کامۆ و سارتەر، چیرۆکی هاوڕێیەتیییەکی لێکترازاو

1311
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: میشێل وینۆک

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سامان عەلی

لە کاتی ئازادکردنی فەڕەنسادا، دوو ئەستێرە لە ئاسمانی وێژەی فەڕەنسادا دەدرەوشانەوە؛ سارتەری چل ساڵ و کامۆی هەشت ساڵ لەو بچووکتر. یەکەمیان، واتە سارتەر، لە ڕێگای ڕۆمانی؛ “هێڵنج”و کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی “دیوار”ـەوە ناسرا. هەرچی دووەمیانە، واتە کامۆ، لە ساڵی ١٩٤٢دا لە ڕێگای کتێبی؛ “ئەفسانەی سیزێف” و ڕۆمانێکەوە خۆی سەپاند کە پێشوازییەکی زۆری لێ کرا، ئەو ڕۆمانەیش ڕۆمانی “نامۆ” بوو. ئەوان هەردووکیان لە ڕۆژی دووی مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٣دا و بە بۆنەی یەکەم نمایشی شانۆگەریی “مێش”ی سارتەرەوە ئاشنای یەکدی بوون. بە دوای ئەوەیشدا ئەو هاوڕێیەتییە دەستیپێکرد کە لای کەس شاراوە نییە.

ئەو شتە چییە کە ئەوان پێکەوە کۆدەکاتەوە؟ بە دڵنیاییەوە تامەزرۆییان بۆ نووسین و، لە چەند ڕوویەکیشەوە: ڕۆمان و، شانۆ و، وتاری فەلسەفی و، وتاری ڕۆژنامەنووسی. هەروەها هەردووکیان لەو ڕوانگەیەدا بۆ ژیان هاوبەشن کە بەربنەمای مەرگی خودایە و بە شوێن پێدانی واتایەکی تازەوەن بە ژیان. هاوکات ئەوان هەردووکیان، لە ڕێگای ڕۆژنامە نهێنییەکانی نێو کۆمەڵەی نیشتمانیی نووسەران و باڵە میدیاییەکەیەوە، واتە؛ “نامە فەلسەفییەکان”، دوو نووسەری پابەندن، لە بەرەنگارییدا، بەبێ هیچ دلاوەرییەک بەڵام هەروەها بەبێ هیچ گومانێک، بەشدارییان کرد.

کامۆ کە دووچاری سیل بوو بوو، پەیوەندیی بە دەستەی ڕۆژنامەی کۆمبا (Combat)وە کرد کە ڕۆژنامەی فەڕمیی ئەو جووڵانەوەیە بوو کە هەمان ناوی هەبوو، سەروەختێکیش کە کۆمبا، لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٤دا، بوو بە ڕۆژنامەیەک بە ئاشکرا دەردەچوو، کامۆ بوو بە سەرنووسەری. سەروتارەکانی لە نێو بیرو مێشکدا چەسپاون. هەرچی سارتەرە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٤٧دا، گۆڤاری “سەردەمە نوێیەکان”ی دەرکرد. هەردووکیان ناوبانگێکی بێهاوتایان دەرکرد: سارتەر لە ڕێگای شانۆگەریی “لە پشت دەرگا کڵۆمدراوەکان” و “ڕێگاگانی ئازادیی”ـەوە و، کامۆ لە ڕێگای ڕۆمانی “تاعون”ـەوە و لە ساڵی ١٩٤٧دا. ناوبانگی ئەوان زەریای ئەتڵەسیی تێپەڕاند کاتێک کە بە بڕێک وتاری پەسندان و ستایشکردن کە وەک دوو وتەبێژی بەرەنگاریی فەڕەنسیی چەسپاندنی پێشوازییان لێ کرا.

بەهەرحاڵ، کامۆ بە هاوڕێیەتیی سارتەر، هاوەڵییەکی ڕاستگۆیانە ژیان. سیمۆن دو بۆڤوار، کە هاوڕێی سارتەرە، لە ڕێگای یادداشتەکانیەوە چیرۆکی ئاهەنگ و شادییە هاوبەشەکانیان و ئارەزوویانی بۆ سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی جیهان لە سەر مێزەکانی قاوەخانەی “فلۆر” لەپاش خۆی بۆ جێهێشتوین: “پەیمانماندا لە دژی ئەو ڕژێم و بیروڕا و خەڵکانەی کە سەرکۆنەمان دەکردن بۆ تاهەتایە بە یەکگرتوویی بمێنینەوە، ساتەوەختی شکستهێنانیان نزیکبوو، ئەو داهاتووەی کە ئەوکات ئامێزی خۆی دەکردەوە، ئەرکی بونیادنانەوەی، ڕەنگە لە ڕووی سیاسییەوە و، بەهەرحاڵ لە لایەنی ڕۆشنبیرییەوە، دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە: دەبوو ئایدیۆلۆژیایەک بە ماوەی پاش جەنگەکە ببەخشین“.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٧دا، واتە لەگەڵ دەستپێکی شەڕی سارددا، پێکەوەگونجان تایبەتمەندیی هەرە دیاری نێوان دوو هاوڕێکە بوو؛ پێکەوە بەردەوام سەرکۆنەی سەرمایەداریی ئەمەریکییان دەکرد، بەڵام لەگەڵ پارێزکردن لە چوونە پاڵ بەرەی یەکێتیی سۆڤییەتەوە. سارتەر دەستی بە چالاککردنی “کۆمەڵەی دیموکراسیی شۆڕشگێڕ” (Le RDR) کرد “کە جۆرج ئاڵتمان لە ساڵی ١٩٤٨دا دایمەزراند و، داکۆکی لە ئاراستەیەکی بێلایەن دەکرد. کامۆیش کە لەگەڵ بیرۆکەکەدا هاوسۆز بوو، لە تەقەللایدا لە سارتەر و ئەوانی تر جیاواز نەبوو: گەڕان بە شوێن “ڕێگای سێیەم”دا، کە ڕێگای سۆشیال دیموکرات بوو، لە سەروبەندی بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکای دۆلار و ڕووسیای ستالیندا.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، وەک دەڵێن؛ هیچ شتێک تا سەر وەکو خۆی نامێنێتەوە، هێندەی نەبرد درز کەوتە نێو ئەم پەیوەندییەوە. بە هەمان شێوەی دۆخی هەموو ڕۆشنبیرانی ئەوێ ڕۆژێ، سارتەر و کامۆ ناچاربوون، سەبارەت بە سەربازگەکانی کارکردن لە یەکێتیی سۆڤییەت، لەپاش دۆزی کرافشینکۆ-ی خاوەنی کتێبی “ژیانم هەڵبژارد”، کە پەردەی لە سەر قەبارەی سیستەمی گرتوخانەکان لە یەکێتیی سۆڤییەتدا هەڵماڵی، مشتومڕ بکەن. سارتەر، لە ساڵی ١٩٥٠دا، هەڵوێستی خۆی بەم جۆرە ڕوونکردەوە: “سروشتی جڤاکی سۆڤێیەتیی ئێستا هەرچۆنێک بێت، یەکێتیی سۆڤییەت بە شێوەیەکی گشتی، لە ڕووی هاوسەنگیی هێزەکانەوە، لە بەرەی ئەوانەدایە کە ململانێی ئەو شێوانەی چەوساندنەوە دەکەن کە لای ئێمە ئاشنان… ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە کە ئێمە نەرمیی لەگەڵ کۆمۆنیزمدا دەنوێنین، بەڵام ئێمە بە هیچ کلۆجێک ناتوانین لەگەڵ نەیارەکانیدا هاوپەیمانیی بکەین”. ئەم لایەنگرییکردنە پەڕگیرەی کۆمۆنیزم سەرباری هەموو شتێک، لای کامۆ جێی ڕەزامەندیی نەبوو.

ناکۆکیی دەربارەی ڕێزلێنان لە کەسی مرۆڤ

لە ڕوانگەی سارتەردا، پێویستە هاوکاریی پڕۆلیتاریا بکرێت، کە لە بەرژەوەندیی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی دەنگ دەدات. کامۆ، وەک خۆی، قایل نییە پڕۆلیتاریا ببێت بە “سۆفیزم”. بۆڤوار، لە نێو یادداشتەکانیدا، نووسیویەتی کە پەیوەندیی نێوان ئەوان چی تر دژوار بووە و، پێی لێ ناوە کە: “هەستمان دەکرد کە زۆر لەو دوورین”. لە ساڵی ١٩٥١-١٩٥٢دا دابڕان و ترازانەکە بوو بە یەکجاریی. بۆنەکەیش ئەوە بوو کە کامۆ کتێبە نوێیەکەی خۆی؛ “مرۆڤی یاخیی”، چاپ و بڵاوکردەوە.

وەک وەڵامدانەوەیەکی ئەوە، سارتەر فڕۆنسی جۆنسۆن-ی ڕاسپارد ڕەخنەیەک دەربارەی کتێبەکە لە نێو گۆڤاری “سەردەمە نوێیەکان “دا بنووسێت. گۆڤارەکە لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٢دا ڕەخنەکەی بڵاوکردەوە. بابەتەکە پەیوەندیی بە بیست لاپەڕەوە هەبوو کە بە زمانێکی توند نووسرابوو و تیایدا نەگونجانی هەڵوێستی سارتەر و کامۆی لەو کاتەدا خستەڕوو. کامۆ ئەو جوێن و ناتۆرە بێزراوانە دووچاری داچڵەکینی کرد کە ئەو بابەتەکەیان بوو، ئیتر کامۆ، بەبێ هێماکردن بۆ جۆنسۆن، بەڵام لەو ڕێگایەوە کە ڕووی دەمی کردە “بەڕێزی بەڕێوەبەر”، وەڵامیدایەوە. وەڵامەکەی سارتەریش هیچ دوانەکەوت و، وەڵامێکی توند بوو: “ئەی ئەگەر کتێبەکەت زۆر بە سادەیی لێنەهاتوویی فەلسەفییت بسەلمێنێت چی؟”. لەڕاستییدا سارتەر لەو کاتەدا بەرەوپێشچوونێکی کۆتایی پێ هێنا کە ماوەیەک بوو دەستیپێکردبوو: چونکە لە هەمان ساڵی ئەم ناکۆکییە لەگەڵ کامۆدا، بوو بە هاوسۆزی پارتی کۆمۆنیست و کەمەندکێشی پارتی ناوبراو بوو، لە ڕێگای وتارێکیشەوە کە کۆتایی نایەت و لە مانگی تەمموز و تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٢دا لە گۆڤاری “سەردەمە نوێیەکان”دا بڵاوکرایەوە، ئەم هەڵوێستەی خۆی ڕوونکردەوە.

دابڕانەکە، لە قووڵاییدا، جیاوازیی هەڵوێستی هەردوو مامۆستاکەی هزری ئاشکرا کرد. سارتەر خۆی پێ فەیلەسووفی سیاسیی ڕادیکاڵیزمە و نووسیویە: “سەبارەت بە خۆم، هەمیشە ڕادیکاڵیزم وەکو توخمێکی بنەڕەتیی نێو هەڵوێستی چەپ دەبینرێت”. “بە پێچەوانەی ئەمەوە، کامۆ فەیلەسووفی ڕێژەییە: ئامانجی ئەو دۆزینەوەی شێوەیەکی ڕێژەییە”. نەیار ئەو دڵنیاییەیە کە ڕووەو دەمارگیریی ڕێنوێنی دەکات. لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٨دا نووسیویە: “دیموکراسی باشترین سیستەم نییە. بەڵکو کەم خراپترینیانە… بەڵام ئەم سیستەمە تەنها لە لایەن خەڵکانێکەوە داڕشتن و دامەزراندن و پاڵپشتییکردنی لە توانادا هەیە کە دەزانن هەموو شتێک نازانن، هەروەها پەسەندکردنی دۆخی پڕۆلیتاریی دەدەنە دواوە و هەرگیز هەژاریی ئەوانی تریان پێ قووت ناچێت، بەڵام کتومت بە قەیرانکردنی ئەم هەژارییە بە ناوی تیۆریی یاخود تەوژمێکی ڕزگارکەری کوێرانەوە ڕەتدەدەنەوە”. بەردی بناغەی ئەم بەرهەڵستی و دژبەرییە چییە؟ ڕێزلێنانە لە کەسی مرۆڤ. ڕادیکاڵیزمی سارتەریزم ڕەوایەتیی کوشتن مۆڵەت پێدەدات یاخود دەخوازێت یان با بڵێین ددان پێدا دەنێت، مەبەست یاخود ئامانجەکە پاساوی شێواز و ڕێگاکە دەداتەوە. سارتەر، لەو پێشەکییەیدا کە بۆ کتێبی “بەشخوراوانی زەوی”ی فڕانز فانون-ی نووسیوە، داوای پێداویستیی کوشتن دەکات: “بابەتی ئەوەی کە مرۆڤێکی ئەوروپی بکوژیت، واتە ئەوەی کە دوو چۆلەکە بە بەردێک بکوژیت، لەناوبردنی کەسێکی چەوسێنەر و کەسێکی چەوسێنراوە لە هەمان کاتدا”. بە پێچەوانەی ئەمەوە، کامۆ، بە درێژایی ژیانی، دەستبەرداری دادبینیی لە دژی سزای لەسێدارەدان نەبوو، لە ڕێگای ڕەتدانەوەی هەموو ئەو بەهایانەی کە بە ناویان و بە بیانوویانەوە ڕەوایەتیی بە کوشتن دەدرێت. ئەگەرچی هەڵوێستەکەی کامۆ، بە بەراورد بە هەڵوێستە ڕادیکاڵییەکە، بە هەڵوێستێکی کەم سەرنجبەرتر دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو هەڵوێستەیە کە بە ژێدەر و سەرچاوەی ڕەفتاری سیاسیی دەمێنێتەوە: “نە قوربانیی و نە جەللاد”.

L’express n° 3573-3574, dossier spécial Albert Camus

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: