مەبەستی هانا ئارێنت لە پووچێتیی خراپەخوازیی چی بوو؟

1032
0
بڵاوکردنەوە:

مەبەستی هانا ئارێنت لە پووچێتیی خراپەخوازیی چی بوو؟

تۆماس وایت

وەرگێڕانی: سامان عەلی حامید

ئایا مرۆڤ دەتوانێت خراپە بکات بێ ئەوەی پێویست بە خراپەخوازبوون بکات؟ هانا ئارێنت بەرەوڕووی ئەو پرسیارە سەرسوڕهێنە بووەوە، کاتێک کە لە ساڵی١٩٦١، سەبارەت بەو تاوانانەی جەنگ کە لەلایەن ئادۆڵف ئایخمان Adolph Eichmannی بەکرێگیراوی نازیی بەرپرس لە گواستنەوەی ملیۆنان هاووڵاتیی جوو و بێجگە لە جوو بۆ ژمارەیەک لە گرتوخانەکان وەک پاڵپشتییکردنێک لە بڕیاری کۆمەڵکوژیی ڕژێمی نازیی دەرهەق بە جووەکان ئەنجام درا، لێدوانی بۆ ڕۆژنامەی نیو یۆرکەر دا.

تێڕوانینی هانا ئارێنت بۆ ئایخمان تێڕوانێکی ئاسایی و سادە بوو، چونکە لە دیدی ئارێنتدا ئایخمان وەکو کەسانی تر کتومت کەسێکی سادە و، باشتر وایە بڵێین؛ نیان و بیرۆکراتیی بوو و، بەگوێرەی بۆچوونی ئارێنت، ئایخمان “نە کەسێکی لادەر و نە سادیست بوو”، بەڵکو “چەشنە سادەیی و سروشتییەکی ترسناک، کەسێکی سادە و سروشتیی بوو”. ئایخمان بەبێ هیچ پاڵنەر یاخود هاندەرێک ئەو کارەی کرد کە کردی، تەنها پاڵنەری پێشخستنی کاروانی نەبێت لە نێو بیرۆکراسییەتی نازیزمدا بە شێوەیەکی شێلگیرانە. ئایخمان، لە ڕوانگەی ئارێنتدا، دڕندەیەکی نائاکاریی نەبوو، کاتێک کە (لە ساڵی١٩٦٣دا) ئەو دەستەواژەیەی لە نێو کۆڵینەوەکەیدا دەربارەی دۆزێک لە ژێر سەردێڕی؛ ئایخمان لە قودس: ڕاپۆرتێک دەربارەی پووچێتیی خراپەخوازیی(Eichmann in Jerusalem: A Report on the Banality of Evil.) جێ کردەوە. وێڕای ئەوە، ئایخمان بڕێک کاری خراپە و دڕندانەی بەبێ هیچ نیازێکی خراپ ئەنجامدا، ئەمەیش ڕاستیی یاخود قەوماوێکە کە بە “خەمساردیی ئەو”ەوە پەیوەستە، ترازان و دابڕانی کارە خراپەکانێتی لە قەوماو بەشێوەیەکی تەواوەتیی. ئایخمان “هەرگیز نەیزانی چی دەکرد” ئەمەیش زادەی “لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، بێتوانایی بیرکردنەوە بوو”. بە هۆی نەبوونی ئەو توانای دەرککردنەوە “بڕێک تاوانی لە سایەی بڕێک هەلومەرجدا ئەنجامدا کە وایان لە ئەو کرد دەرک یاخود هەست بکات ئەو کارەی کە دەیکات کارێکی تەواو هەڵەیە و، ئەرکێکە بەجێهێنانی نیمچە ئەستەمە”.

هانا ئارێنت کۆی ئەو تایبەتمەندییانەی ئایخمانی بە “پووچێتیی خراپەخوازیی” ناودێر کرد: ئایخمان، بە واتای قووڵی وشەی خراپەخواز، خراپەخواز نەبوو، پتر بە کەسێکی ڕووکەش و نەزان دەچوو، بە واتایەکی تر “شوێنکەوتە” بوو، بەگوێرەی بۆچوونی یەکێک لە ڕاڤەکارانی هاوچەرخی تێزەکەی ئارێنت: مرۆڤێک بوو شوێن پارتی نازیی کەوتبوو، عەوداڵی واتا و ڕێنومایی بوو، ئەو لە سۆنگەی باوەڕێکی ئایدیۆلۆژیی قووڵەوە نەبووە نازیی. بەگوێرەی ڕاڤەکردنی ئارێنت، ئایخمان پاڵەوانی ڕۆمانی “نامۆ” The Strangerی ئەلبێر کامۆ (کە لە ساڵی١٩٤٢دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە)مان بیردەخاتەوە، کە بە جۆرێکی ناکاو و خۆبەخۆ مرۆڤێک دەکوژێت، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ئەو کارە هەستی بە هیچ پەشیمانییەک نەکرد. هیچ نیازێکی دیارییکراو یاخود پاڵنەرێکی ئاشکرا و خراپەکارانە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لە گۆڕێدا نەبوو: بەوپەڕی سادەیی کارەکەی “ئەنجامدا” و هیچی تر.

ئایخمان لە کاتی دادگاییکردندا.

ئەمە یەکەمین کارتێکرانی، تا ڕادەیەک ڕووکەشی، ئارێنت نەبوو دەربارەی ئایخمان، چونکە تەنانەت لەپاش دە ساڵ لە دادگاییکردنی ئایخمان لە ئیسرائیل، ئارێنت لە ساڵی١٩٧١دا نووسی:

“پووچگەرایی لە نێو ئایخمانی بکەردا ئەوەندە ڕوون و بەرچاو بوو تووشی سەرسوڕمان بووم، ئەم پووچگەراییە، کارێکی وای کرد، هەڵگرتنی شوێنپێی کاریگەریی کارە خراپە و دڕندە دڵنیاکانی ئەو ڕووەو ئاستێکی قووڵتر لە ڕەگ و ڕیشەکان یاخود پاڵنەرەکان، کارێکی ئەستەم بێت. کارەکانی ئەو قێزەون و سامناک بوون، بەڵام بکەرەکە، لایەنی کەم کەسی هەرە کاریگەری نێو ئەم دادگاییە، کەسێکی سادە و ئاسایی بوو، نە شەیتانڕەفتار و نە ترسناک بوو”.

تێزەی “پووچێتیی خراپەخوازیی” بەردەوام خاڵ و تەوەری گەرمبوونی مشتومڕ و ناکۆکییەکی زۆر بووە. سەبارەت بەو کەسانەی کە ڕەخنەی ئارێنت دەکەن، ڕۆڵی سەرەکیی ئایخمان لەو کۆمەڵکوژییە نازییەدا بەبێ هیچ هەست یاخود نیازێکی خراپ، پرسێکە لێکدانەوەی دژوارە. گیرشۆم شۆلیم Gershom Scholem کە فەیلەسووفێکی هاوکار و (زانایەکی لاهوتە) لە ساڵی١٩٦٣دا بۆ ئارێنت دەنووسێت و دەڵێت کە تێزەکەت دەربارەی پووچێتیی خراپەخوازیی تەنها دروشمێکی ڕووت بوو “کە بەدڵنیاییەوە وەک بەرهەمی شیکردنەوەیەکی قووڵ هیچ سەرنجی ڕانەکێشام”. ماری ماکارتی Mary McCarthy، کە ڕۆماننووس و هاوڕێیەکی نزیکی ئارێنتە، بە چەشنێکی تەواو گوزارشتی لە سەرەدەرینەکردنی خۆی کرد و وتی: “پێموایە ئەوەی تۆ دەتەوێت بیڵێیت ئەوەیە کە ئایخمان تایبەتمەندییەکی مرۆیی قووڵ کە توانای بیرکردنەوە و، هۆشیاریی و ویژدانە، نییەتی. بەڵام ئایا ئەمە بەوپەڕی سادەیی ئەو ناکات بە دڕندەیەکی ڕووت؟”.

مشتومڕ تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامە، ئالان وڵف، کە فەیلەسووفە، لە نێو کتێبی “خراپەی سیاسیی: چییە و چۆن بەربەرەکانێ دەکرێت” Political Evil: “What It Is and How to Combat It” کە لە ساڵی٢٠١١دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ڕەخنەی ئارێنتی کردووە لەبەرئەوەی “بە چەشنێکی دەروونناسییانە شیکاریی دەکات”، واتە خۆی لە پرسی خراپەخوازیی دەدزێتەوە کاتێک کە لە چوارچێوەی بەرتەسک و سنوورداری قەوارەی چەسپاوی ئایخماندا پێناسەی خراپەخوازیی دەکات. وڵف باسی ئەوە دەکات کە بۆچوون و بیرۆکەکەی ئارێنت لەبری ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئایخمان چی کردووە، زیاتر گرنگیی بەوە داوە کە ئایخمان کێیە. سەبارەت بەو کەسانەی کە ڕەخنەی ئارێنت دەکەن، ئەم گرنگییدانە بە ژیانە بێزارکەر و لاوەکییەکی ئایخمان، وەک گۆڕینی باس و بابەتی کارە خراپەکانی ناوبراوە. هەندێک لە ڕەخنەکارانی ئارێنت بڕێک هەڵەی مێژوویی ئارێنتیان تۆمارکردووە کە وایان لە ئارێنت کردووە خراپەخوازییەکی قووڵتری نێو ناخی ئایخمان پشتگوێبخات کاتێک کە خراپەخوازییەکەی خۆی بە “ئاڵنگاریی بۆ هزر” ناودێر کردووە، بەو جۆرەی لە نامەیەکدا نووسیویەتی کە لەپاش سێ ساڵ لە دادگاییەکە بۆ کارل یاسپەرس Karl Jaspersی ناردووە. لە ساڵی٢٠٠٠دا، دیبۆرا لیپستاد (١)Debora Lipstadt کە ئافرەتێکی مێژوونووس و داوالێکراوی تانەدانە لە دادگاییەکەی دەیڤد ئارڤینگ David Irving (٢) بۆ نکوڵییکردن لە کوورەی سووتاندنی جووەکان، بڕیاریدا گەواهیی بە تۆمارێک بخوازێت کە حکومەتی ئیسرائیل لەپێناوی بەکارهێنان و پەیدۆزی ڕێکاریی یاسایی دەریکردووە، ئەوە دەسەلمێنێت کە لیپستاد لە دادگاییکردنەکەی ئایخمان (The Eichmann Trial (2011دا جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە پەنابردنی ئارێنت بە بەکارهێنانی وشەی “پووچ” هەڵە بوو.

“ئەو یاداشتانە کە تایبەتن بە ئایخمان و کە ئیسرائیل دەریکردووە و لە دادگاییەکەمدا بەکارهات، دەریدەخات تا چ ڕادەیەک ئارێنت سەبارەت بە ئایخمان هەڵە بووە. کاریگەریی و گوزارشتی دەربارەی ئایدیۆلۆژیای نازیزم تێدایە… ئایخمان بیرۆکەی ڕەگەزی خاوێنی پەسەند و قەبوڵ کرد”.

لیپستاد لەوە دوورتر ڕۆیشت و باسی ئەوەی کرد ئارێنت نەیتوانی ئەوە ڕوونبکاتەوە ئەگەر ئایخمان دەرکی بەو تاوانەی نەدەکرد کە کردی چۆن خۆی و هاوبەشەکانی هەوڵیاندا هەر بەڵگەیەک دەربارەی ئەو تاوانی شەڕانەی کە ئەنجامیانداوە لەناوبەرن.

بیتینا ستانگیس، کە ئافرەتێکی مێژوونووسی ئەڵەمانییە، لە نێو کتێبی ئایخمان بەر لە قودس Eichmann Before Jerusalem کە لە ساڵی٢٠١٤دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە ڕەهەندێکی دیکەی ئایخمانی ئاشکرا کردووە شان بە شانی ڕەهەندی پووچێتیی، کاتێک کە دەربارەی ئایخمان دەڵێت: “بە ڕووکەش کەسێکی ناسیاسییە، بەوپەڕی سادەیی وەک کەسێکی ئاسایی و بیرۆکراسیی شەیدای پیشەکەی هەڵسوکەوت دەکات”. ستانگیس بە هۆی وەرگرتن و گوێگرتن لە کاسێتەکانی بڕێک چاوپێکەوتن کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسی نازیی؛ ویلیام ساسن William Sassen لەگەڵ ئایخماندا سازکراوە، ئایخمانی وەکو کەسێکی پشت بە خۆ بەستوو و نازیی و ڕەگەزپەرستێکی دەمارگیر و و پەیوەست بە ئایدیۆلۆژیای نازیزمەوە دەرخستووە، هاوکات هیچ هەستکردنێک بە پەشیمانیی نیشان نەداوە بۆ ئەو ڕۆڵەی کە لە کوورەکانی سووتاندنی جووەکاندا گێڕاوێتی، بەکرێگیراوێکی نەگریسی ڕادیکاڵی ڕایخی سێیەمە، بە چەشنیکی فریودەرانە لە ناو قۆزاخەی سروشتییی بیرۆکراسیی نیاندا ژیاوە. بێجگە لەوەی کە “کەسێک بوو بیری نەدەکردەوە” ئایخمان چەندین بیروڕا و بۆچوونی پەیوەست بەو کۆمەڵکوژییەی هەبوون کە بۆ پارتی نازییە بەردڵەکەی جێبەجی کران. کاسێتەکان ددانپێدانانی ئایخمان بە جۆرێک لە دووفاقێتیی جیکڵ و هاید Jekyll-and-Hyde (٣)ی خستەڕوو:

“من، بیرۆکراسێکی وریام، بەڵێ ڕاستە. بەڵام ئەم بیرۆکراسە وریایە لەلایەن… جەنگاوەرێکی نازیی دەمارگیرەوە هاتووە، کە لەپێناوی ئازادیی ڕەگەزەکەیدا دەجەنگێت و، ئەوەیش بە مافی سروشتیی خۆم دەزانم…”.

هانا ئارێنت بە شێوەیەکی تەواوەتیی خراپەخوازیی بنجداکوتاو لە نێو ئایخمانی پشتگوێخستووە کاتێک کە لەپاش دە ساڵ لە دادگاییەکە نووسی: “هیچ ئاماژەیەک یاخود ڕوویەکی نەبوو ئەو تۆمەتە ئایدیۆلۆژییانە یاخود بڕێک پاڵنەری خراپەخوازانەی دیارییکراو بسەلمێنێت”. ئەمەیش جەخت لە سەر بیرۆکەی پووچێتیی و هەڵەی تێزەی پووچێتیی خراپەخوازیی دەکاتەوە. ئەگەرچی ئارێنت نە هەرگیز هێمای بۆ ئەوە کردووە کە ئایخمان تەنها “کەسێکی لاوەکیی” بەریی و بێتاوانی نێو بیرۆکراسیزمی نازیزمە و، نە داکۆکیی لە ئایخمان کردووە لەو ڕووەوە کە “تەنها فەرمانەکان جێبەجێ دەکات” و لەو سۆنگەیەوە کە هەردووکیان بڕێك هەڵەی باون سەبارەت بە تێگەیشتن لە کۆڵینەوەکانی دەربارەی ئایخمان، بەڵام ڕەخنەکارانیان، لە نێویشیاندا وڵف و لیپستاد، هێشتا دڵنیا نین.

کەواتە ئەو شتە چییە کە پێویستە لەو وتەیەی ئارێنتی هەڵبهێنجین کە دەڵێت ئایخمان (وێڕای ئەڵەمانەکانی تریش) خراپەیەکی کردووە بەبێ ئەوەی کارێکی خراپەخوازانە بێت؟

ئەم پرسیارە وەک کێشە و پرسێکی دژوارە بەتایبەتی چونکە ئارێنت پێویستی بە دەرفەت بوو بۆ زیاتر کۆڵینەوە لە واتای نادیاری خراپەخوازیی تایبەت بە ئایخمان، لەبەرئەوەی کۆڵینەوەکەی دەربارەی ئایخمان سنووری کۆڵینەوە لە سروشت و چەمکی بنەمای خراپەخوازیی نەگرتووەتەوە. چونکە لە نێو کتێبی بنەماکانی فەرمانڕەوایی تاکحیزب The Origins of Totalitarianismدا کە لە ساڵی١٩٥١دا، واتە بەر لە دادگاییکردنی ئایخمان، چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ئارێنت دەڵێت:

“دەستەنگییمان لە وێناکردنی خراپەخوازییەکی خۆڕسکدا بابەتێکە لە نێو تەواوی نەریتی فەلسەفەی خۆرئاواییماندا بنجی داکوتاوە”.

لەجیاتی بەکارهێنانی پرسی ئایخمان وەک ئامرازێک بۆ دەستکارییکردنی تێگەیشتنی باو لە خراپەخوازیی بنجداکوتاو، ئارێنت پێداگر بوو لە سەر ئەوەی کە خراپەخوازییەکەی ئایخمان خراپەخوازییەکی پووچ بوو، واتە “ئاڵنگاریی بوو بۆ هزر”.

ئارێنت بە هۆی گرتنەبەری میتۆدێکی شێوەکیی بەیاساکراو بۆ دادگاییەکە، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە لە پشت ڕاستییە یاساییەکانی بێتاوانیی یاخود تاوانباریی ئایخمانەوە هیچ پرس و دۆزێکی قووڵتر بوونی نییە، ئارێنت بە چەشنێکی خۆبەخۆ خۆی بۆ نوشوستیی سەبارەت بە هۆکاری هەرە قووڵی خراپەخوازیی ئایخمان ئامادە کرد. سەرباری ئەوە، ئارێنت لە نێو نووسینەکانیدا بەر لە ئایخمان لە قودس، هەڵوێستێکی تەواو پێچەوانەی نواند. چونکە ئارێنت لە نێو کتێبی بنەماکانی فەرمانڕەوایی تاکحیزبدا، بەڵگەسازیی بۆ ئەوە کرد کە خراپەخوازیی نازییەکان خراپەخوازییەکی ڕەها و نامرۆڤانە بوو، نەک خراپەخوازییەکی ڕووکەش یاخود ئاڵۆز و ناڕوون، بەڵکو نواندن و گوزارشتێکی خوازمانی یاخود مەجازیی خودی دۆزەخ خۆی بوو.

دۆخی گرتوخانە نازییەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە وێنەکانی دۆزەخی سەدەکانی ناوەڕاست دەچێت.

ئارێنت کاتێک ڕایگەیاند کە خراپەخوازیی ڕەها، کە لە نازییەکاندا خۆی دەنوێنێت، بە ئامانجێکی ترسناک و چاونەترسانە بۆ پاکتاوکردنی خودی مرۆڤایەتیی خۆی بە ڕێ کرا، بەو جۆرەی کە لە نێو نووسینەکانی بەر لە دادگاییەکەی ئایخماندا ڕوونیکردەوە، وێنەی ژمارەیەک لە فەیلەسووفی لە نموونەی فریدریش شیلینگ F W J Schelling (٤) و ئەفلاتونی پێچەوانە کردووە کە لە کۆڵینەوە لە لایەنە قووڵتر و شەیتانییەکانی خراپەخوازیی خۆیان نەدزییەوە. بەڵام ئەم تێڕوانینە ئەو کاتە گۆڕانی بە سەردا هات کە ئارێنت چاوی بە ئایخمان کەوت کە بیرۆکراسییەتە بەتاڵەکەی هیچ قووڵییەکی دڕندانە یاخود خراپەخوازانەی نیشان نەدا، بەڵکو تەنها گرنگییدانی بە بەرەوپێشچوونی پیشەکەی لە سەر ئەستۆی هەر شتێکی تر و، هەروەها ئەوەی نیشاندا کە ناتوانێت بیربکاتەوە.

کتومت لەو قۆناغەدا بیرکردنەوە و تێڕامانی ئەندێشەیی و داهێنەرانەی ئارێنت دەربارەی خراپەخوازیی ئاکاریی پەرش و پەرتەوازە بوو و، لەو کاتەدا دروشمی “پووچێتیی خراپەخوازیی” سەریهەڵدا. وێڕای ئەوە ئارێنت لە ساڵی١٩٧٥دا کۆچی دوایی کرد، ڕەنگە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ژیاندا مابا توانیبای ئەو لەگەز و مەتەڵانە ڕۆشن و ڕوونبکاتەوە کە دەوروخولی تێزەکەی ئەویان سەبارەت بە پووچێتیی خراپەخوازیی داوە و، کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆیش ڕەخنەکارانی تووشی واقوڕمان کردووە، بەڵام ئەوە بابەتێکە کە ئێمە هەرگیز نایزانین.

هەر بۆیە ئێمە لەگەڵ تێزەکەی ئارێنتدا بەو جۆرەی کە هەیە بە تەنها بەجێهێڵراوین. ئاڵۆزیی سەرەکیی ئەم تێزەیە چییە؟ ئارێنت کارتێکرانەکانی دەربارەی پووچێتیی بیرۆکراسیی ئایخمان لەگەڵ ئاگایی یەکەمیدا دەربارەی خراپەخوازیی  کە ئاگاییەک بوو بەرپەرچی خراپەخوازیی دەدایەوە، لەگەڵ کارە نامرۆڤانەکانی ڕایخی سێیەمدا، یەکلایی نەکردەوە. ئارێنت پێیوابوو ئایخمان فەرمانبەرێکی سادەیە نەک جەنگاوەرێکی ئایدیۆلۆژیی خراپەکار. ئەو شتەی کە بەڕاستیی ئارێنتی دووچاری سەرسوڕمان دەکرد، توانای ژیانی بێزارکەری ئایخمان بوو لە هەڵکردن لەگەڵ ئەو خراپەخوازییەی “دیکە”دا. کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا هەرگیز لە تاوانی ئایخمانی کەم نەکردەوە و بەردەوام بە تاوانباری جەنگ ناوی دەهێنا و هەروەها پێشوازیی لەو بڕیاری لەسێدارەدانەیش کرد کە وەک بڕیارێکی دادوەریی لەلایەن دادگای ئیسرائیلەوە دەرچوو. ئەگەرچی پاڵنەرەکانی ئایخمان لە ڕوانگەی ئارێنتدا بڕێک پاڵنەری ئاڵۆز بوون و ئاڵنگاریی بوون بۆ هزر، بەڵام کۆمەڵکوژیی و هۆلۆکۆستەکانی بەو جۆرە نەبوون. دواجار لەڕاستییدا هانا ئارێنت ترس و تۆقینی ڕاستەقینەی لە نێو خراپەکاریی ئایخماندا بەدی کرد.

………………………………..

پەراوێزەکان:

(١)دیبۆرا لیپستاد: ژنە مێژوونووسێکی ئەمەریکییە، خاوەنی چەندین کتێبە، یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی؛ “نکوڵییکردن لە کوورە”یە کە لە ساڵی١٩٩٣دا چاپ و بڵاوبووەتەوە.

(٢)دەیڤد ئارڤینگ: نووسەرێکی ئینگلیزە، بەو کتێبانەی ناوبانگی دەرکردووە کە بابەتەکانیان سەبارەت بە مێژووی سیاسیی جەنگی دووەمی جیهان و ئەڵەمانیای نازیین.

(٣)دکتۆر جیکڵ و میستەر هاید ڕۆمانێکی ئەندێشەیی وێژەوانی ئینگلیز “ڕۆبەرت لویس ستیڤنسۆن”ـە، یەکەمجار لە ساڵی١٨٨٦ لە لەندەن چاپ و بڵاوکرایەوە. ڕۆمانێکە باس لە کێشمەکێشی نێوان چاکەخوازیی و خراپەخوازیی لە نێو ناخی مرۆڤدا دەکات. لەبەر ئەو ڕوانگە زانستییە ورد و دروستەی سەبارەت بەو کێشمەکێشانە لە خۆیی گرتووە کە لە نێو ناخی مرۆڤدا ڕوودەدەن، لەلایەن دەروونناسانەوە گرنگیی و بایەخی پێدراوە.

(٤)فریدریش شیلینگ: فەیلەسووفێکی ئەڵەمانییە بایەخی بە چەند فێرگەیەکی فەلسەفیی وەکو ئایدیالیزم و قۆناغی پاش کانت و ڕۆمانسیزم داوە، گرنگترین بابەتی کۆڵینەوەکانی بریتین لە لووتبەرزیی و هۆشیاریی و ویستی ئازاد.

تێبینی: ئەم وتارە لە ڕوانگەی دەقە عەرەبییەکەوە کراوەتە کوردیی.

ژێدەر: سایتی “المحطة”.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: