گەڕانەوە بەرەو فەلسەفە دێرینەکان

198
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: لوک فیری

وەرگێڕانی: سامان عەلی

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، گەڕانەوەی بەهێزی هەریەک لە دەروونناسیی ئەرێنی و پەرەپێدانی مرۆیی بەرەو فەلسەفە دێرینەکان و بەتایبەتی بوزیزم و ڕەواقیزم وەک دوو نموونەی فەلسەفەکانی شادیی دەبینن. چونکە بۆ ئەوەی سەبارەت بە شادیی ڕاستەقینە بدوێین، پێویست بە بوونی دوو مەرجی سەرەکی دەکات کە پێشتر فەلسەفە دێرینەکان بە تێروتەسەلی لە بارەیانەوە دواون، ئەو دوو مەرجەش ئەمانەن: یەکەم؛ پێویستە تەبایی و وێکچوونێکی تەواو لە نێوان ئارەزووەکانمان و ڕاستیی و خواستە هەرە ڕیشەییەکانمان و کۆسمۆس(le cosmos)دا هەبێت. بەڵام هاوکات دەبێت، شایانی باسە ئەمە مەرجی دووەمیشە، ئەو تەبایی و وێکچوونە تەنها تەبایی و وێکچوونێکی سەرپێی و ڕاگوزار نەبێت وەک دۆخی ئارەزووە کاتییەکانی لە نموونەی خواردنەوە و نووستن و خواردن، بەڵکو دەبێت تا دوایین ڕۆژی ژیانمان توندوتۆڵ و بەردەوام بن ئەگەر توانیمان بەپێی پێویست کار لەسەر دەستنیشانکردنی ئارەزووە سەرەکییەکانی خۆمان بکەین تا بەو پێکەوە گونجانە بەردەوامە لە کاتتدا دەگەین.

بەڵام هەمیشە بایەکان بە خواستی کەشتییەکان هەڵ ناکەن، لەبەر ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە کە ئارەزووەکانی من و ژیان هەمیشە تەبا و ڕێک نین، ئەوە کەمترین شتە دەتوانرێت بگوترێت، بەهەرحاڵ، هیچ هۆیەکیش نییە تا ڕێک و تەبا بن. هەر ئەوەشە ئەو شتەی وا لە ڕەواقییەکان دەکات لە بانگهێشتکردنی خەڵکدا بۆ گۆڕینی ئارەزووەکانی خۆیان نەک گۆڕینی سیستەمی جیهان، ماندوێتی نەناس بن و نەزانن بێزار بوون چییە. شایانی باسە ڕەواقییەکان لە ڕێگای پەیڕەوکردنی دوو چەشن لە ڕاهێنانی فەلسەفییەوە، کە دەروونناسیی ئەرێنیی لەم ساڵانەی دواییدا زیندووی کردوونەتەوە، خەڵک بانگهێشت دەکەن. ڕاهێنانی یەکەم بەندە بە فێربوونی چێژ وەرگرتن لە ئێستا، لە ڕێگای پیادەکردنی ئەو شتەوە کە بە لاتینی پێی دەگوترێت (carpe diem)، واتە قۆستنەوەی هەل، خۆشویستنی ئەوەی کە هەیە، لێرە و لە ئێستادا. ڕابووردوو، لە ڕێگای هەستێکی بەهێزەوە کە سۆزە بۆ سەردەمێکی خۆش، پەلکێشمان دەکات، بەڵام داهاتوو لە ڕێگای هەستێکەوە کە هیچ لە هەستی پێشوو کەم بەهێزتر نییە و کە ئومێدە، لە دەست چرکەساتی ئێستا دەمانڕفێنێت. بەڵام لەڕاستییدا، ڕابووردوو بوونی نییە، داهاتووش هێشتا نەهاتووە، بە تەنها هەر ئێستا هەیە، بەو جۆرەی سینیکا دەڵێت ئەوەندە زۆر لە دەستی هەڵدێین، “دەرفەتی ژیان لە دەست دەدەین”. لەو ڕوانگەیەوە، پێویستە مرۆڤ فێری “بەڵێ” کردن بۆ ژیان بێت، ژیان هەرچۆنێک بێت. دەگێڕنەوە ئیپیکتیتوس بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تاقەت و بەرگەی هەموو چەشنە ئەشکەنجەدانێک دەگرێت. کاتێک ڕۆژێک لە ڕۆژان بووە بەندەی سەردارێکی دڵڕەق، سەردارە دڵڕەقەکە بڕیاریدا بەمەبەستی تاقیکردنەوەی دروستیی فەلسەفەی ڕەواقی، لە ڕێگای شکاندنی لاقی ئیپیکتیتوس بە شێنەیی و کاوەخۆ، ئەشکەنجەی ئیپیکتیتوس بدات. دەڵێن ئیپیکتیتوس بەرامبەر بە ئازار و ئێش، ددانی بە خۆیدا گرت و هیچ گازاندەیەکی نەکرد، واتای باوی وشەی بەربڵاوی “ڕەواقی” لەوێوە هاتووە، بەوپێیەی ڕەواقی کەسێکە کە بەرامبەر بە ڕووداوەکان ناچەمێتەوە.

هەرچی ڕاهێنانی دووەمە، مرۆڤ پاڵی “وابەستە نەبوون” دەنێت. ڕەواقییەکان و بوزییەکان پێیان وایە ئەرکی سەر شانی مرۆڤ ئەوەیە فێری وابەستە نەبوون ببێت، وابەستە نەبوون هەم بە بوونەوەرەکان و هەم بە شتەکانیشەوە، ئیتر چ کەلوپەلە کەرەستەییەکان بن یاخود کەسەکان کە مرۆڤ خۆشی دەوێن، بۆ نموونە وەک ژنەکەی و منداڵەکانی، واتە کەسە نزیکەکان بەشێوەیەکی گشتی. وابەستە بوون یاخود هۆگریی، شێتییە بۆ خۆی، ئەگەر ئەوە لەبەر چاو بگرین کە ڕاستیی گەردوون لەوەدایە هەموو شتێک لەناو دەچێت و دەبڕێتەوە و کۆتایی دێت. مەگەر هیراکلیتس –ی فەیلەسووفی گریک ناڵێت: “هەموو شتێک دەڕوات و هیچ شتێک تا سەر نییە”؟ ئەگەر هۆگری شتێک یاخود کەسێکی دیاریکراو بووم، کاتێک یاخود ڕۆژێک دێت تیایدا ئەو پەیوەندییە کۆتایی دێت و هەرچی پەژارە و خەمی هەمەجۆرە لەپاش خۆی بەجێی دەهێڵێت. دواجار دەروونناسیی ئەرێنی، لە ڕێگای سروش وەرگرتن لەو فەلسەفە دێرینانەوە، ئامۆژگارییمان دەکات شوێن پێی هەمان هەنگاوەکانی کار کردن لەسەر خود هەڵبگرین لەپێناو تەبا بوونی تەواو لەگەڵ ژیان، وەک جۆرێک لە گەڕاندنەوەی ڕێز بۆ دێرینان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵ و جڤاکی نوێدا. ئەو ئامۆژگارییانە لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە کە ئەو چەشنە لە دەروونناسی لەنێو گۆڤار و کتێبە هەرە پڕفرۆشەکاندا دەیانخاتە ڕوو، لە نـوونەی ئامۆژگاریی: چێژ وەرگرتن لە چرکەساتی ئێستا، فێربوونی هونەری گوێ پێ نەدان، خۆپاراستن لە هۆگرایەتی و وابەستە بوون، نیشتەجێ بوون و مانەوە لەنێو جەستەدا، ئەنجامدانی بڕێک ڕەفتاری چاک بەشێوەیەکی ڕۆژانە، دەستهەڵگرتن لە ڕابووردوو دۆشین، دوورکەوتنەوە لەو ئومێدەی کە لە ئێستا وەک تاکە ڕاستیی لەپێناو داهاتوویەکی پێشبینی نەکراودا دوورمان دەخاتەوە، فێربوونی خودئەوینی و بەسندە کردن بە خودئەوینی، شۆڕبوونەوە بە قووڵی بۆ نێو ڕامان و بیرکردنەوە.

ئایا ئەو ئازایەتییە پێویستەم هەیە کە وام لێ دەکات ددان بنێم بەوەدا و بڵێم ئەو بانگەوازانە لەپێناو گەڕانەوە بەرەو فەلسەفەی دێرین، بە هیچ جۆرێک من قایل ناکەن؟ یەکەم؛ لەبەر ئەوەی من کەسێکم ئارەزووی مێژوو و پڕۆژە داهاتوومەندەکان و یادەوەریی و ئومێدە جوانەکان دەکەم. دووەم؛ لەبەر ئەوەی، بەو جۆرەی پێشتر خودی دەلای لاما خۆی ددانی پێدا نا، تەنها ژیانی قەشەکان شیان و توانای ڕزگار بوون لە تێکڕای پەیوەندیی و وابەستەییەکان دەستەبەر دەکات، هەروەها ئەوە شتێکە ناتوانین خۆمانی لێ بپارێزین مادام لە ناوەندی جڤاکێکدا دەژین و دۆست و هاوڕێ و ئازیزانێکمان هەن. ڕاستیشتان دەوێت، من ئامادە نیم ببمە قەشە.

سەرچاوە: : Le Figaro Magazine, 2 juillet 2017, Ces sages qui nous aident à vivre

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: