پۆرترێتی ئالتۆسێر

741
0
بڵاوکردنەوە:

پۆرترێتی ئالتۆسێر*

وەرگێڕانی: سامان عەلی حامید

تەمەنی مرۆڤ گرنگ نییە. کەم بێت یاخود زۆر. گرنگ ئەوەیە کە شوێن و پێگەی خۆی نازانێت، دەیەوێت بچێت بۆ شوێنێک. هەر بۆیە دەبینیت هەمیشە شوێن شەمەندەفەرێکی بزواو دەکەوێت، بەو جۆرەی کە لە فیلمەکانی ویستێرنی ئەمەریکیدا دەیکەن. بەبێ ئەوەی بزانێت لە کوێوە هاتووە (مەبەست؛ بناوانە)، یاخود بۆ کوێ دەچێت (مەبەست؛ ئامانجە). لە ڕێگا لە شوێنێک، لە شارێکی تەریک کە وێستگەی هێڵێکی ئاسنینی خوێڕی لە ناوەندەکەیدا هەیە، دادەبەزێت.

یانە و بیرە و ویسکی،
-لە کوێندەرەوە هاتوویت هاوڕێ؟
-لە شوێنێکی زۆر دوور.
-بەرەو کوێ دەچیت؟
-نازانم!
-ڕەنگە ئیشێکم هەبێت بۆت.
-باشە کێشە نییە.

لوی ئاڵتۆسێر و ئێلێن ڕیتمانی هاوسەری

بەم جۆرە نیکۆسی هاوڕێمان دەچێت بۆ ئیش. لە یۆنان لەدایکبووە، وەک زۆرێک لەو کەسانەی کە بەر لە ئەو کۆچیان کردووە، کۆچی کردووە بۆ ئەمەریکا، فلس لە باخەڵیدا سەوزەڵە گیانم دەڵێت. لە کارەکەیدا گورج و چالاکە و خۆی دەڕەنجێنێت، لەدوای ساڵێک جوانترین کچی شارەکە مارە دەبڕێت. دەست دەکات بە کۆکردنەوەی دەرامەت و یەکەم مێ بۆ مێگەلەکەی دەکڕێت. بە یاریدەی ژیریی و دووربینییەکەیشی بڕێک مێی باش و بەهێز هەڵدەبژێرێت (ئەسپ، گا و گۆل…) دواجار، لەپاش دە ساڵ لە ئیشکردنی تاقەتپڕوکێن، دەبێت بە خاوەنی باشترین مێگەل کە هەیە. باشترین مێگەل= باشترین چەمک. لەگەڵ خاوەنموڵکەکانی تر کێبەرکێ دەکات، بەڵام کێبەرکێیەکی ئاشتیخوازانە. هەمووان ددان بەوەدا دەنێن کە ئەو باشترینە و، کۆی چەمکەکانی (واتە؛ مێگەلەکەی) باشترینن. ناوبانگی لە خۆرئاوا و، پاشان لە هەموو وڵاتدا تەشەنە دەستێنێت.

ناوبەناو شوێن شەمەندەفەرێکی بزواو دەکەوێت، تاکو بە هەمان شێوەی گورباچۆڤ لە شەقامەکانی مۆسکۆ، ببینێت و بدوێت. بەهەرحاڵ، مرۆڤ هەمیشە دەتوانێت شوێن شەمەندەفەرێک بکەوێت لە هەر شوێنێک بێت!

ناوبانگێکی زۆر و زاڵی هەیە، دەتوانێت خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کۆشکی سپی بەربژێر بکات، ئەگەرچی ئەو لە سفرەوە دەستی پێ کرد. بەڵام نا! ئەو زیاتر حەز بە گەشتکردن و پیاسەکردنی شەقامەکان دەکات، بەم جۆرە مرۆڤ دەتوانێت لەو فەلسەفە ڕاستەقینەیە تێبگات کە لە ناو بیر و مێشکی خەڵکیدا هەیە کە هەمیشە دژبەرە.

لەبەر ئەم هۆکارە (زن)ی هندۆس و چینییەکان و، هەروەها ماکیاڤیلی و سپینۆزا کانت و هیگڵ و کێرکەگۆر و کاڤایێس و کانگیلم و فیمان و هایدیگەر و دێریدا و دولوز و… هتد دەخوێنێتەوە. بەم چەشنە، بەبێ هیچ مەبەستێک، دەبێت بە فەیلەسووفێکی ماتەریالیستی بە پیشە نیمچە فەیلەسووف، نەک ماتەریالیستێکی دیالەکتیکگەرا، کە سامناکە! بەڵکو ماتەریالیستێکی هەڵکەوت،
دەگاتە ئاستی کلاسیکیی دانایی، جۆری سێیەمی زانین لای سپینۆزا و، مرۆڤی باڵا و دەرکی گەڕانەوەی هەمیشەیی لای نیتچە؛ کە مەبەست لێی ئەوەیە هەموو شتێک دووبارەیە و، لە دووبارەبوونەوەیەکی پەرت پەرتدایە. ئێستا لەگەڵ ئایدیالیستە گەورەکاندا دەچێتە مشتومڕ و دەمەتەقێوە. ئەو نەک هەر لێیان تێدەگات، بەڵکو تێزەکانیشیان بۆ لێکدەداتەوە! ئەوانی تر جاروبار بە کەسەرێکەوە بە بۆچوونەکانی باوەڕ دەکەن یاخود قایل دەبن، بەڵام.. بەهەرحاڵ: ئەفلاتون هاوڕێیەکی ئازیزە، وەلێ ڕاستیی لەو ئازیزترە!

 

*ژێدەر: سایتی “الحکمة”

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: