یەکگرتوو و شکستی ریفۆرمی ئاینیی

660
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: عەلی مستەفا کەریم

دەکرێ لە ستایشی یەکگرتوودا ئەوە بڵێین کە تاکە حیزبە بەشداریی شەڕی براکوژی و شەڕی ناوخۆی نەکردوە و وەکو حیزبێکی بێچەک لە ژینگەیەکی باروتاویدا خۆی راگەیاند، تاکە حیزبە لە هەردو زۆنی سەوز و زەرد دا ئەندام و لایەنگری هەبوە و ئەمەش بوەتە هۆکاری ئەوەی تاکو ئێستەش رۆڵی هەبێت لەوەی هەرێم نەبێت بە دو ئیدارەی تەواو جیاوازەوە. جگە لەوەش یەکێکە لەو لایەنانەی کەمترین دەستی هەیە لە گەندەڵیدا. من تاکو ئێستەش شکنابەم کە ئەندامەکانی فایلیان هەبوبێ لەگەڵ رژێمی بەعسی روخاو. راستەوخۆ وەکو حیزبەکانیتر دەستی تێکەڵ نەکردوە لەگەڵ ڕژێمە کوردکوژەکانی وێنەی تورکیا و ئێران و سوریا و کوردی ئەو پارچانەی ئازارنەداوە.

ئەمانە شایانی ستایشن و سەروەرین بۆ حیزبێکی وەکو یەکگرتوو کە لە ماوەی دەساڵی یەکەمی تەمەنی دا تۆماریکردن. بەڵام ئایا بۆچی یەکگرتوو دواتر نەیتوانی نە لە مەیدانی سیاسیدا پێشبکەوێت و دەنگی شەقام بەدەستبهێنێت، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ئەو حیزبە پاشەکشەی کرد، لە هەڵبژاردنی ناو توێژی قوتابیانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و پارلەمان. نە لە مەیدانی بازنەی ئەوەی پێیدەگوترێت گوتاری ئاینییدا پێشبکەوێت و پێشەنگبێ؟ بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە تازە بە تازە لە کاتی راگەیاندنی بیستوحەوت ساڵەیدا ڤێستیڤاڵی سەرپۆش رێکدەخات.

ئێمە هۆکاری پاشەکشێ و شکستەکانی یەکگرتوو بۆ ئەوە دەگێڕینەوە کە ئەو حیزبە لە دو رۆڵی سەرەکیدا شکستیهێنا کە دەبو حەتمەن ئەنجامیان بدات، ئەوانیش یەکەمیان ئەوەیە کە لە روی سیاسییەوە لە ماوەی زێرینی خۆی دا، کە دەکاتە پاش شەڕی ناوخۆ تاکو هاتنەئارای بزوتنەوەی گۆڕان، نەیتوانی ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا. دوەمیان لە بازنەی گوتاری ئاینییدا شکستی لەوەدا هێنا کە ئەو گوتارە نوێبکاتەوە و نەیتوانی بکرێتەوە بەڕوی کۆمەڵگە دا و هەنگاوی بوێرانە بنێت و هەر لە بازنەیەکی چەقبەستودا، کە گەڕانەوەیە بۆ گوتاری داخراوی ئاینی- حیزبی، دەخولێتەوە.

لێرەدا هەوڵدەدەین ئەو دو شکستە رونبکەینەوە:

یەکگرتووی ئیسلامی سەرەڕای پاشخانە ئیخوانی و گوتارەکەی کە گوتاری تاقمێکی ئاینیی داخراوبو، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنیدا زۆر بەخێرایی بە ڕوی کۆمەڵگەدا دەکرایەوە. ئەوەبو لەماوەیەکی کەمدا زۆرێک لە دۆزە نەتەوەییەکان و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیبونی تەبەنیدەکرد و لە بواری گوتاری ئاینیشدا هەم لەناو خۆی و هەمیش بەرەو روی دەرەوە هەنگاوی خێرای دەنا، تاکو کار گەشتە ئەوەی لە کۆنگرەکانی کۆتاییدا کە پاشگری /ئیسلامی/ لە حیزبەکەی بکاتەوە. لەم قۆناغەشدا خوێنەوار و چالاکوان و رۆشنبیر و سیاسییەکانی لە پێشتربون و لە بەرامبەردا مەلا و بانگخوازەکانی خەریکبو دەکەوتنە پەراوێزەوە و خۆیان بە غەریب و پاشکۆ دەبینی لەو حیزبەدا. بەڵام ئەوەی ئێستە دەیبینین، بەتایبەت لە ٢٠١٠ ەوە، تەواو پێچەوانە بوەتەوە کە بانگخواز و مەلاکان لەناو یەکگرتوودا گوتار و وتارەکانتان زاڵبوەتەوە و تەنانەت سیایسی و رۆشنبیرەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەنگی بانگخوازەکانیان دەچنە پەرلەمانەوە! ئێمە لەمەدا دیارترین هۆکار باسدەکەین کە هاتنە شاری کۆمەڵی ئیسلامییە.

چۆن کۆمەڵی ئیسلامی یەکگرتووی شکستپێهێنا لەوەی بەردەوامبێت لە کرانەوەی گوتاری ئاینیدا ؟

کۆمەڵی ئیسلامی، کە چەند ساڵێکبو لە هەڵەبجە/ هەورامان/ خورماڵ دابڕابون، تێکەڵیەکبو لە جیهادییەکانی ناو بزوتنەوە و (بروتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی). بروتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی(نەهزە) ئەو کۆمەڵەیە بون کە پێشتر ئیخوان بون و دواتر لە زەمینە ئیخوانییەکەی پێش راگەیاندنی یەکگرتوو جیابوبونەوە. واتە کۆمەڵ تێکەڵەیەکبون لە باکگراوندی چەکداریی وێنەی جیهادییەکان و بانگخوازیی وێنەی ئیخوانییەکان کە لە کوردستان یەکگرتوو نوێنەرایەتییان دەکات. لەم ماوەدا، لە نێوان ساڵانی ٩٤ بۆ ٢٠٠٠ کە شەڕی ناوخۆ و نە جەنگ نە ئاشتیبو لە نێوان یەکێتی و پارتیدا و جەنگی درێژخایەنبو لە نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ هەردولایاندا، واتە جەنگی گشت بەرامبەر گشتبو، تەنانەت حیزبە بچوکوکانیش، دابەشبوبون بەسەر هەردو بەرەی جەنگدا، جگە لە یەکگرتوو، ئەو حیزبەی کە لەگەڵ هیچ لایەک لە جەنگدا نەبو. ئەم بێلایەنییەی یەکگرتوو لە جەنگدا ئەوەی بۆ رەخساند لە هەمو شار و ناوچەکاندا تەواو خۆی رێکبخات، ئەندام و چالاکوانی گەنجی ئامادە و پەروەردەکردبو. لەم قۆناغەدا یەکگرتوو ئامادەیی ئەوەی هەبو کە گوتارە ئاینییەکەی لە حەڵاڵ حەرام و کافر و موسڵمان، حیجابو بێحیجاب، ریش و بێڕیشەوە فراوانتر و رەنگاورەنگتر بکات بۆ مەسەلە عیرفانی و رۆحانییەکان و لەو لاشەوە قسەکردن لەسەر پێکەوەژیان و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان و گونجاندنی گوتاری ئیسلامی لەگەڵ ئەم دۆزە نوێیانە دا.

هەر لەم دۆخەشدا کۆمەڵی ئیسلامی بە زەبری لێدانەکانی ئەمریکا ٢٠٠٣ ناوچەکانی خۆی بە بێچەک بەجێهێشت و هاتە شارەکانەوە. بەهۆی ئەم رێکەوتە سیاسییەوە کۆمەڵ بە زەبری واقعی نوێ دەبو گوتارەکەی خۆی کە لە سەر دوالیزمەکانی حەرام و حەڵاڵ، کافر و موسڵمان، ئاینی و نائاینی دامەزراندبو، بە هەندێ دەستکارییەوە بە کەرەستەی نوێوە دەستپێبکات، لەمەشدا تاکە فریادڕەس بۆ دۆخی نوێی کۆمەڵ ئەزمونی چەندین ساڵەی یەکگرتوو بو وەکو نمونەیەک کە تاقیکرابوەوە و لەبەردەستدابو، لەمەشدا توانی زۆر زیرەکانە سودی لێبینی. کۆمەڵ لە روی میدیاییەوە وێنەی یەکگرتوو کەناڵی تەلەفزیۆنی پەیام و چەند ئێزگەی جیاوازی لە شارەکاندا بە یارمەتی لۆجستی و دارایی ئێران دامەزراند. سەرەتا بەبێ مۆسیقا و وێنەی ئافرەتانی لە دورەوە پێشاندەدا، یان دەیشێواند. چونکە وەکو پاشخان سەلەفییەک کۆمەڵ پێیانوابو کە مۆسیقا حەرامە و وێنەی ئافرەت نابێت پیشانبدرێت، تەنانەت لە رۆژنامەکەیاندا وێنەی ژنانیان بەجۆرێک تێکدەدا واهەستدەکرا کە ئەو کەسە تاوانێکی کردوە یان تۆمەتبارە و لەبەر یاسا دەموچاوی پیشان نادرێت. بەڵام قۆناغ دوای قۆناغ میدیای کۆمەڵ لە روی کوالێتی و بینەرەوە بویە رکەبەری میدیای یەکگرتوو. واتە لە قۆناغی یەکەمدا کۆمەڵ بەو گوتارە تەقلیدییەیان کە جەخت لە دوالیزمە ئاینییەکان دەکاتەوە، بە زەقکردنەوەی چەمکەکانی (قورئان، حەدیس، بیدعە، ) توانی ئەو جەماوەرە موحافزکارە ئایندارەی، کە یەکگرتوو لەپاش شکستی بزوتنەوەی ئیسلامی دەیدواندن و خەریکبو رامیدەکردن، کۆمەڵ لێیوەرگرتنەوە. بەمپێیە کۆمەڵ بە رەوتە نەریتییەکەی خۆی، بەڵام بە کەرەستەی نوێی میدیاییەوە، بە مەلا و بانگخوازەکان کە بڕبڕەی پشتی گوتار و دەموچاوەکانیبون و بە وەعز و گوتاری حەڵاڵ حەرام و نوێنەرایەتی سونەت و دژایەتی بیدعەت و گوتاری بەناو قورئانی، ئەو جەماوەرە سادە ئاینییەی بۆ لای خۆی راکێشایەوە کە بە سادەیی گوێ لە ئامۆژگاری و قورئان و حەدیس دەگرن، بە تایبەت ئەو جەماوەرەی کە لە شەڕی ناوخۆدا لە بزوتنەوەی ئیسلامی دابڕابون. ئەمەش ئەو خاڵی وەرچەرخانە پێچەوانەبو، یان دەکرێت بڵێین هۆکاری پاشگەزبونەوەی یەکگرتووی ئیسلامی بو لە هەنگاوەکانی بەرەو کرانەوە و نوێکردنەوەی گوتاری ئاینی. لێرەوە یەکگرتوو هەستی بە مەترسییەکە کرد، بە تایبەت پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا کۆمەڵی ئیسلامی بەشێوەیەکی رێژەیی لە هەڵکشاندابو کە (٢٠٠٥ /٦ کورسی، ٢٠٠٩/ ٤کورسی- بە لیستی هاوبەش ، ٢٠١٣/ ٦ کورسی، ٢٠١٨/ ٧ کورسی) بەدەستهێنا. بە تێڕوانینی ئێمە هەڵکشانی دەنگەکانی کۆمەڵ لە هەڵبژاردنەکاندا و بە پێچەوانەوە داکشانی دەنگی یەکگرتوو وایکرد یەکگرتوو لە هەنگاوە تازە دەستپێکردوەکانی لە نوێکردنەوەی گوتاری ئاینی و کرانەوەدا پەشیمان ببێتەوە و لە جێی روانین بۆ ئاسۆی دورتر، باوەشیکردەوە بە گوتارە تەقلیدییەکەدا وێنەی کۆمەڵی ئیسلامی. ئیتر لەم قۆناغەوە لە جێی رکابەرایەتی یەکێتی و پارتی، کەوتەوە رکابەرایەتی کۆمەڵی ئیسلامی. ئەو چالاکی و رەفتارانەش، کە ئەمڕۆ لە یەکگرتوو دەبینرێت راڤەکەری ئەو دۆخەن.

چۆن یەکگرتوو لە ئۆپۆزسیۆنبون کەوت و بویە پاشکۆی ئۆپۆزسیۆن/گۆڕان؟

ئەو ستایشانەی لە پەرەگرافی یەکەمی ئەم وتارەدا هاتون کۆمەڵێ خەسڵەتی یەکگرتووبون کە تایبەتمەندی و توانا و لە زۆر لایەنەوە خاڵی هێز و ئەرێنیبون بۆ ئەوەی یەکگرتوو ببێتە رکەبەرێکی هاوشان بۆ یەکێتی و پارتی و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا لەروی سیاسییەوە ببێتە حیزبێکی فول ئۆپۆزسیۆن لە هەردو زۆن. رۆلی ئۆپۆزسیۆنبون تاکە بژاردەبو کە دەبو یەکگرتوو لە راگەیاندنییەوە، کە سەرەتای شەڕی ناوخۆبو، تاکو ٢٠٠٩ کە بزوتنەوەی گۆڕان هاتەپێشەوە، بەبێ دودڵی پێیهەڵبستایە. بەڵام بۆچی نەیتوانی یاخود نەیویست ئەو رۆڵە بگێڕێت؟

ئەوە بەرچاوە کە شەڕی براکوژی لە شاخ و شەڕی ناوخۆ لە شار هۆکارەکەی تەنها ئەوە بو کە پارتی و یەکێتی وەکو دو هێز، واتە یەکێکیان ئۆپۆزسیۆن و ئەوی تریان دەسەڵاتی بەدەستبێت، یەکتریان قەبوڵنەدەکرد. دوای دروستبونی دوئیدارەییش وەکو دو حیزبی خاوەنی چەک و پارە لە سەرکوتکردنی هیچ دەنگێکی نەیاریاندا سڵیان نەدەکردەوە و لەمەشدا لەو ماوەدا یەکگرتوو لەژێر ئەو فشارەدا بو. سەرەڕای ئەم دۆخە جەماوەرێکی زۆر چاوەڕێی ئەوەبون کە متمانە ببەخشن بە لایەنێک کە نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە بکات. لەمەشدا یەکگرتوو تاکە بژاردەی ئەو نوێنەراتییە بو. بەڵام ئەنجامەکەی ئەوە بو کە یەکگرتوو بە درێژایی زیاتر لە پانزەساڵی سەخت، بەڵام پانزەساڵی زێڕین بۆی، نەیتوانی ببێتە ئۆپۆزسیۆنێک کە خەڵکی ناڕازی پشتی پێببەستەن. لەم روەیشەوە جگە لە مەلا و بانگخوازەکانی، ئەوەندە خوێنەوار و رۆشنبیر و سیاسی و چالاکوانی هەبون کە ئامادەبون وەکو کادێری پێشکەوتو و چالاک رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان پێ بگێڕێت. لە ناوەڕاستی نەوەدەکان و سەرەتای دوهەزاردا لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی قوتابیان و خوێندکارانی لە هەردو زۆن، سەرەڕای پێشێلکاری و ساختەکاری، بە تەنها نیوەی دەنگەکانی بەدەستدەهێنا. لەو قۆناغەدا گەنج و کادێرەکانی یەکگرتوو گەرموگوڕ و ئامادەی هەمو چالاکی و خۆپیشاندان و جموجوڵێک بون و جگە لە باوەڕی ئایدۆلۆجییان زۆرێک زەمینەی لەبار هەبو کەوا بکات خەڵکی ناڕازی متمانەی پێببەخشێت.

یەکگرتوو لە هەمو شەڕی ناوخۆ و پاش شەڕی ناوخۆ، و پاش چەندین هەڵبژاردن کە ساختەکارییان تێدادەکرا، پاش ئەو هەمو گەندەڵییەی کە پارتی و یەکێتیش دانییان پێدادەنا، نەیتوانی تەنها بۆ یەکجاریش بێت خۆپیشاندانێک سازبکات، یان بە کردەیی پشتگیری خۆپیشاندانێک بکات.

ئەو بارەگاکانی لەلایەن پارتییەوە سوتێنران و چەند ئەندامێکی کوژران، لە نێویشیاندا ئەندامێکی سەرکردایەتی هەبو، لە بەرامبەردا یەکگرتوو جگە لە بەیاننامە و ناڕەزایی لە ژێر لێوەوە هیچ فشار و کاردانەوەیەکی وەهای نەبو کە ئەو پەلامارانە دوبارە نەبنەوە. هەر پاش چەند ساڵێک لە ٢٠٠٩ دوبارە بارەگاکانی یەکگرتوو لە بادینان سوتێنرانەوە. کە هەردو پەلامار و سوتاندنەکان لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندابون. کارنەدانەوەی یەکگرتوو لەبەردەم پەلامار و سوتاندنی بارەگاکانی هەم جەماوەر و هەمیش ئەندامەکانی خودی یەکگرتووی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەو هێزە سەرەڕای خاڵە ئەرێنییەکانی ناکرێ متمانەی ئەوەی پێبکرێ کە ببێتە رکەبەری ئەو دو هێزە و گرەوی ئایندەی لەسەر بکرێت. من بەشێکی زۆری ئەو بەرپرسایەتیە و ئەو نابوێریە بۆ سەرکردایەتی ئەو حیزبە دەگێڕمەوە کە بوێریی ئەو ئەرکە مێژوییەی نەبو کە بەو رۆڵە هەڵبستێ. بەڵێ ئۆپۆزسیۆنبون لە سیستەمی نادیموکراسیدا باجی هەیە، لە گرتن و زیندان و فشاری هەمەجۆر، ئەمانە کە سەرکردەکانی یەکگرتوو ئامادەی نەبون. بەڵام بە هەمان شێوە کڕی و کزی و دەستەمۆیی و هەمیشە موساوەمەش باجی هەیە. باجەکەشی ئەوە بو کە ئێستە یەکگرتوو داویەتی و دەیدات، کە لە هەڵبژاردنەکاندا نەکو جەماوەر دەنگیان پێنەداوە و بەردەوام لە پاشکشەدایە، تەنانەت زۆرێک لە دەنگی خۆی یان بەرەو گۆڕان یان بەرەو کۆمەڵ رۆشتون.

پەیوەندی ریفۆرمی ئاینی و ئۆپۆزسیۆنبون لەچیدایە؟

هەر گروپێکی ئیسلامی ئەگەر لە قۆناغێکدا لە کوردستان، و تەنانەت لە هەر شوێنێکی جیهان، بیەوێت ببێت بە ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر و نوێنەرایەتی ناڕەزایەکانی زۆرێک خەڵک بکات، دەبێت بەلای کەمەوە بەشێکی زۆری گوتاری کافر و موسڵمان، حەڵاڵ و حەرام، خۆبەستنەوە تەنها بە دەقی ئاینی کاڵبکاتەوە و بکرێتەوە بەرەو ڕوی فرەیی و قەبوڵکردنی جیاوازی و قەبوڵکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژن و مافی رادەربڕین، لەنێویشیاندا مافی رەخنەگرتن و لێکۆڵینەوە لە ئاین و مێژوەکەی و زۆرێک لە دیاردەی مۆدێرنەی وێنەی سفوری و هونەر و ئازادی و گەشتوگوزار و هتد..چونکە ئەو وەکو ئۆپۆزسێۆن تەنها نوێنەرایەتی ئەندامکانی ناکات کە نوێژکەرن و خەتم دەکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی خەڵکێکی ناڕازی دەکات، بە کەسایەتی و ئایدۆلۆجیای جیاوازەوە. بۆیە پێمانوایە تازەکردنەوەی گوتاری ئاینی و کرانەوە مەرجێکی پێشوەختە بۆ هەر پارتێکی ئیسلامی کە بیەوێت نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازی بێت.

کەواتە بۆچی یەکگرتوو گەڕاوەتەوە بۆ گوتار و کەرەستەکانی پێش نەوەدەکانی؟

بۆچی ئەمڕۆ پاش ٢٧ ساڵ لە راگەیاندنی هێشتا بێسەرپۆشێک یان نوێژنەکەرێک لە ریزەکانیدا جێیان نابێتەوە؟

من لە نەوەدەکانەوە پێموایە کە یەکگرتوو، بەو پێکهاتە و سەرکردانەی کە هەیەتی و بەو گوتارە ئاینییە تەقلیدییەی کە تێیدا دەخولێتەوە، گەشتۆتە بنبەست و چەقبەستوە، بۆیە واباشترە و دەبێ خۆی وەکو حیزبێکی سیاسی هەڵبوەشێنێتەوە و خۆی بکات بە چەند رێکخراو و ناوەندێکی فشار،خێرخوازی و میدیایی و بازرگانی و خزمەتگوزاری و رۆشنبیری و هتد.

ئەوەی لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا کە یەکگرتوو بۆی گەڕاوەتەوە ئەو دو هۆکارە بنەڕەتییەن، کە یەکەمیان یەکگرتوو نەیتوانی بۆ خەڵکی گشتی و لە ئاستی دۆزەگشتییەکاندا ببێتە جێی ئومێدی خەڵکی ناڕازی دژی گەندەڵی و نەبوە ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و کاریگەر، کە هەم بەرگری لە خۆی بکات، هەمیش بەرگری لە مافە گشتییەکان بکات. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان هاتەپێشەوە و ئەو رۆڵەی لەدەستوەرگرت. دوەم رۆل کەدەبو پێیهەستێت ئەوەبو گوتاری ئاینی نوێبکاتەوە و لە چەند ئاستێکی فراواندا ریفۆرمی ئاینی بکات، بەڵام لە ترسی ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامی جەماوەرە پارێزگارە ئاینییەکەی لێ داگیرنەکات، دەستی لەو هەنگاوانە هەڵگرت کە چاوەڕواندەکرا بیکات. کرانەوە و تازەکدنەوەی گوتارە ئاینییەکەش پێشمەرجێکبو بۆ ئۆپۆزسیۆنبون. ئەوەش ئەمڕۆ پێیهەڵدەستێ لە ڤیستیڤاڵی سەرپۆش و خولی خەتمی قورئان دەرەنجام و بەرجەستەکەری ئەو شکستانەن.

بڵاوکردنەوە: