تاهیر بەگی جاف و سلێمان بەگی کاتب فارسی

953
0
بڵاوکردنەوە:

توێژەر: ڕێبوار حه‌مه‌تۆفيق

ناسەقامگیریی باری ڕامیاریی کوردستان و ناوچەکە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بایەخنەدانی شاعیران و نووسەرانی کورد خۆیشیان بە پاراستن و ئەرشیڤکردن، دوو هۆکاری لەبەرچاون بۆ بەردەستنەکەوتنی بەشێکی زۆری بەرهەمی ئەدیبان لە ڕابردوودا. ئەم دوو هۆکارە بە تەنیشت بەربەستەکانی ترەوە، وایان کردووە کە ئەو مێژووی ئەدەبی کوردییەی نووسراوەتەوە بێکەم و کورتی نەبێت و پرسیاری زۆری بەبێ وەڵام هێشتبێتەوە. یەکێک لەو پرسیارانەی کە ئەم توێژینەوەیەدا دەخرێتە ڕوو ئەوەیە کە: ئایا پەیوەندی ژیانی هەمەلایەنە و تێکستی ئەدەبی نێوان شاعیران (سلێمان بەگی کاتب فارسی و تاهیر بەگی جاف) چۆن و لە چیدایە؟

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ڕۆژئاوای ئێران)ـەوە، لەبەر هەر هۆیەک بووبێت، دوو کەسایەتی ڕوویان لە باشووری وڵات کردووە، ئەوانیش هەر یەک لە (عینایەتوڵڵا بەگ و عادیلەخانم)بوون. عینایەتوڵڵا بەگ، لە (مەریوان)ـەوە هاتووەتە (سلێمانی) و دواتریش چووەتە (قەرەداغ) و هەر لەوێ کۆچی دوایی کردووە. بەهۆی ئەوەی عەبدوڵڵا بەگی کوڕی عینایەتوڵڵا بەگ زمانى فارسی بە باشی زانیوە و خۆیشی بە جاف داناوە، لەلایەن وەسمان پاشاوە داوا لە مەحمود پاشا دەکرێـت -کە لەو کاتانەدا مەحمود پاشا دەسەڵاتی بەسەر ناوچەى قەرەداغدا هەبووە- تا ڕێگە بدات عەبدوڵڵا بەگ لە قەرەداغەوە بچێتە هەڵەبجە و کەڵکێک بە خوێندەواری منداڵی جاف و پەرەپێدانی خزمایەتییان لە هەڵەبجەدا بگەیەنێت، ئەویش داواکەی پەسەند کردووە و لەلای وەسمان پاشا بە (کاتب فارسی) دامەزراوە. (1)

عەبدوڵڵا بەگ کە چووەتە هەڵەبجە و کۆشکی وەسمان پاشا، سێ کوڕ و دوو کچی بە نێوەکانی: مستەفا، نوری، نەفێ، حەبیبە و سلێمانەوە بووە لەو کاتانەدا، وەسمان پاشاش پێنج کوڕی بە نێوەکانی: مەجید، محەممەد، عیزەت، تاهیر و ئەحمەد بووە. لە ئەنجامی ئەم ناسین و تێکەڵاوییەدا، وەسمان پاشا، نەفێی کچی عەبدوڵڵا بەگ بۆ مەجیدی کوڕی مارە کردووە.(2) بەمەش خوشکێکی سلێمان بەگ دەبێت بە هاوسەری برایەکی تاهیربەگی جاف.

 

سلێمان بەگی کاتب فارسى:

سلێمان بەگ کوڕی عەبدوڵڵا بەگی کاتب فارسی عینایەتوڵڵا بەگە. سەبارەت بە ساڵی لەدایکبوونی، هیچ زانیاریی و بۆچوونێک لەبەردەستدا نییە(3) بەڵام بۆ مردنەکەی، دەوترێت کە ساڵى 1919دا کۆچى دوایى کردووە.(4)

(د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ) پێی وایە کە سلێمان بەگ، لە عەشیرەتى میروەیسی بووە و دوای ئەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵای باوکییدا هاتوونەتە هەڵەبجە، ئەویش وەک باوکی لاى وەسمان پاشاى جاف، وەک نووسەر و زمانزانێکی فارسی دەست بەکاربووە و لەو کاتەوە بە (کاتب فارسى) ناوی دەرکردووە.(5) سلێمان بەگ، چەند منداڵێکی بووە، بەڵام هەموویان بە منداڵی مردوون و تەنها عەبدوڵڵابەگ (گۆرانی شاعیر)ى دوا ڕۆژ ماوەتەوە.(6)

جگە لەوەی سلێمان بەگیش وەک عەبدوڵڵا بەگی باوکی فارسییەکی باشی زانیوە و بووە بە کاتب فارسی، (ڕەفیق حیلمی) پێی وایە لە شیعر و ئەدەبیشدا وەک باوکی بەهرەی هەبووە و بە کوردیی و فارسی نووسیویەتی و شیعری داناوە.(7) ڕاستی ئەم بۆچوونەش لەوەدا دەردەکەوێت کە سلێمان بەگ دوو شیعری بە زمانی فارسی بۆ تایەر بەگی کوڕی وەسمان پاشا نووسیوە.(8) هەروەها (حەکیم مەلا ساڵح) لە هەمان بۆچوونی و لە زمانی (حیلمی) شاعیرەوە ئاماژە بەشیعرێکی تری سلێمان بەگ دەکات کە بە زمانی کوردی دایناوە و لە دوادێڕیدا دەنووسێت:(9)

وتم: (سلێمان) جاهم و ساحێبی موڵکی دوو دیوان

وتت: سەرپاکی ئەشعارت ناگا بە حەرفێکم زارم

لەم دێڕە هۆنراوەیەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە سلێمان بەگ، بەشی دوو دیوان شیعری هەبووە، ئیتر ئەوە دیار نییە کە ئایا زۆرینەی ئەم شیعرانە بەکام زمان نووسراون! و ئەوەی تا ئێستا لەبەردەستدایە دوو شیعری سلێمان بەگە کە لە دیوانەکەی تاهیر بەگدا بڵاوکراوەتەوە و بە زمانی فارسی نووسراون لەگەڵ ئەو دێڕە هۆنراوەیەی کە (حیلمی)شاعیر لەبەری بووە و بۆ (حەکیم مەلا ساڵح)ی وتووەتەوە.(10)

حسێن عەلی شانۆف لەدرێژەی ئەو نووسینەیدا کە لەسەر ژیاننامەی گۆرانی کوڕی سلێمان بەگ نووسیویەتی و دیارە دەبێت هەر لە گۆرانی شاعیریشی وەرگرتبێت، ئاماژە بەوە دەکات کە سلێمان بەگ هۆنراوەی زۆری هەبووە و دەنووسێـت: بەگوێرەى ئەو شیعرانەى کە سلێمان بەگ دەربارەى عوسمان پاشا وتویەتى، دەردەکەوێت لەنێو خانەوادەى پاشادا زۆر ڕێزى لێ گیراوە. هەر لەژێر کاریگەرى سلێمان بەگدا، هەردوو کوڕەکانى عوسمان پاشا تاهیر بەگى جاف و ئەحمەد موختار بەگى جاف، شیعریان هۆنیوەتەوە و دواتر وەک دوو شاعیرى بەناوبانگى کورد، ناویان دەنگى داوەتەوە.(11) ئەمەش دیسانەوە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە پەیوەندیی ئەدەبی لە نێوان سلێمان بەگ و تاهیر بەگدا هەبووە و تا ئەو کاتانەش درێژەی کێشاوە کە (تاهیر بەگ) لە سلێمانى لە نەخۆشخانەدا کەوتووە و (سلێمان بەگى کاتب فارسى) ئەو شیعرەى بۆ نووسیوە کە لە دێڕی یەکەمیدا دەڵێت:

اى وجودت میمنت بخش قه‌زاى شهرزور

وى سعادت از توشد مسعود گیتى پر زنور

 

لە درێژە و ناوەرۆکى ئەم شیعرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە تاهیر بەگ، بارى تەندروستى باش نەبووە و بۆ چارەسەرکردن سەردانى سلێمانی و لای دکتۆر (حەکیمباشى) کردووە. سلێمان بەگ لەگەڵ چەند دۆست و ناسیاوێکى (ئەهل بازاڕ) دوعا و نزاى چاکبوونەوە و شیفایان بۆ کردووە.

لە هۆنراوەیەکی تردا کە پێدەچێت هەر لەو سەردەمەدا نووسرابێت، بۆ مەرگی تاهیر بەگ لە ساڵى (1337ک-1918ز)دا، سلێمان بەگى کاتب فارسى شیعرێکی تری بۆ دەنووسێت کە دێڕی یەکەمی بریتییە لە:

این چە غوغا ایست یارب کوفتادە درزمین

جملە عالم مات و حیران در لباس ماتمین

 

جێی ئاماژە بۆ کردنە، کە سلێمان بەگ، دوو هۆنراوەی تری هەیە کە لە دیوانەکەی تاهیر بەگدا ئاماژەیان بۆ نەکراوە و بە زمانی کوردی نووسراون و لە پلەیەکی بەرزی ئەدەبیدا هۆنراونەتەوە و لە لاپەڕە 123-125ی کەشکۆڵێکی (دکتۆر شۆ)وە دەستکەوتووە و ساڵی 1941 بە خەتی (دکتۆر شۆ) نووسراونەتەوە.(12) یەکەمیان شیعرێکە بەناوی (دڵ ئەوا دەرچوو) و حەوت دێڕە و یەکەم دێڕی بریتییە لە:

دڵ ئەوا دەرچوو لە سینە ڕاهی سەحرای گرتە بەر

هەروەکو تەیرێ کە وەحشی بێ و لەبەند دەرچێتە دەر(13)

 

شیعری دووەمیشیان شیعرێکە بەناوی (لە ئەوزاعی فەلەک) و پێنج دێڕە و یەکەم دێڕی بریتییە لە:

لە ئەوزاعی فەلەک قوربان، هەمیشە مات و حەیرانم

لە بەحری غوسسە و غەمدا بەدایم دڵ پەرێشانم(14)

 

بنەماڵەی عادیلە خانم (1859 – 1924) کچی عەبدولقادر بەگی حەمید بەگی مەحموود بەگی ئەحمەد بەگی ساحێبقرانە و لە شاری سنەوە بەهۆی هاوسەرگیریی لەگەڵ عوسمان پاشای جاف (1847 – 1909) ڕووی لە شاری هەڵەبجە کردووە.(15) و دوو کوڕى شاعيريان بە نێوەکانی: تایەر بەگى جاف (1878/1875 – 1918) و ئەحمەد موختار بەگى جاف (1898 – 1935) بووە.(16)

بنەماڵەی دەسەڵاتداری عوسمان پاشای جاف، بەحوکمى پەیوەندى عەشایەرى لەگەڵ هۆز و تیرەکانى ئەمبەرو ئەوبەرى سنوور و گەرمیان و کوێستان و تیرە جیاجیاکانى جاف، لەگەڵ دامودەزگاى حکومەتى ئێرانیدا، ڕۆژانە کێشە و پێوەندى و هاتوچۆى ناچاریی هەبووە. ڕۆڵی فارسیزان لەم پێوەندیى و هەوڵدانى چارەسەرکردنى کێشەکاندا، گرنگ  و بەرچاوبووە، بۆیە عوسمان پاشا داوای لە عەبدوڵڵا بەگ کردووە کە لە قەرەداغەوە بچێتە مەڵبەندی هەڵەبجە و وەک کاتب فارسی دەستبەکاربێت. پاش کۆچی دوایی عەبدوڵڵا بەگیش، سلێمان بەگی کوڕی لە کارەکەیدا شوێنی گرتووەتەوه‌.

مێجەرسۆن (1881- 1923) لە گەشتە نهێنییەکەیدا بۆ هەڵەبجە لە ساڵى 1909 کە سەری لەکۆشکى پاشا داوە و لەوێ چاوى بەژمارەیەکى زۆر کوردى ئێران کەوتووە  و بە (جالیە) ناوی بردوون(17) ئاماژە بەوە دەکات کە عادیلە خانم داواى لێ کردووە تا نووسراوێکى بۆ بخوێنێتەوە کە بە فارسى نووسراوە و تازە لە تارانەوە بە عادیلەخانم گەیشتووە.(18) سۆن، لەشوێنێکى تردا ئاماژە بەوە دەکات، کە نامە و نووسراوێکى زۆر لەو کاتانەدا بە عادیلە خانم گەیشتووە. بۆ ڕۆژى دواتر عادیلە خانم بانگى کردووە تا هەندێ شتى بە فارسى بۆ بخوێنێتـەوە، چونکە زۆر بەنامەکانەوە سەرقاڵ بووە. کۆمەڵێکیانى داوەتێ بۆ ئەوەى بۆى بخوێنێتەوە. پاشان داواى لێ کردووە وەڵامەکانیشى بۆ بنووسێت. مێجەرسۆن درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات و دەڵێت: گەر بمزانیایە زاراوەیەک بەهەڵە بەکاردەهێنێت ، ئەوا فارسییەکەیم بۆ ڕاست دەکردەوە.)(19)

لەم گێڕانەوانەی مێجەرسۆندا چەند خاڵێک جێی سەرنجە:

1-           ئەگەر سلێمان بەگ لە دیوانی وەسمان پاشادا وەک کاتب فارسی و ڕۆشنبیر و شاعیرێک دەستبەکاربووە، هۆی چی بووە عادیلەخانم داوای لە مێجەرسۆن کردووە کە نامەی فارسی بۆ بخوێنێتەوە و بۆ بنووسێت نەک سلێمان بەگ؟ ئەمە لەکاتێکدا کە بەڵگەی دوو هۆنراوەی سلێمان بەگمان لەبەردەستدایە کە بە فارسی و لە کاتی نەخۆشکەوتن و کۆچی دواییەکەیدا لە 1918 بۆ تاهیربەگی کوڕی عادیلەخانمی نووسیوە و هەڵقوڵاوی ئاگاداریی و ژیانی پێکەوییانە.

2-           چۆن دەکرێت عادیلەخانم مێجەرسۆن لەبەر ئەوە بانگ بکات کە نامەی فارسی بۆ بخوێنێتەوە کە فارسی زانیوە! لەکاتێکدا کە عادیلەخانم خۆی لە بنەماڵەیەکی خوێندەوارەوە هاتووە و شۆرەتی بنەماڵەیی و ڕۆشنبیریی و زەنگینی دەسەڵات بووە. بە منداڵی مامۆستای تایبەتی بۆ گیراوە و فێری زانستی قورئان و قورئانخوێندن کراوە. لە نەوجەوانیشدا زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی زانیوە و تەنانەت بە شێوەزاری هەورامیش دواوە.(20)

3-           ئەو حەوت مانگەی ساڵی 1909کە مێجەرسۆن لە هەڵەبجە ماوەتەوە، تەمەنی تاهیر بەگ 31-35 ساڵ بووە و لەگەڵ سلێمان بەگدا بە زمانی فارسیی و ئەدەبیاتەوە خەریک بوون، چۆن دەکرێت دایک ئەو متمانە بە سلێمان بەگ یان بە کوڕەکەی نەدات کە نامەی دوور و فارسی بۆ بخوێنێتەوە و بە مێجەر سۆنی بدات!؟ لەکاتێکدا ئەم ڕیشەی فێربوون و فێرکردنە بە زمانی فارسی لە نێوان سلێمان بەگ و منداڵەکانی عادیلەخانمدا درێژەی کێشاوە و لەم بارەیەوە د.عیزەدین لە زمانی گۆرانی شاعیرەوە ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە: سلێمان بەگی باوکی گۆران هەروەک چۆن پێشتر دەرسی فارسی بە تایەر بەگ وتبووەوە، بە هەمان شێوەش دەرسی فارسی بە ئەحمەد موختار و من (گۆران)یش وتووەتەوە.(21)

4-           مێجەرسۆن لە گێڕانەوەی ڕەچەڵەکی تاهیر بەگدا ورد نییە و پێی وایە کە تاهیر بەگ لە ژنی یەکەمی عوسمان پاشا بووە نەک عادیلە خانم، بەڵام دواتر ئیدمۆنز (1889- 1979) بۆی ڕاست کردووەتەوە.(22)

 

وەک دەرکەوت لە هەناوی ئەم دوو بنەماڵەیەدا، هەر دوو شاعیر (سلێمان بەگ و تاهیر بەگ) دەرکەوتن، وەک دوو هاوسەردەم، دوو هاوڕێ و دوو بیرەوەریی هاوشوێنی گەورەبوون و تەنانەت بە نزیک یەک ساڵی کۆچی دواییش.

بە پێی تەمەنی گۆرانی شاعیر لە تەمەن و ساڵی لەدایکبوونی سلێمان بەگی باوکی نزیک بینەوە. بەو پێیەی کە گۆرانیش لە 1904-1905 لەدایک بووە و ئەگەر منداڵی چوارەمی سلێمان بەگ بووبێت و سلێمان بەگ لە دەوروبەری بیست ساڵییدا ژنی هێنابێت، کەواتە سلێمان بەگ لە نزیک ساڵانی 1880 لەدایک بووە و ئەمەش نزیکە لە ساڵی لەدایکبوونی تاهیر بەگەوە کە لە 1875- 1878 لەدایک بووە. هەردووکیشان تەنها نزیکەی 40 ساڵ ژیاون و لە تەمەنێکی کەمدا و بەهۆی نادیار لە 1918-1919 کۆچی دواییان کردووە.

وەک دوو نەوجەوان، لەسەرەتاوە لە نزیک دەسەڵاتی وەسمان پاشا و عادیلەخانمدا ژیانیان دەستپێکردووە. ڕاستە کە سلێمان بەگ وەک مامۆستای زمانی فارسی وانەی بە تاهیر بەگ وتووەتەوە، بەڵام بەپێچەوانەشەوە ڕەنگە ڕاست بووبێت کە تاهیر بەگ لە نووسینی هۆنراوەی کوردییدا کاریگەری لەسەر سلێمان بەگ هەبووبێت، هەروەک چۆن لە هۆنراوەکانیدا پایەی بەرزی هۆنراوەنووسینی تاهیر بەگ دەردەکەوێت و زۆرێک لە شاعیران پێنجخشتەکییان لە هۆنراوەکانی دروست کردووە. پاشخانی ئەم لێهاتووییەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی کە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەنێررێتە بەر خوێندن و بۆ فێربوونی قورئانی پیرۆز و کتێبی شاعیرانی وەکو سەعدی، حافیز، شێخ ڕەزا، باباتاهیری عوریان… هەروەها عەرەبیش لە حوجرە لای فەقێکانی کوردستان بە جوانی فێربووە.(23)

ئەگەرچی لەنێوان سلێمان بەگ و تاهیر بەگدا هیچ هونەرێکی تێهەڵکێشی شیعریی یان پێنج خشتەکی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بوونی سلێمان بەگی فارسیزان و کاتب فارسی و بەدرێژایی تەمەنی دەیان ساڵەی پێکەویی نێوانیان ناکاتە نەبوونی گفتوگۆی ئەدەبی لە نێوانیاندا. ڕەنگە هۆنراوەی لەو شێوەیەشیان هەبووبێت و ڕۆژگاری خۆکرد و خواکرد کارێکی وەهایان کردبێت کە نەتوانرابێت بکەوێتە بەردەستی ئێمە. بەڵام نووسینی دوو هۆنراوە بەهۆی نەخۆشکەوتنی تاهیر بەگ و کۆچی دواییەوە لەلایەن سلێمان بەگەوە هەر لە خۆوە نەبووە کە شاعیر زمانی فارسی هەڵبژاردبێت بۆ هۆنینەوەیان و وەک گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆ هۆکارێکە بۆ تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە ئەم زمانە توانای بیرکردنەوە و بیرەوەری هاوبەشێتی نێوانیانە بەسەر زمان و زەمانەکەیاندا. د. مەقسودی کە یەکێکە لە توێژەرە بەناوبانگەکانی ئەدەبی فارسی، سەبارەت بە فارسییزانینی تاهیربەگی جاف دەڵێت: پێم سەیرە لە هەڵەبجەی سەردەمی عوسمانی ئەم شاعیرە ئەو فارسییە لە کوێوە فێر بووە!؟(24) ڕەنگە بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ ئەو هاوڕێیەتییەی بگەڕێتەوە کە لەگەڵ سلێمان بەگدا هەیبووە و وەک مامۆستای فارسی خۆی و ئەحمەد موختار بەگی برایشی وەها بووە وهەردووکیان لە ژێر کاریگەری ئەمدا شیعریان هۆنیوەتەوە  و دواتر وەک دوو شاعیرى بەناوبانگ ناویان دەنگى داوەتەوە.(25)

ئەوەی تا ئێستا لە هۆنراوەکانی سلێمان بەگ ماوەتەوە، تەنها ئەو چوار شیعرەیە کە دووانیان بە زمانی فارسی و بۆ تاهیر بەگی نووسیوە دووانیشیان بە زمانی کوردی تایبەت بە بابەتی دڵداری هۆنیوەتەوە. ئەوەشی لە هۆنراوەی تاهیر بەگ ماوەتەوە، هەر بە هەمان شێوەیە و نیوەیان بە زمانی کوردیین و نیوەشیان بە زمانی فارسی نووسراون. لەنێوان ئەم هۆنراوانەدا، دوو دێڕی سەرەتای دوو هۆنراوەی هەر یەکەیان زۆر دەچنەوە سەر چنینی بیر و داڕشتنی هۆنراوە بە زمانی کوردی.

تاهیر بەگی جاف لە دێری یەکەمی سەرەتای غەزەلێکیدا دەڵێت:

هەرچەندە دەمێکە لە خەما غەرقەیی خوونم

هەر لەحزە لە دەس جەوری فەلەک مات و زەبوونم(26)

 

سلێمان بەگیش دەڵێت:

لە ئەوزاعی فەلەک قوربان، هەمیشە مات و حەیرانم

لە بەحری غوسسە و غەمدا بەدایم دڵ پەرێشانم(27)

 

وەک لە واتای هەر دوو دێڕکەدا دەردەکەوێت، خاڵی لێکچوون بە جۆرێکە کە دەکرێت بۆ هەردوو دێڕەکە یەک لێکدانەوە بکرێت و بڵێین (دەمێکە لە تاو خەم و خەفەتدا نوقمی ناخۆشی بووم و ڕۆژگار کارێکی بەسەردا هێناوم کە هەمیشە مات و دڵگران بم.) ئەمە جگە لەوەی کە ئەگەر نیوەی یەکەمی هەر دێڕێکیان لەگەڵ نیوەکەی تریاندا شوێنگۆڕکێ پێ بکەین، بەتەواوی لەیەکچوونەکە دەردەکەوێت و ڕێک وەک ئەوەی هەر یەک دێڕ بن و بە دوو شێوەی جیاواز داڕێژرابێتنەوە و زۆربەی دەستەواژەکان بەرانبەر بەیەک هاوواتا دەوەستنەوە:

غەم= خەم

مات و حەیران= مات و زەبوون

غەرقی خوێن= دڵ پەرێشان

هەر لەحزە= هەمیشە

جەوری فەلەک= ئەوزاعی فەلەک

 

تێىینی  ئەم  باسە: ديدارى (تاهير به‌گى جاف) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ لە  رۆژی دووشه‌ممه‌ ١٢ى١٠ى٢٠٢٠

پێشکەشکراوە.

 

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

1-           دیوانی گۆران، ئامادەکردن و لێکدانەوەی: محمد مەلا کەریم، بڵاوکراوەی پانیز، چاپخانەی دالاهو، 1384، ل34

2-           دیوانی گۆران، ل34

3-           دیوانی گۆران، ل35

4-           شیعر و ئەدەبیاتى کوردى، ڕەفیق حیلمی، بەرگی 2، بغداد 1956، ل145

5-           گۆران لە یادەوەریی هاوچەرخەکانیدا، مامۆستا جەعفەر و ڕێبوار حەمەتۆفیق، چاپخانەی حەمدی، 2007، ل123-134

6-           دیوانی گۆران، 33

7-           شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، ل198

8-           دیوانی تاهیر بەگی جاف، کۆکردنەوە و ساغکردنەوە و ئامادەکردنی: حەسەن گۆران، بڵاوکراوەی گۆران، چاپ: گلبان چاپ، چاپ: یەکەم، 2702 کوردی، ل17-21

9-           ئاشکرایە کە مەبەستی (حەکیم مەلا ساڵح) لە مامۆستا (ڕەفیق حیلمی) نییە کە لە ساڵی 1960دا کۆچی دوایی کردووە، بەڵکو مەبەستی لە (محەممەد کوڕی شێخ حسەین)ی شاعیرە کە لە ماوەی (1909-1985) ژیاوە. هەروەک ناوبراو لە کتێبەکەیدا (هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، بەرگی دووەم، چاپخانەی: دیلان، سلێمانی،2010، ل225) ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا (حیلمی) بینیوە و حیلمی خۆی شیعرەکانی بۆ خوێندووەتەوە و ئەمیش لەسەر کاسێت تۆماری کردوون.

10-        هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، حەکیم مەلا ساڵح، بەرگی دووەم، چاپخانەی: دیلان، سلێمانی،2010، ل156

11-        شعر الشاعر الکردى المعاصر عبدالله گۆران، حسین علی شانوف، ترجمە من الازریە: شکور مێگفى، بغداد، 1975

12-        هاوشانی ئەم دوو شیعرە هەمان شیعری ناو دیوانەکەی تایەر بەگی جاف بەناوی (اى وجودت…) لە کەشکۆڵەکەدا نووسراوەتەوە. تاکە نووسخەی ئەم کەشکۆڵە، لە لای من پارێزراوە.

13-        ئەگەرچی (حەکیم مەلا ساڵح) لە کتێبی (هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، بەرگی دووەم، چاپخانەی: دیلان، سلێمانی،2010، ل156) ئەم شیعرەی بڵاوکردووەتەوە و سەبارەت بە سەرچاوەکەی نووسیوێتی (لە کەشکۆڵی دکتۆر شۆ)دا هاتووە، بەڵام ئەم کەشکۆڵە لای من پارێزراوە و لەگەڵ ئەوەی کە (حەکیم مەلا ساڵح) نووسیویەتییەوە لە چەند وشەیەکدا جیاوازی هەیە، وەک: لەبری (دەرچێتەدەر) نووسراوە (دەربێتە دەر) و لەبری (تو خوا) نووسراوە (تو خودا) و لەبری (بێنێتە بەر) نووسراوە (بێننە بەر)

14-        (حەکیم مەلا ساڵح) لە کتێبی (هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، بەرگی دووەم، چاپخانەی: دیلان، سلێمانی،2010، ل155) ئەم شیعرەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوێتی (ئەم شیعرەم لە دەستنووسێکی لای “سەیید باقری هاشمی”یەوە وەر گرتووە) و لەگەڵ ئەوەی لای (دکتۆر شۆ)دا کەمێک جیاوازیی هەیە، بەڵام (حەکیم مەلا ساڵح) ئەوەی نەخستووەتە ڕوو کە شیعرەکە بە دەستخەتی کێ نووسراوەتەوە.

15-        مێژووی ئەدەبی کوردی، عەلائەدین سەجادی، چاپخانەی معارف، سەردەشت، 1952، ل228/ چەپکێ لە هەڵبەستی بڵاونەکراوەی مستەفا بەگی کوردی، چ1، سلێمانی، 1998، ل16

16-        ئەحمەد موختار بەگى جاف- شاعیر و مرۆڤ، عەبدولکەریم حەمید، سلێمانى، 2000، ل 22/ جگە لە عەلائەدین سەجادی، کە پێی وایە تاهیر بەگ لە ساڵی 1875 لەدایک بووە زۆربەی سەرچاوەکانی تر پێیان وایە کە نێوبراو لە ساڵی 1878 هاتووەتە ژیانەوە.

17-        رحلە متنکر الى بلاد ما بین النهرین وکردستان، میجرسون، ترجمە: فۆاد جمیل. ج1، ط1، بغداد 1970، ێ 208

18-        رحلە متنکر الى بلاد ما بین النهرین وکردستان، ص 290

19-        رحلە متنکر الى بلاد ما بین النهرین وکردستان، ص 306

20-        دیداری نێودەوڵەتی عادیلە خانم، تایبەتمەندییەکانی کوردبوون لە ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی عادیلەخانمدا، ماجید خەلیل فەتاح،2019، ل30

21-        دیوانی ئەحمەد موختار جاف، عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، چاپخانەی الادیب، بەغدا، 1986، ل10

22-        رحلە متنکر الى بلاد ما بین النهرین وکردستان، ێ 279/ کورد، تورک، عەرەب، ئیدمۆنز، ل191، پ17

23-        دیوانی گۆران، ل16

24-        دیداری نێودەوڵەتی عادیلە خانم، عادیلەخانم وەکو دایک، محەممەد سەعید نەجاری (ئاسۆ)، 2019، ل43

25-        شعر الشاعر الکردى المعاێر عبدالله گۆران

26-        دیوانی تاهیر بەگی جاف، ل50

27-        گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا، ل507

بڵاوکردنەوە: