ده‌رباره‌ی دڵته‌نگی

768
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئه‌حمه‌د حاجی سامی

دووریت… ڕۆژەکانت لەناو قوتوو ناوە. ڕایەخەکانت جوانن، پێدەکەنن کە تەماشایان دەکەیت. کێلونی پەنجەرەکەت شکاوە، چونکە تووڕە بوویت، جارێك. شاخەکان ئەبینیت، -کە ھیچ جووڵەیێکت بۆ ناکەن-، لەدوورەوە. ئەمڕۆ، کە ئێوارەی پێنجشەممەیێکی خەمگینە، کۆتایی ھەفتەیێکی دڵتەنگییشە، قه‌ینا. بیرەوەرییت بە ئیش دەکەوێتەوە: برینداریت… بە گژ یادەوەرییەکانت دادێیتەوە. “ڕۆژێک دڵتەنگییت. سەیری ئاسمان دەکەییت، شینە… کەسێک دێت و لەتەنیشتەوە سەیر دەکات. پاڵدەکەون… سەیری ئاسمان دەکەن. شینە، چونکە ئاسمان شین بوو، ئەودەم… شانەکانت ھەڵدەتەکێنیت. ئاسمان شینە کە سەیری دەکەییت.”.

خەیاڵەکانت ئاوساون. پڕی لە شەکەتی ڕۆژەکان. لە باڵکۆنەکە ڕاکشاویت، بەسەر حەوشەکەوە شتانێکی سەیر دەبینیت، لەوسەرەوە لە داھاتوویێکی نادیار دەڕوانیت. لافیەتە دڕاوەکانی ئەوبەر -کە بە تەنافەکانەوە شۆڕبوونەتەوە-، شپرزەییت دەردەخەن: “شانەکانت بۆ یەکتر دەھێنیتەوە، خۆت گرمۆلە دەکەییت. ئاسمان شین نییە، سەیری ناکەییت. چونکە ئاسمان شین بوو، کە بریندار بوویت.”. دەبینییت… پیاوێکی دڕدۆنگ، -كه‌ ده‌یان شۆڕه‌بی له‌ناو شه‌ڕواڵه‌كه‌ی حه‌شارداوه‌-، به‌و‌ ده‌سته‌ بچووكانه‌ی، بە تفەنگێکەوە تێده‌پەڕێت. گۆرانی دەڵێت: ئاسمان شینە، ئەمڕۆ… جەنجاڵیت بزر دەبێت، ناڕێکییێک بە دواتدا دەگەڕێت. دەنگێک دێت… ئاسمان شینە، ھێشتا کە دەنگی تەقەکان بێزارت دەکەن.

دڵتەنگییت پەلەقاژێیەتی، دەچیتەوە ژوورەوە. “گۆڕت ھەڵکەندووە، جارێک.”. دارەبازەکە بەسەر شانی تۆوەیە، دەڕۆیت، دارەبازەکە بەسەر شانی تۆوە دەچێتەوە شوێنێکی دیکە. ئەوسا ناوی خۆتت بیر بوو، تەرمەکانیش. دەگەڕێیتەوە دەرەوە. “فیشەکەکان تووڕەییت دەشکێنن. “. پۆستاڵەکان گوڵ دەگرن، قه‌ینا… پۆستاڵەکان باخچەن.”. بڕیار نییە ئیدی؛ بێزاریت قەتماغە بگرێت، چونکه‌ خوێن دەدەڵێنن، ھەمیشە… سێبەرەکەت ڕەشاوێژی فیشه‌ك دەکرێت. بە پۆستاڵەکانیانەوە ڕادەکەن، دەیانبینیت. ده‌یانبینیت كه‌ ڕاده‌كه‌ن و گۆڕانی ده‌ڵێن: ئاسمان شینه‌. ئاسمان شین بوو كه‌ هاتین…

دەچیتەوە ژوورەوە. دارەبازەکە بەردەبێتەوە، تەرمەکانیش خەریکن. “سەیری ئاسمان ناکەییت، چونکە دەزانیت شینە.”. بەسەر شانتەوە بەربوونەتەوە، تەرمەکان، پۆستاڵه‌كان. خۆیان و تفه‌نگه‌كانیان بەرنەبوونەتەوە. دەڕۆیت، بەسەر شانی تۆوەن ھێشتا. تەرمەکان، سەیری تۆ ناکەن، تەرمەکان، سەیری ھیچ شتێک ناکەن. شانەکانت ڕێک دەکەییتەوە. “لەنێو ئەم ھەموو ناشیرینییەدا، کاکۆڵت پیس دەبێت. لەنێو ئەم ژاوەژاوەدا، گوێچکەکانت زیک دەبن، قه‌ینا.‌”. نكۆڵییت له‌ ڕاستییه‌كان ده‌كرد. “ئاسمان شینه‌، قه‌ینا.”.

گەڕاویتەتە دەرەوە، دڵتەنگییت… بەڵام، دەزانیت ئاسمان شینە. ده‌زانیت شین بوو، كه‌ سوارچاكه‌كان تفه‌نگه‌كانیان به‌ ئه‌سپه‌كانی ژێریان سپارد. به‌ڵام، ڕقت له‌ سوارچاك و ئه‌سپه‌كانیانه‌. دەزانیت سەردەمی پیسبوونی ھەموو شتێکە و ئاسمانیش ھەر شینە. دەزانیت هیچ شتێك له‌جێگه‌ی خۆیدا نییه‌ و ھەموو شتێکیش ده‌بێته‌وه‌‌‌ ڕۆتین. شه‌ڕه‌كانت، مه‌رگت، دڵته‌نگییشیت، قه‌ینا. دەچیتە ژورەوە، ته‌رمه‌كان نابه‌ییت. ئینكاری له‌ درزه‌كانی  ناوه‌وه‌ت ده‌كه‌ییت. گه‌وره‌ ده‌بن… برینه‌كانت هێشتا ماكیاژ نه‌كراون. له‌ ژووره‌وه‌ییت. خۆت دەخزێنیتە ژێر چەرچەفەکە، سەریشت ئەخەیتە ژێر سەرینەکەت. دەنووییت… بەڵام، ھێشتا دڵتەنگییت.

“ئازار، بەشێکە لە مرۆڤ. زۆرجار دەرەوەی مرۆڤ، وێرانترە لە بەشی ناوەوەی مرۆڤ. چونکە دەرەوەی پەیوەستە بە شوێنەوە. شوێنیش جگە لە عەدەمێک بۆ کۆتاییھێنان بە خەونەکانی تۆ؛ ھیچی دیکە نییە. چونکە مرۆڤ بەرھەمی شوێنە. بەڵام، کەوتنی مرۆڤ، بۆ خواستێکە، خواستێک کە فێری دەکات دڵته‌نگ بێت.”. یه‌كی ئاب.

یەک: دڵتەنگیی، بەرەنجامی ئازادییێکی ڕەھایە. چونکە دەستت بە ھەموو شتەکان دەگات. خواستەکانت ھێندە زۆرن؛ ناتوانی بەسەریاندا زاڵ بیت. مۆتیڤەکانیشت بەس نین، بۆ کۆتاییھێنان بە دڵتەنگییەکەت.

دوو: كه‌ نكۆڵی له‌ ڕاستییه‌كان ده‌كه‌ییت، خه‌ریكه‌ دڵته‌نگ ده‌بیت.

سێ: دڵته‌نگییت، چونكه‌ قه‌دره‌ی تۆ به‌شێكه‌ له‌ ماهییه‌تی تۆ.

چوار: هه‌وڵتداوه‌ نهێنییه‌كانت بپارێزییت، بۆیێ دڵته‌نگییت.

پێنج: دڵته‌نگییت، چونكه‌ هه‌میشه‌ بیر له‌ مه‌رگ و قه‌راره‌كانت ده‌كه‌‌ییته‌وه‌.

شه‌ش: دڵته‌نگییت، ئه‌وكاته‌ی كه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یێكت نییه‌.

حه‌فت: سه‌رباری هه‌موو ناشیرینییه‌كان، عه‌وداڵی جوانییت. ئه‌وه‌ قۆناغی یه‌كه‌می دڵته‌نگییته‌.

هه‌شت: چونكه‌ جه‌للادی خۆت و قوربانی ئه‌وانی دیكه‌ییت، بۆیێ هه‌میشه‌ قوربانییت.

نۆ: كه‌ ناچاری ده‌ستپێبكه‌ییته‌وه‌، ناچاری دڵته‌نگییشت بیت، دواجار.

ده‌: هه‌موو شته‌كان له‌ چركه‌یێكدا ڕووده‌ده‌ن، دڵته‌نگییشت هه‌روا.

یازده‌: كه‌ بۆت ده‌ركه‌وت جیهان پڕیه‌تی له‌ پاڵه‌وان و تۆییش یه‌كێك نییت له‌وان، باشتره‌ دڵته‌نگ بیت.

دوازده‌: دڵته‌نگییت، چونكه‌ نۆستالیژیای هاوبه‌شت له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا نییه‌.

سێزده‌: دوێنی لۆمه‌ كراییت، به‌یانی و ئه‌مڕۆیش… چونكه‌ ناتوانی دڵته‌نگییت بشاریته‌وه‌.

چارده‌: دڵته‌نگییت، چونكه‌ جانتاكه‌ت پڕیه‌تی له‌ حه‌بی ئازارشكێن.

پازده‌: كه‌ زانییت گریان ڕێگه‌پێدراوه‌، دڵته‌نگ ده‌بیت، له‌خۆوه‌…

شازده‌: دڵته‌نگییت، چونكه‌ ده‌زانیت زه‌مه‌ن هیچ شتێك چاره‌سه‌ر ناكات، ته‌نها له‌گه‌ڵ شته‌كان ڕاتده‌هێنێت.

حه‌ڤده‌: تێده‌گه‌ییت دره‌نگه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی شته‌كان، دڵته‌نگییش كۆتا بژاره‌ته‌.

هه‌ژده‌: هیچ پیرۆزییێكت نییه‌، ته‌نها ده‌ستبردن بۆ دڵته‌نگییت، قه‌ده‌غه‌یه‌.

نۆزده‌: ناته‌وێ هه‌ڵه‌ بكه‌ییت، به‌ڵام حاشا له‌وه‌ ده‌كه‌ییت، كه‌ دڵته‌نگییت.

بیست‌: لەو شوێنەی کە دەبێ داوای لێبووردن بکەییت، ھاوار دەکەییت. بۆیێ ھەمیشە ژیانت خواروخێچە، چونكه‌ دڵتەنگییشیت.

بیستویه‌ك: پێداویستییەکانت، دوژمنی ھەرە سەرسەختی تۆن. ھیچ ئۆپشنێکی دیکەت نییە، تەعبیر لە ڕەھایی خۆت دەکەییت. بڕوات بە ھیچ پارادۆکسێک نییە. ھەموو ئەوەی داگیری کردوویت؛ دڵتەنگییە.

یه‌ك: شەو دادێت. دەمێکە شەوت بە جوانییەوە نەبینیوە، قه‌ینا. بیر لەوە دەکەیتەوە: دڵته‌نگییت، دیسان… تەواوی ڕۆژەکە لەناو ئازاردا گەمەت کردووە. جەستەت بە تەواوی خوساوە. خوێن بەسەر لاشەت ڕێچکەی گرتووە. ئێسقانەکانت لۆمه‌ت ده‌كه‌ن. ھیچ کەسێک بۆ داپۆشین و پێچانەوەی برینەکانت شک نابەییت. ئەودەم پێویستە دەست بە گریان بکەییت. شتێک لە گەرووتەوە قەتیس دەبێ. بوێر نیت، ناتەوێ ددان بە بێدەسەڵاتی خۆتدا بنێیت. لەژێر ڕووناکی گلۆپێکدا دەوەستیت. کاتێک چرچ و لۆچی دەکەوێتە سەر ڕووخسارتەوە، ئارەزوو دەکەییت، ھاوار بکەییت، نایكه‌ییت، قه‌ینا. دەست لە ئاسمان گیر بكه‌ییت، ناتوانیت، قه‌ینا. ھەورەکانیش، قه‌ینا… ھیچت ناوێ، ئەوە نەبێت: لەگەڵ دڵتەنگییتدا بمێنیتەوە. بەڵام، ئینکاری دەکەییت… ئینکاری لەوە دەکەییت؛ دڵتەنگییت پێوەندی بە خۆتەوە ھەیە.

دوو: گەورەییت… بای ئەوە گەورەییت بیر لە ڕابردووت بکەیتەوە. حەزت بە زۆر شتە. ھێندە زۆرن، خەریکە شتێک ون دەکەییت. ڕەنگە کەسێک، شتێک یانژی خۆت… دواجار پێدەکەنی بەو شتانەی کە زوو لەبیرت نەکردن. دەگەرێتەوە بۆ حەزەکانت، زۆرن… بەڵام، ناتوانی ھەموویان دەست بخەییت. لەوێشدا حیکایەتێکت ھەیە، سیخناخە… ڕێگەکەت سەختە، زۆریش… خەیاڵت بەشی ئەوە ناکات، خەونەکانت سەفتە بکەییت. ناچار بەسەریاندا پاز دەدەییت. لەوێوە دڵتەنگییت دەستپێدەکات.

سێ: ھەمیشە کەسانێک ھەن، جوانییەکانت تێکدەدەن. وردوخاشی دەکەن… دڵتەنگیی تۆ، پێوەندی بە جوانییەکانی تۆوە ھەیە، جوانییەکانی تۆ، بەشێکن لە پڕۆسەی دڵخۆشبوونی تۆ. بەڵام، دڵتەنگییت ھەمیشە باڵاترە لە جوانییەکانت. دڕەندەیی خۆتت بۆ دەردەکەوێت، کە دەزانی چیدی ھەڵەکان ناتوانن بتگۆڕن. ھەمیشە دەتەوێ ھەڵەی دیکە ئەنجام بدەیت. ھەمیشە دەتەوێ نوێکاریی بکەیت… بۆیێ ھەمیشە ھەڵەی نوێ ئەنجام دەدەییت، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی دڵتەنگ بیت.

چوار: پێتوایە ھەمیشە دەستێک ھەیە بە نھێنی تۆ دەپارێزێت. نزاکان، شتانی دیکەت لەلا ئەرشیف دەکەن. کەتەلۆگی سەدان ئامێری کۆنت لە سەرتدا دۆکیۆمێنت کردووە. مانیفێستی ڕۆژانی خەمگینییت شاردۆتەوە، هێنده‌ییش ترسنۆك نیت… چونکە دڵتەنگییت و ناتەوێ کەس پێی بزانێت. چرکەساتێکی حەزینە… بەڵام، ھیچ کەسێک دڵتەنگییەکەی تۆی بەلاوە گرنگ نییە. چونکە ماھییەتی تۆ بە غرووری یەکێکی دیکەوە بەستراوەتەوە.

پێنج: گوناھباریت. ھەقیقەتێک ھەیە، لە حەشارگە تاریکەکانی مێشکت تۆزی لەسەر نیشتووە. وەھمێکیش… شیعر دەنووسیت. پێتوایە: شیعر گرێیێکی شاراوەی شاعیرەکانە، ئەبەدیییشە… دوێنێت بیرە. ئەمڕۆیش کە نازانی چەند شەممەیە، قه‌ینا. بیرتدەکەوێتەوە، دوێنێ شتێکت لێ کەوتووە، لەناو پاسەکە. نازانی… چونکە جەنجاڵی ناو پاسەکە وەڕزی کردبووییت. بەڵام، دڵخۆشی… ھەمیشە عەوداڵی شتە ونبووەکانتی. دەتەوێ بڕۆیت، شتێک بە قاچەکانتەوە شۆڕدەبێتەوە. ھەنگاوەکانت قورس دەکه‌ن. دەوەستیت… بیرتدەکەوێتەوە: دوێنێ دڵتەنگ بوویت. ئەمڕۆیش ھەروا.

شه‌ش: لاشەت بووەتە کۆگەیێکی بەتاڵ. زێرابەکان، ئەگەرچی دوورن و کەوتوونەتە دەرەوەی تۆ، بەڵام لەکۆتاییدا دەچنەوە ناوەوەی تۆ. دێنەوە و ناچنەوە ھیچ جێگەیێکی دیکە. پاشماوەی سەدان شەڕی خوێناوی بەسەر جەستەتەوە دیارە. ھەموو جێ پەنجەی مرۆڤە… بارووت بە قورگتەوە ئاشنایە، بۆیێ. ڕەنگە بتوانی ھەموو ئاسەوارەکان بشاریتەوە. بەڵام، ناتوانی دڵتەنگییت بشاریتەوە، بۆ ھەمیشە… دڵته‌نگییت بەشی ھەڵگەڕانەوە لەو تاریکییە ناکات. لەدوورەوە شتانێکی سەیر دەبینیت. لەخۆتەوە ھەست بە ئازایەتی دەکەییت. زەردەخەنە دەکەییت. دڵته‌نگ ده‌بیت و زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كه‌ییت. زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كه‌ییت و دڵته‌نگ ده‌بیت، دیسان.

بڵاوکردنەوە: