حەلاج و مەحوی

779
0
بڵاوکردنەوە:

ڕێگای عاشقان، سەرداری و مەجنوونی

نووسینی: ئیدریس لاهووت

 

مەحوی دەبێژێ:

«با حەقیشبێ، لەبۆ مەنصوور -انا الحق-حەق نیە

شێتیە، مەجنوون ئەگەر بێ، نازی لەیلایی بکات.»

 

ئەلف _

حەلاج لە شیعری مەحوی و عاریفان و شاعیرانی پێش ئەویشدا سیمبولە، هەر یەکەیان بەجۆرێک ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیانی وەک قارەمانێکی عیشق و مەعریفە و وەک ڕێبەرێکی خوێناوی دەخەنە ڕوو، کە هەمووان کۆکن ئەم عاریفە لەکۆتاییدا ئەوین گەیاندیە سەر دار، بێ ئەوەی ئاماژە بە ڕەهەندی سیاسی ئەم ڕووداوە بدەن، چونکە پرسی سیاسی لە دەرەوەی کڵێشەی هونەریدا بەبێ پەنجەلەسەردانان دەمێنێتەوە.

بێ _

هەڵبەت لەوانەیە زێدەڕۆیی نەبێ گەر بڵێین ڕووداوی لەداردانی حەلاج بەو شێوە سەیرە تەنها ڕووداوە کە لە پاش عیسای مەسیح ڕوو دەدات و دەبێتەوە بەسیمبولی نێو ئەدەبیات. دواجار هەرایەک و فەزایەک ئەو لەجیهانی مەعریفەدا ناویەتەوە، هیچی کەمتر نەبوو لەو پێغەمبەرە نەسڕانیەی کە ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی. تازە مەسیح لەلایەن خوداوە ڕاسپێردراوە و قورئانیش ڕەتی دەکاتەوە کە لە دار درابێ و شوێنکەوتەی بەملیۆنەها هەیە، لێ حەلاج ئەگەر پاڵپشتێکی هەبێ، جگە  لەسینەی عاشقان و دڵی عاریفان شتێکی دیکە نیە.

جیم_

حەلاج لای مەحوی سیمبولە. سیمبوولی هەق بوون، هەق وێژی و تەجەللی هەق. بۆیە ڕاڤەی ئەو بەیتەی سەرەوە بە چەند خاڵێك دەخەینە ڕوو. ئەوەیشی بۆتانی دەنووسم، هەڵگۆزراوی سینەی خۆمە و پشتم بە هیچ سەرچاوەیەکی ئەدەبی نەبەستووە.

یەکەم:

سەرەتای بەیتەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حەلاج هەقە، ئەمە ڕوونە و نکۆڵی تێدا نییە. واتە: مەحویی پێی وایە کە ئەو زاتە لەسەر هەقە و خاوەن هەقە و ئەمەش وای لێ ناکات درێغی بکا لەوەی بیکاتە سیمبولێکی شیعریی خۆی. پاشان مەحوی لە دەیان جێگەی تردا باس لە هەقبوون و هەقوێژی حەلاج دەکات و دەڵێت:

«هەتا حەق ناصیرە، هەر حەقمە مەنظوور/ وەکوو مەنصوور ئەگەر بمکەن بە دارا.»

یان دەڵێ:

«بە حەق هەر حەق، بە ناحەق ناحەقم گووتووە لە ڕۆژێ بووم/ وەکوو مەنصوور، ئەگەر بیشم کوژن، ناکەم لە حەق لادەم.»

لە بەیتی دووەمیدا دەڵێ: وەکوو حوسەینی مەنصوور بشکوژرێم لەسەر هەقی خۆمم و دەسبەرداری نابم، دیارە دیارترین هەقێ کە مەحوی لەسەری بمێنێتەوە بریتیە لە عیشق و مانەوە لەسەر دینی عاشقان، کە وەک خۆی دەیڵێ یا ڕێگای بولبوولە، یان ڕێی پەروانە.

«یەکێ پەروانە هەمدەردە، یەکێ بولبوول کە هەم فەردە»

دووەم:

مەحوی لێرە دەیەوێ ڕەهەندێکی دیکەی حەلاجمان بۆ بخاتە ڕوو کە لە دیوی شێوازی هەقگۆیی و هەقناسی حەلاجدا دەر دەکەوێ و ئەوەی کە هۆی چییە هەندێک حەلاجیان خستۆتە بەر تانەو تەشەر؟ ئەو ڕەهەندەش بریتییە لە هەژمارکردنی دینی حەلاج بە دینی عاشقانە، نەک دینی زاهیدانە و شەریعەت_مەدارانە. چونکە لە دینی زاهیدانەدا کەشفی ڕاز و چاونەترسی زۆر بەکەمی جێی باسە و ڕەنگە بڵێم هەر بوونی نییە، تەنها خواپەرستییەک هەیە کە لە ئەوجی ئەو خواپەرستییەدا ترسان لە خودا شەپۆل دەدات، بەڵام لێرە خوێن دەڕژێ، بەشێوەی دلێرانە قوربانی و بەرخودان هەیە کە حەلاج خۆی چاونەترسانە دەڵێت: «اقتلونی یا ثقاتی، ان فی قتلی حیاتی»

سێیەم:

مەحوی لە بەیتی یەکەمدا کە ئاماژەم پێدا چ بەزاهیر و چ بە باتن تەپکەی ناوەتەوە. بەتایبەت لەبۆ ئەوانەی کە بەئاسانیی دەکەونە ناو ڕوواڵەتی دەقەوەو ناتوانن ڕۆچنە ناو عەتیقەی ماناکانیەوە. مەحوی دەیەوێ بێژێ: حەلاج ناهەقییەکی هەبێ لەوەیا نییە کە هەقی نییە بڵێ: انا الحق، انا الحق گوتنەکەی بەجێیە، بەڵام لەوەدایە کە دەیەوێ ناز بکات. واتە پرسەکە پەیوەستە بەنازەوە، مەحوی پێی وایە نازکردن کاری مەعشووقە، نە عاشق. لەوەشدا چ مەنسوور یان هەر عارفێکی دی ناهەقە و شیاوی ویی نییە، ئەمەش بەقەد ئەوەی یاریکردنە بە ڕەهەندە جوانەکانی عیشق شتێکی دی نییە.

مەحوی دەڵێ عاشق لەبۆی نییە نازی مەعشووقانە بکات و ئەوەی بە وی نابڕێ، چونکە شێتییە، ئەگەر بێتو مەجنوون نازی لەیلایی بکات. واتە نازکردن، کاری لەیلایە و نازکێشان کاری مەجنوون.

بەگشتی عاریفان هەم ئەزموونی نازکێشانیان هەبووە هەم نازکردن وەک بەستامی کاتێ کە دەڵێ: «ئەی یار ئەمن مورادم و تۆ مورید!» بەڵام بەگشتی جێی ستایش نییە و ئەگەر عارفێکیش ناز بکات وەک مەولانا دەڵێ ئەوە هێشتا پێ نەگەشتووە «گر ناز کنی خامی».

چوارەم:

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە مەحوی لەنێوان شێتییەک کە هی مەجنوونە و، جارێکی تر بەشێتهەژمارکردنەوەی مەجنووندا سەرنجێکی زۆر قووڵی داوە و ڕێڕەوی عاشقانە دەخاتە ڕوو کە لە خەسڵەتەکانی ڕێبازی عاشقانە،. مەجنوون کە خۆی شێتە، ئیدی شێتی چ واتایەکی بۆ ئەو دەمێنێتەوە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر شێتی عاریفانە! کەواتە نەخێر، باسەکە باسی هەق و ناهەقی نییە، بەقەد ئەوەی باسی مەسلەک و ڕێڕەوە.

پێنجەم:

مەحوی لەبنچینەدا دوو جۆر، یان دوو دەستە لە عاشقان باس دەکات کە دوو ڕێگایان هەیە: یەکیان ڕێگای عاشقانی هەقوێژ، کە عیشقیان بەزۆری هەقیقییە و حەلاج لە جوملەی ئەوانە و جێگایان سەری دارە. یەکێکی تریان عاشقانی چاوی لەیل، کە عیشقیان مەجازییە.

لە تێکست و تێڕوانینی مەحویدا، عاشقانی عیشقی مەجازی شێتن و بەشیان بەردباران کردنە. هەرچی عاشقانی عیشقی هەقیقیش هەیە بەشیان سەری دارە. یەکەمیان حەلاج سیمبوولیەتی و دووەمیشیان قەیسی عامیری. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا بەشی عاشق هەر نەفرەتە و ئازار و میحنەت، جا یان دارە، یان بەردە. بەگوتەی خودی مەحوی: «بەشی عاشق یان بەردە یان دار»، یان «بەشی عاشق درا هەم بەرد و هەم دار».

 

مەحوی وێڕای ئەوەش ئاماژەیەکی قوڵی داوە بۆ ئەم مەبەستە و دەڵێ: خێرە حەلاج کە بەشی دارە و کاری نازکێشانە، کەچی هاتووە ناز دەکات و مەودای جیاوازیەکەی نەهێشتووە؟ هەروەها تانە دەدات لە حەلاج بەوەی کە ناهەقییەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە دێت و ناز دەکات. مەحوی دەیەوێ دەست بۆ ئەو دیوە قوڵەی عیشق ببات کە دەکەوێتە نێوان عاشق و مەعشووقەوە، کە کاری عاشق ڕەنگزەردی و فیغان و دەربەدەری و خۆڕاگرییە، کاری مەعشووقیش ناز و عیشووەو خۆویستییە.

«تا تۆ طەڕەبت هەبێ منیش طەڵەبم هەیە».

– مەولانا

«هەتا تۆ جوان بیت و شەنگ، منیش بێڕەنگم و دڵتەنگ».

– مەحوی

شەشەم:

مەحوی لەم تێڕوانینەی خۆیدا لەبۆ حەلاج کۆمەڵێکی زۆر لە ئەگەر و پرس و تێڕوانین شەنوکەو دەکات و وەڵام دەداتەوە کە تەواوی عاریفان و شاعیرانی پێشتری خۆی پێوە سەرقاڵ بوون. لەوانە: ئەو جیاوازیەی کە لە نێوان شەمس و مەولانا هەیە لەمەڕ حەلاج؛ مەولانا حەلاج وەک سیمبولیک دەزانێ و پەسن و ستایشی وی دەباتە کەلکەلانی فەلەکێ و دەیکاتە سیمبوڵێکی هەرە باڵای عیشق و هەموو هەنگاو و کارەکانی ئاڕاستە دەکات و دەردی دڵی خۆی پێ شرۆڤە دەکات. لەجێیەکدا دەڵێ: «ئەو پیاوە بەرلەوەی بمرێ مردووی عیشق بوو». لە جێیەکی دیکەدا دەڵێ: «ئەو پیاوە کە کاری ئیشارەت گوتن بوو بەدەستی خەڵکی چوویە سەر دار. دەی کوا حەلاج! وا من هێند ئیشارات و ئەسرارم توندە، ئەگەر زیندوو ببێتەوە ئەو ئەمن لەدار دەدات». دیارە مەحەکی هەقبوون لای مەولانا توندی ئیشارەتە، کە ئیشارەت چەند توندتر بێت، شەریعەت هێند نەرمتر و ڕواڵەتیتر دەبێت.

لە جێیەکی تردا مەولانا دەڵێ: حەلاج حاڵی لەگەڵ هەق تەعالا وەکوو ئەو ئاسنە وابوو کە لەگەڵ ئاگر بەجۆرێک نەرم بوو بوو دەیگووت: انا النار.

وەلێ سەیر لەوەدایە شەمسی تەورێزی کە ڕێبەر و ڕێدەری مەولانایە دانی خێر بە حەلاجدا نانێ، شەمس دانی خێر بە کێدا دەنێ، تا بە حەلاجیدا بنێ؟ شەمس دەبێژێ: «ئەوە چی دەگوت ئە پیاوە کە دەیگووت: انا الحق؟! ئەگەر حەق هەیە انا کوانێ و ئەگەریش انا هەیە حەق کوانێ؟».

ڕەنگە سەیرتر ئەمەبێ مەولانایەک کە بێ شەمس ئاو ناخواتەوە، چۆنە وا ئێستاکە لەگەڵ وی لەمەڕ پیاوێک دوو دیدگای تەواو جیاوازیان هەیە؟!

حافیز و سەعدیش «دوو عاریفەکەی شیراز» بەهەمان شێوە لەسەر حەلاج ڕایان جیاوازە. حافیز لە جێگەیەکدا دەڵێ: «حەلاج کە سەری دار بەهۆی ویەوە قیمەت و حورمەتی پەیدا کرد، لێ جورم و تاوانی ئەوەبوو کە ئەسراری دەگوت و دەمی خۆی نەدەگرت». بەڕای من حافیزیش تانە لە حەلاج دەدات نە لەبەر ئەوەی حەلاج بە هەق نازانێ، بەڵکوو لەبەرئەوەی کە حەلاج ئاداب و ڕسوومی تێک داوە (لێرەدا مەحوی و حافز یەک دەگرنەوە). ئەدۆنیس دەڵێ: «عیشق ڕسووم تێک دەدات». نیتچە دەڵێ: «عیشق شێتییەکە لۆژیکی خۆیی هەیە».

بەپێی سلووکی کۆتایی نیتچە بڕوانین بۆ حەلاج دەردەکەوێ کە هەردووکیان لەو شێتیە پەیامیان یەکدەگرێتەوە کە ڕێکاری سادەی ژیان بە مانایەکی ئاسایی نایەتە دەست.

حافیز هەروا دەسبەرداری حەلاج نابێ، بەڵکوو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕێی حەلاج جیاوازە و نابێ شرۆڤەی فیقهی لەبۆ بکرێ. حافیز دەڵێ: «ئەوەی کە دەتانەوێ لەبارەی حەلاجەوە بیزانن، شێوەی ئەو پرسانە لای شافیعییەوە دەست ناکەوێ، واتە پرسێک کە شافیعی وەڵامی دەداتەوە پرسی حەلاج نییە و بە پێچەوانەشەوە».

 

«حلاج بر سر دار، این نکتە خوش سرآید

از شافعی نپرسند، امثال این مسائل».

جا بۆیە مەحوی لێرە بە ئەرکێکی گرنگ هەستاوە کە لە یەک کاتدا هەم هەق و ڕێڕەوی هەقبوونی حەلاجی خستۆتە ڕوو، هەم ڕەهەندەکانی ڕێگای عاشقانی شێت و عاشقانی هەقگۆشی بەیان کردووە، هەم جیاوازی نێوان هەریەک لە دینی عاشقانە و زاهیدانە و بەرژەوەندییانەی خستۆتە ڕوو، کە حەلاج نە لەوەی دووەمەو نە لەوەی سێیەم.

بڵاوکردنەوە: