهایەکی دینی گەورەیان داوە بە ڕێبازی سەدری وەک ئیلهامێکی ئاینی بۆ ئەوەی ڕێنوێنیان بکات بۆ ڕێگەی ڕاست و لەو دنیا لە سزای دۆزەخ بەدووربن، هەروەها لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتی شوانکاری سەدر وەک پارێزەری مافەکانی شوێنکەوتوانی خۆی وێنا دەکات. دەسەڵاتی شوانکاری سەدر چاودێری ژێردەستەکانی دەکات و ناهێڵێت هیچ کەس زیانیان پێ بگەیەنێت. ژێردەستەکانی سەدر تەنها یەک پەناگەیان هەیە، ئەوان بۆ باشبوونی گوزەرانیان ناخوێننەوە، هەوڵنادەن سیستەمێکی دیموکرات سەربخەن، پەرلەمان و یاسا و دەوڵەت تەنها بەکاربردنی وشەیە لەلای ئەمان. ئەمەش بەو پێیەی کە تەنها کەسێک دەتوانێت چاکسازیان بۆ بەدی بهێنێت و بە وتەی خۆی، گیانی دابنێت لە پێناو چاکسازیدا ئەو کەسەش سەدرە. لێرەوە دووەم خەسڵەتی دەسەڵاتی شوانکاری لە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سەدر و شوێنکەوتوانی خۆی نیشان دەدات ئەویش خەسڵەتی خۆ فیداکردنی شوانکارە بۆ شوێنکەوتوانی. ناوبردنی خەڵکی بە، هەموو تاکێکی عێراقی دووبارە بە تاک کردنەوەی هاوڵاتیە لای سەدر، لێرەوە سەدر تاکەکان ڕێنوێنی دەکات و کرداری ڕۆژانەیان بۆ دیاری دەکات، ڕەفتاریان لە قاڵب دەدات، بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن ڕۆژێک لە پەرلەمانن، ڕۆژێکیش لەسەر جادە، جارێک دووژمنی ئێران و جارێک دوژمنی ئیسرائیلن. شوێنکەوتوانی سەدر هێندە دەستەمۆی دەسەڵاتی شوانکاری بوون کە ناتوانن بۆ خۆیان مێشکیان بەکاربهێنن و مەترسیەکانی سەر خۆیان دەستنیشان بکەن، بەڵکو دەبێت سەدر مەترسیەکانیان بۆ دیاری بکات، لێرەوە ئاسایشی سەدر هاوتا دەبێت لەگەڵ ئاسایشی عێراق. دەسەڵاتی شوانکاری مەترسیەکەی لەوەدایە وەک چۆن سەدر پێویستی بە شوێنکەوتوانێتی بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی، شوێنکەوتوانی زیادتر لەو پێویستیان بە دەسەڵاتی شوانکاری سەدرە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکات لە گەندەڵی و ئێران و ئیسرائیل. بۆیە لە کۆتایدا دەکرێت ئەوە بڵێین کە باشترین هزر و تیۆری بۆ ئەوەی لەو سەرسوڕمانەی زۆری(ژمارەی) لایەنگرانی سەدر دەربازمان بکات بریتیە لە فۆڕمی دەسەڵاتی شوانکاری لەلای فووکۆ کە دەتوانێت بە باشترین شێوە هۆکاری پتەوی بازنەی سەدریەکانمان بۆ شرۆڤەبکات.

 

سەرچاوەکان:

https://bit.ly/3zy4R2g

https://bit.ly/3bKXY5E\

https://youtu.be/b-UcZn-P_tM

https://bit.ly/3dfGleQ

بڵاوکردنەوە: