بە واژەی دی

477
0
بڵاوکردنەوە:

پەڕاندنەوەی تەواوەتی (کامیلییەت) یوتۆپییە

نووسینی: یێکاتەرینا لبێدێڤا

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

تێبینیی وەرگێڕ:

(ئەم بابەتە کورتکراوەتەوە. بۆ لانەدان لە کرۆکی تێگەیشتنی نووسەر لە ترانسلاسیۆن ناوەرۆکی “پەڕاندنەوە” لەبریی وەرگێڕان دانراوە، کە نەشیاو نییە لە کوردیشدا، بەگوێرەی تیۆرییە زانستییەکە، بەخۆماڵیبکرێت. هەروەها بە داواکاری بۆ شارەزایی کەسی پەڕێنەر لە کولتووری دەرچە (ئەسڵی)دا کە تێکستێکی دەپەڕینرێتەوە، پەڕاندنەوە لە دەستی دووەوە تەواو دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەوە تەنانەت بە خودی تێگەی “پەڕاندنەوە” ڕوودەدات کە هەردەم پەڕاندنەوەیە لە ڕۆخی کولتووری ئەمبەر بۆ ڕۆخی کولتووری ئەوبەر “ڕووبارەکە”، هاوکات هەردەم دەشێت کەشتیی پەڕاندنەوە هایدێگەر واتەنی لە ڕێگە بشکێت کە ئیدی پەڕێنەر بە مەبەست نەگات – ک.ج)

فەیلەسوفی فەڕەنسی ڤۆلتێر مەسەلەکەی هەنگێوت. ئەو گۆتی: پەڕاندنەوەی نڤیسکی (Übersetzung) وەک ژن وایە: یان بەوەفایە یان جوانە. زانستی ترانسلاسیۆن خۆی بە کێشە یەکجار ئاڵۆزترەکانی پەڕاندنەوەوە خەریک دەکات. ئەم زانستە بەشێکی زانستگەیی ئینتەردیسیپلینێرە و بەشەکانی لینگویستیک، ئەدەبناسی و کۆمپەراتیستیک، لێ هەروەها ئینفۆرماتیک، پسیکۆلۆژی و نیۆرۆلۆژی دەهێنێتە نێوانەوە. ئاخر ئەوە بەس نییە کە تێکستێک وشە بە وشە بپەڕێنرێتەوە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە “هۆشی زمان” لە ئۆریجینالەوە بۆ نێو پەڕاندنەوەکە ڕزگاربکرێت.

لە ئەنالۆژیی بینای بورجی بابلدا خودا بەڕێی زمانانی جیاوازەوە مرۆڤانی لە یەکدی جیاکردەوە. “شێواویی بابلییانەی زمان” ئاماژە بۆ کورتهێنی و نەبوونی توانستی کردار دەدات کە بەهۆی دابڕانی زمانییەوە دێنەگۆڕێ. پەڕێنەرانی نڤیسکی (بەنووسین) و تەرجومانان پردچێکەرن کە ڕۆخی لەیەکدابڕاو – ی مرۆڤان و کولتووران – پێکەوە گرێدەدەن. لێ ئایا چۆن دەبێت ئەو پردە دروستکرابێت تاکو ئیدی ئاڵوگۆڕەکە کارایی وەربگرێت؟ ئایا چۆن پەڕێنراوەکە بە ڕۆخی ئەوبەر دەگەیەنرێت و ئەوجا ئایا چی لەوێ وەردەگیرێت؟ ئەمانە پرسیارکردنەکانی زانستی ترانسلاسیۆنن.

زانستی ترانسلاسیۆن زۆر نوێیە، لە سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا و تەنانەت بۆ پسپۆرانی زەمیلی فیلۆلۆژی ی کلاسیکی وەک مەتەڵێک دەمێنێتەوە. ئەمە هەروەها چواندنی بۆ زانستگەی هایدلبێرگ هەیە، جا گەرچی هایدلبێرگ لەپاڵ زانستگەی هومبۆڵت ی بەرلین و زانستگەی لایپتسیگدا سەر بە سێ سەنتەرە ئەڵمانییەکەی زانستی پەڕاندنەوەی نڤیسکی و تەرجومانییە بە شانوشکۆیەکی نێونەتەوەییەوە.

ئەم بەشە کە سەرەتا ناونرا “زانستی پەڕاندنەوە”، دوای ساڵی 1945 بوو بە دیسپلینێکی سەربەخۆی زانستی. یەکێک لە گۆڤارە تایبەتەکان بەم بەشە بە ناونیشانی “بابل” لە 1955 بەدوواوە لە ئەمستەردام دەردەکرێت. زانستی پەڕاندنەوە لە خۆرئاوای ئەوروپا تا نێو شەستەکان پەیوەند بوو بە لینگویستیکی کۆنترازیتیڤ-ەوە. ئەوجا لە کۆتاییدا پێش نزیکەی دوو دەیە ئەو مەئریفەیە خۆی چەسپاند کە زانستی پەڕاندنەوە و تەرجومانی وەک بەشێکی زانستیی ئینتەردیسیپلینێر دەبێت لینگویستیک، ئەدەبناسی و کۆمپەراتیستیک لەخۆبگرێت. زانستی ترانسلاسیۆنی مۆدێرن هەروەها ئینفۆرماتیک، زانستی ڕاگەیاندن، پسیکۆلۆژی و نیۆرۆلۆژی ڕەچاو دەکات.

بە پێچەوانەی زانستی پەڕاندنەوە لە خۆرئاوای ئەوروپا کە سەرەتا بەتایبەتی ڕووی لە لینگویستیک دەکرد، توێژینەوەی پەڕاندنەوە لە کولتووری ڕووسیدا هەر لە بیستەکانی سەدەی بیستەمەوە بەهێزتر ئاڕاستەی ڕووەو ئەدەبناسی وەرگرت. زانستی ترانسلاسیۆنی خۆرئاوای ئەوروپا توانیی سوود لە تیۆرییە ڕووسییەکە وەربگرێت: ئەو لە شەستەکاندا بە پەیڕەوکردنی “مەدرەسەی فۆرمال”ی ڕووسی، ستروکتورالیزمی چیکی و سێمیۆتیکی کولتووری ی ڕووسی گەیشت بەو بڕوایە کە بناغەی پەڕاندنەوە بریتی نییە لە تاکە وشە و ڕستە، بەڵکو سەرجەمەکە، تێکستەکە، ئەو بناغەیە پێکدەهێنێت.

هەموو تێکستێک پێویستی بە ڕاڤەکردنە

ڕۆمان یاکۆبسن کە سێمیۆتیکییەکی ڕووسی بوو، ڕوانگەی ئینتەرپرێتاسیۆن (ڕاڤەکردن)ی خستە سەر تیۆریی پەڕاندنەوە. ئاخر هەموو تێکستێک پێویستی بە ڕاڤەکردنە، هەروەها ئەو بەدیهێنانە خۆییە هزرمەندییە (ئینتەلەکتوێلییە) کە دەبێت هەموو پەڕێنەرێک بێ قید و شەرت ئەنجامی بدات، بریتییە لە ئینتەرپرێتاسیۆن – ئەمە هاوکات چالاکییەکی پەڕێنەرە کە زۆربەی کات نابینرێت، مرۆ لێی تێناگات، قەدری ناگیرێت یان تەنانەت یاساغ دەکرێت. بەگوێرەی دابی ڕۆمان یاکۆبسن و فۆرمالیستە ڕووسییەکان، دەبێت پەڕێنەر بڕیار بدات کە ئایا چی لە تێکستەکەدا “باڵادەستە / دۆمینانتە”. لێرەدا مەبەست لە توخمە پڕبایەخەکانی ئەو تێکستەیە، بۆ نموونە تەکنیکێکی هۆنینەوەی هۆزانیی تایبەت، یان هەروەها فونکسیۆنی (کارایی) تێکستەکە کە دەبێت بێ قەید و شەرت لە پەڕاندنەوەکەدا بهێڵرێنەوە. بەم “بڕیاردانە بۆ پەڕاندنەوە” و ئینتەرپرێتاسیۆن، بە پێچەوانەی بەوەفایی میکانیکییەوە، پرسی کاریگەری لەسەر وەرگر هاتە نێوەندی تیۆریی پەڕاندنەوەوە. خوێنەری بابەتی پەڕێنراوە پاشخانێکی دیکەی کولتووریانەی لە خوێنەری ئۆریجینالەکە هەیە. لە کۆپیکردنێکی میکانیکییانەدا، واتا پەڕاندنەوەی وشە-بە-وشە، خوێنەرێک بە کۆنتێکستێکی دیکەی کولتوورییەوە زۆر شت تێناگات و زۆری دیکەش لە مەغزایەکی شێوێنراودا تێدەگات.

لە هەشتاکاندا پرۆفیسۆر هانز یۆزێف فێرمێێر لە ئینستیتوی هایدلبێرگ بۆ پەڕاندنەوەی نڤیسکی و تەرجومانی، کاری گرنگی لەم بوارەدا ئەنجام دا. ئەو بە دەستپێکەکەی خۆی، واتا بە “تیۆریی سکۆپۆس” کە پەیوەند بوو بە کاراییەوە، بایەخی تایبەتی بە مەبەست (بە گریکی: سکۆپۆس) ی کرداری ترانسلاسیۆن و ترانسلاتۆری (پەڕێنەری) پسپۆر دەدات کە بەرپرسیارە لە باشترین گەیشتنی شیاو بەم مەبەستە. ئەم ترانسلاتۆرە دەبێت پسپۆری کولتووری ئەسڵی (دەرچە) و کولتووری مەبەست بێت، بەمەش بریتی بێت لە پسپۆری کۆمونیکاسیۆنی (لێکتێگەیشتنی) نێوکولتووری. ئاستەنگە زمانییەکان هەروەها ئاستەنگی تێگەیشتن و زانین و کولتوورن کە دەشێت مرۆ بە پەڕاندنەوەی کۆنتێکستە کولتوورییەکان بەسەریاندا زاڵ ببێت. گەر مرۆ لە تێکست وەک بەشێکی بە وشە دەربڕراوی سۆسیۆکولتوورێک بڕوانێت، ئەوسا ئیدی پەڕاندنەوە ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە تێکستی کولتوورێکی دەرچە بۆ کولتوورێکی مەبەست بگوازرێتەوە کە کولتووریانە جیاوازە، کەواتە تێکستەکە سەرلەنوێ بسازێنرێتەوە. گونجاندنی مێژوویی-کولتووریانەی تایبەتمەندییە کولتوورییەکان لەنێو کۆنتێکستگەلی نێوکولتووریدا پێشمەرجە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنگەلی لێکتێگەیشتن (کۆمونیکاتیڤ) بەڕێی پەڕاندنەوەوە. تێگەیشتن و گواستنەوەی تێکستێک لەپاڵ تێگەیشتنی وشە و بونیادەکاندا هەروەها ئەو واتایە دەگەیەنێت کە مەبەستلێبووەکە وەک بەشی سۆسیۆکولتوورێک دیاریبکرێت.

ئەوروپای خۆرئاوا ژیاریی خۆی لە چاوی پەڕاندنەوە دەناسێت

مێژووی پەڕاندنەوەی نڤیسکی و تەرجومانی لە قۆناغە جیاکانی مرۆڤایەتیدا، هەر لە دەوڵەتی ئێجیپتنەوە (میسرەوە) تا ئەمڕۆ، بەتێری لێنەتوێژراوەتەوە. مرۆ لە دەوڵەتی میسری کۆن باوەڕی دەکرد، تەرجومان خاوەنی هێزی سەر-زەمینی بێت کە لە توانایدایە نەک تەنیا لەنێوان مرۆڤاندا، بەڵکو هەروەها لە نێوان مرۆڤان و خودایاندا نێوەندیاری بکات.

پرنسیپە تیۆریی-پەڕێنەرییەکان لە ئەنتیکەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. پەڕێنەرانی نڤیسکی و تەرجومانانی ئەنتیکە هەوڵیان دەدا ئێستێتیکییانە (بەجوانی) و ڕەوانبژیانە ئۆریجیناڵەکە تێبپەڕینن، لێ ئەمڕۆ مەسەلەکە بە چەشنێکە کە مرۆ دەیەوێت لە کارایی و کاریگەریی ئۆریجیناڵەکە نزیکبکەوێتەوە.

پەڕێنەر لە مەترسیدا دەژی

ئەمڕۆ لەنێو پەڕێنەرانی ئەدەبیدا چە لایەنگرانی تەغریبکردن و چە هینی بەخۆماڵیکردن هەن. لێ گرنگ ئەوەیە کە داخۆ پەڕێنەر چە مەبەستێک (سکۆپۆسێک) بە پەسەند دادەنێت، داخۆ ئەو بییەوێت توخمی نامۆ بباتە نێو کولتووری مەبەستەوە (تەغریب بکات) یان / و بیرۆکەکانی تێکستی دەرچە بۆ گرووپی مەبەست بکات بە شیاوی لێتێگەیشتن (بەخۆماڵی بکات). لەبەر ئەوەی پێوارەکانی زمان و مەرجەکانی وەرگرتن (ڕێسەپسیۆن) لەژێر ڕکێفی گۆڕانی بەردەوامدان، ئەوا هەروەها گۆڕان بەسەر ئالەنگاریی زمانییانەشدا دێت. هەموو تێکستێکی پەڕێنراوە لە سەرەتاوە داواکاریی بۆ پەڕاندنەوەی سەرلەنوێی خۆی لەخۆگرتووە.

هەروەها یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گوێتە هەردوو پرنسیپە بنەڕەتییەکەی پەڕاندنەوەی بەراورد کرد:

“دوو پرنسیپی پەڕاندنەوە هەن: یەکێکیان داوا دەکات کە نووسەری نەتەوەیەکی نامۆ بۆ لای ئێمە بهێنرێت، ئەوە بە شێوەیەک کە ئیدی ئێمە بتوانین لە ئەو وەک هی-خۆمان بڕوانین، ئەویدیکەیان بە پێچەوانەوە داوامان لێدەکات کە ئێمە خۆمان ببەین بۆ ئەوبەر بۆ لای نامۆکە و خۆمان لەنێو ڕەوشەکانی ئەودا، لەنێو شێوازی زمانەکەی و تایبەتمەندییەکانیدا ببینینەوە”.

ئەم دوو پرنسیپەی پەڕاندنەوە لایەنێکی هاوبەشیان هەیە. گەر ئێمە نووسەرەکە بۆ لای خۆمان بهێنین، یان ئێمە خۆمان بۆ لای ئەو ببەین، ئەوا ئێمە دەبێت لە هەر ڕەوشێکیاندا خۆمان بۆ ڕۆخی ئەوبەر بپەڕێنینەوە (über-setzen).

ئەمە ڕیسکمەندە. ئاخر هەموو پەڕێنەرێک بەو ڕۆخە ناگات. پیشەی پەڕێنەر مەترسیدارە و مارتین هایدێگەری فەیلەسوفی زمان بەم شێوەیە مەترسییەکانی دەربڕی:

“لێرەدا بردن بۆ ئەوبەر دەبێت بە ئەوبەربردنێک بۆ ڕۆخەکەی دی کە بەدەگمەن ناسراوە و خۆی لەوبەر ڕووبارێکی بەرینەوە دەبینێتەوە. ئا لێرەدا بەسانایی چەواشەڕۆیی هەیە و زۆر جار بە شکانی کەشتییەکە کۆتایی دێت.”

کەواتە پەڕاندنەوە کارایی بەلەمی هەیە، یان پردێک لە نێوان زمانانی جیاواز، کولتووران و وڵاتان و هەندێک جار کیشوەرانی جیاوازدا هەڵدەبەستێت.

گوێتە کە خۆیشی پەڕێنەرێکی بەپەرۆش بوو، وەک ڤۆڵتێر بنەڕەتی پەڕاندنەوەی لە بڕیارداندا بۆ بەوەفا یان جوان نەدەبینی، بەڵکو لە نێوان پەڕاندنەوەی وشەیی و پەڕاندنەوەدا بەگوێرەی مەغزا دەیبینی. (ئەو کێشەی پەڕاندنەوەی لە “فاوست”دا بە بەیت شرۆڤەکرد. ئێمە بەم تێڕوانینەی ئەو خۆمان لە نێوەندی کێشەی پەڕاندنەوەدا دەبینینەوە). گوێتە ئەو شیمانەیە پێشان دەدات کە ئێمە دەشێت هەمان وشە بە جۆری جیاواز لێتێبگەین، شعوری پێبکەین، ڕاڤەی بکەین، هەروەها ئەوەش کە ئێمە لە بەئەڵمانیکردنی تێکستی نامۆدا بۆ گوزارشتگەلی پێگونجاو بگەڕێین کە کەمتر پەیڕەویی قاوغی باوەڕپێنەکراو، واتا “وشەی ناسەقامگیر” دەکەن، بەڵکو لە ژیانی ناخەکییانەی: لە مەغزاکەی دەڕوانن کە بەدیهێنەری وشەکەیە، هەروەها لەو هۆشە دەڕوانن کە شەقڵی بە وشەکە داوە. وشەیەک دەشیت واتای جیاوازی هەبێت. ئایا پەڕێنەر گەرەکە بۆ چە واتایەک بەوەفا بێت؟ گوێتە خۆی ئاماژەی بۆ دا: هەموو پەڕاندنەوەیەک ئینتەرپرێتاسیۆنە (ڕاڤەکردنە).

بە فەرمانی تسار

ڕاڤەکردن مەترسیی لەخۆدەگرێت، ئەوە چە بۆ تێکستەکە و چە بۆ پەڕێنەر. ئیتسیەن دۆلێ (Etienne Dolet) ی پەڕێنەر ساڵی 1546 بەهۆی پەڕاندنەوەیەکەوە لەسەر بڕەدار سووتێنرا: ئەو لەو کارەیدا بەدەم سۆکراتێسەوە وشەگەلی داتاشی و نووسیی کە گۆیا دوای مەرگ هەموو شتێک تەواو دەبێت. زانستگەی پارس دۆلێی بەوە تۆمەتبار کرد کە گۆیا ئەو نەمریی دەروونی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، ئەو کارەشی بە وشەی ئەوتۆ ئەنجامداوە کە لە ئۆریجیناڵەکەدا نابینرێن. لێ دۆلێ پەڕاندنەوەی وشە-بە-وشەی ئەنجام نەدابوو، بەڵکو پەڕاندنەوەکەی بەگوێرەی مەغزا بوو. پرنسیپی دۆلێ بریتی بوو لە: “ئەو کەسانە کە هەوڵ دەدەن دێڕ بە دێڕ یان دێڕەهۆزان بە دێڕەهۆزان بپەڕێننەوە، قەشمەرن”.

پرنسیپەکانی پەڕاندنەوە لای دۆلێ گەیشتن بە نەمری. نەک تەنیا لە خۆرئاوای ئەوروپا، بەڵکو هەروەها لە ڕووسیا، 150 ساڵ دوای مەرگی ئەو، تەنانەت کران بە “فەرمانی تیۆریی-پەڕێنەرانەی تسار”. پێتەری یەکەم ساڵی 1709 هەڵوێستی خۆی دژی پەڕاندنەوەی وشە-بە-وشە دەربڕی، چونکە بە دیدی ئەو پەڕاندنەوەی بەو چەشنە مەغزا دادەپۆشێت. واتای سەرەکیی گوێزانەوەیەک لەوەدایە کە خوێنەری ڕووسی بە چەشنێک بە ناوەرۆکی ئۆریجیناڵەکە ئاشنا بکرێت کە ئیدی بەگوێرەی ئەو کردەییانە ڕێگە بگیرێتە بەر.

فراوانکردنی فەزاکانی کولتوور

ڤیلهێلم فۆن هومبۆڵت بیرۆکەیەکی سەرەکیی گرنگی سەبارەت بە بابەتی پەڕاندنەوەی کولتووری خستە سەر کاغەز: “جیاوازیی نێوان زمانان هینی هێماکان نییە، بەڵکو جیاوازییەکی خودی جیهاندیدییەکانە (…). بۆیە گەرەکە فێربوونی زمانێکی بیانی، بەدیهێنانی گۆشەنیگایەکی نوێ بێت لەنێو ئەو جیهاندیدییەدا …”.

پەڕێنەران دەشێت سەرباری کەشتیشکانە نێوکولتوورییەکان سەرلەنوێ ڕۆخە لە یەک دابڕاوەکان پێکەوە ببەستنەوە. پەڕاندنەوە دەتوانێت بەسەر خەرەند و دیوار و سنووراندا زاڵ ببێت، جا ئەوان سروشتێکی سیاسی، جیۆگرافی، مێژوویی، ئابووری یان ئیدیۆلۆژییان هەبێت. پەڕاندنەوە چالاکییەکی مەترسیدارە، وەلێ چالاکییەکی بەهێزی کاریگەرە. بۆ پەڕاندنەوەیەکی جوان و بەوەفا ئەو بنەمایە چواندنی هەیە، کە بە هەمان شێوە بۆ سەرجەم ئیدیال و یوتۆپی هەیەتی: مرۆ بەدەگمەن دەتوانێت لە فۆرمی پەتیدا بە ئیدیال و یوتۆپی بگات. تیۆریی پەڕاندنەوە تەواو وشک ئەمە دەردەبڕێت: “چۆن هەرگیز بەڕەهایی تێگەیشتن لە تێکستێک ناشێت، بەڵکو ئەوە تەنیا بەڕێژەیی و بگۆڕ دەشێت، بە هەمان شێوە شیمانەی پەڕاندنەوەی تێکستێکیش هەردەم ڕێژەییە.”

هەموو کێشەیەکی پەڕاندنەوە کە تا پلەی نزیک چارەسەر کراوە، ڕادە نەشیاوەکانی پەڕاندنەوە کەمتر دەکاتەوە و هەنگاوێکە لەسەر ڕێگەی ڕووەو یوتۆپیی گەیاندنێکی کامیلی ئۆریجیناڵەکە، ڕووەو مەحاڵێتیی تیۆرییانە و پراکتیکییانەی “پەڕاندنەوەیەکی ئیدیال”. زانستی مۆدێرنی ترانسلاسیۆن هێز بە پەڕێنەری نڤیسکی و تەرجومان دەبەخشێت: وەک ئۆتۆنۆم، وەک بەئاگا لەخۆ و لە بەرپرسیاری، پەڕێنەرێک کە ڕزگارکراو لە “فێتیش ی بەوەفایی”، لە خزمەتی ئۆریجیناڵدایە، وەلێ وەک کۆیلە نەکەوتۆتە ژێر ڕکێفییەوە.

 

فەرهەنگۆک

ئانالۆژی: لێچواندن

پسیکۆلۆژی: زانستی ژیانی ناخەکی

دیسپلین: بەشی زانستی لە زانستگە

فۆرمالیزمی ڕووسی: (یان مەدرەسەی فۆرمالی رووسی)  لەنێوان 1916 و 1939دا کارا بوو بە کاریگەریی بەهێزەوە لەسەر ستروکتورالیزمی ئەدەبناسی. لەم مێتۆدەی ئەدەبناسیدا جیاوازی دەکرێت لە نێوان: تەوەری لینگویستی کە خۆی بە یاساکانی گۆتنی هۆزانڤانییەوە بە دابڕاوی لە زمانی ڕۆژانە خەریک دەکات، ئەوجا تەوەری ئەدەبی-ئێستێتیکی کە سەرنج دەخاتە سەر شێوازی کاریگەریی ئێستێتیکییانەی بابەتە هونەرییەکان.

فیلۆلۆژی: زانستی توێژینەوە لە تێکستەکانی زمانێکی تایبەتی.

ئینتەلەکتوێل: هزرمەند

ئینتەردیسپلینێر: نێوبەشی، واتا کارکردنی پێکەوەیی لەسەر پرسێک لە لایەن چەند بەشێکی زانستگەیی جیاوازە.

کۆمپەراتیستیک: زانستی بەراوردکردنی ئەدەبی و زمانی.

کۆنترازیتیڤ: بەراوردکاری.

لینگویستیک: زانستی زمان

نیۆرۆلۆژی: زانستی پێکهاتە و کارایی کۆئەندامی دەمارەکان.

سێمیۆتیک: تیۆریی هێما

 

سەرچاوە:

Jekatherina Lebedewa: Mit anderen Worten. Universitaet Heidelberg. Presse & Medien.

پرۆفیسۆر دکتۆر ێکاتارینا لێبێدێڤا لە زانستگەی هومبۆڵت ی بەرلین سلاڤیستیک، ڕۆمانستیک، ئەنگلستیک، زانستی تەرجومانی و پەڕاندنەوەی نڤیسکی و ئەدەبی خوێندووە. لە ساڵی 2004 بەدوواوە پرۆفیسۆری زانستی پەڕاندنەوەیە، لکی ڕووسی، لە زانستگەی هایدلبێرگ.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: