یاخیبوونی کیێرکیگارد

258
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ئالان عەتوف

خوێندنەوەیەکی (پیتەر گۆردن)ە بۆ کتێبی: (کیێرکیگارد: تاووتوێکردن و رەخنە) لە نووسینی ژنە لاهوتناسی بەریتانی دافنی هامسن.

دەمووچاوی، هەروەک ئەم پۆرترێتە، بە تەواو نەکراوی مایەوە. هەرچەندە کیێرکیگارد لەویادا ٢٧ ساڵە، بەڵام سوێند ئەخۆی هێشتا لە نەوجوانێک ئەچێت. رووانینەکەی یەکجار توندە، چاوانی بێ وەی و یەکجار گەورەن. خەنافسی تەنکی هێشتووەتەوە کە ئەمەش لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا بۆ پیاوان مۆدێل بوو. بەڵام دەمی، کە بە بڕوابەخۆبوونەوە توند داخراوە، خیانەتی لێ ئەکات: لێوەکانی یەکجار ناسک و ئارەزووبزوێن و زیندوون.

ساڵێک دوای ئەمە، واز لە (رێگینە ئۆلسن)ی دەزگیرانی دەهێنێت و دەستدەکات بە ژیانی زوگوردێتی. ئەمەش دەبێتە دەستپێکی پیشە فەلسەفیەکەی. جارێکیان کیێرکیگارد دەنووسێت: “لەراستیدا دەستگیرانداریم لەگەڵ [رێگینە] و وازهێنان لێی پەیوندی نێوان من و خودایە.”

بە بەرفراوانی، کیێرکیگارد بە گرنگترین بیرمەندی ئایینیی سەردەمی مۆدێرن دائەنرێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی بە چڕوپڕیەکی تایبەتەوە هەستا بەزەقکردنەوەی ململانێی نێوان (ئایین و عەقڵی عەلمانی)، نێوان (ئیمانداریی تایبەتی و فەزای گشتی)، و تا ئەو راددەیە رۆیشت بەو بیرۆکەیە سەرگەرممان بکات کە ئاشتبوونەوەی رەسەنی نێوانیان مەحاڵە. لای کیێرکیگارد، کۆمەڵگە شوێنی تەختکردن و بەیەک ئاستکردنی نەریتەکان و پرەنسیپە ئاکاریەکانە کە پێکەوە گرێمان دەدەن بۆ پشتگوێ خستنی خۆت (خود). ئەوە تەنها (ئیمان)ە کە پیس نەبووە بە تێگەیشتنی گشتیی و تاکی رەسەن جیا دەکاتەوە. ئیمان شتێکە تەواو ناوەکیە، بازێکە بەرەو پێکناکۆکی (پارادۆکس).

لە سنوورێکدا، ئەم جۆرە ئارگیومێنتانە پێشنیاری رەهاگەرایی ئایینی دەکەن؛ ستایشی ئیماندار ئەکەن ئەگەرچی بیروباوڕەکانیشی دژی هەموو رێسا قبوڵکراوەکانی مرۆڤایەتی بن. بە خوێندنەوەی ئیشەکانی کیێرکیگارد، ئەو ترسەت لا دروست دەبێت کە ئەو کەسایەتیەی ئەم وەک “سوارچاکی ئیمان” شینی بۆ ئەکات زۆر نزیکە لەو کارەکتەرەی کە ئێمە لە ئێستەیا دنیایەک دوودڵیمان بەرامبەری هەڵچنیوە، ئەویش کەسایەتی: توندڕەوی ئایینیە.

بەڵام بیری کیێرکیگارد لەمە ووردتر و زیرەکانەتر بوو. وەک عاشقێکی مەسخەرە و تەنز، ناوی خوازراوی لەسەر زۆربەی کارەکانی دادەنا لەوانەش: ئێشکچی کۆپنهاگن، یۆهانس دو سیلنسو، دژە-کلایماکەس، و لەوانەیە باشترینی هەموویان (جزوبەندکەری قۆشمە) بێت. هەمووان لە کۆپنهاگن ئەیانزانی کیێرکیگارد دانەری کارەکانیەتی، بەڵام ئەمە نەیئەوەستان لە بەکارهێنانی ئەم ناوە خوازراوانە، هەندێ جاریش تێبینیەکی ئەکادیمیانەی بۆ پەڕەی ناوونیشانی یەکێ لە کتێبەکانی ئیزافە دەکرد و دەینووسی “لەلایەن سورن کیێرکیگاردەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە”.

لە کاتی تردا کیێرکیگارد یەکجار جیدی بوو، واعیزێکی ئەخلاقیی (لوسەر)ی کە سەرکۆنەی بەپرسە باڵاکانی کڵێسای ریفۆرمکراوی دانیمارکی دەکرد و بە دورودرێژی باسی لە تێماکانی ئیمان و گوناه و قەلەق ئەکرد. لەنێو بەناوبانگترین کارەکانیدا تەنز و مەسخەرەی بریندارکەر بەرامبەر خۆگونجان و تەوفیقیەتی بۆرژواکان بەدی دەکرێت. ئەم کارانەشی، هاوشێوەی رۆمانی (یادەوەریەکانی ژێرزەمین)ی دیستۆڤسکی، پڕن لە زویربوونی تەقینەوەیی. ئەم رۆمانەی دیستۆڤسکی کەمتر لە دەیەیەک پاش مردنی کیێرکیگارد لە ١٨٥٥ دا بڵاوبووەوە.

کیێرکیگارد تەنها تاکە رایەڵەیەکی میراتیی جێ نە‌هێشتووە کە بە ئەمڕۆمانەوە ببەستێتەوە. هەرچەندە ئەگەریی کەمە بەڵام عورفێکی فەلسەفی هەیە کە کەلێنێک پڕ دەکاتەوە، ئەویش لەرێگەی بەستنەوەی کیێرکیگاردی ئیماندار بە فریدریک نیتشەی مولحیدەوە. لە ١٩٢٠ و ١٩٣٠ یەکاندا، فەیلەسوفەکانی وەکو مارتن هایدگەر و ژان-پۆڵ سارتەر بیرۆکە ناوەندیەکانی فەلسەفەی بوونگەراییان لە نووسینەکانی کیێرکیگاردەوە هێنا. سەرباری ئەوەی لەگەڵ (خوداباوەڕیەکەیدا) نەبوون، بەڵام ئەو وێنەیەی کیێرکیگاردیان وەرگرت کە دەڵێت مرۆڤ، بەشێوەیەک کە قابیلی راستکردنەوە نیە، لەنێوچووە و (فانی)یە و مەحکومە بە بوونێکی دونیایی کە بێ بەریە لە هەموو یەقینە عەقڵانیەکان. فەیلەسوفی فەرەنسی، ژان وال، بەشێکی سەرەکی کتێبەکەی (مێژوویەکی کورتی بوونگەرایی – ١٩٤٧) بۆ کیێرکیگارد تەرخان دەکات و دەڵێت: “ووشەی ‘بوون’ بە مانا فەلسەفیەکەی کە ئەمڕۆ بەکار دێت لە ئەسڵا لەلایەن کیێرکیگاردەوە دۆزراوەتەوە.”

لە بابەتەکانی مێژووی فەلسەفەدا، هێشتا ناوهێنانی کیێرکیگارد وەک دامەزرێنەری بوونگەرایی شتێکی عادەتیە. بەڵام میراتێکی تریشی ئەیبەستێتەوە بە بزووتنەوەیەکی یاخییەوە کە ناسراوە بە “لاهوتناسیی قەیران” کە بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوستە بە کارل بارس، قەشەی چاکسازبووی سویسریەوە، کە لە کتێبەکەیدا (ئیپستڵ بۆ رۆمانەکان) گۆڕانکاری بەسەر دیمەنی فیکری ئایینی سەدەی بیستەمدا هێنا. ئەستەم نیە ببینیت بۆچی بارس رێنوێنی و ئیرشادی لە کیێرکیگارددا دۆزیوەتەوە کە نووسینەکانی تا پلەی واسواسی لەسەر درزی رەهای نێوان خودا و مرۆڤایەتی رائەمێنن. بەلای کیێرکیگارد، و هەروەها بەلای بارسیشەوە، خودا “بەتەواوەتی ئەوی تر” دەمێنێتەوە و ناکرێت بۆ مەسەلە ئەم دنیاییەکان بئاخنرێتە نوێژ و نزاوە.

بەڵام کیێرکیگارد موحافزکارێکی شێلگیر و بیرنەگۆڕیش بوو، و ئاکامە سیاسیەکانی موتڵەقگەراییە ئایینیەکەی بە یەکلانەبوویی دەمێننەوە. بۆ نموونە قینی لە (ئاپۆرە یان جەماوەر) گومانێکی تەندروستە بەرامبەر خۆگونجاندن و تەوفیقیبوون بە مەبەستی سیاسی بەڵام سووکایەتیەکیشە کە لایەنی چاکەی گشتی پەک دەخات.

رایەڵەیەکی جیاوازتری کاریگەریەکەی کیێرکیگارد بە رەخنەگرە نالیبراڵەکانی دیموکراسیی مۆدێرنەوە دەبەستێتەوە لەوانەش تیۆرناسی نازی بواری یاسا کارل شمیت کە کەسایەتی بە نەژاد دانیمارکی وەک دەسەڵاتێک سەیر دەکات ئەمە لەکاتێکدا بانگەشەی ئەوە ئەکات کە کێشە سیاسیەکان لەوپەڕیاندا پێویستیان بە بڕیاری رادیکاڵانەیە نەک گفتوگۆی عەقڵانی.

دونیای لێکۆڵینەوە ئەکادیمیەکان لەسەر کیێرکیگارد پڕە لەو گلەییانەی کە دەڵێن لێکدانەوەی هەڵە بۆ کیێرکیگارد دەکرێت. لە راستیا کیێرکیگارد نە موحافزکارێکی توندڕەو و نە “نا عەقڵانیش” بووە (کە ئەمەیان تۆمەتێکی ستانداردە ئاراستەی دەکرێت). بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە کاریگەریی کیێرکیگارد بەسەر هەموو جۆرە ئایدیۆلۆژیاکانەوە بەدی دەکرێت، و میراتەکەشی ناکۆکیی لەسەرە تەنها لەبەرئەوەی ماناکانی دەڕژێن بەسەر لێواری هەموو سنوورەکانی عەقیدە و ئارگیومێنتدا.

دووسەدەمین ساڵوەگەڕی لەدایکبوونی کیێرکیگارد لە ١٨١٣ دا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ژیاننامەیەکی مەزنی لە نووسینی یواکیم گارف (یەکەمجار بە دانیمارکی لە ٢٠٠٠دا و پاشان بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانە ئینگلیزیەکەی لە ٢٠٠٥دا)، و رێبەرنامەی ئۆکسفۆرد لەسەر کیێرکیگارد لەگەڵ کتێبی دووەمی گارف بە زمانی دانیمارکی بەناوی (رازی رێگینە: چیرۆکی دەزگیرانەکەی کیێرکیگارد و ‘شلیگل’ی هاوسەری ٢٠١٣) کیێرکیگاردیان هێنایەوە بەر دیدەمان.

ناشتوانین کتێبی (ژیانێکی کورتی کیێرکیگارد)ی واڵتەر لۆوری پشتگوێ خەین (کە بە بۆنەی دووسەدەمین ساڵوەگەڕی لەدایکبوونیەوە لە لایەن چاپخانەی زانکۆی پرینستن دووبارە لە چاپدراوەتەوە). یەکەمجار لە ١٩٣٨ دا بڵاو دەبێتەوە، ڤیرژنە دوورودرێژەکەی ئەم ژیاننامەیەی لۆوری هێشتا شایانی خوێندنەوەیە. لۆوری، کە خۆی قەشەیەکی کڵێسای ئێپیسکۆپالە و لە دامەزراوەی لاهووتی پرینستین خوێندوویەتی، شەیدای کیێرکیگارد بوو، کە بە “ئێس.کەی” بانگی دەکرد. ئەمەش نازناوێکە کە تا ئێستاش لەنێو لێکۆڵەرە ئەکادیمیەکاندا بەکار دەهێنرێت. لە پێشەکی کتێبەکەیدا، لۆوری ئیعتراف دەکات: “ئێس.کەی … لە زەمەنێک ئەدوێت کە تێیدا ‘عاشقەکەم’ دەگاتە جێ –  خوێنەریش بە ئاسانی تێدەگات کە ئەم کتێبە لەلایەن عاشقێکەوە نووسراوە.”

دافنی هامسن، نووسەری کتێبی (کیێرکیگارد: تاووتوێکردن و رەخنە)، عاشقی ئایدیاکانی کیێرکیگارد نیە. هەر لەبەر ئەوەشە وەک رێبەرێکی متمانەپێکراوتر خزمەتمان دەکات. وەک پرۆفیسۆری خانەنشین لە زانکۆی سەینت ئاندروز و مامۆستای لاهوت و ئایین لە ئۆکسفۆرد، خاوەنی دوو دکتۆرایە یەکێکیان لە مێژوو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و ئەوی تریان لە لاهوتناسیدا لە زانکۆی هارڤارد، کە لەوێ لە ناوەڕاستی بیستەکانی تەمەنیدا، بۆ یەکەمجار لە دیراسەیەکی سەربەخۆدا لەگەڵ پرۆفیسۆری ئیلاهیات ریچارد راینهۆڵد نیبەر تووشی کیێرکیگارد دەبێت. هەرچەندە هامسن زۆربەی ژیانی لەگەڵ کیێرکیگارد وەک هاوەڵێکی خەیاڵی دەباتە سەر، بەڵام کتێبەکەی زیاتر کارێکی دۆکیومێنتکردنە وەک لەوەی ستاییشکردنی بێت. بونیادەکەی راست و رەوانە: هەر چاپتەرێکی باس لە یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی کیێرکیگارد دەکات، لەگەڵ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ووریایانەی یەکێکیان پێش ئەوەی بچێتە سەر رەخنە.

گۆڕانەکە دەشێت ناجۆر بێت. هامسن شیکەرەوەیەکی ئەرک بەجێهێنە و پوختەکانی دەشێت کەمێک ووشک بن کاتێ بۆچوونەکانی خۆی لە ژێڕ چاودێریدا دە‌هێڵێتەوە. بەڵام کاتێ ماڵئاوایی لە ئەرکی شیکردنەوە دەکات، دەنگی رەخنەگرانەی بیرمەندانەیە و سنووربەند نیە بە نەریتیبوون (ئۆرسۆدۆکسی). بە دڵنیایییەوە هۆکاری بەشێکی ئەمەش پەیوەندی بەو راستیەوە هەیە کە هامسن هاوڕا نیە لەگەڵ بیروباوەڕەکانی کیێرکیگارددا. هەرچەندە خۆی جۆرێک لە “رۆحانیەت”ی لا پەسەندە، بەڵام دژی یەک– خوداباوەڕیی تەقلیدیە بە تایبەتی لە بابەتەکانی پەیوەست بە پیاوسالاریەوە. ئەو چەمکەی کە دەڵێت “خودا”یەک کە لە “دەرەوە”ی جیهان نیشتەجێیە لای ئەو پاشماوەی میتافیزیکێکی مردووە. لە پێشەکی کتێبەکەیدا، پاش پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین بۆ مامۆستا و هاوکارەکانی، لە ئاماژەیەکی نائاساییدا رێ بەخۆی دەدات سوپاسی خودی کیێرکیگارد بکات:

“ژیانم کەمێ جیاواز ئەبوو ئەگەر تووشی کیێرکیگارد نەبوومایە. بەهۆی تێڕوانینەکانی و ژیریەکەیەوە، بووە سەرچاوەی خۆشی و رووناکبیریی بۆم. خرۆشاوم بە عیشقی ئەو بۆ خودا، بە هەستیاریەکەی بۆ ئەوانی دی، بە شۆخیە بە کەیفەکەی.”

بەڵام، زیاتری دەخاتە سەر و دەڵێت، کە کیێرکیگارد یارمەتیشی یاوە “بە رۆشنیەکی گەورەترەوە تێبگەم بۆچی هیوا نەخوازم مەسیحی بم.”

هامسن، وەک زۆربەی ئەو لێکۆڵەرە ئەکادیمیە عەلمانیانەی خوێندنەوە بۆ کیێرکیگارد دەکەن، مەبەستیەتی ئەوەنەی مومکین بێت و بە پەرۆشەوە ئەو لایەنە روونبکاتەوە کە کیێرکیگارد مەبەستی بووە بیڵێت. بەڵام لەسەر ئەو مەسەلانەی کە بەشێكی زیندوو بوون بۆ بیروباوەڕی کیێرکیگارد، هامسن بە روونی دژیان دەوەستێتەوە، و ئامادەیە بەو جۆرە بیرۆکانە سەرگەرممان بکات کە لای کیێرکیگارد خۆی مایەی قبوڵکردن نەبوون.

خۆشەویستی کیێرکیگارد خۆی بۆ بیروباوەڕەکەی بێ مەرجە. لەگەڵ ئەوەی کە هاتە دنیاوە، خێزانەکەی لەرووی داراییەوە بێ کێشە بوون، بەڵام باوکی تا راددەیەک وەک گەنجێکی نەدار هاتبووە شاری کۆپنهاگن، و لەگەڵ خۆشیا نۆستالژیایەکی درێژخایەنی بۆ تەقوای مۆراڤیی ( مۆراڤیا شارێکە لە چیک) هێنابوو کە لە ناوچەی گوندنشینی نیمچەدوورگەی (جەتلاند)ی دانیمارک نەشونمای کردبوو. کیێرکیگارد خۆی لە کڵێسای لوسەریی ئینجیلیی دانیمارک خوێندوویەتی، بەڵام گومانێک ئازاری دا کە ئایا وانە و تەعالیمە پیرۆزەکانی ئەم کڵێسایە بە راستی مەسیحیانە بوون یان نا. لەماوەی سەردەمی بەناو زێڕینی دانیمارکدا (ئەو سەردەمەی کە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە دەگرێتەوە لەو کاتەدا کە ووڵات لە جەنگە ناپلیۆنیەکانا دەدۆڕێ تاکو شۆڕشە دیموکراتیەکانی ١٨٤٨)، ووڵات لە رووی کلتووریەوە دابەش ببوو بەسەر نەریتە کشتوکاڵیە هەمیشەییەکانی و ئەریستۆکراسیە تا راددەیەک بچووک بەڵام بەهێزەکەیدا کە لە پایتەخت خڕ ببوەوە. زەوقی جەماوەریی باوەشی کردبوو بە رۆخەکانی نەریتدا و داستانەکانی (هانز کریستیان ئاندرسن) دڵسۆزیی ووڵاتەکەیان بۆ چاکەکانی ناوچەی گوندنشین کردبووە نموونە.

پرستیژی کڵێسای فەرمیی لەلایەن جاکۆب پیتەر مینستەر بەرجەستە ببوو، مینستەر کە لاهوتناسێکی دیار بوو و لە ١٨٣٤ دا پلەی بڵندی (بیشپ)ی زیلاند و پریموسی بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو. وەک لاوێک کیێرکیگارد مووریدی مینستەر بوو – لە راستیدا مینستەر بوو کە مەراسیمی وەرگرتنی کیێرکیگاردی لە کڵێسا ئەنجام دا – بەڵام باوکی ناوبەناو دەیبرد بۆ گردبوونەوەکانی برایانی ئایینی مۆراڤیی. ئەم کەلێنە قووڵە لە کەسایەتی کیێرکیگارددا هێشتا بە پۆرترێتەکەی ١٨٤٠یەوە دیارە کە ئامۆزازاکەی وێنەی کێشاوە: دەتوانیت داکۆکیکارێکی بەپەرۆشی سادەیی مەسیحیەت لە چاوانی پیاوێکی گەنجدا ببینیت، بەڵام لە رووی دەرەوە، کوڕێکی راقی بۆرژوازیی کۆپنهاگنە.

هەر لە هەمان ساڵدا، لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا، کیێرکیگارد رێگینە ئۆڵسن بە دەزگیران دەگرێت. گراف، لە ژیاننامەکەیدا، پێمان دەڵێت کە رۆژی دواتر کیێرکیگارد زانی هەڵەی کردووە. بەڵام تا هاوینی داهاتووی پێچوو بوو بۆ هەڵوەشانەوەی دەزگیرانداریەکەی. کاتێ ئەڵقەکەی گەڕاندبووەوە، ئەو پاساوە درۆیینەیەی هێنابوەوە کە هێشتا لاوە و پێویستی بە “کچێکی گەنجی شەهوانی” هەیە. کیێرکیگارد بەخۆشی دەڵێت کە ئەوە “ستەمێکی پێویست” بوو چونکە دڵنیایی لەوە کردەوە کە رێگینە بەهۆیەوە ئیتر ئاواتەخواز نابێت پەیوەندی لەگەڵ دروستبکاتەوە، هەرچەندە ئەمە واشی کرد کیێرکیگارد چەندین شەو بە تەنیا لە فرمێسک رشتنا بەسەر ببات. رێگینە شوو بە یۆهان فرێدریک شلێگڵ دەکات، کە بەپرسێکی باڵای ناوچەی وێس ئیندیز دەبێت لە دانیمارک؛ لە ١٨٦٠ دەگەڕێتەوە کۆپنهاگن بۆ سەرپەرشتیاریکردنی کەلەپوری کیێرکیگاردی کۆنە دەزگیرانی کە هەموو میراتی خۆی بۆ ئەو جێ دەهێڵت.

خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە خەمناکەی خۆشەویستیی سەرنجڕاکێشە، کە نیشانەیەکی فەلسەفەی پێگەییوی کیێرکیگاردە و لە شوێنێکا دەبچڕێت. رووداوە سەرەکیەکانی – کە تیایدا خیانەت لە نەریتی بۆرژوازیی دەکات لەپێناو بەدیهێنانی تەنیایی پڕ تەقوادا – بەنزیکەیی لە هەموو کارەکانی دواتریدا دەزرنگێنەوە، بەڵام سەدایان لە کتێبی (یان ئەم یان ئەو)دا بەرزترینە کە رامانێکە لەسەر ململانێی نێوان عیشق و ئاکار (ئیتیک)، کە پاش جیابوونەوەی لە رێگینە بە خێراییەکی پڕ دڵەراوکێ لە زستانێکی درێژی بەرلیندا نووسیویەتی. هەروەها لە بەرلین ماوەیەک ئامادەی موحازەرەکانی فریدریك شێلینگ دەبێت، کە شان بە شانی هیگڵ یەکێکە لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ئایدیالیزمی ئەڵمانی (بەڵام کیێرکیگارد پێی وابوو کە کاتی لەو موحازەرانەدە با زایە داوە). بە دەسنوسی تەواوبووی کتێبەکەیەوە دەگەڕێتەوە کۆپنهاگن و بە بڵاوبوونەوەی لە بەهاری ١٨٤٣ دا ئابڕووی کۆمەڵگەی دانیمارکی دەبات و پێگەی خۆی دروستدەکات سەرباری ئەو راستیەی کە بە نازناوی موحەریرێکەوە بڵاوی دەکاتەوە بە ناوی “گۆشەگیری سەرکەوتوو”ەوە.

جێی داخە کە هامسن بەشێک بۆ ئەم کتێبە تەرخان ناکات. تیۆرناسی مارکسی جۆرج لوکاش دەڵێت دەتوانیت تەواوی فەلسەفەی کیێرکیگارد لە جیابوونەوەی لەگەڵ رێگینەدا بدۆزرێتەوە. کتێبی (یان ئەم یان ئەو) لە راستیدا رامانێکە لە جەنگی نێوان دوو چەشنی بوون: بوونێکی لەززەتپەرستانە/مولحیدانە (وەک لە کتێبی “بیرەوەریەکانی تەفرەدەرێک” دا باسی دەکات) لەگەڵ بوونێکی ئاکاریانە (کە تێیدا بەخەبەر دێیت لەپێناو پەشیمانی و “پیرۆزبوون”دا). وەک کیێرکیگارد دەڵێت، بۆ ئەو کەسەی کە دەبێت یان ئەم ژیانە هەڵبژێرێت یان ئەوەی تر، عەقڵ هیچ رێبەریەک پێشکەش ناکات. بەڵام لە دەرەنجامی کتێبەکەدا تێدەگەین کە هیچ رێگایەکیان راست نیە، چونکە تەنها لە نزادا حەقیقەت دەدۆزینەوە: “خۆشبەختانە دانی پێدا دەنێین کە بە نیسبەت [خودا]وە، ئێمە هەمیشە لە هەڵەداین.”

لە هەمان ساڵدا کیێرکیگارد بەناوبانگترین کاری بڵاودەکاتەوە بەناوی (ترس و لەرزین: هەڵبەستەشیعرێکی دیالێکتیکی). لێرەدایە، لە پشت نازناوی “یۆهانس دو سیلسو”ە خۆی حەشار داوە، کە کیێرکیگارد پێداگیری دەکات لەسەر ناتەبابوونی سەختی نێوان بەرپرسیارێتی گشتی و ئیمانی تایبەتیدا. ئەم کتێبە تێڕامانێکە لەسەر “ئاکێدا” کە بەشێکی ئینجیلە و تێیدا ئیبراهیم ئامادەیە کوڕە ئازیزەکەی، ئیسحاق، بکاتە قوربانی لەپێناو پیشاندانی ملکەچیدا بۆ فەرمانی خودا، و تەنها بەهۆی دەستێوەردانی ئیلاهیەوە رێگەی لێ دەگیرێت ئەو کارە ئەنجام بدات. گەر ئەم کتێبە ئەمڕۆ بووبێتە مایەی ووروژاندنی کێشمەکێشم، ئەوا بەشێكی لەبەر ئەوەیە کە نووسەرەکەی خۆی نادزێتەوە لە بە‌هێندوەرگرتنی توندەڕەوانەترین واتا ناراستەوخۆکانی حیکایەتی ئینجیلیی.

کیێرکیگارد هاوڕایە هەرکەسێکی عاقڵ کە دەیەوێت شوێن نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان بکەوێت ئەوا دەبێت ئیبراهیم وەک بکوژێکی گریمانەیی سەرکۆنە بکات. بەڵام داوامان لێدەکرێت رەچاوی ئەو ئەگەرە بەدیلەش بکەین کە ملکەچبوونی ئیبراهیم نیشانەی “پێکناکۆکی” رەسەنی ئیمانی تاکەکەسە کە بەبێ ئەوە بوونی ئایین مەحاڵە. لە دیدگای چاودێرەوە، ئەم جۆرە ئیمانە دەبێت ناماقوڵ بنوێنێت، ئێمەش راست دەکەین کە بگەین بەو دەرەنجامەی کە خۆشەویستی ئیبراهیم بۆ خودا “لەپێوان نەهاتووە١ لەگەڵ تەواوی واقیعدا.”

بەڵام بەلای کیێرکیگاردەوە، بە دەقیقی ئەمە مەبەستەکەیە: ئیمان پێکناکۆکیەک لەخۆدەگرێت لە رێیەوە تاکەکەس ناتوانێت وا لەخۆی بکات تێی بگەن و دواجار “بەش (جوزء) باڵاترە لە کۆ (کل).” ئیبراهیم ئەو گوزارە مەحاڵە لەئامێز دەگرێت کە لەرێی قوربانیەوە کوڕەکەی بە زیندوویی بەدەست دێنێتەوە: کیێرکیگارد دەنووسێت، “تەنها ئەو کەسەی کە چەقۆکەی پێیە ئیسحاق بەدەست دێنێتەوە.” ئەوە پاپەندبوونەیە، کە قارەمانانەیە بەڵام ناعەقڵانیە، ئیبراهیم وەک “سوارچاکی ئیمان” جیا دەکاتەوە.

لە نێو ئەو هەموو تاووتوێکردنەی لەسەر رووداوی “ئاکێدا” هەیە، هەندێک مشتومڕی ئەوە دەکەن کە خودا هەرگیز مەبەستی نەبووە ئیبراهیم قوربانیەکە ئەنجام بدات. (مەیمۆندیز)ی لێکدەرەوەی جولەکەی سەدەکانی ناوەڕاست نیگەرانە بەو پێشنیازەی کە خودا ئیبراهیمی “تاقیکردوەتەوە” چونکە ئەمە واتای ئەوەیە کە خودا ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەی نەزانیوە – کە ئەمەش پێشێلکردنی مەبدەئی عیلمی غەیبە. بە لای مەسیحیەکانەوە، بەقوربانکردنی بەدینەهاتووی ئیسحاق بەشێکی گرنگی پێشبینیی ناو تەوراتە چونکە وای لێکدەدەنەوە کە تەورات لەوەوپێش قوربانیی راستەقینەی (عیسای مەسیح)ی زانیوە. بە لای موسڵمانەکانەوە، ئیمانی ئیبراهیم جێی ستاییشکردنە بەڵام خێرا دەچنە سەر ئەوەی کە ئەوە ئیسحاق نەبووە کە ئامادەی قوربانیەکە بووە، بەڵکو ئیسماعیل بووە، کە بە ئەژدادی هەموو ئەوانە دادەنرێت کە (الله) دەپەرستن.

جیاوازی خوێندنەوە مۆدێرنەکانی ئەم بەشەی ئینجیل لەوانەی پێشوو کەمتر نین. زۆرێک لەوەدا شوێن کیێرکیگارد کەوتوون کە ستایشی بەهێزیی ئیمانی ئیبراهیم دەکات، هەرچەندە تەنها کەمێک هەن خوێندنەوەکانیان لە چڕوپڕی شرۆڤەدا شان لە شانی خوێندنەوەکانی کیێرکیگارد دەدەن. بەڵام هامسن نیگەرانە (کە پێم وایە لەسەر حەقە) بە خواستێکی ئایینی کە پێشێلی تێگەیشتنی هاوبەشمان دەکات سەبارەت بە مرۆڤایەتی. بە پەنابردن بۆ رەخنەی فێمینیستی، هامسن ئاشکرا نموونەیەکی پیاوسالارانەی دەسەڵاتێکی تووڕە و (تەنانەت توندوتیژ) لە خودای کیێرکیگارددا بەدی دەکات.

ئەم تۆمەتە بەربڵاوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گوزارشتیشە لە تەرەفگیری کلتوریی خۆمان بەرامبەر هەڵسوکەوتی نێر و مێ. لە راستیدا، ئەو چەمکەی کە دەپرسێت ئایا خودا رەگەزی هەیە سەهویەکی بێ پاساو لەخۆدەگرێت لەوەدا کە خودا دەچوێنێت بە مرۆڤ (مرۆڤاندنی خودا). [خودایەتیی] پوخت و رووت و ئەبستراکت لە خورائاوای پرۆتستانتدا بەشێوەیەکی عادەتی بە “خودای باوک” بانگ دەکرێت.

 

ئەوەی مایەی نیگەرانی زیاترە، بە رای من، سەهوکردنی کیێرکیگارد نیە بۆ بە مرۆڤاندنی خودا بەڵکو پێچەوانەکەیەتی: ئامادەبوونیەتی بۆ گەورەکردنی عەقیدەی پوخت و ئەبستراکتی پرۆتستانتی تا سنوورێک کە خوادەوەند هەموو تێگەیشتنێک تێدەپەڕێنێت. خودای کیێرکیگارد لە دابڕانێکی هێند مەزندایە کە پێشێلی بنەڕەتی ترین و درێژخایەنترین نۆرمەکانی ئەخلاق دەکات. کاتێ دایکێک یان باوکێک پێی وایە دەنگێک دەبیستێت کە فەرمانی پێدەکات چەقۆیەک هەڵگرێت بۆ منداڵەکەی خۆی، وەڵامی گونجاومان نابێت ئەوە بێت ستایشی ئیمانی ئەو دایک و باوکە بکەین بەڵکو وەڵاممان دەبێت ترس بێت لەو شێتیە زەقە. بە دڵنیاییەوە کیێرکیگارد ئەزانێت کە باوەڕی عادەتیی ئێمە ئاوایە. بەڵام لە هەڵسوکەوتی ئیبراهیمدا، کیێرکیگارد “هەڵپەساردنێکی مەبەستگەرایانەی ئاکار” دەبینێت، ئەمەش واتە سەرگەرم کردنمان بەو بیرۆکەیەی کە ئایین مەبەستێکی باڵاتر بەسەرمانا ئەسەپێنێت لەچاو ئەوەی بەڵگەهێنانەوەی ئەخلاقی داوای دەکات.

لێرەدا، هامسن بیرمان دەهێنێتەوە کە کیێرکیگارد سەربە عورفێکی فەلسەفیە بەناوی “تیۆری فەرمانی ئیلاهی.” واتە خودا فەرمان ناکات بە کردارێک لە بەرئەوەی چاکە؛ بەڵکو، کردارێک چاکە تەنها لەبەرئەوەی خودا فەرمانی پێدەکات. دەشێت سەرسام بیت بەو راشکاویەی کیێرکیگارد کە لەرێیەوە عەوداڵی ئەم پرەنسیپەیە تا راددەی دەرنجامە خراپەکەی. بەڵام تاموبۆی دەسەڵاتخوازیشی هەیە. ئەگەر دایكێک یان باوکێک فەرمانێكی دزێوی لەم جۆرە ببیستن، پێویستە ئێمە ستاییشیان بکەین نەک لەو حاڵەتەیا کە رازی ئەبن بەو فەرمانە بەڵکو تەنها لەو حاڵەتەیا کە ملکەچ نابن. موقاوەمەکردنی بەربەریەت، تەنانەت گەر فەرمانێک بێت لە باڵاترینی هەموو دەسەڵاتەکانیشەوە بێت، نیشانەی راستەقینەی بەهەشتیەکانە.

تابلۆیەکی کاراڤاگیۆ هەیە بە ناوی (قوربانی ئیسحاق) کە لە گالەری ئوفیتزی (لە شاری فلۆرانس) هەڵواسراوە، و (جەی ئێم بێرنستاین)ی فەیلەسوف بەم دواییانە لێکدانەوەیەکی کاریگەری لەبارەوە نووسیوە. تەماشاکردنەکەی چاوانی ئیسحاق کاتێک ئیبراهیم چەقۆکەی خستووەتە سەر قوڕگی ئاماژەیەکە نەک تەنها بە ترس بەڵکو بە بەرهەڵستیی. هەرچەندە ئیسحاق دەیەوێت کوڕێکی گوێڕایەڵ بێت، بەڵام ناتوانێت رازی بێت بەوەی کە باوکی سوورە لەسەر ئەوەی ئەنجامی بدات. موقاوەمەتی ئیسحاق زگماکەیە (خۆماکیە، فیتریە)، هاواری ئاژەڵێکی مرۆڤانەیە کە ئارەزووی بۆ ژیان هەموو ئایدیا پایەبەرزەکانی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خودا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەلای بێرنستاینەوە، ئەو تابلۆیە چیرۆکێکی رەمزیە بۆ لەدایکبوونی ویژدانی عەلمانی و دەڵێت: [تابلۆکە] گوزارشت لە دەستپێکی هۆشیاریەک دەکات کە ئەگەر ئیمان داوای بەربەریەت بکات، ئەوا ئەوە ئیمانە کە دەبێت سازش بکات. بەڵام ئارگیومێنتی کیێرکیگارد تەواو بە ئاراستەیەکی تردا دەڕوات و دەڵێت: کاتێک ئیمان و مرۆڤایەتی دەکەونە جەنگەوە، ئیمان دەیباتەوە. وە ئەو کەسەش لەهەمووان زیاتر بەهەشتیە کە سوورە لەسەر تەقوای خۆی تەنانەت ئەگەر خۆشی تەواو بێمانا دەربخات بۆ ئەوانەی دەوروبەری.

ئەم جۆرە ئارگیومێنتانە لە زۆربەی کارە بەناوبانگەکانی کیێرکیگارددا هەن کە بە قووڵی رادەمێنن لە درزی نێوان خودا و مرۆڤایەتی، نێوان تاک و جەماوەر. هەربۆیەشە کە جێی سەرسوڕمان نیە کە کیێرکیگارد رقی لە هیگڵە چونکە ئەوە هیگڵە، زیاتر لە هەمووان، ئەو بیرۆکەیە پەرەپێدەدات کە ویژدانی تاک ناتوانێت بێتە ئاراوە بەو شێوازەی کیێرکیگارد گریمانەی دەکات. لەماوەی ژیانی کیێرکیگارددا، فەلسەفەی هیگڵ لە دانیمارک پرستیژ بەدەست دەهێنێت، سوپاس بۆ هەوڵە بانگەشەئامێزەکانی هانز لاسن مارتنسن، کە نەسیحەتخوانی کۆشک بووە و وەک قەشە بە پلەی (بیشپ) جێگەی مینستەری گرتەوە دوای ئەوەی لە ١٨٥٤ دا گیانی سپارد. کیێرکیگاردیش وەک بەرجەستەبوونی هەموو شتێکی بۆگەن لە دانیمارکدا سەیری (مارتنسن)ی دەکرد. لە ١٨٤٦ دا، کیێرکیگارد پێداگیرترین هێرشی خۆی بۆ سەر هیگڵ بڵاوکردەوە لە کتێبێکا بەناوی (دوایین پاشنووسی نازانستی بۆ چەند پارچەیەکی فەلسەفی)، ناوونیشانێک، کە وەک زۆربەی ئەوانەی تر، بەشێوەیەکی قووڵ مەسخەرەئامێز بوو. چونکە لەم حاڵەتەدا “پاشنووس” بە راددەیەکی زۆر دوورودرێژترە لە “پارچە”کە کیێرکیگارد پێشتر بڵاوی کردبووەوە.

قینی کیێرکیگارد لە هیگڵ بە شێوەیەکی سەرەکی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانیە متمانەی هەیە بە عەقڵ وەک ناوەندێک بۆ ئاشتبوونەوەی گەردوونی. هەردوو فەیەلسوف دان بەوەدا دەنێن کە ژیانی مۆدێرن بە تەنگژە دەورە دراوە – تەنگژە لەنێوان تاک و کۆمەڵگەدا، تەنگژە لەنێوان ئازادی و زەروورەتدا، تەنگژە لەنێوان زانست و ئیماندا. بەڵام لەکوێدا کیێرکیگارد هاودژیی دەبینی، هیگڵ لەویادا ئەگەری گەشەی عەقڵانی دەبینی. هیگڵ دەڵێت، عەقڵ ئەو جۆرە دەسەڵاتە یان “رۆح”ەیە کە کۆشش ئەکات بۆ مانیفێست کردنی خۆی لە جیهانا.

تاقیکردنەوەی تەحقیقی-خود [لای هیگڵ] نەخشەیەکی دیالێکتیکی هەیە: عەقڵ سەردەکەوێت بەسەر ناکامڵیی خۆیدا، زیاتر لە قوتابیەک دەچێت کە پێویستە لەسەری لە پرۆسەی فێربووندا رووبەڕووی سەختیی ناوبەناو ببێتەوە بەڵام دواجار لەرێی کۆششەوە کامڵیی و تێگەیشتن بەدەست دەهێنێت.

لەرووی سیاسیەوە، دیالێکتیکی [هیگڵ] واتە سەرهەڵدانی حکومەتی دەستووریی و کامڵبوونی کۆمەڵگەیەک کە هیچ تاکێک تیایا بێ ئازادی نابێت. لەبەرئەوە بەلای هیگڵەوە کۆمەڵگەیەکی تەواو مۆدێرن کۆمەڵگەیەکی تەواو عەقڵانیە، و – ئەمەش خاڵێکی جەوهەریە – لەبەرئەوە عەقڵانیەت سیفەتێکی هاوبەشە لەلایەن هەموو تاکەکانەوە. لە جیهانێکی عەقڵانیدا چی دی تاک هەست بە هاودژیی ناکات لەنێوانی بەرژەوەندی خود و چاکەی گشتیدا. لێکۆڵەری بواری هیگڵ، تێری پینکارد، ئەم بیرۆکەیە ناودەنێت “کۆمەڵایەتیبوونی عەقڵ”.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا زۆرێک لە قوتابیانی لاهوتناسی هانایان بۆ هیگڵ برد وەک رێبەرێک بۆ تێگەیشتن لە خاسیەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئایین. لەوانەش رادیکاڵەکانی وەک دەیڤد فریدریک شتراوس و لودڤیگ فیورباخ، کە گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی ئایین دروستکراوی مرۆڤە و بەتاڵە لە واقعی میتافیزیکی. رەخنەی هیگڵیانە لە ئایین توایەوە و بووە ئەنسرۆپلۆژیا: واتە بەڕێوەبردن یا دیراسەکردنی مۆدێرنی سیفاتەکانی مرۆڤ.

بەڵام هەندێک لە قوتابیانی دیالەکتیک هەستیان جیاواز بوو لەمبارەیەوە. بەبێ دژایەتیکردنی حەقیقەتە میتافیزیکەی، هەستیانکرد ئایینی مەسیحی دەبێت خود و کۆمەڵگەش بگۆڕێت، تاکی ئیماندار ببەستێتەوە بە عەقڵی گشتیەوە لەپێناو باشکردنی شارستانیەتی مۆدێرندا. ئەمە ئەو پرۆژەیە بوو کە (مارتنسن) بە لایەوە سەرنج راکێش بوو و کیێرکیگاردیش لەلای خراپ بوو. کیێرکیگارد ترسی لەوەبوو کە “رۆیشتن بۆ ئەودیو” ئیمانی مەسیحیی، واقیعی مەسیحیەت بەهێز ناکات، تەنها حەقیقەتە ناوەکیەکەی ئەکاتە قوربانی لەپێناو دیکۆری دەرەکیدا. حەقیقەتی مەسیحی لەناو دەچێت و بە تەنها دەبێتە مەسیحیەت. وەک هامسن روونی دەکاتەوە، “ئایینی هیگڵی بە تامی مارتنسن زۆر بێ سەرئێشەیە لەم جیهانەدا.”

لە سیستمەکەی خۆیدا، لە دیالێکتیکدا، هیگڵ ئارەزووی مانەوە “لە دەرەوەی” کۆمەڵگە دەخاتە قۆناغێکی نزمترەوە و ناوی دەنێت “هۆشیاری خەمناک.” بەڵام بەلای کیێرکیگاردەوە، کۆمەڵایەتیبوونی عەقڵ جۆرێکە لە تۆتالیتاریەت؛ واتە [کۆمەڵایەتیبوونی عەقڵ] لێبوردەیی نابێت بەرامبەر هەر جۆرە جیاوازیەک لە ناوچەی خۆیدا. (ئەم تۆمەتەی کە عەقڵ خۆی لە دەرەنجامدا “نالێبوردەیە” ئیلهامی بەخشیی بە بوژاندنەوەیەکی کەمی حەزێک بۆ کیێرکیگارد لەنێو پۆست–بونیادگەراکاندا لەوانەش ژاک دێریدا، کە زۆرکات لە هێزی ئەو سادەییەیان کەمدەکردەوە کە کیێرکیگارد بەهۆیەوە دژایەتی دەسەڵاتی عەقڵی پێ دەکات لە کاتێکا نەبێت کە عەقڵ ملکەچی دەسەڵاتێکی زۆر موتڵەقتر بێت.)

‌هێشتا دەتوانی ئەو هۆکارانە بنرخێنیت بۆچی لە سەرانسەری سەردەمەکاندا خوێنەران رەخنەی کیێرکیگاردیان لا دڵسۆزانەیە. ناڕەزایەتیەکەی بەرامبەر دەسەڵاتی دونیایی کڵێسای ئینجیلی دانیمارک کیێرکیگاردی لە ریزی درێژی ریفۆرمخوازەکانی ئەم هەزارەیەدا داناوە هەر لە لوسەرەوە تا دەگەڕێتەوە بەرەو عیسای مەسیح (کە ئەمەش لێدانە لە دەسەڵاتی قەشەکان)، و پێغەمبەرە هیبرۆییەکانی وەک ئامۆس و ئایزایا. بەراوردەکانیش تەنها لە خەڵکی ئایینیدا قەتیس نەماوە. کیێرکیگارد زۆرکات لەبارەی سوکراتەوە دەنوسێت و دەڵێت سوکرات تانەلێدەر و حەشەرەی رەخنەگرتنە کە “لەسەروی هەموو پەیوەندیەکەوە” خۆی تەریک خستووە.

فاکتەرێکی ئاڵۆزکەر ئەوەیە کە کیێرکیگارد زۆر دەگمەن رەخنەگری دەسەڵات بووە. لەگەڵ هاتنی شۆڕش لە ١٨٤٨ دا، سیستمی دەرەبەگایەتی لە دەنیمارک تێک دەشکێت و لەبری ئەوان لیبراڵە نیشتمانیەکان بەردی بناغەی سیستمێکی دەستووریی دادەنێن کە تەمەنی لەهەر شۆڕشێکی تری ناوەڕاستی سەدە زیاتر بڕ دەکات لە خۆرئاوای ئەوروپادا. ئەم مافە دەستووریە گەردوونی نەبوو (واتە هەمووانی نەگرتەوە) و پادشایەتیش بە تەواوەتی هەڵنەوەشایەوە؛ بەڵام بۆ یەکەمجار زۆربەی کرێکاران بۆیان هەبوو دەنگ بدەن. بەڵام کیێرکیگارد شۆڕشەکەی بەلاوە “کارەسات” بوو. ئەوەی کە لە هەموو شتێک زیاتر رقی لێیبوو ئەو راستیە بوو کە کڵێسای دانیمارکی ئامادەیی تیابوو بۆ ئاشتکردنەوەی خۆی و خۆگونجانی لەگەل دۆخە تازەکەدا. بە گوزارشتی هامسن “[كڵێسا] هەستا بە تەعمیدکردنی جیهان،” و ئەوانەی تریشی بە نەگۆڕی جێ هێشت. کیێرکیگارد دەنووسێت، بەدڕەوشتیی قەحبەخانەکان وەک خۆی مایەوە، “ئەوەندە نەبێت بوونە قەحبەخانەی ‘مەسیحی’.”

هامسن، بێ سەرکۆنەکردنێکی زیادەڕەو، بەشوێن ئەم چەشنە رەخنەیەدا دەچێت. دەنووسێت، ئەوەی لە مەترسیدایە پرسیارێکی بنەڕەتیە سەبارەت بە جێگەی ئایین لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا:

“ئایا دەبێت کڵێسایەکی گشتی سەربە دەوڵەت بوونی هەبێت، ماڵێکی رۆحی بۆ خەڵکی دانیمارک کە لە کاتی قەیران و شادومانیدا دەتوانێت ببێتە ناوەندێک بۆ ووڵات، و بشتوانێت رێبەری و مورتاحیی بۆ ئەو تاکانە دابین بکات کە عادەتەن لە مەراسیمە ئایینیەکاندا ئامادە دەبن یاخود نابن ، شوێنێک کە لەوانەیە دانوستانی گۆڕانکاریەکانی ژیانی تیا بکەن؟ یان بە پێچەوانەوە ئایا دەبێت “کڵێسایەکی دانپێدانان” بوونی هەبێت کە هێمای باوەڕە مەسیحیە پێناسەکراو و سەختەکانە، لەسەر بنەمای راددەیەک لە خوێندنەوەی ئینجیلی پەیمانی نوێ، کە ئەندامەکانی واپێدەچێت ئامادە بن بۆ “شەهادەت”؟

ئەم پرسیارە ئەمڕۆش لەگەڵمانە، نەک تەنها بۆ مەسیحیەت بەڵکو بۆ هەموو ئەو باوەڕانەی کە رووبەڕووی بژاردەیەک دەبنەوە لەنێوان تەنیایی و کۆمەڵگەدا، لەنێوان پاکژی تاک و مورتاحیی پێکەوەبووندا. بەڵام موفارەقەیەکی قووڵ هەیە لە یاخیبوونی کیێرکیگارددا. هەرچەندە خۆی وەک رەخنەگرێکی عورفی مۆدێرن وێنا دەکرد، بەڵام هەوڵەکانی بۆ تاکگەرایی لەپێناو خۆ دەربازکردن لە سنووربەندیەکانی کۆمەڵگەدا بیرۆکەیەکی یەکجار مۆدێرن بوو. وەک چارلز تەیلەری فەیلەسوف روونی دەکاتەوە: لە سەردەمی عەلمانیدا تەنانەت ئەوانەی کە پەیڕەویی لە ئیمانێکی تەقلیدی دەکەن وا بیر لە ئایینەکەیان دەکەنەوە کە یەک ئیختیارە لەنێو ژمارەیەکی زۆردا: شتێکە کە تاک دەبێت ویستی هەبێت بۆ هەبوونی، چی دی شتێک نیە کە تەنهاوتەنها وەک پارچەیەکی دێرینی میژوویەکی جەماعی دەبەخشرێت بە کەسێک. سەردەمی ریفۆرمی ئایینی قۆناغێک بوو لەو پرۆسە مێژوویەدا کە تایلەر پێی دەڵێت “پەیوەندیە لاوازەکان”ی خود لەگەڵ عورفە هاوبەشەکانی مانادا.

ئەوەی جێی موفارەقەیە، ئارەزووی وەستان وەک تاکێکی رەسەن لەدەرەوەی هەموو نەریتەکان گەورەترین بیرۆکەی سەردەمی بۆرژوازیە و لەم رووەوە کیێرکیگارد زۆر خۆگونجێنەرتر و تەقفیقی تر بوو لەچاو ئەوەی کە دانی پیابنێت. بەڵام کەسمان نایەوێت بە تەواوەتی ئەم ئارەزووەی رەسەنبوون بە دەستەوە بدات چونکە ئەمە خۆی نیشانەی مومکین بوونە، ئەو ئومێدەیە کە لەوانەیە ژیان پێچەوانەی ئەوەبێت کە هەیە. دەستهەڵگرتن لەم ئومێدە واتە دەستبەرداربوون لە مومکین بوون هەمووی. لە دژی هەموو ئەو هێزانەی کە رێنوێنی دەستەبەرداربوون دەکەن، کیێرکیگارد نەک تەنها وەک سوارچاکی ئیمان دەمێنێتەوە بەڵکو شتێکی لەوەش زیاترە: منداڵێکی هەتاهەتایە زیندووە.

سەرچاوە: The New York Review of Books

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: