هه‌ندرێن
سپینۆزا 1632-1672یه‌کێکه له‌و فێلوسووفانه‌ی که چه‌مک و ئاکامگیریی روانگه فه‌لسه‌فییه‌کانی به رێگای مێتۆدی گیۆمێتریی، چه‌شنه هاوکێشه‌یه‌کی ماتماتیکیه‌وه شرۆڤه ده‌کا. له‌بۆیه ره‌نگه له سه‌ره‌تا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شێوازه له فه‌لسه‌فاندنه وشک و رووته‌نی/ئه‌بستراکت بنوێنێ. لێ کاتێک خوێنه‌ر به‌ناو ناخی ئه‌و ئاسۆیه وشک و رووته‌نییه‌دا رۆده‌چێ، وێجا له‌مدیو ئه‌و ئاسۆیه‌دا ده‌توانێ فره ره‌هه‌ندییه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی سپینۆزا فامبکا. سپینۆزا به شیوازی مێتودی گیۆمێترییه‌وه به ده‌نگێکی خورته‌وه باسی دۆستایه‌تی نێوان هزرین و ژیان ده‌کا. له کن سپینۆزا ئاگایی مرۆڤ ئاوێنه‌یه‌که له‌و ژیانه‌ی به‌رچاومان. مرۆڤیش به ته‌نیا به‌و رێگایه‌وه زانیاریی له‌سه‌ر گه‌وهه‌ری خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌کا. لای تاک و گشت‌دا زانیارییه ئاوه‌زیی و رامانه نه‌ستییه‌کان وه‌ک یه‌کاتییه‌ک لێکده‌ترنجێن.
هاوکاتیش سپینۆزا له بری ئاوه‌ز ئاوڕ بۆ لای جه‌سته ده‌داته‌وه یان به ده‌ربڕینێکی دیکه ئه‌و له گۆشه‌نیگای ئیپستمۆلۆژییه‌وه (زانستی زانین) له‌مه‌ڕ فیزیک ده‌هزرێ. چونکه جه‌سته مۆدێلی هه‌ڵس و که‌وتکردنه، هه‌روه‌ک هه‌ڵسوکه‌وتکردنیش گه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی خودی سپینۆزایه. له‌و دیده‌وه سپینۆزا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که کایه‌ی جه‌سته و پێکگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا سنووردار بکا. له‌بۆیه ئه‌وه‌ی که گرنگه بزانرێ ئه‌و سۆنگه و ئاکامگیرییانه‌یه که له کایه‌ی جه‌سته‌کانه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێن. له دواجاردا ئێمه سیسته‌مێکی ره‌وشتگه‌رایی دروست ده‌که‌ین و هه‌ر له‌و سیسته‌مه‌شدا جه‌سته‌کان به‌ند ده‌که‌ین.
ئا لێره‌وه نیتشه و سپینۆزا له‌سه‌ر ئه‌و روانگه‌یه‌وه نزیکایه‌تییه‌کیان پێکڤه هه‌یه. سپینۆزا دوو سه‌ده به‌ر له نیتشه له‌مه‌ڕ ژێنیالۆژیای ره‌وشت په‌یڤیووه و له‌مدیو دووانه‌ی شه‌ڕ و خێریشدا سۆراخی ژیانی کردووه. پاش ئه‌و نیتشه وه‌ک په‌یامبه‌رێکی نێهێلیست هات و بێباکانه کرۆکی ره‌وشتی له مێشکی کۆیله‌کاندا بۆ ئێمه نمایشکرد. فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه دابڕانێکه له گشت ئه‌و پاشخانانه‌ی که زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌و مرۆڤه نوێباوه خۆشکرد. نیتشه به پێچه‌وانه‌ی ژیانی مێتافیزیکیانه‌ی مه‌سیحی خولیای ژیانێک بوو له سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌دا. نیتشه، ئه‌و مرۆڤه هه‌ڵشاخیووه به رێگای په‌یامبه‌ره نموونه‌یی و دونیاخوازه‌که‌یه‌وه به ده‌نگێکی به‌رزه‌وه هاواری “مردنی خوا”ی راگه‌یاند. له بری ئه‌مه‌ش وتی: “من سوێند به‌سه‌ری ئێوه ده‌خۆم، برایه‌کانم”.
هه‌ڵبه‌ته گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ نیتشه و به‌راوردکردنی ئه‌و له‌گه‌ڵ سپینۆزادا، بابه‌تێکه هه‌تا حه‌ز بکه‌ین سه‌رنجکێش و چیژداره، لێ لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین ته‌نیا له دیدی سپینۆزا و نیتشه‌وه به سوکه‌ڵه گفتوگۆیه‌ک له‌مه‌ڕ “سۆزه خه‌مگینه‌کان” و روحی “رێسنتیمێنت-بوغزاوی” نمایشبکه‌ین. لێره‌دا به یادی خوێنه‌ر ده‌هێنینه‌وه، که ئێمه پێشتر له وتاری “ئاکاری چاکه؛ به‌رپرسیارییه‌ک له خۆناسکردن و خرۆشاندنی هێزی ناوه‌کی” (له گۆڤاری رامان بڵاوکراوه‌ته‌وه)، قسه‌مان ره‌وشت و ئێتیک له دیدی نیتشه و ئه‌رستۆدا کردووه. له‌بۆیه ده‌کرێ ئه‌م وتاره‌ش به‌رده‌وامییه‌ک ره‌هه‌ندێکی دێکه بێ له‌و وتاره‌دا. وێڕای ئه‌مه‌ش، ئه‌م نووسینه خوێندنه‌وه‌ی سه‌رتاپای بیرۆکه فه‌لسه‌فییه‌کانی ئه‌و دوو فێلوسووفه نییه، به‌ڵکو ته‌نیا شرۆڤه کردنی ئه‌و دوو چه‌مکه یان بیرۆکه‌ی ئه‌وانه.
له درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین دوای چڕکردنه‌وه‌ی بیرۆکه لێکچووه‌کانی نێوان سپینۆزا و نیتشه، به کورتیله رامانێک ئاکامگیرییه‌ک له له کۆی بیرۆکه‌کان نمایشبکه‌ین.
لێره‌وه خوێنه‌ر ده‌توانێ له‌ژێر رۆشنایی تێڕاونینه‌کانی هه‌ردوو فێلوسووفدا روحی گه‌نده‌ڵی، “خۆبه‌کمزان”، په‌تای “بوغزاندن” له ده‌ماری نووسه‌ر و سیاسییه‌کانی کورد تاو و توێ بکا.
ئه‌نتی – پاشخانی باڵاده‌ستیی له لای سپینۆزا و نیتشه‌دا
له دیدی سپینۆزاوه خوا تاکه گه‌وهه‌رێکه که بریتییه له خودی خۆی و هه‌ر خۆشی به ته‌نیا توانای درک کردن و تێگه‌یشتنی هه‌یه.
ناتوانن گوزاره له خۆیان بکه‌ن، چونکه (modus) هیچ یه‌کێک له تاکه‌کان، یان هه‌ر یه‌ک له
گه‌وهه‌ری خواوه‌ند له گشت بوونێکدا ئاماده‌یه؛ خودی خۆی خاوه‌ن وزه‌ی ژیانه. له جه‌م سپینۆزادا خودی ئه‌و خاوه‌ن وزه‌ی ژیانه “کاکڵه‌ی ئێتیک-ئاکار چاکه‌یه”:
” ئه‌و کۆششه سه‌رباری ئه‌مه‌ش که شته‌کان خۆیان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ن که ببن به Conatus
بوونی خۆیان، بێجگه له بوونی واقیعی شته‌کان هیچی تر نیین… خاوه‌ن بوونی وزه‌ی ژیان بێجگه له بوون له خودی شت‌دا هیچی تر نییه، که شت له‌و ئاسته‌دا له ئارادایه وه‌ک خۆشی ببینرێ و له هه‌بوونه‌که‌یدا به‌رده‌وام بێ .” (1)
ده‌کرێ ئه‌و خاوه‌ن توانای وزه‌ی ژیانه کارامه‌ییه‌ک بێ له کن مرۆڤدا که بواری نه‌دا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌وه بڕیار بدا، واتا بوونی پاشخانی ئه‌و وزه‌یه نه‌توانێ بڕیار له‌سه‌ر خودی گه‌وهه‌ره‌که‌مان بدا. که‌واته ئێمه ده‌بێ، به گوێره‌ی هێزی ناوه‌کیمانه‌وه وست و ره‌فتارمان هاوئاهه‌نگ بکه‌ین.
سپینۆزا له‌مه‌ڕ داهێنانی خود له لایه‌ن خودی مرۆڤه‌وه پێی وایه که “نه خوایه‌ک یان هێزێک نییه که به ویستی خۆی بریار له‌سه‌ر شێوه‌ی جیهان بدا. به دیوێکی دیکه‌ش ئه‌و هێزه گه‌وره‌یه یان گه‌وهه‌ری باڵا، پاڵنه‌ری گشت ژیانه… که‌واته مرۆڤ ده‌توانێ وزه‌ی خۆی بخرۆشێنێ که به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ته‌واوی سرووشت و جیهاندا تێ‌بگا و به دوای داهێنانی ژیانیدا بگه‌ڕێت”. (2)
له دیدی سپینۆزاوه سرووشتی مرۆڤ جۆرێکه که له باریدایه زانیاریی ده‌سته‌به‌ر بکا. کاتێک مرۆڤ زانیارییه‌کانی فره‌وان ده‌بن ئه‌وکاته سرووشته ناوه‌کییه‌که‌شی زێده‌تر به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤ خدوو به شته ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه بگرێ، ئازاره‌کانی زێده‌تر ده‌بێ. له‌بۆیه سپینۆزا هانی مرۆڤ ده‌دا به رووی زانیارییه بێکۆتاییه‌کاندا ببێته‌وه:
“هه‌ر بۆیه ئه‌وه‌ی که له‌مه‌ڕ نه‌مری خوا و بوونه بێکۆتاییه‌کان بۆ هه‌مووان پێکه‌وه زانیاریی ده‌به‌خشێ به هه‌مان ئاست به‌شێکه له‌و گشتایه‌تییه… هه‌ڵبه‌ته به‌و شێوه‌یه هه‌ر یه‌ک له‌مانه ده‌توانێ زانیاریی زیاتر به ده‌ست بێهێنێ، هاوکاتیش مرۆڤ سه‌باره‌ت به خۆی و خوا باشتر هوشیار ده‌بێته‌وه، واتا پێگه‌یشتووتر ده‌بێ…” (3)
به‌مجۆره مرۆڤ ده‌بێ به تێگه‌یشتن له خودی خۆی ئه‌و توانسته ده‌سته‌به‌ر بکا که له‌باریدا هه‌بێ له رێگای نه‌مری سرووشته‌وه، که له ناو خۆی و هه‌مووشتێکدا هه‌یه، بڕیار له‌سه‌ر ژیانی خۆی بدا و گه‌وهه‌ره‌که‌شی بخرۆشێنێ. له کن سپینۆزا مرۆڤ ده‌بێ خۆی فێر بکا که رووبه‌ڕووی سه‌فه‌ری ناوه‌کی خۆیدا ببێته‌وه. لێره‌وه ده‌کرێ بێژین که ئه‌و بیرۆکه‌ی سپینۆزا به جۆرێک له جۆره‌کان پاشان له بیرۆکه‌ی نیتشه‌دا سه‌باره‌ت به ره‌چه‌ڵه‌کی ره‌وشت ده‌له‌رێته‌وه. به واتایه‌کی تر، ره‌نگه “تیۆری سپینۆزا له‌مه‌ڕ سۆز و جۆش، ره‌تکردنه‌وه‌ی گشت ره‌وشتگه‌رایی و به‌هایه باڵایه‌کان، سه‌رنجی نیتشه‌ی کێشکردبێت. به دیدی سپینۆزا ئێمه له پێناو کاری چاکه و خێردا هه‌وڵناده‌ین، چونکه ئه‌مه خۆی چاکه و خێره هه‌ر بۆیه ئێمه به هۆی خۆره هۆکارێکه‌وه به‌دوای چاکه و خێردا حه‌وداڵین (قازانجکردن، شادی، سوود و …تاد”. (4)
هاوکاتیش نیتشه ده‌خوازێ مرۆڤ هه‌روه‌ک ئیستا له‌م ژیانه‌دا بژی، چونکه بێجگه له‌و ژیانه‌ی ئێستا ژیانێکی تر له گۆڕیدا نییه. له دیدی نیتشه‌وه، ژیان بریتی نییه له ره‌تکردنه‌وه‌ی، به‌ڵکو ژیان بریتییه له “به‌ڵێیه‌کی دیۆنیسییانه بۆ ژیان”. مرۆڤی نیتشه‌یی ئه‌وه‌ی که پێویسته هه‌ڵیده‌بژێرێت، ئه‌وه‌ی که له هه‌تا هه‌تاییدا ده‌ژی هه‌ڵده‌بژێرێت، نه‌ک شتێکی تر. به کورتی مرۆڤ ئه‌و ئه‌رکه هه‌ڵده‌بژێرێ که باڵاتریانه. له‌رینه‌وه‌ی دیۆنیسی له ژیاندا به دوای هه‌تا هه‌تاییدا ده‌گه‌ڕێ. له‌بۆیه نیتشه فه‌لسه‌فه‌که‌ی خۆی به “هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌یه‌ک له هه‌موو به‌هایه‌کان” ناودێر کرد. له‌م روانگه‌یه‌وه نیتشه به راشکاوی به رووی “ره‌وشتی مه‌سیحی” هه‌ڵشاخا. چونکه به واتای نیشته ره‌وشتی مه‌سیحی سرووشت به گشتی ره‌تده‌کاته‌وه. نیتشه له کتێبی “ره‌چه‌ڵه‌کی ره‌وشت”دا، ره‌وشتی مه‌سیحی وه‌ک پرینسیپێکی “دژه ژیان” ناودێر ده‌کا. چونکه ره‌وشتی مه‌سیحی لاواندنه‌وه و به‌زه‌یی به ئازار به‌خشی، هاوکاتیش ئازایه‌تی به ملکه‌چیی و لاوازی به‌خشی، ئه‌مه‌ش وای له‌وانه‌ی که بڕوایان به خۆیان نییه کرد که به بیانۆی پیاوچاکیی و ویژدانه‌وه گشت نه‌خۆشی و ئازاره‌کان به‌رده‌وام بن. له کن نیتشه ژیان له کرۆکی خۆیدا بریتییه له ئه‌فراندن، سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی که لاوازن، بنده‌ستن. به کورتی ژیان له کن ئه‌و بریتییه له ویستی ده‌سه‌ڵات. لێره‌وه ئه‌و رامانگه‌له له روحی مرۆڤه بوغزاوییه‌کان له سه‌رشاری بیرۆکه ناوداره‌که‌ی نیتشه هه‌ڵده‌قووڵێن که له دابه‌شکردن له نێوان “ره‌وشتی باڵاده‌ست” و “ره‌وشتی کۆیله”دا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه:
“ئێستا ئێمه‌ی لاواز جارێک لاوازین؛ ئه‌وه ته‌واو راسته ئه‌گه‌ر ئێمه شتێک نه‌که‌ین که ئێمه به‌هێز نین، ئیتر به‌سه ده‌بێ بیکه‌ین…” (5)
پێوانه ره‌وشتییه‌کان یان قه‌ڵه‌مڕه‌ون یانیش کۆیله و بنده‌سته‌کانن. له دیدی ره‌وشتی قه‌ڵه‌مڕه‌ودا “باش” و “خراپ” هه‌مان واتای “شکۆمه‌ند” و “دزێوی” ده‌گه‌یه‌نێ. بووده‌ڵه‌کان ده‌بنه ترسنۆک و خۆیان ریسوا ده‌که‌ن. به‌ڵام مرۆڤی شکۆمه‌ند له به‌هایه‌کانه‌وه خۆی دروستده‌کا. له‌وێدا ئازارخۆره‌کان، ئه‌و نائازادانه‌ی که هه‌موو شتێک ده‌ڕه‌وشتێنن، به‌هایه ره‌وشتییه‌کانی تر زیندوو ده‌که‌نه‌وه. ته‌واوی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه واده‌که‌ن که ژیانی ئازار خۆره‌کان به‌دیار بکه‌ون. لێره‌وه هاوسۆزی، دڵگه‌رمی و خۆبه‌که‌مزانین به‌رانبه‌ر شه‌ره‌ف و به‌هاداری دێته ئاراوه. به گوێره‌ی ره‌وشتی باڵاده‌سته‌وه “باش” به‌رهه‌مداری ده‌به‌خشێ. که‌چی به گوێره‌ی ره‌وشتی کۆیله‌وه “خراپه” به‌رهه‌مداری ده‌به‌خشێ. له ئاکامی ئه‌وه‌دا بێده‌سه‌ڵات ده‌بێته “باشه”، ترسنۆکییش ده‌بێته “خۆبه‌که‌مزانی” و ملکه‌چکردن. ئه‌وانه رقیان له “ئازار” ده‌بێته‌وه و له‌رزۆکییش لای ئه‌وانه ده‌بێته هه‌ستێک که تۆڵه نه‌که‌نه‌وه، یان به واتای نیتشه “ئه‌شقی دوژمنه‌کانیان بن”. نیتشه سه‌باره‌ت به‌وه ئه‌وها ده‌په‌یڤێ: “بێده‌سه‌ڵات، که تۆڵه ناکاته‌وه، ده‌بێته جۆره “باشه‌یه‌ک”. هه‌روا ترسنۆکی ملکه‌چیش خۆی “به‌که‌مده‌زانێ”. ملکه‌چی له بنده‌ستی ئه‌وه‌ی که مرۆ رقی لێده‌بێته‌وه ده‌بێته “خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان”… مرۆی لاوازی خه‌مسارد له ویستی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌و ترسنۆکییه‌ی که ئه‌و تا ئه‌وپه‌ڕی توانا به‌هره‌داره له‌وه، شێوازه‌که‌ی که له‌به‌ر ده‌رگایه، وه‌ک بێده‌نگێک، چاوه‌ڕوانه-ته‌واوی ئه‌مانه زیاتر ناوێکی زایه‌ڵه‌دار وه‌رده‌گرێ… هه‌روا (کۆیله) “دوژمنه‌که‌ی خۆشده‌وێ”- به‌مجۆره مرۆ که‌مێک ئاره‌قه ده‌کا…”.(6)
زۆرێک له ره‌خنه‌گرانی نیتشه پێیان وایه نیتشه له به‌شێکی له بیرۆکه‌کانی، به تایبه‌تیش سه‌باره‌ت به مرۆڤه لاوازه‌کان، دژی دیمۆکراتی و مرۆڤدۆستییه. لێ هزره‌کانی له‌مه‌ڕ مرۆڤی نوێباوی ئه‌م رۆژگاره هه‌تا ئێستاش مایه‌ی بایه‌خن. به بڕوای نیتشه، ئاسته‌نگی ئه‌و مرۆڤه نوێباوه به خه‌ونه‌کانی خۆیه‌وه ده‌تلێته‌وه، که‌چی له بری ئه‌وه‌ی روو بکاته ویستی ئازاد بوون، هانا بۆ ئه‌وه ده‌با، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ، خۆی له‌و ئازاره بدزێته‌وه. به دیدی نیتشه ئایین یه‌کێکه له‌و بیانۆیانه‌ی که مرۆڤ بۆ خۆدزینه‌وه له ئازاره‌کانی په‌نای بۆ بردووه. که‌واته ئایین خه‌ونێکه تاکوو مرۆڤ له دوای مردنی ژیانێکی به‌هه‌شتی بۆ خۆی مه‌یسه‌ر بکا و به‌مه‌ش خۆی له‌و ژیانه راستییه بشارێته‌وه. له‌بۆیه نیتشه گرێکییه کۆنه‌کان په‌سن ده‌دا. له کن نیتشه‌دا گرێکییه‌کان چه‌شنه مرۆڤێکی جیاواز بوون. له جڤاکی گرێکی کۆندا بۆ یه‌کمجار کو‌لتوور رسکا و ره‌گی دێونیسی و ئه‌پۆلۆنی پێکڤه هاوئاهه‌نگییه‌کیان له ژیاندا سازاند. نیتشه له کتێبی “له دایکبوونی تراژیدیا”دا وه‌ک به‌رهه‌مێک باسی هونه‌ر ده‌کا، له‌وێدا هونه‌ری دیۆنیسی رۆڵی هه‌ست و نه‌ست ده‌بینێ و هونه‌ری ئه‌پۆلۆنیش رۆڵی ئاوه‌ز. به بڕوای نیتشه هه‌ر ئه‌و دوو هێزه‌ش بوون که کولتووری گرێکیان ده‌وڵه‌مه‌ند کرد، به‌رهه‌مه دانسقه‌که‌ی هۆمیرۆسیش یه‌کێکه له‌و به‌رهه‌مه مه‌زنانه‌ی که ئه‌و روحه تراژیادییه ئه‌فراندی.
نیتشه ره‌وشت وه‌ک ده‌ربڕینێک بۆ “ئه‌سکێت/زاهیدێکی ئایدیال”ی فامده‌کا. به واتایه‌کی تر: نیتشه وه‌ک چه‌شنه مێتافیزیکێکی ئایدیالی سه‌یری ره‌وشت ده‌کا. له کن نیتشه‌دا، ژیانی ئێمه له سرووشته‌وه ره‌گئاژۆیه، به‌هایه‌کان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژیانێکی ته‌واو جیاوازدا سڕ ده‌بن، ئه‌و ژیانه کاتێک رووبه‌ڕووی ژیانێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌بێته‌وه، به دژی خۆی ده‌بێته‌وه. هه‌ر ئه‌و ئایدیاله‌شه که نیتشه له هه‌موو شێوه‌کانیدا وه‌ک ئایدیالێکی دژه ژیان گه‌مارۆیان ده‌دا.
سپینۆزاش وه‌ک نیتشه رووبه‌ڕووی ئه‌و هێزه ده‌ره‌کییانه ده‌بێته‌وه که تۆڵه له ژیانمان ده‌که‌نه‌وه. به‌مجۆره ئه‌گه‌ر هێزی ئێمه له هێزی سرووشت سۆزی که‌متر بوو، ئه‌وکاته هێزه ده‌ره‌کییه‌کان تووشی سۆزه که‌هێله‌کانمان ده‌که‌ن. له دیدی سپینۆزاوه ئه‌وه ئاکامی سۆزی جه‌سته‌کانه. کاتێک جه‌سته‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌کی دیکه داده‌نێت په‌یوه‌ندییه ناوه‌کییه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ده‌گونجێن و به‌مه‌ش جه‌سته‌کان په‌یوه‌ندی تر ده‌سازێنن. سپینۆزا ئه‌و سۆزه به “سۆزێکی شاد” ناودێر ده‌کا. شادی هێزی هه‌ڵسوکه‌وته‌کان به‌رز ده‌کاته‌وه. ئاکامی سۆزی شادییش ده‌بێته ئه‌ڤین. چونکه ئه‌ڤین خه‌م نییه به‌ڵکو زایه‌ڵه‌ی ژیانه، به تایبه‌تیش ئه‌وکاته‌ی که هێزی ئێمه ترۆپکی ئه‌ڤین ده‌پێکێ. له‌بۆیه ئه‌ڤینداره‌کان گرنگترین مرۆڤن، به کورتی ئه‌و مرۆڤانه تژین له وزه و جووڵه، ویستگه‌رایی. ئه‌گه‌ر ئێمه هێزی زه‌ویی و رۆشنایی ژیان له ئامێز بگرین، پێوسیته هه‌میشه ئه‌ڤیندار بین.
وێڕای ئه‌مه‌ش کاتێک جه‌سته‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌کی دیکه بکا، هێزه ده‌ره‌کییه‌کان ناتوانن یه‌کبگرن، له‌وێدا هه‌ردوو جه‌سته‌که له‌یه‌کتر ده‌ترازێن. به واتای سپینۆزا: “کاتێک روح به شه‌پۆڵی سۆز گه‌مارۆ ده‌درێ، هاوده‌م جه‌سته له سۆزدا به‌رده‌وام ده‌بێ له میانه‌ی ئه‌وه‌شدا هێزه کاهرایه‌کان زۆرتر ده‌بن یانیش که‌متر ده‌بن. به‌مجۆره ئه‌و دژه سۆزه جه‌سته‌ییه له وزه‌ی هۆکرده‌که‌ی ده‌بێته بوونه‌که‌ی…”(7)
چونکه هه‌ردوو جه‌سته ناتوانن یه‌کتری چاڵاک بکه‌ن. کاتێک دوو جه‌سته نابنه یه‌ک، ئیتر ناتوانن یه‌کتر مشتوماڵ بکه‌ن. ئه‌مه‌ش سۆزێک ده‌به‌خشێ، که سپینۆزا به “سۆزه خه‌مباره‌کان” ناودێری ده‌کا. سۆزه خه‌مباره‌کان خه‌م به‌رهه‌مده‌هێنن و خه‌میش کاکڵه‌ی ژیان تێکده‌شکێنێ. له روانگه‌ی سپینۆزاوه ده‌توانین بێێژین که رق زاده‌ی خودی ره‌وشتی کۆیله‌یه. هه‌روه‌ک ده‌زانین که نیتشه به هه‌مان شێوه‌ش دژی ره‌وشتی کۆیله بوو. چونکه کۆیله هه‌میشه خه‌مگینه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆیله پێی وایه ده‌چه‌وسێته‌وه. لێره‌وه کۆیله دژی به‌ڵێیه بۆ ژیان. چونکه کۆیله سۆزێکی خه‌مباری دژی ئه‌وانی تر و دژی خۆشی هه‌یه. په‌یوه‌ندی نێوان کۆیله و ده‌سه‌ڵاتدار به‌و سۆزه خه‌مباره دروستده‌کرێت. ره‌وشتی باڵاده‌ستیش پێوسیتی به‌و هه‌سته نه‌خۆشه، واتا کۆیله هه‌یه.
له دواجاردا به واتای نیتشه رقی کۆیله‌دار و ره‌وشتی کۆیله دژی خودی ژیانه. باڵاده‌ست یان کۆیله‌دار تاکوو ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی زیاتر بکا ده‌خوازێ ئه‌و سۆزه خه‌مباره په‌ره پێ‌بدا و قووڵیبکاته‌وه. له دیدی نیتشه‌وه “قه‌شه و پیاوانی زانست” ره‌وشتی خۆیان له خاکی ژیاندا ده‌چێنن. نیتشه له “ره‌چه‌ڵه‌کی ره‌وشت” دا پێمان ده‌ڵێ که “ئایدیالی ئه‌سکێت/زاهید” و “زانستوانه‌کان” ناخوازن ئێمه دڵخۆش بین و باوه‌شی خۆمان بۆ ژیان و ئه‌ڤین ئاوه‌ڵا بکه‌ینه‌وه، به‌ڵکو ئه‌وان ده‌خوازن ئێمه خه‌مگین و که‌هێل بین.
به بڕوای سپینۆزا و نیتشه ره‌وشتی کۆیله‌دار و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌کان هه‌میشه دژی روحانییه‌تن. روحانییه‌ت له کرۆکدا واتای ئه‌ڤین بۆ ژیان، به‌ڵێ بۆ ژیان ده‌گه‌یه‌نێ. سپینۆزا و نیتشه، به واتای فرێدریکا سپیندله‌ر: “له فه‌لسه‌فه یه‌کاتییه‌کاندا ناسنامه‌یه‌کی نوێ بۆ مرۆڤ ده‌ئافرێنن، هه‌ناسه‌یه‌کی تر به مرۆڤ ده‌به‌خشن که بتوانێ په‌ره به خۆی بدا و وه‌ک هێزێکی بیرکه‌ره‌وه‌ی کارا خۆی پێناسه بکا که به‌رپرسیاره به‌رانبه‌ر ژیانه‌که‌ی… هه‌ڵبه‌ته کتومت له‌و خاڵه‌دا سپینۆزا و نیتشه له یه‌کتر جوودا ده‌بنه‌وه”. (8)
مرۆڤێک به روحانییه‌تیه‌که‌ی ته‌واوی په‌یامی ژیان له روحی خۆیدا سه‌ر مه‌ست ده‌کا.
به‌مجۆره وه‌ک ده‌بینین سپینۆزا و نیتشه دژی سۆزه خه‌مباره‌کانن، چونکه سۆزه خه‌مباره‌کان ویستی ژیان و په‌رۆشییه‌کانی مرۆڤ ده‌کوژن.
سه‌باره‌ت به‌مه ژیل دولۆز پێمان ده‌ڵێ که سپینۆزا دژی سێ که‌سایه‌تی بوو، یه‌که‌میان مرۆڤێکی داهێزراو و دووه‌میان ئه‌و مرۆڤه‌ی که سوود له سۆز، له دۆخێکی خه‌مناکی وه‌رده‌گرێ. سێیه‌میشیان مرۆڤێک که پێویستی به‌و سۆزه خه‌مگینانه‌وه هه‌یه تاکوو هێزه‌که‌ی زیاتر بکا، بۆ نموونه، کۆیله، سته‌مگه‌ر و قه‌شه. (9)
کورتیله رامانێک
جێگه‌ی سه‌رنجه که سپینۆزا و نیتشه، وێڕای جیاوازی زۆری نێوان سه‌رده‌مه‌که‌شیان،فره ره‌هه‌ندییه‌ک بۆ ئازادی تاکه‌که‌سه‌کان ئاوه‌ڵا ده‌که‌نه‌وه. تاکه‌که‌س له کن سپینۆزا توانایی و وزه‌یه، چونکه تاکه‌که‌س سۆزێکی کارا و کاریگه‌ری هه‌یه. لێ هاوکاتیش تاکه‌که‌س به ئازادی له دایک نابێ، به‌ڵکو خۆی ئازاد ده‌کا.لێره‌دا ده‌بێ بێژین که مه‌به‌ستمان له ئازادی ئه‌و ئازادی نییه، که ئیدیۆلۆگییه‌کانی ئه‌م رۆژگار یان له کوردستاندا پێناسه‌ی ده‌که‌ن، چونکه له‌و دیدانه‌وه ئه‌وانه ئێمه‌یان ئازاد کردووه یان ئه‌و ئازادییه‌مان له سرووشتی خۆمانه‌وه هه‌یه. ئه‌و ته‌رزه ئازادییه جۆره روانینێکی هه‌ڵبه‌ستراوه و ئه‌و ئیدیۆلۆگیی و ده‌سه‌ڵاتانه‌ش به‌مه مرۆڤ فریو ده‌ده‌ن. دیاره نیتشه ئه‌و تاکه فێلوسووفه بوو که به رووی ئه‌و ئازادییه هه‌ڵبه‌ستراوه وه‌ستا. که‌واته ئێمه تاکه‌که‌س نین، به‌ڵکو ده‌بین به تاکه‌که‌س، هه‌روه‌ک ئێمه ئازاد نین، به‌ڵکو خۆمان ئازاد ده‌که‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بین ده‌بێ هه‌میشه کارا بین.
وێڕای ئه‌مه‌ش سپینۆزا ئازادی تاکه‌که‌س وه‌ک جۆره پرۆسه‌یه‌ک راڤه ده‌کا که کرده کارایه‌کان مشتوماڵ ده‌کا. به دیدی سپینۆزا تاکه‌که‌س ئه‌وکاته ئازاد ده‌بێ که ئه‌و توانی وزه‌که‌ی، “کۆناتوس”ه‌که‌ی زیاتر بکا. ئه‌و وزه‌یه‌ش ته‌نیا به شادمانی و چاڵاکییه جه‌سته‌ییه‌کانه‌وه زێده‌تر ده‌بێ. شادمانی هه‌ر ته‌نیا وزه‌ی تاکه‌که‌س زێتر ناکا به‌ڵکو ئازادییه‌که‌شی فره‌وانتر ده‌کا.
له کۆتاییدا ده‌کرێ ئاماژه به‌وه بکه‌ین، که چاندنی تۆوی کۆیله‌یی له روحی کورد له لایه‌ن کۆیله‌داره‌کانییه‌وه، واتا داگیرکارانییه‌وه، هه‌میشه له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دایه هێزه ده‌ره‌کییه‌کان ئازادی بکه‌ن. له‌بۆیه ره‌نگه یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی که وای له کورد کردووه هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌رانبه‌ر ویستی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له‌رزۆک بێ. وێڕای ئه‌مه‌ش ره‌نگه هه‌ر کارایی ئه‌و “سۆزه خه‌مبار” و “روحه بوغزاوی” بێ له روحی مرۆی سیاسی کورد که له چرکه‌ساته وه‌رچه‌رخێنه‌ره‌کاندا نه‌توانێ به بڕیارێکی ویستگه‌رایانه ئه‌و دابڕانه چاوه‌ڕوانکراوه له بوونی بنده‌ست و کۆیله‌یی کورد دروستبکا؛ به راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به رووی کۆیله‌دار، ده‌سه‌ڵاتداره بوغزاوییه‌کاندا راپه‌رموێ.
2007.6 ستۆکهۆلم
ژێده‌ر:
- Benedictus Spinoza,(2001) Etiken Antal sidor: 316 Utgivningsår: 2001 Förlag: Bokförlaget Thales, del111, teori 7 و del 1V, Bvis av teori. S. 26.
- Fredrika Spindler, Nietzsche om Spinoza, tidskriften ”Värld och vetande”, Nr1, 1993, S. 20.
- Spinoza, Etiken, teori 46, del, 11 و anmärkningen av teori 31, del V.
- Jan Sjunnsesson, Radikala spinozister, Res Publica, Spinoza tema, S. 241.
- Nietzsche, Om moralens härstamning, Övers. Jan Sjögren, Rabin Prisma, Stockholm,
- هه‌مان سه‌رچاوه: لاپه‌ڕه: 49
- Spinoza, Etiken , del 1V, teori 7, bevis.
- Fredrika Spindlar, Nietzsche om Spinoza, tidskriften Värld och vetande, S. 19
- Gilles Deleuze, Den etiska världsbilden, Res Publica, Spinoza tema, S. 266.
- Sjunnesson, . Radikala spinozister, S. 243