کۆڵۆنیکراو دەبێت ئاسمانێکی تەواو ببینێت

898
0
بڵاوکردنەوە:

مەلەف: دار و کۆڵۆنیاڵیزم

نووسینی: خالید سلێمان

لە بەرانبەر تابلۆیەکی هونەرمەندی ناسراوی کورد، باڵدین ئەحمەد، کە ساڵی 2016 كێشراوە، دەکەوینە بەردەم تێڕامانێکی سەیرەوە لەگەڵ خۆماندا: کۆمەڵە دارێکی بڕاوەو ڕیزکراو کە بۆ چرکەیەک هەست دەکەین، لەسەر داری بڕاوەی تر، فۆرمی تابوتێکیان دروستکردووە. ئاسمانی ناو تابلۆکە کراوەتە دوو بەشەوە، بەشی سەرەوەی کەمێک ڕەنگی شینی تیا ماوەو تاکە دەرەچەیە بۆ هەناسەدان؛ دەتوانین بڵێین چارەکە ئاسمانێکە. لە بەشەکەی تردا، ئاسمان و زەوی لە فۆمێکی ڕووتەڵەدا بەیەکەوە گرێدراون. هەر لەم بەشەدا، هونەرمەند لاشەیەک فڕێدەداتە ناو ڕووبەرەکەوە کە لە تاشە بەردێک دەچێت، یان لەشێک لە چارەکە ئاسمانەکەوە کەوتبێتە خوارەوەو شایەتحاڵی بڕینەوەو ڕیزکردنی دارەکان بێت. لەگەڵ ئەوەی ئەم تابلۆیە پێش چەند ساڵێک لە ئیکۆ-سایدی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە کێشراوە، بەڵام پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە پرۆسەی کۆمەڵکوژیی دارستانەکانی بادیناوە.

کاری هونەرمەند: باڵدین ئەحمەد

ئەم تابلۆیەیە دەمانخاتە بەردەم پرسیارکردن لە جوڵەیەک، بەردەوام لە ژیانماندا دووبارە دەبێتەوە، ئەویش تەماشاکردنی ئێکۆ-ساید (لەناوبردنی ژینگە)یە لە رێگەی وێنەیەکەوە، لەوانەیە زۆرجار لە دەرەوەی بیرۆکەی کۆمەڵکوژیدا تەماشای بکەین. هەر لە هەمان ئەو ڕووبەرەی کە هونەرمەند کاری تیا دەکات و لاشەی دارەکانمان بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش بۆ ڕیزدەکات، لاشەکەی تری کە هاوشێوەی بەردێکی (مردووە) فڕێ دەداتە ناو بیرکردنەوەی ئێمەوە. ئیتر لەوە دوورمان دەخاتەوە کە دیمەنی دارە بڕاوەکان بەجوانی ریزکراون، چونکە لاشە زەبەلاحەکەی ناو ڕووتاندنەوەی ئاسمان و زەوی، هەموو شتێک دەگۆڕێت؛ تەنانەت ڕووبەرە شینەکەی سەرەوەش کەمدەکاتەوە. لە ڕاستیشدا پەیوەندییەکانی ناو سروشت هەر بەم شێوەیەن، تاشە بەردێک بە سێبەری دارەوە پڕە لە ژیان، کۆمەڵە دارێکیش ژیان دەبەخشنە تەپۆلکەیەک یان شیوێک. کە دارەکان لەناوبران، مەترسی لەسەر فەنابوونی هەموو شتێک دەردەکەوێت.  لەم تابلۆیەی باڵدین ئەحمەددا، ئەم پەیوەندییە پچڕاوەو چاوەڕوانی ڕووداوێک دەکەین مەترسیمان لەسەر دروست دەکات؛ لەوانەیە گلانەوەی تاشە بەردەکە بێت.

لەم رێگەی ئەم تابلۆیەوە، دەکرێ تەماشای ئەو هەموو دارانە بکەین کە ڕۆژانە کۆمپانیا تورکییەکان بە کوردستانی دەفرۆشن و لە دیمەنی ڕێکخراوی جواندا، بە بەرچاوماندا تێپەڕ دەبن و دوواییش ماڵەکانی خۆمانیانی پێ دەڕازێنینەوە. لە ڕاستیدا ئەو دارانە، هەر ئەوانەن لە چیاکانی کوردستان بڕاونەتەوەو کۆمەڵکوژ کراون، هەر لە تابوتی خۆشیاندا بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەفرۆشرێنەوە بە خەڵکی کوردستان و بەبەهای تورکیی (دەرەجە یەکە) بازاڕەکانمان دەتەنن. ئەخلاقی کۆڵۆنیالیزمی تورکیی بەم میکانیزمە کار دەکات.

ئێمە کاتێک دیمەنی دارێکی بڕاوە دەبینین، چۆن ڕیزکراوەو دانراوە، یان چۆن داتاشراوەو لەڕەگەزی دارێتیی کراوەتە دەرەوە، لەوانەیە لە دەرەوەی لێدانی دڵ بیر لە بابەتەکە بکەینەوە؛ یانی دارەکە لەدەرەوەی ژیان ببینین. کۆڵۆنیالیزم وەک سیستمێکی دامەزراوە لەسەر لاسەنگیی نێوان داگیرکەرو داگیرکراو، لە مێژەوە ئەم تەماشاکردنەی داری لە دەرەوەی ژیان، کردووەتە بەشێک لە پەیوەندییەکانی نێوان داگیرکەرو سروشت، داگیرکەرو دار، هەروەها داگیرکەرو داگیرکراو. ئەمەی دووەمیان، واتە داگیرکراو: بەردەوام ئەو مرۆڤەیە کە داگیرکەرەکەی دەست بۆ هەموو شتێکی ناو ژیانی دەبات و دەسکارییان دەکات، لە نێوانیاندا سروشت وژینگەکەی. ئەوەی پێ ڕەوا نابینێت خاوەن دارو دارستان بێت، خاوەن ژینگەیەکی تەندروست بێت، تەنانەت ئۆکسجینیشی پێ ڕەوا نابینێت. کۆڵۆنیالیزمی تورکیی، لە میترۆپۆلی ئەستەنبول یان ئەزمیر، یاسای هەیە بۆ پاراستنی دارو ڕووبەری سەوزایی، بەڵام ئەو یاسایە مرۆڤی داگیرکراوو ڕووەک و ئاژەڵەکانی ناگرێتەوە. لە ڕاستیدا، داگیرکەر لە دەرەوەی یاسا تەماشای داگیرکراو دەکات و پێی وایە کە دەکرێ لەگەڵ ڕووتاندنەوەی سروشتەکەیدا، ئەویش ڕووتەڵە بکرێت و بەردەوام مرۆڤێکی برسی، دوواکەتوو، نەخوێندەوار و نابووت بێت. زۆرجاریش هەر لە رێگەی داگیرکراو خۆیەوە، ژینگەکەی تێکدەدرێت. سیستمی کۆڵۆنیالیزم سوپاییەکی گەورەی هەیەو بودجەی زۆری دەخاتە بەردەست بۆ ڕووتەڵەکردنی داگیرکراو، زۆرجاریش ئیمتیازی دەداتێ و کۆمپانیای بۆ دروست دەکات و بەم شێوەیە دەیکاتە خزمەتکاری بەردەوام. تەنانەت وایلێدەکات وەک ڕۆتین لە داربڕینەوەو تێکدانی ژینگەکەی خۆی بڕوانێت، ئەوەتا شێخ مووس بابات کە یەکێک لەو کوردانەی تۆمەتبارکراوە بە بڕینی دارەکانی بادینان دەڵێت: “چوونى سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانى دهۆک بە هاوئاهەنگیی عێراق بووە، ئێمە وەکو بەڵێندەر کارى کردنەوەى رێگەی حەفتانینمان کردووە، سوپای تورکیا دارەکان بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاردەهێنن”.. لێرەدا کاری مرۆڤی داگیرکراو کە ڕێگاکردنەوەیە، وەک ڕۆتینێک وێنای ئەرکەکەی خۆی دەکات و ڕێگاکردنەوە بۆ داربڕین بەلای ئەوەوە داربڕین ناگەیەنێت. هەڵبەتە لە پاڵ هەر ڕێگا پانکەرەوەیەکدا،  داگیرکراوێکی تریش هەیە دارەکان دەبڕێت و ڕیزیان دەکات و دەیانگوازێتەوە بۆ ناو میترۆپۆلەکان: ئەستەنبول، ئەزمیر، ئەنکەرە. لە ڕاستیدا ئەمە تراژیدیای داگیراوە، تەماشای ئاسمانی خۆی ناکات چەند ڕووبەری شینی تیاماوە. ئەو وەزیفەی داربڕینەوە وەک مەترسی نابینێت و گرنگ ئەوەیە داگیرکەر ئیمتیازێکی پێ بەخشیوە. بۆیە، پێش ڕزگارکردنی مرۆڤی کۆڵۆنیکراو لەو مەرجانەی کۆڵۆنیکەر بەسەریدا سەپاندوونی، ئەستەمە باس لە بەرەنگاربوونەوەی کۆڵۆنیکەر بکەین. کۆڵۆنیکراو دەبێت ئاسمانێکی تەواو ببینێت، نەک چارەکە ئاسمانێک.

بڵاوکردنەوە: