شێخ عیزەدین حسێنی

664
0
بڵاوکردنەوە:

ژیان  لە  پێناوی خەباتدا

نووسینی: سۆران ئازەریار

شێخ عیزەدین حسێنی، کەسایەتی ناسراوی ئایینی و سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ساڵی 1301ی هەتاوی، بەرانبەر بە1922ی زایینی، لە بنەماڵەیەکی ئایینی و خوێندەواری شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. باوکی، شێخ ساڵح لە ساداتی بنەماڵەی بەرزنجی و یەکێک لە چالاکانی هەڵسووڕاوی دژبەری ڕژێمی پاشایەتی ئێران (ڕەزا شای پەهلەوی) بووە.

تا ساڵی ١٩٣٦، بەهۆی نەبوونی پەیمانگەی حکوومی لە بانە، سەرف و نەحوی عەرەبی، قورئان، گوڵستان و بووستانی سەعدی لەلای باوکی خوێندووە. ھاوینی ساڵی ١٩٣٨(١٣١٧) لە گوندی سیسێر لەلای مەلا سەید حسێن دەرسی فەقێیەتی دەست پێکردووە؛ هەر لەو ساڵانەدابوو، خەباتێکی چەکداری دژی ڕژێمی ڕەزاشا لە ناوچەی سەردەشت دەستی پێکرد کە دەنگدانەوەیەکی باشی لە ناوچەکە هەبوو و، ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر شێخ عیزەدین داناوە و زیاتر هەستی بە چەوسانەوەی نەتەوەکەی و زۆرداری ڕژێمی پاشایەتی کردووە؛ سێ ساڵ لە گوندی سیسێری سەردەشت ماوەتەوە، پاشان دەچێتەوە بانە و دواتر لە گوندی نەمەشیر، دیسانەوە سیسارک و ماوەیەکیش دواتر، لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ ماوەی ٧ مانگ لای مامۆستا مەلا باقر لە ئاوایی بالک لە ناوچەی مەریوان خوێندویەتی. ساڵی ١٩٤٢ بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ناوچەی موکریان و لەوێ وەک قوتابییەکی زیرەک لە هیچ هەوڵێک بۆ فێربوون درێغی ناکا. ساڵی ١٩٤٣ چووەتە ناوچەی بۆکان، و بە نازناوی نھێنی «ھەوێن» بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێکاف) و چالاکی سیاسی دەستپێکردووە؛ مامۆستا شێخ عیزەدین لە بۆکان پێوەندی دۆستانەی لەگەڵ کۆمەڵێکی بەرچاو لە کەسایەتییە دیار و شاعیرانی ئەو سەردەمی کوردستان وەک: ھەژار موکریانی، مامۆستا حەقیقی و حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی، زۆر خۆش بووە.

ساڵی ١٩٤٥ (١٣٢٤) چالاکانە لە ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداری کردووە. بەھاری ساڵی ١٩٤٦ (١٣٢٥)دەچێتە مەھاباد کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بوو و ھەتا پاییز لای مامۆستا مەلا حسێن مەجدی وەزیری عەدلیەی کۆماری کوردستان درێژە بە خوێندن دەدات. دوای تێکچوونی کۆمار لە ساڵی ١٣٢٦ لەگەڵ مامۆستا شێخ جەلالی برای دەچێتە ناوچەی مەریوان لە ئاوایی باڵەک لە قوتابخانەی مەلا عەلی باقر، کە مامۆستایەکی ناوداری ئایینی بوو. ساڵی ١٩٤٨ (١٣٢٧) دەگەڕێتەوە لای مەلا عەلی وەڵزی لە گوندی حەمامیانی بۆکان و مۆڵەتی وانەوتنەوە وەردەگرێت و بە فەرمی دەبێتە مەلا و مودەڕیس لە گوندی کانێ ڕەشی بۆکان. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥١ تا ١٩٥٨ (١٣٢٧–١٣٣٧)لە گوندەکانی کانێ ڕەش، گۆڵێ و قارەوای بۆکان مەلا بووە و وانەی بە شاگردەکانی وتۆتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ ھەتا ١٩٥٣ (١٣٢٩–١٣٣٢)بزووتنەوەی جوتیاران لەو ناوچەیە زۆر بەھێزبووە و مامۆستا کەوتووەتە بەر ھێرشی ئاغا و مالیکی ناوچەکە و بەو بۆنەشەوە ناچارکراوە گوندی گۆڵێ جێ بھێڵێت. مامۆستا بە ھۆی ھەڵوێستە بوێرانەکانی بەناوبانگ بوو، لە گەڵ دیاردەی شێخ و دەرەبەگایەتی کێشەی هەبووە. لە ژیانیدا دژ بە خۆرافاتی ئایینی وەستاوەتەوە و لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتی کردووە لەگەڵ دیاردەی کچ بە پچوکی بەشوودان، گەورە بە پچوک، ژن بە ژن و سێ‌تەڵاقە. ئەمە ھاوکات بوو لەگەڵ سەردەمێک لە ئێران کە کێشەی خۆماڵیکردنی نەوت لەلایەن دەوڵەتی دوکتور محەمەد موسەدیقەوە لە ئارادا بوو. ساڵی ١٩٥٨ (١٣٣٧)لە مەھاباد دەبێتە مودەریس لە مەدرەسەی زانستە دینییەکان (عولومی دینی)، شێخ عیزەدین ھەڵکەوتەیەکی پێشکەوتنخوازی ئایینی و نەتەوەیی کورد بوو. ئەوکەسایەتییەکی بیرمەند و بلیمەت بوو، هەر بۆیە لە سەرتاسەری کوردستان بە مامۆستا دەناسرا و جێ بڕوا و متمانەی پیر و منداڵ و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بوو.

ئەو کەسانەی چ لە مەھاباد و چ ساڵەکانی پێشووتر، لای مامۆستاشێخ عیزەدین دەیانخوێند، لە پەنای خوێندنی ئاسایی فەقێیەتی و ئایینی، لەگەڵ مێژووی تێکۆشان و خەباتی گەلی کورد ئاشنا دەبوون. تێکۆشەری بەناوبانگ مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە حوجرەی مامۆستا لە ئاوایی گۆڵێ خوێندبووی. زۆر خەباتکار و تێکۆشەری چالاکی ڕێگەی کوردایەتی لە حوجرەکەیدا وانەیان خوێندووە. ساڵی ١٩٦٨ (١٣٤٧)بوو بە پێش نوێژ و وتارخوێنی هەینی لە مزگەوتی سووری مەهاباد. ھەر لەو ساڵەدا شەپۆلێکی بەکۆمەڵگرتنی تێکۆشەرانی کورد کەوتەڕێ و بەتایبەت پادەگانی جەڵدیان بوو بە زیندانێکی گەورە. مامۆستا بۆ ماوەیەکی کورت گیرا، لەو ماوە کورتەشدا کەسایەتی ئایینی شاری مەھاباد و خەڵکی شار کەوتنە گەڕ بۆ ئازادکردنی و سەرئەنجام هەوڵەکان بە ئەنجام گەیشت.

لەو ساڵانەدا کە مامۆستا لە مەھاباد بوو بەردەوام لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ، ڕووناکبیران و نووسەرانی ناودار و ئەندامان و خەباتکارانی دێرین و نوێی بزووتنەوەی کوردستان، لە پەیوەندی گەرموگوڕ دابوو. ٥ی حوزەیرانی ١٩٧٨ (١٥ی خەرمانانی ١٣٥٧ی هەتاوی) لە ڕێوڕەسمی شکۆداری ناشتنی عەزیز یووسفی کە ساڵێک پێش بە نەخۆشی لە زیندان ئازادکرابوو، وتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو و لەلایەن شێخ عیزەدینەوە سێ ڕۆژ پرسەی گشتیی بەو بۆنەوە ڕاگەیەندرا. کە ئەم جووڵانەوەیە بە دەستپێکی چالاکییەکانی بزووتنەوەی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە دژی حوکمڕانی شا دەژمێردرێت. دواتریش لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی دا کە خۆپێشاندانێکی گەورەی لێکەوتەوە و ٤٢ کەس تێیدا دەستبەسەر کران، شێخ عیزەدین دەوری بەرچاوی لە ڕێبەریکردنی خۆپێشاندانەکەدا گێڕا و بە هەموو توانایەوە داکۆکی لە ئیرادە و مافی خەڵک و خەباتەکە کرد و دەستی کرد بە وتار نووسین و ڕاگەیاندن لەسەری، هەموو ڕاگەیاندنەکانی ئەو کاتیش بە واژۆی مامۆستاوە بڵاوکراونەتەوە.

لە کاتی ڕاپەڕین خەڵکی ئێران دژی ڕژێمی پاشایەتی، بە هەموو شێوەیەک بەرگری دەکرد لە قوربانی دانی زۆرتر لەوخەباتەدا. لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا بووە سەرۆکی شورای شاری مەھاباد، بەردەوام لەو شارە و لەشارەکانی دیکەی کوردستان لە بۆنەی جیاوازدا قسەی بۆ خەڵک دەکرد و ھانیدەدان بۆ خەبات و یەکگرتوویی پەیڕەوانی بیر و ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان. بە ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران، ڕۆڵی مامۆستا شێخ عیزەدین زۆر گرنگتر بووەوە. ھەموو نوێنەرانی حکومەت و کاربەدەستانی ئێران کاتێک دەھاتنە کوردستان و لەگەڵ نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان دادەنیشتن، پێگەی شێخ عیزەدین زۆر بەرچاو و کاریگەر بوو.

لەساڵەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕژێمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان دەوڵەتی ناوەندی و لایەنە سیاسییەکان، کە کۆمەڵە، چریکی فیدائی و حیزبی دیمۆکرات لە ڕێبەرایەتییەکەی دابوون، شێخ عیزەدین بوو بە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و دواتریش وەک بەرپرسی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد بۆ دانوستان هەڵبژێردرا.

شێخ عیزەدین باوەڕی تەواوی بە مافی چینی هەژار و بن دەستی کۆمەڵگا و کرێکاران و زەحمەتکێشان هەبوو، هەر بۆیە زیاتر لە چەپەکان و بە تایبەت کۆمەڵە، کە تازە خەباتی ئاشکرای خۆی دەست پێکردبوو، نزیکایەتی دەکرد و کۆمەڵەش وەک کەسایەتێکی جێ متمانە و خاوەن هەڵوێست و شۆڕشگێڕی کوردستان ڕێزی لێ دەگرت.

نەورۆزی ١٩٧٩ دوای کارەساتی خوێنین لە شاری سنە کە بە نەورۆزی خوێناوی شاری سنە ناسراوە، مامۆستا لایەنێکی سەرەکی بوو لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی تاران؛ لەو کۆبوونەوەیەدا بوو کە مامۆستا لە کاتی فڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکان بەسەر شاری سنەدا و لە گەرمەی وتووێژەکاندا گوتی: «فەرقی تاج و عەمامە چییە؟ حکومەت نەگۆڕدراوە، تاجی پاشایەتی لاچووە و عەمامەی مەلاکان ھاتوەتە جێگای.» ڕۆژی ٢٦ی ئازاری ١٩٧٩ شێخ عیزەدین حسێنی، کۆمەڵە و چریکی فیدائی لە ڕاگەیاندنێکدا ڕێفراندۆمی بەڵێ یا نەخێر بۆ قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیان ڕەد کردەوە و داوایان لەخەڵک کرد نەچنە سەر سندووقی دەنگدان؛ مانگێک دواتر لەسەر بانگھێشتی وەزیری ناوخۆ سەفەرێکی کرد بۆ تاران و قوم. لەم سەفەرەدا لەگەڵ خومەینی، مەھدی بازرگان سەرۆک وەزیر، وەزیری ناوخۆ و چەندین کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دیداری ئەنجامدا. لە دیدار لەگەڵ خومەینیدا کاتی ماڵئاوایی، خومەینی دەڵێت: شێخ عیزەدین ئەمنیەتی کوردستانم لە تۆ دەوێت، مامۆستاش بێ دوودڵی وڵامی دەداتەوە و دەڵێ: منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێت. لەو سەفەرەدا لە زانکۆی شەریف لە تاران لەناو خوێندکارانی زانکۆ لە وتارێکدا وتی: «ئەو ئایینەی خەڵک بە گژ یەکدا دەکات، ئایینی ئیلاھی نییە… سانسۆر نمونەیەکە لە گەڕانەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی. کۆنەپەرستی لە ھەر جلوبەرگێکدا و بە ھەر ڕەنگێک بێت مەحکومە… ئێمە لایەنگری ھەڵسووڕانی ھەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانین… شۆڕش ھێشتا بە ئاکام نەگەیشتوە چونکە ئامانج لە شۆڕش گۆڕانی بنەڕەتییە.»

سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ شێخ عیزەدین لەناو بەخێرھێنانی ئاپۆرەی خەڵکدا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان گەڕایەوە بۆ کوردستان و سەردانی سنە، دیواندەرە، سەقز، بانە و بۆکانی کرد و گەڕایەوە بۆ مەھاباد. لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٧٩ ھۆشداریدا: «ئەگەر وریا نەبین تووشی شەڕی چەکداریمان دەکەن… پارێزگاری لە شارەکان دەبێت لەژێر چاوەدێری شورای شارەکاندا بێت.»

١٩ی ئابی ١٩٧٩ فەرمانی ھێرشی حکومەتی ناوەندی بۆ سەر کوردستان لەلایەن خومەینییەوە دەرچوو؛ مامۆستا لەگەڵ تێکۆشەرانی کورد چووە شاخ و لە ڕێگای ڕاگەیاندن و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانییەوە دەنگی گەلی کوردی بە ھەموو جیھان دەگەیاند. چەند ھەفتەی دواتر «دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی» بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی مامۆستا پێکھات، کە ئەندامەکانی ژمارەیەک لە کەسانی نزیک لە مامۆستا و تێکۆشەرانی پێشکەوتنخوازی کوردستان بوون و ئەرکی پارێزگاری کردن لە دەفتەرەکەش، کۆمەڵە لە ئەستۆی گرتبوو.

مانگی چواری ١٩٨٠ مامۆستا گەشتێکی دەستپێکرد لە مەھابادەوە بۆ بۆکان، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان و بانە. لەھەموو لایەک لە کۆڕ و خۆپیشانداندا ڕایدەگەیاند گەلی کورد خوازیاری مافی ئاسایی خۆی و ئاشتی و پێکەوە ژیانە و دژ بە دەستپێکردنەوەی شەڕە. وێنە و فیلمی ئەم گەشتە کە لەگەڵ پێشوازییەکی بێ وێنەی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوو بووەوە، سیمای سەرکردەیەکی خۆشەویست نیشان دەدات.

سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ مامۆستا نوێنەری خۆی ناردە ئەوروپا بۆ ئاگارکردنەوەی بیروڕای جیھانی لەسەر بارودۆخی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی و چەندین نامەی نارد بۆ پاپا لە ڤاتیکان، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و یاسر عەرەفات. ھەروەھا پەیامێکی تایبەت بۆ ڕای گشتی جیھان و ئێرانییەکان و کوردەکان لە دەروەی وڵات کە بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فەڕەنسی بڵاوکرایەوە.

لە پایزی ساڵی ١٩٨٢ مامۆستا بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ باروودۆخی گەلی کورد گەشتێکی نۆ ھەفتەیی کرد بۆ پاریس و دواتر بۆ عەرەبستان. لە گەشتی پاریسدا لەگەڵ میدیاکانی فەڕەنسا و ھەروەھا لەگەڵ ڕادیۆ بی‌بی‌سی بەشی فارسی گفتوگۆیەکی گرنگی کرد.

لە ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٨٨دا مامۆستا لە ھەلومەرجێکی دژواردا لە ناوچەکانی سەرسنووری عێراق و ئێراندا دەژیا و بەردەوام بوو لە چالاکی سیاسی و دەرکردنی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕاوبۆچوونەکانی. ھەر لەم ساڵانەدا بوو کە مەقەڕی نیشتەجێبونی خۆی و بنەماڵەکەی لە ناوچەی سەرسنووری پارێزگای سلێمانی کەوتە بەرپەلاماری فرۆکە جەنگییەکانی حکومەتی بەعسی عێراق. کە لە ئاکامدا دوو کەس کوژران و مامۆستا و ھاوسەری و نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەش برینداربوون. ساڵی ١٩٨٨ سەفەرێکی کرد بۆ وڵاتی تونس بۆ دیدار لەگەڵ یاسر عەرەفات و دواتر سەردانی سوید و فەڕەنسای کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ کوردستان.

لە کۆتایی ھاوینی ساڵی ١٩٩٠دا لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩١ لە شاری ستۆکھۆلم کۆنفرانسێک گیرا سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان کە شێخ عیزەدین و ژمارەیەک لە نووسەران و چالاکانی سیاسیی کورد و بیانی تێیدا بەشداربوون.

مامۆستا لە ماوەی ژیانی لە تاراوگە لە دەیان کۆنگرە و کۆنفڕانسی گرنگ لەسەر باروودۆخی کوردی ڕۆژهەڵات بەشداری کرد و ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا.

شێخ عیزەدین کە لە دوایین وتووێژەکان دەکرێ ئاماژە بە وتووێژ لەگەڵ بەشی فارسی کەناڵی بی بی سی، بکەین، باوەڕی تەواوی بە جیایی دین لە دەوڵەت، ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کورد، یەکسانی ژن و پیاو و ئازادی بیر و باوەڕە جۆراوجۆرەکان بوو، و کردار و ڕەفتاری مامۆستا لە ماوەی ژیانی سیاسی دا ئەوەی بە کردەوە، بە هەمووان نیشان دا.

سەرئەنجام، ڕێککەوتی ١٠ی مانگی ٢ی 2011،ی زایینی، مامۆستا شێخ عیزەدین حسێنی، ئەو مەلایەی هەموو تەمەنی بۆ خزمەت بە خەڵکی کورد و بزووتنەوەکەی تەرخان کرد و کەسایەتێکی پێشکەوتنخوازی ئایینی کوردستان بوو، لە تەمەنی ٨٩ ساڵی، لە شاری ئۆپسالای وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

بڵاوکردنەوە: