ئایا ژیان بەبێ خودایەک، شیانی هەیە؟ دیالەکتیکی باوەڕ و ئەقڵ

457
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: یوسف سحێردە

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ساڵی١٦٨٣ و لە دەروازەی سەدەی ڕۆشنگەریدا، پیێر بایڵ لەبەردەم دۆش دامان و داچڵەکینی هاوسەردەمانیدا گوتی؛ جڤاکێک لە خوانەناسان، نەک هەر شیانی هەیە، بەڵکو جڤاکێکی تەواو چاکەخواز و ئاشتیخوازیش دەبێت. بە بڕوای پیێر بایڵ، مرۆڤ دەتوانێت بەبێ خودا بە چاکی بژی، لەبەر ئەوەی ئاکار بە تەواوی لە ئایین سەربەخۆ و جیایە. لەو کاتەوە ئەو پرسە نوێگەریی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، گەرچی واتا و ئامانجەکەی لەو کاتەوە تا ئێستا وەک خۆیان نەماون بەڵکو بەگوێرەی سەردەمەکان دەگۆڕێن.

لە سەدەی هەژدەی زایندا ئامانجی پرسیارکردن سەبارەت بە شیانی “ژیان بەبێ خودایەک” جەختکردنەوە بوو لە باڵادەستیی ئەقڵ و بەرهەڵستیکردنی ڕەوایەتیی ئایینیی ڕژێمی سیاسی. لە سەدەی نۆزدەد پرسیاری: “ئایا ژیان بەبێ خودایەک شیانی هەیە؟” شێوازێک بوو بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر ئەنجامە ئاکارییەکانی پێشکەوتنی زانستی، بەتایبەتی تیۆری گەشەکردن. لە ماوەی سەدەی بیستدا ئەو پرسیارە لەپێناو بیرکردنەوە لە دۆخی مرۆڤ لە سایەی ئەو نیهیلیزمە ئاکارییەدا کرا کە جەنگە جیهانییەکان و ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بەرجەستەیان کرد.

ئەگەر پرسی ژیان بەبێ خودایەک لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا هیچ ڕادەیەک لەو شێلگیرییەی خۆی لە دەست نەدا، گومانی تێدا نییە لە بەستێنێکی نوێدا دەخرێتە بەر باس. لەبەر ئەوەی دیاردەی گەڕانەوەی ئایینیی- داماڵینی جادوو کە ماکس ڤیبەر قسەی لەسەر کردووە و بە عەلمانی کردنی جڤاک دروستی کرد، تا ڕادەیەک لە هەموو شوێنێک لە جیهاندا لە ڕێگای سەرلەنوێ چەسپاندنی باوەڕەوە دەکرێتە کردار، باوەڕیش، هەم باوەڕی کۆن و باو و هەم بێجگە لە کۆن و باو، لەلایەنی خۆیەوە خوانەناسییەکی بوێری دروست کرد. خواستە نوێیەکانی زانست، هەم لە کایەی فیزیا و کۆزمۆلۆژیا و دەروونناسیی گەشەکردنەکی و زانستی دەماریی دەرکمەند، ئەویش دیسان ڕۆشنایی نوێی خستە سەر دیاردەی ئایینیی. دواجار، لە سەردەمێکدا کە ئایینەکان لە جڤاکێکی عەلمانیدا شوێنێکیان بۆ خۆیان کردووەتەوە، لایەنی کەم لە خۆرئاوادا، تێبینیی سەرهەڵدانی هۆشیارییەکی مێژوویی و فەلسەفیی نوێ سەبارەت بە بوونی ڕایەڵ و پەیوەندی لە نێوان میراتی ئایینیی و نوێگەریی عەلمانیدا دەکەین.

کەواتە ئایا ژیان بەبێ خودایەک شیانی هەیە؟ بەمەبەستی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، سێ وەڵامی گەورە دەستنیشان دەکەین، هەریەک لەو وەڵامانە گرێدراوی پێکهاتەیەک لە هەڵوێستی تیۆلۆژی فەلسەفی یاخود عەلمانین. سەرەتا ئەو دەستەیە هەن کە بە نەخێر وەڵام دەدەنەوە: دەستەی خواناسان. پاشان، دەستەی ئەوانەی کە بە بەڵێ و تەنانەت بە “کێشە نییە” وەڵام دەدەنەوە، واتە دەستەی خوانەناسان. دواجار هەرە هەڵوێستی هاوسەنگ دەمێنێتەوە کە بە “بەگوێرەی ئەوەی هەموو شتێک بەندە بەوەی مەبەستمان لە (خودایەک) و پاشان لە (ئایین) چییە”  وەڵام دەدەنەوە.

 

هەڵوێستی باوەڕداران بە پێشەوایەتیی پاپا بەندیکتی شانزەیەم:

سەبارەت بە گەڕان بە شوێن باوەڕێکی ئەقڵانیدا

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئایا باوەڕداران شتێکی نوێیان هەیە یاخود پێیە پاکانەی باوەڕەکەیانی پێ بکەن؟ لە ئەوروپا و ئەمەریکا، کە ئەو ناوچانەن لەم وتارەدا لامان گرنگن، لە نێوان ئاراستە و تەوژمە ئایینییە هەمەجۆرەکاندا کۆلکەیەکی هاوبەش هەیە، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی باوەڕ بوون بە خودا، مرۆڤ لە مەترسییەکانی نوێگەریی دەپارێزێ. ئەوە هەڵوێستی کاردینال ژۆزێف ڕاتزینگەرە، ناوبراو زیاتر بە پاپا بەندیکتی شانزەیەم ناسراوە ولەدواییدا پلەی پاپای شانازیی ڤاتیکانی پێ بەخشرا.

ڕاتزینگەر لە گوتارەکەیدا لەبەردەم کۆبوونەوەی نۆڤەمبەری ساڵی٢٠٠٥ (کە بە دەستنیشانکردنی بە پاپا کۆتایی هات) هێرشێکی توندی کردە سەر باوەڕ و بۆچوونە باوەکانی سەردەم: “لەم چەند دەیەی کۆتاییدا، شایەدی بینینی چەندین بای باوەڕ و بۆچوون و، تەوژمی ئایدیۆلۆژی و تەرزی بیرکردنەوە بووین، لە مارکسیزمەوە بۆ لیبراڵیزم و تەنانەت لیبرتانی و، لە دەستەجەمعییەوە بەرەو تاکڕەویی ڕادیکاڵ و، لە خوانەناسییەوە بەرەو سۆفیزمی ئایینیی ناڕوون و، لە نازانمخوازییەوە بەرەو سازانخواز و … هتد”، تا ئەو شوێنە لە کۆتایی قسەکانی کە دەڵێت: “ئێمە لە سەروبەندی دروستکردنی دیکتاتۆرییەتێکی ڕێژەگەرییداین ددان بە هیچ شتێکدا نانێت وەک کۆتاییەک و تەنها منە باڵا تایبەتەکەی خۆی و خواستەکانی خۆی وەک پێوەر ڕەچاو دەکات.”

وەک چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە، ڕاتزینگەر ئەمە پێشنیاز دەکات: “باوەڕێکی ئەقڵانی، تەوژم و ئاراستە مۆد و باوەکان کەمەندکێشی نەکەن”، باوەڕێک لە دەوری دۆستایەتیی مەسیح تەوەر دەگرێت و ڕاستی و میهرەبانی پێکەوە کۆ دەکاتەوە و بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانێک کە داناسەکنێت، چەشنێک لە چەسپاویی ببەخشێت. فڕانسیس، واتە پاپای ئێستا، پێدەچێت گەشبینتر بێت کاتێک جەخت لەسەر ئەو “ڕۆحی شادیی”ـە دەکاتەوە کە ئینجیل دەسمێت و لەو کارانەدا درێژە بە خۆی دەدات کە مانایەک بە ژیان دەدەن، لە نموونەی دەستگیرۆیی کردنی لێقەوماوان و کەمدەستان.

دواتر ئەو لۆژیکە لە ڕووی فەلسەفییەوە لەلایەن ئەو قوتابخانەیەوە کە بە “ئەرتۆدۆکسیی ڕادیکاڵ” دەناسرێت و تەوژمێکی زانکۆیی سەر بە ئینگلیکانیزمە، گەشەکردنێکی زۆر پێشکەوتوو بە خۆوە دەبینێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قوتابخانەیە ئازادبوونێتی لەو ڕەخنەیە کە فەیلەسووفانێکی وەک فوکۆ و دێریدا لە نوێگەریی دەگرن، لەپێناو داکۆکیکردن لە ڕوانگەیەکی ئەرتۆدۆکسییانەدا بۆ کریستیانیزم. سەبارەت بە زانای لاهوت جۆن میلبانک، کە یەکێکە لە دیارترین نوێنەرانی ئەو تەوژمە، نوێگەریی عەلمانی لە کوفرێک زیاتر نییە کە خودا لە شێوەی بوونەوەرێکی وەکو هەموو بوونەوەرە سروشتییەکانی تردا وێنا دەکات. سەبارەت بەو بیرمەندانە، ژیان بە بوونی خودایەکەوە، واتای ددان پێدانان دەگەیەنێت بەوەدا کە باوەڕی ئەرتۆدۆکسیزمی مەسیحی سەبارەت بە باوەڕ و بەزەیی و تاکێتی، بڕێک شێوازی بەهێزتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەڕەلاوژەی سەردەمەکەمان دەبەخشێت وەک لەو شێوازانەی کە مەسیحییەتی نوێ دەیانبەخشێت کە دەستی دەخاتە نێو دەستی ئەقڵی عەلمانییەوە.

 

هەڵوێستی خوانەناسان بە پێشەنگیی دوکینز: خوانەناسیی دڵنیا لە خۆی

لە دژی هەڵوێستی بەخوداکردنگەرایی لە شێوە هەمەجۆرەکانیدا، لە نیوەی یەکەمی دەیەی سەدەی ئێستادا خوانەناسییەکی نوێ سەریهەڵدا، بەتایبەتی لە جیهانی ئەنگلۆساکسۆنیدا. سەرەتای ئەو تەوژمە لەگەڵ دەرچوون و بڵاوکردنەوەی کتێبی “وەژارەی خودا”ی نووسەری بەریتانی ڕیچارد دوکینزدا بوو لە ساڵی٢٠٠٦دا، دوکینز زیندەوەرناس و سادەکارێکی زانستەکان و خوانەناسێکە خوانەناسیی خۆی بە ئاشکرا دەردەبڕێت و نایشارێتەوە. لە ڕوانگەی ڕیچارد دوکینزدا ئێمە نەک هەر تەنها دەتوانین بەبێ خودایەک بژین، بەڵکو پێویستە بەبێ خودایەک بژین ئەگەر مرۆڤ بیەوێت خۆی لە زنجیرەیەک کە نابڕێتەوە لە نائومێدی و بێهیوایی بپارێزێت.

ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە دوکینز پشت بە بەشدارییەکانی زانستی نوێ دەبەستێت لەپیناو بەدرۆخستنەوەی ئەو شتەی کە خۆی بە “گریمانەی خودا” ناودێری دەکات، ئەوا ئەو دەستەیەی کە ناوبراو لە بەدرۆخستنەوەکەیدا دەیکاتە ئامانج، دەستەی باوەڕدار نییە بارتەقای ئەوەی ئەو دەستە نازانمخوازەیە کە پێی وایە دژوارە زانست بتوانێت بوونی بوونەوەرێکی باڵا بەدرۆ بخاتەوە “چونکە، بەشێوەیەکی گشتی، هیچ کەس ناتوانێت لەوە دڵنیا بێت کە هەڵبژاردن یاخود بژاردە کردنی سروشتی یاخود تەقینەوە گەورەکە، لە دوو ڕێگای پێچە بەدەورە زیاتر نەبوون کە خودا لەپێناو تەواوکردنی دروستکراوەکەی گرتنییە بەر”. لە دیدی دوکینزدا، نازانمخوازان خەڵکانێکی ترسنۆکن، بەس بۆ ئەوەی خۆیان لە قین و توڕەیی باوەڕداران و گۆشەگیرکردن بپارێزن، ئامادەن هەڵوێستێکی توند و بەهێز بنوێنن.

هەروەها دوکینز ئەو سەپاندنە ڕەتدەداتەوە کە نازانمخوازان پەیڕەوی دەکەن کاتێک دەڵێن بوونی خودا شتێکە ڕێی تێ دەچێت، دوکینز بە ڕادەی شیمانەیی ئەو بوونە بەرەنگاریان دەبێتەوە. لەم سەروبەندەشدا زۆر جار هێما بۆ ئەو وتەیە دەکات کە دەدرێتە پاڵ تۆماس هایل و دەڵێت ئەگەری پەیدابوونی ژیان لەسەر زەوی هاوتای ئەگەری هەڵکردنی گەردەلوولێکە بەسەر گۆڕەپانێکی پڕ لە کەل و پەلی سکرابدا، لەدواییدا تەماشا دەکەیت بە ڕێکەوت فڕۆکەیەکی بۆینگ ٧٤٧ لەو کەل و پەلە سکرابانە دروست بووە. زۆر جاریش ئەو وێنەیە وەک بەڵگەیەک سەبارەت بە ئەستەمیی پەیدابوونی ژیان یاخود گەردوون لەبەر بڕێک هۆکاری ناکاو دەهێنرێتەوە. دوکینز دەڵێت ئەوە بەهانە و بەڵگەکەی “دیزاینی ژیرانە”یە کە دەڵێت ئەو ئاڵۆزییەی تایبەتمەندیی ژیانە، ناشێت لە خواستی بوونەوەرێکی لەڕادەبەدەر ژیر زیاتر بێت.

بەڵام دوکینز بڕوای وایە ئەو شتەی کە ڕێی تێ ناچێت پەیدابوونی ژیان نییە بە هەموو ئاڵۆزییەکییەوە کە هەیەتی، بەڵکو چەمکی خودا خۆیەتی. لە دیدی دوکینزدا کێشەی مرۆڤی باوەڕدار پێ چەقاندن و سووربوونێتی لەسەر دۆزینەوەی دیزاینێک بۆ جیهان و هێمایەک بۆ هێزێکی باڵا و ترانسێندێنتاڵ، بەڵام تیۆری گەشەکردنی داروینیزم، لێکدانەوەیەکی زۆر گونجاو (لایەنی کەم سەبارەت بە ژیان، دەبەخشێت، چونکە خاوەنی کتێبی “وەژارەی خودا” پێی وایە فیزیا پێویستی بە تیۆرییەکە خاوەنی هەمان تەکووز و کەماڵ بێت.)

ڕیچارد دوکینز لە ڕێگای ڕەخنەکردنی “گریمانەی خودا”وە، ڕەفتاری ئایینی وەک خۆی دەکاتە ئامانج و بانگەوازی بوونێک دەکات لەسەر بنەمای ژمارەیەک بەهای کۆک و گونجاو لەگەڵ جیهانێکی سروشتیی پەتیدا دابمەزرێت. لە بەرامبەردا، ئەی ئەگەر ئایین لە توخمە خوداییەکەیدا کورت نەکرێتەوە چی؟ ئەمە ئەو شتەیە کە ڕۆناڵد دورکین لەنێو کتێبە تازەکەیدا بە ناونیشانی “ئایین بەبێ خودا” دا جەختی لەسەر دەکاتەوە. دورکین کە مامۆستای یاسا و فەلسەفەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بڕوای وایە پراتیکی ئایینیی بە تەواوی لە باوەڕ بوون بە خوداکان جیایە. بەم پێیە دەشێت مرۆڤ “خوانەناسێکی دیندار بێت”. لە دیدی دورکیندا ئەو پراتیکە لە دوو بنەمادا کورت دەبێتەوە. لەلایەک لەپێشتریی ژیانی مرۆڤ، کە لە پێداویستیی دەستداریی لە “ژیانێکی سەرکەوتووانە” و ڕەفتارێکی ئاکاریی بەرامبەر بە ئەوانی تردا بەرجەستە دەبێت، لەلایەکی ترەوە جۆرێک لە خاکەڕایی بەرامبەر بە سروشت، کە لە ڕێگای مۆرک و تایبەتمەندییە جوان و نیگەرانکەرەکەیەوە تێماندەپەڕێنێت و کاریگەریمان لەسەر دادەنێت. بەو جۆرە، پراتیکی ئایینیی لە زانست و بەخوداکردن جیایە، چونکە لەسەر بنەمای پشکنین و کۆڵینەوە لە ژمارەیەک ڕاستی یاخود دڵنیابوون لە بڕێک ڕووداو دانامەزرێت، بەڵکو بە تەواوی لە پادشایەتیی بەهاکاندا نیشتەجێ دەبێت.

 

هەڵوێستی هاوسەنگ: سەردەمی عەلمانییەت

هەڵوێستی دەروونناسیی گەشەمەند: گەشەکردن پاڵپشتی لە بەردەوامبوونی باوەڕە ئایینییەکان دەکات، ئەمە بەڵگەیەکی ترە ئەم جارە سەرچاوەکەی دەروونناسیی گەشەمەندە. ئەگەر ئەم پسپۆڕییە زانستییە هاوبەشی زیندەوەرناسی بێت لە خواستیدا بۆ لێکدانەوەیەکی سروشتییانەی پەتیی جیهان و ئەوەی کە خودا لە وەژارەیەک زیاتر نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەسەر دژواریی ڕزگاربوون لەو وەژارەیە دەکاتەوە کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی. لەو بارەیەوە سکۆت ئاتران کە پسپۆڕێکی ئەمەریکیی تایبەتمەندە لە ئەنترۆپۆلۆژیا و دەروونناسیی زانینمەنددا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە جۆری مرۆڤ ژمارەیەک توانای سۆزداری و کۆمەڵایەتی و زانینمەندی هەن، لە کۆتاییدا مرۆڤ بەرەو گەشەکردن بەگوێرەی ئاراستەیەکی ئایینیی ڕێنوێنی دەکەن (بڕوانە کتێبەکەی ئاتران “بە ناوی خوداوە… ئایین لەبەر ڕۆشنایی تیۆری گەشەکردندا” (٢٠٠٩)). بەو جۆرە سکۆت ئاتران و ژمارەیەک لێکۆڵەری دیکە دەگەنە ئەو ئەنجامەی ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بەبێ ئایین بژی، ئەوا گەشەکردن بەرتریی ڕوونتری داوە بە بەردەوامبوونی باوەڕە ئایینییەکان.

 

هەڵوێستی جیانی فاتیمو: کریستیانیزم وەک بەرجەستەبوونێکی هزری لاواز

بەبێ ناچاریی پەنابردنە بەر ڕوانگەی دەروونناسیی گەشەمەند، هەندێک بیریاری تری هاوچەرخ پێیان وایە مرۆڤ ئامادە نییە دەستبەرداری خودا ببێت- یاخود لایەنی کەم دەست لە ئایین هەڵبگرێت، چونکە ئەو شتەی ئێمە بە عەلمانییەتی جڤاک یاخود کۆمەڵ ناودێری دەکەین، بەردەوام شقڵی ئەو کولتوورە ئایینییەی پێوە دەمێنێت کە بانگەشەی قەرەبووکردنەوەی دەکات.

بەو جۆرە، لە ڕوانگەی جیانی فاتیمو-ی فەیلەسووفی ئیتاڵیدا، عەلمانییەت ئایین ناداتە دواوە، بەڵکو زیاتر لەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان گەشەی پێ دەدات. فاتیمو، لەژێر کاریگەریی فریدریش نیچە و هایدیگەردا، پشتیوانی لەو تێزەیەی خۆی دەکات کە دەڵێت مێژووی بوونەوەری مرۆڤ خاوەنی تایبەتمەندیی دەستهەڵگرتنی پەیتا پەیتایە لە ژمارەیەک بونیادی کولتووریی تۆکمە کە بەرجەستەی “سیستەمی جیهان” دەکەن (بۆ نموونە وەک سیستەمی ئەریستۆتاڵیسی یاخود سکۆلاستیکی)، لە بەرژەوەندی و سوودی ئەو شتەدا کە فاتیمو بە “هزری لاواز” pensiero debole، پاش میتافیزیکی، ناودێری دەکات، کە چی تر باوەڕی بە ڕاستییەکی چەسپاو یاخود نەگۆڕ نەماوە.

کریستیانیزم چرکەساتێکی یەکلاکەرەوەیە لە سەرهەڵدانی ئەو هزرە لاوازەدا” ئینجیل، مەسیح وەک داماڵراوێکی خودی خودا خۆی دەخاتە ڕوو. خودا دەست لە زۆر لێ کردنی خۆی هەڵدەگرێت تاکو داببەزێت بۆ ئاستی مرۆڤ و ڕۆحانییەتێک بڵاو بکاتەوە لە خۆشەویستی و دۆستایەتی پێکهاتووە لە بریی ترس و توندوتیژی. بەها نوێیەکانی یەکسانی یاخود مافەکانی مرۆڤ، لە بەرجەستەبوونی کرداریی ئەو ئاراستە قووڵەی کریستیانیزم زیاتر نییە، هەڵبەتە هەموو ئەوانە لە ڕوانگەی جیانی فاتیمودا. بەکورتی، دەتوانین بەبێ خودا بژین، لەبەر ئەوەی خودا ئەوەی دەوێت.

 

هەڵوێستی یۆرگن هابرماس: بانگەوازێک بۆ دیالۆگ و قوربانیدان

هەرچی یۆرگن هابرماسی فەیلەسووفی ئەڵمانە، ناوبراو لەنێو نووسینەکانی ئەم دواییانەیدا سەبارەت بە گرنگیی باوەڕ بۆ جڤاکێکی عەلمانی، واتە لەنێو کتێبی “هۆشیاریی ئەوەی کە لەدەست چووە: باوەڕ و ئەقڵ لە سەردەمی پاش عەلمانییەتدا” (٢٠٠٧)، قین و توڕەیی خۆی بەسەر خۆبەدەستەوەدانگەرایی و پاشەکشەگەرایی هزری نوێدا هەڵدەڕێژێت (بەتایبەتی ئەو ڕێژەگەراییەی کە تایبەتمەندییەکی هزری پاش نوێگەرییە). چونکە ناوبراو ددان بەوەدا دەنێت کە باوەڕی کۆن و باو، لە ڕێگای ئەو بەها و ڕێسایانەوە کە برەویان پێ دەدات، دەتوانێت لەو دیالۆگە گشتییە نوێیەدا کە دەکرێت، ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت، لە سا و پەنای ئەو کێشە بەردەوام ڕوو لە ئاڵۆزییانەدا کە خەمساردیی و بێدەربەستیی هەریەک لە دیموکراسی و زانست و سەرمایەداری بە ئاکار دەیخاتە ڕوو.

بەڵام لە دیالۆگی نێوان باوەڕ و ئەقڵانییەتی نوێدا، هابرماس داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات قوربانی بدەن: ئایین پێویستە مل بۆ دەسەڵاتی زانست و گەردوونمەندیی دیموکراسی بدات و وا بکات بنەما و پرەنسیپەکانی لەگەڵ پێوەرەکانی نوێگەرییدا ناتەبا نەبن، بەڵام پێویستە ئەقڵیش دەست لە دادگایی کردنی ئایین هەڵبگرێت (وەک ئەو دادگایی کردنەی کە ڕیچارد دوکینز دادگایی ئایین دەکات). بەم پێیە، مرۆڤ دەتوانێت لە سا و پەنای خوادا بژی، بەو مەرجەی کارێک بکات باوەڕە ئایینییەکەی لەگەڵ بنەما و پرەنسیپ و بەها ئاکارییەکاندا هەماهەنگ بێت.

 

هەڵوێستی مارسێل کوشی: لەپاش داماڵینی جادوو لە جیهان چی؟

لە کۆتاییدا دەچینە لای مارسێل کوشیی فەیلەسووفی فەڕەنسی و چارلس تایلۆری فەیلەسووفی کەنەدی و بیرکردنەوەیان لەو شتەی کە بە “داماڵینی جادوو لە جیهان” لای ماکس ڤیبەری کۆمەڵناسی ئەڵمان ناودێر دەکرێت.

لەنێو کتێبەکەیدا بە ناونیشانی “داماڵینی جادوو لە جیهان”، مارسێل کوشی کریستیانیزم بە چەند دەربڕین و دەستەواژەیەک پێناسە دەکات، تا ڕادەیەکی زۆر بۆچوونەکانی جیانی فاتیمومان وەبیر دەهێنێتەوە: لە دیدی ئەودا کریستیانیزم “ئایینی دەرچوونە لە ئایین”، لەو سۆنگەیەوە کە بیرۆکەی بەرجەستەبوونی کریستیانیزم کۆتاییەک بۆ ئایینی کۆن و باو دادەنێت، واتە بۆ ئەو بنەمایەی وا لە مرۆڤ دەکات مانای دۆخی خۆی بەسەر بوونەوەرێکدا داببڕێت کە تێی دەپەڕێنێت. لەگەڵ مرۆڤە/خوادا، مرۆڤایەتی سەربەخۆیی و توانای خۆی لەو بارەیەوە وەرگرتەوە و بە دەست هێنایەوە کە خۆی سازکەری واتای بوونی خۆی بێت. بەم پێیە، ئایینی نوێ ناتوانێت بۆ ئەو سەردەم و قۆناغە ئێجگار دێرینە بگەڕێتەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو سەربەخۆییە دامەزراوە کە ئاماژەمان بۆ کرد (بەم پێیە، دەتوانین لەگەڵ مارسێل کوشیدا بپرسین ئایا ئەو ئایینە بە ڕاستی شایانی ئەوەیە ناوی ئایینی لێ بنرێت بە واتا توندوتۆڵەکەی وشەی ئایین). مارسێل کوشی لەنێو کتێبەکەیدا بە ناونیشانی “ئایین لەنێو دیموکراسی”دا کە لە ساڵی١٩٩٨دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، تێبینیی ئەوە دەکات ئایین “بەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێت لە ڕوانگەی خۆیدا ببێت بەو شتەی کە لە ڕوانگەی گەورە فەیلەسووفەکاندا هەبوو کە هەوڵیاندا مرۆڤایەتی لە دەست وەژارە و خەیاڵاتەکانی ڕزگار بکەن، واتە: ئایین بەرهەمی ئەقڵی مرۆڤە، لەپێناو خزمەتکردنی بڕێک ئامانجی سەرزەمینییدا.”

لە بەستێنێکی هاوپەیوەنددا، چارلس تایلۆر لەنێو کتێبەکەیدا بە ناونیشانی “سەردەمی عەلمانییەت” (٢٠٠٧) باسی ئەوە دەکات بابەتی ئەوەی جیهان لە سەرەتای سەدەی ١٦ی زایینییەوە لەوە کەوت جیهانێکی جادوومەند بێت (بەو مانایەی واتایەکی ڕۆحانیی نیشتەجێی تەواوی جیهان بێت) ڕێگای بەردەوامبوونی لە باوەڕ نەگرت. ئەوەی کە هەیە تەنها ئەوەیە باوەڕ کۆڵەکە و پاڵپشتەکانی خۆی گۆڕی: بەو جۆرە، بەها نوێیەکانی لە نموونەی گوزارشت و دەربڕینی تاکەکەسی، گەڕان بە شوێن خود و، بەرجەستەکردنی خود، گومانی تێدا نییە ئەوەندی بڕێک بارودۆخی نوێن بۆ بوونی باوەڕ، جێگرەوەی باوەڕ نین. لە سەردەمی عەلمانییدا، ئایا مرۆڤ دەتوانێت بەبێ خودایەک هەڵ بکات؟ بەڵێ بێگومان. بەڵام ئەو شتەی کە دڵنیا نییە ئەوەیە بتوانێت بەبێ باوەڕ بژی.

……

تێبینی: لە نووسینی ئەم وتارەدا، بە تەواوی پشت بە وتارێک بەستراوە بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە و لە ژمارە٢٦٦ی گۆڤاری Sciences humainesدا بڵاو کراوەتەوە.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: