شانتال ئاكێرمان و ئەزموونە ناوازەكەی

815
0
بڵاوکردنەوە:

(دەروازەیەك بۆ سینەمای شانتال ئاكێرمان)

پ. جاهێد

و: ئیدریس عەبدی

سەرەڕای ئەوەی كە  شانتاڵ ئاكێرمان بە هۆی گرنگبوونی فیلمەكانییەوە، تەنیا لای تیۆریسیتەكانی فیلم، “سینە فیل/ cinéphile  / واتە هۆگرانی تایبەتی سینەما” و فیمینیستەكان بەناوبانگە و لای بینەرانی ئاسایی فیلم، زۆر نەناسراوە، بەڵام یەكێكە لە گرنگترین ژنانی سینەماكاری جیهان. ئەو لەدوای برایانی داردێن، بەناوبانگترین فیلمسازی بێلژیكە.  جی هۆبرمەن، ڕەخنەگری ناوداری ئەمریكی، لەنێو هاونەوەكانی خۆیدا ئاكێرمان بە گرنگترین فیلمسازی ئەرووپایی دەزانێت و دەیخاتە ئاست كەسانێكی وەك گۆدار و فاسبیندەر.

خۆیی باسی لەوە كردووە كە لەژێر كاریگەری سینەمای ئەزموونگەرا (ئێكسپێرمنتاڵ) و پێشڕەوەی “ئێستێن براكیج”، “جۆناس مەكاس”، “مایكێل ئێسنۆ” و “ئەندی وارهۆڵ‌”دا بووە. لە ڕاپرسیی ساڵی 2012ی گۆڤاری “سایت ئەند ساوند” كە ئاراستەی ڕەخنەگرانی سینەمایی كراوە، تەنیا ناوی دوو فیلمسازی ژن لە ڕیزی 100 فیلمی باش و سەركەوتودا هەبوو، یەكێك لەو ژنانە “كلێر دەنی” بوو و ئەوی دیكەش شانتال ئاكێرمەن بوو بە فیلمی “ژان دیلمان”ـەوە كە لەڕیزبەندی ئەم ڕاپرسییەدا لەپلەی سی و پێنجەمدا بوو.

ئاكێرمان لەبنەماڵەیەكی جوولەكە و بەڕەچەڵەك لەهێستان، لەوڵاتی بێلژیك لە دایك بووە. دایكی لە بەجێماوەكانی كارەساتی ئاشویتس بوو. سەرەتا ویستوویەتی ببێت بەنووسەر، بەڵام لە دوای بینینی فیلمی “prirot le fou”ـی ژان لۆك گۆدار لە تەمەنی 15 ساڵیدا، بیروڕای گۆردرا و بریاریدا ببێت بە فیلمساز. ئاوانگاردیزمی سینەمایی گۆدار و ڕوانگەی نائاسایی و پێناسەنەكراو و پێكهاتەشكێنانەی گۆدار، بۆ ئاكێرمان سەرنجڕاكێش و سەیر بوو، ئەم كاریگەرییەی گۆدار لەسەر ئاكێرمان ، هەر لە یەكەم كورتە فیلمییەوە تا دوایین فیلمی ماوەتەوە.

ئاكێرمان لە دوای ئەوەی كە لە قوتابخانەی سینەماییدا، وازی لە خوێندن هێنا، لە تەمەنی 21 ساڵیدا كۆچی كرد بۆ نیۆیۆرك. لەوێ لەگەڵ بەرهەمە سینەماییە ئەزموونگەرا و ژێرزەمینییەكانی نیۆیۆركدا، بۆ نموونە فیلمەكانی جۆناس مەكاس و مایكیل ئێسنۆ ئاشنا بوو، ئەم فیلمانە كاریگەری زۆریان لەسەر دانا.

ئاكێرمان، دووهەمین فیلمی واتە”ژان دیلمان”ـی لە تەمەنی 24 ساڵیدا بەرهەم هێنا، واتە تەنانەت لە ئۆرسن وێڵزیش كە لە تەمەنی 25 ساڵیدا “هاوڵاتی كەین”ی دروست كرد، هەروەها لە “ترۆفۆ” كە لە تەمەنی 27 ساڵی “400 زەربە(لێدان)ی بەرهەمهێنا و لە “ئایزنشتاین”ش كە ئەویش لە تەمەنی 27ساڵیدا یەكەمین فیلمی خۆی “كەشتیی جەنگی پۆتمكین”ی بەرهەم هێنا، گەنج تر بوو.

زۆربەی فیلمەكانی ئاكێرمان، بە جۆرێك “ئۆتۆبیۆگرافی” واتە بەسەرهاتی خۆی دێنە ئەژمار و بە پێی ئەزموونە تاكەكەسییەكانی ژیانی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەكەی بەتایبەت دایكی بەرهەم هاتوون. نواندنی خۆی لە هەندێك لەفیلمەكانیدا، ئەم جۆرە بیركردنەوە بەهێزتر دەكات. لە سەرفیلمی “ژان دیلمان”وتوویەتی، ئەم فیلمەی بە پێی ئەو شتانەی كە لە منداڵیدا بینیووە و ژێست (ڕەفتار)ی دایكی بەرهەم هێناوە.

 مینیماڵیزمی ئاكێرمان

ئاكێرمان وەك یەكێك لە گرنگترین نوێنەرانی سینەمای مینیماڵیزم ناسراوە. سینەمای مینیماڵیستی ئاكێرمان جەختكردنە لە سەر گرتەگەلی درێژ، كامێرای بێ جووڵە، گێرانەوەی سادە، ڕیتمی ئارام و نەبوونی گرتەی پی ئۆ ڤی(گۆشەنیگا)،كەڵك وەرگرتن لە گرتەی درێژ و بەكارنەهێنانی بڕینی گرتەكان لەمۆنتاژدا، هۆكارێكە بۆ خۆڵقاندنی ڕیتمێكی خاو، كە لە تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی فیلمەكانی ئاكێرمانن.لە ڕۆانگەی ئاكێرمانەوە، هەموو توخمەكانی ناو گرتەیەك لە ئەكتەرەوە بگرە تاكوو ڕەنگ، ڕووناكی و ئاكسێسوار هەموویان بەیەك ئەندازە گرنگن و میزانآسنی كۆتایی ئەو دەخۆڵقێنن. تایبەتمەندیگەلێك كە دەتوانین، لەفیلمەكانی “سوهراب شەهید سالێس، سینەماكاری ئێرانی” یشدا، بیانبینین. لێكچوون لە نێوان بەرهەمەكانی ئەم دوو سینەماكارەدا حاشاهەڵنەگرە. تەنیا تایبەتمەندی لە شێوازی سینەماییدا سینەمای ئاكێرمان و سینەمای شەهید سالس لە یەكتر نزیك ناكاتەوە، بەڵكوو جەختكردن لە سەر ژیانی ماندوو و بێزاركەر و ڕۆتینی ڕۆژانە، نیشاندانی ڕووداوگەلی ئاسایی لە كاتی ڕوودانیان و دووركەوتنەوە لە دراماتیزەكردنی ڕووداوەكان، لەخاڵە هاوبەشەكانی ئەم دوو سینەماكارەن.

ئەم دوو سینەماكارە هاوكات كاری بەرهەمهێنانی فیلمیان دەست پێ كردووە. ئاكێرمان یەكەمین فیلمی درێژی واتە “من، تۆ، ئەو كوڕە، ئەو كچە”ی لەساڵی 1974 بەرهەمهێنا و “شەهید سالێس”یش یەكەمین فیلمی درێژی واتە، فیلمی ” ڕووداوێكی سادە”ی لەساڵی 1973 دروست كردووە.فیلمەكانی ئاكێرمان پڕە لە كاراكتەرە ئاسایی و ژیانەئاسایی و ڕۆژانەكان، ئاكێرمان دونیای ماندوو و بێزاركەری ژنانی ماڵدار و تەنیا پیشان دەدات. لەفیلمی “ژان دیلمان”دا، ئاكێرمان، لەژیانی ئاسایی، بێزاركەر وبێ ڕووداوی ژنێك كە پیشەی ماڵدارییە و بۆ دابینكردن و بەڕێوەبردنی ژیانی لە برۆكسێل ناچارە لەشفرۆشی بكات، فیلمێكی مەزن و كاریگەری بەرهەمهێناوە.

لەم سەردەمەدا كاریگەری ڕۆانگەی سینەمایی ئاكێرمان لەوانە ستراتێژی ناچالاك، گرتەی درێژ، كامێرا بێ جووڵە و پیشاندانی ژیانی مرۆڤ گەلێك لە كاتی واقیعیدا، دەكرێت لە فیلمەكانی، كەسانێك وەكوو “جیا ژانكە”،”پێدرۆ كۆستا” و”ئاپیچاتپۆنگ ویراستاكۆڵ”دا ببینرێت.

“شارەكەم بتەقێنەوە”، ئەزموونێكی سەركەشانە

یەكەمین فیلمی ئاكێرمان، كورتە فیلمێكە بە ناوی “شارەكەم بتەقێنەوە”، ئەم فیلمەی لە ساڵی 1968 و لە تەمەنی 18 ساڵیدا بەرهەمهێناوە. لەڕاستیدا بەم كورتە فیلمە بوو كە تەوەر و ستراتێژیگەلێكی لە ڕۆانگەی شێوازی سینەماییەوە هەڵبژارد و تا دوایین فیلمەكانیشی، پێداگری لەسەر ئەو تەوەر و ستراتێژییانە كردووە.

كچە گەنجەكەی ئەم فیلمە، لە زۆر ڕەهەند و ڕوانگەوە، لەگەڵ “ژان دیلمان”، كاراكتەری ژنی فیلمە بەناوبانگەكەی ئاكێرمان، لە یەك دەچن. ئەو هەر وەك ژان دیلمان، كچێكی تەنیا و گۆشەگیرە. ئەبینین كە ئەڕواتە ژوورە تەسك و تاریكەكەی، ماكارۆنی ساز ئەكات، عەرزەكە پاك دەكاتەوە و لە هەمان كاتدا درزی درگا و پەنجەرەكان بە چەسپ دەگرێت. كارگەلێكی سەیر و شێتانە دەكات. لەبەر ئاوێنە سەما دەكات، كەلوپەلی چێشتخانەی خانووەكەی لە سەر عەرزكە پرژوبڵاو دەكاتەوە. بۆیاخ لە قاچی دەدات، هەرچەندە بە ڕواڵەت ئارامە و لەبەر خۆیەوە و بەئارامی گۆرانی دەڵێت، بەڵام هەموو كارەكان و جووڵەكانی لەڕووی تووڕەییەوەیە و سەركەشانەیە. لەكۆتایی فیلمەكەدا دەڕواتە لای ئامێری چێشت لێنانەكە، كاغەزێك دەسوتێنێت و بۆری گازەكە دەكاتەوە و پاڵی پێوە دەداتەوە و فیلمەكە تەواو دەبێت.

ئاكێرمان ئەمە وەك “وێنەی پێچەوانەی ژان دیلمان” لەقەڵەم دەدات، لەبەرئەوەی كچە گەنجەكەی ئەم فیلمە، بەپێچەوانەی ژان دیلمان نایەوێت خۆی ڕادەستی یاساگەلی ئاسایی ژیان بكات و لەئەنجامدا دژیان دەوەستێ و ژیانی خۆی وێران دەكات.جاناتان ڕۆزنبام (Jonathan Rosenbaum/ رەخنەگری سینەمایی) فیلمی “شارەكەم بتەقێنەوە” بە ئاوێتەیەك لە چارلی چاپلن و ژان دیلمان دەزانێت و ئەم فیلمەی لەگەڵ كورتە فیلمی “كاتژمێر یەكی بەیانی”(1916) چاپلن بەراورد دەكات. هەڵسووكەوتی كچەكە، شۆڕشێكە دژی هەموو یاسا و ڕێساكان و كارگەلی ڕۆژانەی ژنان (بە دیاریكراوی ژنانێك كە پیشەیان ماڵدارییە)، لەچێشتلێنانەوە بگرە تاكوو خواردن، قاپ شۆردن، سڕینی كاشییەكان، بۆیاخكردنی پێڵاوەكان، ڕێكوپێككردنی كەلوپەلی ماڵەوە و…

ژان دیلمان، مانیفێستی فێمینیستیی ئاكێرمان

بەهۆی وردبوونەوە لە دونیای ژنان و ڕوانگەی فیمینیستی، فیلمەكانی ئاكێرمان بۆ بیرمەندانی فیمینستی سەرنجڕاكێش بووە. بە بڕوای “شووهینی چۆدووری”نووسەری كتێبی” ڕوانگە فیمینیستییەكانی فیلم” ئەوان لە فۆرمی ئاوانگارد و ئەزموونگەرای سینەمای ئاكێرماندا، بیرۆكەی”داهێنانی دووبارەی سینەما”یان دۆزیوەتەوە. ئاكێرمان بە فیلمەكانی، لە سینەمای ژنان و پیشاندانی حەزی ژنانە لە سەر پەردەی سینەمادا، ڕوانگەیەكی نوێی هێنایە ئاراوە، كە پێش خۆی نەبینرابوو.  ئاكێرمان نواندنەوەی دیمەنی ژنانی لە سینەمای مەین ئێستریم(ڕەوتی زاڵ) بردە ژێر پرسیارەوە.پرۆفیسۆر ژانت بێرگسترۆم لە وتارێكدا كە لە گۆڤاری “سایت ئەوند ساوند” بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: ئاكێرمان لە قۆناغێكدا كاری فیلمسازی دەست پێكردووە كە، فیمینیزم پێی نابووە ناو سەردەمێكی نوێوە و فیلمەكانی ئاكێرمەنیش وەكوو دەقگەلی سەرەكی لە پانتایی خوێندنەوەی سینەمایی و بیرۆكە فێمینیستییەكانی فیلمدا، كەڵكی لێوەرگیردرا.

یەكەمین فیلمی درێژی ئاكێرمان،”من، تۆ، ئەو كوڕە ، ئەو كچە”(1976)،چیرۆكی ژنێكی گەنجی هاوڕەگەزخوازە بەناوی ژوولی، و بە تەنیا دەژی، كاتە بەتاڵەكانی بە نووسینی نامە و خواردن پڕ دەكاتەوە، تا ئەوەی لەگەڵ كچێكی دیكەدا ئاشنا دەبێت و لەگەڵیدا پێوەندی سێكسی درووست ئەكات.ووهەمین فیلمی ئاكێرمان،”ژان دیلمان، ژمارەی 23 شەقامی كامرێس كۆیی، 1080 برۆكسێل” سەبارەت بە ژنێكی ماڵدارە كە لە ڕێگای لەشفرۆشییەوە بژێوی ژیانی خۆی و كوڕەكەی دابین دەكات. ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز،ئەم فیلمەی بە شاكاری فیمینیستی مێژووی سینەما ناوزەد كرد.

ئەم فیلمە سێ كاتژمێر و بیست خولەك، بە یەكێك لە ڕادیكاڵترین نموونەكانی سینەمای ئەزموونگەرا و پێناسەنەكراوی جیهان ناسراوە. فیلمێك كە تیایدا هەموو هۆكارەكانی بەرهەمینان و لەوانە تەنانەت وێنەگرتنەكەشی(بابێت مەنگۆلتە) ژنان ئەنجامیان داوە. هەموو كارە ڕۆژانەكانی ژیان وێنە گیراون. ئاكێرمان لەم فیلمەدا، سێ ڕۆژ لەژیانی ژنێكی 40 ساڵە بەناوی ژان دیلمان (بەنواندنی دێلفین سیریگ، ئەكتەری فیلمی “ساڵی پار لەمارین باد” ئالێن ڕێنە) بەهەموو وردەكارییەكانیەوە و پیشاندانی چالاكییەكانی ڕۆژانەی ژیانی وێنا كردووە. بینەر، لەكاتی ڕوودانەكاندا، كارگەلی ڕۆژانەی ژان و ڕیتمی ژیانی ئەبینێت و ئەزموونی ئەكات، لە پاككردنی پەتاتەوە بگرە تا قاوە درووست كردن، پاك كردنەوەی بانیۆی حەمام تا خورادنی قاپێك سووپ. كامێرا ماوەیەكی درێژ لەسەر ژان دیلمان، كە خەریكە پەتاتە پاك دەكات، یان حەمام ئەكات و یان خەریكی خاوێن كردنەوەیە، بێ جووڵە ئەمێنێتەوە. بۆ ئاكێرمان، پیشاندانی پەتاتە پاك كردن یان سووپ خۆاردن لەكاتی ڕووداندا بەقەدەر پیشاندانی بە ئۆرگاسم گەیشتنی ژان و كۆشتنی مشتەرییەكەی بە مقەست گرنگە. تەنانەت ناوی درێژی فیلمەكەیش، ئاماژەیە بە  ڕوانگەی، وردبین و بەتاقەتی ئاكێرمان لەبەرامبەر ژیان و هونەردا. بە وتەی ئەو، ژان دیلمان لە نێوان جۆرێك، ژیانی بەرەنگاری و مردوودایە و لە سنووری مەترسیداری عەقڵ و شێتیدایە: “ژان دەبێت بە جۆرێك پلان بۆ ژیانی دابڕێژێت كە هیچ كەش و كاتێكی بۆ خەمۆك بوون و دڵراوكێ نەبێت. ئەو تەنانەت نایەوێت یەك كاتژمێریش، كاتی بەتاڵی هەبێت، چونكە نازانێت چۆن ئەو كاتە پڕ بكاتەوە.”

حەز و هیواكانی “ژان” لەگەڵ بیرەوەرییەكانی سەردەمی منداڵیدا لە برۆكسێل و لە شوێنێكدا كە دانیشتووانەكەی جوولەكەن، لە یەك گیر بوون، شوێنێك كە لەوێدا ڕێساكانی ژیان بەپێی ئایینەكان دادەڕێژرێت. ئاكێرمان لەم بارەوە دەڵێت: “من ئینسانێكی ئایینی و دیندار نیم، بەڵام بەرهەمهێنانی فیلم ئەوەندە بۆ من گرنگە كە هەندێك لە شتەكانی لە لام لایەنی موقەدەسی دەبێت.ژان دیلمان تاساڵی 1983 دەرفەتی پیشاندانی لە نیۆیۆرك نەبوو، بەڵام چەندین جار لەلایەن ڕەخنەگرانی فیلم، بیرمەندان و فێمینیستەكانەوە، ڕێزی لێگیرا و وەك یەكێك لە باشترین فیلمەكانی مێژووی سینەما، لەڕیزی فیلمە باشەكانی ڕەخنەگراندا جێگای خۆی كردەوە.

ئاكێرمان لەسەر ئەم فیلمە دەڵیت: “بە هۆی درووستكردنی ئەم فیلمەوە هەست بە شانازی دەكەم. زۆر لە بەشەكانی لە نەستی منەوە سەرچاوەیان گرتبوو. كاتێك سیناریۆی ئەم فیلمەم دەنووسی، وەكوو ڕووبارێك بەخوڕ هات. دەقەكە ئەوەندە پڕ لە وەردەكاری بوو، “دۆلفین سرینگ” (ئەكتەری فیلمەكە) گلەیی ئەوەی كرد كە جێگایەك بۆ داهێنانی ئەو نەماوەتەوە.بەدرێژایی شەو “198”، سەمفۆنیای شەوانەی ئاكێرمانە سەبارەت بە پێوەندی كچێك لەگەڵ دوو كوڕی گەنجدا، هەموو فیلمەكە لە شەوێكدا و لە برۆكسێل تێپەر دەبێت. ئەم فیلمەش تا ڕادەیەك، بە یەكێك لە كارە گرنگەكانی دێتە ئەژمار و هەڵگری خەسڵەتی ستایل و گێرانەوەی سینەمایی ئەوە.

لە فیلمی ئۆتۆبیۆگرافیكی ” ژوانەكانی ئانا” (1978)، ئاكێرمان دەپەرژێتە سەر كێشەكانی ژیان و قەیرانگەلی دەروونیی كچێكی گەنجی سینەماكار بەناوی ئانا و سەفەر و دیدارەكانی لەگەڵ كەسە جۆراوجۆرەكاندا، ئەم فیلمەش بەپێی هەمان ستراتیژییە فۆرمیكەكان و ڕێكارە مینیماڵیستییەكانی گێرانەوە بەرهەم هاتووە، بۆنموونە پیشاندانی كاتی دوور و درێژ،  جەخت كردنەوە لە سەر ڕووداوە سادە و ڕۆتینەكانی ژیانی ڕۆژانە، دووركەوتنەوە لەهەر چەشنە ئاڵۆزی و باق و بریقێك.

خۆڕاگری لە بەرامبەر مۆركەكاندا

شانتاڵ ئاكێرمان بەردەوام دژی ئەوەیە فیلمەكانی بە مینیماڵیستی یان فێمینیستی پێناسە بكەن. ئەو لە بەرامبەر بە مینیماڵیستی یان فێمینیستی ناوزەدكردنی”ژان دیلمان”دا وتوویەتی: پێم وانییە بەرهەمێكی مینیماڵیستی بێت. بەڕای من بەرهەمێكی ماكسیماڵیستییە. زۆر گەورەیە، و ئەگەریش ئەمرۆ ئەم فیلمەم بەرهەم بهێنایە، نەمدەزانی كە بە فیلمیكی فێمینیستی ناوزەدی دەكەن، چونكوو دەتوانێت سەبارەت بە ژیانی پیاوێكیش بێت.بە بڕوای ژانت بێرگسترۆم، مامۆستای زانكۆی یۆسی ئێڵ ئەی، لە زۆربەی باسە پێوەندیدارەكان بە “سینەمای نوێی ژنان”ـەوە، سینەما بە دوو دەستەی ڕیالیست و ئاوانگارد دابەش كراون، بەڵام لە فیلمەكانی ئاكێرماندا، ئەم جیاوازییانە لە بەرچاو ناگیردرێت و بە گشتی ناچنە خانەی ئەم پۆلێنبەندییەوە.

فیلمەكانی ئاكێرمان، سنووری نێوان ڕیالیستبوون و ئاوانگاردبوون لەبەرچاو ناگرێت و لەبەرامبەر دابەشكردنە باو و پێناسەكراوەكاندا بەرگری لەخۆیان دەكەن. ئاكێرمان وتوویەتی فیلمەكانی زۆرتر باسی چۆنایەتی و دۆخەكان دەكەن تا ئەوەی تەنیا ڕۆانگەیەكی فێمینیستیان هەبێت. ئاكێرمان دەڵێت هەموو ناولێنان و مۆركێك كە بەسەر فیلمەكانیدا دەچەسپێنن، تا ڕادەیەك بێزاركەرن: ناودانان لە سەر شتێك، بەمانای خاوەندارێتییە. بەڕای من ئەم مۆركانە فیلم بچووك دەكەنەوە. لەوانەیە لەسەر حەق بن، بەڵام هیچ كات بە تەواوەتی لەسەر حەق نین. بەدڵنیاییەوە بە فێمینیستی یان مینیماڵیستی ناوزەدكردنی سینەمای ئاكێرمان، خوێندنەوەیەكی بەربەست كراو، داشكێنانە(Reductionism)  و یەكلایەنانەیە بۆ فیلمەكانی و زۆرێك لە لایەنە گرینگەكانی شێواز و تێماتیكی كارەكانی لەبەرچاو ناگرێت. هەر فیلمێكی ئاكێرمان دەبێت بەپێی دونیایەك كە دەیخۆڵقێنێت و كاراكتەرەكان و بارودۆخەكانی شیكاری بكرێت. بەبێ دابەشكردنی فیلمەكانی ئاكێرمان لەم دەستە بەربەستكراو و داشكێنانەدا دەكرێ فیلمەكانی ببینرێت و لە ڕوانگەی سینەمایەكی ڕئالیستی و بیرمەندانەوە سەیر بكرێن. هەرچەندە ئاكێرمان هاوڕەگەزخوازە و هۆگرایەتیی سێكسی ئەو بە ئاشكرا لە فیلمەكانیدا بەتایبەت لە فیلمی “من، تۆ، ئەو كوڕە، ئەو كچە”دا ڕەنگیداوەتەوە، بەڵام بەهەمان شێوە كە دێڤید ئێدگار دەڵێت: زەحمەتە فیلمەكانی ئاكێرمان لە ژانری سینەمای هاوڕەگەزخۆازەكاندا دابنرێت، چونكوو فیلمەكانی لەبەرامبەر هەر جۆرە پۆلێنبەندی كردنێكدا بەرگری لەخۆیان دەكەن.

بە وتەی ئێدگار، لە نێو فیلمەكانی ئاكێرماندا فیلمی “من، تۆ، ئەو كورە، ئەو كچە”1974، لەوانیتر جیاوازترە، چونكوو لەم فیلمەدا، كاراكتەری سەرەكیی ژن، كە خودی ئاكێرمان ڕۆڵی تێدا دەبینیت، دەڕواتە ئاپارتمانی كچە هاوڕێ پێشووەكەی و لە پلان_سكانسێكی درێژدا، لەگەڵی سێكس دەكات. سیكانسێك، كە بە وتەی ئێدگار، بەهۆی درێژ ماوەبوون و پیشاندانی سێكسی دوو ژنی ڕووت، لەوانەیە وروژێنەر بێت، بەڵام بەهۆی بێ جووڵە بوونی كامێرا، تایبەتمەندیی پۆرنۆگرافیكی نییە.

 “من، تۆ، ئەو كوڕە، ئەو كچە”1974 

ئاكێرمان، بەردەوام دژایەتی لەگەڵ ئەوە كردووە كە ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵەكان و ڕووداوە سینەماییەكانی تایبەت بە هاورەگەزخۆازان پیشان بدرێت. ئاكێرمان وتوویەتی، هیچ كات ڕێگە نادات فیلمێكی لە فێستیڤاڵێكی تایبەت بەهاوڕەگەزخۆازاندا پیشان بدرێت. ئەگەرچی دواتر لەسەر فیلمی “من، تۆ، ئەو كوڕە، ئەو كچە” پاشگەز بووەوە و لێگەڕا فیلمەكە لە فێستیڤاڵی فیلمی هاوەڕەگەزخوازەكانی لەندەن لەساڵی 2013دا نمایش بكرێت.

فیلمە دێكۆمێنتارییەكانی ئاكێرمان

ئاكێرمان لەو فیلمە دێكۆمێنتارییانەیدا كە لە نیۆیۆرك بەرهەمی هێنا بوو، چەند فیلمێكی وەك”دەنگوباسەكانی ماڵەوە”1976 و”چیرۆكە ئەمریكییەكان، خواردن، خێزان و فەلسەفە”1989، وێنەیەكی نەناسراو و پێناسەنەكراوی لە نیۆیۆرك نیشان دا، كە لەفیلمەكانی دیكەدا نەبینرابوون. لە دێكۆمێنتاریی “دەنگ و باسەكانی ماڵەوە” لەگەڵ پێكهاتەیەكی ناگێڕانەوەییدا ڕووبەڕووین. كامێرا لە شەقامەكاندا، مێترۆ و شوێنە گشتییەكانی نیۆیۆرك وەك وێستگە، ڕێگای ژێرزەمینیی تایمز سكوێر و ناوچەی هێلز كیچەن (كلینتۆن) لە نزیكی مەنهەتەن ئەسووڕێتەوە و ژیانی ماندوو و ڕووتینی  ڕۆژانە پیشان ئەدات.

ئەم فیلمانە لە ڕۆانگەی ژنێكی كۆچەریی جوولەكەی بێلژیكی و بەڕەچەڵەك “لەهێستان” یەوە بەرهەم هێنراون و لەگەڵ شۆناسی ڕەگەزی و نەتەوەیی ئاكێرماندا تێكەڵن. هەر فرێمێكی بابێت مۆنگۆلێت، فیلمهەڵگری هەمیشەیی ئاكێرمان لە نیۆیۆرك، وەكوو تابلۆیەكی ئێدوارد هۆپێر وایە. دەنگی ئاكێرمان كە نامەكانی دایكی دەخوێنێتەوە و بەشێوەی “ڤۆیس ئۆڤەر” لەسەر فیلمەكە دەیبیسترێت، كەشێكی زۆر ملانكۆلیكی خۆڵقاندووە. فیلمەكە بەگرتەیەكی لانگ شات لە كۆڵانێكی چۆڵ لە نیۆیۆرك دەست پێدەكات و هەندێك جار ئۆتۆمۆبیلێك یان كەسێك لەوێدا، تێدەپەرێت. كامێرا بۆ ماوەیەكی زۆر بەبێ جووڵە دەمێنێتەوە. دواتر كات دەبێت بە گرتەیەكی دیكە لەشەقامێكی پانتر كە ئەویش چۆڵە. لەو كاتەدا دەنگی ئاكێرمان دەبیستین، نامەیەكی دایكی كە لە بێلژیكەوە بۆی ناردووە دەخوێنێتەوە: “منداڵە ئازیزەكەم. نامەكەت گەیشت. هیوادارم كە هەموو جارێك نامەم بۆ بنووسیت. هیوادارم كە زووتر بگەرێتەوە بۆ ماڵەوە. هیوادارم تا ئێستا كارت پەیدا كردبێت. پێم وابێت نیۆیۆرك بە لاتەوە خۆشترە. هەر بۆیە ئێمەیش، هەرچەند بێ تاقەتین، بەڵام خۆشحاڵین، كەی دەگەڕێیتەوە؟ لێرە هەموو شتێك وەكوو جارانە. بەڵام سیلوین سەرمای بووە و منیش زۆر باش نیم. پەستانی خوێنم زۆر دابەزیوە و بەو هۆیەوە دەرمان دەخۆم. ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایكبوونمە و هەست بە خەم و پەژارە دەكەم. ئەمرۆ، شەممەیەكی بێزاركەر و بێدەنگە لە فرۆشگادا. بە بۆنەی ڕۆژی لە دایكبوونمەوە، نانی ئێوارە لەگەڵ هاوڕێیكانمان دەبین. ڕۆژی لەدایكبوونی تۆیش نزیكە و باشترینەكانت بۆ بە ئاوات دەخۆازم. زوو وڵامم بدەوە، من نیگەرانی كارەكەت و نیۆیۆرك و هەموو شتێكم. لەلایەن هەرسێكمانەوە لەئامێزت دەگرم. ئێمە هەمیشە بیرت دەكەین. دایكت.”  گرتەی كۆتایی، گرتەیەكی لانگ شاتە لە تەلارە بەرزەكانی نیۆیۆرك، كە لە هەوایەكی هەوریی و تەم و مژاویدا و لەسەر ئاو وێنەگیراوە.

لە كۆتایی فیلمەكەدا، كامێرای ئاكێرمان، بەپێچەوانەی دەستپێكی فیلمەكەوە دەجووڵێتەوە. لە پلان_سكانسی درێژی كۆتایی فیلمەكەدا كە نزیك بە 12 خۆلەك دەخایەنێت، كامێرا لەناو بەلەمێكدا كە هێدی هێدی لە بەندەری نیۆیۆرك دوور دەكەوێتەوە و ئەوەندە دوور دەبێتەوە كە لە كۆتاییدا دیمەنێك لە تەلارە بەرزەكان لە هەوایەكی هەوری و دڵتەنگدا دەبینرێت. ئاكێرمان دوایین نامەكەی دایكی دەخوێنێتەوە و ئیتر جگە لە دەنگی شەپۆلەكانی ئاو و ئاوازی مەلە دەریاییەكان، هێچ دەنگێكی دیكە نابیسترێت.

لە دیكۆمێنتاری دراماتیزەكراوی “چیرۆكە ئەمریكییەكان، خواردن، بنەماڵە و فەلسەفە”(1989)شدا، ئاكێرمان جارێكی دیكە كامێراكە دەباتە نێو نیۆیۆرك، بۆ نێو كۆمەڵی جوولەكەكانی ئەم شارە و فەرهەنگێك تۆمار دەكات كە بەرەبەرە بەرەو لەناوچوون دەڕوات. لەم فیلمەشدا كامێرای ئاكێرمان لە فرێمی بێ جووڵە و گرتەگەلی درێژدا، قسەكانی بنەماڵە جوولەكەكان و گێرانەوەكانی ئەوان لە كۆچ كردن، هۆلۆكۆست و ژیان لە نیۆیۆرك و سوننەتی جوولەكەكان تۆمار دەكات.

فیلمی “ڕۆژهەڵات”1993، بەرهەمی ئاكێرمان، دێكۆمێنتارییەكە سەبارەت بە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕووسیای دوای ڕووخانی كۆمۆنیزم، لەم فیلمەدا ئاكێرمان جەغدی كردۆتە سەر نیشتمانی باوباپیران و ڕەچەڵەكە لەهێستانی و ڕۆژهەڵاتییەكەی خۆی. فیلمی “ڕۆژهەڵات”یش بە هەمان شێوازی “دەنگ و باسەكانی ماڵەوە” بەرهەم هاتووە. فرێمی بێ جووڵە لە ریزگەلی درێژی، خەڵكانێك كە ڕوو بە كامێڕا ئەوق بوون.

وەرگرتن لە ئەدەبیات

زۆربەی فیلمەكانی ئاكێرمان بەپێی ئەزموونەكانی ژیانی تاكەكەسی خۆی بەرهەم هاتوون، بەڵام ئاكێرمان چەند فیلمیشی بەپێی ڕۆمانە بەناوبانگەكان لە نووسەرانی ناوداری ئەوروپی بەرهەم هێناوە. فیلمی “دیل” (2000)، هەڵینجانێكە لە ڕۆمانی “زیندانی”ی بەرهەمی مارسێل پرۆست. چیرۆكی پیاوێكی دەوڵەمەندە بەناوی سیمۆن كە خۆشەویستەكەی ناوی ئاریانە لە شووقەكەیدا زیندانیی دەكات، چونكوو لێی بەگۆمانە و دەیەوێت بزانێت كە ئاریانە، هاوڕەگەزخوازە یان نا. ئەم فیلمە هەر وەك فیلمە سەرەتاییەكانی ئاكێرمان، خوێندنەوەیەكە لەسەر چییەتیی ئەوین و شوناسی سێكسی. دواین فیلمی ئاكێرمان بەناوی “گەمژەیی ئالمایر”(2011)یش هەلێنجانێكە لە ڕۆمانی جۆزێف كۆنراد (Joseph Conrad) ، نووسەری بریتانیایی. چیرۆكی بازرگانێكی هوڵەندییە كە لە نێو دارستانەكانی بورنیودا دەژی. ئەم فیلمەش، درێژەی ئەزموونە ڕادیكاڵە پێشووەكانی ئاكێرمانە، هاوڕێ لەگەڵ پلان_سێكانسی درێژ و وەستانی زۆر لەسەر ساتەكانی ژیان. ئاكێرمان لەم بەرهەمەدا، خوێندنەوەیەكی فیمینیستی و “پۆست كۆلۆنیالیستی” بۆ ڕۆمانی سەردەمی كۆلۆنیالیزمی جۆزێف كێنراد خستۆەتەڕوو. گرتەی دە خولەكیی كۆتایی فیلمەكە، گرتەیەكی بێ جووڵەیە لە ڕووخساری “ئالمایر” و مۆنۆلۆگەكەی ڕوو لە كامێرایە، زۆر بوێرانە و كاریگەرە.

شاناتال ئاكێرمان دوای “ژان دیلمان” فیلمی زۆری بەرهەم هێنا، بەڵام هەر وەك “دێنیس لیم” دەڵێت: ئاكێرمان وەك ئۆرسن وێڵز كە بەردەوام لە ژێر سێبەری یەكەم بەرهەمی خۆیدا واتە “هاوڵاتی كەین”دا بوو، هیچ كات نەیتوانی خۆی لە ژێر سێبەری شاكاری یەكەمی ڕزگار بكات. ئاكێرمان خۆی لەم بارەوە دەڵێت “هەندێك جار بیر لەوە دەكەمەوە كە دەبوو ئەم فیلمەم لە دوای بەرهەمهێنانی چەند فیلمی دیكەم و لە كۆتایی قۆناخی فیلمسازیمدا بەرهەم بهێنایە. لە بیرمە بەخۆم دەگوت، چۆن دەتوانم فیلمێك باشتر لە “ژان دیلمان” بەرهەم بهێنم؟ بەڵام ئەم فیلمە، هەمان ئەو فیلمە بوو كە دەبوایە درووستم بكردایە. فیلمێك كە سەبارەت بە ژنان قسەی پێیە، هەروەها سەبارەت بە شێوەی ژیان و ژیانی دوای جەنگ. من نەدەبوو هیچ شتێكیم بگۆڕایە.

بڵاوکردنەوە: