موسڵمانی کورد لە بەردەم کێشەی لێڵکردنی سیاسییانەدا

818
0
بڵاوکردنەوە:

هەندرێن

ئەنجامی ئەو کێشانەی کە دەمێکە بە هۆکاری دەستتێوەردانی تورکیا لە جەنگی لیبیا، رۆژئاڤای کوردستان، ئازربایجان و ئەرمێنیادا هەیە لە نێوان سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ئەردۆگاندا هەیە هەر تەنێ لە ئاستی هێرشی راگەیاندن نەمایەوە، بەڵکو دوا لێکەوتەی بووە هۆی تێرۆکردنی مامۆستایەکی فەڕەنسیی بە دەستی  موسلمانێکی تووندڕۆدا، ئەمەیش گەیشتە ئەوەی کە ماکرۆن لە پەراوێزی ئەو رووداوەدا بڵێ، دونیا ئیسلامیی لە قەیراندایە.

بەمجۆرە ئۆردۆگان بۆ جوولاندن و ورووژاندنی هەستی گشتیی موسڵمانانی جیهان، ئیمانوێل ماکرۆنی بە نەخۆش تۆمەتبار کرد و بەمەیش توانی سۆزی زۆرێک لە موسڵمانی شەحنکراو بە بڕوای جیهاد و تێڕۆر بۆ مەرامەکانی خۆی جۆشبدات.

ئەو هەڵای بە ناو داکۆکیکردنەی موسڵمانە ئیخوانیی و سەلەفییەکان کە بە فیتی ئۆردۆگان لە ئەوروپا و جیهانی ئیسلامییدا بە دژی ماکرۆن و فەرەنسادا دەستی پێکرد، موسڵمانانی کوردستانیشی تەنییوە، بێ ئەوەی کەمێک بیر لە سەرچاوەی  ئەو کێشەیە و مەبەستی ماکرۆن لە بوونی قەیران لە دونیای ئیسلامدا بکرێتەوە. بەمجۆرە کتوپڕ خەڵکێکی زۆری سەر بە رەوتە ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکانێک، کە ساڵانێکە بە هۆی قەیرانی حکومڕانی و کۆمەڵایەتییەوە بە ئاگا و بێ ئاگا بەو رەوتە ئایدیۆلۆژییە سیاسییە ئیسلامییانەوە کاریگەرن، وەک ئەوەی هەموو سەرکەوتنێکیان بەسەر کێشە سیاسیی، ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و دونیای ئیسلامیی و بگرە نەیارانی ئیسلام بە دەست هێنا بێت، ئیتر نۆرەی تۆڵەکردنەوە بێت لە فەرەنسایش. ئەو دژایەتییە شێوە مەیلەو جیهادییە بە دژی فەڕەنسا و سەرۆکەکەی لە بایکۆتکردن، دروشمی شەڕەنگێزانە و سووتاندنی ئاڵای فەڕەنسا و زۆر کردەی دیکەدا نیشاندرا.

ئەمەیش قەدەری نەزانی ئەو کۆمەڵگەیەی ئێمە جەختدەکاتەوە کە هەر لە سەردەمی رۆژگاری عوسمانیی و سەفەوییەکانەوە تا ئێستایش هەرگیز خۆی بیری نەکردۆتەوە، بەڵکە لەلایەن سەردەستەکانییەوە فریودراوە و بوونی رەتێنراوە. بۆیە راهاتووە لە دەرەوەی مێژوودا بژیت. ئەو لە بوون لە دەرەوەی مێژوو و ژیانە شلۆقەی کۆمەڵگەی کوردستان وایکردووە هەمیشە لە بوون بە پاشکۆییدا بگوزەرێنێت. بوونێکی پاشکۆیش هەمیشە بە خۆی بیر ناکاتەوە، بەڵکە ئەوانیتری دەرەوەی خۆی لە جیاتی بیردەکەنەوە. هەر کاتێکیش ویستییان وەک کەرەسە بەکاری دەهێنن.

لێرەوە گەرە بڵێین، ئەو هەڵای بایکۆتکردن و راگەیاندنە جیهادیستییەکی کە لە لایەن رەوتە دینی و دیندارە رەشۆکییەکانی کورد روودەدا، بەشێکە لە بەردەوامی داڕمانی بەهای مانا و پەرۆشی هاوبەش لە کۆمەڵگەی کوردستاندا. بۆیە ئەو ئاژاوە و فەزایە تووندڕۆییە هەر لە پرسێکی وەک  پیرۆزیی دینییدا کورت نەبۆتەوە، بەڵکە کۆی کێشە و پێشهاتەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بوونەتە کەرەسەیەک بۆ دەربڕینی رق و کینە.

بۆیە راستییەکەی ئەوە ماکرۆن و ئەرورپییەکان نین کە سوکایەتی بە ئیسلام و بەهایەکانی دەکەن، بەڵکە خودی رەوتە سیاسیی و دەمڕاستەکانی لە جیهانی ئیسلامیی و کوردستانیش دەمێکە خودی بەهایەکانی ئیسلامیان ریسواکردووە. لە دۆخی باڵادەستی کاڵا و ماددەی ئەوڕوپییدا، خودی موسلمانان و نوێنەرە دینییەکان، دین وەک دەمامک بۆ مەرامە ماددیی و سیاسییەکانیان بەکار دەهێنن.

ئەوها وەک چۆن عەلمانییەکانی کورد بە بیرکردنەوەی دەرەوەی خۆیان دەرگیر و کەساسن، بە هەمان شێوەیش رەوتە سیاسییە ئیسلامیی و موجاهیدە رووتەڵەکانیشمان، وێڕای ئەو بوونی ئەو هەموو شەهادەدار، خوێندەوار، بوونی میدیا و زانیارییە زۆرەی کە ئەوروپا بۆمانی مەیسەر کردوون، کەچی لە دۆخی ئەوها هەروەک دوور لەو پێشکەوتنانەدا بژین.

بەمجۆرە بە دەم ئەو بایکۆتکردنەی کاڵا  و جیهادەی کە لە تۆڕە، کە خۆی بەشێکە لە بەرهەمەکانی رۆشنگەریی، شۆڕشی فەڕەنسیی و پیشەسازیی، بە دژی فەڕەنسا دەستییان پێکردووە، بوونەتە ئامرازێک لە جەنگی ململانێی دەستەڵاتخوازیی نێوان ماکرۆنی سەرۆکی ناتۆ و ئەردۆگان بە خەیال خەلیفەی ساختەی دونیای موسلمانان.

لەوە گەڕێ  کە ئەو دیاردە لە ئیسلامی سیاسییە تووندڕۆیە پاشکۆیە ئیخوانیی و سەلەفییەی کە لە کوردستان لە ئارادایە،  ئەنجامی  شکستی سیاسیی حوكمڕانییە لە کوردستاندا، کەچی ئەو موسڵمانە نەریتییانەی کە رەدووی ئەو هەڵایە کردووە، شەو و ڕۆژ بە دەست نەبوونی بازاڕ، بێمووچەییەوە نووزە نووزیەتی، بیر لەوە ناکاتەوە دۆخی ئابووریی و بازاڕەکەی لە پێوانە و پێوەری سیاسەتی ێابووریی و سیاسەتی جیھانی و ئیسلامیش پەراوێزی پەراوێزەکانی، کەچی  بایکۆتکردنی کاڵای فەڕەنسیی دەستپێکردووە و  لە فەیسبووکیش دەستی بە جیهاد کردووە، سبەیش ئەردۆگان و موسلمانە هاوپەیمان و زڕبرا و زڕخوشکەکانی بایکۆتیان کرد و هێرشیان بۆ کرد، دەست بۆ هەمان فەڕەنسا و وڵاتانی کافر پان دەکاتەوە و داوای ئیقامە،  پاراستن و نانیان لێدەکا.

تۆی موسڵمان کە ئاوڕدانەوە لە کۆپەیوەندی مێژووی خۆت لە کن پرسیار نەبێت، ئەوها لە یەک کاتدا سۆز و رقت لە بەرانبەر دوژمن و دۆست تێکەڵ دەکەیت. تۆ کە ناتوانی بیریش بکەیتەوە، لێ دەتوانی جارێک ئاوڕ لە دوێنێی خۆت و کۆمەڵگەکەت بکەیتەوە، کاتێک  لێت قەوما، تەنێ چاوت لە وڵاتانی وەک فەڕەنسا نەبوو یارمەتیت بدەن و بۆ ژیانێکی باشتر لە ژیانی کۆمەڵگەکەی خۆت،  بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانت روو لەوان دەکەیت، بۆچی روو لە تورکیا، سعودییە، ئێران و … تاد روو لەوانە ناکەیت؟ ؟ دەزانم رەنگە بڵێیت، هەر فەرەنسا بوو لە پەیمانی سایکس پیکۆ کوردستانی دابەشکرد و  وای لێکردووین لێمان بقەومێ، دەکرێ لە سادەکردنەوەیەکدا وابێت، لێ تۆ بەو دۆخە ئالوودەبوونەت بە پاشکۆیی و دژە خۆت بوونەی کە پێی بەختەوەرییت،  راستییەکەی ئێستایش شایەنی دابەشکردنیت. لێ بیر لەوە ناکەیتەوە، بۆچی موسلمانی برا و خوشکیشت کە تۆ بووی بە پاشکۆیان، سەت ساڵە پەل و پۆی بەستووی بە گەمەی دین و دونیاوە تا لێقەوماو بمێنیتەوە، کاتێکیش  بە دەست ترس و جیهادیی خەلافەتی ئەردوگان، سەدام، خومێنی و داعیشی هاودینتەوە لێت قەوما، بەرەو وڵاتی وەک فەڕەنسای کافر دەقووچێنیت.

بۆیە پێوێست ناکات چاکەی دانیال میترانت بیر بھێنمەوە، کە تێھەڵدانت بە دەست برای موسڵمانت وای کرد ببێتە دایکی دڵسۆزت.

راستییەکەی ئەوەی وایکردووە تۆ ئەوها بژیت، خەتای رووحی تاریکی خۆت و موسلمانە زڕبرا زڕخوشکەکانتە، کە ناچار بیت لە وڵاتی کافران دەژیت و بیریش ناکەیتەوە بەهای کولتووری و سیاسیی فەڕەنسیی میراتگریی شۆڕشەکەیەتی، لەوێدا ئەو دروشمە بوو بە ژیانی ئەوکات و ئێستای فەڕەنسا. پرنسیپی ئەو شوڕشەیش بریتی بوو لە:

ئەوە ئازادییە کە رێبەرایەتی خەڵک، نەتەوە دەکات (liberté guidant le peuple)”.

کە ئەو دروشمەیش لە تابلۆ رۆنیییەکەی شێوەکارEugene Delacroixە کە لە ١٨٣٠دا شۆڕشی فەڕەنسیی بەرجەستەدەکاتەوە. ئەم تابلۆیە لە سالۆنی پاریس لە ١٨٣١بۆ جەماوەر نیشاندرا.

تابلۆیەکە بە رووخساری وێنە پێچوواندن و مانا سیاسییەکانییەوە، هێمایەکە بۆ شۆڕشی جەماوەریی، کۆماریی و دیموکراتی فەڕەنسیی.

تابلۆی “ئەوە ئازادییە کە پێشەنگی جەماوەر دەکا”، لە خوێندگە فەڕەنسییە رۆمانتیکییەکاندا دەبێت بە پێشەنگێکی قبووڵکراو. دێلەکراوی شێوەکار نۆرم، دا و نەریت و بەهایە کۆن، کلاسیک لە هونەری ئەکادیمییەکانی سەردەمی خۆی رەتدەکاتەوە.

کەسایەتی سەرەکی لە تابلۆیەکەدا کە سەرنجمان رادەکیشێت، ئەو ژنەیە کە بە سینگە ئازادە رووتییەکەیەوە دیارە.

وەک دیارە ئەو هونەرمەندە بەهرەی لە هونەر و پەیکەرە ئێستێتیکییە نموونەییەکانی رۆژگاری گریک وەرگرتووە، کە لەوێدا ژیان و بوون لە ئاکاری باڵا، جوانییەکیی ئایدیالیی، جوامێریی، ئاوەڵایی و … دەبینرێت، بۆیە سینگی رووتی ئەو ژنە، نوێنەرایەتی ژنی ماسوولکەی بەهێزدەکا، کە ئەمەش هاوکات هێمایە بۆ هێمنی، دیموکراتی، ئازادیی و کۆماری فەڕەنسیی کە لە ١٧٨٩ لە ئاکامی شۆڕشی فەڕەنسییدا دامەزراوە.

ئێستایش تۆ کە دینەکەت ماڵی خۆی هەیە، ناچار مەبە لەو دونیایەی ئەو کۆمارە بژیت کە  خۆت ناتوانی خاوەن ماڵ بیت، بۆیە هەر خۆتی سەتەیەک زیاترە پاسەوانی مافی ژیان و ئازادیی دینەکەت بێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: