دوایین ئومێد بۆ ڕیفۆرمەیشن لە ئیسلامدا

929
0
بڵاوکردنەوە:

گۆران ڕەسووڵ

ئایینی مەسیحی  (Christianity)لە ناو ئەم هەموو شارستانییەتە و پێشکەوتن و شۆرشە فیکر و ڕۆشنگەرییانەی لە ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا هێشتا توانیویەتی بە شێوەکی کاریگەر خۆی بهێڵێتەوە، ئێستەش ڕۆژانی یەکشەممە کڵێساکان قەرەباڵغ دەبن و سەدان ڕێکخراوی کرسیتیانی لە دونیا کاری مرۆیی ئەنجام دەدەن. ئەمە خۆی پرسیارە کە ئایا چۆن لەگەڵ بەهێزی ڕەوتی دژەئایینی و (Atheism) ‌‌هێشتا کرستیانتی خۆی بەشێکی گرینگ لەو کۆمەڵگانەدا بهێڵێتەوە! بێگومان ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەهەم، بە دیاریکراوی دوای جوولانەوەی يیفۆرمەیشن لەناو ئەم ئایینەدا. کاتێک دەسەلاتی سیاسیی لە کڵێسا و قەشەکان سەندرایەوە و ئەم ئایینە لە دەستی چەند گروپێکی دیاریکراوەوە گەڕایەوە بۆ تاک. ئەمەی ئێستە کە جیهانی ئیسلامییدا ڕوو دەدات و ڕۆژانە ئەم ئایینە بەسەر گروپ و ڕەوت و حیزبی نوێدا دابەش دەبێت، زاڵبوونی ئیسلامی سیاسییە بەسەر پەیامە ئایینییەکەدا. کاتێک دەگوترێت ئیسلام لە قەیراندایە، زیاتر ئاماژەیە بۆ قەیرانی ڕیفۆرم و خوێندنەوەی نوێ و سەردەمیانە بۆ ئایینەکە. لە سەردەمی نوێدا و بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دروستبوونی ئیخوان موسلمین، ئیسلام زیاتر کەوتە ناو قەیران، بەرنامەی سیاسەیی و ئابووریی زیاتر لە لایەنی ئیمانداریی و ڕوحانیی دەسەلاتی بەسەر ئیسلامدا گرت. ئێستە لەپاڵ خوا و پێغەمبەر و نووسراوەکانیان، لەناو ئیسلامدا سەرۆکی ڕەوتێکی ئیسلامی، موفتییەک، شێخێک، مەلا و بانگخوازەکان بوون بە پیرۆزەییەکانی ئەو ئایینە. بەو مانایەی کە ئەگەر کەسێک حیزب یان کەسایەتییەکی ناو ئەم ئاییەنە ڕەت بکاتەوە، مانای وایە دژی تەواوی ئاییینەکەیە. بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، کێشەی ئیسلام تەنیا ململانێی نێوان سوننە و شیعە نییە، بەڵکو بەبەرچاویانەوە ئەو هەموو حیزب و ڕەوت و مەزهەبە جیاوازانە دەبینن کە چۆن موسوڵمانان بۆ مەرام و مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنن. ئیسلامی سیاسی، سەرەڕای ئەوەی کە دەیان مەترسی لەسەر ئیرادەی تاک و بناغەی کۆمەڵگە وابەست بە ئایین دروست دەکات، ئەوەی کە تەواو جێگەی مەترسییە بۆ سەر تاک و کۆمەڵگە و خودی ئایین، بریتییە لە دروستکردنی “نەزانیی پیرۆز – Holy Ignorance”. ئەمە وا دەکات کە خودی کەسی موسوڵمان ڕووکەشانە و بەبێ ئەوەی لە بابەت و ڕووداوەکان قووڵببێتەوە شوێن ئاڕاستەی ئامانجداری سەرکردە ئیسلامییە سیاسییەکان دەکەوێت. داعش، هەر لە سەرەتاوە، بە ئاڵا و دروشمی موسوڵمانانەوە خەلافەتی ئیسلامیی ڕاگەیاند. بەر لە هەر کردەیەکی تیرۆرستی، جا چ تەقینەوە چ سەربڕین و زیندەبەچاڵکردن بووایە، ئایەتێکی قورئانیان دەخوێندەوە بۆ پاڵپشتی و ڕەوایەتی دان بە کارەکەیان. بەڵام ئیسلامی سیاسی نەک هەر ئەمە بە سووکایەتی بۆ سەر ئایینەکەی نازانێت، بەڵکو بە نهێنێ و ناڕاستەوخۆ پاڵپشتیشی دەکات. لە کاتێکدا ئەگەر وڵاتێکی ئەوروپی وەک دانیمارک یان فەڕەنسا پاڵپشتی لە سیستەم و پرەنسیپەکانیان بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە بەرانبەر دروستکردنی کاریکاتێرێک لەسەر ئیسلام یان پێغەمبەرەکەی دەرببڕن، ئەوا بە بەرنامە و پلان دەکەونە سەر ڕاکیشانی هەست و سۆزی موسوڵمانان و وەک بەنزین بۆ ئاگری شەڕە سیاسیی و ئابوورییەکانیان بەکاردەهێنن. گوڕینی مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا ئامانجی سیاسی و ئابوری خۆی پێکا، ئەمە دووبارە لەسەر هەستی و سۆزی موسوڵمانان. تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم کارەوە زیاتر پاڵپشتی موسوڵمانان لە ململانێ سیاسییەکانی لەگەڵ وڵاتی ئەوروپی، تەنانەت وڵاتە دژەکانی لە جیهانی ئیسلامیدا وەک سعودیە، بۆ خۆی ڕابکیشێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارە ئامانجێکی ئابووری لە پشتەوەیە ئەوەش بۆ سەرنجڕاکێشانی موسوڵمانانی دونیا بۆ سەردانیکردن و نوێژکردن لەم مزگەوتە. دەرئەنجامی ئەوەش لەناو ئیسلامی سیاسیی کوردیی بە ڕوونی دیاربوو کاتێک دوای ئەم ڕووداوە، سەرکردە ئیسلامییە سیاسییەکان لە لێدوان جیاوازدا ئاواتی ئەوەیان خواست کە بە زوویی بتوانن نوێژ لەم مزگەوتە بکەن. ئەم دوو نموونەیە، پێمان دەڵێن کە چۆن ئەوەی ئیسلامی سیاسی دەیکات جگە لە بەکارهێنانی ئایین بۆ ئامانجەکانی خۆی، نەک هەر هیچ سوودێک بە ئایین ناگەیەنێت، بەڵکو بەشێکە لە زیاتر نیشاندانی دیوە ڕق و شەڕانگێزییەکەی ئایین. ئیسلامی سیاسیی زۆر لێزانەنە کار لەسەر دروستکردنی شەپۆلێکی گەورەی “نەزانیی پیرۆز” دەکات، کە ئەمە هیچ هیوایە بۆ ڕیفۆرم لەناو ئیسلامدا ناهێڵێت. بە گەڕانەوە بۆ پەرەگرافی یەکەمی ئەم نووسینە، تێدەگەین کە چۆن کڵێسا شکستی لە بەکارهێنانی ئایین بۆ مەرامە سیاسیی و ئابوورییەکانی هێنا، ئیسلامی سیاسیش زوو یان درەنگ شکت دەهێنێت، بەڵام تا ئەو کاتە زەرەمەندی یەکەم ئیسلام و موسوڵمانانن و ڕەنگە تا ئەو کاتە هیچ ئومێدێک بۆ ڕیفۆرم لەناو ئیسلامدا نەمابێت و ئیسلام بە تەواوی مۆرکی ئایینی شەڕ و ململانێ و گروپە تیرۆرستییەکان وەربگرێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: