دینسگەیت

770
0
بڵاوکردنەوە:

ئەو ڕۆژانە

شار پڕ بوو لە ژاوەژاوی خەڵک،

هەموان بۆ ئاسمان دەگریان،

ئاژوەری پاسەکان بە ڕووخسارێکی خەماوی

دەیانڕوانییە سەرنشینەکان و کەس لە خۆی نەدەچوو.

 

لەسەر پردەکەی دینسگەیت

پیرێژنێکی دەموچاو خاڵخاڵی پشت چەماوە،

بە پیرە پیاوەکەی دەگوت: ئای هاوڕێ

ئەم شارە بووە بە ڕووباری یادەوەریی،

کەس بیری نایەت ئێرە سەردەمێک

داڵدەی خەونی هەموومان بوو،

بەڵام ئێمە ون بووین؛

عیسامان پیر کرد لە چاوەڕوانیی خۆماندا.

 

 

لەوبەری شەقامی چارلتن

بایەکی زۆر قورس دێ،

دەستی خۆم دەگرم و

بەدوای خەونەکانی تۆدا ڕادەکەم،

وەکوو ئەو ڕۆژانەی لە ئەنگۆلۆمێ

بەدوای فرمێسکەکانمدا سەرگەردان بووم.

ژنێکی فەڕەنسی پێی گوتم:

ئێرە شوێنی ناشتنی تەرمی

نادیدەی یادەوەریی گەشتیارانە.

 

هەر بەرەو تۆ دێم و

گەر نەگەم،

خوێنی خۆم بەسەر دیواری ڕووخاوی

خانووی ئەم جەنگاوەرانەدا هەڵدەواسم،

کە لە ڕۆژی حەشر

دەبنە نێوەندگیری یەزیدی کوڕی معاویە و

دەست بۆ ئیمامی حوسێن بەرز دەکەنەوە.

بەبێ هیچ گوناهێک پارچەکانی لەشم بۆ خۆیان دەبەن و

دابەشی دەکەن بەسەر جەنگاوەرەکانیاندا.

 

بەڵام لەنێو ئەو ڕووبارە خوێنینەدا

پێیان پێدەکەنم و دەست دەخەمە گیرفانمەوە،

هێشتا هەر بەرەو تۆ دێم و

لە قووڵاییی شەوەکانمەوە، سەیری چاوەکانت دەکەم

کە دەڵێی شمشێرە هەڵکێشراوەکەی خودان

بە دەستی خالیدی کوڕی وەلیدەوە

ئەستێرەکان لەسەر ئیزنی مانگ

بە پارچەکراوی دەبرژێنن!

 

دینسگەیت، هێشتا ئێوارەیە

هێشتا کەس نازانێ بەرەو کوێ دەڕوات ئەم بێ هیواییە،

ڕێبواران بە ڕووخسارێکی خەماوییەوە

ماڵاوایی لە یەکتری دەکەن.

دایکم دەیگوت: سەردەمی قووڕەیشییەکان

خوێن هەرزانتر بووە لە فرمێسک،

کەس نەیزانیوە یەک و یەک دەکاتە دوو.

ئەو پێی وایە ڕۆژگاری دڵداران و ئیمانداران

لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت و

لە ڕۆژاوا، بەرەو ناشوێن هەنگاو دەنێ.

 

 

خەونەکانم لەسەر ئاپارتمانەکانی ئەم شارە

بە ناتەواوی جێ دەهێڵم،

دەڕۆم و بەدوای خۆمدا ڕادەکەم،

لە ناوەڕاستی شەقامەکە

وێنەکەی جۆرج ئیلیەت دەبینم،

بیر لەتۆ دەکەمەوە و

دەست دەخەمە سەر سینەی چەپم؛

بەخۆم دەڵێم: هێشتا من باشم.

بۆت دەنووسم:

لە یاسای بیرکاری ئەم ئێوارەیەی مندا

من و نەورەسێک،

من و مراوییەکی قەراغ ئاوەکە،

بەبێ تۆ یەکسانین بە چاوەڕوانی.

 

دینسگەیت، ئێوارەکە ئاوا دەبێ و

شەو دێتە نێوان پەنجەکانمان،

هەریەکە، لەبەر خۆیەوە دەپەیڤێ

گۆرانیبێژەکە بە ئاوازێکی غەمگینەوە

لە تەنیشت وێستگەی شەمەندەفەرەکە دەچڕێ:

Oh babe i miss you, you know?

منیش هێشتا هەر دەڕۆم و بەرەو تۆ دێم

 

تکایە ئاگات لە چاوەکانت بێ،

با

ڕێگاکەم

لێ ون

نەبێت.

 

ئای! دینسگەیت

تۆ چەند درەوشاوەی لەنێو ئەم تاریکییەدا

کاتێک چاوە وردیلەکەکانی

لەنێو تۆدا وەکوو مانگ دەدرەوشێنەوە.

دلۆڤان عەلی

 مانچستەر، ٢٥- ٥- ٢٠٢٠

بڵاوکردنەوە: