چۆن لە ڕاستی ڕوداوەکەی فەرەنسا و خۆمان تێ بگەین

953
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: دکتۆر عەلی زەڵمی/ دکتۆرا لە کۆمەڵناسی، زانکۆی یو دەبلیو- برستڵ -ئینگلاند

دەستەی نووسەران

من هەوڵدەدەم سەرنجەکانی خۆم لەسەر دوو تەوەر کورتکەمەوە، لەسەرەتادا بەشێکی گشتی دەبێ واتە چ ئەم رووداوەی کوشتنی مامۆستاکەی فەرنساو دواتر ئەو شتانەی بەدوای خۆیدا هێنا وەک پەرچە کردار،وە  هەر رووداوگەلێکی هاوشێوەی دەگرێتەوە. دواتر،بەشێکیشی بەتایبەتی تەرخان دەکەم بە کورتی لەسەر خودی ئەو هەڵا و پەرچەکردارانەی روویاندا بەهۆی رووداوەکانی رۆژی هەینی ١٦ ئۆکتۆبەر کە مامۆستایەکی وانەی مێژوو و جوگرافیا سامیۆل پاتی کوژرا  لەلایەن موسڵمانێکی گەنجی بە رەچەڵەک چیچانی تەمەن ١٨ ساڵ کە لە مۆسکۆ لەدایک بووە و ساڵیکە هاتوەتە فەرنسا و پەنادراوە.

کورد بۆ زۆر کێشە و ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەمیشە قسەی حازر بەدەستی هەیە و بارودۆخەکە بەجۆرێ کەوتوەتەوە کە هەرکەس بگری لەسەر هەر بابەتێ پرسیاری لێ بکەی بێ سێ و دوو وەڵامی خۆی هەیە. ئەم کێشەیە جاران هەر لەبازاڕ و چایخانەدا دەبینرا بەڵام ئێستا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵاتیەکانەوە کە بووەتە پلاتفۆرمێک بۆ گوزارشت لەخۆکردن زۆر زیادی کردوە و هێندەی دیکە بارودۆخەکەی شێواندوە بەجۆرێ ئەستەمە جیاوازی بکرێ لەنێوان رەئی کەسی پسپۆر و قسەی هەلەق و مەلەق، قسەی زانست و قسەی گیرفان. بەداخەوە، ئەم کێشەیە کە بەکارهێنانی لاپەڕەکانی فەیسبوک بۆ قسەکردن لەسەر هەمووشت خۆت نەبێ، ئەمە لە حاڵەت و دوو حاڵەت دەرچووە بوە بە جۆرێک لە ستراتیژ لای تاکی کورد و کاری لەسەر دەکا کە من ناوم ناوە ستراتیژی ‘مشەخۆری’ ( parasite ). واتە هەروەک چۆن جۆرە مشەخۆرێک هەیە کە ژیان و گوزەرانی لەسەر لاشەی گیاندارێکی ترە و ئەم ژیانی لەسەر ئەو بەندە ئاوهاش ئەم ستراتیژە لەناو کوردا هەمیشە ژیانی خۆی بەستوەتەوە بە ئەوی دیکەوە، بە کێشەکانی ئەو، خۆشیەکانی ئەو، ململانێکانی ئەو هتد. بۆ من وەک کەسێک کە گرنگی بە کۆمەڵگەو بزاوتی کۆمەڵایەتی و مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵگە دەدەم، ئەو هەراو هۆریایەی کەوتەوە لەسەر ئەو رووداوی کوشتنی مامۆستاکەی فەرەنسا لەسەر رووپەڕەکانی فەیسبوک بەگشتی و بوارەکانی دیکەی میدیایی دەیتایەکی بەکەڵک و زانیاری  دەست یەک بوو واتە بۆ من وەک مەیدان و کێڵگەی  لێکۆڵینەوە  وا بوو ،ئەوەی پێی دەوترێ توێژینەوەی مەیدانی.

ستراتیژی مشەخۆری یارمەتیمان دەدات لەوە تێبگەین کە بۆچی کورد وەک نەتەوەیەکی گەورە و بێ دەوڵەت وەک میللەتێکی قوربانی و مافخوراو کە ئەمە وایکردوە  چ لەڕووی سیاسیەوە وچ لەرووی مرۆڤایەتیەوە خودان کێشەیەکی گەورە بێ بەجۆرێ لەمسەری دونیا بۆ ئەوسەری ئاگاداری کەیسی کوردن. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کورد و کاراکتەرە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی کە تەمسیلی دەکەن هەمیشە کێشەی دونیا دەکەن بەهی خۆیان بەڵام رادەکەن لەکێشەکەی خۆیان. تۆ سەیری مێژووی تەنها سەد ساڵ بکە بزانن بزاڤە کوردیەکان چۆن جارێ بەناوی ئیسلامەوە و جارێ بەناوی مارکسیزمەوە دێن  لەبری ئەوەی  لەم ئایدیۆلۆژیانە سودمەند بن و بیخەنە خزمەتی دۆزەکەیانەوە  کەچی کورد و دۆزەکەی بووەتە خزمەتکاری ئەوان؛ هەموان بیستومانە کە لەشەستەکاندا کاتێ شیوعیەت باو بوو ئەیانوت لەمۆسکۆ باران دەبارێ و لەکوردستان چەتر هەڵدەکەن و هەروەها لە نەوەدەکان کە ئیخوان پەرەی سەند ئەوترا لە میسر یەکێ بپژمێ لێرە دەکەس دەڵێن ئەلحەمدولیلا. ئەمەش دیارە جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی کۆپیکراوی نەشاز و لەرزۆکی بەرهەمهێناوە کە خۆیشی بووە بە بار بەسەر دۆزی کوردەوە.  ستراتیژی مشەخۆری ئەوەیە هەمیشە کورد لەخۆی ڕا دەکات لە سەر لاشەی ئەوی دی دەجەنگێ و دەژی، هەمیشە ئەوانی دی دەکاتە بابەتی خۆی بۆ ئەوەی وەک مادەی هۆشبەر خۆی لەبیر بچێتەوە. ئەمە بۆ من جێگای لەسەر وەستانە و دەبێ لێکۆڵینەوەی وردی لەبارەوە بکرێ هەتا ئەم نەستە دەستەجەمعیە بخوێنرێتەوە و لێی تێبگەین. ئەم چەند رۆژەی پێشوتر  رووداوەکانی فەرەنسا و لێکەوتەکانی بەجوانی ئەم ستراتیژی مشەخۆریەی بۆ پیشان داین،  کاتێ تاکەکانی کۆمەڵگە و پەرلەمانەکەی کە دەزگای تەشریعیە دابەش بوو بوون بۆ دوو بەرە بەرەی دژە فەرەنسا و بەرەی دۆستی فەرەنسا. ئەم دابەش بوونە مایەیی لەسەر وەستانە بۆ خۆی هەروەها ئاماژەیەکی گرنگیشە بۆ پیشاندانەوەی ستراتیژی مشەخۆری.

هەرچی دەربارەی سەرنجی دووەمە، هەوڵدەدەم زۆر بەکورتی قسە لەسەر خودی رووداوەکەی گەڕەکی کۆنفلانکس-سانتی هۆنۆرنی لە شاری پاریسی رۆژی هەینی ١٦ی ئۆکتۆبەر بکەم، کە تێیدا مامۆستایەکی وانەی مێژوو بەناوی سامیول پاتی بەدەستی گەنجێکی چیچانی بە چەقۆیەکی گەورە سەری لە لاشەی لێکرایەوە.  لەسەر ئەوەی لە وانەی مێژووی بیرو رای ئازاد کە یەکێک بووە لەمادەکانی ئەو وانەیە مامۆستاکە وێنە کاریکاتۆریەکانی پێغەمبەری ئیسلامی پیشانی قوتابیان داوە وەک ئەوەی کە ئەم حاڵەتە یەکێکە لە نمونەکان کە کێشەی دروست کردوە لەمبارەوە، دیارە مامۆستاکە پێشتر حسابی بۆ هەستی قوتابیانی موسڵمان کردوە و هەستیشی بە هەستیاری بابەتەکە کردوە بۆیە وتویەتی هەرکەس نایەوێ ئەم وێنانە ببینێ دەتوانێ بچێتە دەرەوە و روخسەتی دەدەین. هۆکاری سەرەکی لە پیشاندانی ئەو وێنانە ئەوە بووە چونکە لە ساڵی ٢٠٠٦ وە کە ئەو وێنانە بڵاو بونەوە لەلایەن ئەنجومەنی موسڵمانانی فەرەنسا کەیسەکە برایە دادگا ئیدی لەو کاتەوە گفتوگۆیەکی چڕپڕ سەریهەڵداوە لە میدیا و ئەکادیمیا لەسەر کێشەی نێوان ئازادی رادەربڕین و رەگەزپەرستی و جیاکاری تا کار گەیشتوەتە ئەوەی گوێ بە یاسا نەدرا و  ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٥ و ٢٠٢٠ پەلاماری تیرۆرستی ئەنجامدراوە دژی ئەو رۆژنامەیە و چەندین کەسی بێتاوان بوونەتە قوربانی.

کەواتە کارتۆنەکان کۆنن بەس ئەوەی نوێیە ئەوەیە ئەو مامۆستایە وەک نمونە باسی کردون و ئەو گەنجەش دیارە لەلایەن کەسانی لەخۆ گەورەتر هاندراوە و بۆی دانیشتوە و لەکاتی هاتنە دەرەوە کوشتویەتی ئەگین ئەو گەنجە بکوژە خۆی قوتابی نەبووە کەسوکاری قوتابێک کە لەو پۆلەدا بووە هانیان داوە. کەواتە ئەوەی جێگای پرسیارە بۆ کۆمەڵگەی فەرەنسی ئەوەیە  کە ئەگەر کێشانی ئەم کارتۆنانە قبوڵنەکراو بێ لای موسڵمانان و جێگای ئەوە بێ کە داخۆ ئەچێتە خانەی سوکایەتی بە رەمزە دینیەکان یان ئازادی را دەربڕین، بەڵام خۆ مامۆستایەک کە گوناهی نیە و ئەرکی پرۆفشناڵی خۆی ئەنجام دەدات ئایا شایەنی ئەوەیە بکوژرێ؟ کە ئەو نە وتویەتی باشن نە خراپ ئەو وەک بابەتێک و وانەیەک وتویەتیەوە. ئەمە ناڕەزایەکی جەماوەری زۆری لێکەوتەوە و هەر ناڕەزاییە بوو وایکرد باوکی یەکێک لە قوتابیەکان هاوکاری پۆلیسی کردو توانیان گەنجە بکوژە چیچانیەکە بکوژنەوە  پاش ئەوەی خۆی نەدا بەدەستەوە و پەلاماری خەڵکی تری دەدا. لەهەندێ شاری دیکە چالاکوانان گرد بونەوە و خۆپیشاندانیان کرد لە شاری مۆنپلیە چەند کەسێکی کەم بە بلاجکتۆر یەکیک لە کارکاتیرەکانیان هەڵواسی بە دیواری بینایەکدا. لەسەر ئەمە ئیمانیۆل ماکرۆن هاتە دەنگ و لەمەراسیمی رێزلێنان لە مامۆستاکە وتارێکی پێشەکەش کرد تیایدا نە بەخراپ نە باش باسی پێغەمبەری نەکردوە و هەرجارێ ناوی ئیسلامی بردبێ یەکسەر بەدیاریکراوی باسی ئیسلامی توندڕەوی کردوە. ئەو نەی وتوە کاریکاتێر لەسەر محمەد باشە یا خراپە ئەو دەڵێ هونەری کاریکاتێر بەشێکە لە بەهاکانی کۆمەڵگەی فەرەنسی و رێگایەکن بۆ گوزارشتی بیروبۆچوون، زۆریش جەختی لە یەکترقبوڵکردن و بەهای پێکەوە ژیان کردوە.

کەواتە،  بۆ تێگەیشتنی لەو هەڵایەی لێکەوتەوە ئەوا ئەم دەرئەنجامانەی خوارەوە یارمەتیمان دەدەن؛ یەک، ئەم رووداوە وەک زۆرێک لە رووداوە هاوشێوەکانی زۆر گەورە کرا و لە سیاقی خۆی دوورخراوەتەوە و بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی دیکە بەکار هاتوە. بەدیاریکراوی ئەردۆگانی تورکیا لە لیبیا و یەمەن و سوریا و لوبنان و عێراق و قەرەباخی ئازربایجان کێشەی هەیە لەگەڵ فەرەنسا، ئەمە فرسەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی بچنە ناو ماڵی فەرەنسا و گرفتی بۆ دروست بکەن و لەرێگەی هاندانی ئیسلامیەکانی ( ئیخوان و سەلەفی-جیهادی) دانیشتوی ئەو وڵاتە. ئەمە لەکاتێکدا پێش ئەو رووداوەی کوشتنی مامۆستاکە رووبدات، ماکرۆن و سیاسەتی نویێ فەرەنسا ئەوە بوو کە چاکسازی لەو بێسەری و بەریەی فەرەنسا بکرێ و نابێ رێگە بدرێ تورکیا و قەتەر بەپارە و سامان ئیستغلالی گەنجانی خێزانە هەژارە پەنابەرە موسڵمانەکان بکەن و بیان کەن بە توندڕەو. لەمبارەوە چەندین راپۆرت و لیکۆڵینەوەی ورد هەیە لەسەر زۆربونی شەپۆلی توندڕەویی لەناو موسڵمانانی فەرەنسادا، بەجۆرێ هەروەک چۆن لە وڵاتە ئیسلامیەکاندا خەریکی دروستکردنی کۆمەڵگەیەک بوون لەناو کۆمەڵگەدا ئاوهاش لەفەرەنسا ئەوە روودەدات.واتە تۆ لەبری یاسا و ریسا مەدەنیەکانی دەوڵەت کە یەکسانن بۆ هاوڵاتیان ، دێیت یاسا و ئەحکامی شەریعەت بەکاردەهێنی لەبازاڕ و خێزان و قوتابخانە و هتد.. بۆیە ئەم رووداوە یان باشترە بڵێن دروستکردنی ئەم رووداوە هاوکات بوو لەگەڵ بەریەکەوتنەکانی ماکرۆن و ئەردۆگان.

دوو، هەروەک چۆن ناسیۆنالستی کوردی و هی ناوچەکەش بەشوێن رووداوگەلێکدا دەگەڕێن بۆ قۆزتنەوەی تا گەرمی گوڕی بە گوتارە سواوەکانیان بدەنەوە ئاوهاش ئیسلامیەکانی کوردستان و هی ناوچەکەش بەشوێن هەر هەلێکدا دەگەڕێن تا بیقۆزنەوە و خۆیانی پێ دەمەزەرد بکەنەوە. ئاخر ئەوان کەشەرعیەتیان لە توراسەوە وەرگرتوە بۆیە بە پیرۆزکردنی توراس و رەمزەکانی بۆ ئەوان زۆر گرنگە و هەر هێرشێک بۆ ئەو توراسە ئەوان بە ئاسانی دەتوانن هەست و سۆزی جەماوەری ئیسلامی پێ ببزوێنن. واتە هەروەک چۆن حزبە کوردیەکان هەمیشە ئیلهام لە شەرعیەتی شۆڕشگێری وەردەگرن و بەوە خۆیان دەکەن بە کەڵەگا بەسەر میللەتەوە و هەر شەڕێک بێت (  شەڕی دژی داعش نمونەیەکی باش بوو)ئیتر بە خۆبەستن و لەبەرکردنی قاتی کەتافی مەسولەکان، ئەوا دە هێندەی دیکە شەرعیەتی مانەوەی خۆیان مسەوگەر دەکرد و دە ئەوەندەش پرۆسەی دیمۆکراسی دەچویە دواوە. ئاوهاش بەهەر روداوێکی وەک ئەوەی فەرەنسا ئیسلامیەکان وەک هەلی زێڕینی وەردەگرن و چونکە زۆر لەبارە بە شەرعیەتدان بەخۆیان، ئاخر ئەوان کە لە ناو گەلیکی موسڵماندا دەژین حزبی ئیسلامی چ مانایەکی هەیە. بەڵام بەم جۆرە رووداوانە ئەو پرسیارە لەسەرخۆیان لادەبەن و بەشی ماوەیەکی باش شەرعیەت پەیدا دەکەنەوە. واتە دیسان بەسود وەرگرتن لە تیۆری مشەخۆری لەوە تێدەگەین ئەم هێزانە خۆیان پرۆژەو بەرنامەی سیاسی روونیان نیە بەڵکو وەک مشەخۆر لەسەر کێشەی دیکەی خوازراو دەژین.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: