فیلمێکی هایدێگه‌ری، یان ڕاستتر… سلۆته‌ردایکی
له‌ناو دازایندا حه‌زێکی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه بۆ نزیکایه‌تی.
– هایدێگه‌ر
به‌کر عه‌لی
ده‌شێت له بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیدا پرسیار له ماکرۆکۆسمۆس و میکرۆکۆسمۆس بکرێت و قووڵ بمانباته پێچاوپێچه تاریکه‌کانی ئه‌م دوو گه‌ردوونه گه‌وره و بچووکه‌وه.ئه‌وه کاری بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه بیر له بوون و نه‌بوون،له‌عه‌قل و ڕۆح و ئیتیک و مۆرال،جوانی و دزێوی،چاکه و خراپه بکاته‌وه.به‌ڵام داخۆ کارێکی وه‌ها شیاوه له سینه‌مادا ئه‌نجام بدرێت. ئایا کارێکی سینه‌مایی چۆن ده‌توانێت به زمانێکی بڵاو و ساده ئه‌م پێچ و په‌نایانه‌ی گه‌ردوونه بچووک و گه‌وره‌که بخاته پێش چاوی بینه‌ر،ئایا سینه‌ما ئه‌وه‌ی پێ ده‌کرێت که کارێکی فه‌لسه‌فی ده‌توانێت پێی بکرێت.ئه‌مه پرسیارێکه هه‌ندێکجار چۆته نێوه‌نده فیکری و هونه‌رییه‌کانی خۆرئاواوه و له هه‌موو بارێکیشدا چه‌ند نموونه‌یه‌ک له کاری سینه‌مایی سه‌رکه‌وتوو شک ده‌برێت که ته‌بایی ئه‌و دوو جیهانه پێکه‌وه پیشان ده‌دات. فیلمه‌کانی ده‌رهێنه‌ری گه‌وره‌ی ڕووسی سێرگی ئایزه‌نشتاین،وه‌ک فیلمی ((سه‌رمایه‌ی مارکس و یۆلیسیس))،وه فیلمه‌کانی ستانلی کۆپریک و فیلمه پسایکۆییه‌کانی هیتچۆک و گه‌لێک ده‌رهێنه‌ری تر. به‌ڵام هیچ کام له‌و ده‌رهێنه‌رانه پاشخانێکی فه‌لسه‌فی گه‌وره‌ی وه‌ک ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریکی تێره‌نس مالیک شک نابات که وه‌ها سه‌رکه‌وتووانه توانی بێتی پرسیاره‌کانی بوون و گه‌ردوونمان بۆ بخاته جیهانی سینه‌ماوه.
تێره‌نس مالیک Terrence Malick ئه‌و ده‌رهێنه‌ره سینه‌ماییه‌ی هۆلیووده که فه‌لسه‌فه‌ی خوێندووه و له بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریدا کاری کردووه، دواتر ڕوویکردۆته بواری فیلمسازی. مالیک زۆر له‌ژێر کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی کیرکیگارد و هایدێگه‌ردایه و کتێبێکی هایدێگه‌ری وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و جارێکیش وه‌ک حه‌جکردن سه‌ردانی کوخه‌که‌ی هایدێگه‌ری له دارستانی ڕه‌ش کردووه. ئه‌و به چه‌ند فیلمێکی که‌م وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی به سه‌رسینه‌مای هۆلیوود دا هێناوه. فیلمه‌کانی وه‌ک (( به‌دستان Badland)) وه ((ڕۆژانێکی به‌هه‌شت Days of Heaven)) و ((قه‌راغه باریکه‌که)) و ئه‌م فیلمه نوێیه‌شی ((دره‌ختی ژیان)) که له فیستیڤالی 2011دا به‌رزترین خه‌ڵاتی هه‌ڵسه‌نگاندن ((دارخورمای زێڕین))ی پێدرا ،تێکرا بوونه‌ته شاکاره‌کانی فیلمه فه‌لسه‌فییه‌کانی دنیای سینه‌ما.
ئه‌گه‌رچی که‌مجار له سینه‌مادا تێزه فه‌لسه‌فییه‌کان و پرسیاره‌کانی بوون و بنه‌ڕه‌تی گه‌ردوون و ژیان له کارێکی سینه‌ماییدا سه‌رکه‌وتووانه به‌رجه‌سته ده‌کرێت، به‌ڵام تێرێنس مالیک ئه‌و ده‌رهێنه‌ره مه‌زنه‌یه که زۆر سه‌رکه‌وتووانه له سه‌رجه‌می فیلمه‌کانیدا توانیویه‌تی ئه‌و توخمه فه‌لسه‌فی و هونه‌رییانه کۆمبیناسیۆن بکات و له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌مادا پێکه‌وه بیستن و بینینمان ئاوێته پێ بکات و ده‌ره‌نجامه‌که‌شی لای بینه‌ر بریتی بێت له وروژاندنی پرسیاره‌کانی هه‌بوون و ژیان،یادهێنانه‌وه‌ی شته بنه‌ڕه‌تییه‌کانی بوون بێت له نێو زۆری و قه‌ره‌باڵغی شته‌کان و بوونه‌وه‌ره‌کاندا مرۆڤ به‌ره‌و ئاسۆی کات و مێژوو له‌نێو جیهانێکی له‌بیرکراودا ببات. فیلمه‌کانی تێره‌نس مالیک تێگه‌یشتنێکی جیاوازت سه‌باره‌ت به سینه‌ما لا دروست ده‌که‌ن، ئه‌و سینه‌مات لا ده‌کاته کۆچه‌مکێک له‌سه‌ر ده‌نگ و کاره‌کته‌ر و وێنه و گێڕانه‌وه‌یه‌کی ناباوی ژیان. ئه‌و زۆر دژه ئه‌بستراکت و دژه ڕه‌مزی و دژه مۆدێرنیست و دژه کولتوری باوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه،که تێگه‌یشتنی ئه‌و بۆ ژیان له‌فه‌لسه‌فه‌ی هایدێگه‌ره‌وه هاتووه. هایدێگه‌ریش ڕیشه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی له‌جیهانی گریکدا بینیوه‌ته‌وه. هایدێگه‌ر پێیوابوو گریکه‌کانی زوو،سروشتیان وه‌ک کۆمه‌ڵێک سوبیه‌کتی جێگیر نه‌بینیوه..ئه‌وان بۆ سروشت زاراوه‌ی فیسوس Phisus یان به‌کارهێناوه،که واتای ئه‌وه‌ی دێته – ئارابوون ده‌گه‌یه‌نێت،هاتنه بوونیش واته ئه‌وه‌ی خۆی ده‌رده‌خات. بوونیش لای هایدێگه‌ر بریتییه له چوونه ده‌ره‌وه و له‌ده‌ره‌وه‌دا بوون.ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی کراوه‌یی بوونمان پێ ده‌ڵێت که کرۆکی فه‌لسه‌فه‌که‌ی هایدێگه‌ره.
هه‌ڵبه‌ت لای هایدێگه‌ر جیهان به‌رامبه‌ر سوبیه‌کته‌کان ناوه‌ستێته‌وه،واته جیهان بریتی نییه له سوبیه‌کته‌کانی نێو سروشت((ئاو،ئاگر،خاک ، ئاو و دارستانه‌کان و ئاسمان)) که بیرکردنه‌وه‌ی میتافیزیکی باو پێی وابوو،ئه‌م دیده عه‌قلانیه‌تی دیکارتیش ده‌گرێته‌وه. به‌ڵکو جیهان به‌شێکی بنه‌ڕه‌تییانه‌ی ژیان و بوون و دازینه.
ئه‌م فیلمه‌ی مالیک،له‌پاڵ فیلمه‌کانی تری‌دا، ((بوون)) وه‌ک ئه‌و کۆمه‌ڵه وێنه بزێوه‌ی نێو ((کات)) پیشان ده‌دات،که له وه‌ستان و گه‌شه‌کردن ناکه‌وێت.مرۆ له ناونیشانه‌که‌یه‌وه ده‌توانێت دره‌خت بکاته میتافه‌رێک بۆ گه‌شه‌کردنی ژیان و گۆڕانبوون. ژیانیش بریتی نییه له توخمه بنه‌ڕه‌تییه‌کان به‌ڵکو بریتییه له له‌گه‌ڵدابوون،واته له په‌یوه‌ندی. به‌ڵام ئێمه چیمان له بوون و له ژیان و له په‌یوه‌ندی کردووه. ئایا ئێمه ده‌زانین بۆچی هه‌ین،ده‌زانین چۆن له‌نێو بوونداین. گریکه‌کان ئه‌م پرسیار و وه‌ڵامانه‌یان به بیرکردنه‌وه و هونه‌ر و ئه‌فسانه دابۆوه. به‌ڵام ئێمه چۆن بوونمان له‌یاد کرد؟
ئێمه له‌کوێداین،کاتێک ده‌ڵێین له شوێنێکداین؟ ئه‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ی هایدێگه‌ر دروست ده‌ستنیشانی ئه‌وه ده‌کات که‌وا ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیترداین،واته هه‌میشه نزیکایه‌تییه‌کمان هه‌له‌گه‌ڵ خۆماندا هه‌ڵگرتووه،ئێمه له‌نزیکاه‌تی و له په‌یوه‌ندیداین.ئه‌مه‌ش ڕه‌هه‌ندی شوێنه وجودییه‌کانمان بۆ ده‌کێشێت که فیلۆسۆف پیته‌ر سلۆته‌ردایک له پرۆژه زه‌به‌لاحه‌که‌ی سێینه کتێبی ((کایه‌ناسی))دا ورد‌و قووڵ خستویه‌تیه ڕوو.
فیلمی (دره‌ختی ژیان) گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و مێژووی مناڵێکه،هه‌رزۆر زوو مناڵێتی خۆی،واته شوێنه وجودییه‌کانی خۆی، ونکردووه،مناڵێک،به دیوێکدا مناڵێتی خۆی له‌نێو ترس و ئازاردان و سزاکانی باوکی‌دا وه بینینی مه‌رگی برایه‌کی،به‌دیوێکی تردا له‌نێو سۆزومیهره‌بانی دایک و شادمانبوون به له‌دایکبوون و هاتنه جیهانی برایه‌کی تری‌دا ده‌ژێنێت. لێره‌وه پاڵه‌وانی گێڕانه‌وه‌که (جاک) ،که ئه‌کته‌ری به‌توانا( شۆن پێن) یاری ئه‌م ڕۆڵه داکات، له‌سه‌ره‌تاوه تاکۆتایی فیلمه‌که به‌نێو ڕاڕه‌وه‌کان و لیفته‌کانی باڵاخانه مۆدێرنه شووشه‌به‌ند و ئاوێنه به‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکادا وه‌کو ئه‌رشیتێکتۆرێک دێت و ده‌چێت،سه‌رده‌که‌وێت و دێته‌وه خواره‌وه،کاتێک به لیفته‌که سه‌رده‌که‌وێت بیر له هه‌ڵکشان و گه‌وره‌بوون ده‌کاته‌وه،کاتێک دێته‌وه‌خواره‌وه،ئاوابوونه‌کان و مه‌رگ و کۆتاییه‌کانی دێته‌وه یاد. مالیک ئه‌م پاڵه‌وانه وه‌ک ((ڕۆحه بزره‌که‌ی جیهانی مۆدێرن)) و وه‌ک ((بوون له‌یادکردن)) کاره‌کته‌رکردووه. پاڵه‌وانێکه له‌گه‌ڕاندایه به شوێن مانای بوون دا ،به‌شوێن باوک دا،به‌شوێن یه‌زداندا،به‌شوێن په‌یوه‌ندییه هه‌ستدارییه‌کان و ئینتیمیتێت دا،به شوێن ئاشتبوونه‌وه‌دا،گه‌ڕانه به‌شوێن کایه‌کانی پێکه‌وه‌بوون دا.
ده‌ستپێکی فیلمه‌که به پرسیاری یه‌زدان له مرۆڤ ده‌ستپێده‌کات که له کتێبی ئه‌یوبی پێغه‌مبه‌رداهاتووه :(( تۆ له کوێ بوویت،که من زه‌ویم دامه‌زراند،پێم بڵێ گه‌ر ده‌یزانیت؟)). گه‌رچی ئه‌مه نه‌فه‌سێکی ئاینه مۆنۆتایزمه‌کانی تێدایه،که پێیانوایه یه‌زدانێک گه‌ردوونی دروستکردووه،به‌ڵام به پێی تێۆرییه ناسراوه‌که،دواتر ده‌رهێنه‌ر ته‌قینه‌وه گه‌وره‌که‌شمان پیشان ده‌دات که لێوه‌ی گه‌ردوون به هه‌موو هه‌ساره‌کان و زینده‌وه‌ره‌کانییه‌وه هاتوونه‌ته ئاراوه. لێره‌وه فره‌که‌رتبوونێک ده‌که‌وێته نێو ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی(گه‌ردوون) که یه‌زدان دروستی کردووه. فیلمه‌که پتر به وێنه دروستبووه و زۆر که‌م قسه‌ی دیالۆگی تێدایه،بۆیه ده‌بێت له وێنه‌کانه‌وه پشتخانه فیکرییه‌که وه‌ربگرین.وێنه‌کان فینۆمینۆلۆگیای گه‌ردوونن. گه‌ردوون و کۆسمۆس له قه‌باره گه‌وره‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێت به هه‌موو توند و تیژی و زه‌بره‌کانی خۆیه‌وه،به گڕکانه‌کانه‌وه،به به‌رده‌ئاگرینه‌کانیه‌وه،به زریانه‌کانیه‌وه،به هێزه دڕنده‌که‌یه‌وه،به‌و دیناسۆرانه‌ی له پێناوی مانه‌وه له ژیاندا له‌ململانێدان،پێمان ده‌ڵێت ژیان ژیانه بۆ مانه‌وه له ژیاندا. له‌هه‌مان کاتدا دیوه جوان و نه‌رمه‌که‌ی سروشتمان پیشان ده‌دات.زینده‌وه‌ره ئاوییه نه‌رمه‌کان،په‌پووله و سروشتی تاڤگه و مێرگه دڵڕفێنه‌کان و دارستان و خۆر و ئاسمانه دڵگیره‌که‌ی سروشتیشمان وه‌کو کایه‌یه‌کی کراوه پیشان ده‌دات. وه‌ک ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت له‌نێو سروشتدا دووانه‌یه‌کی لێدژ هه‌یه که هه‌موو ماکرۆکۆسمۆس و میکرۆکۆسمۆس ده‌گرێته‌وه. دیاله‌کتیکی سروشت و ژیان له‌نێوان ئه‌و دووانه لێکدژانه‌دا جووڵه و گه‌شه و گۆڕانکاری ده‌کات. به کورتی بابڵێین مالیک کار به‌و تێگه‌یشتنه‌ی هایدێگه‌ر ده‌کات که پێیوایه سروشت فینۆمینێکی جێگیر نییه،به‌ڵکو به‌شێکه له بوون،وه بۆئه‌وه‌ی له مرۆڤ تێبگه‌ین ده‌بێت له بوون تێ بگه‌ین. هایدێگه‌ر وه‌های کرد بۆ تێگه‌یشتن له بچووک (مرۆڤ)،سه‌ره‌تا ده‌بێت له گه‌وره(بوون) بگه‌ین.به‌نموونه ئێمه نازانین ده‌ست،قاچ،چاو و ئه‌ندامه‌کانی تر چین ئه‌گه‌ر نه‌زانینی ئه‌مانه ئه‌ندامێکن سه‌ر به جه‌سته‌ن. به‌هه‌مان ئه‌م دیدگایه مالیک بۆ ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندییه‌کانی ژیانی مرۆیی و له جه‌وهه‌ر و چییه‌تی مرۆڤ تێ بگات،سه‌ره‌تا چییه‌تی گه‌ردوونمان بۆ ده‌خاته‌ڕوو،که هه‌ڵگری چ ناکۆکییه‌که له‌نێو خۆیدا،مرۆڤیش وه‌ک دیارده‌یه‌کی سروشتی هه‌ڵگری ئه‌و دووانه‌لێکدژانه‌یه.
له‌سه‌ر ئاستی دازاینیشدا،واته له ژیانی مرۆیی‌دا،ژیانی خێزانێکی ئاساییمان پیشان ده‌دات. خێزانی ئۆبراین،که ئه‌کته‌ری ناودار ((براد پیت)) ئه‌م یارییه ده‌کات، ئه‌م خێزانه ژیانێکی ته‌واو ئاسایی له ساڵانی په‌نجاکاندا له ته‌کساس ده‌ژی.له نێوانیاندا ترس هه‌یه و هه‌روه‌هاش خۆشه‌ویستیش هه‌یه،کامه‌رانی هه‌یه و دڵته‌نگیش هه‌یه،ڕق هه‌یه و سۆزیش هه‌یه،ده‌سه‌ڵات هه‌یه و گوێڕایه‌ڵیش هه‌یه، فه‌رمانده‌ر هه‌یه و جێبه‌جێکه‌ریش هه‌یه. وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی له گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه بێت که‌وا مرۆڤیش فینۆمینه‌یه‌که له سروشتدا و ئه‌میش له ژێر جه‌بری ئه‌و دووانه لێکدژانه‌دا به‌ندبووه. به‌ڵام ئه‌م خێزانه، وه‌ک نموونه‌یه‌کی بچووککراوه‌ی گه‌ردوون،واته میکرۆکۆسمۆسێک له‌ناو ماکرۆکۆسمۆسدا، له‌ناکاو هه‌واڵی مه‌رگی کوڕه نۆزده ساڵانه‌که‌یان پێده‌گات و ئیدی که‌لێن و دڵه‌ڕاوکێ ڕۆحی هه‌موویان ده‌هه‌ژێنێت. ئه‌گه‌رچی ده‌رهێنه‌ر شتێک له‌سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌مان پێ ناڵێت،به‌ڵام بینه‌ر ده‌توانێت وای بۆ بچێت که ده‌شێت له حه‌فتاکاندا له شه‌ڕی ڤێتنامدا کوژرا بێت،چونکه ئه‌و له په‌نجاکاندا له‌دایکبووه و له 19 ساڵیدا ده‌مرێت.
که‌واته وه‌کچۆن سروشت وگه‌ردوون له‌یه‌ککاتدا هه‌ڵگری نه‌رم و ڕه‌قیین ،ئه‌وا دازاینی مرۆییش هه‌مان دۆخ ده‌ژی. لێره‌وه ده‌رهێنه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت و پێمان ده‌ڵێت که دووڕێگه به‌نێو ژیاندا درێژبۆته‌وه ((ڕێگه‌ی سروشت)) و ((ڕێگه‌ی به‌زه‌یی)) ئه‌م دووانه میتافیزیکییه سه‌ره‌تا بینه‌ر سه‌رچاوه‌کانی نابینێت، داخۆ له ئه‌تمۆسفێرێکی دینیدایه،یاخود ئۆنتۆلۆگی و فینۆمینۆلۆگییه. به‌ڵام دوواتر ده‌بینین ئه‌م دوو ڕیگه‌یه به‌نێو ته‌واوی دیمه‌نه گه‌ردوونییه‌کان و مرۆییه‌کانی ژیاندا خۆی درێژده‌کاته‌وه و له وێنه‌گه‌وره‌که‌دا ((گه‌ردوون)) ده‌گرێته‌وه و له وێنه بچووکه‌که‌شدا ژیانی خێزانی ئۆبراین پیشان ده‌دات.
دیمه‌نه‌کانی سه‌ره‌تای فیلمه‌که ته‌رخانه بۆ خستنه‌ڕووی ڕێگه‌ی سروشت،واته ته‌نه‌ڕه‌قه‌کانی وه‌ک گڕکانه‌کان و به‌رده‌ئاگرینه‌کان و تاڤگه و زریانه‌کان و هه‌ساره‌کان و ئاژه‌ڵه‌دڕنده‌کان و زینده‌وه‌ره ئاوییه‌کان،وه‌ک ڕووه‌گه‌وره‌که‌ی گه‌ردوون و سه‌رهه‌ڵدانی سروشت و هه‌ساره‌کان . لێره‌دا دوو دیوی ناکۆکی سروشتمان پیشان ده‌دات،میتافیزیکای ئه‌م فیزیکه‌مان بۆ ده‌خاته‌روو. واته ترس و جوانی له سروشتدا.هه‌روه‌ها هه‌مان ئه‌م دوو خه‌سڵه‌ته له ڕووه بچووککراوه‌که‌دا له نێو دازاینی مرۆیی‌دا،خێزانی ئۆبراین وه‌ک نموونه‌یه‌ک. له‌م خێزانه‌شدا وه‌ک سروشت ئارامی و ئاسووده‌یی هه‌یه،هه‌روه‌ک چۆن ترساندن و سزادان هه‌یه. له سروشتدا شه‌ڕێکی بێبه‌زه‌ییانه هه‌یه له پێناوی مانه‌وه‌دا،وه‌ک داروین و نیتچه‌ش سه‌لماندوویانه. له‌ژیانی مرۆڤیش‌دا ئیراده هه‌یه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر کۆسپه‌کاندا،ئاره‌زوو هه‌یه بۆ سه‌رکه‌وتن.باوکه‌که جارێک بۆ مناڵه‌کانی ده‌گێڕێته‌وه که ئه‌و حه‌زی ده‌کرد ببێته موزیککار،به‌ڵام نه‌یتوانی و شکستی هێنا،بۆیه مه‌شق و ڕاهێنان به مناڵه‌کانی ده‌کات تاوه‌کو به‌هێز بن له ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی کێشه‌کانی ژیاندا و زاڵبوون و سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ریاندا.لێره‌دا مه‌شق ده‌بێته ڕێچکه‌ی خۆدروستکردن،ته‌کنیکێک که پیته‌ر سلۆته‌ردایک پێیوایه ته‌وای مێژووی مرۆڤ بریتییه له مێژووی مه‌شقکردن و ڕاهێنان . له سروشتدا شه‌ڕێکی بێبه‌زه‌ییانه هه‌یه ((له‌پێناوی مانه‌وه))دا،زینده‌وه‌ره‌کان گه‌شه‌کردنیان له ململانێوه بووه،وه‌ک داروین تیۆره‌ی کردووه،هه‌موو زینده‌وه‌رێک له‌سه‌ر حسابی ئه‌ویتر ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش ڕێگه‌ی ((به‌زه‌یی)) ئاماده‌یی خۆی هه‌یه،ڕێگه‌یه‌که سۆز و خۆشه‌ویستی ده‌ئه‌فرێنێت.لێره‌دا ده‌رهێنه‌ر وێنه‌یه‌کی گرنگی ئه‌م ڕێگه‌یه‌مان پیشان ده‌دات.دیناسۆرێکی بچووک به‌زامداری له ڕۆخی چه‌مێکدا که‌وتووه،دانه‌یه‌کی تر له زله‌دڕه‌کان دێته سه‌ری په‌لاماری بدات،پاش که‌مێک ته‌ماشاکردنی ده‌بینێت زامداره و به په‌له‌قاژه‌کردنه‌که‌ی داوای نوزه‌ی به‌زه‌یی پیداهاتنه‌وه ده‌کات،به‌جێی ده‌هێڵێت و هیچی لێ ناکات. ئه‌مه بریتییه له ((یه‌که‌مین به‌زه‌یی)) له بری یه‌که‌مین گوناه. ئه‌مه دیمه‌نێکه بۆ فینۆمینۆلۆگیای به‌زه‌یی گیانه‌وه‌ران،که پێمان ده‌ڵێت له‌جه‌وهه‌ری هه‌موو گیانه‌وه‌ر و بوونه‌وه‌رێکدا نه‌رمایه‌تی و سۆزیش هه‌ن.ئه‌م گرته‌یه،ئه‌م فینۆمینه بۆ من هێنده مایه‌ی تێڕامان بوو،چه‌نده‌ها پرسیاری مۆرالی و وجودی و کولتوری لا دروست کردم. ئایا مرۆڤ له جیهانی ئێمه‌دا خۆی له خه‌سڵه‌ته دڕنده‌ییه‌کان داماڵیوه.ئایا هیومانیزم لای ئێمه بووه‌ته پرۆسێسێک وا بکات مرۆڤایه‌تی مرۆڤ په‌رورده‌بکات بۆ خۆشویستنی مرۆڤی برای.ئایا ئێمه هێشتا گورگین بۆ یه‌کتری وه‌ک هۆبز ده‌ڵێت. واته هێشتا ئێمه له قۆناغی به‌رمرۆڤداین. ڕووداوه‌کانی کاتی خۆپیشاندانه‌کانی شاری سڵێمانی جارێکی تر ئێمه‌یان خسته‌وه به‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ی ده‌بێت ماهیه‌تی مرۆڤایه‌تییانه‌مان په‌روه‌رده‌بکه‌ینه‌وه. ئایا مرۆڤه‌سیاسی وده‌سه‌ڵاتداره‌کانمان له‌م گیانه‌وه‌ره زله بێبه‌زه‌ییترن کاتێک هاوڵاتییانی خۆیان به ئاگر و ئاسن داپڵۆسی. له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی فه‌رمانی کوشتنی هاونیشتمانیان ده‌رده‌کات و ئه‌وه‌شی جێبه‌جێی ده‌کات پێویسته بخرێنه به‌ر خوێندنی خۆپه‌روه‌رده‌کردنه‌وه‌ی ماهیه‌ته هیومانیزمه‌که‌یان و هێزه نه‌رمه‌کانی ناوه‌وه‌یان ئه‌کتیڤ بکه‌نه‌وه. ژیانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی ئێمه هه‌موو خه‌سڵه‌ته نه‌رمه‌کان و هه‌م و سۆز و میهرێکی پاسیڤکردووه. ده‌بێت بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕوناکبیری و هونه‌ری و په‌روه‌رده‌یی بێته ئاراوه بۆ ئه‌کتیڤکردنه‌وه‌ی هێزه‌نه‌رمه هیومانیزمیه‌کانمان. لێره‌دا ئێمه به‌ر تێزه‌گرنگه‌که‌ی فیلۆسۆف پیته‌ر سلۆته‌ردایک ده‌که‌وین،به‌وه‌ی خوێندنگای مرۆڤایه‌تی شکستی هێناوه له په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤێک که دڕنده نه‌بێت،بۆیه پیویسته هیومانیزمێکی نوێ بهێنرێته ئاراوه بۆ په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤ و بۆ له‌دڕنده‌خستنی مرۆڤ.وه ئه‌و کاره‌ساته دراماتییکیه‌ی ئێستا له شێوازی ژیانمادایه،ده‌بێت بیگۆڕین،چونکه شێوازێکی هه‌ڵه‌ی ژیانه،ده‌بێت وا بژین هونه‌ری ژیان نه‌رم و سۆزدار بێته‌وه.
مالیک له‌م فیلمه‌دا ویستوویه‌تی هه‌موو شت سه‌باره‌ت به ((ژیان و بوون)) بدرکێنێت،خواستوویه‌تی شاکارێکی سینه‌مایی ساز بکات له‌باره‌ی ماهیه‌تی هه‌موو جیهانه گه‌وره و جیهانه بچووکه‌کانه‌وه بدوێت. ئه‌و توانیویه‌تی سامناکی ماکرۆکۆسمۆس و جوانی میکرۆکۆسمۆس له‌ڕێی ((جاک))ه‌وه پیشان بدات،که ئه‌میش ته‌نیا به یادکردنه‌وه ده‌توانێت له‌و نهێنییانه‌ی ژیان تێ بگات. لێره‌وه فیلمه‌که فیلمی یاده‌وه‌رییه،بۆ تێگه‌یشتن له نهێنییه‌کانی هه‌موو ئه‌و کایه‌یانه‌ی مرۆڤ تێیدا هه‌یه،یادکردنه‌وه‌ش بریتییه له بیرکردنه‌وه،وه‌ک هایدێگه‌ر ده‌ڵێت.
دووانه‌ی ((سروشت)) و ((به‌زه‌یی)) که له‌نێو سروشتدا هه‌یه،به‌هه‌مانشێوه‌ش له‌نێو خێزانه‌که‌ی ئۆبراینیشدا ئه‌کتیڤه. خێزانێک ژیانێکی ئاسایی ده‌ژین، سیسته‌مێکی ترادیسیۆنییانه‌ی په‌یوه‌ندی دایک و باوک ده‌بینین،باوک توند و فه‌رمانده‌ره،به‌زه‌بر و دیسپلینکه‌ره،یاری ده‌سه‌ڵات ده‌کات،دایک نه‌رم و میهره‌بانه،یاری خۆشه‌ویستی ده‌کات، له تێکڕای فیلمه‌که‌دا وته‌یه‌ک نادرکێنێت، به‌ڵام هه‌میشه له چێشتخانه‌که‌ی ماڵه‌وه‌دا خامۆشانه سه‌رقاڵی چێشت ئاماده‌کردن و قاپ شتنه. ژنێکی سه‌نگین و سه‌لاره،که شیعرێکی هۆلده‌رلینی بیر ده‌هێنامه‌وه ” خه‌نی له‌وه‌ی شاعیره و له ماڵه‌که‌یدا ژنێکی سه‌نگین نیشته‌جێیه،ئه‌وسا ئاسمان جوانتر بۆی ده‌گه‌شێته‌وه”” دایکه‌که لێره‌دا هێمایه بۆ نه‌رمی و میهره‌بانی. کاتێک باوک له‌ماڵه‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه،مناڵه‌کان له‌گه‌ڵ دایکیاندا خۆشی ده‌بینن،گه‌مه ده‌که‌ن، قاقای پێکه‌نینیان دیواری بێده‌نگی ماڵه‌که پارچه‌پارچه ده‌کات،هه‌ست به گه‌رمی په‌یوه‌ندییه‌کان و سۆزدارییه‌کان ده‌کرێت. باوک هێمایه بۆ ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمان ده‌رکردن و سه‌پاندن، باوک ڕژێمی نه‌رم و ڕه‌ق، شه‌کر و قامچی له‌گه‌ڵ منداڵه‌کاندا به‌کار ده‌هێنێت، فێری دیسیپلینیان ده‌کات بۆئه‌وه‌ی ئازا و بوێر و سه‌که‌وتووبن.دروست وه‌ک فۆکۆ ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ فێری دیسیپلین بکرێت ده‌بێت فشاری بخرێته سه‌ر. جاک زۆر له‌ژێر کاریگه‌ری وته وڕه‌فتاره تونده‌کانی باوکی‌دا ده‌بێت،تا جارێک به‌رپه‌رچی باوکی ده‌داته‌وه و پێی ده‌ڵێت: ئا.. ده‌زانم ئه‌وه ماڵی تۆیه،که‌ی ویستت ده‌توانی فڕێم بده‌یته ده‌ره‌وه. جاک له شوێنێکی تریشدا کاتێک باوکی باسی شکسته‌کانی خۆی بۆ ده‌کات له‌وه‌ی نه‌یتوانیوه ببێته ئه‌وه‌ی حه‌زی لێکردووه، له گفتوگۆیه‌کی نێوانیاندا به باوکی ده‌ڵێت: ، من له دایکم ناچم ،زۆرتر له تۆ ده‌چم. دیاره مناڵێکی وه‌ک جاک بۆی نییه به باوکی بڵێت تۆ لاوازیت،به‌ڵام به گه‌مه‌یه‌کی زمانه‌وانی، واته زمان وه‌ک ده‌سه‌ڵات،له دیدی ڤیتگنشتاینه‌وه،له‌و ڕسته‌یه‌دا جاک،که‌به باوکی ده‌ڵێت من له تۆ ده‌چم،واته ناڕاسته‌وخۆ به باوکی ده‌ڵێت تۆ لاوازیت.
ڕۆژگارێک دێته پێشه‌وه باوکیان بێکار ده‌بێت،ئه‌مه شێوازی بیرکردنه‌وه و مامه‌ڵه‌ی ده‌گۆڕێت.ڕژێمێکی توندتر بۆ په‌روه‌رده‌کردنی مناڵه‌کانی ده‌گرێته‌به‌ر.. ڕاهێنانیان پێده‌کات،ڕاهێنان له‌چه‌مکی سلۆته‌ردایکه‌وه،بریتیه له ڕێچکه‌ی خۆدروستکردن و به‌سه‌رخۆدا زاڵبوون و سه‌رکه‌وتن. هه‌موو مێژووی ئیتیکی و ڕۆحییانه‌ی مرۆڤ هیچ نییه جگه له مه‌شقی مرۆڤ بۆ خۆهه‌ڵکشان. به‌ڵام ئه‌م ته‌کنیکه،به‌دیوێکدا مرۆڤ فێری دیسیپلین و ڕێکخستن ده‌کات،به‌دیوه‌که‌ی تردا،به‌رته‌کێکی دژی لێ ده‌بێته‌وه.واته وه‌ک سلۆته‌ردایک ده‌ڵێت ((ده‌شێت هه‌ڵه‌ی چاپی تێ بکه‌وێت.)) وه‌ک له مێژوودا بینیومانه چۆن بۆته مایه‌ی دروستبوونی دیکتاتۆره‌کان.له‌م فیلمه‌شدا به‌ره‌نجامێکی وه‌های لێ ده‌که‌وێته‌وه که باوک هێنده توند و ڕه‌ق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانیدا ده‌کات،ڕازی نییه پێی بڵێن ((بابه Dady)) به‌ڵکو ده‌بێت پێی بڵێن ((باوک Father)). به‌رته‌کی ئه‌مه‌ش گیانی توڕه‌یی و یاخیبوون لای جاکی هه‌ستیار ده‌خرۆشێت،تا جارێک به باوکی ده‌ڵێت : (( ده‌زانم ئێره ماڵی تۆیه‌و که‌ی ویستت ده‌توانی فڕێمده‌یته ده‌ره‌وه.)). به‌رامبه‌ر به ڕه‌قی و توندوتیژی باوک،ده‌رهێنه‌ر ڕووه‌که‌ی تری ڕۆحی مرۆڤمان لای دایک بۆ به‌رجه‌سته ده‌کات که ((جه‌سیکا کاستن)) زۆر ڕۆمانسییانه ده‌ینوێنێت. ئه‌و ژنێکی سه‌نگین و سه‌لاره،دایکێکی پڕ میهر و خۆشه‌ویستی و دۆستایه‌تییه،ئه‌و تێکڕا فریشته‌یه‌کی سۆزه بۆ ماڵه‌که. به‌رده‌وام له‌گه‌ل ئیشی ماڵداریدا سه‌رقاڵه،ئه‌وکاته نه‌بێت که باوک ده‌چێته ده‌ره‌وه،ئیدی په‌نجه‌ره‌کانی ڕۆحی بۆ مناڵه‌کانی ده‌کاته‌وه و سۆز و میهریان له گه‌مه‌کردن و یاریکردندا به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێت.له‌م ساتانه‌دا خۆشترین کامه‌رانی ده‌بینینه‌وه که هه‌موو مناڵێتییه‌ک پێویسته هه‌یبێت. یاریکردن به بڵقی که‌فه‌کان،حه‌زی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤی پیشانداین بۆ کایه‌کانی پێکه‌وه‌بوون،که سلۆته‌ردایک له کتێبه گه‌وره‌که‌یدا ((کایه‌ناسی که‌فه‌کان)) دا ئیشی وردی تێداکردووه. ئه‌م دوو دیمه‌نه بۆ بینه‌ر ده‌بنه فینۆمینۆلۆگیای دوانه‌لێکدژه‌کانی بوون،دووانه‌ی ((سروشت و ڕۆح)). دووانه‌ی ((ته‌نه ڕه‌قه‌کان و ته‌نه نه‌رمه‌کان)) که من له نوسینی تردا گه‌لێکجار ئاماژه‌م پێداون.
جاک ده‌بێته ئه‌رشیتێکتۆرێکی سه‌رکه‌وتوو،به‌ڵام به‌رده‌وام له‌نێو ڕاڕه‌وه‌کانی پرۆژه زه‌به‌لاحه‌کانی باڵاخانه ئاوێنه‌به‌دو شووشه‌به‌نده مۆدێرنه‌کانی ئه‌مریکادا دێت و ده‌چیت و له بیرکردنه‌وه و یادکردنه‌وه‌دایه بۆ گه‌ڕان به‌دووای ((مانای بوون))، ئه‌و هه‌میشه له‌بیرکردنه‌وه‌دایه،پرسیار له‌گه‌ردوون و بوون و ژیان ده‌کات،وامان لێده‌کات له‌به‌رده‌م شته‌کان و بوونه‌وه‌ره‌کاندا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ((یادکردنه‌وه‌ی بوون))،واته بیر له شێوازی ژیان و بوونمان له‌ناو جیهاندا بکه‌ینه‌وه. ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش له‌و هه‌ڵوێستانه‌دا ده‌هاته ڕۆحیه‌وه،کاتێک له‌گه‌ڵ باوکی‌دا شه‌ڕی ده‌کرد و به‌یه‌کدا هه‌ڵده‌شاخان،ئه‌گه‌رچیش له باوکی توڕه و زیز ده‌بوو،به‌ڵام له‌خۆشه‌ویستی باوکی ده‌ستبه‌ردار نه‌ده‌بوو،بۆیه زوو ئاشت ده‌بوونه‌وه. وه‌ک ده‌رهێنه‌ر بیه‌وێت پێمان بڵێت ئاشتی و ئاشته‌وایی بریتین له کایه‌کانی پێکه‌وه‌بوون و پردی هاتوچۆکردن بۆلای یه‌کتری.لێره‌شدا جارێکی تر من کایه‌ناسی فیلۆسۆف پیته‌ر سلۆته‌ردایکم ده‌خوێنده‌وه،کاتێک هه‌سته ناوه‌کییه‌کانمان،وه‌ک خۆشه‌ویستی و دۆستداری و ئینتیمیتێت وه‌ک کایه‌ی پێکه‌وه‌بوون،وه‌ک شوێنه ناشوێنییه‌کان و وه‌ک کایه وجودییه‌کان پێناس ده‌کات.
دیاره وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا،ئه‌م فیلمه فیلمێکی باو نییه،واته له‌سه‌ر چیرۆکێکی دراماتیکی هه‌ڵنه‌چنراوه و به‌ڕووداوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ،سیاسی و مێژوویی گرێچن نه‌کراوه،به‌ڵکو له‌پاڵ ئه‌مه‌دا له جۆره شێوازێکی دراماتیکی خێزانی ئۆبرایندا تێکڕا به وێنه‌ی ڕیالی سروشت،که میتاسروشتمان پیشانده‌دات پێکهاتووه له‌ته‌ک له‌حزه‌کانی یادکردنه‌وه و وێنه خه‌ونئامێزه‌کانی مناڵێتی دروستبووه،که بۆ بینه‌ر ده‌بنه دیارده و دیمه‌نێک له‌نێو هۆشیاریدا نه‌ک بمێننه‌وه،به‌ڵکو به‌رده‌وام بێن و بچن،لێره‌وه‌یه فیلمه‌که‌ش هاتن و چوونه له نێو وێنه‌کاندا،وه‌ک چۆن جاک به‌رده‌وام له‌نێو هاتووچۆدایه هه‌م له دنیای دره‌وه‌دا به‌نێو ڕاڕه‌وه‌کان و هه‌ڵبڕه‌که‌دا Lift وه له‌نێو شوێنه‌کانی ناوه‌وه‌یدا،واته له خه‌یاڵدانیدا.
لێره‌وه ده‌شێت بڵێین ئه‌م فیلمه شیعرێکی فه‌لسه‌فییه،تکایه‌که،یاخود ئامۆژگارییه‌که بۆ ژیان گوزه‌راندن وه‌ک خۆی،واته لێگه‌ڕێیت بوون هه‌بێت، بوون کراوه بێت بۆ ده‌ره‌وه ،چونکه له‌بووندا ((له‌ژیاندا)) حه‌زێکی جه‌وهه‌ری هه‌یه بۆ نزیکایه‌تی ئه‌مه کرۆکدارترین پێناسی هایدێگه‌ربوو بۆ مانای بوون.
هه‌روه‌ها فیلمی(( دره‌ختی ژیان)) ده‌شێت ئاماژه‌یه‌کیش بێت بۆ دره‌ختی ((گه‌شه‌کردنی ژیان)) له مانا داروینییه‌که‌یدا،که بریتییه له یاسای گه‌شه‌کردنی سروشت،به‌لایه‌کداو یاسای به‌زه‌یی، که‌بریتییه له ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستی به‌لاکه‌یتردا. هه‌ردوو ڕێگه‌که ڕیال و سورڕیالیشن،هه‌ردوو ڕێگه‌که ڕاستییه‌کی جه‌وهه‌رییانه‌ی ژیانن و له‌م دووڕێگه‌یه‌شدا مرۆڤیش بریتییه له گه‌ڵایه‌کی بچووک به‌هه‌ردوو دره‌خته‌که‌ی ژیانه‌وه.