خانووی ژمارە ١٠

762
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

 

ئەو بەیانییەی لەو بەنزینخانەیەی کە هەمیشە لێی لادەدەم، بە مەبەستی تێکردنی بەنزین، لامدا و ویستم بەنزین بخەمە ئۆتۆمبێلەکەمەوە؛ هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ڕووداوێکی لەو جۆرە ڕوو دەدات.

بەنزین گران بووبوو، مووچەی فەرمانبەران بە هەزار حاڵ دەدرا. گەنجانی وڵاتەکەشم هێدی هێدی لەم وڵاتە بێئومێد دەبوون و پۆل پۆل، وەکوو قاز و قورینگ، بەرەو هەندەران کۆچیان دەکرد.

لە ئۆتۆمبێلە نزمە ڕەنگ سپییەکەم دابەزیم و بە کابرام گوت بایی دە هەزار بەنزینم بۆ بخاتە ئۆتۆمبێلەکەمەوە. قاوەخانەیەکی بچووک لە بەشی سەرەوەی بەنزینخانەکە بوو. کوڕێکی گەنج بەڕێوەی دەبرد.

من کردبووم بە خوو، کاتێک بەیانیان دەچووم بۆ کار، لەو قاوەخانە بچکۆلەیە لام دەدا و قاوەیەکم دەخواردەوە.

کاتژمێر هەشت و چارەکی بەیانی بوو. شەقامەکانیش وەکوو هەموو کات جمەیان دەهات لە ئۆتۆمبێل، دەمێکە گوتوومە: پاش ماوەیەکی تر لەم شارەدا، کۆمەڵگای ئۆتۆمبێل گەورەتر دەبێت لە کۆمەڵگای مرۆڤ. ئۆتۆمبێل لە هەموو کون و قوژبنێک دێنە دەرەوە، هەروەکوو مێروولە دەڕژێنە سەر شەقامەکان، مرۆ ناتوانێ بەئاسانی و بێ دوودڵی بگاتە شوێنی کارەکەی. هەموو کاتێک ئەگەری ڕوودانی ڕووداوێکی هاتوچۆ لەم شارەدا بۆ ئێمە ئامادەیە.

بە کوڕە سوورباوە قژ کاڵەکەم گوت: “تا تۆ بەنزینەکە تێ دەکەیت، من دەچم قاوەیەک دەهێنم و دێمەوە”. ئەویش پێکەنی بە ڕوومدا و گوتی “باشە مامە گیان”. سۆندەی بەنزینەکەی خستە نێو کونی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەم و منیش بەرەو قاوەخانە بچووکەکە بەڕێکەوتم.

گەیشتمە بەردەم قاوەخانەکە. قاوەخانەیەکی بچووک بوو، هەر دوو مەترچوارگۆشە دەبوو. بەرانبەر شوێنی بەنزین تێکردنەکە بوو، واتە قاوەخانەکە هەر لە سنووری بەنزینخانەکە بوو، کە هەر لەو سنوورەدا فرۆشگایەکی بیستوچوار کاتژمێریی لێ بوو.

– – – – – – – – – – – – –

ماوەیەک بوو وشکەسەرما تەنگی بە هەموومان هەڵچنیبوو، نەوتیش دابەش نەدەکرا. ئەو کاتە زۆرێک لە ماڵە هەژارەکان لەسەرماندا نەیاندەزانی چی بکەن، دەستیان کردبوو بە سواڵکردن.

لەو شوێنەی منی لێ دەژیام سەگی بێلانە هێندە زۆر بوون، گەر شەوان بە تەنیا بهاتیتایەتە دەرەوە، ئەوا ئەگەری ئەوە زۆر بوو پەلامارت بدەن. لەو گەڕەکە ماڵێکی هەژار دەژیان. هەژارییەکەیان بە ڕادەیەک بوو؛ جلیان نەبوو لەبەری بکەن. خۆم بە چاوی خۆم بینیبووم، زۆربەی کات منداڵەکانی ڕووت بوون، کابرا خۆیشی بەدرێژایی ساڵەکە هەر ئەو جلە پیناوییە کەچەیەی لەبەر بوو کە «جەمال کوتاڵفرۆش»ی دراوسێمان کاتی خۆی وەکوو خێر پێیدا. لە ماڵەوە کەوتبوون.

سەرمای ئەو ساڵە ئاسایی نەبوو. کرێچی بوون، لە دوو ماڵ خوار ئێمە دەژیان. کاک «نەسڕەدینی ئاوارە» لە کەرکووکەوە هاتبوو. لەتاو برسێتی لەوێ ڕای کردبوو، بەنیازی ئەوە هاتبوو لێرە کارێکی چنگ بکەوێت و بژێوی خێزانەکەی پێ دابین بکات. بێئاگا لەوەی لێرەش کاری دەست ناکەوێت و ناچار دەبێت دەست بە دەرۆزەیی بکات. سێ کوڕی هەبوو «هاوبەش، ئازار و کرمانج».

هاوبەش تەمەنی هەژدە ساڵ بوو، ئازار پازدە ساڵ و کرمانجیش چوار ساڵان بوو. هەموو ڕۆژێک کە دەچووم بۆ سەر کار دەمبینین. بەو بەیانی زووە لەبەردەرگا دادەنیشتن، ئاگایان لە دنیا نەبوو. ئەودەم نەمدەزانی خەریکی چین. بەردەوام لە سەگە بێلانەکانیان دەڕوانی. دوای چەند ڕۆژێک لەو دانیشتنانەیان لەبەردەرگا، سەگە بێلانەکان هێدی هێدی ژمارەیان کەمی دەکرد. جاران گروپی سەگە بێلانەکان زۆر بوون. بەشێکیان لە پشتی ماڵی ئێمەوە بوون، بەشێکی دیکەیان لەوبەری شەقامەکەوە لە کەلاوەیەک بوون، بەشێکیان لە بەرانبەر ماڵی ئێمەوە بوون و بەشێکی تریشیان لەو گەڕەکانەی سەرەوە بوون.

شەوێکی ساردی مانگی ڕێبەندان، لەسەر کار زۆر مامەوە، هەندێ کاری زیادەم وەرگرتبوو تا شتێک پارەی زیاتر وەربگرم. ئەو کاتەی گەڕامەوە کاتژمێر ببووە یەک و نیوی شەو. سەرما وەکوو دەرزی بە جەستەی مرۆڤدا دەچوو، -با-یەکی هێندە ساردی دەهات کەس خۆی لەبەر نەدەگرت. دارەکان بەو بایە شێت ببوون و کەوتبوونە سەما، هەندێک درەختم دەبینی لەتاو سەرما لە دەرگای ماڵانیان دەدا، کەس دەرگای لێ نەدەکردنەوە. سەرنجی هەندێک لە باڵندەکانیشم دەدا، کە دەیان ویست ئاگر بکەنەوە تا لەبەری گەرم ببنەوە، بەڵام نەیان دەتوانی. هەندێک سەرخۆشیش لەسەر شەقامەکان کەوتبوون و بوتڵی مەشروبەکانیان لەلاوە کەوتبوون، -با- یاری بە قژیان دەکرد.

گەیشتمە ماڵەوە و لە ئۆتۆمبێلەکەم دابەزیم. بینیم نەسڕەدینی ئاوارە و کوڕەکانی لە تۆڕێکدا گەماڵێک و دوو توولە سەگیان گرتووە. سەگەکە دەیناڵاند، بەردەوام دەوەڕی و دەنگێکی سەیری دەر دەکرد، زیاتر لە گریان دەچوو. سەگەکە بەگریانەوە کەوتە گفتوگۆ لەگەڵیان:

– بۆ وام لێ دەکەن؟ خۆ من هی خواردن نیم.

نەسڕەدینی ئاوارە بەتوڕەییەوە، برۆ پڕە ڕەشەکانی گرژ کردن و گوتی:

– ئەی ئێمە چی بخۆین؟ ئەمرین لە برسا.

هاوبەش تەماشای سەگە بێچارەکەی کرد و گوتی:

– ئەی تۆ بۆچی باشی؟ ئیسفادەی تۆ چییە لێرە؟ هەبیت و نەبیت چی لە مەوزوع ئەگۆڕێت؟

هێندەم زانی لە چاوتروکانێکدا «هاوبەش» کوتەکێکی دا لە سەری سەگەکە، ئەویش بێدەنگ بوو و لار بۆوە. پاشان «ئازار» چەقۆیەکی بە ملی سەگەکەدا هێنا و سەری لە ملی جیا کردەوە؛ خوێن بەو ناوەدا بڵاو بووەوە، چوو بە ناخی زەویدا و شوێنەواری نەما. لەژێر ڕووناکی ئەو گڵۆپە کزانەدا چاودێری باروودۆخەکەم دەکرد. «کرمانج» بەپەلە چەقۆکەی لە ئازار سەند و قاچی سەگەکەی لێ کردەوە، پاشان پەلاماری توولە سەگەکانیدا، ئەوانیشی سەربڕی. هاتنەوە بەرەو ماڵەکەیان کە سەد مەترێک لەوێوە دوور بوون. چاویان بە من کەوت، هەر سێکیان تەماشایان دەکردم، چاوەکانیان پڕ بوون لە خوێن، دەستیان خوێناویی بوو، قژە ڕەشەکانیان تەڕ ببوو. کرمانج هات بەرەو ڕووم، بەهێما پێی گوتم سەرت دانەوێنە با قسەیەک بچرپێنم بە گوێتدا، گوتی: “وەوەکە ئەبەین بۆ دایە. سبەینێ گۆشت وەوەکە ئەخۆین.”

تەزوویەک سەرتاپای گیانمی داگرت. بەپەلە چوومە ژوورەوە و خۆم خزاندە نێو جێگاکەم. دوای چەند ساڵ لەو ڕووداوە هێشتا لەبەرچاوم لا نەچووە. نەمتوانی تا سێ ڕۆژ بڕۆمەوە بۆ کار.

من ئەو نهێنییەم بە کەس نەگوت، تەنانەت باوک و دایکیشم، بەڵام هەستم بە مەترسی ئەو خێزانە دەکرد. دوای ئەوەی ئەو خێزانە هەموو سەگە بێلانەکانیان ڕاو کرد و خواردیانن، باوکم بۆی گێڕامەوە: شەوێکیان، ڕێک مانگێک بەر لە نەورۆز، کاتێک لە کار بووم؛ نەسڕەدینی ئاوارە هاتۆتە دەرەوە و بەکۆڵانەکەدا هاواری کردووە. هەموو هاتوونەتە دەرەوە، دراوسێکان هەموویان لەسەر دیواری حەوشەی ماڵەکانیانەوە سەیریان کردبوو. نەسڕەدین کەللەسەری هەرسێ منداڵەکەی و ژنەکەی هێناوە و لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا دایناون. هەندێ قسەی کردووە و پاشان چەقۆیەکی داوە لە شادەماری دەستی چەپی و خۆی کوشتووە. باوکم گوتی، نەسڕەدین گوتوویەتی: مردین، مردین… تەماشامان بکەن، مردین. پاشان هەموو دراوسێکان چوونەتە ژوورەوە، باوکیشم تەنها یەک تەلەفوونی بۆ پۆلیس کردووە، ئەوانیش وەڵامیان نەبووە، هەر بۆیە جەستەکان لەوێ کەوتبوون.

کاتێک لە کار هاتمەوە، بینیم هەندێ لەو کەمینەسەگەی مابوونەوە، کە سەر بە گروپی گەڕەکەکانی سەرەوە بوون، یارییان بە کەللەسەری منداڵەکان دەکرد، دەیانهێنان و دەیانبردن. پاشان ناوسکی نەسڕەدینی ئاوارەیان هەڵدڕی و خواردیان. کەس بەلای ئەو جەستە لەتلەتبووانەدا نەهات، ناچار سەگەکان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی باشترین بڕیار بدەن. ئەویش خواردنی ئەو مردووانە بوو. هەموویان خواردن، سەگەکان ئەو ناوەیان لە خوێن و جەستەی ئەو مردووانە پاک کردەوە.

– – – – – – – – – – – – –

قاوەکەم هێنا و گەڕامەوە، تەواو ببوو. پاشان چونکە وردەم پێ نەبوو، بیستوپێنج هەزارم دا بە کوڕە سورباوە چاو گەورەکە. ئەویش پازدە هەزاری دامەوە، پێنج هەزارییەک و دە هەزارییەک.

سواری ئۆتۆمبێلەکەم بووم، سلفم لێدا، بەو نیازەی بەرەو کار بەڕێ بکەوم. ویستم پارەکان بخەمە ناو جزدانەکەم، بەڵام سەرنجمدا لەسەر پێنجییەکە نووسرابوو «خانووی ژمارە ١٠، گەڕەکی سەوز، پشت گۆڕستانە نوێیەکە.» ئێستێکم کرد، زۆر تێنەگەیشتم. گوێم لە هۆڕینێک بوو، بەپەلە بەڕێکەوتم و لەلایەکی شەقامەکە لامدا.

ئەو ناونیشانە هەمان ئەو شوێنەبوو کە من لێی دەژیام، ئەوە هەمان ماڵی کاک نەسڕەدین بوو. سەیری دیوی پشتەوەییم کرد، نووسرابوو: هەر کەسێکی تکایە وەرە بە هانامانەوە.

بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتم. گەیشتمە بەردەم ماڵەوە. لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم. چووم بەرەو ماڵی نەسڕەدینی ئاوارە. خانووەکە چۆڵ ببوو، کەس نەیدەوێرا بچێتە ناوی. ماوەیەک ژن و مێردێکی تازە هاتن، دوای مانگێک بەجێیان هێشت، گوتیان ئەو ماڵە ڕۆحیانەتی تێدایە. دەیانگوت شەوان خەبەرمان دەکەنەوە و دەڵێن بڕۆن سەگەکان بکوژن و بیانخۆن.

لە دەرگامدا، کەس نەیکردەوە. پاشان هەوڵی کردنەوەیمدا، نەکرایەوە. بەسەر دیوارەکەدا چوومە ژوورەوە، دەرگای هاتنە ژوورەوەم کردەوە.

خۆم کرد بە ژوورەوەدا. خانووەکە زۆر بچووک بوو، تەنها موبەقێکی یەک مەتری، هۆڵێک لەگەڵ ئاودەستێک و گەرماوێکی بچووکی تێدا بوو. کە دەچوویە ژوورەوە ڕاستەوخۆ هۆڵەکە بوو.

دیمەنێکم بینی کە بە هەموو ژیانم لەبیرم ناچێتەوە. نەسڕەدینی ئاوارە لەگەڵ کوڕەکانی دانیشتبوون. نانیان دەخوارد. من تەنها تەماشام دەکردن. تەماشایان کردم، نەسڕەدین گوتی “نافەرمووی؟” منیش بەئاماژەی سەر گوتم “نا”. پاشان پێکەنی، بەردەوام بوو و گوتی: گۆشت سەگە، زۆر بەلەزەتە، چیمەن خێزانم زۆر خۆش دروستی دەکات.

من هەموو گیانم دەلەرزی، ئارەقە بە تەوێڵمەوە نەدەوەستا. پاشان نەسڕەدین دەستی لە نانخواردن هەڵگرت و دەستی بە قسەکردن کرد:

– دیارە لە کۆتاییدا پارەکە گەیشتووە بە کەسێک.

– بەڵێ ئێستا بینیم.

– دەزانی کەی لەسەر ئەو پێنج هەزارییەم نووسی؟

– کەی؟

دەستێکی هێنا بە دەمیدا و سمێڵی پاککردەوە و گوتی:

– جارێکیان بە قەرز پێنج هەزارم لە کاک جەمال جیرانمان وەرگرت، هاتمەوە ماڵەوە و ئەوەم لەسەر نووسی. گوتم بەڵکوو یەکێک بێ بە هانامانەوە. بەڵام کەس نەهات. لەسەریم نووسی و چووم بردم لەو مارکێتەی ئەولا چەند قوتوویەک پاقلەی موعەللەبم سەند. ئومێدم هەبوو یەکێک دەیبینێ، بەڵام کەس نەیبینی. ئێستا کە مردووم دەزانم چۆن گەیشتۆتە ئەو بەنزینخانە.

– چۆن؟

من بۆنی سەگی کوڵاو خەریکبوو لووتی دەسووتاندم، بۆنێک بوو بە هەموو ژیانم بیرم ناچێتەوە. بۆنێکی پیس، بۆنێک ڕۆحە برسییەکانی بەخەبەر دەهێنا. لە جیهانێکی پیسدا، کە مرۆڤەکان تێیدا پەناهەندەن، کە تێیدا بەشوێن ماڵێکەوەن لەناویدا بیری مردن نەکەن… ئەوەی دەمانکوژێ ژیانێکە، کە دەکرا هەمان بێت. ژیانێک کە تێیدا پێکەنین، بەشوێن دەمەکاندا بگەڕێ، بیرۆکەی خۆکوشتن لەدەست هەموو کەسێک ڕا بکات. ژیانێک ئاژاوەی ڕۆحی مرۆڤەکان، وەکوو نەخۆشییەک بەسەر سەری هەموو کەسێکەوە دیارە و هاوار دەکات، ژیانێک کە بێزارە لە مرۆڤەکان و دەیەوێ بڕوات، بەڵام کەسیش ڕێگەی پێ نادات. دەبێ بڕۆین، کۆچ بکەین، بەنێو ئەو درەختانەی ژیان، کە بێتاقەتی مرۆڤیان قۆستەوە و بردیانن بەرەو ئاسمانێک کە خاڵی بوو لە هەموو خودایەک.

نەسڕەدین دەستە چەورەکانی بە قژیدا هێنا و، پاش خولەکێک وەستان گوتی:

– کابرای ساحێب ئەسواق وەک باقی داویەتی بە مەندوبێک، ئەویش چووە لە دوکان کەمالیات تشتێکی بۆ دایک مناڵەکان سەندووە و داویەتی بەو. دوایی ساحێب دووکان کەمالیاتەکە چووە کۆندۆمی لە سەیدەلیەیەک سەندووە داویەتی بەو. دوایی ساحێب سەیدەلیەکە لە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە گرانەکەیدا ئەیدات بە ساحێب ئۆتۆمبێلەکە. ئەویش لە دووکانێکی عەتر ئەیدات بە عەتر و ئەیباتەوە بۆ دایکی. کابرای عەترەکەش ئەیدات بە پاکەتفرۆشێک کە پاکەتێک جگەرەی لێ ئەکڕێ، پاکەتفرۆشەکەش وەک باقی ئەیدا بە نووسەرێک، ئەویش ئەچێ ئەیدا بە مەشروبات. ساحێب دوکان مەشروبەکەش ئەیدات بە مەحەتەیەکی بەنزین، کە بەنزین ئەکڕێت بۆ ئۆتۆمبێلەکەی، ئەویش ئەیدات بە تۆ، کە لەو مەحەتەیە بەنزین ئەکەیتە ئۆتۆمبێلەکەتەوە.

من سەرم لەو هەموو شتە سووڕمابوو. نەمدەزانی بڵێم چی، ئەو کاتە بوو کە ئەو دەستی پێکردەوە.

– ئەیبینی؟ ئەو هەمووە خەڵقە مەکتوبەکەی منیان پێ گەیشت، بەس کەسیان نەهاتن!

پاشان بە دڵتەنگییەکی زۆرەوە گوتی:

– ئەلعان کە مردووم، موڕتاحم، ئێمەی مردوو لەیەک حاڵی ئەبین، هەست بەیەک ئەکەین، بەس ئێوەی زندوو قەت ناتوانن لەیەک حاڵی بن، قەت ناتوانن هەست بەیەک بکەن حەیاتم.

کە هەستا هەر سێ منداڵەکەی هەستان و ژنەکەشی لە موبەقەکە هاتە دەرەوە، هەموویان پشتیان لە من کرد، پشتیان تێکردم. وردە وردە دەستەکانیان دەبوون بە باڵی گەورە. تا لە کۆتاییدا باڵەکانیان بە تەواوی هاتنە دەرەوە و دایان لە شەقەی باڵ و فڕین. فڕین و ئیتر نەمبینینەوە.

 

١٦ ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢١ی کوردی

بڵاوکردنەوە: