تێگه‌یشتنێک له ئامرازه‌کانی ئیش‌کردن و بیرکردنه‌وه
نووسینی: بەکر عەلی
“ده‌ست په‌نجه‌ره‌ی ڕۆحه. ”
– کانت
“ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی قسه ده‌کات و بیرده‌کاته‌وه، ته‌نیا ئه‌و ده‌توانێت ده‌ستی هه‌بێت و له ڕێی ده‌سته‌وه کاری پیشه‌یی بکات. “
– هایدێگه‌ر
ئێمه‌ی مرۆڤ له‌م شێوازه‌ی ئێستاماندا که وه‌کو مرۆڤی ساپینس homo sapiens واته مرۆڤی هۆشمه‌ند پێناس ده‌کرێین، به‌هۆی ئه‌و هۆشیارییه تایبه‌ت و باڵایه‌وه‌ی هه‌مانه، توانیومانه ڕووکاره‌کانی سروشت بگۆڕین، ده‌ستکاری مادده خاوه‌کانی سروشت بکه‌ین شتی تری لێ به‌رهه‌م بهێنین، سه‌ره‌تا له دارێک که‌وچک و کاسه و تیر و که‌وان و ڕم و قه‌ڵغان و دواتر که‌پر و ژوور و خانوو و به‌له‌م و کورسی و مێز و تاد. . . دروست بکه‌ین. واته توانیومانه و زانیومانه ده‌ستبگرین به‌سه‌ر سروشتدا و ده‌ستکاری بکه‌ین. توانیومانه تێڕامان له سروشت و گه‌ردوون و نهێنییه‌کانی بوون بکه‌ین و په‌ی به گه‌لێک نهێنی و حه‌شارگه‌ی ژیان ببه‌ین و له ڕێی بیرکردنه‌وه و ئیشکردنمانه‌وه سروشت بگۆڕین بۆ شارستانی. هه‌ڵبه‌ت مێژووی شارستانییە‌ت بریتییه له مێژووی دروستکردنی ئه‌و ئامڕازانه‌ی مرۆڤ پێویستی پێی بووه. مرۆڤ سه‌ره‌تا به لێکخشاندنی دووبه‌رده‌وه له یه‌کتری ئاگری دۆزیوه‌ته‌وه، دواتر بیری کردۆته‌وه که پێویستی به‌وه کردووه ئاگردانی بۆ دروست بکات، پاشان پێویستی به‌وه کردووه مقاش دابهێنێت تاوه‌کو به‌ده‌ستیه‌وه بتوانێت ئاگره‌که‌ی پێ خۆش بکات. مرۆڤ کە له ئه‌شکه‌وت هاتۆته ده‌ره‌وه، سه‌ره‌تا که‌پری دروستکردووه، پاشان ژوور و دواتر خانوو، ئینجا باڵاخانه‌ی هه‌ڵچنیوه. له مانا ساده‌که‌یدا ئه‌مه گێڕانه‌وه‌یه‌کی جه‌وهه‌ریانه‌ی مێژووی ته‌کنیکیش ده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام که‌مجار، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌ر زۆر ده‌گمه‌ن، بیرکردنه‌وه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ئۆرگانه گرنگه قووڵ کردبێته‌وه که ڕۆڵی یه‌که‌می هه‌موو کارێکی دروستکردن ده‌گێڕێت، که ده‌سته. که‌مجار پرسیارمان له په‌یوه‌ندی دیالێکتیکیانه‌ی ده‌ست و سه‌ر کردووه. ئایا ئێمه چۆن ده‌ست ده‌بینین و چۆن پێناسی ده‌که‌ین؟ ئایا ده‌ست به ته‌نیا ئۆرگانێکی جه‌سته‌ییه وه‌ک هه‌ر ئۆرگانێکی ترمان؟ یاخود ده‌ست بریتییه له‌و په‌له لکاوه‌ی به‌جه‌سته‌مانه‌وه‌یه و وه‌کو ئامرازێک بۆمان دروست بووه تاوه‌کو شته دووره ده‌سته‌کانی پێ بگرین؟ ئایا ئێمه ده‌توانین به ڕامانین له ده‌ست، بتوانین له ڕۆحی مرۆڤ نزیک بینه‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌ست بریتی بێت له‌و ئۆرگانه ده‌ره‌کییه‌ی که ده‌توانێت ببێته ئاماژه‌یه‌ک له‌سه‌ر په‌یامه‌کان، ئه‌وا ده‌شێت وه‌ک فیلۆسۆف ئیمانۆیل کانت ده‌ڵێت ببێته ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی لێوه‌ی بڕوانینه عه‌قلی مرۆیی. واته ده‌ست ده‌توانێت ئاماژه‌مان بداتێ سه‌ر چۆن بیرده‌کاته‌وه. به نموونه ده‌ست ته‌وقه ده‌کات، سڵاو ده‌کات، دروست ده‌کات، به‌ڵام ده‌ستدرێژی و په‌لامار و لێدانیش ده‌دات و هه‌ڕه‌شه ده‌کات و ده‌شڕوخێنێت.
له‌م نووسینه‌دا ده‌خوازم له‌ڕووی ئه‌نترۆپۆته‌کنیکییه‌وه تێرامانێک له‌سه‌ر ئه‌م ئۆرگانانه بکه‌م واته وه‌ک ته‌کنیکێکی مرۆیی ڕه‌هه‌نده کولتوری و وجودییه‌کانی ده‌ست و سه‌ر وه‌ک دوو ئۆرگان بۆ توانین و زانین، یان بابڵێین ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه بخه‌مه ڕوو. ده‌مه‌وێت شیکاری هه‌ردوو پرۆسێسی شێوه‌ژیانی تێڕامانی و شێوه‌ژیانی ئیش‌کردن له‌نێو کولتوردا بکه‌م و ده‌پرسم داخۆ مرۆڤ پتر بوونه‌وه‌رێکی تێڕامانکار و بیرکه‌ره‌وه‌یه یاخود بوونه‌وه‌رێکی ئیشکه‌ر و دروستکه‌ره. ئایا مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه به‌سه‌ر بیر ده‌کاته‌وه و به ده‌ست ئیشوکار ده‌کات. یاخود ئێمه له‌ڕێی ده‌سته‌وه ده‌توانین له مانا و سوودی که‌ره‌سه‌کانی سروشت بگه‌ین و هه‌روه‌هاش پێیان بگه‌ین .
ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه ئه‌وه بدرکێنم که تێمایه‌کی له‌م جۆره نه‌ک هه‌ر له کایه‌ی ڕۆشنبیری کوردی‌دا نادیاره به‌ڵکو بیری خۆرئاوایش سه‌رباری هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌کی و به‌رفراوانییه‌کی له بیرکردنه‌وه له ورد و درشتی دیارده‌کانی سروشت و جیهان، توانیویه‌تی ته‌نیا ڕووبه‌رێکی بچووکی بۆ ته‌رخان بکات.
توانین له‌نێوان ده‌ست و سه‌ردا
له‌نێو هه‌ر مرۆڤێکدا پیشه‌وه‌رێکی زیره‌ک هه‌یه.
– ڕیچارد سینه‌ت
ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێت له‌باره‌ی پیشه‌وه‌ره‌وه بزانێت، له‌باره‌ی پاڵه‌وانه‌وه ده‌بێت بێ ده‌نگ بێت.
– سلۆته‌ردایک.
مرۆڤ، به جیا له هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کانی تر، که له سروشتدا خۆی ده‌بینێته‌وه، توانیویه‌تی سروشت بناسێت و ده‌ستیش بگرێت به‌سه‌ر سروشتدا، دیاره ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سروشتدا واته ناسینی توانینی کردنی شت . ئه‌و ده‌سته‌ی بتوانێت شت دروست بکات ده‌ستێکی هه‌م توانایه و هه‌م زانایه. واته مرۆڤ وا ده‌کات که‌ره‌سه‌کان بگۆڕێت و شتی نوێ دروست بکات، خۆڵ بکاته قوڕ و قوڕ بکاته خشت بۆ دروستکردنی خانوبه‌ره بۆ ژیان و مانه‌وه، دیوار و به‌ربه‌ندیشی لێ دروست بکات بۆ خۆپاراستن له هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌ره‌وه، جا مرۆیی بن یان سروشتی. توانینی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سروشتدا سه‌ره‌تای دروستبوونی هه‌ر کارێکی ده‌سته که دواتر ده‌بێته سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر شته‌کاندا. دروستکردن ئه‌و بواره‌یه که توانین و زانینه‌کانمان ده‌سه‌لمێنێت، لێره‌وه‌یه کاری ده‌ست و سیاسه‌ت له په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌نگدان، واته دیالێکتیکێک له‌نێوان زانین و توانیندا هه‌میشه هه‌یه. هه‌موو شوێن گرتن و داگیرکردنێکیش په‌یوه‌سته به هه‌بوونی زانینێکی پێشوه‌خته‌وه. خۆرئاواییه‌کان پاش تێگه‌یشتن و ناسینی دنیا توانییان له‌ڕێی ئیمپریالیزمه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی زه‌ویدا بگرن. سروشت و سامانه سروشتییه‌کانیان خسته پێناوی دروستکردنی شارستانیه‌تی پیشه‌سازی و ته‌کنه‌لۆژی و سه‌رمایه‌داریه‌وه. ده‌ستگرتن به‌سه‌ر جیهانی ده‌وروبه‌رو به‌رده‌ستدا مانای وایه له‌نێو مرۆڤدا توانستی ئه‌وه هه‌یه ده‌ستکاری دیارده‌یه‌کی زل و ڕه‌ق و سامناکی وه‌ک سروشت بکات. ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سروشتدا و دروستکردنی کاری ده‌ست واته سه‌پاندنی توانین و ده‌سه‌ڵات. مرۆڤ سه‌ره‌تا کارخانه‌ی دروستکرد که تیایدا وه‌ستا و شاگرد و به‌رده‌ست کاری ده‌ستیان ده‌کرد، پاشان فابریک و پیشه‌سازی ماشێنه‌ی قورس جێگه‌ی گرته‌وه و دواتر ته‌کنه‌لۆژیای باڵا ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو کارێکی ده‌ستدا گرت و وه‌لای خستن. تا ماشێنه‌ش به‌ربڵاوتر ده‌بوو کاری ده‌ست که‌متر ده‌بوو. ئه‌مه ڕه‌وتی گه‌شه‌کردنی کارکردن و ئیشکردنه له مێژوودا. به‌مپێیه ده‌بێت لێره‌دا مارکسییانه بڵێین هه‌موو گه‌شه‌کردنی ئیش و بره‌ودانی کار له‌ناو سیسته‌می سه‌رمایه‌دا تێگه‌یه‌نراو ده‌بێت وه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه کارکردن دروستی ده‌کات.
هانا ئارێندت له کتێبه بایه‌خداره‌که‌یدا ((ژیانی چالاک Vita activa)) له‌ڕووی مێژووییه‌وه پێناسی مرۆڤ له دوو جۆردا پۆلێن ده‌کات :
ئه‌نیمال لابۆر Animal labour واته مرۆڤ وه‌ک ئاژه‌ڵێکی ئیشکه‌ر، وه هۆمۆ فابه‌ر homo faber واته مرۆڤی دروستکه‌ر. ئارێندت پێیوایه مرۆڤ یان ئیشکه‌ره یاخود دروستکه‌ره، له‌ئه‌نجامی ئه‌م دووانه‌شه‌وه ئاڵوگۆڕ و بازرگانیکردن سه‌ریهه‌ڵداوه. به‌ڵام کولتورناسی ئه‌مریکی ڕیچارد سینه‌ت که خوێندکاری ئارێندت خۆی بووه له کتێبه بایه‌خداره‌که‌یدا ((کاری ده‌ست Handwerk (( پتر هایدێگه‌رییانه بیرده‌که‌ته‌وه و ڕه‌خنه له‌م تێزه‌یه‌ی ئارێندتی مامۆستای ده‌گرێت به‌وه‌ی مه‌رج نییه ئه‌و مرۆڤه‌ی دروستکه‌ر نه‌بێت ئیدی بیرنه‌کاته‌وه، به‌ڵکو هه‌ر مرۆڤێک دروست بکات ئه‌وه له‌گه‌ڵیدا بیرده‌کاته‌وه.
له‌م کتێبه‌دا سینه‌ت باس له ڕه‌هه‌نده‌کانی توانین له نێوان((سه‌ر )) و ((ده‌ست)) دا ده‌کات. ئه‌وه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه که چۆن مرۆڤ ده‌توانێت کارێکی پراکتیکیانه پیاده بکات. کتێبه‌که زۆر به وردی مێژووی دێرینی ئیش‌کردن و دروستکردن و کاری ده‌ست له نێو کولتوره‌کاندا ده‌گێڕێته‌وه، مێژووی کارخانه و ڕێچکه‌کانی شاره‌زایی و لێهاتوویی و چۆنێتی په‌روه‌رده‌کردنی وه‌ستا و پیشه‌وه‌ر له تێگه‌یشتنه باوه‌که‌ی ده‌رباز ده‌کات و له‌ڕووی ئه‌نترۆپۆلۆگی و فه‌لسه‌فییه‌وه کاری ده‌ستمان بۆ پێناس ده‌کاته‌وه. ئه‌و پێیوایه مرۆڤ له‌دایک ده‌بێت وه‌کو وه‌ستا له‌دایک نابێت، وه‌ستا که‌سێک نییه له ئاسمانه‌وه به‌ربووبێته‌وه، یان له له‌دایکبوونیه‌وه وه‌ستا بێت، به‌ڵکو سه‌ده‌ها و وبگره هه‌زاره‌ها کاتژمێر به‌سه‌ر ده‌بات له ئیش‌کردن و ئه‌زموونکردن و به‌رده‌ستیکردندا. واته شاره‌زاییه‌کان ده‌شێت له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکیتر، له وه‌ستاوه بۆ شاگرد و له شاگرده‌وه بۆ به‌رده‌ست، ئاوه‌ها له وه‌چه‌یه‌که‌وه بۆ وه‌چه‌یه‌کی تر و له گه‌لێکه‌وه بۆ گه‌لێکی تر بگوێزرێنه‌وه. له گریکی کۆندا زانینه‌کان و شاره‌زاییه‌کان له بواری شت دروستکردندا نه‌وه بۆ نه‌وه به‌جێماون. ئه‌وه‌شی ویستبێتی شتی تازه دابهێنێت ده‌بوو سوود له‌و میراتییه وه‌ربگرێت و پابه‌ندیش بێت به‌و ڕێسایانه‌ی له‌وه‌وبه‌ر ئیشی پیکراوه. واته شا‌گردێک نه‌ده‌بووه وه‌ستا ئه‌گه‌ر ڕێنماییه‌کانی وه‌ستاکه‌ی فه‌رامۆش بکردایه، وه ته‌نیا به په‌یڕه‌ویکردنی شاره‌زایی و ئه‌زموونه تاقیکراوه‌کان وه‌ستای پیشه‌وه‌ر دروست ده‌بێت. سلۆته‌ردایکیش کاتێک مێژووی ته‌کنیکه مرۆییه‌کانی له‌نێو کایه کولتوریه‌کاندا له کتێبی (( تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت)) له دیدێکی ته‌واو ئه‌نترۆپۆلۆژی و فه‌لسه‌فی نوێوه ئه‌وه‌ی بۆ ڕاڤه‌کردووین که هه‌مان دیدی سینه‌ت ده‌سه‌لمێنێت. به‌و پێیه‌ی ئه‌مه کرۆکی گه‌شه‌کردنی کولتوره. واته کولتور هه‌ڵگرێکی((هابیتۆسێکی)) هه‌میشه‌یی شاره‌زاییه‌کان و خه‌سڵه‌ته‌کانه، چونکه ئه‌وه‌ی وا ده‌کات خه‌سڵه‌ت و عاده‌ته‌کان هه‌میشه له‌وێدا ئاماده‌بن ته‌نیا کولتوره. لێره‌وه‌یه سلۆته‌ردایک پێیوایه کولتور هابیتۆسێکه بۆ ((گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی هه‌مانشت)) . بۆیه به‌لای سلۆته‌ردایکه‌وه مرۆڤ بریتی نییه له‌و نێگه‌تیڤیتێته‌ی سارته‌ر باسی لێوه ده‌کات، به‌ڵکو بریتییه له پنتی جیاوازی نێوان دووباره‌بوونه‌وه‌کان. (( لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر دابڕانی کولتوری نییه که له مێژوودا ڕوویداوه و به‌رده‌وامیش ڕوو ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌گه‌رچی دابڕانیش ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌یه که به‌رده‌وام ڕووده‌داته‌وه و جیاوازی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. )).
به‌ڵام ئه‌وه‌ی واده‌کات گۆڕانکاری و داهێنان و دۆزینه‌وه بێته دی ته‌نیا هه‌وڵدان و گه‌ڕان و خه‌باتکردن و بیرکردنه‌وه و ئیشکردنه . هه‌ندێک دۆزینه‌وه‌ی شارستانی چه‌نده‌ها ساڵ و ده‌یه‌ی خایاندووه، چه‌نده‌ها ڕووبه‌ری هه‌ڵکۆڵین و پشکنینی پێویست کردووه تاوه‌کو داهێنانێکی بچووک ده‌بینێته‌وه و دواتر داهێنان ده‌خرێته سه‌ر داهێنانی تر. مرۆ بۆ دۆزینه‌وه‌ی مسقاڵێک ئاڵتون ده‌بێت خۆڵێکی زۆر هه‌ڵبداته‌وه. وه‌ک هیراکلیت ده‌یگوت. واته بۆ گه‌یشتن به ئامانجێک ماندوو بوون و ڕه‌نجێکی گه‌وره پێویسته. وه‌ستا و پیشه‌وه‌ری کاری ده‌ست بریتییه له پرۆسێسێکی به‌رده‌وامی نه‌پساوه له ئه‌زموونکردنه‌وه و دووباره‌کردنه‌وه‌ی میرات و زانیارییه‌کانی پێشتر و داهێنانه‌کانیش بریتین له بیرکردنه‌وه له به‌ره‌و پێشبردن و به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌بردنی ده‌ستکه‌وته‌کان. به نموونه سه‌ره‌تاکانی قۆناغی ڕۆشنگه‌ری و شۆڕشی پیشه‌سازی ئه‌وروپیدا به میکانیک کردنی ئامراز و ئامێره‌کانی ده‌ستی مرۆیی په‌ره‌ی سه‌ند، له ساڵی 1738دا ڤۆکانسۆن Vaucanson داهێنانێکی میکانیکی سه‌رسوڕهێنه‌ری داهێنا، ئه‌و بۆئه‌وه‌ی فلوتژه‌نین ئاسان بێت فلوتێکی میکانیکی دروستکرد که زمانه‌یه‌کی میکانیکی و کونێکی زیاده‌ی بۆدروستکرد که له‌گه‌ڵ فووتێکردنیدا خۆبه‌خۆ و میکانیکیانیانه ده‌ژه‌نرا و یاری ده‌کرد. ئه‌مه کارێکی جوانی میکانیکی بوو که به پشتبه‌ستن به فلوته‌باوه‌کان توانرا گه‌شه‌ی پێ بدرێت. ڤۆڵتێر ڤۆکانسیۆن ناوده‌نێت به ((پرۆمیسیۆسی مۆدێرن)). ((کاری ده‌ست ل. 120)). له جیهانی ئه‌مڕۆشماندا له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا هه‌ر وه‌هایه، به‌نموونه وه‌رزشوانێک بۆ ئه‌وه‌ی ڕیکۆردێکی نوێ تۆمار بکات، ساڵێکی ته‌واو مه‌شق و ڕاهێنان ده‌کات، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ک تا پێنج سه‌نتیمه‌تر درێژتر له‌وه‌ی پێش خۆی باز بدات، یان نزیکه‌ی به خێرایی ته‌نیا یه‌ک خوله‌ک که‌متر له‌وه‌ی پێشتر چه‌ند کیلۆمه‌ترێک ببڕێت. به‌مشێوه‌یه ده‌بینین هه‌موو داهێنان و دۆزینه‌وه‌یه‌کی نوێ پشتگیر بووه به‌وه‌ی پێش له خۆی، به‌و میراتییه‌ی پێشینان بۆی به‌جێهێشتووه. واته مرۆڤ به‌رده‌وام له پرۆسێسی خۆچاکردن و خۆهه‌ڵکشاندا بووه. ئه‌وه‌ش سروشتی مرۆڤه توانینه‌کانی خۆی واڵا بکاته‌وه، پیشه‌وه‌ریش ئه‌و که‌سه‌یه له‌ڕێیه‌وه توانینه‌کان ئاشکرا ده‌بن. کاری پیشه‌گه‌ری جۆرێکی تره له‌کاری پاڵه‌وانی، کاوه‌ی ئاسنگه‌ر، له‌پیشه‌گه‌رییه‌وه بووه پاڵه‌وان، بۆ ناسینی هه‌ر پیشه‌گه‌رێک کاری ده‌ست بکات پێویست به ناسینی ئه‌و ده‌کات وه‌کو پاڵه‌وانێک. ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێت له‌باره‌ی پیشه‌وه‌ره‌وه بێده‌نگ بێت، له‌باره‌ی پاڵه‌وانیشه‌وه ده‌بێت بێده‌نگ بێت. ((تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت. ل 456)).
دیاره ئارێندت چه‌مکێکی گرنگی هه‌بووه بۆ پرۆسێسی فێربوون که به له‌دایکبوون . ناتالیتێت Natalität ناوی ده‌هێنێت. واته ئه‌و ستره‌کتوری ژیانی له‌وه‌دا دیوه که مرۆڤ له‌دایکده‌بێت، پێده‌گه‌یه‌نرێت و فێرده‌کرێت و دواتر فڕێ ده‌درێته ناو ژیانه‌وه.
که‌واته که‌سی شاره‌زا له بوارێک‌دا، یان وه‌ستایه‌ک له ئیشی ده‌ستدا بریتییه له‌و که‌سه‌ی تیایدا شاره‌زایی و زانین له‌گه‌ڵ ده‌ستڕه‌نگینی و توانین به‌رجه‌سته ده‌بێت. کاتێک که‌سێک کاری ده‌ست ده‌کات، له‌ڕاستیدا ئه‌و کاری بیرکردنه‌وه ده‌کات وه‌ک سینه‌ت ده‌ڵێت وه‌ستا که‌سێکه ده‌ست و سه‌ر پێکه‌وه گرێ ده‌دات. ل. 35.
لێره‌وه‌یه ئه‌وه‌ی ببێت به وه‌ستا ده‌بێت مه‌شق و ڕاهێنان به زانینه‌کان و توانینه‌کانی پێشخۆی بکات. که‌سی پیشه‌وه‌ر، که‌سێکه له گفتوگۆیه‌کی به‌رده‌وامی نێوان کردن و بیرکردنه‌وه‌دایه، ئه‌و له ئه‌نجامی ناسین و توانینه‌وه دروست ده‌بێت. لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ی که‌وا، ئه‌و ته‌کنیکه‌ی وه‌ستا مه‌شقی ده‌کات بریتییه له دووباره‌کردنه‌وه. ئه‌و به‌رده‌وام له دووباره‌کردنه‌وه‌ی زانین و شاره‌زاییه‌کانی که‌سانی پێش خۆیدایه. ته‌نانه‌ت گه‌شه‌پێدانی کاره‌کانی پێشخۆی ده‌بێته کولتورێک بۆ نه‌وه‌کانی دوای خۆی که گه‌شه به بیرۆکه و کاره‌کانی ئه‌م بده‌ن. واته با ساده بڵێێن، گۆڕانکاری و دابڕانیش به‌رده‌وام دووباره‌ده‌بنه‌وه. به‌م پێیه، پیشه‌وه‌ری بریتییه له دووباره‌کردنه‌وه، دووباره‌کردنه‌وه‌ش بریتییه له مه‌شق. مه‌شقکه‌ریش که‌سێکه له پێڤاژۆیه‌کی به‌رده‌وامی گفتوگۆکردنی سه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستدایه، له‌ئاڵوگۆڕکردنی زانین و توانیندایه، له‌پێکه‌وه‌گرێدانی ژیانی چالاک ((ئیش‌کردن)) به ژیانی تێڕامان (( بیرکردنه‌وه)) دایه. به‌مپێیه چیتر مرۆڤ بوونه‌وه‌رێک نیه به‌ته‌نیا ئیشکه‌ر بێت، به‌ڵکو بوونه‌وه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه‌شه. مرۆڤ به‌ته‌نیا ((سه‌ر)) ئامۆژگاری و زانیاری ناداتێ، به‌ڵکو ((ده‌ست)) یه‌که‌مین ئۆرگانه که ساردی و گه‌رمی، ڕه‌قی و نه‌رمی ته‌نه‌کانی پێ ده‌به‌خشێت. ده‌ست یه‌که‌مین ئۆرگانه مه‌ودا و دووری بۆ مرۆڤ که‌مده‌کاته‌وه. له‌کوێدا مرۆڤ به‌شتێک ڕانه‌گات له‌وێدا ده‌ست درێژ ده‌کات بۆی. واته ده‌ست یه‌که‌مین ئامراز و میدیۆمی خۆگه‌یاندنه به ده‌ره‌وه. ده‌ست یه‌که‌مین ئامرازی دروستکردنه. مرۆڤ له‌ڕێی ده‌سته‌وه توانینه‌کان و زانینه‌کانی پیاده ده‌کات. که‌سی پیشه‌وه‌ر و وه‌ستای کاری ده‌ست جۆره پاڵه‌وانێکی کولتورییه که ته‌نیا به ماسولکه جه‌سته‌ییه‌کانی نه‌بۆته پاڵه‌وان به‌ڵکو به هێزی بیرکردنه‌وه، به‌خانه و ماتریکسه‌کانی نێو سه‌ری خه‌ریکی دروستکردنه.
دروستکردن و مه‌شق
له هه‌موو ئیشێکی پیشه‌وه‌ری ده‌سته‌وه، زێده‌باییه‌کی ڕۆحی په‌یدا ده‌بێت.
– سلۆته‌ردایک
له کوێدا ئامرازێک بینرا، ده‌بێت له‌وێدا بیرۆکه‌یه‌ک هه‌بووبێت.
– سلۆته‌ردایک
ئه‌گه‌ر چه‌ند پێناسێکی جۆراوجۆری بیرمه‌نده‌کانی فه‌لسه‌فه و ئه‌نترۆپۆلۆگیا و سۆسیۆلۆگیا بهێنینه‌وه که چۆن پێناسی مرۆڤیان کردووه، ئه‌وا نزیکایه‌تییه‌کی هاوبه‌ش له نێوانیاندا ده‌بینینه‌وه، سه‌رباری جیاوازی جیهانبینییان له یه‌کتری. به نموونه مارکس پێیوابووه ئیش‌کردن مرۆڤ دروست ده‌کات، هایدێگه‌ر پێیوابووه، ڕه‌نجی بیرکردنه‌وه، ئارێندت پێیوابووه ژیانی چالاک، له‌کاتێکدا سینه‌ت وه‌ک خوێندکارێکی ئارێندت، له‌ژێر کاریگه‌ری بیری هایدێگه‌ردا ده‌ڵێت ئیش‌کردن و بیرکردنه‌وه مرۆڤ دروست ده‌که‌ن، که‌چی فیلۆسۆفێکی نوێی وه‌ک پیته‌ر سلۆته‌ردایک پێیوایه ئه‌وه‌ی مرۆ و مرۆڤایه‌تی به‌رهه‌م ده‌هێنێت ته‌نیا مه‌شقکردن و ڕاهێنانه‌کانیه‌تی. ئه‌و له کتێبه گه‌وره و گرنگه‌که‌یدا ((تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت)) توانیویه‌تی ئه‌و ته‌کنیکه مرۆییانه‌مان بۆ بدۆزێته‌وه که بوونه‌ته مایه‌ی دروستبوونی شارستانی و کولتوری دروستکردن و ده‌ستکاریکردنی سروشت و چاککردنی ئاستی ژیانی مرۆیی و هه‌ڵکشانی ستوونییانه‌ی ژیانی مرۆڤ له‌ڕێی به‌رده‌وام پێکردنی سیسته‌می مه‌شقه‌وه. مه‌شق ڕێچکه‌ی فێربوون و به‌رهه‌مهێنانه، بواری جێبه‌جێکردنی توانینه‌کان و زانینه‌کانی مرۆڤه. لێره‌وه ئه‌گه‌ر لای مارکس مرۆڤ له‌ڕێی ئیشکردنه‌وه به‌رهه‌م بهێنرێت، ئه‌وا لای سلۆته‌ردایک مرۆڤ خۆی بریتییه له به‌رهه‌می ئه‌و مه‌شقه، یان ڕاستتر بڵێین مرۆڤ بریتییه له به‌رهه‌م و به‌رئه‌نجام. مرۆڤ به‌رهه‌می دروستکردنه‌کانه، وه به‌رئه‌نجامی پرۆسێسه‌کانه. ئه‌و له نێو هه‌موو شتێکدا مرۆڤ ده‌بینێته‌وه. به‌نموونه، مرۆڤێکی زانا به‌رهه‌می هه‌وڵی به‌رده‌وامی خۆفێرکردنه، مرۆڤی به‌توانا به‌رهه‌می به‌رده‌وامی ڕاهێنان و مه‌شقکردنه. لێره‌وه‌یه مرۆڤێکی زانا، مرۆڤێکی توانا، مرۆڤێکی دروستکه‌ر به‌رهه‌می پرۆسێسی به‌رده‌وامی خۆهه‌وڵدان و خۆفێرکردن و مه‌شقکردنه. بگره هه‌موو به‌رهه‌مه مرۆییه‌کانیش به‌های ڕۆحی به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه، کاتێک ئێمه ته‌ماشای تابلۆیه‌ک، پردێک ، دیوارێک ، مێزێک ده‌که‌ین وه‌کو کاری ده‌ست و کاری هونه‌ری مرۆییی ده‌یانبینینه‌وه. ده‌ستێک وایکردووه ڕۆحی خۆی به‌و که‌ره‌سانه‌دا بسه‌پێنێت و شێوه و فۆرم بگۆڕیت و دیزاینێک ببه‌خشێت. ئێمه کاتێک ده‌ڕوانینه تابلۆیه‌ک یه‌کڕاست هزرمان ده‌چێت بۆ ئه‌و پرسیاره‌ی داخۆ په‌ڕه‌مووچی ده‌ستی نیگارکێشه‌که ده‌بێت چۆن جووڵێنرا بێت، داخۆ ڕۆحی ئه‌و نیگارکێشه چه‌ندێک قووڵ بێت و چه‌نده کاتژمێر له‌تێڕامانکردن و خه‌ڵوه‌تدا بوو بێت، وای کردووه ڕۆحی له‌م کاره هونه‌رییه دا ڕه‌نگڕێژکردبێت. کتومت ڕسته‌که‌ی کانت لێره‌دا دروسته که ده‌ڵێت ده‌ست په‌نجه‌ره‌ی ڕۆحه. واته به‌کاری ده‌ستدا ده‌شێت مرۆڤ ڕۆحی دروستکه‌ره‌که بناسێته‌وه. من له‌گه‌لێک جاده و ڕێگا و خانوو و باڵاخانه‌کانی کوردستان تێڕاماوم، هه‌ر نائه‌ندازه‌کارییه‌ک و هه‌ر ناشاره‌زاییه‌کی پێوه دیار بێت ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی دروستکه‌ره‌که‌یم هاتۆته به‌رچاو. پێموایه له‌کوێدا مرۆڤ شتێکی دروستکرد له‌وێدا بیرۆکه‌یه‌کی پێشوه‌خت هه‌بووه، دروستکراوه‌که جوان و باش ده‌ربکه‌وێت بیرۆکه‌که جوان و باش بووه، وه به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ڕاسته. گه‌ر کورسییه‌کمان بینی شلۆق و له‌رزۆک دروستکرابوو ده‌بێت بزانین ده‌ستی دارتاشه‌که له‌رزۆک بووه، چوونکه ڕۆحێکی له‌رزۆک وناکارامه و نالێهاتووی هه‌بووه. ئه‌و دارتاشه نه‌یتوانیوه تواناکانی ((سه‌ر و ده‌ست)) پێکه‌وه گرێ بداته‌وه. ده‌پرسم داخۆ ئه‌و پیشه‌وه‌ره ده‌زانێت ئامراز بگرێت به ده‌سته‌وه. ده‌زانێت گرتنی چه‌کوشێک به ده‌سته‌وه جودایه له گرتنی ته‌ورێک. ئایا ده‌زانێت دروستکردنی شتێ پێویستی به دروستکردنی په‌یوه‌ندییه له نێوان سه‌ر و ده‌ستدا . ئه‌گه‌ر کاری ده‌ست و پیشه‌وه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئه‌فرێنه‌ره‌ی نه‌سه‌لماندا ئه‌وا لێره‌وه ده‌ست ده‌که‌وێته گه‌نده‌ڵێکردن له ئۆرگانه بزوێنه‌ره‌که‌ی خۆی که سه‌ره. حاڵه‌تێکی وه‌ها له‌وێدا ده‌بینینه‌وه، کاتێک وه‌ستایه‌ک دیوارێک به ناڕێکی هه‌ڵده‌چنێت، بناغه‌یه‌ک قووڵ هه‌ڵناکه‌نێت، سه‌ربانێک توند بانڕێژناکات، په‌نجه‌ره‌یه‌ک ناته‌واو داده‌نێت. وه چه‌نده‌ها نموونه‌ی تر هه‌مووی ئاماژه‌ن له‌سه‌ر ناکاماڵبوونی وه‌ستا، نالێهاتوویی و که‌مشاره‌زایی ئه‌و پیشه‌وه‌ره له‌ڕووی ده‌ست و سه‌ره‌وه. ئه‌م شکسته‌ی ده‌ست له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌ک هه‌ر زه‌لیلی سه‌ر ده‌سه‌ه‌لمێنێت به‌ڵکو دواتر تێکڕای کولتور و بواره‌کانی ژیان تووشی داڕزان ده‌کات. گه‌ر له‌م گۆشه‌یه‌وه نیگایه‌ک له‌سه‌ر کولتوری دنیای کۆمه‌ڵگا ناپیشه‌سازییه‌کان بکه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ڕژێمی سیاسی سته‌مکار و تۆتالیتێر و تاکڕه‌و فه‌رمانڕه‌وان به‌سانیی ده‌بینین له‌به‌رچی ئه‌وان نه‌یانتوانیوه پیشه‌گه‌ری و پیشه‌سازی و چالاکییه‌کانی عه‌قل ئه‌کتیڤ بکه‌ن. له‌جیهانی ئێمه‌شدا ده‌شێت ئه‌م ڕوانینه بسه‌لمێنین که هه‌ر هیچ دوور نه‌ڕۆین بڕوانینه ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابوردوو، که ئۆتۆنۆمییه‌کی سیاسییمان هه‌یه، به‌ڵام چونکه ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌فرێنه‌ر و دیسپلینساز و بیرکه‌ره‌وه فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌و هه‌رێمه ناکات، ئه‌وا چ پرۆسێسێکی پیشه‌گه‌ری و چ سه‌ره‌تایه‌کی پیشه‌سازی نابینین. له‌وێدا ده‌ست و سه‌ر کۆت و به‌ندکراون، له‌ڕێی به مووچه‌خۆرکردنیانه‌وه، هه‌موو ده‌سته‌کانیان کۆیله‌کردووه، بێهۆنییه دیارترین فینۆمێن له‌و هه‌رێمه‌دا مشه‌خۆری و به‌رخۆری و بێبه‌رهه‌مییه که هه‌موو ئه‌مانه له شوێنێکی گه‌وره‌تردا یاری ده‌که‌ن که ناونراوه به ((گه‌نده‌ڵی)).
کۆتکردنی ده‌ست و کۆڵکردنی سه‌ر
له‌باره‌ی ڕژێمه سیاسییه‌کانی جیهانی ئێمه‌وه
به‌پێی ئه‌فسانه گریکه‌کان گه‌ر پاندۆرا Pandoraبریتی بێت له‌و گۆزه‌ڵه‌یه‌ی (هه‌ندێکجار به سندوقیش وه‌رده‌گێڕدرێت) که به‌کردنه‌وه‌ی هه‌رچی به‌ڵا و شه‌ڕی نه‌فره‌تی و وێرانکاری هه‌یه دێته دنیاوه، واته گه‌ر پاندۆرا به‌رپرسی تێک‌شکاندن بێت، ئه‌وا هێفایتۆس Hephaitos وه‌ک ئاشتیساز و شارستانی دروستکه‌ر ده‌رده‌که‌وێت.
هۆمیرۆس له داستانه‌که‌یدا ده‌گێڕیته‌وه بۆمان که مرۆڤی زوو وه‌کو ئاژه‌ڵ له کونه شاخ و ئه‌شکه‌وته‌کاندا ده‌ژیان، به‌ڵام دواتر خودای هێفایتۆس مرۆڤی فێری کارکردن و دروستکردن کرد. فێریکرد خانوو دروست بکات.
ده‌ستێک هه‌یه نه‌زان و شه‌ڕانگێز و تێکده‌ره، ئه‌و به‌دکارێکه ناپاکی له پیشه‌که‌ی خۆی ده‌کات. دیاره بارودۆخی سیاسی و داڕمانی به‌هاڕه‌وشتییه‌کان که‌شی له‌بار بۆ دروستبوونی ده‌ست و سه‌ری گه‌نده‌ڵ ده‌سازێنن. هه‌رکاتێک سیاسه‌تکاران چ ئیدیالێکیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ما ئیدی سیاسه‌ت زۆر خۆی له مۆرال و ئیتیک دوور ده‌خاته‌وه. ئه‌نجامه‌که‌شی هێنده ترسناک ده‌بێت که به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیانی ئه‌و کۆمه‌ڵگا و جڤاته‌دا زاڵ ده‌بێت و به ئاسانی پێوه‌ی دیار ده‌بێت. له‌ڕژێمه تۆتالیتێره‌کاندا ئه‌م ئیتیکه دیارده‌یه‌کی زۆر زه‌قه. گه‌ر یاده‌وه‌ریمان بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ مێژوویه‌کی زۆر دوور نا، ئه‌وا هێنده به‌سه ئاماژه به سه‌رده‌می زۆر نزیک و ڕژێمه نزیکه‌کانی ده‌ڤه‌ری خۆمان بده‌ین. دیاره مه‌به‌ستمان له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کانه، ڕژێمی تۆتالیتێری خێڵایه‌تی لیبی و دیکتاتۆری موباره‌ک و تاکحیزبی به‌عسی عێراقی و سوری نموونه‌ی هه‌ره به‌سوودن بۆمان. گه‌ر ئه‌و پرسیاره ساده‌یه بکه‌ین، بۆچی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه نه‌یانتوانی له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ی 20 دا سه‌رباری هه‌موو توانستێکی دارایی و مرۆیی، ببنه وڵاتی پیشه‌سازی. ئه‌وا زۆر به‌ساده‌یی ده‌ڵێین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه پاندۆرایی بوون، ئه‌و هێزه تێکده‌رانه‌یان پێ‌بوو که هه‌موو توانینه‌کان و زانینه‌کانی کۆمه‌ڵگاکانی خۆیان تێکشکاند. ئه‌وان هاوڵاتیانی خۆیان ناچارکردبوو له ئه‌شکه‌وته‌کانی نه‌زانین و نه‌کردندا بمێننه‌وه و ده‌رچوون له‌و ئه‌شکه‌وته هه‌م به‌حه‌رام دابنرێت و هه‌م به ناپاکی نه‌ته‌وه‌یی. ڕێکه‌وت نییه ئه‌وان یه‌که‌مین شت دروستیانکرد بریتی بوو له ده‌زگای تێکشکاندنی توانا مرۆییه‌کانی خۆیان له‌ڕێی کۆتوبه‌ندکردن و که‌له‌پچه‌کردنی ده‌ست و له‌ڕێی ئیفلیجکردن و کۆڵکردنی سه‌ره‌وه. دوواجار به‌م کاره ئه‌وان ڕه‌وشت و مۆرالی هاوڵاتیانیان گه‌نده‌ڵ کرد. هیچ پیشه‌یه‌ک له‌م وڵاتانه‌دا ناتوانێت ڕیالیزه بێت. هه‌موو پیشه‌وه‌رێک له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆیدا درۆی ده‌کرد، هه‌موو وه‌ستایه‌ک ناپاکی له توانسته‌کانی خۆی ده‌کرد. هه‌موو فێرکه‌رێک جه‌هلی بڵاو ده‌کرده‌وه. هیچ که‌س بایه‌خی جیدی به کارکردن نه‌ده‌دا. له‌ڕووی سیاسیشه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی هاوڵاتی عه‌ره‌بی چ متمانه‌یه‌کی به‌و وه‌همه ناسیۆنالیستیانه نه‌بێت و ئینتیمای بۆ شه‌ڕه ئیدیۆلۆگییه‌کانی ڕژێمه‌کانیان نه‌بێت. ئه‌م ڕژێمانه ته‌نیا کاریان بۆ دروستکردنی له‌شکرێکی گه‌وره و جبه‌خانه‌یه‌کی سامناک له چه‌کی کوشنده‌ی کۆمه‌ڵکوژی و بۆ دروستکردنی ده‌ستگای هه‌واڵگری و چه‌نده‌ها به‌تالیۆن له سیخوڕ بۆ زیندانیکردن و بۆ ئه‌شکه‌نجه‌دانی هاوڵاتیانی دروستکردبوو . هیچ کام له‌و ڕژێمانه کاریان بۆ دروستکردنی زانکۆ و کارخانه نه‌کردووه. زانکۆ شوێنی په‌روه‌رده‌کردن و فێرکردنی مرۆڤه. کارخانه شوێنی دروستکردنه، کارخانه ئه‌و هیفایتۆسه‌یه که شاگرد ده‌کاته وه‌ستا و پیشه‌وه‌ر به‌رهه‌م ده‌هێنێت. کارخانه شێوه‌یه‌کی پراکتیزه‌کراوی زانکۆیه. ئه‌وان زانکۆ و کارخانه‌کانیان پاسیڤ کردووه. ته‌نیا خۆرئاوا و هه‌ندێک ده‌وڵه‌تی تری دنیا له‌وانه ژاپۆن و کۆریای باشوور توانیان شوێنی هیفایتۆس دروست بکه‌ن، کارخانه و زانکۆ دابمه‌زرێنن. ئازادی ئیش‌کردن و بیرکردنه‌وه و داهێنان فه‌راهه‌م بکه‌ن.
دیاره به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کانیش تیری ئه‌م تێڕوانینه هه‌رێمی کوردستانیش ده‌پێکێت. چونکه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا پتر له 20 ساڵه ئازادی سیاسی هه‌ڵکه‌وتووه، به‌ڵام چرکه‌ساتێک شک نابه‌ین ئیراده‌ی سیاسی کوردیمان پیشان بدات که ده‌خوازێت هیفایتۆس له‌ژیانی سیاسی و شارستانیماندا ئه‌کتیڤ بکات. 20 ساڵ زیاتره ده‌سه‌ڵاتی کوردی نه‌یتوانیوه ئازادییه شاراوه‌کانمان ئازاد بکات، پیشه‌وه‌ره‌کانی ناوه‌وه‌مان بۆ بهێنێته‌ده‌ره‌وه، توانسته‌کانی ناوه‌وه‌مان بکاته هێزی ده‌ره‌کی. له‌کاتێکدا سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌بێت بریتی بێت له هونه‌ری هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی توانسته‌کانمان و له بوونێکی هێزه‌کییه‌وه بیخاته بوونێکی کرده‌کی. ئه‌مه کارێکه که ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆی لێ دوورخستۆته‌وه. له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌و پاندۆرایه‌ی لێ ده‌رچووه که هاوڵاتیانی خۆی دووربخاته‌وه له خوێندنگاکان و کارخانه‌کان و بیانکاته کڕیارێکی چنۆک و به‌کاربه‌رێکی بێبه‌رهه‌می بازاڕه‌کانی حیزبه‌کان. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌نجامی ده‌دات بریتییه له گه‌نده‌ڵکردنی ده‌ست و سه‌ری تاکه‌کان. گه‌نده‌ڵی هیچ نییه جگه له داڕمان و دێکادێنسێکی هه‌موو به‌هاکان. گه‌نده‌ڵی فاکتۆری له‌به‌هاخستنی هه‌موو ئیشێک و هه‌موو پیشه‌وه‌رییه‌که. گه‌نده‌ڵی به پله‌ی یه‌که‌م له نێو ده‌سته‌کانه‌وه دێته‌ده‌رێ، له‌کوێ گه‌نده‌ڵی هه‌بوو له‌وێ دروستکردن بزره، بێهۆ نییه، نه‌ک هه‌ر بواری پیشه‌سازیمان دروست نه‌بووه، بگره بواری کشوکاڵیشمان زۆر پاسیڤبووه، خۆ مه‌سه‌له‌ی بازرگانی ئه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌کانی تره. ده‌سه‌ڵاتی ئێمه وا ده‌کات مرۆڤی ئێمه نه‌ئاژه‌ڵێکی ئیشکه‌ر بێت و نه مرۆڤێکی بیرکه‌ره‌وه. به‌ڵکو به‌کاربه‌رێک و مشه‌خۆرێکی ڕووتی کاڵاکانی بازاڕه. سه‌یر نییه که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه بیر له دروستکردنی کارگه و کارخانه ده‌کاته‌وه و نه بیریش له دامه‌زراندنی کیانێکی ئۆتۆنۆم و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌کاته‌وه. به‌ڵکو به‌رده‌وام کارده‌کات بۆ دروستکردنی کڕیاری گه‌مژه، ئه‌و کڕیاره گه‌مژانه‌ی پێیانوایه به‌خته‌وه‌ری و ئازادی له‌وه‌دایه به‌رده‌وام سه‌رف بکه‌یت. له‌کوێدا هاوڵاتی بیرکه‌ره‌وه بوونی نه‌بێت، له‌وێدا هاوڵاتی دروستکه‌ر بوونی بزر ده‌بێت. کاره‌ساتی کولتوری ئه‌وه‌یه ئه‌و کاری ده‌سته سه‌ره‌تاییانه‌شی هه‌مانبوو وه‌ک به‌رگدورو، کڵاشدور، ئاسنگه‌ری و دارتاشی و تاد. هه‌موو به‌ره‌و پووکانه‌وه ده‌چن. ئه‌مڕۆ له وڵاتی چینه‌وه به‌رگی کوردی و کڵاشی کوردیمان بۆ ده‌هێنرێت. له‌ڕاستیدا زۆر دروسته گه‌ر بڵێین ئێمه ئێستا له ((باری نائاسایی کولتوریدا)) ده‌ژین. یان وه‌ک ژنه کولتورناسی به‌رلینی یانا میله‌ڤ ناوی ده‌هێنێت به ئیمه‌رجێنسی کولتوری و له پرۆژه فیکرییه‌که‌یدا به‌ناوی(( هه‌رێمی ئیمه‌رجێنسی و دیزاینی ئیمه‌رجێنسی)) لێکۆڵینه‌وه له‌م تێزه‌یه ده‌کات: ئایا کاره‌ساته کولتورییه‌کان دۆخی نائاسایی دروست ده‌که‌ن، یاخود دۆخی نائاسایی کاره‌ساته کولتورییه‌کان دروست ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌رچی له‌ئاستی کولتوره جیهانییه‌کاندا ئه‌م دوو هاوکێشه‌یه یه‌کتری به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه به‌ڵام له ده‌ڤه‌رێکی وه‌ها وێرانه‌دا که نه ده‌ست و نه سه‌ر چالاک نین، نه به‌رهه‌م هه‌یه و نه بیرکردنه‌وه ئیدی کاره‌ساتێکی کولتوری وه‌ها خوڵقێنراوه که ده‌شێت به باری نائاسایی و به هه‌رێمی ئیمه‌رجێنسی ناوی بهێنین. له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌سه‌ڵات ده‌ستگایه‌کی دیسیپلینکار و ئه‌فرێنه‌ر نییه، به‌ڵکو چه‌واشه‌کار و شێوێنه‌ره، . له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵات لای ئێمه بووه‌ته ڕێگایه‌کی خێرای خۆتێکشکاندن له‌ڕێی خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و خۆباڵاده‌ستکردنه‌وه. ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌سه‌ڵاتی کوردی پیاده‌ی ده‌کات بریتییه له ئیفلیجکردنی هه‌م سه‌ر و هه‌م ده‌ست، که دوواجار کاره‌ساتی کولتوری لێده‌که‌وێته‌وه و یه‌که‌مین بواریش تووشی داڕزانی به‌هایی ببێت، سه‌ر(واته عه‌قل یان ڕۆح)ه وه ده‌ست(واته ڕه‌فتار)ه ، سه‌یر نییه که له‌ئاستی میللی و ئه‌ده‌بیدا دۆخی کوردستان به ((گه‌نده‌ڵی)) ده‌ستنیشان ده‌کرێت، که ناوه‌ڕۆکی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بریتییه له ئیفلیجکردنی ده‌ست و سه‌ر پێکه‌وه. واته بابڵێین له‌مرۆڤخستنی مرۆڤ و به‌کۆیله‌کردنی مرۆڤ. چونکه سیاسییه‌کان مرۆڤه‌کانیان سه‌رقاڵی تێرکردنی غه‌ریزه ئاژه‌ڵییه‌کانیان کردووه، هه‌لومه‌رجه‌کانی داڕمانی به‌هاکان و گه‌نده‌ڵکردنی ئیدیاله‌کانی ژیان زۆر ته‌شه‌نه‌ی کردووه، ده‌بێت له‌م هه‌رێمه ئیمه‌رجێنسییه‌دا جۆرێکی تری ده‌سه‌ڵات دابهێنرێت. ده‌سه‌ڵاتێک دیسپلینکار و ئه‌فرێنه‌ری ڕه‌وشتێکی نوێ بێت. ڕه‌وشتێک له‌شێوه‌ی فه‌رمانێکدا بسه‌پێنرێت به‌سه‌ر مرۆڤدا. چونکه سروشتی مرۆڤ وه‌هایه ناتوانی دروستی بکه‌یت ئه‌گه‌ر پێشتر نه‌یڕوخێنیت. نیتچه ده‌یگووت ناتوانی مرۆڤ کامڵ بکه‌یت ئه‌گه‌ر به‌ندی نه‌که‌یت، فۆکۆش هه‌مان په‌یامی هه‌یه و ده‌ڵێت، مرۆڤ ئازاد ناکرێت ئه‌گه‌ر دیسیپلینی نه‌درێتێ. واته بۆئه‌وه‌ی جارێکی تر ده‌سته‌کان ئه‌فرێنه‌ر ببنه‌وه ده‌بێت که‌له‌پچه‌ی ڕه‌وشتییان بکرێته‌وه ده‌ست. سینه‌ت و سلۆته‌ردایکیش له ئاوازێکی کانتییه‌وه ئه‌م پرۆسێسه ده‌خه‌نه ناو سه‌پاندنێکی ڕه‌وشتیانه‌وه و ده‌سته‌واژه‌ی ((فه‌رمانی ڕه‌وشتی Moralische Imperativ)). به‌کارده‌هێنن. ڕیچارد سینه‌ت نموونه‌یه‌کی زیندوومان بۆ ده‌گێڕێته‌وه که به‌سه‌ر خۆی و هاوسه‌ره‌که‌یدا هاتووه. ده‌گێڕێته‌وه ساڵی 1988 بانگهێشت ده‌کرێت بۆ ئیمپراتۆری کۆمۆنیزم له‌لایه‌ن ئه‌کادیمیای ڕوسییه‌وه بۆ زانست، ئه‌و بانگهێشته قبوڵ ده‌کات به‌و مه‌رجه‌ی ئازادی هاتوچۆی ناو مۆسکۆی لێ نه‌گرن، چونکه له‌و ڕژێمه تۆتالیتێرانه‌دا هه‌میشه ترس و گومان له‌هه‌موو شتێک کراوه و نه‌شیانویستووه که‌س به نهێنی و نه‌نگییه‌کانیان بزانێت. دواجار داخوازییه‌که‌ی سینه‌ت قبوڵ ده‌کرێت. سینه‌ت هاوسه‌ره‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات، جارێک به نیازی گه‌ڕانێک به نێوشاردا به ئۆتۆمبیل ده‌گه‌ڕێن، له ناوچه‌یه‌کی مۆسکۆدا چاویان به پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی خانووبه‌ره دروستکردن ده‌که‌وێت که بۆ فه‌رمانبه‌رانی که‌رتی زانست ته‌رخان ده‌کرێن. ئه‌وان لێیان نزیک ده‌که‌ونه‌وه، ده‌بینن وه‌ستا و کرێکاره‌کان چۆن دزی و گزی له ئیشه‌کانیاندا ده‌که‌ن، ده‌بینێت بۆ گیرکردنی په‌نجه‌ره‌کان به چوارچێوه‌ی دیواره‌کانه‌وه، له‌بری ئه‌و ماده تایبه‌ته‌ی بۆی ته‌رخانکراوه، به کاغه‌زی ڕۆژنامه ناواخنی ده‌که‌ن و به بۆیاغ سواغی ده‌ده‌ن تاوه‌کو ده‌رکی پێنه‌کرێت. لێره‌دا، دوای پرسیارکردن ، ڕێبه‌ره‌که‌یان پێیان ده‌ڵێن : ئه‌وانه له‌بازاڕی ڕه‌شدا ده‌یفرۆشنه‌وه. ئێره وڵاتێکه که‌س بایه‌خ به هیچ نادات، بێڕه‌وشتی له هه‌موو جێگایه‌کدایه. سینه‌ت سه‌رسام ده‌بێت به‌وه‌ی چۆن پیشه‌وه‌رێک، وه‌ستایه‌ک کاری ده‌ست ده‌کات و گزی ده‌کات . ئه‌وئه‌م دیارده‌یه گرێده‌داته‌وه به نه‌مانی ((فه‌رمانی ڕه‌وشتی)). پێویسته فه‌رمانێک له‌وێدا چالاک هه‌بێت بۆ ڕێگرتن له ڕێلادان. دیارده‌یه‌کی وه‌ک ئه‌مه ئێمه له کوردستاندا له زۆر ئاستی به‌رپرسیاری و ئاسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تریشدا به‌ربڵاو ده‌یبینین، به‌ڵام له‌ڕه‌هه‌نده کاراساتاوییه‌کانی تێنه‌گه‌یشتووین که چ کاره‌ساتێکی کولتوری له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. ئێمه ده‌پرسین: ئایا ئێمه له‌زۆرینه‌ی فه‌رمانگه‌کان و وه‌زاره‌ته‌کان و خودی حکومه‌تدا نه‌مانی ئاکاری پاراستنی چاکه‌ی گشتی نابینینیه‌وه. ئایا سیاسییه‌کان و بازرگانه‌کان و وه‌ستاکان و پزیشکه‌کان و ئه‌ندازیاره‌کان گزی له پیشه‌کانیان ناکه‌ن، پزیشکه‌کان جۆرێک بازرگانی به نه‌خۆشه‌کانه‌وه ده‌که‌ن که زۆر کوشنده‌یه، ئه‌وه سه‌رباری نه‌بوونی ئیتیکی ڕێزگرتن له نه‌خۆش، به پزیشکبوون له کوردستاندا واته خێرا ده‌وڵه‌مه‌ندبوون، دیاره ئه‌م دیارده‌یه‌ش په‌یوه‌سته به‌نه‌مانی ئه‌و ئیدیاله‌وه ((فه‌رمانی ڕه‌وشتی))، که له زمانی ئاسایی‌دا پێی ده‌وترێت نه‌مانی ویژدان. له‌ڕاستیدا کاتێک له کوردستان ڕوانیمه مامه‌ڵه‌ی دکتۆره‌کان له کلینیکه‌کاندا، ئه‌و په‌نده‌م بیرکه‌وته‌وه که ده‌ڵێت: پزیشک دوو دوژمنی هه‌یه، مردووه‌کان و ته‌ندروسته‌کان. لێره‌دا مه‌به‌ست له سینیزمی پزیشکایه‌تییه که ته‌نیا نه‌خۆشه‌کان به دۆست ده‌زانن، چونکه‌سوود له‌وان وه‌رده‌گرن. ئایا سیاسییه‌کان سوێنده‌کانیان پووچه‌ڵ نه‌کردۆته‌وه، گفته‌کانیان فه‌رامۆش نه‌کردووه، ئه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی سوێندیان خواردبوو کار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بکه‌ن و دواجار ویستیان خانووه‌کانی په‌رله‌مان وه‌ربگرن، که خانووی گشتین ئاماژه نیه له‌سه‌ر نه‌مانی ئه‌و ئیدیاله، ئای چ سامناکه ئه‌و ڕسته‌یه‌ی سیاسییه‌ک له گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌کانی 17ی فێبرواری 2011دا گووتی ئێمه ده‌ست ده‌بڕینه‌وه، ئایا ئه‌مه ته‌کنه‌لۆژیای ده‌سه‌ڵاتی کوردییه بۆ په‌روه‌رده‌کردنی ده‌سته‌کان، ئایا کاره‌ساتی کولتوری له‌مه وێرانکارتر و باری نائاسایی دژوار له‌مه دژوارتر ده‌بێت له کوێدا هه‌بێت، ئایا بازرگانه‌کان کاڵای پووچ و له‌کارکه‌وتوو و ده‌رمانی به‌سه‌رچوو، که هیچ کوالیتێتی نییه به کۆمه‌کی سیاسییه‌کان هاورده‌ی ئه‌و هه‌رێمه ناکه‌ن، ئه‌ی سه‌باره‌ت به ڕه‌فتار و ئاستی زانینی ئه‌و چه‌ند به‌تالیۆنه ڕۆشنبیره‌ی بوونه‌ته میدیۆمی مه‌کیاژکردنی ڕووخساری شێواوی ده‌سه‌ڵات ، ئایا ئه‌ندازیاره‌کان و وه‌ستاکانیش گه‌نده‌ڵچییه‌کی سامناک نین، ئایا ئه‌وه ئه‌وان نین باڵاخانه‌ی ناهونه‌ری و نائه‌ندازه‌یی و ناتۆکمه، پردی شلۆق و ڕێگاوبان و شه‌قام و تونێلی تاریکی نائه‌ندازه‌یی و نازانستی دروست ده‌که‌ن. تونێله‌که‌ی چیای ئه‌زمڕ نا زانستیترین تونێله له جیهاندا، فیرعه‌ونه‌کان و مایاکان به‌ر له 5000 ساڵ زۆر زۆر له‌ئێستای ئێمه زانستی‌تر شتیان دروتکردووه. ڕووداوی سووتانی هۆتێل ((سۆما)) له سلێمانی له هاوینی 2010دا و مردنی پتر له 27 میوانی هۆتێله‌که و زامداربوونی ژماره‌یه‌کی زۆریش، ئاماژه‌یه‌کی زه‌قه له‌سه‌ر چۆنێتی پیاده‌کردنی گه‌نده‌ڵی و گزیکردن له‌لایه‌ن ئه‌ندازیار و وه‌ستاکانه‌وه. له‌مه‌دا ئه‌وه تێده‌گه‌ین که چیتر که‌س په‌رۆشی نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی که‌س نییه، به‌ڵکو ناپاکی له‌گه‌ڵ شاره‌زایی و تواناکانی پیشه‌وه‌ری خۆشیاندا ده‌که‌ن. له‌م کاره‌ساته کولتورییه‌وه ده‌شێت دۆخی ئه‌و ناوچانه و هه‌رێمی کوردستانیش به ((باری نائاسایی )) پێناس بکرێت . باری نائاساییش واته ڕێسا و پێوه‌ر و یاسا ئاساییه‌کان په‌یڕه‌وی نه‌کرێن. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌م دیمه‌نه کوردییه‌دا ده‌یبینین بریتییه له گرێژنه‌چوونی ڕێساکان و ترازانی کاریته‌کانی یاساکان. بۆیه ده‌بینین ئه‌خته‌بوتی گه‌نده‌ڵی په‌لی گه‌یشتووه‌ته هه‌موو جێگایه‌ک، بگره گه‌نده‌ڵی له‌خۆیدا بووه‌ته شوێنێک، تۆپۆسێک تیایدا ئه‌و هه‌رێمه دروست ده‌که‌ن که پێی ده‌وترێت کوردستان. ئیدی له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌هیچ جێگایه‌ک ئیدیاله‌کان نه‌ماون و کۆمه‌ڵگا ئیدیالێکی گشتی پێ نییه. ئالێره‌دا پزیشکی کولتور ڕه‌چه‌ته‌یه‌ک ده‌داته ئه‌م کولتوره بیماره و پێی ده‌ڵێت چیتر شته‌کان ناتوانن وه‌ها به‌رده‌وام بن ئیتر به‌فه‌رمانێکی ئه‌خلاقییه‌وه پابه‌ند به : تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت.
بواری ده‌ست Chirotop
ده‌ست ده‌توانێت به‌پێی سروشتی شته‌کان شێوه‌ی خۆی بگۆڕێت.
– هیگڵ
به ده‌ست پێشبینی شته‌کان ده‌کرێت.
– سلۆته‌ردایک
مرۆڤ له‌نێو جیهانێکی پڕ و چڕی شتگه‌لێکدایه که ته‌نیا له ڕێی بینینانه‌وه ناتوانێت بیانناسێت و کرۆک و چییه‌تی شته‌کان دیاری بکات، ئه‌وه ده‌سته یه‌که‌مین ئۆرگانی تێگه‌یاندن و فێرکردنی مرۆڤ و له‌نێو جیهانه‌که‌یدا عه‌قل له مرۆڤدا چێده‌کات. ده‌ست یه‌که‌مین ئامرازی فێربوونمانه، ده‌ست ساردی و گه‌رمی، ڕه‌قی و نه‌رمی، زبری و سافی شته‌کان ده‌ناسێته‌وه. ده‌ست شێوه‌ی خۆی ده‌گۆڕێت له‌گرتن و گرتنه‌وه‌ی شته‌کاندا. گرتنی پێنووسێک به‌ده‌سته‌وه جیاوازه له گرتنی سێوێک به ده‌سته‌وه. کۆی دیمه‌نه‌که به‌مجۆره‌یه، هه‌بوونی شته‌کانی له ده‌وروبه‌ری مرۆڤدا بووه‌ته هۆکاری ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌ستکارییان بکات و ئه‌م ده‌ستکاریکردنه‌ش ڕوودانێکی به‌سه‌ر مێشکی مرۆڤدا به‌رپاکردووه که دوواجار کاریگه‌ری له‌سه‌ر ((جیهانیژیان))ی مرۆیی کردووه به‌وه‌ی مرۆڤ هه‌ستی ئه‌وه‌ی تێدا دروست بووه که‌وا هه‌موو شت له‌وێدا هه‌یه و له‌به‌رده‌ستی ئه‌ودایه و ئه‌ویش ده‌توانێت ده‌ستکارییان بکات. ئه‌م ده‌ستکارییکردنه بریتییه له شێوه‌گۆڕینی شته‌کان. به‌مپێیه ئیتر مرۆڤ ده‌که‌وێته نێو پیڤاژۆی جیهاندروستکردنه‌وه، ئیدی له‌کوێدا مرۆڤ ده‌ستیڕاگه‌یشت به شته‌کانی ده‌وروبه‌ری، له‌وێدا ده‌یگۆڕێت بۆ ئامرازی پێویست به خۆی. (( کایه‌کان. پیته‌ر سلۆته‌ردایک. ل. 364)).
ئه‌م شێوازه‌ی ژیانی مرۆڤ فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی 20 به ((له‌نێو جیهان دا بوون )) دایڕشتووه، که دیاره مارتن هایدێگه‌ر داڕێژه‌ری ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌یه. سلۆته‌ردایک له کتێبه سێینه گه‌وره‌که‌یدا((کایه‌کان/به‌رگی سێهه‌م که‌فه‌کان)) ده‌سته‌واژه‌ی بوارناسی ده‌ست Chiropotolog باس ده‌کات و پێیوایه هایدێگه‌ر یه‌که‌مین شیرۆپۆتۆلۆگه، چونکه ئه‌و له کتێبی (( بوون و کات ))دا پێناسی مرۆڤ ته‌نیا وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ((گیاندار)) ناکات، به‌ڵکو وه‌ک ((ده‌ستدار)) و ((گوێدار))ێک که ((بانگی بوون )) ده‌بیستێت تاوه‌کو په‌رۆشی بخوات و بیری بۆ بکاته‌وه. به‌لای سلۆته‌ردایکه‌وه ئه‌مه یه‌که‌مینجاره له مێژووی بیرکردنه‌وه‌دا قسه له‌باره‌ی ئه‌م گشت ((ده‌ست )) و گشت (( گوێچکه)) یه‌وه کرابێت. ((که‌فه‌کان. ل365)).
یه‌کێک له و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی مرۆڤی پێ جیاده‌کرێته‌وه له بوونه‌وه‌ره‌کانیتر ده‌سته، ده‌ست به‌ته‌نیا ڕاناکێشێت و پاڵ نانێت و ناگرێت. به‌ڵکو وه‌ک هایدێگه‌ر له بیرکردنه‌وه چییه‌دا ده‌ڵێت : (( ده‌ست خۆی ده‌گه‌یه‌نێت و خۆی درێژ ده‌کات و وه‌رده‌گرێت و سڵاو‌و پێشوازی ده‌کات، له‌کاتێکدا شته‌کان ئه‌مه‌یان پێ ناکرێت. ده‌ست ده‌گرێت، ده‌ست هه‌ڵده‌گرێت، ده‌ست نه‌خشه ده‌کێشێت، له‌به‌ر هیچ نا ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ بریتییه له په‌یوه‌ندی. دوو ده‌ست یه‌کده‌گرن تاوه‌کو ببن به یه‌ک ده‌ست، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌که له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی مرۆڤ بۆ تاکایه‌تی. کاتێک مرۆڤ ده‌دوێت ئه‌وکاته ئه‌و بیرده‌کاته‌وه نه‌ک شتی تر. . . هه‌موو جووڵه‌یه‌کی ده‌ست له هه‌ر ئیشێک له ئیشه‌کانی ئه‌ودا ڕه‌گه‌زی بیرکردنه‌وه‌ی هه‌ڵگرتووه. هه‌موو کارێکی ده‌ست له‌ناو بیرکردنه‌وه‌دایه، له‌به‌رئه‌مه یه بیرکردنه‌وه ئاسانترین کاری مرۆڤه و له‌به‌رئه‌مه‌شه ئه‌گه‌ر له‌کاتی گونجاوی خۆیدا نه‌کرێت ئه‌وا قورسترین کارێتی)). که‌واته له کوێدا ده‌سته‌کان کارابوون، له‌وێدا مرۆڤ بیرده‌کاته‌وه، بگره ده‌ست ده‌توانێت پێشبینی له‌هاتنی شته‌نه‌زانراوه‌کان بکات، کاتێک مرۆڤی سه‌ره‌تایی به‌ردی لێکخشاندووه، به‌چاوی ئاگری لێوه بینیوه. که تیغێکی به‌دیواردا هێناوه بینیویه‌تی ده‌ست ده‌توانێت نیگار بکێشێت. لێره‌وه‌یه ده‌ست له‌هه‌موو چالاکی و کرده‌وه‌یه‌کی مرۆڤدا له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌دایه، له‌زمانی کوردی‌دا ده‌سته‌واژه‌ی ((ده‌ستپێشخه‌ری))مان هه‌یه، که‌بریتییه له کرده‌وه‌یه‌ک بۆ سه‌لماندنی بیرۆکه‌یه‌ک یاخود گه‌یاندنی په‌یامێک که به‌رله هه‌ر ئه‌ندامێکی تری له‌شمان له‌ڕێی ده‌سته‌وه ده‌یگه‌یه‌نین.
بواری ده‌ست بواری ئیش‌کردن و دروستکردن نییه به‌ته‌نیا، به‌ڵکو بواری په‌یوه‌ندی به‌ستنیشه، مرۆڤ له بنه‌ڕه‌تدا هیچ نییه جگه له په‌یوه‌ندی، ده‌ست بواری به‌سۆسیالکردنی مرۆڤه، مرۆڤ به ده‌ست سڵاو و ته‌وقه ده‌کات، مرۆڤ ده‌ستی یارمه‌تی ده‌داته مرۆڤی برای.
له فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا ده‌ست هێمایه بۆ ڕه‌وشت، مرۆڤی ڕاستگۆ و باش لای ئێمه پێی ده‌گوترێت ده‌ستپاک، پێچه‌وانه‌که‌شی ده‌ستپیس. چونکه ئه‌وه ده‌سته هه‌موو ماهیه‌تی ئێمه پیشانده‌داته‌وه، ده‌ست ده‌رخه‌ره‌وه‌ی نیازه‌کان و چیه‌تی ئێمه‌یه، لێره‌وه‌یه بۆئه‌وه‌ی یه‌کێک بناسیت پێویسته ده‌ست و کاری ده‌ستی ئه‌و که‌سه بناسیت.
له بواری ده‌سته‌وه ئێمه ده‌توانین ڕه‌هه‌نده ئاینیه‌کانیش بناسین، به نموونه هه‌ر له‌ڕێی ده‌سته‌وه ئاین توانیویه‌تی مانا موقه‌ده‌سه‌کانی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت، وه‌ک ماچکردنی به‌ردی که‌عبه، چونکه ئه‌وه ده‌ستی ڕاستی خودایه، هه‌روه‌ها ماچکردنی ده‌ستی مه‌لا و شێخ تا دێته خواره‌وه بۆ ماچکردنی ده‌ستی سه‌رۆکه‌کان و کوێخاکان و ئاغاکان و باوکان . له‌م حاڵه‌ته‌یاندا ده‌ست ده‌بێته سیمبۆلێکی ئۆرگانیی بۆ ده‌سه‌ڵات. به نموونه ژێر ده‌ست، ئه‌و که‌سه‌یه کۆیله یاخود داگیر کرا بێت، هه‌روه‌ها له‌زمانی کوردی‌دا بۆ پاڕانه‌وه و تکاکردن ده‌سته‌واژه‌ی ((ده‌ستم دامێنت بێت)) به‌کار ده‌هێنرێت، که بریتییه له‌و حاڵه‌ته‌ی که‌سێک خۆی شتی پێ نه‌کرێت، یاخود داوا و پاڕانه‌وه بکات تاوه‌کو شتێکی به‌سه‌ردا نه‌کرێت. له‌م کۆنتێکستانه‌دا ده‌ست هێمایه‌کی ده‌سه‌ڵاتگه‌رییه. ئه‌م وشه‌یه ((ده‌سته‌ڵات)) له‌زمانی کوردی‌دا دروست په‌یوه‌سته به بواری ده‌سته‌وه، هێمایه‌که له‌سه‌ر هه‌بوونی هێز له‌ڕێی ئامرازه‌کانی به‌رده‌سته‌وه و سه‌پاندنی به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا.
ده‌ست و دیزاین
دازاین واته دیزاین.
– هێنک ئوسته‌رلینگ
دیزاین واته توانینی نه‌توانین.
– سلۆته‌ردایک
ڕیالیست به، داوای نه‌کرده بکه.
– چیڤارا
ئه‌گه‌ر کاری ده‌ست بریتی بێت له هێنانه‌ده‌ره‌وه‌ی توانسته‌کانمان، ئه‌وا هه‌بوونمان چیتر نییه جگه له خۆبردنه ده‌ره‌وه و خۆئاشکراکردن له‌نێو جیهاندا. ئێمه هه‌ر هێنده‌ی له‌نێوجیهاندا خۆمان بینییه‌وه، ئیدی یه‌کڕاست کار بۆ ئه‌وه ده‌که‌ین بچینه نێو دنیاوه و خۆمان ئاشکرا بکه‌ین. ئه‌مه وانه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته بۆمان. لێره‌وه تێده‌گه‌ین، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه نه‌ک هه‌ر بۆ جیهان کراوه‌یه، به‌ڵکو ئه‌و له خودی خۆیدا بریتییه له کرانه‌وه. وه‌ک ئاگامبێن ده‌ڵێت. ئه‌و هه‌میشه به‌کراوه‌یی له‌نێو جیهانێکی کراوه‌دایه. هایدێگه‌ر وه‌ها چیه‌تی و کرۆکی مرۆڤی پێناس کردووه که بریتی بێت له کرانه‌وه، به‌هه‌مان شێوه پێیوایه ته‌کنیک بریتییه له ((ئاشکراکردن))، واته په‌یداکردن و هێنانه‌ئاراوه و دروستکردن. ئه‌و پێیوابوو کرۆکی ته‌کنیک شتێکی ته‌کنیکییانه نییه. سلۆته‌ردایک ئه‌م پێناسه به‌رفراوانتر ده‌کات و ده‌یخاته بواره‌کانی تره‌وه، وه‌ک دیزاین، ئه‌و پێیوایه دیزاین جۆرێک نییه له خودی دیزاین، به‌نموونه هۆمۆساپینس که له‌نێو خانوویه‌کی ساده‌ی دروستکراو به داروپووش و گه‌ڵادا ده‌ژیا، له‌کاتی باوباران و زریانه‌کاندا نوێژ و گۆرانی بۆ خودای هه‌وره‌بروسکه ده‌چڕی تاوه‌کو ماڵی نه‌ڕمێنێت، ئه‌و مرۆڤه جۆره ته‌کنیکێکی ناسیوه که له‌بارودۆخی ترسناکدا هه‌بوونی خۆی پێ بپارێزێت. واته ئه‌وه شتێکه په‌یوه‌سته به شاره‌زایی و کارامه‌یی مرۆڤه‌وه له شوێنێکدا شتێک بکات، ئه‌گه‌رچی هیچی پێ نه‌کرێت و هیچی پێ نه‌بێت نه‌توانێت شتێک بکات. واته له شوێنێکدا که شتێک نه‌کرێت، ده‌بێت مرۆڤ بزانێت ته‌کنیکی تر هه‌یه بۆ ده‌ربازبوون و بتوانێت ئه‌و ته‌کنیکانه بهێنێته‌ئاراوه تاوه‌کو خۆی ده‌ربازبکات و به‌رده‌وامی به‌ژیان بدات. لای مرۆڤ شتێ نییه نه‌کرێت. نموونه‌یه‌کی هاوشێوه‌ی ئه‌م ته‌کنیکه، به‌دیدی من بریتییه له توانای کورد له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی له‌ناوبردن. کورد یه‌کێکه له‌و گه‌لانه‌ی توانیویه‌تی، له‌مێژووی ڕابوردوویدا که چ توانایه‌کی تری شک نه‌بردووه بۆ بوون، توانیویه‌تی ته‌کنیکی ((به‌زیندوویی مانه‌وه)) دابهێنێت و له‌ڕێی سیسته‌می ئیمون((ده‌ستگای به‌رگری)) یه‌وه له بووندا بمێنێته‌وه. واته له‌جێیه‌کدا که چ ئامرازێک نه‌ما بۆ خۆده‌ربازکردن، ئه‌واهێشتا له‌وێدا ئامرازێکی نه‌دۆزراوه هه‌یه. ژیان بریتییه له کردنی نه‌کرده‌کان، هه‌موو بارێکی نائاسایی پێویستی به‌وه‌یه بڕیارێکی تێدا بدرێت له‌سه‌ر کردنی شته نه‌کرده‌کان. چونکه واقیعی بوون بریتی نییه له‌وه‌ی ته‌نیا شته شیاو‌و کرده‌کان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵکو کردنی نه‌کرده‌کانه. بچووککردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌وێدا ده‌ست پێده‌کات کاتێک به‌م په‌نده زه‌لیله تواناکانی مرۆڤ کۆت ده‌کرێت، که ده‌ڵێت ((برام واقیعی به. )) ئه‌مه ئامۆژگارییه‌که کۆسپ له‌به‌رده‌م توانینه‌کانی مرۆڤ داده‌نێت له‌وه‌ی شته نه‌توانراوه‌کان ده‌ربخات. له‌به‌رئه‌مه مێژووی ته‌وای کورد، تاوه‌کو ساتی ڕاپه‌ڕین بریتی بوو له مێژووی باری نائاسایی. ئه‌گه‌ر ڕسته ناوداره‌که‌ی کارل شمیدت بهێنمه‌وه که ده‌ڵێت : سه‌روه‌ر که‌سێکه له‌سه‌ر باری نائاسایی بڕیار بدات. ئه‌وا له‌حاڵه‌تی کوردی‌دا سه‌روه‌رییه‌که، باڵاده‌ستییه‌که‌مان له‌وێدابووه که له‌ڕێی دۆزینه‌وه‌ی ته‌کنیکی مانه‌وه‌وه((وه‌ک پاراستنی ڕه‌گه‌ز و زمانی کوردی، پۆشاکی کوردی، هه‌ندێک خه‌سڵه‌تی کولتوری کوردی، خاکی کوردستان)) توانیومانه بڕیار له‌سه‌ر دۆخی نائاسایی بده‌ین. واته واقیعی بوونی حه‌کیمانه‌ی کورد له‌پێشڕاپه‌ڕیندا له هه‌رێمی کوردستان و له ئێستای پارچه‌کانی تردا له‌وێدابووه و له‌وێدا متبووه، که کۆڵی نه‌داوه و توانیویه‌تی شتێکی نه‌کرده بکات، له‌پێناوی به‌زیندوویی مانه‌وه‌ی له ژیاندا توانیویه‌تی په‌نابه‌رێته به‌رداهێنانی جۆرێک سیسته‌می به‌رگری مانه‌وه، به‌وه‌دا وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا کرۆکی ته‌کنیک شتێکی ته‌کنیکییانه نییه، ئه‌وا ته‌کنیکی کوردی بۆ مانه‌وه له بووندا بریتی بووه له پاراستنی ڕه‌گه‌ز و زمان و خاک، به‌ڵام له‌پاشڕاپه‌ڕینه‌وه ئه‌م ته‌کنیکه ئاوا ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی دازاین له‌هه‌رێمی کوردستاندا له دیزاین و فۆرمه‌که‌ی پێشوودا نامێنێت و شێوه‌گۆڕ((میتافۆرزه))ده‌کرێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی که له‌ڕێی خولقاندنی کاره‌ساتی کولتورییه‌وه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته جۆرێکی تری باری نائاسایی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، که هه‌ندێک له ئه‌دگاره‌کانیمان له‌سه‌ره‌وه ئاماژه پێدا.
هاوشێوه‌ی ته‌کنیک، ده‌بینین دیزاین له سه‌ره‌کیتیرین پێناسیدا ئه‌وه‌یه شته‌کان بخرێنه پاڵیه‌کتری، دووشت و زیاتر پێکه‌وه دابنرێن بۆ دروستکردنی شتی‌تر، ئه‌مه دیزاینسازییه. واته دیزاین بریتییه له دیزاینکردن. دیزاین واته کرانه‌وه‌ی ده‌ست بۆ کارکردن و داهێنان و دۆزینه‌وه. دیزاین بریتی له‌وه‌ی له‌کوێدا نه‌توانرێت ئامرازێک ڕۆڵی خۆی ببینێت له‌وێدا بتوانرێت ئامرازێکی تر پێکبهێنرێت، وه‌ک سلۆته‌ردایک ده‌یبینێت. بوونیش بریتییه له خۆبردنه‌ده‌ره‌وه و خۆ ده‌رخستن و کرانه‌وه. به‌م پێیه هه‌م دیزاین و هه‌م دازاین له‌نێو کرده‌وه‌ی ئاشکراکردن و هێنانه‌ئاراوه‌دا به‌رپاده‌بن. له‌م بواره‌شدا ده‌ست میدیۆمێکی یه‌که‌مینی دروستکردن و دیزاینسازکردنه. گه‌ر ده‌ست توانای پێشبینیکردنی هه‌بێت، ئه‌وا یه‌که‌مین ئیشی پێشبینیکردن بریتییه له دیزاین. له‌ڕاستیشدا دیزاین له خۆیدا بریتییه له جۆره هونه‌ر و ته‌کنیکێکی تر بۆ ئاشکراکردنی توانستی پێکه‌وه‌نانی شته‌کان. مرۆڤی سه‌ره‌تا به‌رد ئامرازی پیاکێشانی بووه، پاشان ئه‌م به‌رده وه‌کو تیغی لێکراوه و گرێدراوه به دارێکه‌وه وه‌کو ده‌سکێک بۆی کردوویه‌تی به ئامرازێکی تر واته سه‌ره‌تا چه‌قۆ پاشان کێرد ئینجا ته‌ور. ئه‌مه ئه‌و ته‌کنیکه‌مرۆییانه‌ن که به‌دروستکردنیان به‌شدارییان له پرۆسێسی گۆڕانکاری و خودچاککردنی مرۆڤدا کردووه له‌نێو هه‌موو کولتوره‌کاندا.
کرۆکی هه‌بوونی مرۆڤ ((دازاین))، به‌پێناسه‌که‌ی هایدێگه‌ر، ئه‌وه‌یه خۆی ئاشکرا بکات و خۆی بخاته ده‌ره‌وه بۆ په‌یوه‌ندی به‌ستن. ئه‌مه‌ش له هه‌مان ئه‌و دیده‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که‌وا ته‌کنیک شێوازێکه له ((ئاشکراکردن)) واته په‌یداکردن و هێنانه ئاراوه و دروستکردن. لێره‌وه له‌نێوان دازین و دیزایندا ئاڵوگۆڕێکی ڕاسته‌وانه هه‌یه، واته دازاین چه‌ندێک بچێته ده‌ره‌وه هێنده دیزاین ساز ده‌کات. مرۆڤ چه‌ندێک کراوه بێت هێنده ده‌توانێت شتی نوێ ئاشکرا بکات. ئه‌گه‌ر فیلۆسۆفان تاوه‌کو ئه‌مڕۆ کاریان بۆ په‌روه‌رده‌کردنی ڕۆحی مرۆیی و به‌رفراوانکردنی کردبێت، ئه‌وا وه‌ک سلۆته‌ردایک ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ ته‌کنیک ئه‌و کاره‌مان بۆ ئاسان ده‌کات. په‌یوه‌ست به‌مه‌وه، ده‌بینین دازینی کوردی له‌مڕۆدا له‌و دیزاینه‌دا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات، که بووه‌ته مرۆیه‌کی مشه‌خۆروبه‌کاربه‌ر، تێکده‌ری کولتور، شێوێنه‌ری ناتور، ده‌سته‌ڵاتی کوردی مرۆڤی دروستکه‌ر/ هۆمۆ فابه‌ری به‌رهه‌م نه‌هێناوه، ده‌سته‌ڵاتی کوردی که‌رتی کشتوکاڵی قڕکردووه، ده‌سته‌ڵاتی کوردی سامانه سروشتییه‌کانی سه‌رزه‌وی و بنزه‌وی به‌هه‌ڵه سوود لێ وه‌رده‌گرێت و به‌دکاری به‌رامبه‌ر به سروشت و ژینگه ده‌کات، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له کوردستاندا تائێستا بریتی بووه له فرۆشتنی و که‌ڵه‌که‌کردنی کاپیتالی پاره له ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتێکدا که چ پرۆژه‌یه‌کی بۆ بوژاندنه‌وه‌ی مرۆیی و کولتوری و سروشتی و ژینگه‌یی پێ نییه. دازاینی کوردی له‌م دیزاینه شیواوه‌دا خۆی نمایش ده‌کات، که ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات هۆکاری ئه‌م دیزاینه شێواوه بێت، ئه‌وا گرفته‌که تراژیدیتر و کاره‌ساتاویتر و نائاساییتر ده‌بێت کاتێک ده‌بینین زیاد له‌جۆرێک ئۆپۆزیسیۆن له‌و هه‌رێمه‌دا کاران که‌چی هیچکامیان نه‌ک پرۆژه‌یه‌کیان بۆ دروستکردنی ((دروستکردن)) پێ نییه که ده‌سه‌ڵات له‌ناوی بردووه، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت ده‌رکیان به‌و دیزاینه شێواوه نه‌کردووه و چ خوێندنه‌وه‌یه‌کیشیان بۆی نییه. دیاره هه‌ژاری خوێندنه‌وه‌ی کولتورییانه‌ی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئه‌و هه‌رێمه، ئه‌نجامه‌کانی به‌دتره له هۆکاری دروستکه‌ره‌که‌ی که ده‌سه‌ڵاته. واته په‌ی پێ نه‌بردنی ئۆپۆزیسیۆن به‌م شێواندنانه‌ی ده‌سه‌ڵات پیاده‌ی ده‌کات، گه‌لێک کاره‌ساتاویتره، له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هۆکارێتی. له ئێستادا هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی یاخود ڕۆشنگه‌ری بیه‌وێت گۆڕانکاری ئه‌نجام بدات، سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌زموونی دیزاینی نوێی ژیان بکات، وه دوای هه‌ر ئه‌زموونێک به هه‌ر ئه‌نجامێک بگات ده‌بێت بڕوا به‌وه بهێنێت که شتی نوێ ڕاستییه‌که‌یه. لێره‌وه شۆڕشی نوێ له هه‌رێمی کوردستاندا ته‌نیا له ((بیرگۆڕین/ میتانۆیا))دا به‌رجه‌سته ده‌بێت. بۆئه‌وه‌ی دیزانی نوێی ژیان دابهێنین پێویسته سه‌ره‌تا بیرمان بگۆڕین که‌وا ئه‌وه‌ی له ئێستادا هه‌یه قه‌یرانه و ده‌بێت بگۆڕدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی فۆرمی مرۆڤی چالاکمان هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی ((دروستکردن)) دروست بکه‌ین، بۆئه‌وه‌ی کاری ((ده‌ست)) و بیری(( سه‌ر)) پێکه‌وه‌گرێبده‌ینه‌وه، بۆئه‌وه‌ی به‌دروستکردن چاکسازی له‌شێوازی ژیانماندا بکه‌ین، بۆئه‌وه‌ی به‌ته‌نیا ئاژه‌ڵێکی به‌کاربه‌ر نه‌بین ئه‌وا بۆ ئه‌م په‌یامه‌ش ئه‌م بانگه له گوێچکه‌مدا ده‌زرنگێته‌وه که ده‌بێت به هه‌موولایه‌کدا بیده‌م : تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت.
سه‌رچاوه‌کان
- Hana Arendt,Vita Activa. Piper 2002.
- Peter Sloterdijk, Sphären III, Schäume. Suhrkamp 2004.
- Peter Sloterdijk, Du muss dein Leben ändern. Suhrkamp 2011.
- Richard Sennet, Handwerk. Berliner Taschenbuch Verlag 2009.