کۆنسێپتی کات لەلای سان ئۆگوستا و بێرگسن

1271
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بەیان سەلمان

“دڵکردنەوە” یاخود “دڵهەڵڕشتن” یان “دانپێدانان” (اعترافات) بە عەرەبی و بە فەرەنسی (کۆنفیسیۆن) Confessions کتێبێکە بە زمانی لاتینیی لە نێوان397 و401 لەلایەن (سان ئۆگوستا) Saint augustin نووسراوە و بە ناونیشانی (کۆنفیسیۆنێس) Confessiones. کتێبەکە لەبەر گرنگی زمانەکەی و شێوازی داڕشتنەوەی بە بەرهەمێکی ئەدەبیی گرنگ لە بواری ژیاننامە لە قەڵەم دەدرێ.

سان ئۆگوستا فەیلەسوف و تیۆلۆژیستێکی مەسیحی ڕۆمانییە و سەر بە چینێکی دارا بووە. لە ساڵی 354ی زاینی لە تاگاست (ئێستا دەکاتە سوق ئەحراس لە جەزائیر) لەدایکبووە، و لە 430 لە هیپۆن (ئێستا دەکاتە عەنابە لە جەزائیر) کۆچی دوایی کردووە. بەپێی ئەو دوو بەروارەش، فیکری فەلسەفی سان ئۆگوستا هەتا رادەیەک، مۆرکێکی دەرباسبوونی transition لە نێوان گرێکی دێرین و سەدەی ناوەڕاست لەخۆ گرتووە.

سان ئۆگوستا لە سیانزە بەرگدا ڕەوتی گەڕانی بە دوای خودا دەگێڕێتەوە. هەر لە ناونیشانەکەییدا (بڕوای ئاینی مەسیحی) تێبینی دەکەین. سان ئۆگوستا بە وردیی و ڕاشکاویی داندەنێت بە هەموو کردارێک کە لە منداڵییەوە پێی هەڵساوە و کتێبی یانزەشی بۆ داهێنانی یەزدان و شیکردنەوەی کات تەرخان کردووە. لەم کتێبەیدا، بە پێی سان ئۆگوستا، یەزدان کاتی داهێناوە، واتە پێش ئەوە هیچ کاتێک بوونی نییە، چونکە خودا لە دەرەوەی کاتە. هەروەها باس لە چۆنێتی کات دەکات و شێوازی تێگەیشتنی خۆی لەو بارەیەوە شیدەکاتەوە. لەو کتێبەدا دەڵێت: «ئەگەر کەس لێم نەپرسێت کات چییە دەزانم چییە، بەڵام ئەگەر لێم بپرسن دەڵێم نازانم.»  مەبەستیش لێرە ئاڵۆزی تێگەیشتنە لە کات. بەڵام سان ئۆگوستا دەڵێت: «ئەوەندە دەزانم کە ئەگەر هیچ ڕووی نەدابێ ئەوە رابردوومان نییە، ئەگەر هیچیش روو نەدات ئەوە داهاتوومان نابێت.»  کاتێ ئەوەش دەڵێ، ئەمەی بۆ زیاد دەکات: «ئێمە بوونەوەرێکین مەحکومین بە کات.»  بەوپێیە، کات ئەوەیە کە لەگەڵ داهێنانی گەردوون، لە بڕوایەکی ئینجیلەوە بۆ چرکەی دروستکردنی گەردوون، دەرکەوتووە. بەو واتایەش، لەلای سان ئۆگوستا هیچ کاتێک پێش چرکەی خەڵقبوون بوونی  نییە. لە راستیشدا کات تەنها ئەوەیە وا لە ئێستادا تێیدا دەژین، رابردوو بوونی نییە، چونکە هەڵەیە و لەناو ئێستادا ئامادەیە، ئەم ئامادەبوونەش بە نێوەندی هۆش و تەنها بە شێوەی یادەوەری دێتەوە پێشێ. داهاتووش هەر بوونی  نییە، ئەوەنەبێت کە وا لە ئێستادایە و تەنها هیوا و لە ڕێی خەیاڵەوە بیری لێ دەکەیەوە، یاخود تیشکی دەخەینە سەر. بەو جۆرە هەرچی تێیدا دەژین هەر لە ئێستادا تیای دەژین. خودی داهاتوو، کاتێ ئەویش دەبێتەوە بە چەمکی ئێستا، کەواتە رابردووە، تەواو بووە و بوونی نەما و داهاتوو هێشتا نەهاتووە بۆ ئەوەی بژین. ئیتر چی دەمێنێتەوە؟ هەر (ئێستا) دەمێنێتەوە کە وا تێیدا دەژین. بۆیە سان ئۆگوستا نموونەی یادەوەریی کاتی منداڵی خۆی دەهێنێتەوە و جەغت لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو یادەوەرییانەی سەردەمی منداڵیی کاتێ بیری لێ دەکاتەوە واتە بە نێوەدی هۆش دەیهێنێتەوە ناو قوڵایی ئێستا. بەڵام، ئەم (ئێستا)یەش دیسان لە خودی خۆیدا بوونی  نییە، چونکە لە ناوی دەژین، چرکەکانی ناگیرترێن، لە هەمان ئەو ساتەی ڕووداوەکانی دەردەکەون، دێنە بەرهەم، هەر خێرا دەبنەوە بە رابردوو. لەبەرئەوەی چرکەکانیشی ناگیرێن ئیدی یەکسەر بە رابردووەوە گرێی دەدەین. لە ئاکامدا ئەگەر ڕابردوو و داهاتوو بوونیان نەبێت، واتە ئێستایش هەر بوونی  نییە. ئەمەش کێشەیەکی وەبەرچاوە، چونکە وامان لێ دەکات بیرکەینەوە لەوەی خودی کات بوونی  نییە! لە کاتێکدا لەناو ژیانی ڕۆژانەماندا هەموو چرکەکانی دەژین.

بۆ ئەوەی کۆنسێپتی فەیلەسوفی فەرەنسی (بێرگسن) BERGSON لە بارەی کاتەوە تێبگەین، بۆچوونی ئەویش دەخەینەڕوو.

بێرگسن فەیلەسووفێکی فەڕەنسییە، لە ساڵی 1859 لە پاریس لەدایکبووە و هەر لە هەمان شار لە ساڵی 1941 کۆچی دوایی کردووە. لە ساڵی 1914 بە ئەندامی ئاکادێمی فەڕەنسی هەڵبژێردرا و لە ساڵی 1927 خەڵاتی نۆبلی بواری ئەدەبی پێ بەخشراوە. گرنگترین کتێبی بەناونیشانی “گەشەکردنی داهێنەرانە”یە L’Évolution créatrice.

بێرگسن دوو جۆری کاتی لە یەک جودا کردوەتەوە:

  • خودی کات
  • ماوەی کات

بەپێی بیرگسن، کات، کاتێکی فیزیکییە، بە نێوەندی یەکەیەکی پێوەری مەوزوعییە. مەبەست لە کاتێکە کە بە نێوەندی چرکە و خوڵەک و کاتژمێر دەزانین کات چەندە. هەورەها ئەو کاتەی لەلای تۆیە هەمان ئەو کاتەیە کە لەلای منە، خولەک لەلای کەسێک هەمان خولەکە، کاتی دیمانەیەک کە، لە نێوان دوو کەس یان چەند کەسانێک دیاری دەکرێت هەمان ئەو کاتەیە کە بۆ هەموولایەک دیاری کراوە. ئەمە هەمان بۆچوونە سەبارەت بە ساڵ کە بەپێی سووڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆر ٣٦٥ ڕۆژی پێویستە بۆ ئەو سوڕانەوەیە، واتە پەیوەندییەکی فیزیکی لە ئارادایە. بەڵام بێرگسن دوو کێشە دەخاتەڕوو:

یەکێکیان پابەندە بە زنجیرەی وەیەکداچووی چرکەکان لە واقیعدا، ئەمە جیاوازە لەو چرکانەی بەدوایەکدا دەچن کە لە ئامرازی کاتژمێرێکی بەرامبەرمان میلی چرکەکانی بە هەمان خێرایی نین. بەم واتایەش، کات ئەوە  نییە کە بە هۆی سوڕانەوەی میلەکە لە نێوان چرکەیەک و چرکەکەی تردا دەژمێردرێ، بەڵكوو بەوەی چی لەو بەینەدا (مەودای نێوان یەکەم چرکە هەتا گەیشتن بە دووهەم چرکە) ڕوویدا. لێرەشدا مەبەست لە خودی جوڵەیە کە لەو مەودایەدا ڕوویدا. ئەم کێشەیە قورسترە کاتێ میلی چرکەی کاتژمێری دیوارێک بەردەوام دەسووڕێتەوە. بێرگسن سەربارەت بەمە دەڵێ، وا هەست دەکەی کە کات بەخێرایی دەڕوات، بەڵام لە راستیدا وا نییە، ئەوە وەک ئەوەیە خودی کات لە سروشتی راستی داماڵیت و وا تێبگەیت کە کاتی نێوان دوو چرکە وەستاوە. لە راستیشدا کات بەردەوامە و ڕەوتی ناوەستێ، بەدەر لەوەی ئێمە چۆنی دەبینین. بێرگسن وای دەبینێ کە مرۆڤ راستی بەشبەش دەکات بۆ ئەوەی بتوانێ لێی تێبگات. و رەخنە دەگرێت لە هەرچی پەیوەستە بە بۆچوونی (بە ماتماتیککردنی راستی) لە مەودای نێوان ژماردنی چرکەکان و خولەکەکان… و دەڵێ، ئەوە داماڵینی کاتە لەو سروشتەی هەیەتی، ئەوەش لەگەڵ راستیدا یەک ناگرێتەوە. کێشەکەی تریان بە “نمایشکردنی کاتی فیزیکی” ناو دەبات. ئەم نمایشکردنە لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر دەگۆڕێ. کاتێکی زاتییە کە لە کاتی مەوزوعی جودای دەکاتەوە. بۆ نموونە دوو کەس تەماشای فیلمێک دەکەن، ئەگەر یەکەمیان فیلمەکەی بەدڵ بوو وا هەست دەکات کە کاتەکەی زوو لێ رۆیشت؛ ئەویتریان بەپێچەوانەوە فیلمەکەی بەدڵ نەبوو و وا هەست دەکات کاتەکەی لێ ناڕوات. بەپێی بێرگسن ئەم ماوەیە کاتێکی زاتییە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێ. هەموو کەسێک ئەم ئەزموونەی کردووە کە کات هەمان کات  نییە لە خۆشی و چیژبینیندا، چونکە هەست بە رۆیشتنی ناکەین، تەنانەت بیریشی لێ ناکەینەوە، بەڵام ئەو کاتەی تاقیبی دەکەین و چاومان لەسەر چرکەکان تێدەپەڕن، بێگومان ئەم دوو کاتە یەکن، بەڵام نمایشەکەی و درکپێکردنەکەی لە رەوتەکەیدا لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر جودایە. بۆ بێرگسن (ماوە) پرسێکی درکپێکردنە.

کە دێینەوە سەر باسی ئێستا، ئەوە تەنها بە نێوەندی یادەوەری و پێگیریی (شوێن پێی) شتێک دێتەوە پێشێ. ئەم یادەوەرییەش بەپێی درککردنمان دەگۆڕێ. لێرەوە، یادەوریی کۆپیکردنی راستی نییە، بەڵکوو نووسینەوەی راستیە. واتە چۆنچۆنی لە ڕووداوێک روانیومانە، درککردنمان بەو ڕووداوە چی لە یادەوریمان جێهێشتووە، چونکە هەمان ئەو ڕووداوە لە یادەوری کەسێکی تر وەکی ئەوەی لەلای کەسەکەی تر هەیە وا نییە. بەو جۆرەش دەکرێ بێنەوە سەر رابردوو و بڵێین کە رابردوو هەیە، بەڵام لە فۆڕمێکی یادەوەری و پێگیریی شتەکان هەیە. هەورەها لە فۆڕمی مێژوویەک بوونی هەیە. مەبەستیش لەو مێژووە، سەرجەمی ئەو ئەزموونانەی لە رابردوودا هەمانبووە و بەرەو ڕاستی ئێستاکێ هێناومانی. بەو شێوەیە، ئێمەش هەموو بەرهەمی مێژوویەکین، دەرئەنجامی رابردوویەکین کە زەندەگیمان کردووە. بەو جۆرە دکرێت بشڵێین، کە کات بریتیە لەوەی لە رابردوودا پارێزراوە بۆ ئێستا. ئەگەر یادەوریی لەدەست درا، واتە شووناس لەدەست دەدرێ، کەسەکە نازانێ کێیە! تەنها یادەوریی پارچەکانی ئەو شووناسە وەیەک دەخات، هاوکات دەبێتە تۆویی هۆشیاربوونی کەسێک بە بوونی خۆی و هەڵسەنگاندنی کەسایەتی لەگەڵ کاتدا و گۆڕانکاریەکانی ژیانی. لەبارەی هەمان بیرکردنەوە، ڕای فەیلەسووف (ڤلادیمیر ژانکێلێڤیتش) Vladimir Jankélvitich دەچێتە پاڵ بێرگسن کە “کات خودی جەوهری مرۆڤە”  هەروەها فەیلەسوف (ژان-لوی فیێار-باڕۆ)Jean-Louis Vieillard-Baron رای خۆی دەخاتە پاڵ رای ئەوان کە “مرۆڤ بەدەر لە کات هیچیتر  نییە”

 

سەرچاوەکان و پەرواێزەکان:

1 Saint Augustin, Les Confessions, Livre XI.

2 Ibid, هەمان سەرچاوەی پێشوو

هەمان سەرچاوەی پێشوو3 Ibid

4 France Culture : Les Chemins de la philosophiepar, Jean-Louis Vieillard-Baron, l’éternité retrouvée. Le 23/06/2016.

5 France Culture : Les Chemins de la philosophiepar, Jean-Louis Vieillard-Baron, l’éternité retrouvée. Le 23/06/2016.

– BERGSON Henri, La pensée et le mouvant ( Articles et conférences), Éditions Les Presses universitaires de FranceCollection : Bibliothèque de philosophie contemporaine, Paris, 1969.

– Bergson, tout simplement : Les Nouveaux chemins de la connaissance Émission diffusée sur France Culture le 13.04.2015. Par Adèle Van Reeth, Nicolas Berger et Michel-Ange Vinti (4 parties).

– Dolbeault, Joël. (2019). Compte rendu de [Henri Bergson, L’idée de temps. Cours auCollège de France 1901-1902. Paris, Presses Universitaires de France, 2019,256 pages]. Philosophiques, 46 (2), 444–448. https://doi.org/10.7202/1066781ar.

– Frédéric Worms – Camille Riquier, Lire Bergson, Éditions Puf,Paris, 2011.

– France Culture : Les Chemins de la philosophiepar Géraldine Mosna-Savoye : Saint Augustin passe aux aveux (4/4) : Livre XI à XIII : Jean-Louis Vieillard-Baron, l’éternité retrouvée. Le 23/06/2016.

– Saint Augustin, Les Confessions (Livre XI) Éditions Flammarion, Collection : GF PHILO’, Format : Poche, Paris, 1997.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: