شاعیر بوومەتەوە و عاشقانە ئەژیم

890
0
بڵاوکردنەوە:

هیلال ئیبراهیم-یۆنان

 

-١-

شاعیر بوومەتەوە و عاشقانە ئەژیم

دەست بۆ برینى قوڵى مێژوو ئەبەم،

لەدەریاکان وورد ئەبمەوە و لەدوورەوە لە مانگ ئەڕوانم،

حکایەتى بێبەریکردنى شیعر لە مێژوو کۆتایى پێ دێنم و

یاساکانى نەمرى ئەگێڕمەوە.

ئەمەیە دوا گەڕانەوەم بۆخۆم.

شاعیر بوومەتەوە و عاشقانە ئەژیم

عاشقانە بیر لە مارو مێروو،

گژوگیاو سەوزى ئەکەمەوە.

ئەمەیە دوا گەڕانەوەم بۆ عەشق.

-٢-

شیعر دائەڕێژمەوە

دارگوێزەکان هەڵئەکێشم و ئەیانگوێزمەوە بۆ شوێنى ڕاستەقینەى خۆیان

سنەوبەرەکان بۆ بەرزەخ و

گوڵەکانیش بە ئەسپێکا ئەنێرمە ماڵتان.

چیم هەیە بۆ تۆ…؟

جگە لە گۆرانیەکى بێکۆتایى لەبارەى دەریاو ئاسمانەوە.

-٣-

ژیانێکى پەتى ئەژیم،

ئارامیەکەى نێو دڵم ئەنێژم و ئەیکەمە باخچە

وەک درەخت،

وەک  باڵندە، وەک گیاندار ئەژیم.

یاقوتەکەى نێو دڵم پاک ئەکەمەوە لەتەپوتۆز،

وێنە وونبووەکەى خۆم لە ڕۆحما ئەدۆزمەوەو

ڕەنگى نوێ ئەنەخشێنم،

دەنگى نوێ تۆمارئەکەم و

گڕوتینى تازە دەبەخشمە مێژوو.

-٤-

لەخۆم ڕا ئەمێنم لە تابلۆکەى نێو ڕۆحم

ئەگەڕێم بەدواى وونبوون لەخۆما

لەمندا جگە لە تۆ هیچى تر نییە هیچ،

نە ئاسمانى بەرین و

نە دەریاو زەریاکان و

نە لاپاڵى شاخەکان.

هیچى تر نیە لە دڵمدا جگە لە تۆ.

هیچى تر نیە لە ڕۆحمدا جگە لەتۆ.

بڵاوکردنەوە: