نووسینی: ڕامیار مەحمود
کاک ئەحمەدی شێخ کوڕی شێخ مارفی نۆدێیە،باوک و کورێکی ناودار لە ناو مێژووی ئاینی و سیاسی و کولتووری ئێمەدا، باوکی، شێخ مارفی نۆدێ لەگوندی نۆدێ لەدایک بووە لە ناو خانەوادەی خۆیاندا خوێندویەتی دواتر لە خزمەتی زانا گەورەکانی ئەوکاتی قەڵاچوالانی پایتەختی میرایەتی باباندا فێر بووە, کە ئەو کات بنکەیەکی گەورەی زانیاری ئاینی بووە و تەریقەتی لە سەردەستی باپیرەی لە دایکییەوە وەرگرتووە کە شێخ عەلی کۆسەی دۆڵپەمووە، سلووکی کردووە هەتا ئیجازەی وەرگرتووە .ئەو کات خوێندنگەی مزگەوتی گەورەی قەڵاچوالان پێگەیەکی گەورەی هەبووەو شێخ مارفی نۆدێ مودەریس بووە تیایدا ئەرکی خوێندنگەکە لە ئاخرو ئۆخری سەدەی دوازدەهەمی کۆچیدا خراوەتە سەر شانی شێخ مارف خوێندنگەکە لە گەڵ گواستنەوەی قەڵاچوالاندا،پایتەختی میرایەتی بابان گواستراوەتەوە بۆ مزگەوتی گەورەی ئێستای سلێمانی وکتێبخانە بە ناوبانگەکەی بابانیش هەر لەوێ جێی بۆ دیاریکرا. یەکەم مامۆستاش لەم خوێندنگایە کەدەرسی وتۆتەوە شێخ مارفی نۆدێ بووە دوایش بووە بە سەرۆکی مامۆستاکان و ئەمینداری کتێبخانەکەشی پێسپێردراوە لە نێوانی (١٧٨٥ بۆ١٨٢٢) پەرەسەندنێکی وەهای بە خۆیەوە دی ژمارە خوێندکارەکانی گەیشتنە ٧٠ قوتابی زیاتر.بە گوێرەی نامەکەی شێخ مارفی نۆدێ کە بۆ والی بەغدای نوسیوە بە هۆی داگیرکاری هەرێمی سلێمانی لە لایەن ئێرانییەکانەوە کە ئەمە هەندێک ڕستەیەتی لە کتێبەکەی مامۆستا جەمال بابان دەیگوازینەوە( لەو کاتەوەی پاشای عەجەم دەستی گرتووە بە سەر ئەم وڵاتەدا کاروباری دنیایی و ئاینی تێکچووە هیج شتێک وەک خۆی نەماوە دانیشتوانی لادێ دەربەدەرکراون،دێهات هەمووی وێران کراون لەجیاتی فێرگەکان کە لەوەو پێش پڕ بوون لە مەلا وفەقێ ئەمڕۆ هەموویان چۆڵ و وێرانن… لە خوێندنگەکەی ئێمەدا زیاتر لە ٧٠ قوتابی هەبوون لەوانەی لە پلەی بەرزی خوێندندا بوون بەڵام ئەمڕۆ لە مەدرەسەکەماندا کەمتر لە ١٠ قوتابی هەیە.) دوای وەفاتی شێخ مارف لە ١٨٣٧ ز ڕوخانی میرنشینی بابان لە ١٨٥١ز زیانی گەورە لە کتێبخانەکە کەوت.
شێخ مارف زانایەکی گەورەو خاوەن هەڵسوکەوتێکی بەرزبووە هەژارانی خۆشویستوەو بە هەژاری ژیا وەک هەژارانی کۆمەڵگەکەی ٥٤ دانراوی ئاینی لە دوای خۆی جیهێشت هەرە باناوبانگەکەیان کتێبی (ئەحمەدی)یە کە فەرهۆنگەکەیەکی شیعرییە بە زمانی کوردی و عەرەبی بۆ ئەوەی کاک ئەحمەدی کوڕی و هاوڕێکانی بە ئاسانی فێری زمانی کوردی و عەرەبی ببن. هەرچەند کاک ئەحمەدی شێخ توانی ئەم مەدرەسەیە ڕێک و پێک بکاتەوە بۆ ماوەیەک کتێبخانەکەش بخاتە ژێر دەستی خۆی بەڵام دوای کۆچی ئەویش لە ١٨٨٨ز دووبارە چۆڵی وێرانی ڕووی کردە شوێنەکە. ئیتر دەستی ناپاک بە کتێبخانەکە گەیشت و لە لە لایەکی تریشەوە نەوەکانی کاک ئەحمەدی شێخ کتێبخانەکەیان بە سەر خۆیاندا دابەشکرد بۆ ئەوەی بیپارێزن لە دزی و دەستدرێژی، لە سەردەمی مەلیک مەحموددا ئەو کەسانەی لە گەڵ شێخدا ڕۆشتن ماڵ و کتێب و کەلوپەلەکانیان کۆکرانەوە و لە بەردەم مزگەوتی گەورە سوتێنرا،ئەو کتێبانەشی لە مزگەوتی گەورە مابونەوە فڕێدرابونە حوجرەیەکی وێرانەوە تا خوا شێخ محمەدی خاڵی ڕەخساند بۆ ڕزگارکردنی . بە هەرحاڵ کە کاک ئەحمەدی شێخ لە دایک بوو شێخ مارفی نودێ لە شەستەکانی تەمەنا بووەو خێزانیشی لە پەنجاکانی تەمەندا بووە، ئەگێڕنەوە دایکی کاک ئەحمەدی شێخ بە شێخ مارفی نۆدێی وتبوو (قوربان تۆ وەکوو خۆت دوعا بۆ ژنان ئەنوسی و مناڵیان ئەبێ دوعایەکیش بۆ خۆمان بنوسە بەڵکوو خودا مناڵێکمان پێ بەخشێت). حاجی کاک ئەحمەدی شێخ هەر لە خزمەتی باوکیدا لە خوێندنگاکەی خۆیاندا قورئان و کتێبە وردەکانی تری خوێندووە پاشان نحو سەرفی خوێندووە گەشتۆتە پلەیەکی زانایی باش ئیجازەی وەرگرتووە هەر لە خزمەتی باوکیدا تەمسوک ئەکات و تەریقەت وەر ئەگرێت و سلووک ئەکات هەتا ئەگاتە پلەی ئیرشادو ئیجازەی ئەدرێتێ. دەست ئەکات بە خزمەتکردن و فێرکردن و تەریقەتدان.کاک ئەحمەد چووە بۆحەج و ماوەی چوارساڵ لە مەدینە ماوەتەوە لە هەردوو مزگەوتی مەککە و مەدینە سودی بە موسڵمانان گەیاندووە و لە مەککە میوانخانەیەکی دروستکردووە بۆ ئەوانەی کە بێ خەرجو دەرامەت بوون تا لە ماوەی حەجدا تیا بحەوێنەوە.پاشان هاتۆتەوە کوردستان و لە سلێمانی زێدی خۆی ژیانی بە سەر بردووە هەتا ماڵئاوایی کردن لە ژیان، لە شوێنی خۆیدا لە مزگەوتی گەورە بە خاک سپێردراوە.
بنەماڵەی شێخان:
بنەماڵەی شێخان پێکهاتەیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی بە هێزی کۆمەڵگەی کوردیین بە بنەچە دەچنەوە سەر شێخ عیسای بەرزنجە کوڕی سەید باباعەلی هەمەدانی کە خوشکی بابا تاهیری هەمەدانی شاعیرو عارفی گەورە خێزانی بووە بە گوێرەی یاداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید. لە بەرزنجە شێخ عیسا و شێخ موسا لە ١٣٥٩ ز جێگیر بوون شێخ موسا مناڵی نەبوو .شێخ عیسا دوازدە کوڕی هەبوو ئەم شێخانەی کوردستان هەموویان لە نەوەی ئەو شێخ عیسایەن بۆیە پێان دەوترێت ساداتی بەرزنجە چونکە لە بەرزنجەوە بڵاوەیان لێکرد. بە هەندێکیان دەوترێت شێخ بە هەندێکیشیان سەید. ناوبانگی گەورەی بنەماڵەی شێخان بۆ شێخ مارفی نۆدێ و حاجی کاک ئەحمەدی شێخ دەگەڕێتەوە،شێخ مارف میراتییەکی زانستی و ئاینی میرنشێنی بابان بوو مەرجەعی ئاینی بوو،دوای خۆشی حاجی کاک ئەحمەد(١٧٩٢-١٨٨٧) جێگەکەی گرتەوە ناو و شورەتێکی گەورەی لە کوردستان و دەرەوە پەیدا کرد.ئەوە جگە لەوەی شێخ مارف مورشیدی ناسراوی تەریقەتی قادری بووە لە وڵاتی سلێمانی لە گەڵ مەولانا خالیدی مورشیدی تەریقەتی نەقشبەندی ڕێکەوتی یەک دەوروزەمانەی سیاسی بوون.شێخ مارف کە ناوی ڕاستی )مەحەمەد)ە ئەمین زەکی بەگ دەڵێ (سەبەبی ناو گۆڕینەوەی تێ نەگەیشتم).کاک نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە شێخایەتی لە دامەزراوەی تەریقەتدا بە هەردوو ڕیبازەکەیەوە بووە بە دامەزراوەیەکی ویراسی لە ناو یەک بنەماڵەدا بە دیاریکراوی لە باوکەوە بۆ کوڕ.. هەڵبەت دوای نەمانی میرنشینی بابان دامەزراوەی تەریقەت بۆتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەسەڵاتی عوسمانی لە کوردساتاندا و سوڵتان عەدبولحەمید کە خۆی بە ڕابەری جامیعەی ئیسلامی داناوە لە ڕێی بەکارهێنانی دینەوە ویستویەتی کۆمەڵ کۆنتڕۆل بکات. سوڵتان یارمەتی داون بە پارە و بە موچە و مەسرەفی حەج و گوند پێدان وکۆمەکی هەمەجۆر، بە گوێرەی ڕەچەتەی کاک نەوشیروان شێخانی سلێمانی بە ڕابەری کاک ئەحمەدی شێخ کۆڵەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتی عوسمانی بوون لە بەشێکی زۆری قەڵەمڕەوی پێشووی میرایەتی باباندا.هەڵبەت بە ڕوانگەی من جیاوازی باوک کوڕ لەوەدایە شێخ مارف سەر بە دەورانی دەسەڵاتی کوردی بووەو لە کاک ئەحمەدی شێخەوە دەورانی عوسمانی دێتە ئاراوە. بە تایبەت لە دەورانی شێخ سەعیداخەرج و باجسەندن لە دانیشتوانی سلێمانی زۆر بوو،تا وای لێ هات بازرگان و کاسبکاری سلێمانی پەنایان بردە بەر هەمەوەند ئەوانیش هاتن سلێمانیان لە ١٨٨١گرت و دەستی شێخانی بەرزنجەیان کێشایە دواوە. هەڵبەت لە سلێمانی دەورانی بابان دا لە ڕووی سۆسیۆلۆجییەوە کۆمەڵ لە سێ تایپی کۆمەڵایەتی پێکهاتبوو چینیکی سیاسی کە لە میرانی بابان بوون دواتر ئەو کاربەدستانە جێگەیان گرتەوە کە عوسمانییەکان دایان ئەنا و چینێکی ئاینی لە بنەماڵەی شێخان و تەریقەت کە دوای کەوتنی بابانەکان نفوزیان زۆر بە هێز بوو، هەروەها چێنی بورجوازی کوردی لە بازرگان و پیشەوەر و کاسبکار پێکهاتبوو.
هەڵوێستی کاک ئەحمەدی شێخ:
کاک ئەحمەد وەک زاناو پیشەوایەکی ئاینی پایە بڵند بووە لە نا خەڵکدا و ناوبانگی زیاتر لە باوکی ڕۆشت جگەلە پێگەی ئەو لە ناو کۆمەڵی موسڵمان، لای کریستیان و جووەکانیش خۆشەویست بووە ئەگەر توشی تەنگوچەڵەمەیەک بونایە ئەچوونە لای ئەو.شێخ لەتیفی حەفید لە یاداشتەکانیدا ئەڵێت جارێکیان ساردی کەوتە نێوان موسڵمانێکی شاری سابڵاخ و جوویەک ، کاتێک کاک ئەحمەدی شێخ بەم ناکۆکییەی زانی لە گەڵ ئەوەشدا بەساڵدا چووبوو، ڕێگای سابڵاخی گرتە بەرو بە پێ ڕۆشت حەزی ئەکرد ماندو و بێت و خواو گەلەکەی لێی ڕازی بن کە گەیشتە سابڵاخ بوو بە میوانی کابرای جوو کە خەڵکەکە بە مەیان زانی بەرەو ماڵی جووەکە چوون و کابرای موسڵمانی ناحەزی جووەکەش چوو. پێیان ووت بۆ لەماڵی یەکێک لە ئێمە نەبویتە میوان، ئەویش لە وەڵامدا گوتی دەستدرێژیکردن لە ئاینی ئیسلامدا، نابێت بەرامبەر کەس بکرێت ئەبێت پارێزگاری لە لاواز و غەیرەدین بکڕێت.
ئەو نا وبانگەی هەیبوو وای کرد جارێکیان سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم داوا بکات کە بچێت بۆ دیدەنی بۆ ئەستەنبول، بە گوێرەی یاداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید وەڵامی سوڵتانی داوەتەوە کە هەژارێکی وەکوو ئەو پێویستی بە دیدەنی سوڵتان نییە.بەڵام مامۆستا جەمال بابان ئەماژەی بەوە کردووە کە نەیتوانیوە بچێت بۆ (ئاستانە)، بەڵام ئەمین زەکی بەگ دەلێت نەیتوانیوە بچێت و لە بری خۆی سەید محەمەدی موفتی ناردووە. بەڵام لە شەڕی بەینی ڕوس و عوسمانیدا (١٨٧٥-١٨٧٦) هێزێکی باشی لە دەروێشەکان کۆکردەوەو ناردنی بۆ غەزا لە ژێر ئاڵای شێخ سەعیدی کوڕەزایدا.
نمونەیەکی دیکەی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ لە پاڵ زانایی و دانایییەکەیدا مێشک کراوەیی بووە، لە کۆڕ و دانیشتنیدا خەڵک بە سەربەستی بیروڕای خۆی دەربڕیوە ئەڵێن جاریک(خواجە حەنینا) کە یەکێک بووە لە جولەکە ناسراوەکانی ئەو سەردەمەی شاری سلیمانی زۆر جار چۆتە خزمەتی کاک ئەحمەدی شێخ و بەشداری ئەو دانیشتنانەی کردووە،جارێک کاک ئەحمەد بە خواجە حەنینا دەڵێت تۆ پیاوێکی زۆر چاکیت بۆچی نابیت بە ئیسلام؟ ئەویش پێێ دەڵێت: قوربان ئەگەر ئیسلامەتی ئەوە بێت کە تۆ ئەیکەیت ئەوە بارێكی زۆر قورس و گرانە بە من هەڵناسێت، خۆ ئەگەر ئەوەش بێت لە هەندێک موسڵمانی تردائەیبینم وابزانم جولەکایەتییەکەی خۆم باشترە.
یەکیکی تر لە هەڵوێستەکانی خۆشەویستی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ بووە بۆ زمانی کوردی کە هەوڵی داوە بە کوردی دەرس بە قوتابییەکانی بڵێتەوە و بایەخی زۆری بە زمانی کوردی داوە حاجی قادری شاعیر لە شعرێکدا پەلاماری کابرایەکی کۆیی داوە لە سەر ئەوەی ڕەخنەی لە کاک ئەحمەدی شێخ گرتووە کە بە کوردی دەرسی بە قوتابییەکانی گوتۆتەوە کابرا گوتویەتی
کەس نەماوە بە غەیری کاک ئەحمەد
شێخی مەعروف و عالەمی ئەرشد
چاکە،ئێستا دەکا لە بۆ کوردان
تەرجەمەی شەرع و ئایەتی قورئان
واقیعەن خزمەتی لە بۆ خودایە
چ دەبوو گەر بە کوردی نەبایە
حاجی قادری کۆیی لە کابرا ڕا ئەپەڕێ پێی ئەڵی:
هەر کە وای ووت وەها موکەدەربوم
وام دەزانی کەوا لە دین دەرچوم
گوتم: ئێستاش لە سەر کەری ماوی
جا بۆ مستم نەدا لە نێو چاوی
تیبینی :بۆ نوسینی ئەم پۆرترێتە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە
- بنەماڵەی زانیاران،مەلا عبدالکریمی مدرس دایناوە، محەمەد عەلی قەرەداغی ئامادەی کردووە و سەرپەرشتی چاپی کردوە. جاپی یەکەم،چاپخانەی شەفیق بەغدا ١٩٨٤ز
- تاریخی سلێمانی وە وڵاتی،محەمەد ئەمین زەکی بەگ، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح، سێیەم بەرگ،بنکەی ژین٢٠٠٦
- یاداشتەکانی شێخ(لەتیف)ی حەفید، شێخ محموودی شێخ کاوەی حەفید پێشەکی بۆ نوسیوە، کەمال نوری مەعروف ساغی کردۆتەوە،چاپی یەکەم ١٩٩٥
- بە دەم ڕێگاوە گوڵچنین،نەوشیروان مستەفا ئەمین،کتێبی یەکەم بەرگی سێ یەم،چاپی یەکەم ٢٠١٩ چاپخانەی ژین
- سلێمانی شارە گەشاوەکەم،جەمال بابان،بەرگی یەکەم و دووەم،چاپخانەی ئاراس ٢٠١٢
- شێخ مەحموودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان،م.ر.هاوار، بەرگی یەکەم لەندەن ١٩٩٠
- بابان لە مێژووداو گەورە پیاوانی بابان،جەمال بابان،چاپی یەکەم٢٠١٨ چاپخانەی ئەندێشە
هێڵکاری: ئازەر عوسمان