بەر لەوەی هەڵمبواسن

1071
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕێناس ژیان

لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر

 

ڕێناس ژیان شاعیرێکی گرنگی باکووری کوردستانە. لەدایکبووی ١٩٧٤ـی ناوچەی قۆسەر لە پارێزگای ماردینە. زانکۆی دیجلەی تەواو کردووە و ساڵانێک مامۆستای سەرەتایی بووە. ساڵی ١٩٩٩، یەکەمین دیوانی بە ناونیشانی ژانیا بڵاو کردووەتەوە. ساڵی ٢٠٠٢، بە هۆی هەوڵەکانی بۆ زمانی کوردی لەگەڵ ١٢ کەسی تردا دەستگیر کراوە و ئەشکەنجە دراوە. لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە نووسیاری وەشانخانەی بەڵکی و لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بەرپرسی گۆڤاری چرووسکە. ساڵی ٢٠١٦ سەرلەنوێ دەستبەسەر کراوە و دوای حەفتەیەک ئازاد کراوە. هۆنراوەی “بەر لەوەی هەڵمبواسن” بە ئاگاداریی شاعیر بە کوردیی ناوەندی (سۆرانی) داڕێژراوەتەوە.

 

بەر لەوەی هەڵمبواسن

باسی گەنمی نەرمونیانم بۆ بکەن

ئەو گەنمانەی هاوبەشە چارەنووسی سەرم و سەریان

ئەو گەنمانەی لە خەمی من ملیان دەخەنە بەر دەمی مەڵەغان

 

بەر لەوەی هەڵمبواسن

باسی مەردایەتی و سەرهەڵدانی گەنمە سەربڕاوەکانم بۆ بکەن!

گەر گوللەیشتان زۆر پێیە، مەخزەنێکی ڕەبەق ڕووەو ئاسمان بتەقێنن!

 

بەر لەوەی هەڵمبواسن

لە باخەڵم

یان لە زێڕی ژنەکەم

چنگێک ژینی چواردەخۆرم بۆ بکڕن

 

بەر لەوەی هەڵمبواسن

گەر دواداخوازیم لێ دەپرسن

وەک چۆن جەلادەکان دەپرسن

داخوازیم ئەوەیە، گوێ بگرن:

بچن کوتەگۆشتە سوننەتکراوەکەم بخۆن!

 

بەر لەوەی هەڵمبواسن چاوم بکەنەوە!

ها، پێتان دەڵێم چاوم بکەنەوە!

گەر پیاون سەیری ناوەوەی بکەن!

 

دوای ئەوەی هەڵتانواسیم

بە شەهوەتێکی زۆرەوە دەستدرێژی بکەنە سەر تەرمەکەم

ئاهەنگی سەرکەوتنەکە نەمرەکەتان بگێڕن

بە شەراب و گۆشتی تەرمەکەم!

من ژەهرم!

دوای ئەوەی خواردتانم

سواری ئەسپە ئاسنینەکانتان ببن

و بە جەهەننەم بچن!

بڵاوکردنەوە: