دۆخی کتوپڕی پێشبینینەکراو

759
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار محەمەد

بۆریس گرۆیس

پێشەکی من پێم باشە کورتەیەك لەسەر بۆریس گرۆیس بدەم، وەک  فەیلەسوفی هونەر و کولتوور کە تا  ئێستا تیشك نەخراوەتە سەر کارەکانی ئەم بیرمەندە گەورەیە.

بۆریس گرۆیس لە ساڵی ١٩٤٧ لە ڕۆژهەڵاتی بەرلین لە دایك بووە. بۆ خوێندنی دواناوەندی چووە بۆ لینینگراد، کە لە هەمان شاردا توانوییەتی فەلسەفە، ماتماتیك و لۆجیك بخوێنێت، لە زانکۆی لینینگراد. پاش تەواوبوونی ماوەی وانە گوتنەوەی وەکو یاریدەدەری وانەبێژ، ڕۆشتووە بۆ مۆسکۆ و زمانەوانی وتۆتەوە لە زانکۆی مۆسکۆ. لە ساڵی ١٩٨١ یەکێتی سۆڤیەتی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەڵمانیا. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨-١٩٩٤، گرۆیس یاریدەدەری پرۆفیسۆر بووە لە بەشی فەلسەفە لە ئینستیتیوتی فەلسەفی لە زانکۆی (مونستە)، کە لە هەمان زانکۆ و لە ساڵی ١٩٩٢ دکتۆراکەی هێناوە لە فەلسەفەدا. لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤-٢٠٠٩ ئیستاتیك، مێژووی هونەر و تیۆری میدیای گوتۆتەوە لە زانکۆی (کارلسرو). لەنیوان ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٩ گرۆیس دەبێتە یەکێك لە پرۆفیسۆرە پشتپێبەستراوەکان لە بواری هونەر و زانست، لە زانکۆی نیوۆرك، ئێستاش لە هەمان زانکۆ پرۆفیسۆرە. وەکو فەیلوسوف و وتارنووس و ڕەخنەگری هونەری، وە هەروەها نووسەری چەندان کتێبی جیاواز…کارەکانی گرۆیس وەکو درێژەپێدەری بەردەوامی دایالۆگەکانی کۆمەڵێك لە بیرمەندە چاکەکانی سەدەی بیستە. لەوانەش (دێریدا، بۆدریار، دولوز، واڵتەر بنیامین).

***                                                      ***                                                ***                                            ***

پێشکەشکار: هەندێك لە پڕۆژە یوتۆپیاکان بناغەیان لەسەر ئەو هزرە داڕێژراوە کە لەکۆتاییدا ڕوون دەبنەوە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان دەبنە ماڵی بوارێکی خەمڵاندنی زانستی خەیاڵی. بە بڕوای تۆ لەم سەردەمەی ئێمەدا باشترین پڕۆژەی یوتۆپیا چییە و کامەیە؟ (بێگومان گەر هەمان بێت). ئەی خۆت هیچ پڕۆژەیەکت لایە کە دەرکی پێنەکرابێ و بتوانین پێ بڵێین یوتۆپیا؟

بۆریس گرۆیس: هەموو پڕۆژەیەکی یوتۆپی دەبێ بەپێی پلان و کۆنترۆڵ بروات بەڕێوە. ئەو پێشوەختە توانای ئێمە دەردەخات بۆ پێشبینی و لەقاڵبدانی داهاتوو. بەڵام من داهاتوو وەکو شتێکی پێشبینینەکراو و کۆنترۆڵنەکراو دەبینم…داهاتوو وەکو جێگایەك دەبینم کە پلان و یوتۆپیاکانمان تێیدا هەرەس دەهێنێت.

پێشکەشکار:  لە (لەشە نەمرەکاندا)، تۆ دەربارەی ( بایۆکۆسمیست)ەنەمرەکان دواویت…ئەوانەی لە ساڵی ١٩٢٢ باسی مانەوەی مرۆڤیان دەکرد بەشێوەیەکی هەمیشەیی، لە ڕێی نەمریی و زیندووبوونەوە و نوێبوونەوە. سەڕەڕای ئەوەش، داوای ئازادی مرۆڤیان دەکرد لە ڕۆشتن بەرەو بۆشایی دەرەوە و گەردوون، ئەمەش وەکو بەرهەڵستییەك وابوو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە شۆڕشی فەڕەنسیدا داوادەکرا. وە هەروەها ئینستیتیوتێك هەبوو بۆ گواستنەوەی خوێن، کە لەلایەن (ئەلێکساندەر بۆگدانۆڤ)ەوە دامەزرا و هەرخۆشی بەڕێوەی دەبرد. ئەو بڕوای وابوو، خوێنی کەسانی گەنج دەتوانێت کەسانی بەتەمەن گەنج بکاتەوە. چی وای لەم پڕۆژانە کرد لە کاتی خۆیاندا بە شێوەیەکی باش بڵاو ببنەوە و دەربکەون؟ ئەی کاردانەوەی کۆمەڵگا و دامەزراوە سیاسییەکان چیبوو لەو دەمەدا؟

بۆریس گرۆیس: ئەوە ئەو کاتە بوو کە هیوای کۆنترۆڵ کردنی داهاتوو زۆر بەهێز بوو. وە هەروەها دەوڵەتی سۆشیالیستی ئەو دەمە ئەگەری ڕێکخستنی هەموو کۆمەڵگای بەرەو یەك ئامانجی بێهاوتای هاوبەش کردەوە. پرسیارەکە تەنها ئەوەبوو: دەبێت ئەو ئامانجە چ جۆرە ئامانجێك بێت؟ نەمر بوونی هەموو کەسێك، ئامانجێکی زۆر فریودەر بوو. بەڵام، ئەمەش تەنها لە ڕوانگەیەکی دوورەوە بەوجۆرە بوو.

پێشکەشکار:  تۆ لە چەندین شوێن ئەوەت ڕاگەیاندووە، کە یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی هونەر هێڵکارییەکانییەتی بۆ داهاتوو. بە پشتبەستن بەمە، وادیارە هونەر بەڵێنێکمان پێدەدات…بەڵێنێکی سەد لە سەدی هەتاهەتاییمان پێدەدات. بەڕێگایەك، ئەم بیرۆکەیە سەربەخۆییەکی تایبەت دەدات بە هونەر، بەوەی کە هونەر لەداهاتوودا پێویستی بە زمانحاڵبوونی خۆیەتی. ئەو کارە هونەرییەی کە دەتوانێت بە کاتدا گەشت بکات؛  ئایا دەکرێت مێژووە هونەرییەکەی خۆیشی بگوازێتەوە؟ ئەی یادەوەرییەکەی لەکوێدا خۆی داڵدە دەدات؟

بۆریس گرۆیس:  بێگومان ئەوە پرسیارێکی سەختە. کارە هونەرییەکان توانای ئەوەیان هەیە ژیانی ئەو سەردەمەی کە کارە هونەرییەکەی تیادا درووستکراوە بگوازێتەوە بۆ دەمی ئێستامان. بەهەمان شێوە کارە هونەرییەکە درێژە بەژیانی ئەو مانایە دەدات کە باسی لێکراوە، لەو ژینگە مێژووییەی کە کارەکەی تێدا بەرهەم هاتووە. داهاتوو مانای زۆر و جیاواز و هەمەچەشن دەداتە پاڵ ئەم کارە، بەلای منەوە: کاری هونەری مێژووییانە سەرکەوتوو دەبێت، ئەگەر بێت و بتوانێت هەموو ئەو مانایانە لەخۆبگرێت.

پێشکەشکار: گەر ئێمە وا بیر بکەینەوە کە ئەرشیفکردن، ئامێری جێبەجێکردنی هونەری هاوچەرخە بۆ ئەو هونەرەی دێت، کەوایە بەرپرسیارییەتی ڕەخنەی هونەری چییە لەو ئیشانەی پەیوەندییان بە داهاتووەوە هەیە؟

بۆریس گرۆیس:  پێم وانییە ڕۆڵی ڕەخنەی هونەری لەم بابەتەدا گرنگ بێت. پێکهاتەی ئەرشیفکردنی کاری هونەری، بەهەمان شێوە دەرئەنجامی فاکتەری زۆرە، لەوانە: ئابوریی، سیاسی، تەنانەت سەربازیش. وە بەختی زۆریش لێرەدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت. بەڵام ڕەخنەی هونەری، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئەرشیفی هونەری…وە هەروەها ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن بەشێوەیەکی تەواوەتی کەوتۆتە ناو کولتوورەوە.

پێشکەشکار:  یەکێك لە شتە باوەکانی ئەم سەردەمەی ئێمە، لەڕادەبەدەری بەکارهێنانی پێشگری (پۆست)ە. بێجگە لە وەلانانی کۆنسێپتە کۆنەکان بۆ چەندین جار، ئەو ئەو بێتواناییە دەخاتەڕوو بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کۆنسێپتانە و ڕەنگە کەمی بوێریش هۆکار بێت بۆ درووست نەبوونی کۆنسێپتی نوێ. ئایا دەکرێ لە (پۆست مۆدێرنیزم) دەربچین، یاخود ئەمە بۆ هەتا هەتایە بەردەوامی دەبێت؟

بۆریس گرۆیس: ئەگەر پۆستمۆدێرنە بوونیشی هەبووبێ، ئەوە لەمێژە تەواو بووە. بەڵام بەکارهێنانی پێشگری (پۆست) هێشتا زۆرە، ئەوە دروستە، (پۆست) ئەرکێکی گرنگی هەیە. ئەوە بۆ ئەزمونێکی هاوبەش دەگەڕێتەوە کە هەموو کۆمەڵگا هەیەتی، کە خەڵکی یەک دەخات. هەربۆیە کەسێك دێت و باسی دوای ١١ ی سیپتێمبەر دەکات، یاخود دوای جەنگی سارد، یان ئەو کاتەی ئینتەرنێت سەریهەڵدا. کە ئەمە ئەگەری ئەوە دەدات بە تاك  کە بەرەو ئەزموونێکی هاوبەش بڕوات و زەمینەیەکی هاوبەش بدۆزێتەوە.

پێشکەشکار: داهاتوو شتێکە ماوە بێت. ئێمە لە <<ئێستا>>دا دەژین، ئەوەی کە ئێمە پێیدەڵێین <<دەمی، کاتیی>>، یاخود لانیکەم پێمان وایە لە ئێستادا دەژین. بە گەڕانەوە بۆ ئەمە، پێت وانییە داهاتوو گەورەترین یوتۆپیا بێت؟ مەبەستم ئەوەیە، داهاتوو شتێکە کە ناتوانرێ ڕووبدات چونکە ئێمە تەنها دەتوانین ئەزموونی ئێستا و ئەم ساتە بکەین. ئایا ئێمە بەندکراوی <<ئێستا>>ین؟

بۆریس گرۆیس: نەخێر ئێمە بەندکراوی <<ئێستا>> نین. هەرچەندە ئێمە لە <<ئێستا>>دا دەژین، بەڵام بایی هێندە دەزانین کە ئەم <<ئێستا>>یە پاش تێپەڕینی کاتێکی دیاریکراو نامێنێ، هەموو شتێك دەڕوات و دەگۆڕێت بە بەردەوامی. ئەم زانینە، مەودایەك دروست دەکات لەنێوان ئێمە و <<هاودەمیی>>ەکەمان. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە دەتوانین هونەری هاوچەرخ بخوڵقێنین.

پێشکەشکار: پڕۆژەی مۆدێرنە، پڕۆژەیەك بوو کاری لەسەر ئاڕاستەگیری داهاتوو دەکرد، بە مەیلێکی بەهێزەوە بۆ  ڕەتکردنەوەی ڕابردوو و ترادیسیۆن. بەڵام ئێستا دەتوانین بڵێین: مۆدێرنە بووە بە ترادیسیۆنێکی سەرەکی بۆ هونەری هاوچەرخ! من پێم وایە هەموو هونەرمەند و کارە هونەرییەکان و تیۆریەکانیش، خۆیان بۆ پێداچوونەوە، شیکردنەوە و ڕەخنەگرتنی مۆدێرنە تەرخانکردووە. ئایا ڕابردوو پڕۆژەی هونەریی سەرەکییە بۆ داهاتوو؟ ئایا سەرنەکەوتنی پڕۆژەی مۆدێرنە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، هۆکارەکە بوو بۆ گومانکردن لە داهاتوو لە هەندێ بابەتدا، تەنانەت لە هونەریش؟

بۆریس گرۆیس: من دەڵێم، ئەمڕۆکە ئێمە ڕێزمان بۆ داهاتوو زۆرترە. بڕوامان بەوەش نییە کە نەخشاندن و کۆنترۆڵ زۆر ئاسانبن. کەوایە ئێمە هێشتا پەیوەستین بە داهاتووەوە، بەڵام بە بیرکردنەوەیەکی باشتر و ئاگاداربوونێکی زیاتر.

پێشکەشکار: تۆ پێشتر ئەوەت گوت، کە دەڵێین <<دەمیی>> مەبەستمان ئەوەیە (لەگەڵ کات)دا بین، وەك لەوەی (لەناو کات)دا بین. کار و فەرمانی هونەر چییە بە هەبوونی بیرۆکەی <<دەمیی>>بوون لەناویدا؟

بۆریس گرۆیس: ئێمە لە <<دەم، سات>> دا دەژین، بەڵام لەڕاستیدا دەرکی پێناکەین. <<هاودەمیی>> بوونەکانمان بووە بە گڵۆباڵ، بەڵام ئاساییانە ئێمە تەنها بەشێکی بچوکی دەبینین. ئەم بە گڵۆباڵ بوونە هەلی ئەوە دەدات بە هونەرمەند کە ئەو ڕوانگە تەسکەی <<بەرتەسکی لەبیرکردنەوە>> هەیەتی لەبیرکردنەوەدا، تێیبپەڕێنێ و بە شێوە گشتییەکەی تەماشای دونیای هاوچەرخ بکات.

هونەرمەندە هاوچەرخەکان هەمان میدیای تیرۆریستەکان بەکاردێنن، فۆتۆو ڤیدیۆ و فیلم.
– بۆریس گرۆیس

پێشکەشکار: سایمۆن کریچلێی دەڵێت: پێویستە لەسەرمان کە چەمکی ئایدیۆلۆجیبوونی داهاتوو وەلانێین، کە هەمیشە بەهێزترین کارتی بردنەوە و بەرەوپێشچوونی کاپیتاڵیستەکانە. داهاتوو وەکو کاتێکی کتوپڕ و لەناکاو ناسراوە کە ناتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین، هەرچەندە وا دەردەکەوێت ڕژێمی کاپیتاڵیزم پشت بە داهاتوو ببەستێت بە ئەندازەی ئەوەی <<ئێستا>>ی بۆ بخاتە مەترسییەوە. ئایا ئێمە داهاتوومان لە ژێر ئایدیۆلۆجیبوونی کەپیتاڵیزمدا لەدەست داوە؟

بۆریس گرۆیس:  ڕاستە من هاوڕام لەسەر ئەوەی داهاتوو پێشبینینەکراوە، وە شتێکە کەپیتاڵیزم بۆ پلانەکانی زۆر چاوی لەسەرییەتی، بەڵام داهاتوو بەهەمانشێوە لەلایەن سۆشیالیستەکان و مۆدێرینستەکان و یوتۆپیاکانی ئاڤانت گارد چاوی لەسەرە.

پێشکەشکار: هەندێك کار و هەوڵی هونەری زۆر هەیە کە کەم تا زۆر سەرکەوتووانە، لێکدانەوەی ئەو مانەیەی کە کارەکانیان لەخۆیانگرتووە بۆ بینەر بەجێدێڵن. هەندێکات پاسیڤ بوون زۆر دەبێت کاتێك هەستدەکەین کە ئەو کارە شایەنی ئەو هەموو هیلاکبوونە نییە و ناگەین بە هیچ جێگایەك تیایدا. لێرەدا پاسیڤ بوون دەبەستمەوە بە بێورەکردن و دامرکاندنەوە، و پێم وایە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە کەمتەرخەمییەوە نییە. ئایا ئەم ڕایە باوە دەربارەی بینەریی هونەری هاوچەرخ راستە؟

بۆریس گرۆیس:  لە ڕووی ماناوە هەموو بینەرێک پاسیڤە. بەڵام هەموو کارێکی هونەری سەرنجڕاکێش هێزێکی شاراوەی هەیە کە بوێری دەدات بە بینەر تا ئەو پاسیڤیەتییە وەلانێ و هەر خودی بینەرەکە بکات بە هونەرمەند، یاخود وایانلێدەکات شۆڕش هەڵبگیرسێنن، یاخود واینلێدەکات ژیانیان بگۆڕێت.

پێشکەشکار: وتەکەی جۆزیف بۆیس کە دەڵێت <<هەموو کەسێك هونەرمەندە>> بە ئەندازەی ئەم بارودۆخەی ئێستامان بەناوبانگە. ئێستاکە مانای هونەر بۆ هەموومان تا ڕادەیەکی زۆر ڕوونە، بەڵام ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هەموومان هونەرمەند بین؟

بۆریس گرۆیس: بۆیس مەبەستی لەوەیە کە هەموو چالاکییەکی ئابوریی دەکرێ وەك هەوڵێکی هونەری لێی تێبگەین. بۆ ئەو << درێژەپێدەری چەمکی ئابوریی هاوجووتە لەگەڵ درێژەپێدەری چەمکی هونەر>>. بەڵام من پێم وایە هونەر هەلی ئەوەی هەیە کە هەڵوێست لە دژی ئابوریی وەربگرێت، هەڵوێست لە دژی ئەقڵانییەت وەربگرێت، هەڵوێست لە دژی خودی مرۆڤ و ئارەزووەکانی مرۆڤ وەربگرێت. هەرچەندە ئەم هەلە بۆ هەموو کەسێك بەردەست بێت، هەموو کەسێك بەکاری ناهێنێت.

پێشکەشکار: یەکێك لە گەورەترین دیبەیتەکانی هونەری هاوچەرخ و مۆدێرن، پەیوەندی نێوان هونەر و سیاسەتە، ئەمەش ڕۆڵێکی گەورەی پێدراوە لە کارەکانتدا. لە ڕووە مێژووییەکەیەوە، پەیوەندییەکی باش هەبووە لەنێوان هونەر و کایەی نواندن، لەدوای ئەوەش وەکو ئەوە بیری لێکراوەتەوە کە دژی ڕاستی <<واقع>> بوەستێتەوە. ئایا هونەر دەبێتە هۆی قەرەبووکردنەوەی ئەو سپەیسەی کە هونەرمەندان بەرپرسیارەتییەکەیان هەڵگرتووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە دەبێت ئەنجامبدرێت لە کایە جیهانییەکەدا؟

بۆریس گرۆیس: ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە بایەخی تەواوەتی بە ئابوریی و سیاسەت دراوە، ئەمەش کرۆکی دیموکراسییە. بەڵام هونەر قۆناغێکی وای دروستکرد کە سیاسەت و هەڵسوکەوتە مۆڕاڵییەکان دەکرێ دابڕێژرێتەوە بەو جۆرەی کە نەخزێنرێنە ناو زۆرینەوە و پاڵپشتی زۆرینە بەدەست نەهێنێت. سیاسەت و هونەر لە یەک سپەیسی گشتیدا کار دەکەن، بەڵام هونەر ئازادە لە زۆرێك لەو ڕێگرییانەی کە سیاسەت هەیەتی و دەبێ ئەنجامیان بدات. کەسێکی سیاسی دەبێت پاڵپشتی و دەنگی زۆرینەی جەماوەر بەدەستبهێنێت، بەڵام هونەرمەند سەربەخۆیە، تەنانەت گەر ئەو ناوچەیەش کە کاری تێدا دەکات ڕێگری بۆ درووست بکەن.

پێشکەشکار: دەمەوێ بە پرسیارێکی تایبەتی کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە بێنم. ئەویش کار لەسەر ئەندێشەکردن دەکا و  لە هەرجارێکیدا پەیوەندی بە جۆری بەرهەمەکەوە هەیە. کاتێك کە منداڵ بوویت، حەزت دەکرد ببیت بەچی کاتێك گەورە دەبیت؟

بۆریس گرۆیس: ڕەنگە توشی سەڕسومان ببیت، بەڵام کاتێک کە منداڵ بووم، دەمویست هەمان ئەو کارە بکەم کە ئێستا دەیکەم: نووسین لەسەر هونەر و کولتوور.

 

سەرچاوە:

کتێبی a brief history of the future

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: