بیرمەندی سەربەخۆ (بەشی یەکەم)

862
0
بڵاوکردنەوە:

نیتچە، هایدێگەر و سلۆتەردایک

بەشی  یەکەم

نۆربەرت بۆلتس

لە ئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

(دوامرۆڤ، کاتی ئازادی زۆر هەیە، بەڵام کاتی بەتاڵی نییە بیپەرژێتە سەرخۆی. دیارە وشەی هیچنەکردن یاخود پەرژانە سەرخۆ وشەیەکی زۆر لەمێژینەیە و وەک وشەیەکی ئەنتیکانە دەردەکەوێت ، هەروەکو وشەی فەزیلەت و ڕەندی. هەڵبەتە ئەمڕۆ شتێکی ستەمە  هزری ئەوە بکرێت، کاتی خۆی <<هیچ نەکردن >> چەمکێکی پۆزەتیڤ بووە بۆ ژیانکردنێکی پڕ تێکۆشان. لەبەرئەوەی پێوەرەکانمان بۆ هەڵسەنگاندن تەنیا بریتین لەوانەی لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکاندا و لە مۆرالی ئیشکردنەکانیاندا هەن. <<بتپەرژێتە سەرخۆ>>   واتە بێکار بیت،  واتە کات بەسەربردن لەگەڵ خۆتدا بەبێ ئەوەی هیچ بەرهەمبهێنیت. لەبەرئەوەیە لەڕوانگەی مۆرالی ئیشکردنەوە وەکو مشەخۆر تەماشای ئەوانە دەکرێت کە بێکارن و سەریان دەپەرژێتە سەرخۆیان وکاتیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. ئەم ئیتیکی ئیشکردنە ژیانی تێڕامانی کردۆتە ویژدانێکی ئازاراوی. لە << زانینی شاد>>ی نیتچەدا زۆر جوان ئەوە هاتووە:<< ئێستا خەڵک شەرم لە ئارامی دەکەن و،  تێڕامان و خەڵوەتی قووڵ ویژدانی ئازاراوی دروست دەکات)

سێ ڕێگە هەیە بۆ بوون بەبیریاری سەربەخۆ. هەڵبەتە هەرسێکیان بەهەمان شێوە بەسەر ڕێگەکاندا ناڕۆن. یەکەمیان بریتییە لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی سەردەمی ئەنتیک لەسەر لوتکەی مۆدێرنیتێت. واتە ڕێگەکەی نیتچە. ئەگەرچی فریدریش کیتلەر ویستی بەهەمان ئەو ڕێگەیەدا بڕوات، بەڵام کارەکەی ئەو لەمڕۆدا ئەو سەرنجەمان لاچێ دەکات، کە یەکێک لە پلیکانەکانی شکا بێت. بەڵام تەنیا نیتچە توانی ئەو بیریارە بە شیعر بهۆنێتەوە کە دەبێت بەسەر ئەو ڕێگەیەدا بڕوات، واتە زەردەشتئەوە ڕێگەی دڵگەرمی و سەربەرزییە Übermut ، کە نیتچە خۆی ناوی نابوو دڵفراوانی، جوامێری Großmut، کەچی نەیارەکانی ناویان نابوو فیزی و لووتبەرزی Hochmut.

 دووەمیان بریتییە لە ڕێگەی چوونە نێو بنەوەی وەڕسییەوە لە سەردەمی دوای مێژوودا، ڕێگەیەک بەشێوەیەکی سەیر خۆی بۆ <<دوامرۆڤ>> واڵادەکاتەوە. هەڵبەت ئەو ڕێگەیە لە هایدێگەرەوە دەردەچێت. ئەمەیان بریتییە لەو ڕێگەیەی بێفیزی و خاکەڕایی Demut لەبەردەمی <<بوون>> دا واڵادەکاتەوە. هایدێگەر پێی دەگووت ئەو ڕێگەیەی  بەرەو << بیرکردنەوەی جەوهەرییانە >>  دەچێت.

سێهەمیان بریتییە لە ڕێگەی قسەلەڕوویی، ڕاشکاوی Freimut . لەسەر ئەم ڕێگەیەشدا بەدیداری ئەم پاڵەوانەمان دەگەین، کە ئەوەتانێ لەنزیکەوە تەماشای دەکەین، پیتەر سلۆتەردایک.

فیلۆسۆف ئەو کەسەیە پرسیارە بێبایەخەکان بەلاڕێیدا نەبەن. ئەمەش شتێکە تا دێت لەنێو هەلومەرجەکانی ژیانی مۆدێرنەدا گرانتر دەبێت. هەڵبەتە هۆکاری ئەوەی کەوا ژیانی فەلسەفی لەمڕۆدا بەلاڕێدا چووە، سێ هۆکاری خۆی هەیە: پۆلیتیک گومڕابووە بەرەو فکرێکی دڵنەوایی و ڕووپایی کردن و خاترگرتن، میدیاکانیش فریودراون بەرەو خۆنمایشکردن، زانکۆکانیش بەهەڵەدابراون بەرەو دەزگایەکی فێرکاری و بەس. لەبەر ئەوەیە بەلای نیتچەوە ژیانی فەلسەفی لە دنیای نوێدا شتێکی نەکردە بوو، ئەو دەڵێت: << هەموو فەلسەفاندنی مۆدێرنە بریتییە لە شتی سیاسی  و پۆلیسییانە، بەهۆی حکومەتەکان و کڵێسەکان و ئەکادیمیاکان و نەریتەکان و ترسنۆکییەکانی مرۆڤەوە لەسنوری دەرکەوتەیەکی  فێرکاریدا قەتیس ماوەتەوە>>. لێرەوەیە نیتچەی پزیشک ڕەچەتەی >>سەربەرزیی<< بۆ کولتورەکەی دەنووسێت و پێمان دەڵێت: هەم لەژیان دا و هەم لە بیرکردنەوەدا سەرسەختی بکەن. ببنە سەرکێش. بوێرن مەترسانە بیربکەنەوە.

نوێخواز لای نیتچە واتە دڵخۆش بیت بە نادیار. ئەی فیلۆسۆفەکان سواری کەشتییەکان بن، نوێخواز بن، هێشتا جیهانی تر ماوە بدۆزرێتەوە.

کەواتە بیرمەندی سەربەخۆ بریتییە لەو فیلۆسۆفەی سواری کەشتی دەبێت و سەرکێشی بە گەشتی کەشتییەوە دەکاتواتە هیرۆیزمی زانینخوازی و  ڕێزگرتن لە پاڵەوان.

گەر ئێمە پاڵەوانێکمان هەبێت، پێدەچیت ئەوە تایبەتمەندی کاتی گەنجێتی بێت. تەنانەت لەسەر ئاستە هاکەزاییەکەی وتوێژکردنیشدا هێشتا سەرسام بوون و خرۆشاندن و ڕێزگرتن لە پاڵەوان ئەو میدیۆمە دروست دەکەن کە لێوەی کارەکتەرێک سەردەردەکات. بۆیە گەر مرۆڤ پاڵەوانی هەبێت و ڕێزیان لێ بگرێت، ئەوا بەردەوام بە گەنجی دەمێنێتەوە. لەبەرئەوەیە زەردەشتی نیتچە ئاگادارمان دەکاتەوە هیوا بەرزەکان بەدناو نەکەین: << نەکەی پاڵەوان لە ڕۆحت دەرکەیت>>.  دواتر ئەم هۆشدارییە لە شاکارەکەی مارتن هایدێگەردا << بوون وکات>> دەبێتە باسێکی فەلسەفی. هایدێگەر لە نەسکی << تێگەیشتنی بنەڕەتییانەی مێژووایەتی دازاین>> دا، بە ڕوونی لەو بارەیەوە دەدوێت:<< کە دازاین پاڵەوانی خۆی هەڵدەبژێرێت>>. هەڵبەتە ئەو لەڕووی مەجازییەوە مەبەستی لەمە نەبووە. بەڵکو کاتێک دازاین پالەوانی خۆی هەڵدەبژێرێت، بەمە دەرفەتێکی هەبووئاراییانە بۆخۆی دووبارە دەکاتەوە. پالەوانەکەم وەکو هێزی دەرفەتەکان لەناو بوونمدا کاریگەری چێ دەکات. ڕێک لەو کاتەشدا کە خۆم لەبەردەمی هەژموونی ئەو دەرفەتە هەبوونگەرییە پاڵەوانییەدا دەچەمێنمەوە، بەمە من دەبمە دڵسۆزی خودی خۆم. دووبارەکردنەوەی دەرفەتێکی بۆماوەیی هەبوونگەرانە، وەڵامی ئەو دەرفەتە دەداتەوە، وە بەرپەرچی دەسەڵاتی ڕابوردوو دەداتەوە و بگرە وەڵامی ئێستاش دەداتەوە. هایدێگەر ئاوەها چەمکی نیتچە بۆ ناوەخت ڕاڤە دەکات. ئەو کارتێکردنە بەهێزەی کە ڕێنماییکردنی بۆ هەژموونی پاڵەوان هەیە، بریتییە لە << وازهێنان لە شتە باوەکان    Entwöhnung von den Üblichkeiten>>.

هیرۆیزمی مەعریفی و پاڵەوانپەرستن، ئەمەش بریتییە لە یەکێک لە دەرفەتەکان. بەڵام تەنیا دڵە بەجەرگ و ڕۆحە ئازادەکان ئەو دەرفەتە شک نابەن کە ڕێگەی ڕۆشتن بەرەو بیرمەندی سەربەخۆ بدۆزنەوە. بگرە تەنانەت دوامرڤەکانی پۆستهیستۆریش دەتوانن ئەوە بدۆزنەوە کەپێی دەگوترێت بیرکردنەوە. بەڵام هێندە هەیە ڕێگەی ئەوان کتومت بەپێچەوانەی ژیانی مەترسییەوە دەڕوات، واتە بەرەو زانستی لێکۆڵینەوەی تەنە وەستاوە کەلایدۆسپییەکانی دەوڵەتی خەمخۆری چاکەی گشتی دەچێت. ستاتیکی کەلایدۆسکۆپییانە kaleidoskopische Statik des vorsorgenden Wohlfahrtsstaats. .)  کەلایدۆسکۆپ .. بۆرییەکی ١٥ بۆ  ٢٥ سەنتیمەترییە کە لە دیوی ناوەوە، لە بنەوە پارچە ئاوێنەیەکی تێدایە و وێنەی ڕەنگاوڕەنگ ئاوێنە دەکاتەوە. وەکو گەمۆچکەی مندالان بەکاردەهێنرێت. وەرگێڕ.).

زانای ماتماتیک و ئابووریناسی فەرەنسی ئەنتۆن ئاوگوستین کۆرنۆت بۆ یەکەمینجار لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا وێنەی قۆناغێکی شارستانی داڕشت، کە ناوی لێنا پۆستهیستۆری، واتە پاشمێژوو: بەمانای کاتی دوای کۆتایی مێژوو. ئیتر سوێ و ئازارەکانی ژیانی سیاسی بەوە ئارام بوونەوە، هەموو بەرژەوەندییەکانیش وەکو ناولێنەرێکی هاوبەش دۆخی واقیعەکەیان درێژە پێدا و پاراست. سیستەمی کۆمەڵایەتیش بەوە درێژە بەبەردەوامی خۆی دەدات، کە تێیدا هەموو هێزە سیاسییەکان خۆیان بێلایەن بکەن. ئیتر لێرەوەیە هەموو وزەکانی ژیان  بەرەڵا دەبن.  تەنیا دواقۆناغی بەکریستالیزەبوونی ڕەها لەوەدا چاوپۆشی لێ دەکرێت، کەتێیدا مرۆڤ وەکو تێرمیتەکان( تێرمیتەن، ئەو مێرووانەن کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو و دیسیپلینانە شار دروستدەکەن وەکو مێروولە، زەردەواڵە، هەنگ، زەردەزیڕە. وەرگێڕ.) لەناو ماڵێکی پڕ لە بێکۆتا ڕۆتین و لە ڕووداو نیشتەجێ دەبن. ئەم چاخە ستاتیکییەی پاشمێژوو دیسانەوە خۆی گەیاندەوە بە دۆخی سەقامگیرانەی پێشمێژوو. ئەو بەبێ هیچ قەیرانێک، بەبێ هیچ هۆشمەندییەک و بەبێ هیچ ئازادییەک گەشە بەخۆی دەدات. بەڵام پۆستهیستری واتای ئەوە ناگەیەنێت، کە چیتر هیچ شتێک ڕوو نادات. بەپێچەوانەوە: ڕووداوەکان، خرۆشاندنەکان و کارەساتەکان  لەهەموو جێیەک دەبن. بەڵام هێندە هەیە لەناو بونیادی بنەڕەتی کۆمەڵگە خۆرئاواییەکاندا شتێکی ئەوتۆ گۆڕانی جەوهەری بەسەردا نایەت.

وانەکەی زەردەشت دەربارەی <<دوامرۆڤ>>، ناودارترین و جێی مشتومڕترین فیگوری پۆستهیستۆریمان پێشکەش دەکات. ئەو دەڵێت: << هەموویان زۆر لەیەک دەچن، زۆر بچووک، زۆر خڕ، زۆر بەرگەگر، زۆر وەڕس. هەستێکی خۆشی بچووک و لاواز بەسەر هەموودا وەکویەک بڵاوکراوەتەوە، ئەوەش چینگەرییەکی باشترکراو و بردنە لووتکەیە.>>  لە پۆستهیستری دەوڵەتی چاکەی گشتیدا وەڕسی بریتییە لە چەقی هەموو کێشەکان: وەڕسی، پەرەنەسەندن و نەبزووتنێکی ڕۆحییانەی هەمەکییە.

دوامرۆڤ، کاتی ئازاد  Freizeit ی زۆر هەیە، بەڵام کاتی بەتاڵی نییە بیپەرژێتە سەرخۆی Muße. دیارە وشەی هیچنەکردن یاخود پەرژانە سەرخۆ Muße وشەیەکی زۆر لەمێژینەیە و وەک وشەیەکی ئەنتیکانە دەردەکەوێت ، هەروەکو وشەی فەزیلەت و ڕەندی. هەڵبەتە ئەمڕۆ شتێکی ستەمە  هزری ئەوە بکرێت، کاتی خۆی <<هیچ نەکردن >> چەمکێکی پۆزەتیڤ بووە بۆ ژیانکردنێکی پڕ تێکۆشان. لەبەرئەوەی پێوەرەکانمان بۆ هەڵسەنگاندن تەنیا بریتین لەوانەی لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکاندا و لە مۆرالی ئیشکردنەکانیاندا هەن. <<بتپەرژێتە سەرخۆ>>   واتە بێکار بیت،  واتە کات بەسەربردن لەگەڵ خۆتدا بەبێ ئەوەی هیچ بەرهەمبهێنیت. لەبەرئەوەیە لەڕوانگەی مۆرالی ئیشکردنەوە وەکو مشەخۆر تەماشای ئەوانە دەکرێت کە بێکارن و سەریان دەپەرژێتە سەرخۆیان وکاتیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. ئەم ئیتیکی ئیشکردنە ژیانی تێڕامانی کردۆتە ویژدانێکی ئازاراوی. لە << زانینی شاد>>ی نیتچەدا زۆر جوان ئەوە هاتووە:<< ئێستا خەڵک شەرم لە ئارامی دەکەن و،  تێڕامان و خەڵوەتی قووڵ ویژدانی ئازاراوی دروست دەکات.>>.

مرۆ بەپێی کاتژمێرەکەی دەستی بیر لەوە دەکاتەوە نیوەڕۆ چی بخوات، و چاویشی بڕیوەتە سەر لاپەڕەی بۆرسەکان، مرۆ وەها دەژی وەک ئەوەی بەبەردەوامی  شتەکانی لەکیس دەچێت.

واتە ئێمە نابێت کاتیئازادمان Freizeit لەگەڵ کاتی هیچ نەکردندا  Mußeلێ بگۆڕێت. کەواتە ئێمە دەتوانین بڵێین: کاتیئازاد بریتییە لە بەهاوڵاتیکردنی کەسە هیچ نەکەرە ئەریستۆکراتییەکە Müßiggang. ئەم بەهاوڵاتیکردنەوەیەش وەکو شاردنەوە و چەپاندنێک ڕوودەدات، بەتایبەتیش لە بواری میدیاکانی کۆنزومگەری و ڕابواردنکاریدا. بەمانای ئەوەی لە کاتیئازادداFreizeit کۆنزوم<<بەکاربەری>> جێگەی کارپێنەکردنی Mußeی گرتۆتەوە. کاتی خۆش و ڕابواردن بەسەربردنیش بووەتە ئەو شێوە شێواوەی کە تێیدا هیچنەکردنە چەپێنراوو شاردراوەکەی ناو کۆمەڵگەی پیشەسازی دووبارە دەگەڕێتەوە. ئەمە، نیتچە وتەنی، بریتییە لەچێژوەرگرتنی ئەو << کۆیلانەی ماندووی دەستی ئیشن>>.

کاتی ئەوەت هەبێت بتپەرژێیتە سەرخۆت، بەبێ ئەوەی هەست بە وەڕسی و بێزاری بکەیت، ئەوە شتێکی ئەریستۆکراتییانەیە. ئەمڕۆ گەڕان بەدوای کاتی ڕابواردندا، تەنیا بۆئەوەی وەڕسی بکوژیت، شتێکە تایبەتمەندی دیموکراتیی ئاپۆرەییە. لەوەتەی ئێمە لە دنیای مۆدێرنەدا دەژین، کات پەرژانە سەرخۆ بووەتە شتێکی وەڕسکەر بۆ کاتی خۆش ڕابواردنلەو کاتەوە ئێمە تا ڕادەی مردن گاڵتەو لاقرتی بەخۆمان دەکەین.

کەواتە پەڕاگەندەبوونمان بەهۆی کاتی ڕابواردن بەسەربردنەوە، و ئەشکەنجەی بێزاری و وەڕسی، بریتین لە دوو دیوی مەدالیایەک. مارتین هایدێگەر یەکێک بوو لەو فیلۆسۆفە دەگمەنانەی، هەوڵی ڕوونکردنەوەیەکی سیستەماتیکیانەی ئەم هەبوونە بێزاربوو و پەڕاگەندەیەی دا..  ئەو زۆر جوان و ڕەوان  پێناسی دەکات وەکو: << لەگەڵدابوونێکی پەرشەوە بووە، وازهێنانە لەخۆت و خۆدانە دەست ئەو شتانەیە کە لەو کاتەدا ڕوودەدەن>>.

ئەوەی بێزار بێت و لەخۆی وەڕس بێت، وەکو دوژمن سەیری کات دەکات. بەڵام خۆی ڕێک ئا لەو وەڕسییەدایە کە تاکە دەرفەتی هۆشیاربوونەوە بەوکاتە مت بووە، کە هەڵبەت ئەمیش نایەوێت هەروا بەسەر بچێت! لەبەرئەمەیە ئەم کەش و ڕەوش وەڕسییە تێچوویەکی زۆری بۆ فەلسەفەی بوونگەری هەیە. لێرەوەیە بوونی مرۆیی کاتایەتی خۆی لەناو وەڕسیدا بۆ ئاشکرا دەبێت.

ئەوەی بیەوێت خۆی بناسێت، دەبێت بەرگەی نێگەتیڤبوونی ئەو کەشە بگرێت. ئەمەش خەسڵەتی جیهانە مۆدێرنەکەمانە. یەکێک لە ڕۆمانە گەورەکانی سارتەریش ناوی << قێزهاتنەوە>>یە،  یەکێک لە فیلمە گەورەکانیش ناوی << سووکسەیرکردن>>ە و تەواوی سەردەمەکەمان وەکو سەردەمی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی وەسف کراوە. مرۆڤی بیرکەرەوە، کە وێڵی ڕێنماییکردنە، ئاماژەیە بۆ << دیالێکتیکێکی نێگەتیڤ>>، لەکاتێکدا مرۆڤی باوەڕدار ئاماژەیە لەسەر << تیۆلۆگیایەکی نێگەتیڤ>>. بەپێی پیناسە ناودارەکەی هایدێگەر، ئەگەر مرۆڤ ئەو بوونەوەرە بێت کە خەمی بوونێتی، ئەوا ئەم بوونی مرۆڤە لە ئاسۆی کاتدا خۆی وەکو وەڕسی و بێزاری پیشان دەدات Langeweileئەمیش دیدارە لەگەڵ<< هیچ >>، ئەو بۆشاییە گەورەیەی تیۆلۆگەکان وەکو بێخودایی پێناسی دەکەن و فیلۆسۆفەکانیش وەکو نیهیلیزم. تەنیا ئەم ڕێگە نێگەتیڤە بەکراوەیی دیارە. لەمڕۆدا میکانیزمی دەستپێکردنی فەلسەفە تەواو جیاوازە لە ڕۆژگاری پلاتۆن. لەدەستپێکی فەلسەفەی ئەنتیکدا <<سەرسوڕمان>> هەبوو، کەچی لەدەستپێکی فەلسەفەی مۆدێرنەدا <<بێزاری>> هەیە. فریدریش شلیگل لە کتێبەکەیدا << ساڵانی وانەی فەلسەفی>> وەها باسی لێوە دەکات:<< خرۆشانی بێزاری بریتییە لە یەکەمین خرۆشانی فەلسەفی. هەموو ئەو بێزارییەی مرۆ هەیەتی، لەڕاستیدا مرۆڤ بۆخۆی دروستی دەکات>>.

خرۆشاندنی بێزاری: ئەمە ئەو پارادۆکسە جوانەیە کە ئێستا ئێمە دەبێت واڵای بکەینەوە، تا بتوانین ڕێگەی ڕۆیشتن بەرەو بیرمەندی سەربەخۆ بدۆزینەوە.

شلیگل خۆیشی لەم ڕووەوە ڕێنمایی دروستمان دەداتێ، کاتێک دەڵێت: هەموو بێزارییەکان لە خودی خۆمەوە دێن. با ئێمە لێرەدا زۆر بەوردی لە بەکارهێنانی ئەم زمانە ڕۆژانەییە تێڕابمێنینیەکەم، دەشێت من خۆم بێزارکەرێک بم، واتە من ئەوانیتر بێزار بکەم. دووەم، دەشێت شتێک من بێزار بکات. سێهەم، دەشێت من خودی خۆم وەڕس بکەم. هەڵبەتە ئەم شێوازانە سەنگ وهێزی جیاوازی خۆیان هەیە. خراپترینیان ئەوەیە کە تۆ بێزارکەر بیت، لێرەوەیە La Rouchefoucauld دروست گووتوویەتی:<< ئێمە ناتوانین ئەوانە ببەخشین کە بێزارمان دەکەن>>. بەڵام ئەمەیان کێشەی کەمترە، گەرشتێک بێزارم بکات، لەم بارەدا نابێت لەخۆمدا بەدوای هەڵە وگوناهەکەدا بگەڕێم، بەڵام دیلی دۆخەکە دەمێنمەوە. بەڵام شتەکە تەنیا لەوێدا جووڵەی تێ دەکەوێت، گەر<< لەو شتەوەی بێزارم دەکات>> بەرەو ئەوە بڕۆم کە << من خۆم خۆم بێزار بکەم>>. گەر نەشزانم چی بێزارم دەکات، ئیتر دەکەومە بەردەمی ئەو هەستکردنەی، ئەوە شتێک نییە وەڕسم دەکات، بەڵکو ئەوە خۆمم خۆم بێزار دەکەم.

مرۆڤ بەپێی کەش و ڕەوشەکان پێناس دەکرێت. بەڵام نەک بەپێی پەرۆشی وخەم و خۆپاراستن لە ژیاندا، بەڵکو بەپێی نائارامی و نیگەرانی و وەڕسییە بێزارکەرەکانیش. هەموو بابەتی فەلسەفەی بوونگەری بریتییە لەوە. وە تێگەیشتنە بنەڕەتییە سەرسوڕهێنەکەشی لەوەدایە، کەوا کەشە نێگەتیڤەکانی وەکو بێزاری و نیگەرانی ڕێگای جیهانمان بۆ دەکەنەوە. بەڵام  بۆ یەکێک مەزن و گەورەیە و بۆ یەکێکی تر بێزارییە. بەڵام لە نیگاکردنە سەر <<بوون>>، دەبینین هەردوو ڕەوشەکە هاوتان. لەکاتێکدا ئەگەرچیش فەلسەفەی بوونگەری بۆ مەسەلەکانی << نیگەرانی >> باوکێکی زۆر شک دەبات، کەچی ئێمە هێشتا تەنیا قەرزارباری هایدێگەرین، لەوەدا کە سلۆتەردایک زۆر جوان ناوی ناوە << چوونەپێشەوەیە بەرەو دڵی بێزاری>>.       

دەشێت دەرکەوتنی هەتاوی پسایکۆلۆگیا ئەو هەڵڕژانە وەکو ڕاڕەوی نێوان نیگەرانی وبێزاری ستایش بکات. ڕاڕەوی پشکنینەکەی هایدێگەر بۆ بیرمەندی سەربەخۆ بەرەو ئەوپەڕ و دوورترین دەچێت، واتە بەرەو نیگەرانی ( کە نەبوون دەکاتەوە) و بێزاری( کە ئەمیان بوونەوەر وەکو گشتێک دەکاتەوە). منیش لەبەرئەوە جەغد لەوە دەکەمەوە، چونکە ئەو تیۆرییە زۆر میللییەی هەڵڕژان Flow کە دەرونناس  Mihaly Csikszentimihaly دایناوە پێیوایە، کەوا ژیانێکی باشی ئاسوودە ڕێک ئەوەیە کە دەبێت خولی ناوەندی نێوان نیگەرانی و بێزاری بەڕێوەبەرێت. ئەو ڕێک ودروست لەوەوە دەردەچێت و پێیوایە فیلۆسۆفەکان بابەتە گەورەکەی ژیانێکی باشیان فەرامۆش کردووە، بۆیە کتێبەکەی خۆی وەکو یەکەم فیشەکی دەستپێکی توێژینەوەی زانستییانەی ژیاندۆستی دەبینێت. لەم ڕووەوە میهالی پشکنینی ئەو ڕەفتارانە دەکات کە ستایشی خۆیان دەکەن، وە ئەو ئەزموونکردن و ڕووداوانەی ئاسوودەییهێنن. واتە مەسەلەکە دەربارەی ئەو ئاستە باڵایەی هاندانە، کە ئێمە بە تەواوەتی چاومان بڕیوەتە سەری. ئیتر بەپێی ئەمە ڕاڕەوێکی باریکی ژیاندۆستی هەیە  لەنێوان فرەخوازی Überforderung و کەمخوازیدا Unterforderung، واتە لە نێوان نیگەرانی وبێزاری، ترس و وەڕسی دا.

هەڵبەتە ئەمە شتێکی ڕازیکەرانە دێتە گوێمان و بگرە کەسانێکی زۆریشی خستۆتە سەر ئەو باوەڕە، لەبەرئەوەی تیۆری ئەزموونکردنی <<هەڵڕژان>> ڕێک دەبێتە کۆسپی بەردەمی هەموو ئەو تێڕامانە قووڵانەی لە بێزاری دەکرێن. ئەوەشی ئەمە گرێ دەدات بە فەلسەفەی بوونگەرییەوە، بەشێوەیەکی سەیروسەمەرە بریتییە لە ئیشکردنە نەسرەوتەکەی. بەم پێیە بێزاری بریتی نییە لە  دۆخی خامۆشی و سرەوتن، بەڵکو پێچەوانەکەیەتی. ئەو نائارام و نەسرەوتمان دەکات، لەبەرئەوەی  تەواو پڕاوپڕ نەبۆتەوە. بێزاری بریتییە لەو چۆڵەوانی وبۆشاییەی کە ئاماژەیە لەسەر شتێک و  کەسێکی تری نادیار. با ڕوونتر بڵێین: ئەوەی خۆی بێزار کرد، ئەوە شتێکی تری دەوێت. بێزاری ئاماژەیە لەسەرئەوەی: مرۆ ناتوانێت ژیان کورت بکاتەوە بۆ خۆپاراستن و مانەوەی خۆی و بەس.

بێزاری خولیاییەکە بۆ پێدان و بەخشین بەویتر. ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بەو خۆسەپاندن و خۆسەلماندنەوە نییە کە لەم سەردەمە نوێیەماندا دەیبینین. هەڵبەتە مانەوە  و خۆپاراستن بریتییە لە زەرورەتێکی دیاری هەبوونمان. بەڵام لە مۆدێرنەدا دەستەواژەیەک هەیە بووەتە وێردی سەر زمانی هەمووان، دەستەواژەی <<خۆبەدیهێنان Selbsverwirklichung>>، کە گوزارەشتە لە شتگەلێکی زۆری پەیوەست بە مرۆڤەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکی نرخێنەرە، و هەرکاتێک ئەو بۆی ڕەخسا تا ڕادەیەک خۆپاراستن و مانەوەی خۆی دەستەبەر بکات، ئەوکاتە ئەو لەوێدا لەڕووی بەهای بەراوردکردنی بە خۆیەوە دەڕوانێتە جیهان. بەم شێوەیە ئیرەیی سەرهەڵدەدات و، ئەمیش لەپاڵ وەڕسی و لەپاڵ نیگەرانیدا یەکێکی ترە لەو ڕەوش و لەومیزاجە گەورە نێگەتیڤانەی کە دوامرۆڤ ززۆەر بەچاکی لەبارەیانەوە شارەزایە. لەخۆڕا نییە ڕاڤەکانی هایدێگەر بۆ هەبوون خۆیان دەرگیری ڕەوش ومیزاجەکانی << ئەوان/خەڵکی>>  Man کردووە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: