نوێکەرەوەی تەریقەت و ڕۆحانییەکی چاوساغ
چۆلی فایەق
دینداری لەنێو ئەو شێوەژیانەی لە چەند سەتەیەکی ڕابردوو لە کوردەواری هەبوو، کاریگەریی سۆفیزم، بەتایبەتیش ڕێبازەکانی قادری و نەقشبەندی لەسەر هەبووە. هەر ئەو هەژموونە لە ئەدەبیات و زمان، ئاواز و ستران و زۆر شتی دیکەش ڕەنگی داوەتەوە. ئاوێتەبوونی کورد و سۆفیزم دیرۆکەکەی زۆر دێرینە، دێرینترە لە پەیدابوونەوەی سۆفیزم لەدوای هاتنی ئیسلام. هەندێ خوو و سەیروسلوک و سرووتی سۆفییانە هەن، لەنێو سۆفیزمی هەموو نەتەوەکانی تر، تەنیا لای سۆفیزمی کوردی هەبوون و لە ڕێی سۆفیزمی کوردییەوەش بۆ شوێنەکانی دیکەی ئەو جیهانە گواسترانەوە. مێژووی ئەو جۆرە سۆفیزمەی کوردی، بۆ بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام دەگەڕێتەوە، بەڵام لەو قۆناغەی هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی جلەوی سۆفیزمیان گرتە دەست، سۆفیزمی کوردی دیسان بە فۆرمێکی دیکە بوژایەوە. یەکێک لە جوایەزییە سەرەکییەکانی ئەو قۆناغەی سۆفیزمی کوردییش ئەوه بوو، لاچەپی و پەراوێزنشینی وەلا نا، چوستوچالاک و بزێو بوو، عیرفانییەتی کەم کردەوە و دەروێشییەکی بەجوولە و سۆفیزمییەکی شەعبی بڵاو کردەوە. پێوەندیی نێوان سۆفیزمی کوردی و مێژووی فەرهەنگیی کورد، بابەتێکی باڵکێشە بۆ لێکۆڵینەوە. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، تا ئێسته هه‌ژارترين بابه‌ت بۆ لێكۆڵينه‌وه له كوردستان، سۆفيگه‌ريی و ته‌ريقه‌ت بووه. له‌كاتێكدا كه‌رسته‌ی توێژينه‌وه و لێكۆڵينه‌وه زۆرن و له‌به‌رده‌ستانن.
له‌نێو ئه‌ده‌بياتی سۆفيزمی ئيسلاميدا، جۆرێك له نووسين هه‌يه به “مه‌ناقيب” ناوی ڕۆييوه، له‌وێدا ورد و درشتی ژيانی مورشید و قوتب و ئه‌ولياكان نیشان دەدرێت، به هه‌موو حاڵه‌کانیان كه له‌نێو سۆفيزم به كه‌رامات و كه‌شف ناسێنراون. هه‌م هه‌ڵوێستی سیاسی و هه‌م گه‌شت و گوتار و ده‌رسيان به‌يان ده‌كرێت. نموونه‌ی كتێبی (حلية الاولياء)ی (ئه‌بونوعه‌يمی ئه‌سفه‌هانيی) كه له دووی ئه‌ويش (ئين جه‌وزيی) كتێبه‌كه‌ی له (صفة الصفوة)دا كورتوپوخت كرده‌وه. هه‌روه‌ها سه‌رمه‌شقی نووسه‌رانی سۆفيزم (ئه‌بولقاسمی ئه‌لقوشه‌يريی) به‌شێكی زۆری له كتێبه به‌ناووده‌نگه‌كه‌ی (الرساله القشيريه) بۆ باسی ژيان و خوڕه‌وشتی سۆفييه ناوداره‌كان ته‌رخان كردووه. مه‌نناوی له پێنج به‌رگی كتێبی (طبقات الصوفيه)دا، ژيانی فيگه‌ره‌كانی سۆفيزمی خستووەتە بەرچاو. عه‌بدولوه‌هاب شه‌عرانيی كتێبی (طباقات الكبری)ی له ژياننامه‌ی ئه‌ولياكاندا نووسيی. عه‌تتاری نه‌يشابووی به فارسيی (تذكرة الاولياء)ی دانا. نموونه‌ی ئه‌م جۆره كتێبانه له‌نێو سۆفيزمی نه‌ته‌وه موسڵمانه‌كان به سه‌تانن. له كورده‌واريدا، ئه‌م ڕێبازه له نووسيندا هه‌بووە، بەڵام تاکوتەرا. بۆ نموونه شێخ مه‌حه‌مه‌دی خاڵ ژياننامه‌ی شێخ مارفی نۆدێی له كتێبی (المناقب النودهيه) نووسيوه. پيره‌مێردی شاعير، كورته‌يه‌ك له ژيان و كه‌ڕاماته‌كانی (كاك ئه‌حمه‌دی شێخ)ی له ناميلكه‌يه‌كدا به ناوی (مه‌ناقيبی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ)دا نووسيوه. زانا و ئه‌ديبی ناودار (مه‌لا عه‌بدولكه‌ريی موده‌ڕيس) دوو كتێبی له‌م بازنه‌يه‌دا به كورديی و عاره‌بيی داناوه. (علماۆنا فی خدمە العلم والدین)ی بە زوانی عەرەبيی و(بنەماڵەی زانیاران)ى بەكورديی نووسیوە.
مه‌رج نييه من له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌سه‌رهات و گوفتارێكی گواستراوه‌ی نێو ئه‌م باسە، ئەو پۆرترێتەی کە نووسیومە، هاوڕا و كۆك بم، ڕه‌نگه له‌زۆر شوێندا هاوڕای گوفتار و ڕه‌فتاره‌كان نه‌بم، يان ته‌فسير و دنيابينی من بۆ بابه‌ته‌كانی موعجيزه و كه‌ڕامات زۆر جیا بێت، لە هەر شوێنێکیش سەرنجێک پێویست بوو بێت، لەسەریم بەجێ هێشتووە. بەڵام،
بەگشی ئه‌ده‌بياتی نووسينی ئه‌و بابەتانە، وەها ده‌خوازێت ورد و درشتی مه‌ناقيبی كه‌سايه‌تييه‌كه بە ئەمانەتەوە بخرێتە به‌ر ديده‌ی خوێنه‌ران، ئەوەی هەیە وەکوو خۆی بخرێتە بەردەست، لەجیات بڕیاردان، سەرەتا هەوڵ بدرێت بابەتەکە بناسرێت و بتوانرێت وەسفی بکرێت. بەو شێوەیەش، دەبێت بە کەرستە بۆ لێکۆڵینەوەی تر. چەندێک هاوڕا و چەندێک دژیش بین، کار لەسەر گۆڕینی ڕابردووی جڤاکی کوردی ناکات. چەند سەتەیەک لەوەوبەر، خەڵکانێک بەو شێوەیە ژیاون و بەو شێوەیەش لە دونیایان ڕوانیوە، تێگەیشتن لە ڕابردوو هەرەوەزییت دەکات بۆ ئێستە و داهاتووش.
شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێواری كه له‌نێو ڕه‌وتی سۆفيگه‌ريی كوردستان به (پيری ڕۆخانه) ناسراوه، لە کوردستان به نوێكه‌ره‌وه‌ی ڕێبازی قادریی هه‌ژمار ده‌كرێت. له دوای كاك ئه‌حمه‌دی شێخ، ئه‌و ڕێبه‌رايه‌تيی ته‌ريقه‌تی قادريی كردووه. تا ئێسته تشتێكی وه‌ها له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سايه‌تييه نه‌نووسراوه، بەڵام یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە سۆفیزمەکانی سەردەمانێکی باشووری کوردستان و ڕۆژەڵاتەکەشی بووە. ماڵباتەکەشی چەندان کەسایەتی بەناوودەنگی سیاسی و ڕۆناکبیری لێ هەڵکەوتووە، بە نموونەی شاعیری ڕەوانشاد شێخ ماریفی بەرزنجەیی، کە لە ستایلی ژیان مۆدەخواز بووە و هەروەتر دانەری ئاوازی سروودی نەتەوەیی “ئەری ڕەقیب”بووە.
ناو و ناسناو
ناو: حەسەن.
باوك: شێخ عه‌بدولكه‌ريمی به‌رزنجه‌يی
دایك: فاتیمەی كچی شێخ عەبدولقادری حەسەنى. (1)
ناسناو و نازناو
سۆفييه ناوداره‌كان، لەپاڵ ناوی خۆییاندا، هه‌ڵگری چه‌ندان ناسناو و نازناو و شۆره‌تی ديكه‌ن، كه هه‌موويان هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی سۆفيانه‌ن و به مه‌قامات و ئه‌حوالی عيرفانانه‌يان پێوه‌ستدارن. نموونه‌ی شێخ عه‌بدولقادری گه‌يلانی كه به (الغوث الاعظم) ناسراوه. يان شێخ محێدينی بن عه‌ره‌بيی به (الشيخ الاكبر) تاريف كراوه…هتد (2)
شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێواری، جگه له ناوی خۆی، هه‌ڵگری چه‌ندان ناسناو و شۆره‌تی ديكه بووه كه له‌نێو موريد و دۆستانيدا پێی ناسراو بووه. ئه‌وانيش:
• شا شەمسەددین: لەبەر گەورەیی مه‌قامه ته‌سه‌ووفييه‌كه‌ی، ئه‌م له‌قه‌به‌ی وێدراوه. كه‌سێ كه پله‌كانی سۆفيزم ده‌بڕێت و به به‌نده‌ن ده‌گات، يه‌كێ له‌و شۆره‌تانه‌ی كه پێی ده‌درێت، وشه‌ی (شا)يه و ئەوەش زێتر لەنێو سۆفیزمی گەلە ناعارەبەکاندا باوە.
•قەرەچێواريی: قه‌ره‌چێوار، ناوی گوندێكه له ڕۆژاوای ناحيه‌ی (قادركه‌ره‌م) له گه‌رميان. شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێواريی، بۆ ماوه‌يه‌كی زۆر له‌م گونده‌دا ژياوه، بۆيه يه‌كێ له شۆره‌ته‌كانی، قه‌ره‌چێواری بووه.
•شای ڕۆخانە: ڕۆخانە ناوی ڕوباری (باسرە)یە كە بەبەردەم ته‌كيه‌كه‌ی شێخی قه‌ره‌چێوار له‌نێو قادركه‌ره‌مدا تێ ده‌په‌ريی. كه ئێسته بووه به مزگه‌فت و مه‌رقه‌ده‌كه‌ی.
•پیری قەرەچێوار: وشه‌ی (پير) به‌ر له هاتنی ئيسلاميش بۆ مەشخەڵەدينييه‌كان بەکار هێنراوە، له‌نێو سۆفيزمی كوردييش بۆ (مورشيد)ی ته‌ريقه‌ت بەکار هێنراوەتەوە. مه‌حوی ده‌ڵێت:
نه‌گه‌یمه ئه‌و جوانه و گه‌یمه پیری
مه‌ده‌د یا پیری پیرانی بوخارا (3)
ئه‌م شۆره‌ته‌ی (پيری قه‌ره‌چێوار) زێتر له‌نێو موريد و ده‌روێشانی ڕێبازی قادريی قه‌ره‌چێوارييدا باوه. (4)
شوێن و كاتی لەدایكبوون
له‌باره‌ی كاتی لەدایكبوونی شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێوار، دوو بۆچونی جودا هەیە. (شێخ محمد سعید بەرزنجى) خوارزای پیری قەرەچێوار لە كتێبی (مناقبات ولی الله الباری)دا دەڵێ: “حەزرەتی پیر لە ساڵى 1264ك له‌دایكبووە ” (5)
هەرچی مه‌لا عه‌بدولكه‌ريمی موده‌ڕيس و شێخ مه‌حه‌مه‌دی خاڵه، ڕايان وايه لە ساڵی 1261ك لەدایك بووه. (6)
ساڵەكەی شێخی خاڵ و مودەریسم بەلاوە ڕاستتره، چونكە وەك باوە و دەماودەمیش ژنەوتوومە، پیرى قه‌ره‌چێوار ٦۳ ساڵ ژیاوە. وه‌ك ده‌گێرنه‌وه ده‌ڵێن خۆی له خوا پاراوه‌ته‌وه كه له پێغەمەر زێتر نه‌ژی. جا به ساڵه‌كه‌ی خاڵ و موده‌ڕيس بێت، ته‌مه‌نی قه‌ره‌چێواری ده‌كات به ٦٣ ساڵ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ساڵه‌كه‌ی شێخ حه‌مه‌سه‌عيد بێت، ته‌مه‌نی ده‌كات به ٦٠ ساڵ و ئەوەش هەڵەیە.
شوێنی له‌دايكبوون
له شاری كه‌ركووك له‌دايك بووه. (7)
ڕشته‌ی نه‌سه‌بی
له‌نێو سۆفيگه‌رييدا بنه‌ماڵه‌ی پەیامبەر، واتە (ئالوبه‌يت) پێگه‌ی به‌رزيان هه‌يه. جێی ڕێز و هێندێ جار پيرۆزكردنن. (8) له ڕێبازی سۆفيگه‌ريی قادرييدا، بۆ بوون به مورشيدی ته‌ريقه‌ت، مه‌رجه شێخه‌كه سه‌ييد بێت، به‌مه‌ش ئه‌م پێگه سۆفيزمه ته‌نێ بۆ وه‌چه‌كانی عه‌ليی كوڕی ئه‌بوتاڵيب قۆرخ كراوه.
مورشيدیێتی هێنده‌ی ده‌ستكه‌وتێكی بۆماوه‌يی ده‌بێت هێنده به‌ره‌نجامی كۆشش و سه‌يروسلوكی عيرفانيی نابێت. ئه‌م بنه‌وايه هه‌رچه‌ند خاڵی سلبييه، بەڵام ئه‌وەش جەبرێکە لەسەریان، له‌پێناو بره‌و و به‌رده‌واميی ڕێبازه‌کە و لەدەستنەدانی حەلقە و گردبوونەوە و هەژموونەکانیان. هەرەتر خەڵک و جەماوەرەکەش بەو ڕێسایە قایلن و یارمەتیدەرن. هه‌ڵبه‌ت له‌نێو سۆفيزمدا بۆ پيرۆزيی پێگه‌ی وه‌چه‌كانی ئالوبه‌بيت، چه‌ند ئايه‌تێكی قورئان و ده‌يان فه‌رمووده و سه‌تان گوفتاری زانايان وه‌ك پاڵپشت هه‌رده‌م به نموونه ده‌هێنرێنه‌وه.
له سه‌رده‌می عه‌بباسييه‌كه‌نه‌وه‌شرا كه جلوبه‌رگ دابه‌ش و لێكتريی جودا كرانه‌وه، وه‌چه‌كانی ئالوبه‌يت كه به (سه‌ييد) ناسراون، جلوبه‌رگی كه‌سك ده‌پۆشن. (9) له‌نێو كورده‌وارييشدا مێزه‌ر يان كڵاوێكی كه‌سك له سه‌ر ده‌نێن و پشتێنێكی سه‌وزيش لە تەنگەیان دەپێچنەوە.
شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێوار، له سه‌ييده‌كانی شاره‌دێی به‌رزنجه‌يه، سه‌ييده به‌رزنجه‌ييه‌كان له‌نێو كورددا ديارن و ئامادەیی و چالاکییان له گشت ڕووه‌كانی دينی، نه‌ته‌وه‌يی و ئه‌ده‌بیی کوردی‌دا هەبووە. ساداتی ئه‌و ماڵباتە، زۆربه‌ی به ته‌ريقه‌تی قادريیەوە پێوه‌ستن و ڕێبه‌رايه‌تيی ته‌ريقه‌ته‌كه ده‌كه‌ن. له بزاوی ناسيۆناليزميی و خه‌باتی چه‌كداريی كورددا، ڕۆڵی سه‌ره‌كييان گێڕاوه. (١٠)
ڕشته‌ی باوان (شجره النسب)ی قه‌ره‌چێواريی به‌م شێوه‌يه‌يه:
_شێخ حەسەن
_شێخ عبدالكریم
_شێخ عبدالقادر
_شێخ محمودی كلێسە
_شێخ اسماعیل ی ولیانی _ ناسراو به (الغوث الثاني)
شێخ محمد ی گەورە _ ناسراو بە (الكبریت الاحمر)
_سەیدعەلی
_سەید بابا رسول
_سەید قەلەندەر
_سەید عبدالسید
_سەید عیسای ئەحدەب
_سەید حوسێن
_سەید یەزید
_سەید عبدالكریم
_سەیدعیسای بەرزنجی نوربەخشی (باپيره‌ی ساداتی بەرزنجە)
_سەید بابا عەلی هەمە دانی
_سەید یوسف
_سەید منصور
_سید عبدالعزیز
_سید عبدالله
_سید اسماعیل المحدث
_سید امام موسی الكاظم
_سید جفر الصادق
_سەید حسین السبط الشهید
_ عەلی كورى بوتاڵب
_فاتيمه‌ی زه‌هرای كيژی په‌يامهێنی ئيسلام محمد (11)
ڕشتەی نەسەبی ساداتی بەرزنجی لە كورده‌واريدا جێی باوەڕ بووە و زانایانى نه‌سه‌بناس پشتڕاستیان كردووه‌ته‌وه، وەك (ئیمام ئالوسی)لە تەفسیرەكەی (روح المعانی)پشتگیری سەیدایەتی بەرزنجییەكانی كردووە و زانا كورده‌كانی وه‌ك موده‌ڕيس و خاڵيش هه‌روه‌تر. (12)
به‌ڵام هه‌رده‌م گومان و تانه‌ش له زنجيره‌ی نه‌سه‌بييان هه‌بووه، چ له ده‌می بنه‌ماڵه‌يه‌كی تر یان به پێنووسی نووسه‌رێكی نه‌سه‌بنناس بووبێت. بۆ نموونە نووسەر و ڕەخنەگری نەسەبناسی عێراقی نەبیل کەرخی (کە لەسەر نووسراوەکانی تیرۆر کرا) ڕەخنەی لە ڕشتەی ماڵباتی و نەسەبی بەرزنجییەکان هەبووە و ئەرگیۆمێنتەکانی ئەو بەلای ئەوەن کە ئەو ماڵبەتە ناگەڕێنەوە سە ئالوبەیت.
له‌نێو موريده‌كانی شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێواری خه‌وێك زۆر ده‌گێردرێته‌وه، كه وه‌ك به‌ڵگه بۆ سه‌يدايه‌تيی پيره‌كه‌يان دەیخەنە بەرچاوان. ده‌ڵێن پيری قه‌ره‌چێوار له خه‌ودا گەیشتووە بە پەیامبەر و پێی گوتووە (أنت بضعة منى يا حسن) تۆ پارچه‌يه‌كی له من هۆ حه‌سەن. (13) .. ئه‌مه ده‌كه‌ن به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه شێخ حه‌سه‌ن وه‌چه‌ی په‌يامبەرە، بۆیە ئه‌و به به‌شێك له خۆی داناوه.
قۆناغيی منداڵی و سه‌رده‌می فه‌قێیەتی
له دايكی شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێوار ده‌گێرنه‌وه گوتويه‌تی: “له مانگی ڕه‌مه‌زاندا حه‌سه‌نی كوڕم، كه شيره‌خۆره بوو، هه‌رگيز به ڕۆژ ده‌می بۆ مه‌مكم نه‌هێناوه و تا تارمايی شه‌و ڕووناكی نه‌بردباوه‌وه، شيری نه‌ده‌خوارد” (14)
موريده‌كانی ئه‌مه وه‌ك پيرۆزييه‌كی شێخ حه‌سه‌ن هه‌ژمار ده‌كه‌ن، كه نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته له ژيانی فيگه‌ره هه‌ره‌ناوداره‌كانی ديكه‌ی سۆفيزم هه‌يه، نموونه‌ی شێخ عه‌بدولقادری گه‌يلاني. له ويش ده‌گێرنه‌وه كه گوايه كاتێ منداڵ بووه، هه‌رگيز له ڕۆژانی ڕه‌مه‌زاندا، شيری نه‌خواردووه‌ته‌وه. (15)
شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چێواری، له ته‌مه‌نی ٦ ساڵيڕا ده‌نێردرێته به‌ر خوێندن. هه‌ر له ته‌كيه‌كه‌ی باوكی فێری نووسين و خوێندنه‌وه ده‌بێت، دواتر بۆ درێژه‌پێدانی خوێندنی فه‌قێیەتی، ڕوو له شوێنه‌كانی دیکە ده‌كات. فه‌قێيه‌كی زۆر زيره‌ك و بيروهۆش تيژ بووه، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی قوتابييه‌كی به ڕه‌وشت و دين‌دار بووه. (16)
زانست و زانياريى پيری قه‌ره‌چێوار
پيری قه‌ره‌چێوار گشت زانستە باوەكانی وەك (الفقە)-(النحو) – (الصرف)- (المنطق) – (البیان) – (اللغە) (التاریخ)…تاد خوێندبوو و لێیان شارەزا بوو، بەتایبەت لە لە زانستی تەفسیر و فەرموودەناسیدا دەستێكی باڵای هەبوو .
پیر سەرەرای زمانی كوردی، عەرەبی و فارسی بەچاكی زانییوە و پێیانى نووسیوە. (17)
پیرى قه‌ره‌چێوار دوای تەواوكردنی زانستە زاهیرییەکان لە عیلمی (قال)ه‌وه، ڕوو له علمی (حال) ده‌كات. ڕێبوارانی تەریقەت، زانستی شه‌رع به (قال) هه‌ژمار ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی هه‌ر گوتيی گوتييه و له ڕووكه‌ش ده‌ر ناچێت. به‌ڵام زانستی ته‌ريقه‌ت به (حال) دا ده‌نێن، به‌وه‌ی ڕووكه‌ش تێ ده‌په‌رێنێت و خۆت ده‌ركی حاڵی نێوه‌كيی خۆت ده‌كه‌يت و له‌جياتی گواستنه‌وی گوتی گوتی خۆت ئه‌زموونی ڕاستينه‌كان ده‌كه‌يت. (18)
شێخ حه‌سه‌ن به‌مه‌به‌ستی ته‌ريقه‌ت و زانستی حال، به‌رەو لای قوتبى هه‌ردوو زانسته‌كه‌ی (زاهير و باتين) و شێخی شه‌ريعه‌ت و ته‌ريقه‌تی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی (كاك ئەحمەدى شێخ) ده‌چێت.
موريده‌كانی ده‌گێرنه‌وه: هه‌ر كه پير به‌ره‌و لای كاك ئه‌حمه‌دی شێخ به‌ڕێ كه‌وتووه، كاك ئه‌حمه‌د به (كەشف) زانيويه‌تی و چاوه‌ڕوانيی كردووه. كاتێ پير به خزمه‌ت كاك ئه‌حمه‌دی شێخ ده‌گات، كاك ئه‌حمه‌د له‌به‌ری هه‌ڵده‌ستێته‌وه و پێی ده‌ڵێت: (هاتی بۆ لامان ئه‌ی خۆشه‌ويست و مورادم حه‌سه‌ن… ياخوا به‌خربێی سه‌رچاومان). ئينجا ده‌ست له ملی ده‌كات و توند ده‌يكوشێت و له‌ئامێزی ده‌گرێت. (19)
پيری قه‌ره‌چێوار و موراد
له سۆفيزم هه‌ردوو چه‌مكی (موراد) و (مريد)مان هه‌ن. پله و ئەرکیان له يه‌كتريی جودان. موريد پاش ساڵانێكی زۆر له كۆشش و سه‌يروسلوكی ته‌سه‌ووف له‌ژێر چاودێری مورشيده‌كه‌ی به بڕينی مه‌قامه‌كان ده‌گات، ئه‌مما موڕاد، به كۆششێكی كه‌م، به هه‌ڵبژاردنی له‌لايه‌ن خواوه، ده‌بێت به قوتب و جومگه‌ی ته‌ريقه‌ت. (20)
موريده‌كانی شێخ حه‌سه‌ن، پيره‌كه‌يان به (موراد) هه‌ژمار ده‌كه‌ن. به‌وه‌ی هه‌ر له بنجه‌وه خودا بۆ پير و مورشيديی هه‌ڵيبژاردووه.
جارێكیان ( كاك ئەحمەدی شێخ) سەردانی شێخ عەبدولکەریمی باوكی پيری قه‌ره‌چێوار ده‌كات، كە ئەوسا قه‌ره‌چێواری منداڵ بووە. كاك ئەحمەدی شێخ به (شێخ عبدالكریم)ی باوكی ده‌ڵێت: “رۆژگارێ دێ، حەسەنی كورت تێيدا، تاك ده‌بێ و ده‌بێت به بلیمەتی سەردەمی خۆی، خۆشبەختی بۆ ئەوانەی دەیبینن”
ئيتر دواجار پيری قه‌ره‌چێواری (ته‌مه‌سووك)ی به كاك ئه‌حمه‌دی شێخ كرد‌و و شێخی سلێمانييش كاك ئه‌حمه‌د، ئيجازه‌ی دوازده عيلميی و هه‌روەتر ته‌ريقه‌ت و ئه‌ورادی قادريی پێ به‌خشی. شێخ حه‌سه‌ن گه‌ڕايه‌وه گوندی (قه‌ره‌چێوار) و له‌وێوه كه‌وته سه‌ر ڕاره‌وه‌ی خزمه‌تكردنی شه‌ريعه‌ت و ته‌ريقه‌ت. (21)
پيری قه‌ره‌چێوار، خوێندەواریی له‌ته‌ك ته‌ريقه‌ت به‌لاوه گرنگ بووه. هه‌ر كه‌سێ بهاتبووایە ته‌ريقه‌تی لێ وه‌رگرتبووبایە، به‌ر له هه‌ر چتێك، مه‌لايه‌كی ڕێنومايی ده‌كرد تا ئه‌و موريده تازه‌يه، فێری سوڕه‌تی فاتيحه و ئيخلاس، هه‌م مه‌رج و بنه‌واكانی ئيمان و ئيسلامه‌تی بكات. مه‌به‌ستی بوو موريد به زانینەوە خوا بپه‌رستێت و عابيدێكی جاهيل نه‌بێت. (22)
توانه‌وه له په‌يامبەر
الفنا‌ء في الرسول
فه‌نا، توانه‌وه له سۆفيزمدا، سێ قۆناغی هه‌يه:
١_ الفنا‌ء في الشيخ: توانه‌وه له مورشيدا
٢_ الفنا‌ء الرسول: توانه‌وه له پەیامبەردا
٣_ الفنا‌ء في الله: توانه‌وه له خوا (23)
موريده‌كانی پيری قه‌ره‌چێوار ده‌بێژن مورشيدی ئێمه له قۆناغی دووه‌مدا، ڕۆچوو بوو. هێنده له ڕه‌سوول فه‌نا بووبوو، تاكه سووننه‌تێك نه‌ما بوو، ئه‌نجامی نه‌دات. دوعاشی كردووه، ته‌مه‌نی هێنده‌ی ته‌مه‌نی په‌يامبەر بێ، وه‌ك ئه‌ويش كوڕی نه‌بێ و كه هەر وه‌هاش ده‌رچوو. (24)
هه‌ر له باسی الفنا‌ء في الرسول، موريده‌كانی ده‌گێرنه‌وه: جارێكیان (دێوانە ئەحمەد) دەچێتە خزمەت مورشيده‌كه‌ی، دەبینێ پیر زۆر دڵتەنگ و خەفەتبارە، دێوانە دەلێ “ڕوحم بە فیدات بێت بۆ وا دڵتەنگیت؟” پير ده‌ڵێت: “ئه‌ی نازانیت بۆ ماوەی سێ رۆژە به ديداری باپیرەم حه‌زره‌تی ره‌سوول، شه‌ڕه‌فمه‌ند نه‌بوويمه؟ ” دێوانە ئەحمەد كه ئەمە دەبیستێت، ئاگری تێ بەر دەبێت و بە ڕاكردن دەچێتە نێو ئاوی رۆخانە، بە جلكی بەرییەوە و تا ملی خۆی نوقوم دەكات، وه‌رزه‌كه‌ش زستان بووە، دەڵێن ئاوی رۆخانەی وەك زەمهەریر ساردبووە. جا دێوانە ئەحمه‌د سوێند دەخوات و ڕووه و قيبله بە دەنگێكی بەرزه‌وه هاوار دەكات: (یارسول الله) لەو زەمهەریرە دەرناچم تاوەكو حەزرەتی پیرم بە لیقات شەرەفمەند نەبێت!
خەڵك زۆريان تكا لێ كرد كە لەو ئاوە ساردە بێتە دەرەوه و زیانی بۆی هەیه، بەڵام دێوانە ئەحمەد گوێیان پێ نادات، چونكە ئەو لە تاو حەزرەتی پیر سوتاوە و هەست بە ساردێتیى ئاوەكە ناكات، ئەوەبوو تا نیوەی شەو خادمی شێخ هات و گوتی: دێوانە موژدە بێ حەزرەتی پیر دەفەرموێت، حەزرەتی باپیرەمان لوتفی لەگەڵ كردین و بەخزمەتی گەیشتینه‌وه. ئینجا دێوانە ئەحمەد هاتە دەر. (25)
جلك و به‌رگی پير
موريده‌كانی ده‌ڵێن: گشت جل و بەرگەكانی حەزرەتی پیرمان، كەوا و خەرقە و مەندیل و بەرگەكانی ديكه‌ی، لە خامێكی سپيی ئاوماڵ گورگه‌يی بووە… لەسەر (حەسیر) دانیشتوە و نوستووە، زۆجاریش هەر لەسەر پیستەی ئاژەڵ خەوتوە. (26)
زوهد و وەرعی
شێخ حه‌مه‌سه‌عيدی خوارزای ده‌ڵێت: لە زاهیدترین زاهیدانی سەردەمەکەی بووە، خۆشی و لەزەتی دنیای لە خۆی حەرام كرد بوو، بە جارێ پشتی لە دنیا كرد بوو، بەردەوام خەریكی ڕیازەت و ڕووبەڕووبوونەوەی نەفسى بووە. (27)
موريده‌كانی ده‌ڵێن: حەزرەتی پیر بە هیچ جۆرێ چەوراتی و سوێريی نەخواردووە. كە نانیان بۆ ئامادە كردووە، چەند جارێ شووشتیتییەوە تا تام و له‌زه‌تی نه‌مێنێت، ئه‌وجار خواردوويه‌تی. تا سه‌تی سه‌ت له حه‌ڵاڵيی خواردنێك دڵنيا نه‌بووبايه‌وه، نه‌یده‌خوارد.(٢٨)
موريده‌كانی ده‌ڵێن: هه‌رگيز له ئاوی ڕۆخانه‌ی نه‌خواردووه‌ته و بگره ده‌ستنوێژيشی پێ هه‌ڵنه‌گرتووه. چونكه ده‌يفه‌رموو: “ئه‌م ئاوه له شوێنێكی دووره‌وه دێت، كانيگه‌لێكی تێكه‌ڵ ده‌بێت كه هەم هی خێزانی هه‌تيم و بێنه‌وايان هه‌م هيی زۆرداره‌كانن، بۆيه تخونی ناكه‌وم” (29)
له‌م ميوه‌جاته‌شی نه‌خواردووه‌ته‌وه، كه به ئاوی ڕۆخانه به‌ری گرتبێت.
ئاوی ئەشكەوت
باسمان له‌وه كرد، پيری قه‌ره‌چێوار به‌هۆی وه‌رع و زوهدييه‌وه، له ئاوی ڕۆخانه‌ی نه‌ده‌خوارده‌وه. موريده‌كانی ده‌ڵێن: له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا، خودا، به‌خشش و ديارييه‌كی پێ دا. ئه‌ويش ئاوی سازگاری نێو ئه‌شكه‌وته چكۆڵانه‌كه‌ی پشت ته‌كيه‌كه‌يه‌تی.
ده‌ڵێن: جارێ پيری قه‌ره‌چێوار به گۆچانه‌كه‌ی له‌م شوێنه‌ی داوه، دواتر ئه‌م كانييه سازگاره هه‌ڵقولاوه. به‌گوێره‌ی بيروباوه‌ری موريده‌كانی بێت، ئاوه‌كه به‌شێكه له ئاوی زه‌مزه‌م. (30)
مەجلیس و كۆری وەعزەكانی
شێخ حه‌مه‌سه‌عيد ده‌ڵێ: مرۆ كاتێ ده‌چووه قادركه‌ره‌م، به جارێ دنيا و ئه‌وه‌ی تێيدايه، له‌بيری ده‌چووه‌وه. غه‌می سه‌ره‌كيی ده‌بوو به دونیای ئەولا، ده‌كه‌وته نێو حاڵه‌تێكی ڕۆحانيی سه‌ير. ته‌نانه‌ت منداڵانيش كه داخلی قادركه‌ره‌م و مه‌قامه‌كه‌ی ده‌بوون، تووشی حاڵه‌تی ده‌روێشانه هاتوون و به‌بێ ويستی خۆشيان بێ، به‌ده‌نگی به‌رز زيكريان كردووه.
ده‌ڵێن له مه‌جليس و كۆڕی وه‌عزه‌كانيدا، زۆر ده‌گريا.
ده‌ڵێن دەیان و سەتان پیاوی خراپ و ڕێگر، بەهۆی وه‌عزه‌كانی پيری قه‌ره‌چێوار، ئەولیای بەرزیان لێ دەردەچوو. هەركەسێ لە پەنهانی تاوانێكی بكردبووایە و بهاتبووایە مەجلیسەكەی شێخ، پیر بە (كەشف) هەستی پێ دەكرد و ده‌يگوت: لەنێومان دایە ئەوها و ئەوهای كردوە! كابراش یەكسەر قیت دەبووەوە و دەیگوت روحم فیدات بێ قوربان، لەسەر دەستی تۆ تۆبه بێ.
گوفتارەكانی لە دڵیەوە دەر دەچون و سرۆی سەماويى بوون، بۆیە لە دڵی خەڵكی دەچەقین و بەڵگەی بە قورئان و حەدیس دەهێنایەوە.
ده‌بوو وه‌عزه‌كانی له‌لايه‌ن موريدێكی بنووسرابانه‌وه، تا وه‌ك مه‌وعيزه‌كانی شێخ عه‌بدولقادری گه‌يلانی، له كتێبی (الفتح الربانی) كۆكراباناوه. (31)
كاروباری تەكیە
شێخ حه‌سه‌ن گوتويه‌تی: “ئەم موڵك و ماڵانە بۆ هەژارانە، نە موڵكی حەسەنە نە موڵكی بنه‌ماڵه‌ی حەسەن”
شیوی (شۆربا) گشت رۆژێك ئامادە دەكراو بە دەیان كەسی برسی و بێجێ، نانيان لێ ده‌خوارد. لە وەرزی مەولودی نه‌به‌وييش، ژمارەیەكی زۆری لە ئاژەل بەم بۆنەیەوە سەر دەبری و به‌سه‌ر هەژاران دابه‌شی ده‌كرد.
زۆر بە وەرع بووە هەرگیز دەستی لە وپارانە نەداوە كە خێرخوازان بۆ تەكیەو هەژارانیان دەنارد، زۆر بە زانایانە سەرپەرشتيی بارەگاكەی خۆی دەكرد. (32)
پێوه‌نديی پيری قه‌ره‌چێواری و شێخ عه‌بدولقادری گه‌يلانی
باسمان له پله‌كانی (فه‌ناء) له‌نێو ته‌ريقه‌تدا كرد، له قۆناغی يه‌كه‌م توانه‌وه له مورشيد (الفنا‌ء في الشيخ) بوو. پيری قه‌ره‌چێوار تا پله‌ی عيشق هۆگر و ياری مورشيده‌كه‌ی شێخ عه‌بدولقادری گه‌يلانيی خاوه‌ن ته‌ريقه‌تی قادری بووه، له يه‌كێ له گوته‌كانی ده‌لێت: “له عيشق و گوێڕايه‌ڵيی شێخه‌كه‌ت (گه‌يلانی) فه‌نا ببه، چونكه ئه‌و نێوانگير و وه‌سيله‌ی نێوان و تۆ و په‌يامهێنی خوايه”
موريده‌كانی ده‌ڵێن: زوو زوو زياره‌تی مه‌زاری شێخی گه‌يلانی كردووه، له‌نێو باره‌گای (قادريه) له به‌غدا، ته‌كيه‌ی تايبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه. به‌و هۆيه‌وە کە له گشت جيهانی ئيسلامی، وه‌ك (ئێران، پاكستان، ئه‌فغانستان، توركيا، سوريا…هتد) موريدان و ڕێبوارانی سۆفيگه‌ری، بۆ زياره‌تكردنی شێخ عه‌بدولقادری گه‌يلانی ده‌هاتن، له‌وێ له‌سه‌ر ده‌ستی پيری قه‌ره‌چێواری لای شێخی گه‌يلانيی به‌يعه‌تيان به ته‌ريقه‌تی قادريی ده‌دا و دواتر ده‌گه‌ڕانه‌وه وه‌ڵاته‌كانی خۆيان و بڵاويان ده‌كرده‌وه.
موريده‌كانی ده‌گێڕنه‌وه: جارێك سه‌ييد مه‌حموود (نه‌قيبی ساداتی گه‌يلانی و سەرەپەرشتیای هەینێی بارەگای قادری) ناقایلیی خۆی به‌رانبه‌ر به زيكر و هه‌ڵاوهۆريای موريدانی قه‌ره‌چێواری ده‌ر ده‌بڕێت و به پير ده‌ڵێ: ئه‌م جۆره ڕه‌فتارانه له‌نێو ئه‌م مه‌قامه‌دا شياو نين. پيری قه‌ره‌چێواريش به‌ڕێزه‌وه پێی ده‌ڵێت: گشت گوفتار و ڕه‌فتارمان له‌ژێر ڕه‌زامه‌نديی خاوه‌نی ئه‌م مه‌قامه باپيره‌ت شێخی گه‌يلانييه‌وه‌يه. ئه‌گه‌ر گومانيشت له قسه‌كه‌م هه‌يه، وه‌ره بۆ خزمه‌تی غه‌وس بچين. موريده‌كانی ده‌ڵێن له‌نێو مه‌رقه‌دی غه‌وسه‌وه ئه‌م ده‌نگه هات: (إن ما یقوم بە الشیخ حسن هو بأمر من عندنا لا تعترضوا سید فی شئ) واته: ئه‌وه‌ی شێخ حه‌سه‌ن ده‌يكات، به فه‌رمانی مه‌يه، سه‌يد به‌رهه‌ڵستيی مه‌كه.
لێرەدا بگەڕێوە سەر دەسپێکەکەمان، ئەوەی کە باسمان لە جودایی و تایبەتمەندیی هەندێ لە سرووتەکانی سۆفیزمی کوردی کرد کە لە هی نەتەوەکانی دی جیان و بۆیەش نەقیبی ساداتی گەیلانی بەرهەڵستی کردووە.
هه‌ر پێوه‌ست به‌م باسه‌وه، ده‌قی نامه‌يه‌كی پيری قه‌ره‌چێواری وه‌ك خۆی دا ده‌نێينه‌وه، كه به‌شێوازی عاشقێك مورشيده‌كه‌ی دواوندووه و، ئاستی ڕەوانبێژیی زوانه‌كه‌شی به‌رزه. ئه‌م نامه‌يه دەخەینە ڕوو. نامه‌كه لێپەرتبوون و شەتەحاتی سۆفييانه‌ی تێدايه، به‌ڵام زوانی ده‌ربڕينه‌كانی، ئاماژه بۆ حاڵه‌تی نووسينی ده‌كه‌ن كه له‌نێو (الفنا‌ء في الشيخ)دا بووه. پيری قه‌ره‌چێوار ئه‌م نامه‌يه ده‌نووسێت و بۆ نێو مه‌رقه‌دی گه‌يلانی ده‌نێرێت:
بسم الله الرحمن الرحیم
سلام من الرحمن نحو جنابكم فإن سلامی لایلیق ببابكم وبعد عرچ الخلوص والشوق الی لقائكم ، نحن مدە سنتین صرنا محرومین ومهجورین من حچرتكم وقد یشرف السید عبید فیها ، نحن مرصدون ومتلرقبون لقدوم حچرتكم حتی تفكونا من قیدنا وتطلقونها من اسرنا وحبسنا بهمتكم الرفیع العالی وعرچ حالنا وبیان دائنا لا یخفی علی ضمیركم المنیر الحكیم ومعالجتنا لیس بصعب عند كرمكم العمیم فبجاه حضرە الشفیع المشفع (صلی الله علیە وسلم)ان تنظروا الینا بعین الشفقە والرحمە واعصمە فإن حیاتنا وموتنا فی الحقیقە محولە من الله تحت تصرفكم وهمتكم فأحینا فی سبیل الله بحیاتكم القیقە واصفنا بصفتكم الإلهیە وامتنا بموت الحقیقە فی طریق رضاكم وافننا فیكم وابقنا بكم والحقنا بجاهكم بحضرتكم بسركم بهمتكم بنوركم بفضلكم بكرامتكم بعصمتكم بحیاتكم بنصركم بفضلكم بلطفكم وان من جا‌ء بالحسنە فله عشر امثالها والله لا یضیع اجر المحسنین وینصرون الله من ینصروه وكان حقاً علینا نصر الكۆمنین .نقبل تراب اعتابكم ونسلم علی حضرتكم والسلام علیكم ورحمه وبركاته امین (یا هو)
خادمكم
حسن الحسینی القادری القرچیواری (33)
قوتبی قادری و قوتبی نەقشبەندی
پیری قەرەچێوار نامەیەك بۆ شێخ عومەری بیارە (مورشیدی تەریقەتی نەقشەبەندی) دەنێرێت و بۆی دەنووسێت: (ارى من الافضل ان تاخذوا اجازة ذكر القادرية علاوة اذكاركم النقشبندية، يكون ذلك نور على نور) واتە: (من وای بەچاك دەبینم سەرەرای زیکری نەقشییانەتان، مۆڵەتی زیكر و ئەورادی قادرییش وەربگرن، ئەوسا نورن عەلا نور دەبێت).
شێخ (عومەر)یش بەو شێوەیە وەڵامی نامەكەی دەداتەوە: (روی الحسن عن الحسن عن ابی حسن وعن جد الحسن ان من احسن الحسن الخلق الحسن).
موریدەكانی دەڵێن: شێخ عومەری بیارە، لە بەغدا لە بارەگای گەیلانی ئیجازەی زیكری قادری لە پیری قەرەچێوار وەرگرتووە. دەڵێن هێندە پیری قەرەچێواری خۆش ویستوە، لە یەكێ لە نامەكانی كە لەلای بنەماڵەكەی پارێزراوە، شێخ عمر لەبەر پیری قەرەچێوار نوورایتەوە (34)
ئەتوار و ڕەفتاری پیری قەرەچێوار
شێخ حەمەسەعید دەڵێ: خاڵۆم زۆر ڕقی لە سمێڵی درێژ بووەتەوە، سمێلی كورت كردووەتەوە، ئەوەشی بە سووننەت داناوە، بەوەی پەیامهێن گوتویەتی: (سمێڵتان كورت بكەنەوە و ڕیشتان درێژ بكەن) (35)
موریدەكانی دەڵێن: پیری قەرەچێوار مەقەستێكی لا بوو، هەركەس بهاتبووایە بووبووا بە موریدی و سمێڵی درێژ بووبووایە، هەر خۆی سمێڵی بۆ كورت دەكردەوە.
شێخ حەمەسەعید دەڵێت: كەسێكی زۆر هێمن بوو .. لێبووردەیی زۆر بوو .. كەمخۆر و كەمدوو بوو .. ئارەزووی زۆری لە زیارەتی مەزاری ئەولیاكان بوو. (36)
پیر و پارە
جارێك (مەحموود پاشا) سەرۆكی عەشیرەتی جاف مەبلەغێ پارە و شتومەكی بۆ كاروباری تەكیە بۆ قادركەرەم نارد بوو، موریدەكانی پیریش پارە و كەلوپەلەكەیان لە ژووری پیری قەرەچێوار دا دەنێن، لەو كاتیش شێخ دەچێتە ژوورەكەی نوێژ بكات .. بەڵام چەندی دێنێ و دەبا نیەتی نوێژی بۆ نایەت، ئینجا هەست بە شتێك دەكات كە چاوی بە ژوورەكەی خشاند، پارە و كەلوپەلەكان كەوتە بەرچاوانی. یەكسەر فەرمان بە موریدێكی دەكات كە لە ژوورەكەی لایان بدات ئینجا نیەتی نوێژی بۆ هات و دەستی بە نوێژكردن كرد. شێخ حەمەسەعید دەڵێ خاڵۆم هەرگیز دەستی لە پارە نەداوە، چاویشی بە پارە بكەوتبووایە، پێی قەڵس دەبوو. كاروباری مادیی تەكیە و بنەماڵەكەشی، بە كەسانی دیكە سپاردبوو. (37)
گوفتار و ئامۆژگارییەکانی پیر
لە وەسفی ڕێبازی سۆفیزمدا دەڵێت: (ان طريقتنا كسفينة نوح من دخلها فقد نجا ومن تخلف فقد غرق وهلك): تەریقەتەكەمان وەك كەشتیەكەی نوحە، هەر كەسێ سەركەوت نەجاتی بووە، هەركەسێ دواكەوت لێی، ئەوا خنكاوە و بەهیلاك چووە) .. لێرەدا زەینی دینداریی دەباتەوە نێو هەمان عەقیدەی باوی (الفرقە الناجیە)ی نێو هەموو گرۆ و مەزەبە ئیسلامییەكان، كە پێیان وایە رێیی ئەوان ڕێی نەجاتە.
– لە باسی هێزی ڕۆحی مورشیددا دەڵێت: (ئەگەر موریدمان بە راستی مورید بێت و لەسەر ئەوەی كە پەیمانی پێمان داوە پێبەند بێت بە دڵسۆزییەوە، ئەگەر بێ و بە لەش لە یەمەن بێت، ئەوا ڕۆح و ماهیەتی لە تەك و لە لامانە. بەپێچەوانەشەوە گەر مورید وا نەبوو، ئەوە ئەگەر بە لەشیش لەتەك و لامان بێت، ئەوە روح و ماهیەتی لە یەمەنە و لێمان دوورە.”
بۆ هاورێیەتی و هاودەمی، لە ئامۆژگاریی دەروێشەكانیدا دەڵێت:
(دەگەڵ خوا بن خۆ ئەگەر نەشتانتوانی لەگەڵ خوا بن، ئەوە لە گەڵ ئەو كەسانە بن كە لەگەڵ خوان (یانی ئەولیاكان).
– كونوا مع الله وان لم تكونوا مع الله فكونوا مع من مع الله-)
دەڵێت: ( هاوەڵێتیی سەعاتێكی ئەولیاكان چاكترە لە پەرستشی شێست یاخود سەت ساڵە لەگەڵ جگە لەوان.
-صحبە ساعە مع الاولیا‌ء خیر من عبادە ستین او مائە سنە مع غیرهم-)
دەڵێت: (ئەو خاكەی پێی ئەولیای لەسەر هاموشۆ دەكات، شانازیی دەكات لەسەر گشت پارچە خاكەكانی تری زەوی.)
هەروەها گوتویەتی :
(ئەولیاكان وەك سەرچاوەی ئاوێكی پاك دەرۆن و خەڵكی لە پیسایی نەفسی ئەممارە و گوناح و تاوان پاكژ دەكەنەوە، دڵە تاریكەكان بە نوری مەعریفەتی خوا مونەوەر دەكەن، هەركەسێ لە سەرچاوەكایان بخواتەوە و رێگەیان بگرێت رزگاری دەبێت لە سزای بەتین و سەركەوتوو دەبێت بۆ بەهەشت).
پیر ڕوو لەو جۆرە سەیدانە دەكات كە تەنیا بە ناو و بانگەشە فریوی داون. پیر ئامۆژگاریان دەكات كە ٔنەسەبیان مەغروریان نەكات، ئەگەر بێت و کردەوەی چاكیان نەبێت، نەسەبیان دەپچرێت. چونكە عەمەلی خراپ نەسەب دەپچرێنێت وەك كورەكەی نوح كە بە هۆی كاری خراپەوە پێوەندیی بە باوكییەوە پچرا. خودا بە نوحی گوت: (انە لیس من اهلك انە عمل غیر صالح): ئەو كەسوكاری تۆ نییە ئیدی، كاری خراپی كرد.”…
دەیگوت: (ئێمەی (ئال و بەیت) بنەماڵەی پەیامهێن، زیاتر لە خەڵكی تر پێویستە لە سەرمان كەوا رێگەی باپیرەمان بگرینە بەر)
زۆرجار ئەم شعرەی خوێندووەتەوە:
یا معشر السادات یا ملح البلد
مایصلح الملح اذا الملح فسد (38)
تەریقەت و سلوكی
پیری قەرەچێوار بە نوێكەرەوەی تەریقەتی قادری دا دەنرێت لە سەدەی سێزدەی كۆچی‌دا، هەروەها زۆربەی بنەماڵەو تەكیەكانی قادریی سەر بە (الطریقە القادریە / الدائرە القرچیواریە)یەن و مورشیدەكانیان خەلیفەی پیرن، بۆ نموونە نوێكەرەوەی تەریقەتی قادری لە دەشتی هەولێر شێخ عەبدولكەریمی دارەخورما “کەزی سۆر” خەلیفەی پیر بووە. شێخەكانی شۆریجە، شێخ ئاورەحمانی شۆریجە خەلیفەی پیر بووە. شێخانی سۆلە، شێخی چرچەقەلا، خەلیفەی پیر بووە. شێخانی خەیلانی، خەلیفەی ئەو بوون، شێخانی بادینان، خەلیفەی ئەو بوون. بەشی هەرەزۆری بنەماڵە و رێبازەكانی قادریی كە ئێستە ماون، بە تەریقەت دەگەرێنەوە سەر پیری قەرەچێوار.
سیلسیلەی تەریقەتی قادریی _ قەرەچێواریی
ئەم زنجیرەیە، لە كاتی پێدانی تەریقەتەكە بە هەر دەروێشێكی نوێ، دەخوێندرێتەوە. لە كۆتایی هەموو زیكر و مەولوودنامەكانی تەكییەكانی قادریی _ قەرەچێواریی بۆ قەسدی بەرەكەت، دەیخوێننەوە. لەنێو ئەم زنجیرەیەدا، ڕاجودایی لەسەر بوونی (ئیبن عەرەبی) هەیە، هێندێ دەڵێن ئەوی تێدا نییە، هێندێكی تر دەڵێن شێخێكی نێو ئەم زنجیرەیە. بەگوێرەی دەستنووسی كۆنی شێخانی ئەم تەریقەتە بێت، هەم بەگوێرەی تۆمارێكی دەنگیی شێخ برایمی قەرەچێوار بێ، لەنێو ئەم زنجیرەیەدا، شێخ بن عارەبی تێدایە.
زنجیرەی تەریقەتەكە لقی لێ دەبێتەوە، هەر لایە و بە پێی خەلیفەكانی شێخی قەرەچێوار تا شێخی ئێستای دێتە خوار. لە پیری قەرەچێوارەوە، هەیە سێ تا چوار كەسی تری بۆ زێدە بووە. (39)
خەلیفەكانی پیری قەرەچێوار
چەندان خەلیفەی هەبووە وەك: شێخ حوسێنی چرچە قەڵا، شێخ رەشیدی هەشەزینی، مەلا ابراهیم، شێخ مستەفا، سەید صالح ی نعێمی ریفاعی، شێخ عەبدولكەریمی دارەخورما، شێخ مەحەمەدسوڵتان لە ئەفغانستان…
زكری(لا الە الا الله)لە پێش نوێژ
پیر گوتنی سێ جار وشەی تەوحید(لا الە الا الله)وەك ئادابێك بۆ رێبازەكەی دانا، واتە بەر لەوەی نیەت و تەكبیرەی ئیحرام بە دەنگێكی بەرز و لەسەرخۆ سێ جار لا الە لا الله ی كردووە، جا كاتێ كاك ئەحمەدی شێخ(قدس سرە)ئەم هاواڵەی پێگەیشت گوتی: ماتوول شێخ حەسەن دەستوری داوە ئەوە ئێمەش ئیقتدای پێوە دەكەین.
كەرامات و كەشفەكانی پیر
ئەوەی لێرەدا نەقلی دەكەم، بەشێكە لە كۆی سەتان كەڕاماتی دیكە، كە موریدەكانی لێیان گێراوتەوە. من لێرەدا وەك خۆیان بەبێ سەرنجدانی خۆم، بۆ بخوێنی هێژای نەقل دەكەم.
– لە شێخ ئەحمەدی كاتب(نووسەری حەزرەتی پیر) ریوایەت كراوە:
جارێكیان حەزرەتی پیر لەگەڵ دەستەیەك لە دەروێشەكانی بە چیای سەگرمە لە ناحیەی قەرەداغ تێ دەپەرن، بۆ پشوودان لە نزیك كانییەك دانیشتن، دەروێشەكانی پیر دەستیان كرد بە زكر و سەما، بەڵام ئەم ناوچەیەی كە بەنیاز بوون زیكری لێ بكەن، گشتی بەرد بوو، زۆر ئەزیەتیان دەخوارد، گێرەوە دەڵێ : حەزرەتی پیر بە پەنجەی موبارەكی ئاماژەی بە بەردەكان دەكرد و بەردەكانیش وەك كلۆ لەم شوێنە هەڵدەقۆزینەوە و ناوچەكە بەردێكی تێدا نەما ، جا راوی دەڵێ من لەمەوپێش زۆر باوەرم پتەو نە بوو بەو كەراماتانەی كە لە حەزرەتی پیریان دەگێراوە، بەڵام لەوكاتیەوە عەقیدەی تەواوم بە حەزرەتی پیر پەیدا كرد.
– شێخ ئەحمدی كاتب دەڵێ : جارێكیان لە رێگەدا بووم بۆلای حەزرەتی پیر دەچووم، شەیتان هەڵی خەڵەتاندم و نەزەرم كرد، كاتێ چومە لای حەزرەتی پیر، شێخ فەرمووی: لەسەر چاوەكانت تارمایی دەبینم، ئایا شەرم ناكەیت لە مەجلیسەكەماندا ئامادە دەبیت لەكاتێكدا چاوت ناگریت لە نەزەری حەرام بۆ ئافرەتی بێگانە؟ منیش گوتم راست دەكەیت شێخی پایەدارم، ئەوەمن تەوبەم كرد و گفتت پێ دەدەم جارێكی تر دووبارەی نەكەمەوە.
– لە شێخ احمدی كاتب نەقل كراوە: لەو دەمەی حەزرەتی پیر لە گوندی _قازانقایە_لە ناحیەی قەرەداغ جێگیر بوو، كۆمەڵێ لە موریدانی ئەم ناوچەیە هاتن بۆ زیارەتی، جا یەكێ لەم كۆمەڵە موریدە بەدەست نەخۆشیی (جوع البقر)دەیناڵاند، ئەم پیاوە وەك چێڵ وابوو، بەهیچ تێری نەدەخوارد و هەرگیز هەستی بە تێربوون نەدەكرد و لەلایەنی تەندروستییەوە زۆر زیانی پێ گەیاندبوو، سەرەرای ئەوەش كاریگەریی لە باری ئابووری كردبوو. كە حەزرەتی پیر چاوی بەم حاڵەتە كەوت، بە گۆپاڵی شەریفی چەند جارێك لە ورگی ئەو پیاوەی دەدا ، هەرجارەش دەیفەرموو زۆری مەخۆ، دواجاریش بە لەپەدەستی بەلێدانێكی لەسەرخۆ لە چۆكی ئەوپیاوەی دا، بە ئیزنی خوا و كەراماتی حەزرەتی پیر ئەم پیاوە خواردنی ئاسایی بووەوە و لە نەخۆشیەكەش رزگاری بوو، بۆیە بوو بە یەكێك لە موریدەكانی حەزرەتی پیر.
– شێخ احمدی كاتب دەڵێ :جارێكیان لەگەڵ (شێخ رشید هەشەزینی)دەرچونێكمان كرد، یەكێ لەگوندەكان بە پیاوێك گەیشتین، شێخ رەشید دەیناسی بۆیە پێی گوت: تاكو كەی تۆ ناگەرێیتەوە و تەوبەیەك بكەیت و وەرە پێوەست ببە بە تەریقەتی شێخ حەسەنی قەرچێواری بۆ ئەوەی سەرفرازی دونیا و قیامەت ببیت؟
پیاوەكە وەڵامی دایەوە و گوتی: من عەقیدەم لە ئێوە زیاتر بە حەزرەتی پیرە، چونكە من كەراماتێكم لێ دیوە كەس لە ئێوە نەیدیوە.
ئێمەش پێمان گوت دە بۆمان بگێرەوە چیت دیوە؟
پیاوەكە گوتی: لەگەڵ كاروانێك سەفەری ئێرانم كرد، لە شاری كەرماشان كاروانەكە وەستا و هەركەسەو شتێكی بۆ بازرگانی كڕی، منیش (باروت)م كڕیی، كە بۆ تەقەمەنی بەكاردێت، هەرچەندە لە لایەن دەوڵەتەوە قەدەغەبوو ، بەڵام من بۆیە كری بووم چونكە قازانجێكی زۆری هەبوو، هەستام هەندێك لە قوماشی خامم بۆ حەزرەتی پیر كڕی، بە نییەتی تەبەروك و پاراستنم لە بازگەكان. هەندێكیم لەنێو باروتەكە دانا و ئەوی تریش باروتەكەم پێ بەستاوە، كاتێ گەیشتینە بازگە و پشکنین هات، تەماشا دەكەم باروتەكەم بووە بە گەنم، چەندان بازگەی ترمان بری هەر جارێك سەربازەكە دەیكردەوە دەمبینی گەنمە و باروت نییە، زۆر خەفەتبار بووم و بیرم لە زەرەرە زۆرەكەی دەكردەوە، بەڵام كاتێ گەیشتمەوە ماڵ و كەلوپەلەكانم كردەوە، دەبینم بووەتەوت بارود! یەكسەر حەزرەت پیرم بیر كەوتەوە، كە تەبەروكی ئەم خامە منی رزگار كرد.
– ڕیوایەت كراوە لەو كاتانەی كە حەزرەتی پیر و موریدەكانی لە سەفەری (قازانقایە) دەگەرێنەوە بۆ قادركەرەم، لە كاتی گەرانەوەیان بارانێكی بەهێز بەسەریاندا دەبارێت و موریدەكان پەنا دەبەنە بەر حەزرەتی پیر، جا حەزرەتی پیر ڕوو لە ئاسمان دەكات و بەدەنگێكی بروسك ئاسا دەڵێت (یاهو)لە پاش ئەمە یەكسەر بارانەكە دەوەستێت.
– راوی دەڵێ: لەوكاتەی لەگەڵ حەزرەتی پیر بۆ زیارەتی حەزرەتی غەوسی ئەعزەم دەچووین، تێنویەتیەكی زۆر ڕووی لە موریدەكان كرد، بۆیە گشت هانامان بۆ حەزرەتی پیر برد، حەزرەتی پیریش وەك نەریتی چەند جارەی چەند جارێ زكری (یاهو)ی بەدەنگێكی بەرز دووبارە دەكردوە، تا كەسانێكمان توشبوون كە ئاویان پێ بوو و لێمان چواردنەوە. چەند هەنگاوێك لێمان دوور كەوتنەوە كەچی لێمان بزر بوون! نەمانزانی لە كوێ هاتن و لە كوێ چوون (رجال الغیب) بوینە.
– مامۆستا ملا محی ا‌لدین دەلێ :ئەو كاتەی كە لە هەولێر دەمخوێند بە خەیاڵمدا هات موتاڵای پەرتوكەكەی (عبدالحكیم المنانی) بكەم كە ئەم پەرتوكە لە ئولوهییەت دەكۆڵێتەوە لە باسی زانستی كەلام، شەو لە خەودا بەخزمەت حەزرەتی پیر گەیشتم، لە خراپیی ئەم پەرتوكە ئاگەداری كردمەوە و ئامۆژگاریی كردم كە نەیخوێنمەوە، جا دوای چەند رۆژێكی كەم لە دوای ئەم خەونە، حەزرەتی پیر نامەیەكی بۆناردم و ئەوەی لە خەوەكەمدا پێی راگەیاندبووم هەر هەمان شتی بۆ نوسیبووم.
– ریوایەتكراوە لە سەید صالح كە زۆر نزیك و خۆشەویستی حەزرەتی پیر بووە :دەلێ پیاوێك هەبوو سمێلێ بەئەندازەیەكی زۆر درێژ كردبوو ، بۆیە نەدەوێرا بێتە خزمەت حەزرەتی پیر، چونكە حەزرەتی پیر بەردەوام پێداگیری لەسەر سمێڵ كورتكردنەوە و ڕدێن هێشتنەوە دەكرد، جا ئەو پیاوە سمێڵ درێژە دەڵێت: شەوێك بەخزمەت شێخ حەسەنی قەرەچێواری گەیشتم كە مەقەستێك بەدەستی موبارەكی بوو ، دەستیكرد بە كورتكردنەوەی سمێڵم ،كاتێ لەخەو خەبەرم بووەوە دیتم هەر بەراستی سمێڵم كورت بووەتەوە و مووە براوەكانیش لە تەنیشتم دانرابوون ، زۆر سەرسامبووم بەم كارە چونكە من بەتەنێ لەم ژورەدا بووم و دەرگەش داخرابوو، بۆیە نور و شەوقی خۆشەویستی حەزرەتی پیر لە دڵم جێگیر بوو و بووم بەیەكێ لە موریدەكانی.
– هەندێ لە مەلا دونیایی و زانا زاهیریەكان ئینكاری كەرامات و خەواریقی حەزرەتی پیریان دەكرد، بۆیە جارێكیان بەمەبەستی موناقەشە هاتنە لای ،بەڵام هەر كەبەخزمەتی گەیشتن ئەوەی زانست و بابەتی موناقەشەبوو لە بیریان چۆوە و هیچیان لەدەست نەما تەنها ئەوە نەبێ كەبڵێن (سمعنا واطعنا وصدقناك بانك انت من اكبر اولیاءو الله فی عصرنا)
– لە محمد ملا رشید نەقل كراوە كە فەرمویەتی :ئێمە لە خزمەت شێخدا بووین بۆ گوێگرتن لە وەعز و ئامۆژگاری،لە كاتی وەعزدا حەزرەتی شێخ فەرموی: ئێستا كەسانێك لە نێوانماندا هەن بانگەشەی ئەوەدەكەن كە بەرۆژوون كەچی لەكاتی تەنیایی و پەنهانی دەخۆن و دەخۆنەوە ،یەكسەر پیاوێك لە مەجلیسەكە هەستایەوە و گوتی روحم بە فیدات بێ من ئەوكەسەم كە ئاماژەت پێكرد ،وەوە لەسەر دەستی تۆ پەیمان دەدەم كە لەمەدودوا بەهیچ شێوەیەك رۆچوی رەمەزان نەشكێنم و تەوبەبێ.
– حەزرەتی پیر كە بیویستبووایە یەكێ لەموریدە دوورەكانی بێتە لای بۆ قادركەرەم، ئەوە هەر لە قادركەرەم چەند جارێ بانگی دەكرد موریدەكەشی گوێی لێ دەبوو خۆئەگەر زۆر لە دووریش بوایە ، یەكێ لە موریدەكانی بەناوی (شێخ مصطفی) لە ناوچەی (سنە)ی ئێران بووە، كە نێوان قادركەرەم و ئەوێ هەزاران كیلۆمەتر دەبێت،كەچی چەندان جار حەزرەتی پیر لە قادركەرەم بانگی كردووە و ئەویش لە گوندەكەی خۆیان گوێی لێ بوە و فەرمویەتی (لبیك یا سیدی).
– مامۆستا مەلا محمد ئیلاخی كە خەلیفەی پیر بووە و 14ساڵ لە حەرەمەین ژیاوە دەلێ: لەگشت نوێژە فەرزەكان گوێم لە تەكبیرەتول ئیحرام (الله اكبر)ی شێخ دەبوو لە حەرەمی شەریف، دڵنیاشبووم ئەوە دەنگی ئەوە ، چونكە دەنگی حەزرەتی پیر لە لای هەموو موریدەكانی دەناسراوە.
– ریوایەتكراوە لە مەلا صالح الحافظ كە فەرموویەتی :رۆژێ ئامادەی مەجلیسی وەعزی حەزرەتی پیر بووم ،حەزرەتی شێخ رووی تێ كردم و فەرمووی : ئەی سالح موژدە بێ باپیرەمان ئەمشەو موژدەی پێ داین كە فەرموو: ئەی حەسەن تۆ بووی بەیەكێ لەوانەی كە سێبەریان سێبەری خوایە ، تەوافیشیان وەك تەوافی کەعبەتوڵا یە .. ئینجا حەزرەتی پر ئەم شیعرەی بە فارسی خوێندەوە :
طوفی ما طوفی كعبە الله است ذكری ما امری رحمە الله است
واتە : ته وافمان وەك ته وافی كەعبەی خوایە، زكر و یادیشمان فەرمانێكە لە رەحمەت خودادا.
– هەروەها لە كەراماتەكانی ئەوە بووە، كە هەر زوو بە شێخ مەحمودی حەفیدی راگەیاندوە كە رۆژگارێ دێت، تۆ دەبیت بە مەلیكی كوردستان، كە لە رۆژگاری ئیحتیلالی ئینگلیز شێخ محمود بووە مەلیكی كوردستان.
– دەروێش عبدالله خادیمی مەرقەدی سەید صالحی نعیمی گێراویەتیەوە كە سەید صالح فەرممویەتی : لەو كاتەی لە قادركەرەم لە خەلوە دابووم حەزرەتی پیر لام ئامادە بوو و فەرمووی رۆڵە سالح وەرە برۆین هەندێ شتی سەرسومانت نیشان بدەم، منیش بەگەڵی كەوتم و زۆر بەخێرای بە ئاسماندا دەفری منیش لە خزمەتیدابووم ، لە رێگادا بەزۆر بیابان و شوێنی عەجایب دا ێپەرین ، چاوم بە زۆر شتی سەیر كەوت ، تاوەكو گەیشتینە بورجێكی زۆر بەرز، حەزرەتی پیر چوە سەر بورجەكەو منیش لە خواەوە سەیرم دەكرد، حەزرەتی پیر فەرمووی سالح دەزانی ئەم شوێن بۆكێیە؟منیش گوتم خوا و وەلیەكەی دەزانن، پێكەنی و فەرمووی :(ئەو شوێن و مەقامە شوێن قوتبی عالەمە. وە ئەو شوێنەشی كە تۆ لێی وەستاوی شوێنی نائیبی قوتبە)دواتر گەراینەوە قادركرەم و ئەوكات بەتەواوی گەورەیی قامی حەزرەتی پیرم ڕوون بووەوە.
– هەروەها ریوایەتكراوە :
– شێخێك بە ناوی (محمد سلطان) لە وڵاتی ئەفغانستان، زۆر بەناوبانگ وخاوەن موریدی زۆر بووە، كاتێ گوێبیستی گەورەیی وكەراماتەكانی حەزرەتی شێخ حەسەن دەبێت ، ئەفغانستان بە جێ دەهێڵێت و روو لە كوردستان دەكات بەنیازی زیارەت و تەمەسوك بە حەزرەتی شێخ، كاتێ شێخ محمدسولتان بەخزمەت حەزرەتی پیر دەگات و چۆنی بۆ باسكرابوو هەر بەم شێوەیە بوو، بۆیە وەك تازەموریدێك دێتە بەردەستی ئەم مورشید‌و پیرە دەستەگیرە و داوای پەنای مەعنەوی و تەمەسوك دەكات ،جا حەزرەتی پیر ساڵانێكی زۆر بەپەروەردەكردنی خەریكبوو ،تابەرهەمەكەی شێخی مورشیدی وەك شێخ (محمدسولنان
تان) لێكەوتەوە و حەزرەتی پیر ئیجازەی ئیرشادی تەریقەتی قادری پێدا، تا دواجار شێخ (محمد سۆڵتان) گەڕایەوە ئەفغانستان. دەستی كرد بە ئیرشاد لەسەر تەریقەتی قادری حەسەنی ،هەر بەبەرەكەتی حەزرەتی پیر (شێخ محمد سلگان) توانی خەڵكانێكی زۆری تەوبەدا و موریدگەلێكی زۆری پەروەردەكرد.
موریدەكانی پیر دەڵێن: كاتێ لەشكری ئینگلیز لە كۆتای جەنگی یەكەمی جیهانی وڵاتی ئەفانستانی داگیركرد و لەشكری ناردە سەر مەردوومی ئەم خاكە ،شێخ محمد سولتان دوعای لێ كردن ،ئەوەبوو خوای گەورە بەفرو بارانێكی زۆر سەختی داباراندە سەریان و بەهیلاك چوون و تەفروتونا بوون، ئەمەش بە دوعای ئەم وەلیە كە خەلیفەی حەزرەتی پیرمان بووە. (40)
شوێن و كاتی وەفاتی
پیر دوای تەمەنێكی پر بەرەكەت و خزمەتكردنی شەریعەت و تەریقەت لە تەمەنی 63 ساڵی لە ساڵی 1324ك ـ ۱۹۰٦ وەفاتی كردووە و لە ناحیەی قادركەرەم نێژراوە كە مەقامەكەی زیارەتگەی خۆشەویستان و موریدەكانییەتی.
سەرچاوە و ژێدرەکان
1_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص12 .
2_ حقائق عن التصوف، عبدالقادر عيسى، ص28.
3_ ديوانی مه‌حوی، به‌شه‌رحی موده‌ڕيس، ل١١٨.
٤_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص20.
5_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص20.
6_ بنه‌ماڵه‌ی زانياران، مه‌لا عه‌بدولكه‌ريمی موده‌ڕيس، ل ٢٨٩ _ المناقب النودهيه، الشيخ محمد الخال، ص ١٤.
٧_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص24.
8_ الصلة بين التصوف والتشيع، د. كامل مصطفى الشيبى، ص 377.
9_ السفينة القادرية، مجموعة من المؤلفين، ص 128.
10_ سۆفيزم و بزووتنه‌وه‌ی ناسيۆناليزمی كورديی، د. جه‌عفه‌ر عه‌لی. ل ٥٨.
١١_ ئه‌م سيلسيله‌ی نه‌سه‌به، له له‌وحه‌يه‌كدا، له‌نێو مه‌زاری شێخ حه‌سه‌نی قه‌ره‌چيَواری، نووسراوه و هه‌ڵواسراوه.
١٢_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 27.
13_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 34.
14_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 3 5.
15_ مقدمة الغنية، الشيخ عبدالقادر الكيلاني، ص9.
16_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 44.
17_ بنه‌ماڵه‌ی زانياران، مه‌لا عه‌بدولكه‌ريمی موده‌ڕيس، ل 210
18_ الابعاد الصوفية للاسلام، انا ماري شميل، ص 234.
19_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 3 5.
20_ ته‌صه‌ووف چييه؟ ئه‌مين شێخ عه‌لائه‌دين، ل١٩٨.
٢١_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 3 5.
22_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 3 5.
23_ الابعاد الصوفية للاسلام، انا ماري شميل، ص 234.
24_ كاسێتی ده‌نگيی ده‌روێش ئه‌حمه‌د.
٢٥_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 4 5.
26_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 23
27_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 3 5.
28_ كاسێتی ده‌نگيی ده‌روێش ئه‌حمه‌د
29_ كاسێتی ده‌نگيی ده‌روێش ئه‌حمه‌د.
30_ كاسێتی ده‌نگيی ده‌روێش ئه‌حمه‌د.
31_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 67
32_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 68.
33_ مناقب ولي الله البارئ الشيخ الحسن القرچيواري، الشيخ محمدسعيد البرزنجي، ص 89.
34_ مناقب ولی الله البارئ الشیخ الحسن القرچیواری، الشیخ محمدسعید البرزنجی، ص 89.
35_ تاج تاجامع الاصول_ب3.
36_ مناقب ولی الله البارئ الشیخ الحسن القرچیواری، الشیخ محمدسعید البرزنجی، ص 49.
37_ مناقب ولی الله البارئ الشیخ الحسن القرچیواری، الشیخ محمدسعید البرزنجی، ص 49.
38_ مناقب ولی الله البارئ الشیخ الحسن القرچیواری، الشیخ محمدسعید البرزنجی، ص 49.
39_ مناقب ولی الله البارئ الشیخ الحسن القرچیواری، الشیخ محمدسعید البرزنجی، ص 49.
40_ مناقب ولی الله البارئ الشیخ الحسن القرچیواری، الشیخ محمدسعید البرزنجی، ص 49