درز یان کرانەوە بە ڕووی خۆی ڕامینەکراو

941
0
بڵاوکردنەوە:

کۆچیرۆکی (درزێک لە پشت سەرمەوەیە)ی (ڕامیار محەمەد)

نووسینی: سۆران ئازاد

تۆمەتێکی زۆر ڕەوایەتپێدراو خراوەتە پاڵ چیرۆکنووس، ڕۆماننووس و شاعیرەکان، کە ئەو جۆرەی توخمەی مرۆڤ نەک ئەوەی دەستکاری ڕاستەقینە یان واقیع دەکەن، بەڵکوو هەستیان بۆ ڕاستەقینە وەکوو ئێمەی ناو خەونەکانمانین. کاتی خۆی لە خۆوە نەبوو، کە (ئەفلاتوون) ئەو جۆرە مرۆڤانەی کۆمار-بەدەر کردن و نەیویست ببن بە بەشێک لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی بەبێ ئەوەی سەبارەت بە فۆڕمە نموونەییەکانی خۆی، خۆی ڕووبەڕووی پرسیار بکاتەوە. بەڵام من بۆچوونێکی ترم هەیە لەمەڕ ئەو جۆرە توخمەی مرۆڤ و نووسەران. من پێم وایە ئەوانە جۆرێکن لە گەڕیدە بۆ شوێن و مەودای زۆر دوورتر دەڕۆن. ئەوان بە ڕێکەوت بەلای ئێمەدا تێدەپەڕن و لەو گەشتەکانیاندا سەربوردەی ئەو کۆمەڵانە دەگێڕنەوە، کە لە دوورەوە دەیانبینن. کاتێک (فریدریک نیتشە) دەنووسێت: “ئەوانەی سەمایان دەکرد، کاتێک دەبینران لە لایەن ئەوانەی گوێیان لە مۆسیقاکە نەدەبوو، بە شێت دادەنران.” (نیتشە) لێرەدا نیگەرانییەکەی دروستە، بەڵام ئەوەی زۆرجار ئەو جۆرەی نووسەران وێنای دەکەن و دەگێڕنەوە، سەما نییە، بەڵکوو شتی ترسناکی ترن. لەو ڕووەوە، کەسێک پێویست ناکات گوێی لە مۆسیقاکە بێت بۆ ئەوەی لە دوورەوە ئەوانە بە شێت بزانێت. چیرۆکنووس و ڕۆماننووسەکان هەمان شت دەکەن. ئەوان لە بنەڕەتدا وا دەردەکەون، کە لە ڕاستەقینەی ژیانی ئێمە تێناگەن. بۆ نموونە، تێناگەن لەوەی کوشتن و خوێنڕشتن هەلومەرج و بونیادی خۆی هەیە و هەر کاتێک ئێمە لەو بونیاد و هەلومەرجانە تێگەیشتین، ئەو جۆرە سەرسامی و هاتوهاوارەی ئەوان نامێنێت. ئەوە لانی کەم بەرگریی ئێمەیە لە خۆمان. بەڵام ئەوان دەزانن هەلومەرج و بونیادەکان هەر شتێک بکەن، هەر جۆرە مۆسیقایەک بێت، کە ئێمەی خستووەتە ئەو جۆرە جەنگە ناسروشتییە لەگەڵ بوون و ژیانی خۆمان، ئەو جۆرە سەمایەی ئێمە، کە توندوتیژی و نامۆییە، لە بنەڕەتدا شێتییە. (ڕامیار محەمەد) لە کۆچیرۆکی (درزێک لە پشت سەرمەوەیە) هەوڵ دەدات وێنای ئەو شێتییە بکات.

ناونیشانی کۆچیرۆکەکە هەندێک کۆدی گشتگیرمان لەبارەی ئەو مەودایانە پێ دەبەخشێت، کە بڕیارە بەر ئێمە بکەون. ئەگەر لەڕووی سیمۆلۆجی یان سیمۆتیکەوە لە ناونیشانەکە ورد بینەوە، دەبینین، کە (درز) لێرەدا بە واتای جۆرێک لە شەقبوون، یان دروستتر بڵێین، کرانەوە دێت. (سەر)، کە لە تێگەیشتنی گشتی ئاماژەیە بۆ بیرکردنەوە و مەڵبەندی هۆش، لە ڕووی جەستەییەوە داخراوە، وەک چۆن مەوداکانی هۆشیش سنووردار و داخراون. ئەو جۆرە درزە، یان کرانەوەیە، ئاماژەیە بە تێپەڕاندنی سنووری سەپێنراو و باو بۆ ئەوەی بیرکردنەوە خۆی لەو مەودا داخراوانە ڕزگار بکات. هەر لە چیرۆکی یەکەم، کە ناونیشانی کۆچیرۆکەکەی لێ وەرگیراوە، بە ناوی (چەقۆکەی ئەوی تر)، دەبینین، کە کارەکتەری سەرەکی بەدەست ئەو درزەوە تۆقاوە، بەڵام هەمان تۆقینە، کە وا دەکات بڕیار بدات شتێک بکات، یان ڕاستییەکەی هەمان کرانەوەیە، کە ئەو کارەکتەرە ئاڕاستەی ڕووداوێک دەکات، کە بیرۆکەی کوشتنی کەسێکی نەناسراوە بە بێ ئەوەی هیچ پلانێک هەبێت، هیچ کەسێک هەبێت و هیچ سەرەداوی ئەو بیرۆکەیە هەبێت. ئەو کەسە، کە بە نیوەشەو ماڵ جێدەهێڵێت، ڕووبەڕووی کەسێک دەبێتەوە، کە لە بنەڕەتدا خۆیەتی. لەپاش مشتومڕی زۆر، بڕیار دەدات، کە کەسەکە بکوژێت، بەڵام خۆی لە لایەن ئەوەوە دەکوژرێت. کاتێک خۆی دەکوژرێت، بکوژەکە شوێن خۆی دەگرێتەوە، کە خودی ڕاستەقینەی خۆیەتی. ئەو (خۆ)یە ڕاستەقینە، کە (خۆ)یەکی ڕامینەکراوە، هیچ لە جیهانی کۆمەڵایەتی تێناگات، بۆیە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ نموونە، کە دەڕوات بۆ باڕ، دەبێتەوە بە بکوژ کاتێک گارسۆنی باڕەکە بەر چەقۆ دەدات.

 

ئەوەی (ڕامیار محەمەد) دەیەوێت لەو چیرۆکەدا وێنای بکات، ململانێی نێوان کەسێتی و خودێتییە. کەسێتی بەرهەمی کۆمەڵگە، هەلومەرج و پەروەردەیە، لە کاتێکدا خودێتی یان خۆ هێزێکی ڕامینەکراوی سروشتییە. بە واتایەکی تر، کەسێتی دەمامکی خودێتییە. هەر خودی چەمکی کەسێتی (persona) لە زمانی یۆنانی کۆندا لەو دەمامکەوە هاتووە، کە ئەکتەرەکان لە کاتی نمایشدا بۆ شاردنەوەی ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆیان لەسەر سەکۆ بە کاریان دەهێنا. من لە پەرتووکی (کایەکانی هێز)، لە دیدی (نیتشە)دا، بە وردی ئیشم لەسەر بابەتی ڕامیکردن یان دەستەمۆکردنی مرۆڤ لە شارستانێتییەکاندا کردووە، کە چۆن شارستانێتی یان ژیاری لەسەر بنەمای خەساندنی هێزە سروشتییەکانی مرۆڤ بونیاد دەنرێت، بەڵام ئەو جۆرە ڕامیرکردنە لەسەر خەرجی نامۆبوونی مرۆڤە، کە لەو چیرۆکەدا بەری دەکەوین. خۆی نامۆ لە چیرۆکەکدا دەست دەکات بە کوشتنی ئەو کەسێتییەی، کە ڕێگە لە پاڵنەرەکانی دەگرێت ئازادانە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. بەڵام کاتێک خۆی جڵەو دەگرێتە دەست، خۆیشی لەناو کۆمەڵی مرۆڤەکانی تردا ڕووبەڕووی نامۆیی دەبێتەوە. ئەو سەرلێشێواوانە دەڕوات بۆ باڕ بۆ خواردنەوە. هیچ جۆرە تێگەیشتنێکی بۆ بارودۆخەکە نییە، چونکە تازە لە کوشتنی کەسێتیی خۆی گەڕاوەتەوە. کاتێک دەیەوێت باڕەکە جێبهێڵێت، گارسۆنەکە دەیوەستێنێت و داوای پارەی لێ دەکات. ئەو (خۆ)یە ڕامینەکراوە زمانی وەستان و ناچارکردن ناناسێت و پێی ئاشنا نییە، بۆیە خۆڕسکانە گارسۆنەکە دەکوژێت. لەو جۆرە دۆخەدا، پێناسەی ئەو خۆیە ونە و لە ئاکامدا سەرلێشێواوە. ئەو جۆرە نامۆبوونە لە چیرۆکی (شەوی کوژانەوەی ڤینۆس) ئامادەیی هەیە، بەڵام لە فۆڕمی خەوبینیندا نەک پێوەندیی بەرجەستە لەگەڵ ئەوانی تردا. بەڵام خودی خەوەکە هەست و خۆڕسکە شاراوەکانی ئەو (خۆ)یە ڕامینەکراوە دەردەخات، کە ململانێیە لەنێوان ویستی شکاندنی تابوو و ترس و لەرزەکانی کەسێتی. لەو چیرۆکەدا، (ڕامیار محەمەد) دەمانخاتە بەردەم خۆییەک، کە سەرەڕای ئەوەی خاوەن پەروەردەی کۆمەڵایەتییە و سەروکاری لەگەڵ بواری ڕۆشنبیرییدا هەیە، بەڵام بوونەوەرێکی ناکەلتوورییە بەو واتایەی هاوسەنگی و ئاواشتەوایی لەنێوان خۆڕسکە سێکسوالیتییەکان و دەربڕینی ئەو پاڵنەرە بە شێوەیەکی کەلتووری و داهێنەرانە نائامادەیە. لەوێشدا، دووبارە کەسێتی دەمامکە بۆ شاردنەوەی خۆڕسکە شاراوەکانی خۆی ڕامینەکراو. هەرچی لە چیرۆکی سێیەمە، ئێمە دەبینین، کە چۆن کارەکتەرێکی وریا و شارەزا لە بوارە جیاوازەکان، کە خاوەن بۆچوونی تایبەت و جیاوازە لەمەڕ کایە جیاوازەکان دەبێت بە دڕندەیەک لە تاریکیدا کاتێک هەر بەڕاستی ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە. ئەو جۆرە ڕووبەڕووبوونەوانە تەنیا کاتێک ڕوو دەدات، کە کارەکتەرەکان دەست بۆ شتی تابوو دەبەن بە تایبەت تابووی سێکسوالیتی. لەوێ دایە، کە سێکسوالیتی وەکوو پاڵنەری ڕاستەوخۆ خۆ-یە ڕامینەکراوەکە بە ئاگا دەهێنێتەوە لە شوێن و کاتێکدا، کە هەلومەرجەکان ڕەخساون، بۆ نموونە تاریکی، دووەرە-ماڵ، نیوەشەو و تەنیابوون لەگەڵ یەکتردا. هەرچی لە چیرۆکی (لە چاوەڕوانی پاسی پارادایسدا)ە، ئێمە ڕووبەڕووی کارەکتەرێک دەبینەوە، کە دەستی لەوە هەڵگرتووە لەوەی لەناو وەهم و خەونەکانیدا بە دوای تێرکردنی حەزە دێوەزمەییەکانیدا بگەڕێت، بەڵکوو دەیەوێت بە گەیشتن بە بەختەوەری ئاگری خولیا و خۆڕسکە شاراوەکانی دابمرکێنێت. ئەو چیرۆکە لەوەدا سەرنجڕاکێشە، کە کارەکتەر واز لە هەموو جۆرە چالاکییەکان دەهێنێت، چ چالاکی ناوەکی، وەک ئەوەی لە چیرۆکەکانی پێشووتردا وێنای کردووە، کە چالاکی ترسناک و پڕ تابوون، چ چالاکی دەرەکی، بۆ نموونە گەڕان بە دوای بەختەوەریدا لەناو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو جۆرە خۆ-بێبەریکردنە لە بنەڕەتدا پشتکردنە ئەو خۆ-یە ڕامینەکراوەیە، کە کارەکتەرەکان ڕووبەڕووی چارەنووسی شووم دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا، خۆ-دابڕاندنە لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتی و بازاڕییەکان. لە گەشتی دۆزینەوەی بەختەوەریدا، کارەکتەر بۆی ڕوون دەبێتەوە، کە هیچ پاسێک بۆ ئەو شوێنە ناڕوات، بەڵکوو پاسی ڕاستەقینە بۆ بەهەشت لە ناوەوەی مرۆڤ خۆی دایە.

بە دیدی من، تێمای چیرۆکەکان جیاواز و داهێنەرانەن. (ڕامیار محەمەد) لەوەدا سەرکەوتوو بووە، کە خەسڵەتە شاراوەکانی کارەکتەرەکان بە گێڕانەوەیەکی تۆکمە بخاتەڕوو. ئەوەی، کە زیاتر دەکرا ئیشی لەسەر بکرێت ئەوەیە، کە گێڕانەوە لە چیرۆکە جیاوازەکاندا هەمان شەپۆل و ڕیتمی نەبێت، وەک چۆن خەسڵەتی کارەکتەرەکانیش، لەوانە خولیا، کەسایەتی و ژینگە دەکرا جیاوازتر بوونایە لە یەکتر. ئەو دوو ڕەهەندە گرنگە بۆ ئەوەی چیرۆکێک خۆی لە چیرۆکەکانی تر جیا بکاتەوە. (ڕامیار محەمەد) بەو خەرمانە هزری و شارەزاییەی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیەتی ئاسۆ و سەرچاوەی بەرفراوانتری لە بەردەمە بۆ کاری داهێنەرانەی زیاتر.

بڵاوکردنەوە: