نووسینی: ئاسۆ سەڵاح
پەنجەکانم دەکەونە سەر گەردنم
لێدانی دەمارەکانم دەپێون
وەک لەدەرەوەی خۆمەوە لێم بڕوانن
چاوم دەکەوێتە سەر دیوارەکان
ئەو دیوارانەی خۆمم لەوان پێ جیاکردەوە،
منداڵێک دەبینم بە قژی ژاکاو و کالەی دڕاوەوە
ڕووخسارێک لە دوکەڵ و با
بە ڕەنگی باران و بۆنی باروت
دەنگێک کە بەردەوام تەشەنە دەکات
شەو بۆن بەو شوێنانەوە دەکات کە ناشتومن
ئەو شوێنانەی ئێسکیان نییە تا بڕوێنەوە
خەیاڵدانم دەڕژێتە ئێستاوە و دەیشێوێنێ
زەینم دەبات تا کۆڵانە تاریکەکانی شەوی بەرات و
ئەو چاوشارکێیەی خۆمم پێ ون کرد …
دەمباتەوە لای عەرەبانەی لاکۆڵان و میزەڵانی ژمارە سەد
کە هەرگیز بۆم دەرنەچوو …
منداڵانی گەڕەک زەرفە ڕەشەکانیان لە باوکیان وەردەگرت
بەڵام، من و کۆڵانێکی چۆڵ و چاوەڕوانی لە ئاوابوون ڕادەماین
ئەو ئێوارانەی دەنگی دایکم ڕووی پێوەردەگێڕامە سەر لافیتەکەی باوکم
بەرماڵە لاڵەکەی دایکم
کیسەیەک ئارد و دینارێکی ئاسن
دوو دەست کە ژیانیان لە نانی بۆر دەردەکرد
دوو چاو کە تەنها لەدەست دانیان دەناسییەوە
لەسەری کۆڵانەوە قافڵەی زرێپۆشەکانم دەبینی و
ڕووم وەرگێڕا، بەپڕتاو ڕامکرد ..
نەکا دەنگێک، شێوەیەک، شوێنپێـیەک لە باوکمم تیا بدۆزنەوە
نەوەد و شەش ئاهــ نەوەد و شەش
هەندێک لە زرێپۆشەکان گەڕانەوە و
هەندێکیان چوون بۆ مۆزەخانە
باوکم لەسەری کۆڵانەوە دەرکەوت
زلەیەکم لێدا و وتم؛ هێشتا نەمردوویت ؟
دەنگی زرێپۆشەکان دێنەوە گوێم
ترسی نەگەڕانەوەی باوکمم لەدەستدایە
باوکم و منداڵی و فانتازیا و باروتی ڕژاوی ئەو ڕۆژانە
دەکەمە ناو کۆلارەیەک و بە ئاسمانی ئەم کۆڵانانەدا دەیفڕێنم
تا ئەو شەقامە تاریکانە ونکەن کە لێی هەڵتۆقیون
شەو بۆن بەو شوێنانەوە دەکات کە ناشتومن
ئەو شوێنانەی ئێسکیان نییە تا بڕوێنەوە .